بەرهەم و داهاتی گۆڵف کیستۆن لە کێڵگەی نەوتی شێخان

Draw Media

2024-09-03 09:10:40




راپۆرتی: درەو

🔻 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی بۆ نیوەی یەکەمی (2024) بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند؛
🔹 بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (590) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن.
🔹 تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە نیوەی یەکەمی (2024) بە ڕێژەی (69%) زیادیکردووە بۆ (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2023)  تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (23 هەزار و 256) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان.
🔹 بە تێکڕای (8) مانگی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەرزتربووەتە بۆ (41 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چونکە خواستی بازاڕی ناوخۆیی لە مانگی شوبات بەدواوە زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی (47 هەزار و 900) بەرمیل و لە مانگی ئاب و تا ئێستا ڕۆژانە نزیکەی (48 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت.
🔹 ئەو نرخەی لە بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (25 بۆ 28) دۆلار بووە، لە ئێستادا هەر بەرمیلێک بە (27) دۆلار دەفرۆشرێت. بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە هەر بەرمیلێک نەوتدا (57.8) دۆلار داشکاندنمان بۆ کڕیاران کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکەش سەروو (71 ملیۆن) دۆلار بووە.

بەرهەم و داهاتی کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە کێڵگەی نەوتی شێخان بۆ نیوەی یەکەمی 2024
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی لە (29/8/2024) ڕایگەیاند، بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (590) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی (2024) بە ڕێژەی (69%) زیادیکردووە بۆ (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2023)  تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (23 هەزار و 256) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەم بەرزبونەوەیەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ کڕینی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان.
کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە، بە تێکڕا لە ماوەی (8) مانگی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەرزتربووەتە بۆ (41 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چونکە خواستی بازاڕی ناوخۆیی لە مانگی شوبات بەدواوە زیادی کردووە، ئەم زیادکردنە لە ئاستی بەرهەمهێنان بەردەوام بووەو تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی (47 هەزار و 900) بەرمیل و لە مانگی ئاب و تا ئێستا ڕۆژانە نزیکەی (48 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو نرخەی لەماوەی ڕابردوودا لە بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (25 بۆ 28) دۆلار بووە، لە ئێستادا هەر بەرمیلێک بە (27) دۆلار دەفرۆشرێت.
وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت (84 دۆلار و سەنتێک) بووە، بەڵام بەرمیلێک نەوتی کێڵگەی شێخان بە تێکڕا دراوە بە (26 دۆلار و 3 سەنت)، واتە بۆ هەربەرمیلێک (57 دۆلار و 8 سەنت) داشکاندن کراوە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم ئەوەشی ئاشکرد کردووە، کە کۆی داهاتی کۆمپانیاکە لە کێكگەی نەوتی شێخا (71 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار بووە.
خشتەی ژمارە (1)

 

 


تێکڕای بەرهەمی کێڵگەی نەوتی شێخان لە مانگەکانی ساڵی (2024)
وەک لە چارتەکەدا هاتووە، لە (1/1/2024 بۆ 27/8/2024) تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەی نەوتی شێخان بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بە جۆرێک؛
-    مانگی کانونی دووەم؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (21.9 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی شوبات؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (39 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی ئازار؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (43.8 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی نیسان؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (39.1 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی ئایار؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (48.3 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی حوزەیران؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (43.6 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی تەموز؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (47.9 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
-    مانگی تا ڕۆژی 27ی مانگی ئاب؛ تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (48.2 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
چارت

کێڵگەی نەوتی شێخان
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه‌ بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبه‌ری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە.
گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
کێڵگەکە (18) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand