Draw Media

درەو: لیژنەی دارایی ئەو بڕگانەی پەسەند كرد كە لە مادەكانی (13-14)ی یاسای بودجەی گشتی عێراقدا هاتوون و تایبەتن بە پشكی هەرێم و ئیلتیزاماتی هەرێم، بڕیارە رۆژی شەممە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.    ماددەی 13:   یەکەم: پاکتاوی حساباتی ساڵەکانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت.  دووەم: ٲ-حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، داهاتەکەشی وەکو داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەکرێت. ب-حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی. ج-حکومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم. د-حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێ کە قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە کە لای بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە هەیە بە قیستی مانگانانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە م ساڵەوە بۆ ماوەی (٥ ) ساڵ. ماددەی 14:  یەکەم: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندی عیراق دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێک، سەرۆک وەزیران و وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم .  دووەم: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەکرێت کە لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە. سێ یەم: لە لایەن کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەکرێت کە لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە، ئەو کۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەکات.   چوارەم: وردبینی لە داتا داراییەکانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێکی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەکرێت و وێنەیەک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.  پێنجەم: لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەکانی پێشوو لە کەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، پاشان بە روانگەیەکی هاوبەش و پەسەندکراو بەپێی دەستوور لە لایەن هەردولاوە پاکتاوی ماوەکانی پێشوو دەکرێت. شەشەم: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەکرێت لە بەرواری دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. حەوتەم: لە هەبوونی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەکان، یان پابەند نەبوون، شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کاردەکرێت. هەشتەم: کوردستان پابەندە کە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حکومەتی ناوەند زانیارییەکان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. نۆیەم: حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان  بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەکان لەنێوان پارێزگاکان دابەش دەکات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە  حکومەتی فیدڕاڵی پشکی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەکە.   دەیەم: حکومەتی عێراق پابەند دەکرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بە ڕێگری کردن لە دەرهێنانی نەوتی کێڵگەکانی  کەرکوک و موسڵ کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی  حکومەتی هەرێمن بۆ کاتی ئێستا.  یانزەیەم: حکومەتی عێراق پابەند دەبێ  بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم  دەروازە سنووریەکان بەڕێوە بەرێت و سەرپەرشتی بکات. دوانزەیەم: حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و کە لێبڕینی تێدا کراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکان دەداتەوە.  


  شیكاری: درەو رۆژی (22ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر لە (29 ترلیۆن و 352 ملیار) دینار بووە، کە (96.2%)ی داهاتی نەوت و(3.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە.  🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (16.5%) و زیاتر لە (4 ترلیۆن 568 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە.   بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا؛ 🔹 عێراق زیاتر لە (294 ملیۆن و 413 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 271 هەزار) بەرمیل. هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (75.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە.  🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەوماوەیەدا (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.9%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارتی دارایی. تەوەری یەکەم؛ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا   وەک لە (خشتەی ژمارە (1))دا رونکراوەتەوە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای (30 ترلیۆن و 416 ملیار و 963 ملیۆن و 974 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە (22ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.9%). بە جۆرێک؛ 1.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە کانونی دووەمی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)دا بە بەهای (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.6%). 2.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە شوباتی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە شوباتی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 921 ملیار و 993 ملیۆن و 308 هەزار) دینار بە ڕێژەی (94.2%). 3.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئازاری (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 44 ملیار و 906 ملیۆن و 47 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92%). تەوەری دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا رۆژی (22ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) لە (22ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (29 ترلیۆن و 352 ملیار و 144 ملیۆن و 85 هەزار و 823) دینار، بەجۆرێک بڕی (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار و 436) دیناری بەڕێژەی (96.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (ترلیۆنێک و 99 ملیار و 698 ملیۆن و 275 هەزار و 387) دینار، بەڕێژەی (3.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 115 ملیار و 930 ملیۆن و 623 هەزار) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (27 ترلیۆن و 236 ملیار و 213 ملیۆن و 462 هەزار و 818) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).    دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو و سێی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (22 ترلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن و 310 هەزار و 454) دینار، بەجۆرێک بڕی (19 ترلیۆن و 768 ملیار و 192 ملیۆن و 257 هەزار و 797) دیناری بەڕێژەی (87.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 900 ملیار و 52 هەزار و 657) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).  سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (2 ترلیۆن و 900 ملیار و 52 هەزار و 657) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (362 ملیار و 302 ملیۆن و 237 هەزار و 988) دیناری بە ڕێژەی (12.5%) بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (334 ملیار و 203 ملیۆن و 92 هەزار و 795) دیناری بە ڕێژەی (11.5%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (725 ملیار و 880 ملیۆن و 130 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (25%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (ترلیۆنێک و 115 ملیار و 706 ملیۆن و 658 هەزار و 197) دیناری بە ڕێژەی (38.5%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (361 ملیار و 907 ملیۆن و 933 هەزار و 669) دیناری بۆ بە ڕێژەی (12.5%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (22 ترلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن و 310 هەزار و 453) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (27 ترلیۆن و 236 ملیار و 213 ملیۆن و 462 هەزار و 818) دینار. واتە بڕی (4 ترلیۆن و 568 ملیار و 21 ملیۆن و 152 هەزار و 365) دیناری بەڕێژەی (16.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 376 ملیار و 124 ملیۆن و 776 هەزار و 543) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (128 ملیار و 597 ملیۆن و 460 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (46 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.  2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (11 ملیار و 927 ملیۆن و 721 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (2 ترلیۆن و 235 ملیار و 599 ملیۆن و 595 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (ترلیۆنێک و 542 ملیار و 533 ملیۆن و 513 هەزار و 892) دیناری بە ڕێژەی (69%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (693 ملیار و 66 ملیۆن و 81 هەزار و 228) دیناری بە ڕێژەی (31%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)). تەوەری سێیەم؛ داهاتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 بەپێی  ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 271 هەزار و 264) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (22 ملیار و 132 ملیۆن و 893 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 367) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (30 ترلیۆن و 416 ملیار و 963 ملیۆن و 974 هەزار) دینار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت.  1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 450) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 341) دینار بووە _لە هەفتەی یەکەمدا بەهای دۆلارێک (هەزار و 450) دینار بووە بەڵام دوای ئەوە دەبەزێندراوە بۆ (هەزار و 310)دینار_، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار. 3.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.385) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 506 ملیۆن و 401) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار.  سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة دووەم؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419  -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455  -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 سێیەم؛ بەهای فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق (1/1/2023 – 31/) -    البنک المرکزي العراقي، نتائج نافذة بيع العملة الأجنبية، مزادات سابقة؛ https://cbi.iq/currency_auction/all  


راپۆرت: درەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە، ئەگەر ئەندامانی (یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) بەشدار نەبن، نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نابێت، چونكە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبی دروستبووە‌و نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی كۆمسیاران پێویستی بە (5) ئەندامە لە كۆی (9) ئەندام، ئەگەر دوو ئەندامەكەی گۆڕان بەشدار بن لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی، نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەبێت.  نوسراوەكانی سەرۆك‌و جێگر  لەدوای كۆبوونەوەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمان، كێشمەكێش دروستبووە لەبارەی یاسایبوون یان نەبوونی بڕیاری ژمارەی (10)ی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەو بڕیارەكە بە نایاسایی‌و ناپەیڕەوی دەزانێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بە یاسایی و پەیڕەوی ناوی دەبات. لەدوای دانیشتنەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كردووەو داوا دەكات بەردەوام بن لە كاركردن‌و كارا كراونەتەوە، دواتر رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانیش كوردستان نوسراوی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو دەڵێت "دانیشتنی پەرلەمان نەكراوەو هەر نوسراوێك واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەر نەبێت نایاسایی‌و نا پەیڕەوییە". هەر دوێنێ نوسراوەكەی هێمن هەورامی كە بە بڕیاری ژمارە (10) پەرلەمان ناسراوە، لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە، بە بڵاوكردنەوەشی راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەم نوسراو و بڕیارانە كێشمەكێشمەكەی تەواو نەكردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رابگەیەنێت‌و كۆتایی بە ناكۆكیی پارتی‌و یەكێتیی لە پەرلەمان بهێنێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ رۆژی 30 مانگ دواخست.  ئەگەر رۆژی 30 مانگ، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەو رۆژەوە نادەستورییە كە درێژكراوەتەوە، ئەوا هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لەدوای درێژكردنەی تەمەنی پەرلەمانەوە (واتا لە 6ی تشرینی دووەمی 2022)وە دەرچوون، هەمویان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێن، بە بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا تەنیا درێژكردنەوەی پەرلەمان دەستورییە بەبێ دیاریكردنی كات، ئەوا لە رۆژی دەرچوونی حوكمی دادگاوە پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، لەم حاڵەتەدا دانیشتنەكەی 22ی مانگ بە یاسایی ئەژماردەكرێت مەگەر یەكێتیی تانەی یاسایی لەسەر دانیشتنەكە تۆمار بكات.  كۆمسیۆن دابەشبووە ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی حزبەكانیان دابەشبوون، ئەوانەی لە پشكی یەكێتین دەڵێن پەیوەستین بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا پێیانوایە كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە، ئەوانەشی لە پشكی پارتی پەیوەستن بە بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە)، لەم نێوەندەدا (كۆمەڵی دادگەریی‌و  یەكگرتووی ئیسلامی‌و  بزوتنەوەی گۆڕان) كە نوێنەریان  لە كۆمسیۆن هەیە، هێشتا بەفەرمی خۆیان یەكلانەكردووەتەوە. •    هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی دەڵێت، ئێمە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانین‌و كارا كراوینەتەوە.  •    سلێمانی مستەفا حێگری سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی یەكێتیی دەڵێت "پەیوەستین بە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان‌و كۆمسیۆن كارا نیەو ئێمە ماوەمان بەسەرچووە". چۆن نیساب تەواو دەبێت؟ بڕیارە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەفتەی داهاتوو كۆببێتەوە، كۆمسیاران چاوەڕێی بانگهێشتی سەرۆكی كۆمسیۆنن بۆ كۆبوونەوە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تائێستا كۆمسیاران بانگهێشتی كۆبوونەوە نەكراون‌و هێشتا نازانرێت نیساب تەواو دەبێت یان نا؟ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2015، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی رەهایە (50+1)، واتا لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت (5) ئەندامی ئامادەبێت ئەوكات نیساب تەواو دەبێت، بەڵام لەكاتی بڕیاردان لەسەر بابەتێك ئەگەر  ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوون، ئەوا دەنگی سەرۆكی كۆمسیۆن لە كام لا  بوو، ئەو لایە براوە دەبێت‌و بۆچونەكەی دەبێت بە بڕیار.  پێكهاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم بەمشێوەیە:  •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- كۆمسیارو  وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)  بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە: •    پارتی: 3 ئەندام •    یەكێتی: 2 ئەندام •    گۆڕان: 2 ئەندام •    كۆمەڵ: 1 كورسی •    یەكگرتوو: 1 كورسی سیناریۆكانی بەردەم كۆبونەوەی كۆمسیۆن  ئەندامانی كۆمسیاران بەسەر (5) حزبدا دابەشبوون: •    پارتی: سەرۆكی كۆمسیۆن‌و دوو ئەندام بەمەرجێك یەكێك لە ئەندامەكانی لە پێكهاتەی توركمان بێت. •    یەكێتیی: جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن‌و ئەندامێكی دیكە بەمەرجێك لە پێكهاتەی مەسیحی بێت. •    گۆڕان: سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن‌و ئەندامێكی دیكە، بەمەرجێك یەكێكیان ژن بێت. •    كۆمەڵ: ئەندامێكی كۆمسیۆن كە وتەبێژی كۆمسیۆنە •    یەكگرتوو: ئەندامێكی كۆمسیۆن.  سیناریۆكان بەم شێوەیە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران: •    تەواوی ئەندامانی كۆمسیۆن بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم سیناریۆیە دوورە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەكەیە.  •    پارتی‌و گۆڕان پێكەوە بەشدار بن، لەم حاڵەتەدا ژمارەی بەشداربووانی كۆبونەوەكە دەكاتە (3 + 2)،  لەم حاڵەتەدا لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن (5) ئەندام ئامادە دەبن‌و بەمەش نیسابی كۆبونەوەكە تەواو دەبێت‌و رێژەی 50+1 پێكدێت،  بەڵام تا ئێستا گۆڕان بە فەرمی راینەگەیاندووە بەشدار دەبێت. •    ئەندامانی (كۆمەڵ+ یەكگرتوو+ پارتی) بەشدار بن ، لەم حاڵەتەدا نیساب تەواو دەبێت، چونكە (1+1+3) دەكاتە (5) ئەندام، واتا (50+1) پێكدێت‌و كۆبوونەوە دەكرێت. •    سناریۆیەكی تریش لەئارادایە، دەوترێت گۆڕان (1 بە 1) دەكات، واتا لەكۆی دوو ئەندامەكەی لە كۆمسیۆن یەكێكیان دەنێرێت بۆ كۆبونەوەی ئەوەی تریان نانێرێت، لەم حاڵەتەشدا نیسانی یاسایی تەواو نابێت، چونكە هاوكێشەكە دەبێت بە (3+1) واتە (4) ئەندام ئامادە دەبن‌و رێژەی 50+1 پێكنایەت.  ئەگەر گۆڕان ئەم بژاردەیە پەیڕەو بكات، واتە (1 بە  1) بكات، هەم دڵی یەكێتیی رادەگرێت كە لە ئەنجومەنی خۆجێی سلێمانیدا پێكەوەن، هەم دڵی پارتی رادەگرێت كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا پێكەوەن، بەڵام دەرەنجام ئەم هەنگاوە لەبەرژەوەندی یەكێتیی دەشكێتەوە، چونكە نیسابی كۆبونەوەی كۆمسیۆن تەواو ناكات.  •    ئەندامێكی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامێكی كۆمەڵ یان یەكگرتوو، لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی (3+1+1) نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەكات.  دەرەنجامی ئەم سیناریۆیانە دەریدەخات، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە (یەكێتی+ پارتی) یان (گۆڕان+ پارتی) یان (پارتی + یەكگرتوو+ كۆمەڵ) پێكدێت.   


 درەو: جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دەڵێت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كارا نەكراوەتەوە، ئێمە پەیوەستین بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە كە ئاراستەی كردووین. سلێمان مستەفا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی و راپرسی هەرێمی كوردستان كە خۆی دەڵێت ماوەیان بەسەرچووەو جێگری پێشووە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) دەڵێت: دوێنێ دوو نوسراو ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان كراوە، یەكێكیان لە لایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوەو ئەوی تریان لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە بووە. نوسراوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باس لە فەرمانی ژمارە (10) دەكات و دەڵێت كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە. نوسراوكیش لەلایەن د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی "ماوەتەواوبوو" كراوە. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوەكەیدا باس لەوە دەكات" ئاگاداری بەرێزتان دەكەینەوە، كە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانیی بە ژمارە (10)ی ساڵی 2023 لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە لەبەر ئەوەی لە دانیشتنی چواری رۆژی 22/5/2023 لەبڕگەی (3) لە مادەی (18) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاماژەكراوی دواخستووەو كۆتایی پێهێناوە بەرمەبنای بڕگەی (11) لە مادەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان واژۆكردنی سەرجەم نوسراوەكان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە و بەرێزیان ئەو دەسەڵاتەی بە كەسی تر نەداوە پیادەی بكات، هەر نوسراوێك بە بێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هیچ بایەخێكی یاسایی نابێت . سلێمان مستەفا دەڵێت: ئێمە لە كۆمسیۆن پابەندی دەقی نوسراوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەبین لەبەر ئەوەی بەرێزیان تاكە دەسەڵاتی رێپێدراوە كە موخاتەبەی جیهاتی فەرمی بكات بەتایبەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان،  ئێمە پەیوەستین بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پابەند دەبین بە نوسراوەكەیەوە كە تاكە دەسەڵاتی موتڵەقە لە ئاگاداركردنەوەی كۆمسیۆن لەوەی كارا دەكرێتەوە یان كارا ناكرێتەوە. سلێمان مستەفا دەڵێت" ئێستا من وەكو جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان قسە دەكەم و ئێمە كارا نەكراوینەتەوە"    


(درەو):  ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق وەردەگرێت لەبارەی ئەوەی ئایا دەتوانێت هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات، لەسەر ئەم بنەمایە دادگا حوكمی كۆتایی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەردەكات. حوكمی دادگا چارەنوسی یاسایبوون یان نەبوونی دانیشتنەكەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات، دانیشتنێك كە كێشەی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكردووە.  دادگا حوكم دەدات دادكای باڵای فیدراڵی عێراق پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە بۆ دادبینییەكی تر سەبارەت بەو سكاڵایانەی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون.  دادگا پێشتر كۆتایی هێنا بە دادبینییەكانی لەبارەی ئەم كەیسە، بڕیار بوو رۆژی 3ی ئەم مانگە حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵاكان رابگەیەنێت، بەڵام لەو رۆژەی كە بڕیاربوو حوكم دەربكات، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی نوێنەرەكانییەوە سێ سكاڵای لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و یاسای هەڵبژاردنی كوردستان لە دادگاكە تۆماركرد، ئەمە وایكرد دادگای سەرلەنوێ دەرگای دادبینی بكاتەوە، چونكە سكاڵاكانی یەكێتیی هیچ دەرەچەیەكی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان نەهێشتەوە، بۆ ئەمە دادگا بڕیاریدا قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەربگرێت بۆ ئەوەی بزانێت ئایا لەڕووی یاساییەوە دەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەببات یاخود نا.  ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم دادگا قسەی خۆی دەكات، رۆژی 22ی ئەم مانگە هاوكات لەگەڵ كێشمەكێشەكەی پارتی‌و یەكێتیی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستان، نوسراوێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دزەی پێكرا كە بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەكات لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان رێكبخات‌و سەرپەرەشتیشی بكات.  سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دادوەرێكی سلێمانییە، بەمدواییە پۆستەكەی پێدراوە، ئەگەر ئەمڕۆ دادگا وەڵامەكەی پەسەند بكات، واتە دەرەچە لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەیە‌و ئەگەر كۆمسیۆنەكەی كوردستانیش هەڵبژاردن بەڕێوەنەبات، ئەوا كۆمسیۆنەكەی عێراق دەتوانێت ئەم كارە بكات.  دوای وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشبینی دەكرێت هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە دژی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، بەپێی قسەی جەعفەر ئیمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، حوكمەكە دژی درێژكردنەوەكەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت چیتر پەرلەمانی ماوە درێژكراوەی هەرێمی كوردستان هیچ شەرعیەتێكی نامێنێت‌و ناتوانێت جارێكی تر یاسا پەسەند بكات.  ئەگەرێكیش هەیە دادگای فیدراڵ ئەمڕۆ حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رانەگەیەنێت‌و وادەی دانیشتنێكی تر بۆ راگەیاندنەكە دیاری بكات.  ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بوو كە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەبێ سازان لەگەڵ یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر، پارتی لە پەرلەمانەوە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی راگەیاند‌و دوێنێش بەپەلە وەزارەتی داد بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی لە رۆژنامەی (وەقایع)ی كوردستان بڵاوكردەوە بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.  ئەوەی هێشتا ناڕوونە ئەوەیە ئایا دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات لە رۆژی بڕیارەكەوە پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت یاخود لە رۆژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، چونكە ئەگەر بڕیارەكە بەوشێوەیە بێت لە رۆژی درێژكردنەوەكەوە پەرلەمان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، ئەوا دانیشتنەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەش بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارا نەكراوەتەوە‌و دەبێت كۆمسیۆنەكەی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوە ببات، خۆ ئەگەر دادگای فیدراڵی لە حوكمەكەیدا ئاماژەی بە كات نەكرد، واتە لە رۆژی دەرچوونی حوكمی دادگاوە پەرلەمان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كۆبونەوەی 22ی مانگ كێشەی نییە‌و ئەگەر كێشەیەكی لەسەر هەبێت دەبێت یەكێتیی جارێكی تر سكاڵای یاسایی تۆماربكاتەوە.  لەبارەی كەیسەكەوە سكاڵاكان دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌و (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست.  یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە زیاتر لە پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە‌. دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار، بەڵام سكاڵاكانی یەكێتیی بڕیاری دادگایان دواخست بۆ ئەمڕۆ یان هەر رۆژێكی تر كە دادگا دیاری بكات.   ئەگەر دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمە دەبێت بە پێشینەیەك بۆئەوەی لە داهاتوودا چیتر تەمەنی پەرلەمان درێژنەكرێتەوە‌و هەڵبژاردنەكان لەوادەی دیاریكراوی خۆیاندا بەڕێوەبچن.   


 راپۆرت: درەو  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی گیری خواردووە، نازانێ كاراكراوەتەوە یان نا،  هێمن هەورامی نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كاراكراونەتەوە، رێواز فایەقیش نوسراو دەكات‌و دەڵێ كارا نەكراونەتەوە، (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی) كە نوێنەریان لە كۆمسیۆن هەیە، نازانن بگەڕێنەوە بۆ كۆمسیۆن یاخود نا، جارێكی تر كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، پارتی‌و یەكێتیی لە  حكومەت ئاشتبونەوە‌و لە پەرلەمان كەوتنە كێشەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  ناكۆكی لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان پارتی‌و یەكێتیی كە ماوەی زیاتر لە (6) مانگ لەناو حكومەت ناكۆك بوون، تەنیا هەفتەیەك بوو گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ پەیوەندییەكانیان لەناو حكومەت، یەكسەر پەیوەندییەكانیان لەناو پەرلەمان تێكچوو.  ئێستا قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتیی گەڕاونەتەوە بۆ ناو حكومەت، بەڵام تیمی یەكێتیی لەناو پەرلەمان لەگەڵ تیمی پارتیدا ناكۆكن، مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب چۆن سەرقاڵی چاككردنەوەی پەیوەندی تیمەكان بوون لەناو حكومەت، ئەمجارە دەبێت چارەسەری كێشەی تیمەكان بكەن لەناو پەرلەماندا.  كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكییەكی نوێی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی تەقاندەوە، كۆبونەوەیەك كە سەرۆكی پەرلەمان بە  "مردوو"ی ناودەبات‌و جێگرەكەی دەڵێ"یاسایی"ە.  دوێنێ پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە، زیادكردنی بڕگەیەك (كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان) بۆ كارنامەی ئەم كۆبونەوەیە لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، ناڕەزایەتی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی لێكەوتەوە، سەرۆكی پەرلەمان زیادكردنی ئەم بڕگەی بۆ كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بە "ناپەیڕەوی"ی ناوبرد‌و بەوهۆیەوە كۆبونەوەكەی دواخست، بەڵام جێگری سەرۆكی پەرلەمان قسەكەی پێ بڕی‌و درێژەی بە كۆبونەوەكەدا.  بە چونەدەرەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیش چونە سەر سەكۆی سەرۆكایەتی بۆ رێگریكردن لە درێژەدان بە كۆبوونەوە دوای بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان، ئیتر لێرەوە گرژی لەنێوان فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتیی روویدا.  هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی پارتی دەكات، سورە لەسەر ئەوەی لەو كۆبونەوەیەدا دەنگدان كراوە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی‌و 10 پەرلەمانتاری پێكهاتەكان‌و پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەنگیان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن داوە، رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمانیش كە نوێنەرایەتی یەكێتیی دەكات دەڵێ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەسەڵاتی رەهای سەرۆكایەتیكردن‌و كۆتایپێهێنانی كۆبونەوەكانی پەرلەمان لەدەستی سەرۆكی پەرلەماندایە، ئەو كۆبونەوەكەی دواخستووە، بۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارانەكراوەتەوە.  سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی سەربارەی ئەوەی لەبارەی یاسایبوونی كۆبونەوەكەی دوێنێ ناكۆكن، ئێستا ناكۆكییەكی تریشیان بۆ دروستبووە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامی كۆبونەوەی 22ی مانگی كردووە بە بڕیاری ژمارە (10)و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كاراكراوەتەوە‌و كاندیدی پۆستە بەتاڵەكانی كۆمسیۆن پەسەندكراون، ئەمەشی لە نوسراوێكدا كردووە‌و ئیمزای لەسەر كردووەو ناردویەتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.  لەبەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە نوسراو بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات‌و تێیدا دەڵێ شتێك بەناوی بڕیاری ژمارە (10)وە بوونی نییە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا نەكراوەتەوەو ئەوە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نیە. كۆمسیۆن لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەیدا سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم ناوی (هەندرێن محەمەد)ەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوێنێ (درەو) قسەی لەگەڵ هەندرێن محەمەد كرد، ئەو وتی:" چاوەڕوانی ئەوە دەكەین نوسراوی فەرمییان لەلایەن پەرلەمانەوە پێبگات بۆ ئەوەی كۆمسیۆن كارا بكەینەوە". ئێستا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، لەبەرامبەردا رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كۆمسیۆن كارانەكراوەتەوە.  لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەیدا كۆمسیۆن چی دەكات؟ ئایا خۆی كارا دەكاتەوە‌و كۆبونەوە دەكات یاخود نا، وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران راوەستاوە كە جگە لە پارتی‌و یەكێتیی، نوێنەری (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)ش لەخۆدەگرێت. ئەگەر نوێنەرەكانی (گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو) بەشداری لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا بكەن، واتا شەرعیەت بە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان دەدەن‌و بەمەش دەكەونە بەرەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، خۆ ئەگەر بەشداری كۆبونەوە نەكەن ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پشتیوانی لە یەكێتیی دەكەن‌و كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بە نایاسایی ناودەبەن. واتا جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كەوتونەتەوە بەرداشی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هێشتا بڕیاریان نەداوە لەوەی نوێنەرەكانیان دەنێرن بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی كۆمسیۆن یاخود نا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) چاوەڕێی ئەوە دەكەن پارتی‌و یەكێتیی بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەنێوان خۆیان یەكلابكەنەوە.  ریشەی كێشەكە  ریشەی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنێكی رانەگەیەندراوی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە كە بەمدواییە كردویانە، بەپێی رێككەوتنەكە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە هاوتەریب‌و لە یەك رۆژدا بكرێن، بۆیە زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ دانیشتنی دوێنێ بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كێشەی دروستكرد، ئەمە زیاتر لۆژیكی یەكێتییە بۆ لێكدانەوەی دۆخەكە. بەڵام لەبەرامبەردا پارتیش لۆژیكی خۆی هەیە‌و مەترسی هەبووە لەبارەی ئەوەی یەكێتیی لەرێگەی ئەو سكاڵایانەی كە لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆماریكردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بدرێتە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرواش دەرچوو، دوێنێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوە پڕلە كێشەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانییە‌و بەمدواییە لە پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆندا دانراوە، نوسراوێكی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق كرد‌و تێیدا دەڵێ" بەپێی یاسا ئێمە دەتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەین‌و سەرپەرەشتی بكەین".  پارتی‌و یەكێتیی پێشتر لە دانوستانەكانیاندا لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام كێشەكانیان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان یەكلانەكردەوە، بەدیاریكراویش لەبارەی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانەوە.  یەكێتی داوا دەكات لەكۆی (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی (2) كورسی توركمان بۆ (كفری)‌و (2) كورسی مەسیحی یەكێكیان بۆ (كۆیە)‌و ئەوی تر بۆ (سلێمانی)، پارتی بەمە رازی نییە، ئەم ناكۆكییە وایكرد هەردوو حزب بە بەشداری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆچونی حزبی پێكهاتەكان وەربگرن، حزبەكان زۆر بوون، بۆچونیان جیاواز بوو، بۆیە هیچ ئەنجامێك بەدەست نەهات، لەم نێوەندەدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پێشنیازی كرد (2) كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی، ئەمەش نە یەكێتی قبوڵی كرد‌و نە پارتیش، بەوهۆیەوە كێشەی هەڵبژاردن درێژەی كێشا.  ئێستا بەپێی ئەو وادەی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە دەبێت رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، ئێستا كەمتر لە شەش مانگ دەرفەت ماوە بۆ سازدانی هەڵبژاردن، ئەگەر ناكۆكییەكان بەردەوام بن كە پێشبینی دەكرێت بەردەوام بێت، ئەوا دەرفەتی سازدانی هەڵبژاردن لاواز تر دەبێت، چونكە بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن كۆمسیۆن لانی كەم پێویستی بە (6) مانگ هەیە.  قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی بۆ جاری دووەم پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت‌و بخرێتە بەهاری ساڵی داهاتوو، بەتایبەتیش ئەگەر كێشەی كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بەردەوام بێت‌و هەردوو لایەن پەنا بۆ دادگا ببەن.  لەبارەی كۆمسیۆنەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (9) ساڵە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا. ئەم كۆمسیۆنە لە رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019دا ئەم كۆمسیۆنە ماوەی 4 ساڵی تەمەنی یاسایی خۆی تەواو كرد، بەڵام پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردەوە، بۆیە كۆمسیۆنەكە لەوكاتەوە كەوتوەتە بۆشایی یاساییەوە.  تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)  بەگوێرەی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی كە وێنەیەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە.  


(درەو):  نزیكەی (11 ملیۆن) دەنگ بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا چارەنوسی ئەردۆغان‌و كلیچدارئۆغلۆ یەكلادەكەنەوە، لەم رێژەیە سینان ئۆغان بە نوێنەرایەتی (2 ملیۆن‌و 800 هەزار) دەنگدەر پشتیوانی بۆ ئەردۆغان راگەیاندووە، بەڵام (8 ملیۆن) دەنگدەر هەن كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتی دەنگدانیان كردووە، كلیچدارئۆغلۆ ئومێدی لەسەر بایكۆتچییەكان هەڵچنیوە. لە گەڕی یەكەمدا ئەردۆغان بە جیاوازی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگ لە پێش كلیچدارئۆغلۆوە بوو، لە گەڕی دووەمدا كێ دەیباتەوە؟ دوو ملیۆن دەنگەكەی سینان یەكشەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا‌و كەمال كلیچدارئۆغلۆی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن جارێكی تر روبەڕووی یەكتر دەبنەوە.   سینان ئۆغان كاندیدی براوەی سێیەمی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دوێنێ دواجار هەڵوێستی خۆی راگەیاند‌و داوای لە لایەنگرانی كرد لە گەڕی دووەمدا دەنگ بۆ ئەردۆغان بدەن.  لە گەڕی یەكەمدا، سینان ئۆغان (2 ملیۆن‌و 800 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە جیاوازی دەنگی ئەردۆغان‌و كلیچدارئۆغلۆ لە گەڕی یەكەمدا (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگە. لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا كە 14ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ركابەرە سۆسیال دیموكراتەكەشی (كلیچكدارئۆغلۆ) رێژەی 44,9%ی دەنگەكانی برد، ئەردۆغان بە جیاوازی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگ لە پێش كلیچدارئۆغلۆوە بوو.  سینان ئۆغان كە نەتەوەپەرەستێكی توندڕەوەو لە گەڕی یەكەمدا رێژەی 5,2%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، وتی:" داوا لەو دەنگدەرانە دەكەم كە لە گەڕی یەكەمدا دەنگیان بۆ ئێمەدا، لە گەڕی دووەمدا دەنگ بۆ ئەردۆغان بدەن". سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەردۆغان، سینان ئۆغان رایگەیاند" لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دانانی خشتەی زەمەنی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران‌و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت دانوستانمان كرد".  هێشتا دیار نییە ئایا ئەو (2 ملیۆن‌و 800 هەزار) كەسەی لە گەڕی یەكەمدا دەنگیان بۆ سینان داوە لە گەڕی دووەمدا دەچنەوە سەر سندوقەكان‌و دەنگ بۆ ئەردۆغان دەدەن یان نا، بەڵام راپۆرتەكان لە توركیاوە ئاماژە بەوە دەكەن، بەشێكی زۆری دەنگدەرانی سنان لە گەڕی دووەمدا ناچنە سەر سندوقەكان‌و نایانەوێت دەنگ بۆ ئەردۆغان بدەن كە 20 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، سەرباری ئەمە ئەگەر لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئاستی بەشداری دەنگدەرانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش زیادكردبێت، ئەمجارە مەرج نییە دەنگدەران بەهەمان رێژەی گەڕی یەكەم بچنەوە سەر سندوقەكان.  ئاستی بەشداری دەنگدەران لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی‌و پەرلەمانی توركیا گەیشتە 89%.  بیرك ئیلسن پسپۆڕی سیاسی لە زانكۆی سابانجی لە ئیستانبوڵ دەڵێ:" زۆرێك لە دەنگدەرانی نەتەوەپەرەست ناڕازین لەوەی كلیچدارئۆغلۆ نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆن بكات، بۆیە دەنگیان پێنەداوە".  8 ملیۆن دەنگی بایكۆت  ! هەر دوای ئەوەی سینان ئۆغان پشتیوانی خۆی بۆ ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵباردن راگەیاند، كلیچدارئۆغلۆ بەپەلە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی كرد‌و ئیدانەی ئەوانەی كرد كە "ئەم وڵاتە جوانە دەفرۆشن".  كلیچدارئۆغلۆ نوسی:" ئێمە هاتووین بۆ رزگاركردنی ئەم وڵاتە لە تیرۆرو پەنابەران"، دوای لەو (8 ملیۆن) كەسە كرد كە لە گەڕی یەكەمدا نەچونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لە گەڕی دووەمدا بەشداری بكەن.  پێشتر كلیچدارئۆغلۆ بەڵێنی ئەوەی دا، (3 ملیۆن‌و 700 هەزار) پەنابەری سوری بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەیان كە ئێستا لە توركیا نیشتەجێبوون، ئەمە لەحاڵی سەركەوتنیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.  ئەردۆغان كە رۆژی هەینی رابردوو لە ئیستانبوڵ چاوی بە سینان ئۆغان كەوت، بەڕوونی ئەوەی نیشاندا كە بۆ بردنەوەی ولایەتی سێیەمی سەرۆكایەتیی، پێویستی بە پاڵپشتی ئەو نییە.  پارتە نەتەوەپەرەستەكان بەگشتی رێژەی 23%ی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی توركیا بەدەستهێنا، كە رۆژی 14ی ئەم مانگە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەڕێوەچوو.  سینان ئۆغان لەبارەی ئەم رێژەوە رایگەیاند، توشی سەرسوڕمان نەبووە، چونكە ئەوە دەنگی ناسیۆنالیستەكانی تورك‌و ئەو گەنجانەیە كە بەوتەی ئەو رۆشنبیرترن‌و بێزاربوون لە روخسارە كۆنەكانی سیاسەت لە توركیا، هەر لە ئەردۆغانی تەمەن (69 ساڵ)ەوە بیگرە تا دەگاتە كلیچدارئۆغلۆی تەمەن (74 ساڵ) كە لە ساڵی 2010وە سەرۆكایەتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەكات. لەبارەی دەنگدەرانی ناسیۆنالیستەوە لە توركیا، ئۆغان بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) وت:" ئەوان ئێمە بە هاوچەرختر دادەنێن‌و وای دەبینن ئێمە نوێنەرایەتی سیاسەتێكی نوێ دەكەین".  سینان ئۆغان لە خێزانێكی جوتیاری پارێزگاری ئیغدیر لە خۆرهەڵاتی توركیا لەدایكبووە، ماف‌و زانستی سیاسی لە توركیاو دواتر لە مۆسكۆ خوێندووە، ئەو وەكو بەرگریكارێكی نەریتی لە توركیا خۆی نمایش دەكات، نوێنەرایەتی نەتەوەپەرەستی عەلمانی دەكات‌و پابەندە بە بنەماكانی مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری دەوڵەتی هاوچەرخی توركیا دور لە بنەماكانی پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی بە رێبەرایەتی ئەردۆغان.  كێ گه‌ڕی دووەم دەباتەوە ؟ گروپی راوێژكاری ئۆراسیا كە یەكێك لەو كۆمپانیا زۆركەمانەی پێشبینی ئەوەی كرد لە گەڕی یەكەمدا ئەردۆغان پێش كلیچدارئۆغلۆ بكەوێت، ئێستا پێشبینی ئەوە دەكات لە گەڕی دووەمدا ئەردۆغان هەڵبژاردن بباتەوە‌و بۆ ولایەتێكی تر لە پۆستی سەرۆكی توركیادا بمێنێتەوە. 


درەو: ئەمڕۆ لە پەرلەمان شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن پڕكرایەوە، بەمەش (9) ئەندامەكەی كۆمسیۆن تەواوبووە كە بەسەر پێنج حزبدا دابەشبووە (سەرۆك و دوو ئەندامی پارتی، جێگری سەرۆك و ئەندامێكی یەكێتی، دوو ئەندامی گۆڕان، ئەندامێكی كۆمەڵ، ئەندامێكی یەكگرتوو) لەخۆدەگرێت، پارتی بەروونی پشتیوانی پرۆسەی كاراكردنەوەكە دەكات، بەڵام هێشتا روون نیە كە  (یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) دان بە بڕیارەكەدا دەنێن یاخود ئەندامەكانیان دەكێشنەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی پێهێناو دەڵێت "دانیشتنەكە نایاسایی و نا پەیڕەویە"و جێگری سەۆكی پەرلەمانیش دەڵێت "پەیڕەویە"، سەرەڕای كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، شوێنی دوو ئەندامی كۆمسیۆن پڕكرایەوە. ئەوانیش (كامەران نەشئەت بەكر، عەلی ساڵح مەحمود) لە شوێنی (جوتیار عادل و سیاح عەبدوڵا)، ئێستا كۆمسیۆن (9) ئەندامەكەی بەم شێوەیەیە: هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن – پارتی كامەران نەشئەت بەكر، ئەندامی كۆمسیۆن – پارتی (پێكهاتەی توركمان)  عەلی ساڵح مەحمود – ئەندامی كۆمسیۆن – پارتی سلێمانی مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن – یەكێتی نەهرۆ سەلیم حەنا، ئەندامی كۆمسیۆن – یەكێتی (پێكهاتەی مەسیحی) رێزان حەمەرەشید- سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن – گۆڕان عەبدولسەمەد خدر، ئەندامی كۆمسیۆن – گۆڕان شیروان زرار، ئەندامی كۆمسیۆن- كۆمەڵ ئیسماعیل حەمەعەلی، ئەندامی كۆمسیۆن - یەكگرتوو ئەمڕۆ هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە (درەو)ی راگەیاند: لەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە چاوەڕێی ئەوە دەكەن بە رەسمی نوسراویان پێبدات تاوەكو بە فەرمی كۆمسیۆن كارا بكەنەوە، ئایا دوای ئەو بڕیارە (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ ، یەكگرتوو) دان بەو بڕیارەو دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنێن یاخود ئەندامەكانیان لە كۆمسیۆن دەكێشنەوە.    کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (9) ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا (4) ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر شێوازی پێکهێنانی کۆمسیۆن و ڕای لایەنە سیاسییەکان لە بارەی یاساکەی و داهاتووی پێکهاتەکەی ئەنجومەنەکە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینری ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان  پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێنك بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.   لە چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێدرا، بەم شێوەیە؛ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بڕوانە پەیکەری کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمسیاران دووەم: کارگێریی هەڵبژاردن بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای کۆمسیۆن بڕگەی دووەم خاڵی (1) کارگێڕی هەڵبژاردن پێکدێ لە نوسینگەی گشتی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بەگوێرەی ئەو هەیکەلەی لەلایەن کارگێڕی هەڵبژاردنەوە پێشنیاز کراوەو لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەند کراوە.  لەم بارەیەوە بڕوانە هەکەلی هەریەک لە (پەیکەری کارگێڕی هەڵبژاردن، پەیکەری کارگێڕی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک)          


(درەو):  ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری یەكێتیی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌و بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی دەبینێت.  سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتیی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەژی ئەمین یاریدەدەری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌و هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەبینێت.  ئەژی ئەمین دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەكێتیی وەرگرت، بەڵام زۆر نەمایەوە‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی تێكچوو، بەوهۆیەوە سلێمانی بەجێهێشت‌و لە هەولێر نیشتەجێ بوو.  لەماوەی مانەوەیدا لە هەولێر، یەكێتیی بەرپرسی دەزگای زانیاری گۆڕی‌و (جەلال شێخ ناجی) لە پۆستەكەدا دانا، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پۆستی یاریدەدەری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەخشی بە ئەژی ئەمین.  گەڕانەوەی ئەژی ئەمین بۆ سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.   بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، گەڕانەوەی ئەژی ئەمین بۆ سلێمانی لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئاشتەوایی ناوخۆیدایە لەناو یەكێتیی‌و (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆش لەچوارچێوەی ئەم هەوڵەدایە. ئەوانەی ئاگادارن لەناو یەكێتییەوە، دەڵێن ئەم هەوڵی ئاشتەواییە سەركردە كۆنەكانی یەكێتیی‌و تەنانەت (لاهور شێخ جەنگی)ش دەگرێتەوە.   


راپۆرت: درەو سكاڵاكەی یەكێتیی بۆ بە ناشەرعی ناساندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم و ده‌ركردنی فه‌رمانی (ولائی- سالاری) بۆی، لە دادگای فیدراڵی رەتكرایەوە، ئێستا پارتی پەلەیەتی بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەربكات، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە كارا بكاتەوە، دوای هەفتەیەك گەڕانەوەی گەرموگوڕی بۆ پەیوەندییەكانیان، جارێكی تر پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن توشی ململانێ‌و شەڕی میدیایی دەبنەوە‌و چارەنوسی هەڵبژاردنیش دەكەوێتە تونێلێكی نادیاری ترەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  بنبەستی گفتوگۆكان   لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی لە كۆبونەوەدا بوون، فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوایكرد بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان، دوو بڕگە بۆ بەرنامەی كار زیاد بكرێت، بەمشێوەیە:  •    كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان •    هەمواری یاسای هەڵبژاردن دوای كۆنگرەكەی فراكسیۆنی پارتی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان لەسەر پشكی پێكهاتەكان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ زیادكردنی بڕگەیەك بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان، بڕگە زیادكراوەكە بریتییە لە (كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن). رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی یەكێتیی ئیمزای لەسەر زیادكردنی ئەو بڕگەیە بۆ دانیشتنی سبەینێ نەكرد، دواتریش فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا دەڵێ:" پارتی بە بەكارهێنانی نوێنەری بەناو پێكهاتەكان، لە هەنگاوێكی تاك لایەنەی نایاسایی، بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێ زیادكردووە".  فراكسیۆنی یەكێتیی زیادكردنی ئەم بڕگەیە بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێ بە ناپەیڕەوی ناودەبات، بۆ ئەمەش بەڵگە بە ماددەی (48)ی بڕگەی (4) لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی كوردستان دەهێنێتەوە كە باسلەوە دەكات بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان دەبێت (24) كاتژمێری تەواو بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان رابگەیەندرێت.  جگە لە لایەنی یاسایی بڕیاری زیادكردنی بڕگەیەكە، یەكێتیی ئاماژە بە رێككەوتنێكی خۆی لەگەڵ پارتی دەكات، كە تێیدا هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن هاوتەریب‌و پێكەوە بكرێن.  پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشتر رێككەوتنیان كردووە، رێككەوتنەكە بەوشێوەیە كۆمسیۆن وەكو خۆی كارابكرێتەوە‌و شوێنی ئەو كەسانە پڕبكرێتەوە كە بەهۆی وازهێنان یاخود مردنەوە لەناو ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا نەماون، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن، كرۆكی ناكۆكییەكانیش پەیوەندی بە (11) كورسییەكەی (كۆتا)ی پێكهاتەكانەوە هەیە، یەكێتیی داوا دەكات 4 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی (2 كورسی توركمان بۆ كفری‌و 2 كورسی مەسیحی بۆ كۆیە)، پارتی بەمە رازی نییە، بەمدواییە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نێوەندگیری هاتە ناو دانوستانەكانەوە، پێشنیازی 2 كورسی پێكهاتەكانی كرد بۆ سلێمانی (1 كورسی توركمان‌و 1 كورسی مەسیحی)، بەڵام نە یەكێتیی‌و نە پارتیش بە پێشنیازەكەی یۆنامی رازی نەبوو. ئێستا یەكێتیی دەیەوێت لانی كەم (3) كورسی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی تەرخان بكرێت، پارتیش بەمە قایل نییە‌و گفتوگۆكان بە بنبەست گەیشتوون.  بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ئێستا سێیەم گەورە فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستانە، هاوڕای یەكێتییە‌و دەڵێ دەبێت كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن هاوتەریبی یەكتر بڕۆن بەڕێوە.  هەفتەی هەنگوینی كۆتایی هات !  دوای تەنیا هەفتەیەك لە ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پرسی هەڵبژاردن خەریكە دۆخەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.  فراكسیۆنی یەكێتیی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێ:" جارێكی تر پارتی نوێنەری بەناو پێكهاتەكانی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەكارهێناوە بۆ واژۆكردن لەسەر  بابەتێكی ناپەیرەوی.. بۆیە ئۆباڵی لێكەوتەكانی ئەم هەنگاوە دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی".  رۆژی هەینی رابردوو، دوای ماوەیەك راوەستانی دانوستانەكانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لە حكومەت، جارێكی تر هەردوو حزب لەناو تەلاری پەرلەمان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن كۆبونەوە.  سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی‌و یەكێتیی ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون، لەم دانیشتنەدا یەكێتیی پێشنیازێكی نوێی سەبارەت بە كورسی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو، كرۆكی پێشنیازەكە ئەوە بوو، هەر (111) كورسییەكەی پەرلەمان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، واتە ئەو 4 بازنەی هەڵبژاردن كە پێشتر هەردوو حزبەكە رێككەوتنیان لەسەر كردووە (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە).  ئەم پێشنیازەی یەكێتیی، جارێكی تر پارتی توشی دوودڵی كرد سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن.  ئەمڕۆش كە مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبەكە لە هەولێر كۆبونەوە، پارتی گەیشتە حاڵەتی بێئومێدیی، بەتایبەتیش كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی جارێكی تر جەختیان لەسەر دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان كردوەتەوە، وەفدی پارتی ئەم جەختكردنەوەی یەكێتییان وەكو هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێكداوەتەوە، بۆیە پارتی بەشێوەی تاكلایەنە‌و بێ یەكێتیی بڕیاریداوە هەنگاوەكانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستپێبكات، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت چیتر چاوەڕوانی دانوستان نەبێت لەگەڵ یەكێتیی‌و بە پشتبەستن بەو زۆرینەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە.  پارتی بۆچی پەلەیەتی ؟ بڕیار بوو رۆژی 3ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، بەڵام رۆژێك بەر لە وادەی راگەیاندنی بڕیارەكە، یەكێتیی تیمێكی خۆی ناردە بەغدادو سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم تۆماركرد.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە سكاڵاكەیدا سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، یەكێتیی داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن هەڵوەشێنێتەوەو فه‌رمانێكی (ولائی- سالاری)شی بۆ ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت هیچ ده‌سكارییه‌كی بكرێت تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، دادگای فیدراڵی ده‌ركردنی فه‌رمانی ولائی بۆ سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی له‌باره‌ی كۆمسیۆنه‌وه‌ ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ستی پارتی كرده‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.   بەهۆی سكاڵاكانی یەكێتییەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رانەگەیاند‌و سەرلەنوێ دەرگای دادبینی كردەوە. پارتی ئاگاداری كرۆكی سكاڵاكانی یەكێتییە لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، هەروەك ئاگادارە لەوەی چەند رۆژی رابردوو دادوەرەكەی یەكێتیی پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی وەرگرتووە، بۆیە دەیەوێت بەر لە دەرچوونی هەر بڕیارێك لە دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان یاخود چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بەو زۆرینەی كە لە پەرلەمانی كوردستان هەیەتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كارا بكاتەوە، بەمەش رێگە لە یەكێتیی دەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن پەنا بۆ كۆمسیۆنەكەی عێراق ببات.  رەنگە ئەمانە هۆكاری ئەو نەرمییە بن كە دوای شەش مانگ دابڕن‌و شەڕی میدیایی، مەسرور بارزانی قایل بوو بە وەرەقەی دارایی یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو حكومەت.  پارتی پێیوایە پێگەی خۆی لە هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەر كردووە‌و دەیەوێت لەم دۆخەی ئێستادا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بۆیە هەموو نەرمییەكی نیشانداوە تەنیا لەپێناو ئەوەی یەكێتیی رابكێشێتە ناو هەڵبژاردنێكی نوێ‌و لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەكە جارێكی تر هاوكێشەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان نوێ بكاتەوە.  لەبەرامبەردا یەكێتیی كە هێشتا لە كێشەكانی دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 رزگاری نەبووە، خوازیارە كۆنگرەیەكی نوێ بكات‌و كێشەی خاوەندارێتی حزبەكە كۆتایی پێبهێنێت بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە (لاهور شێخ جەنگیی)ەوە، دوای ئەمە بچێنە ناو هەڵبژاردنەوە.  سەردانی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا توانی تیمی یەكێتیی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام پێناچێت بتوانێت هەردوو حزبەكە لەسەر هەڵبژاردن بەو خێراییە بگەیەنێتە رێككەوتن.  هەڵبژاردن دەكرێت ؟  بەم دۆخەوە تادێت ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەی كە دیاری كراوە، گەورە تر دەبێت.  یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە، ئەگەر سبەینێ پارتی بە زۆرینەو بەبێ یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە كارابكاتەوە، یەكێتیی لە پەرلەمان بكشێتەوە‌و رێگری لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكات لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، سەرلەنوێ جەنگی میدیایی لەنێوان هەردوو حزبەكە دەستپێبكات‌و یەكتری تۆمەتبار بكەن بە دروستكردنی بەربەست بۆ هەڵبژاردن.  سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەردوو حزب بە نێوەندگیری دەرەكیی بگەنە رێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن‌و دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان.  رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن نەكرا، بەوهۆیەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022 وادەی یاسایی كۆتایی هات، تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە.  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن فراكسیۆنەكانی (پارتی+ یەكێتیی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ پێكهاتەكان) بەهانەكەی ئەوە بوو رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن بكرێت، بۆ ئەمەش سەرۆكی هەرێمی بۆ جاری دووەم وادەیەكی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكردەوە، وادەی دووەمی هەڵبژاردن رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، بەڵام تائێستا رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن نەكراوە.  سازدانی هەڵبژاردن پێویستە بەماوەی (6) مانگ ئامادەكاریی هەیە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمەوە، ئێستا بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە كۆمسیۆن كەمتر لە (6) مانگ كاتی لەبەردەستدا ماوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لە كۆمسیارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن باسلەوە دەكەن تەنانەت ماوەی شەش مانگیشە كەمە بۆ ئامادەكاریی، چونكە بەوتەی ئەوان ئەمجارە وەكو ئەوەی پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتنیان لەسەر كردووە هەڵبژاردن بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەدەچێت‌و ئەمە شێوازێكە كە ئەوان ئەزمونیان تێیدا نییە‌و پێویستیان بەكاتی زیاتر هەیە.  لەناو ئەم كێشمەكێشەدا، هەندێك لەوانەی ئاگاداری دانوستانەكانن پێشبینی دەكەن بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت‌و بۆ ماوەی یەك وەرزی تر تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژبكرێتەوە‌و هەڵبژاردنەكە بخرێتە بەهاری ساڵی داهاتووەوە.    


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (٢-٢) با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە دۆخی کورد لە دوای هاتنە سەر حوکمی پارتەکەی ئەردۆغانەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٤ لە تورکیادا هەندێک گۆرانکاریی بەسەرداهات، کە لە رەوتی چۆنیەتی مامەڵەکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا هاتنی ئاکەپە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ڕاستە ئەو گۆڕانکارییانەی ئەردۆغان ئەنجامیدا لەگەڵ خواست و چاوەروانییەکانی میلەتێکدا ناگونجێت کە سەدەیەکی رەبەق لەو وڵاتەدا رووبەرووی سیاسەتی تواندنەوە و راگواستن و پەراوێزخستن، تا بە کوشتن و بڕین و لەناوبردن دەگات، بووەتەوە.  بەڵام گۆرانکارییەکان لەناو مێژووی درێژی پڕ تاوانی تورکیادا بەرامبەر بە کورد، هێمایان بۆ هاتنەکایەی دۆخێکی نوێ و جۆرێکی تازە لە مامەڵەکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا دەکرد. ئەو گۆڕانکارییانە، وەک وتم، پەیوەندیان بە قۆناغی یەکەمی حوکمڕانییەکەی ئەردۆغانەوە هەیە وەک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لە ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٤. ھەرچی قۆناغی دووهەمی حوکمڕانییەکەی ئەم پیاوەیە، واتە لە دوای ٢٠١٥ ەوە بۆ ئێستا، قۆناغی پشتکردنە ئەو گۆرانکارییانە و گەڕانەوەیە بۆ ھەمان کەلەپوری ستەمگەرانەی مامەڵەکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا. لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە، ئەردۆغان تاوانبارێکی گەورەی تری ناو مێژووی تورکیایە و درێژەپێدەری کەمالیزم و ناسیۆنالیزمی راسیستیی تورکییە، بەڵام لە بەرگێکی دینیی ئیسلامی سونیدا.   لە ٢٠١٥ ەوە بۆ ئێستا، واتە لە ٨ ساڵی رابوردودا، هەم ئاکەپە بووە بە حیزبێکی خۆسەپێن و قۆرخکارو گەندەڵ، هەم ئەردۆغان خۆیشی بووە بە سەرۆکێکی دەسەڵاتگەر و سیاسییەکی ستەمگەر کە خواستەکانی خۆی وەک یاسا مامەڵەدەکات و لە رێگای ھێزەوە بەسەر ھەمووانیدا دەسەپێنێت. سەرجەمی ئەزموونە سیاسییەکەی تورکیاشی بەتەواوی گۆریوە بۆ ئەزموونێکی تاکەکەسیی دەسەڵاتگەر. ئەگەر لە دوای ساڵانی ٢٠١٠ یان ٢٠١١ ەوە سەپاندنی دەسەڵاتی شەخسیی ئەردۆغان وەک مەیلێک لەناو ئاکەپەدا لە ئارادا بووبێت، لە ساڵی ٢٠١٥ بەدوا دەبێت بە تاقە واقیعێکی سیاسیی ناو ئەو حیزبە و ناو وڵاتەکە خۆیشی. وەک لە نووسینی پێشودا باسمکرد ئەم گۆڕانکارییە خۆنمایشکردنی جەوهەرێکی فاشیستی نییە کە ئەم پیاوە لە سەرەتای سەرەتاکانەوە هەڵگری بووبێت، بەڵکو بەرەنجامی ئەو گۆرانە سیاسییە گەورانەیە کە دروستدەبن و کاردانەوەیە بە رووی ئەو ھاوکێشانەدا کە دێنەکایەوە.  لە قۆناعی یەکەمدا، ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٤، یەکەمین شتێک ئاکاپە لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە ئەنجامیدا هەڵگرتنی «دۆخی لەناکاو» بوو لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا. لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ ەوە دەوڵەتی تورکیا ناوچە کوردییەکانی وەک ناوچەی «دۆخی ناکاو»، state of emergency، ناساندبوو. ئەمەش وایکردبوو دەوڵەت و سوپا چیان بوێت بەبێ مەترسیی لێپرسینەوە و گوێرایەڵیکردنی یاسا ئەنجامیبدەن. ئەوەی ئاکەپە وەک یەکەمیان کارێک لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە ئەنجامیدا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆخەبوو لە ساڵی ٢٠٠٢دا. سێ ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ئاکەپە دانی بەوەشدا نا کە شتێک لەناو تورکیادا هەیە ناوی "مەسەلە“ یان "کێشەی کورد"ە و ئەم کێشەیەش پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە. ئەردۆغان خۆی لە وتەیەکیدا لە شاری دیاربەکر و لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا ووتی: ”کێشەی کورد کێشەی منیشە" و باسی لە گرنگیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی لە تورکیادا کرد. ئەمە یەکەمجاربوو سەرۆکوەزیرانێک لە تورکیادا قسەی لەوجۆرە بکات و دان بەوەدا بنێت کە کورد نەک لە تورکیادا بوونیان هەیە، بەڵکو خاوەنی مەسەلەیەکن و ئەو مەسەلەیەش پێویستی بەچارەسەر هەیە. دوو ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، لە پەیوەندیدا بە ئەگەر و ئومێدی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، ئاکەپە ئەو پاکێجە سیاسییە پەیرەودەکات کە ناوی «کرانەوەی دیموکراسیی»ە، Democratic Opening. ئەم کرانەوەیەش برتیبوو لە بەهێزکردن و پەرەدان بە سیستمی دیموکراسیی لە تورکایدا، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دابینکردنی مافە ئەتنی و کولتورییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیادا. لەم بوارانەشدا کۆمەڵێک ھەنگاوی گرنگ نران. لە پەیوەندیدا بە کوردەوە ئەم کرانەوەیە بوو بە ھۆی کردنەوەی بەشی کوردیی لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی تورکیادا، رێگەدان بە نووسین بە زمانی کوردیی و رێگەدان بە فێڕبوونی زمانی کوردیی لەلایەن هەرکەسێکەوە بخوازێت، ئینجا جێگیرکردنی خوێندن بە کوردیی لە ئاستی زانکۆدا بۆ ئەو قوتابیانەی دەخوازن لەم بوارەدا بڕوانامە بەدەستبھێنن. ئینجا ڕێگادان بە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت کە بە زمانی کوردیی وانەبڵێنەوە گەر بیانەوێت.  لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەردۆغان ئەو سیاسەتە دەستپێدەکات کە وەک سیاسەتی "دەستپێشخەری کوردیی"  ‘Kurdish Initiative‌ ناودەردەکات. خاڵە سەرەکییەکانی ئەم دەستپێشخەریە بریتیبوون لە دوو بەش: "دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کورد"، لەگەڵ "دانانی چەک لەلایەن پەکەکە"ەوە.  لە ساڵی ٢٠١٣ دا دانوسان لەگەڵ سەرۆکی پارتی کریکارانی کوردستان، ئۆچ ئالاندا، دەستیپێکرد. لە ساڵی ٢٠١٤ یشەوە بڕیار لەسەر ئەوەدرا کە خەڵک بتوانن ناوی کوردیی بە کاربهێنن و ناوە کوردییەکانیش بۆ ئەو شار و شارۆچکە و گوند و ناوچانە بگەڕێنەوە کە لەپاڵ سیاسەتی بەتورککردندا سڕابوونەوە و لابرابوون، ناوی تورکیان لێنرابوو. ھاوکات بە فەرمی ڕێگە بەوەشدرا کە بە زمانی کوردیی کەمپینی هەڵبژاردن و گفتوگۆی سیاسیی ئەنجامبدرێت..  ئۆچ ئالان خۆی لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە بە گەشبینییەوە لە چاوپێکەوتنێکدا ووتی: "ئومێدی گەورە هەیە کە چەرخەیەکی نوێی خەباتکردن دەستپێبکات. ئێستا دەرگا بە رووی قۆناغێكی نوێدا دەکرێتەوە تیایدا ئێمە بتوانین لە قۆناغی خەباتی چەکدارەوە بۆ سەردەمی خەباتی سیاسیی و دیموکراسیی هەنگاوبنێین".  بڕوانە ئەم سەرچاوەیە (Burak Bilgehan Özpek, ‘Paradigm Shift between Turkey and the Kurds: From ‘Clash of the Titans‌ to ‘Game of Thrones‌‌,MiddleEast Critique,V ol.27:No.1(2018),p.49.). هەموو ئەم گۆڕانکارییانە لەسایەی ئەو ئومێد و خەونانەدا دروستبوون کە تورکیا دەیویست ببێت بە بەشێک لە یەکێتی ئەوروپا و لەوێشەوە ئەو یاسا و نۆرم و بەھایانە پیادەبکات کە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا بوونیان ھەیە، لەم رووەوە هاندانی ئەوروپییەکان بۆ ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریەکی گەورەی هەبوو. ئەردۆغان و ئاکاپە لەو قۆناغەدا ئومێدێکی گەورەی بەو ئەندامبوونە هەبوو.  بەڵام کۆمەڵێک ھۆکار کۆتاییان بەم قۆناغە ھێنا، لەوانە: بێئومێدبوونی تورکیا لەوەی ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، حەز و خەونی شەخسیی ئەردۆغان خۆی بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە گۆرینی سیستمی سیاسیی وڵاتەکە بۆ سیستمی سەرۆکایەتیی، ئینجا هاتنەکایەی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیی و بەھێزبونی ئیخوانی موسلیمین، بە تایبەتی دروستبوونی دۆخی جەنگ و پێکدادان لە سوریادا، دروستبوونی خەلافەتەکەی داعش، بەرگریکردنی ئەمریکییەکان لە کوردانی سوریا، هتد.. هەموو ئەمانە وایانکرد دۆخێکی سیاسیی تەواو جیاواز لە ناو تورکیا خۆی و لە ناوچەکەدا بێتەکایەوە. لە پەیوەندیدا بە سوریاوە  ئەردۆعان دەیویست ڕژێمەکەی ئەسەد بکەوێت و ئیسلامییەکان شوێنی بگرنەوە. بەمەش ھەم لە گەشەکردنەکانی کێشەی کورد لە سوریادا ڕزگاریببێت، ھەم  ”ھێزێکی سونی“ ئیسلامیی  و”ھاودین“، بەتایبەتی ئیخوانی موسلیمن، دەسەڵاتی بکەوێتە دەست. ئەردۆغان خۆیشی وەک باوکی ئیسلامی سیاسیی سەرۆکایەتیان بکات و تورکیاش بکاتە مەرجعی ڕژێمە ئیسلامییەکانی ناوچەکە. لە راستیدا لەو قۆناغەشدا کە ئەو پێشەوەچونە پۆزەتیڤانەی سەرەوەی تێدابوو، لە ھەمانکاتدا سەرەتاکانی گۆرانی سیستمە سیاسیەکەشی بەرەو دەسەڵاتگەریی و ئەوتۆریتاریزم تێدابوو. لە دوای ٢٠١٥ ەوە ئیتر ئیرادەی شەخسی ئۆردوغان دەبێتە بڕیاردەری ژمارە یەک لە وڵاتەکەدا و سیستمی سەرۆکایەتیش هێز و میکانیزمی ئەوەی دەخاتە بەردەست ببێت بە سەرۆکێکی ستەمگەر و ترسناک. لەناو ئەم دۆخە تازەیەدا ئاکەپە و ئەردۆغان نەک تەنھا پشتیان کردە بەشی هەرەزۆری ئەو چاکسازییانەی ئەنجامیاندابوو، بەڵکو سیاسەتێکی تازەیان پەرەپێدا تەواو پێچەوانەی ئەوانەی پێشویان. لە پەیوەندیدا بە کوردەوە ئەم وەرچەرخانە مانای کۆتاییهێنان بوو بە دانوسان لەگەڵ ئۆچ ئالان و بەرتەسککردنەوەی بڕێکی زۆری ئەو ئازادییانەی کە هاتبوونەکایەوە، تا بە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پەلاماردانی بەردەوام و گرتن و زیندانیکردنی سەدەها سیاسیی و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی شارەکانی کوردستان. ئەردۆغان جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ زمان و حیکایەت و تێزی ناونوسکردنی مەسەلەی کورد بە مەسەلەی تێرۆر و تێرۆریزمەوە.  تێرۆریزم دەبێتەوە بەو چوارچێوەیە کە تیایدا مەسەلەی کورد باس و مامەڵەدەکرێت. جارێکی دیکە بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و سەیرکردنی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر تورکیا سەرجەمی ئەو گۆڕانکارییە پۆزەتیڤانە کۆتایی پێدێنێت و زۆربەی ھەرەزۆریان دەسڕێتەوە.  سیاسەتی گەشەدان بە ترس و گریمانکردنی بوونی مەترسیی گەورە لەلایەن کوردەوە لە سەر تورکیا جارێکی دیکە دێتەوەکایە. ناونانی هێزە کوردییەکان بە تێرۆریست و دابەشکەر دەمانباتەوە  ناو هەمان ئەو زمانەی سوپای تورکیا لە مێژووی تورکیادا قسەیپێکردوە. میدیای تورکیش، کە ئەردۆغان و پارتەکەی لەوەدا سەردەکەون کە زۆرینەیان قۆرخ و ئاراستە بکەن، گەشە بەم گوتاری تێرۆر و تێرۆریزمە ئەداتەوە.  بە کورتییەکەی، ئەردۆغان و ئەردۆغانیەت دیاردەیەکی تازەی ناو سیاسەت و کۆمەڵگای تورکییە، کە دەکرێت بە ئاسانیی دوو قۆناغی سەرەکیی و ناکۆک بەیەکی تیادا لەیەکتری جیابکەینەوە. قۆناعی یەکەمی قۆناعی ئەو چاکسازییانە بوو کە باسمانکرد. بەڵام قۆناعی دووھەمی، واتە ئەردۆغانیەت لە ئێستادا، قۆناغی گۆڕانی ئەم پیاوەیە بۆ دەسەڵاتگەرێکی ترسناک.ئەردۆغانی ئێستا دیماگۆگێکی گەورەیە کە لەگەڵ دیندا دەخەوێت و لەگەڵ دیندا خەبەری دەبێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەوڵەتی تورکیی و حوکمرانییەکەی گۆڕابێت بۆ دەوڵەت و حوکمڕانییەکی دینیی. وڵاتەکە بە کردەوە لەژێر دەستی ئەردۆغان خۆیدایە و چی بوێت ئەوە دەسەپێنێت. تورکیا بۆئەوەی لە خراپەوە بەرەو خراپتر نەڕوات، پێویستی بەوەیە کۆتایی بە حوکمڕانیی ئەم پیاوە بھێنێت. 


ئامادەکردنی :یادگار سدیق گەڵاڵی/ تایبەت بە روونبین ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت (روونبین) لەم ڕاپۆرتەدا بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستیدایە  و بەپێی ڕاپۆرتی چالاکی پرۆسەکانی نەوت و چالاکی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت  و ئەوداهاتەی  لە حکومەتی هەڕیم وەریان گرتووە لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا  گەڵ ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان بڵاو دەکاتەوە.   لەم ڕاپۆرتەدا کۆی ئەوپارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەرگیراوە لە ٨ کێڵگە لە کۆی  ١٤ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوتی هەڕێم کە  لەلایەن ١٠ کۆمپانیاوە وەرگیراوە لە چارەکی یەکەمی ساڵدا  بریتی بووە لە ٤٧٣ ملیۆن و  ٧٧٠ هەزار دۆلار، کە ئەو کۆمپانیایانە نزیکەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دەهێنن . ●    لە بەرەبەیانی ٢٥ ی ئازاردی ٢٠٢٣ ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە  وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی ژووری بازارگانی باریس ICC  کە تیایدا بڕیاردرا لە بەرژەوەندی عێراق دژی توورکیا بەوەی بارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی توورکیا بەبێ ڕەزانەدی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)  پێشێلی رێکەوتنی هێڵی بۆری عێراق- تورکیای  نێوان هەردوو وڵاتە.  دادگاکە بڕی ١ملیار و ٤٧١ ملیۆن دۆلار قەرەبووی سەپاندووە بەسەر تورکیادا  کە بیدات بە عێراق لەسەر ئەو زیانانەی بەری کەوتووە لە ساڵی ٢٠١٤ تاا ٢٠١٨ . ●    دوابەدوای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە وتووێژی چڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت  بۆ گەشتن بەڕیکەوتن لەسەر هەناردە کردنەوەی نەوت و لە بەشێکی وتووێژەکاندا نوێنەری کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت IOC’s و کۆمپانیاکانی کڕیاری نەتی هەرێم بەشداربوون. لەبەرواری ٤/٤/٢٠٢٣ رێکەوتن ئیمزاکرا و هەردوولا رێککەوتن کە : o    ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم  بە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاری کرا و لە ڕێی سۆمۆ و بەنرخی سۆمۆ بفرۆشرێت.  o    هەموو داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە حسابێک و هەرێم بەکاری بهێنێت بەڵام لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵدا بێت. o    دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی، ٢ لە هەرێم و ٢ لەوەزارەتی نەوتی عیراق بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت o    جێگری بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ بدرێت بە کورد.   ●    لە سەرەتای مانگی ئایارەوە  کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێم  تەواو کردووە بەو میکانیزمەی سۆمۆ دایناوە. ●    لە بەرواری ١٠ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێی سۆمۆ وە داوای لە تورکیا کردووە کە دەستبکرێتەوە بە  هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێی بۆری جیهانەوە، تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هەناردە دەستی پێ نەکردووەتەوە،   ●    لە بەرواری ١١ی ئایار وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند دوای ئەوەی گرێبەستی کڕینی نەوتیان لە گەڵ کڕیارەکانی هەرێمدا تەواو کردووە، لە بەرواری ١٠ی ئایاردا داوامان لە کۆمپانیای بۆتاش کردووە کە رۆژی شەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.  ●    تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە ٢١ی ئایاردا هێشتا قوفڵی بۆری هەناردە نەکراوەتەوە و  هەناردەکردنی نەوتی هەڕێم  دەستی پێ نەکردووەتەوە.  ●    حکومەتی هەرێم لە بەرواری ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە هەستاوە بە  هەموارکردنەوەی  ئەو برگەیە لە گرێبەستە نەوتییەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی نەوت و ئەو بنەما و پێوەرەی کەنرخی نەوتی لەسەر دیاری دەکرێت. نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای  بێنچمارکی برێنت دیاری دەکرا  کە بنەمایەکی جیهانیە، بەڵام لە دوای ئەم هەموارەوە کە کۆمپانیاکان ئیمزایان کردووە ئەو پێوەرەی کە نرخی نەوتی پێ دیاری دەکرێت بۆ کوردستان بلێند (KTB)دەگۆڕێت. وەکو کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن: هەموارەکە بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان، لەگەڵ ڕێکخستنی پێویست بۆ کوالیتی نەوتی خاو بەهۆی گۆڕانی پێوەرەکانی دیاری کردنی نرخی نەوتی خاوەوە.                                            کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت دەڵێن" دەرئەنجامی کۆتایی و کاریگەری لەسەر نرخە بەدیهاتووەکان تا ئێستا نادیارە و نوێکاری زیاتر بەپێی پێویست پێشکەش دەکرێت". لە دوای ڕیکەوتنەکەی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕیارە کە نەوتی هەرێم بەو نرخە بفرۆشرێت کە سۆمۆ دیاری دەکات و رێکەوتن و میکانیزمەکانی پێشوو هەڵدەوەشێتەوە.    لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا  شایستەی کۆمپانیاکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە:  ١- کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO ASA       ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور)  و باشیک  کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO لە ماوەی  چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بڕی ١٣٧.٦ملیۆن دۆلار داهاتی کۆمپانیاکە بووە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە چارەکی چواری ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٧٤.٥ ملیۆن دۆلار بووە. هۆکاری کەم کردنی داهاتە بۆ نزمی ئاستی بەرهەم و  نرخی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە.  کۆی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی کە هەردوو کێڵگەی تاوکی  و فیشخاپورە بەیەکەوە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا بە تێکڕا رۆژانە ٩٣ هەزار و ٨٧٩ بەرمیل نەوت بووە (پشکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بریتی بووە لە ٢٢.٦٩١ بەرمیل)  کە فیشخاپور  ٤٩.٤٧٨ بەرمیل و تاوکی ٤٤.٤٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا لە کاتێکدا بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی چوارەمی ٢٠٢٢دا  لەو دوو کێڵگەیە ١٠٦،٤٩٦ بەرمل بووکە کە فیشخاپور  ٥٩.٣٦٠ بەرمیل و تاوکی ٤٧،١٣٦ بەرمیل بووە ( لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠١٥ دا تەنها بەرهەمی کێڵگەی تاوکی بەبێ فیشخاپور ١٤٥،٢٠٠ بەرمیلی رۆژانەبووە واتە لەماوەی ئەم ٧ساڵەدا رۆژانە ٩٨،٧٢٢ بەرمیل تەنها لەبەرهەمی ئەم کێڵگەیە کەمی کردوووە) و بەرهەمی باشیک بەتێکرا لە چارەکی یەکەمدا ٨٤١  بەرمیلی رۆژانەبووە  لەکاتێكدا لە چەرەکی چوارەمی ٢٠٢٢ دا ١.٣٢٦ بەرمیل بووەبە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ.   (ناوچەی باشیک کۆمپانیای دی ئێن ئۆ پشکی ٦٦٪ ی کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای وزەی تورکی TEC رێژەی ١٦٪ی پشکەکانی هەیە) واتە کۆی بەرهەمی رۆژانە لە هەردوو ناوچەی تاوکی و باشیک   بەیەکەوە بریتی بووە لە ٩٤.٧٢٠ بەرمیلی رۆژانە لە کاتێکدا لە چەرەکی چواری ٢٠٢٢ دا بریتی بووە لە  ١٠٦.٤٩٦ بەرمیل  واتە بری ١١.٧٧٦ بەرمیل لەماوەی ئەوچارەکەدا بەرهەم کەمی کردووە. بەڕێژەی ١١٪.    بە هۆی کاری چاککردن لە بیرەکاندا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان کەمی کردووە بەراورد بە چارەکی پێشوو ، وە  خەراپتر بوو بەهۆی راوەستانی هەناردەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣و پرکردنی ئەمبارەکانی هەڵگرتنی نەوتیش لە ٢٩ی ئازارەوە تەنها ٤رۆژ لە دوای وەستانی هەناردە پڕ بوون و بەرهەمی کێڵگەکان بەتەواوی وەستاوە.  کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی نادیاری  کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و لەوەش گرنگتر پارەدان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەپای فرۆشتنی نەوتی پێشوودا کۆمپانیای DNO خەرجییەکانی کەمکردەوە، لەنێویاندا خەرخی هەڵکەندنی بیریش. لە کاتێکدا لەچارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا  پێنج بیر تەواو بوون و سێ بیری تریش دەستی پێکرابوو بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا هیچ بیرێکی نوێ هەڵنەکەندراوە.  هەرەوەها ژمارەی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیرە چالاکەکان لە ناوچەی مۆڵەتی تاوکێ لە چوارسەکۆوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هیچ لە نیوەی دووەمی ساڵدا دابەزیوە. کۆی سەرمایە گوزاری کۆمپانیەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لەکێڵگەکانی هەرێم بەهۆی ئەو بارودۆخەوە کەمی کردووە وە ئەمش وایکردووە ئەو پارەیەی لە چارەکی یەکەمی ساڵدا خەرجیان کردووە کە ٣٩.٧ ملیۆن دۆلارە رێژەی ٤٠٪ی هەموو خەرجی ساڵەکە پێک بهێنێت. هەوروەها خەرجی گەران و پشکنین  لەم چارەکەدا دابەزیوە بۆ ٦.٦ ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٧.٦ ملیۆن دۆلاربووە واتە بەرێژەی ٦٢.٥٪. کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی پشکی  ٧٥٪ و ئەوی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٥٪ پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکییە لەناوچەی گرێبەستی تاوکی. هەروەها لە بەعشیقە کۆمپانیاکە ٦٤٪ پشکی هەیە و کۆمپانیای تی ئی سی TEC( کۆمپانیای وزەت تورکی ١٦٪ و هەرێمی کوردستان  ٢٠٪ی  پشکەکانیان هەیە١. پرۆژەی گازی فیشخاپور- تاوکی  کە بە بری ١١٠ ملیۆن دۆلار لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٢٠ دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بڕی ٧.٦ ملیار پێ سێجا گازی گلداوەتەوە لە فیشخاپور و بە هێڵێک گواستویەتییەوە بۆ کێڵگەی تاوکی و داخڵی حەشارگەکەی کردووەتەوە کە بەرانبەرە بە ٤٦١،٥٠٠ تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن CO2 کە پێشتر ئەو گازە لە کێڵگەکە دەسوتێنرا.  تێچووی بەرهەمهێنان٢ لە کوردستان  بریتییە لە ٥،٨ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە کاتێکدا لە چارەکی کۆتایی ٢٠٢٢ دا ٥.٣ دۆلار بووە بەڵام  لە دەریای باکور تێچووی بەرمیلێک بۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە ١٧.٥  دۆلار بووە   کە ٣ هێندەی کوردستان دەکات. ٢- کۆمپانیای گنێڵ ئەنێرجی ئەم کۆمپانیایە لەچەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان دەکات، لە گەڵ کۆمپانیایی دی ئێن ئۆ یەکێکن لە کۆنترین کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان دەکەن. گەنێل لە هەریەک لە کێڵگەکانی تەق تەق، تاوکی فیشخاپور و سەرتە نەوت بەرهەم دەهێنێت.   گەنێڵ ئەنێرجی بەپێی ڕاپۆرتی مانگانە لەچارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا کۆی ٦٤.٤ ملیۆن دۆلاری لە هەرێم وەرگرتووە بۆ شایستەی دارایی مانگی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٣ . هەرچەندە لە ڕاپۆرتی چارەکی ساڵدا دەڵێت ٦١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.    بڕی ئەو پارانەی گەنێڵ و هاوپشکەکانی وەریانگرتووە لەگەڵ ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو٣ کێڵگەیەی گەنێڵ ئەنێرجی کاری تێدا دەکات و بەرهەمی هەیە بەم شێوەیە: شایستەی گەنێڵ لە تاوکی: کۆی ئەو پارانەی گەنێڵ بۆ تاوکی وەری گرتووە بریتی بووە لە ٥٥.٩ ملیۆن دۆلار لەم برە  ٣٦.٣ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی فرۆشی نەوت بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢ وەرگیراوە، ١٩.٦ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی دواخراو و قەرز وەرگیراوە کە بەسەر یەکەوە ٥٥.٩ ملیۆن دۆلار دەکات کە لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی گەنێڵ ئەنێرجی وەری گرتووە.   ●    شایستەی تەق تەق) گەنێڵ ئەنێرجی و ئاداکس پەترۆلیۆم) کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا کۆی ٤.٩ملیۆن دۆلاری وەکو پشکی خۆی بۆ ئەم کێڵگەیە وەرگرتووە وەلە سەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکان و بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم ئەوا کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم کە هاوبەشی دووەمە نزیکەی ٤ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە،  واتە کۆی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان لەم چارەکەدا وەریان گرتووە لە کێڵگەی تەق تەق بریتی بووە لە ٨.٩ملیۆن دۆلار. کێڵگەی تەق تەق یەکێک بوو لە کێڵگە گەورەکانی هەرێم کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٤٤%  پشکی کێڵگەکەیەو هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە و هەرێمیش ٢٠٪ . گەنێڵ ئەنێرجی لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە گرێبەستی  لەگەڵ حکومەتی هەڕیم کردووە بۆ ئەم کێڵگەیە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەم گەشتە ١٤٨،٢٠٠ بەرمیل لەرۆژێکدا پاشان لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە کەمبویەوە بۆ  ١٢٨،٩٠٠ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لە و کاتە بەدواوە بەردەوام ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەکەم بووندایە تا گەشتە ئەوەی ئێستا ئاستی بەرهەمی ٣،٦١٠ بەرمیلە ، هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو Coning بۆ ناو حەشارگەکە دەگەڕێنرێتەوە, شارەزایان هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ زۆر فشارکردنە لە بیرەکان و زیاتر لەو برەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێت دەگێرنەوە.   لەدوای ئەوەی هەناردە وەستا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەکو کێڵگەکانی تر ئاڕاستەی کۆگای ئەمبارکردنی کێڵگەکە کرا، بەهۆی ئەوەی کۆگاکانی ئەم کێڵگەیە سەرەتا بۆ بەرهەمی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دروستکراوە و لەبەرئەوەی  ئاستی بەرهەم ئێستا تەنها ٢٪ ی ئەو توانایەیە بەرهەمی کێڵگەکە بۆماوەیەکی درێژ توانرا ئەمبار بکرێت  ئەم هەفتەیە کۆگانی پڕبووە.  ●    شایستەی سەرتە(گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن)  لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی  بڕی ٣.٦ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. هەروەها بەپێی پشکەکان کۆمپانیای شیڤرۆن بڕی ٥.٩ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە) واتە بەسەریەکەوە بری ٩.٥ ملیۆن دۆلار لەم کێڵگەیە لەلایەن هەردوو کۆمپانیاکەوە وەرگیراوە. . لەم کێڵگەیەدا شایستەی دواخراو نییە چوونکە ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا.    سەبارەت بە کەمبونەوەی بەرچاوی بەرهەمی  کێڵگەی سەرتە و ئایا هەمان سەرئەنجامی تەق تەق` چاوەڕێی سەرتەش دەکات، لە کەم بوونەوەی بەرهەم؟ کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پێی ڕاگەیندین " سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە ئێستا بەرهەم  قازنج بکات، پاشان هەر وەبەرهێنانێکی سەرمایە ی زیادە پەیوەستە بە هەریەک لە قازانجی ناوچەی گرێبەستەکە و ئاستی متمانە بەوەی کە وەبەرهێنانێکی لەوجۆرە چەندە داهات زیاد دەکات". سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەم  دەڵێت" رێنماییەکانی بەرهەم هێنانمان لەسەرتە هیچ باشترکردنی بەرهەم لەخۆناگرێت". بەرهەمی کێڵگەکە سەرەتا ٥٠٠٠ بەرمیل بوو پاشان بۆ  زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرزبوویەوە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە   ٣،١٦٠ بەرمیلی رۆژانە بووە لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دا ٥.٥٩٠ بەرمیل  بەرهەمی رۆژانەبووە. ئێستا کێڵگەکە لە بەرهەم هێنان وەستاوە بەهۆی وەستانی هەناردەوە. لەم کێڵگەیەش دیسان کێشەی راکێشانی ئاو هەیە بۆ بیرەکە ،Water coningبەهۆی هاتنی ئاو بۆ ناوبیرەنەوتییەکان بەرهەم کەمی کردوو .  کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. ●    کێڵگەی قەرەداغ (گەنێڵ ئێنێرجی و شیڤرۆن) گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSAی قەرەداغ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ کۆتای هاتووە. لەوەڵامی پرسیاری ڕوونبیندا سەبارەت بە ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ  گەنێڵ ئێنێرجی بە ڕوونبینی ڕاگەیاند" ئێستا گرێبەستی PSA ی قەرەداغ بەسەرچووە و لەدەستی حکومەتی هەرێمدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گفتووگۆ سەبارەت بە ئایندەی ناوچەی گرێبەستەکە لە ئارادایە" . گەنێڵ لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند لەمساڵدا هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام نازانرێت دوای چەند ساڵ کارکردن چەندیان خەرج کردووە. وەسەبارەت  خەرجی کۆمپانیاکان لە وکێڵگەیە وتەبێژی گەنێڵ بەروونبینی ووت" کۆی گشتی خەرجی ناوچەی گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە". لە ئێستاشدا بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و بەدواداچوونەکانمان کۆمپانیای گەنێڵ هەموو ستافەکەی و نوسینگەکەی سلێمانیشی کشاندووەتەوە هەموو ئاماژەکان بەوئاراستەیەن کە کێڵگەکە رادەست بکاتەوە و سودی ئابووری نەبێت بۆ کۆمپانیاکە. هەروەها کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە پێگەی فەرمی خۆی کێڵگەی قەرەداغی لابردووە کە تا پێش چەند هەفتەیەک وەکو کێڵگەیەک  کە لە قۆناغی پێش بەرهەمهێناندایە pre-production   دانراوو. کێڵگەی نەوتی قەرەداغ کەوتووەتە ناوچەی قەرەداغی سلێمانییەوە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پشکی ٤٠٪ ی پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای شیڤرۆنێش ٤٠٪ و هەرێمی کوردستانیش ٢٠٪.   قەرەداغ بەپێی ڕاپۆرتەکانی شیڤرۆن و گەنێڵ ئەنێرجی ناوچەیەکی جیۆلۆجی ئاڵۆزە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کرینەوەی بەشێک لە پشکەکانی شیڤرۆن و لەو کاتەوە وەکو کۆمپانیای سەرکار گەڕان و پشکنین دەکات و خەریکی هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بوو و چەندین جار کێشەی بۆ دروست بوو کاری هەڵکەندن هەڵدەسەپێردراو  ڕادەگیرا و جارێکی تر دەستی پێدەکردەوە تاوەکو ئەوەبوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیا رایگەیاند کە سەرکەوتوو نەبوون و جارێکی تر لە گەل هاو کارەکانیاندا هەڵسەنگاندنی بۆدەکەنەوە. شیڤرۆن یەکێکە لەکۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری گاز و نەوت و سەبارەت بەهەرێمی کوردستان دەڵێت " شێڤرۆن تەکنۆلۆجیای زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت لەهەرێمی کوردستان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا" بەڵام وادیارەمەترسی و ئاڵۆزییە  جیۆلۆجییەکان نائومێدی کردوون. بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSA گەر کۆمپانیا لەماوەی گەڕان و پشکنیندا نەگەشت بە بەرهەمی بازرگانی مافی وەرگرتنەوەی هیچ خەرجییەکی نییە. بۆیە ئەگەری هەیە حکومەتی هەرێمیش گرێبەستەکە بۆ کۆمپانیاکە درێژنەکاتەوە گەر ئەوە بکات ئەوا لە ماوی کەمتر لە ساڵێکدا ٣ کێڵگە لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەردەگیرێتەوە.  ●    کێڵگەی میران و بنەباوی:  کێڵگەی بنەباوێ و میران  دوو کێڵگەی گازین و ١٠٠٪ ی پشکەکانی ئەم دوکێڵگەیە هی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بووە. دوای ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە بەرواری ٢٠ ی ئابی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێ کۆتایی بهێنێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم لە کێڵگەی بنە باوی ومیران  کۆمپانیاکە لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ رایگەیاند بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە ئاگادار کراوەتەوە  کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کۆتایی پێ دێنێت. دوای ئەوەی هەرێم گرێبەستی گەنێڵ ئێنێرجی لە هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندەوە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە رایگەیاند “گەشتینە ئەو دەرەنجامەی هیچ بژاردەیەکی کردەیمان لە بەردەم دا نییە جگە لە رازی بوون بە کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم  وە کو دەرەنجامێک بۆ کۆتایی پێکهێنانی گرێبەستەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، وە داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم بکات”. بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست روونبیندایە دادگای ناوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration مانگی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاری کردووە وەکو وادەی دادبینیکردنی بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی. لە داواکەدا کۆمپانیاکە داوای قەرەبووکردنەوەی زۆر دەکات، بۆ ئەوزیانە گەورەیەی لێی کەوتووە لە ئەنجامی کۆتای هێنان بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم بۆ هەردوو کێڵگەی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گەنێڵ وادەڵێت. لە بەرانبەردا وەزارەتی سامانە سرشتییەکان دەڵێت“حکومەت نیگەرانە  لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنەباوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا”. هەروەها دەڵێت"حکومەت توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت.  حکومەت بە توندی بەرگری لە هەر داوایەک دەکات کە لەلایەن گەنێلەوە دژی کراوە، وە بەنیازە دژەداوی هەبێت بۆ قەرەبوکدنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە". کێڵگەی بنەباوێ ٣٠٠ کم لەسنووری تورکیاوە دورە وە ٦٠ کم لە هەولێرە وە . یەکەم گرێبەست لەساڵی ٢٠٠٦ کراوە. یەدەگی نەوتی بنەباوێ مەزەندەکراوە بە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری زۆر سوك API 45 و هەروەها یەدەگی گازیش بە ٨٫٢ ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندەکراوە.و لەساڵی دا ٢٠٠٧ یەکەم بیر لێدراوە و تا ساڵی ٢٠١٤ شەش بیر لێدراوە و تەواو بووە ، هەر لەو ساڵەدا ڕاگەیەنرا کە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە کەمە بەڵام گازێکی زۆری هەیە. چاوەڕێ دەکرا بەرهەمی گازی بنەباوێ بەدوو قۆناغ لە ٣٥٠بۆ ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بێت. یەکەم ماوەی بنیات نان و دووەمیش ماوەی سەقامگیری بەرهەم کە پێدەوترێ (Plateau period). پاشتر بەپێی گرێبەستی کرین Lifting Agreement کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ دا ئیمزاکراوە، حکومەتی هەرێم گازی بنەباوێ دەکرێت بەنرخی ١,٢$ بۆ هەر هەزار پێ سێ جایەك. بەپێی رێکەوتنەکە پەرەپێدان بە دوقۆناغ دەکرا، قۆناغی بنیاتنان کە دوساڵە و قۆناغی دوەم ١٠ ساڵ دەبێت. کێڵگەی گازی میران دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ڕووبەری گرێبەستی میران 293 میل چوارگۆشەیە و یەدەگی گازی سروشتی مەزەندە دەکرێت بە ٦.٨ بۆ ٩.١ تریلیۆن پێ سێجا (نزیکەی لە نێوان ١٩٢ بۆ ٢٥٧ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی و 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. ●    گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL کێڵگەی شێخان     لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری پێکەوە  وەبەرهێنان دەکەن. لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا هەریەک لە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ  بە ٢گوژمە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە. کۆی ئە پارەیەی گۆڵف کیستۆن لەو ماوەیەدا وەری گرتووە بریتیی بووە لە ٦٥.٧ملیۆن دۆلار بووە بۆ فرۆشی نەوتی کێڵگەکە. هەروەها کۆمپانیای ئۆ ئێم ئێڵ OML بڕی ١٨.١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە بۆ هەردوو مانگی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢.  کۆی ئەو پارانای کە تەنها لە مانگی تشرینی یەکەم تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن وەرینەگرتووە بریتییە لە ١٠٢ ملیۆن دۆلار بە پێی میکانیزمەکەی حکومەتی هەرێم بۆ نرخی نەوت دایناوە. ئەم جگە لە شایستەی کانوونی دووەم تا کۆتایی ئازاری ٢٠٢٣.    تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بریتی بووە لە ٤٩.٢٠٠ی رۆژانە وەلەمانگی ئازاردا بەرهەم گەشتووەتە ٥٣.٧٠٠ بەرمیلی رۆژانەوە لە ناویاندا پێنج ڕۆژ بەرهەمی کێڵگەکە لە ٥٥ هەزار بەرمیل زیاتربووە. . تێچووی بەرمیلێک نەت لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە. دوای ئەوەی لە ٢٠ی ئازاردا هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا بەرهامی کێڵگەکە نێردرا بۆ ئەمبارکردن وە لە دوای ٦رۆژ یەکەی بەرهەم هێنانی ١  (PF-1)لە ٣١ ی ئازاردا لە بەرهەم هێنان وەستا و لە ١٣ی چواریشدا یەکەی بەرهەم هێنانی ٢ ش   (PF-2)لە بەرهەم هێنان وەستا. وەتا ئێستا بەهۆی وەستانی هەناردەوە نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیل دواکەوتووە لە بەرهەم هێنان. کۆمپانیی گۆڵف کیستۆن بەهۆی وەستانی هەناردەوە دواکەوتنی شایستە داراییەکانین بەشێوەیەکی بەرچاو سەرمایەگوزاری لەکێڵگەکەدا کەم دەکاتەوە  لە ١٦٠-١٧٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٨٠-٨٥ ملیۆن  واتە بەڕێژەی ٥٠٪.   کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە  و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا. قەرزەکانی گۆڵف کیستۆن ٧٣ ملیۆن دۆلار و ئێم ئۆ ئێڵ ٢١ ملیۆن دۆلار بووە بۆ ئەو ماوەیە.  کێڵگەی شێخان ١٨ بیری تێدا هەڵکەنراوەو ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 . کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوەبە بۆری بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە.   تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە نزیکە ١١٨ ملیۆن بەرمیل دەبێت. یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە:  ●    یەدەگی سەلمێنراو  1P reserves: 224 MMstb  ●    یەدەگی ئەگەری 2P( Probable): 2P reserves: 489 MMstb   جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە  لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا بەداشکاندنی ٢١.٢ دۆلار فرۆشراوە.       ●    شاماران ShaMaran  کۆمپانیای شاماران لە دوو کێڵگەی نەوتی گرێبەستی هەیە و نەوت بەرهەم دەهێنێت.ئەوانیش کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگە. کێڵگەی ئەتروش ( شاماران و تاقە)  کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لە چارەکی یەکەمی٢٠٢٣ دا وەریانگرتووە  بریتی بووە لە ٥٥.٢ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ٢٠.٣٣ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ٣٤.٩١ ملیۆنی وەرگرتووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی ئەتروش  لە ساڵی ٢٠٢٢ دا   لە  ١١ بیری بەرهەم هێنەوە بریتی بووە لە ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تا ٣١/١٢/٢٠٢٢ کۆی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە  ٦٧ ملیۆن بەرمیل. کۆمپانیای شاماران لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات.    خەرجی سەرمایە گوزاری لەم کێڵگەیە بەرێژەی زیاتر لە ٥٠٪ کەمی کردووە بەهۆی وەستانی هەناردەو دواکەوتنی شایستەی داراتت کۆمپانیا نەوتییەکان  کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی ئەتروش. ●    سەرسەنگ ( شاماران و ئێچ کەی ئێن ) لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی ١٨٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشکاکانی  تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە).  کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا بڕی ٥٨.٣ ملیۆن دۆلاری بە دوو  گوژمە لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە . کۆمپانیاکە هیچ شایستەیەکی سێ مانگی کۆتایی ٢٠٢٢  لەگەڵ ٣ مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ وەرنەگرتووە. هەروەها  شاماران لەسەر بنەمای پشکەکان بڕی ١٦.٧٣ ملیۆن دۆلاری لە کێڵگەی سەرسەنگ وەرگرتووە وەرگرتووە کە بەسەر یەکەوە ٧٧ ملیۆن دۆلار دەکات .   کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن  لە گەڵ وەستانی هەناردەی نەوتی هەڕێم لە ٢٥ی ئازار دەستی کرد بە ئەمبارکردنی نەوت لە ئەمبارەکانی هەڵگرتنی نەوت لە کێڵگەکە تا بەرواری ١٩ی نیسان وە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ئەمبار کرا و پاشان بەرهەمهێنان بۆماوەیەکی کورت وەستا تا ئەوەی لە بەرواری ٢٥ی نیساندا جارێکی تر بەرهەم هێنان دەستی پێکردەوە  لەو کاتەوە و کۆمپانیاکە کەوتە فرۆشتنی نەوت بە بازاڕی ناوخۆ  بە تێکڕا رۆژانە ٢٢ هەزار بەرمیل نەوت و  لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو هەناردە دەست پێدەکاتەوە رۆژانە لە نێوان ٢٥ تا ٥٠ هەزار بەرمیل بە پاڵآوگەکانی ناوخۆ بفرۆشێت.  نرخی نەوتی فرۆشراو بەپاڵاوگەکان جیاوازە. داهاتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکەدا بەرێژەی ١٧.٪ کەمی کردووە هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی نرخی نەتی هەرێمە کە بەومیکانیزمەی هەرێم  دیاری کردووە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە رێژەی ٣٠.٥٪ کەمی کردووە بەڵام بەهۆی زیاد بوونی بەرهەمی کێڵگەکەوە بەڕێژەی ١٨.٢٪ جیاوازی داهاتەکە قەرەبوو کراوەتەوە. تێکڕای بەرهەم لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا رۆژانە ٣٥ هەزار بەرمیل بووە لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دا تێکڕای بەرهەم ٢٩.٦ هەزار بەرمیل بووە.  وە پێش وەستانی هەناردە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بۆ ٤٤ هەزار بەرمیل بەرزبوو یەوە.  بەهۆی دواکەوتنی شایستەی دارایی کۆمپانیاکانەوە لەم کێڵگەیەش خەرجی سەرمایەگوزاری Capex بەڕێژەی ٧٥٪ کەمی کردووە. هەروەها خەرجی بەرهەم هێنانیش Opex بەرێژەیەکی زۆر کەمی کردووە  وە رێنماییەکانی خەرجی پێشوو وەستێنراوە بەهۆی نادڵنییایی لەوەرگرتنی شایستەکان و نادیاری کاتی هەناردە  . کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢٢ بریتی بووە لە ٥٤.٣ملیۆن بەرمیل نەوت.  . پشکی شاماران لە بەرهەمهێنان لەساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ٦٠٪ زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ئەوەش بەهۆی کرینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ لە کێڵگەی سەرسەنگ  کە ١٨٪ ی پشکی کێڵگەکەیە. کۆی بەرهەمی هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ تا کۆتا رۆژی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ١٢١ ملیۆن بەرمیل نەوت. کۆی ئەو شایستە دارایینەی کۆمپانیاکە بۆ مانگی تشرینی یەکەم  تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ناردویەتی بۆ حکومەت و هێشتا وەری نەگرتووە وەکو لە خشتەکی خوارەوەدا دیارە ١٣٩ ملیۆن و ٣٨٨ هەزار دۆلارە، لەم بڕەش ١٠٨ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار دۆلاری پشکی ئێچ کەی ئێنە و شامارانیش ٣١ ملیۆن و ٣٦٢ هەزار دۆلار. بڕیارە لە پاش ٩٠ رۆژ کۆمپانیاکان شایستەیان وەربگرن بۆ هەرمانگێک. نەوتی سەرسەنگ کوالیتی بەرزە و API لە نێوان ٣٧- ٣٩ یە وە پێشتر  نرخی بەرمیلێک نەوتی بە داشکاندنی ٧ دۆلار لەژێر نرخی رۆژی برێنتەوە دیاری دەکرا،و کۆمپانیاکانی نەوت لە ناویانیشیانا ئێچ کەی ئێن HKN دەڵێن دڵنیا نین و نازانن نرخەکان بەم پێوەرە نوێیە چۆن کاریگەردەبێت لەسەریان.  ئەوەی جێی سەرنجە نرخی بەرمیلێک نەوتی ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە  واتە لەوئەوبەروارەی کە کە پێوەری KTB  ( بلێندی کوردستان) لەبری برێنت بۆ دیاری کردنی نرخ دەستنیشان دەکرێت لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە.    کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و تێکڕا ئاستی بەرهەمی لە  چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بەتێکڕا   رۆژانە بریتی بووە لە ٣٥٫٠٣١ بەرمیل نەوت.   کۆمپانیای فۆرزا (کێڵگەی هەولێر)   لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە،  لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بڕی ٤٧.٨ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیای فۆرزاوە،  لە ناویدا بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی نەوتی فرۆشراوی فۆرزا بووە لە وچارەکەدا کە بڕی ٧٣٨.١٠٠ بەرمیل نەوت  بەنرخی ٥٤.١٩ دۆلار بۆ هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە.  تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی یەکەمدا بریتی بووە لە ١٢،٨٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە لە کاتێکدا لە تێکڕای بەرهەم لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٤.٥٠٠ بەرمیل بووە.     کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا  لە ژێر ناوی Orex Petroleum  دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ  Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو  ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار  بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت. ئەو کۆمپانیانەی شایستە و زانیاریان لەسەر کێڵگە نەوتییەکان بڵاو ناکەنەوە ●    کـــار گروپ (خورمەڵە) کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە پێش وەستانی هەناردە بە١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.  ڕوونبین  کرد بە کۆمپانیاکەوە بەڵام پەیوەندییەکە درووست نەبوو هەروەها کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی. بەڵام روونبین لە سەرچاوەی نافەرمییەوە زانیویەتی کە کێڵگەکە تا ئێستا بەردەوامە لە بەرهەم هێنان بەڵام بەئاستێکی نزمتر لە پێش وەستانی هەناردە لە ٢٥ی ئازار ، ئێستا زۆربەی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی کار بەکاردەهێنرێت و رێژەیەکیشی بەتەنکەر هەناردەی تورکیا دەکرێت.  ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم. کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی  بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و  پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە  ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە  و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار  و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت.  هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە ڵام دیسان دیار نییە ئێستا بە چ نرخێک نەوت دەپاڵیوێت، بەڵام لە ڕابوردوودا بەپێی ئەو پارانەی لەحکومەت وەریانگرتووە بۆ پاڵاوتن بە دوو هێندەی ئەو نرخە مەزەندە دەکرێت کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵاوت! ●     کۆمپانیای گازپرۆم و وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی گەرمیان ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی  و وێستەرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە. ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە  ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ١٢ هەزر بەرمیل دابەزیوە. هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە دەگەرێتەوەو ڕاکێشانی ئاو لەگەڵ نەوتەکەدا بەرێژەیەکی زۆرە کە جیاکردنەوەی قورسە هەندێک جار، هەروەک لە تەق تەق و سەرتە و پێشتریش لە تاوکی ڕویدا.  جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI  یەکەی لە ٤٥ دایە.  بیرە نەوتییەکانی گەرمیان کە لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیری نەوتە . بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین. بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جارێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.  تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە. ●    کۆمپانیای رۆسنەفت( کێڵگەی بجیل) کێڵگەی بجیل دەکەوێتە نزیک هەریر   و لە  ساڵی ٢٠١٠ نەوتی لێ دۆزراوەتەوە کۆمپانیای رۆسنەفت لە ساڵی ٢٠١٧ دا گرێبەستی هاوبەشی کردنی لەبەرهەم لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە و پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەی هەیە. بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستی روونبینە کێڵگەکە لە کۆتایی مانگی کانوونی ٢٠٢٣ دا ئاستی بەرهەمی برتیت بووە لە ٦،٠٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە . کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. وە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە کە ئایا لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە یان نا. ●    کۆمپانیای هەنت ئۆیل (کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی) ئەم کێڵگەیە کەوتووەتە نزیک شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک ، کۆمپانیای هەنت ئۆیل وەبەرهێنانی تێدا دەکات پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەکی هەیە  ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١١ دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە . جۆری نەوتەکەی قورسە و API 21  . ولە کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ٦،٥٠٠ بەرمیلی رۆژانە بووە.  زانیار ئەوتۆ بەردەست نییە  کە لەگەڵ وەستانی هەناردەدا ئایا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەستاوە یان نا.  ●     کۆمپانیای پیت ئۆیل (کێڵگەی چیا سورخ) ئەم کێڵگەیە ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناحیه‌یه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قینه‌، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا به‌شێكی زۆری ئازادكراوه‌، ئیداره‌دانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌. لەم بلۆکە نەوتیە دا ٩ بیری کۆن هەیە، كه‌ له‌ ساڵی ١٩٠٢ تا ١٩٥٤ له‌لایه‌ن (ئه‌نگلۆ-پێرژه‌ن) كه‌ كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی به‌ریتانی-ئێرانیه‌ كاری تێداكراوه‌، له‌ كۆتای ساڵی ٢٠٠٩ كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری به‌دواداگه‌رانی بۆكرد(سایزمیك)، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینێرجی(توركی-به‌ریتانی) له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٢، بیری ژماره‌(١٠،١١،١٢) تێدا لێدراوە. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە بەپێی زانیارییەکان  لە کۆتایی ٢٠٢٢ دا‌ دوو هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ بووە و کۆمپانیای پیت ئۆیل پشکی ٨٠٪ی پشکەکانی هەیە و  چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەرهەمی ببێت بە دوو هێندە.  ●    کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (کێڵگەی کوردەمیر ) بلۆکی کوردمیر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە دامێنی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس. بلۆکەکە ٢٤٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە. وێستەرنزاگرۆس لە ساڵی ٢٠٠٩ بیری دۆزینەوەی کوردمیری لێداوە، کاپێکی گەورەی گازی سروشتی دۆزیوەتەوە. لە ساڵانی دواتردا  کۆمپانیاکە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بوونی  نەوتێکی بەرچاو لە ژێر گازەکەدا پشتڕاستکردەوە. شیکاری سەربەخۆی یەدەگەکان دەریدەخەن کە کێڵگەی کوردمیر کێڵگەیەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی سروشتی و کۆندێنسێت بێت. کێڵگەی کوردەمیر  کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس  دەتوانرێت بڕی ١.٨ ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی ٤٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیش. کێڵگەکە لە توانایدا  بەرهەمی لە ئایندەدا بگاتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەڵام  بە بێ بەستنەوەی راستەوخۆی بە بۆرییەوە کارێکی ئەستەمە. هەروەها کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس دەڵێت ” بەرهەمهێنانی بەردەوام  دۆزینەوەی گەورەی کوردەمیر ، پێویستی بەوەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری زۆر دەبێت لەپرۆسەکانی چارەسەرکردن  و ژێرخانی هێڵی گواستنەوەدا”. سەبارەت بە گاز پێشتر وێستێرن زاگرۆس پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەتوانرێت کە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە بۆ ویستگەی وزەی چەمچەماڵ کە توانای ١.٥ گیگا واتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا دەرچەی گاز کارێکی پێویست نییە چونکە بەرهەم لەسەرەتاوە کەم دەبێت. کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا لەسەر پلانی پەرەپێدانی مەیدانی ڕێککەوتوون کە ئەم دۆزینەوەیە بتوانێت دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بکات. گەشەپێدانەکە لەسەر ئەمباری ئۆلیگۆسین دەبێت کە نەوتی سوکی لە ژێر سەرپۆشی غازەکەدا تێدایە. پلانەکە داوای پەرەپێدانی قۆناغ بە قۆناغی کێڵگەکە دەکات و قۆناغی یەکەم بە ئامانجی بەرهەمهێنانی ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی سووک لە ڕۆژێکدا و ٧٥ ملم لە کاتژمێرێکدا غازی کەم گۆگرد. ئەنجامی ئەو بیرانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا کونکراون ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئامانج بۆ قۆناغی دووەم و قۆناغەکانی دواتر دیاری دەکات. کوردەمیر دووەمین کێڵگەیە کە وێستەرن زاگرۆس سەرمایە گوزاری تێدا دەکات  لەپاڵ کوردەمیردا پشکی ٤٠٪ی بلۆکی گەرمیانی هەیە  کە کێڵگەی سەرقەڵا ئێستا نزیکەی ١٢ هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم  دەهێنێت( ئەی پی ئای ٤١ﹾ یە).     بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وێستێرن زاگرۆس سایمن هاتفیلد  ماوەیەکی درێژە کێڵگەی کوردەمیر بە تاجی ئاڵتونی کۆمپانیاکە دەبینێت ، بۆیە بەرەوپێشچوون لە پەرەپێدانیدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکە. وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی کوردمیر بەڕێوەدەبات، بە ڕێژەی ٨٠٪ ی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پشکەکانی ترە. هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەکێڵگەکە.   ناوچەی پەرەپێدانی کوردە میر پوختەی ئەوپاراناەی ١٠ کۆمپانیای نەوتی لە ٨ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم وەریان گرتووە لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا  کە بەسەریەکەوە  ٤٧٣ملیۆن و ٧٧٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە. بەیەکەوەرێژەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن.   ●     کەم کردنی بەرهەمی کێڵگەکان : ●    لە ماوی ٧ ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکی لە ١٤٥ هەزارەوە بۆ  ٤٤ هەزار دابەزیوە. ●    لەماوەی ٧ساڵدا بەرهەمی تەق تەق لە ١٤٨ هەزارەوە بۆ ٣,٩٧٠ بەرمیل دابەزیوە ●    لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە ٣٣ هەزارەوە بۆ ١٢ هەزار دابەزیوە. ●    هەر لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٣,١٦٠ بەرمی دابەزیوە.  ●    زانیاری نا فرمیش دەڵێن کێڵگەی خورمەڵە بەرهەمی گەشتبووە ١٧٠ هەزار بەرمیی رۆژانە بەڵام ئێستا لە نێوان ١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزاردایە. ●    دوای وەستانی هەناردەی هەرێم ئێستا بەرهەمی هەریەکە لە کێڵگەکانی سەرقەڵا تەق تەق، سەرسەنگ و خورمەڵە( ئاستی بەرهەمی بەرێژەیەک کەمکردووەتەوە) بەردەوامە  و زۆربەی زۆری بەرهەم بۆ بەکارهێنانی پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت و بڕێکی دیاریکراویش بەتەنکەر هەناردە دەکرێت. کێڵگەکانی تریش دوای ئەوەی ئەمبارەکانیان پڕ بوون لە بەرهەم هێنان وەستان.  زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان:  هەر لەماوەی ٧ ساڵی ڕابوردوودا:  ●    کێڵگەی فیشخاپور کەوتە بەرهەم ئێستا ئاستی بەرهەمی  ٤٩.٥ هەزار بەرمیلە.  ●    کێڵگەکانی سەرسەنگ، ئەتروش و شێخان بەرهەمیان قۆناغ بە قۆناغ زیادی کردووە . ●     لەساڵی ٢٠٢١ دا دوو کێڵگەی گازی  بنە باوێ و میران لە  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەرگیرایەوە، کەیسەکە لە دادگای ناوبژیوانی لەندەنە، کۆمپانیای گەنێڵ داوای قەرەبوو دەکات. مانگی شوباتی ٢٠٢٤ دا نراوە بۆ دادبینییەکە. ●    لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دا گرێبەستی ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ کۆتایی هات بە بێ ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن نەوتی لێ بەرهەم بهێنن. ●    کێڵگەکانی بجیل، ئیسفنی و  سەرتە باشیک بەڕێکی نزم کەوتنە بەرهەم هێنان .   ●    هەر لە چارەکی  کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لە ١٠ دۆلار داشکاندنەوە بۆ ١٧ تا ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرێت . ●    لە بەرواری ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣ هەناردەی هەرێم وەستا بەهۆی بردنەوەی داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا لە دادگای نێوبژیوانی یانەی پاریس ICC . لەو رۆژەوە تا ئێستا هەناردە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستی پێ نەکردووەتەوە. بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا وپشکی کۆمپانیاکان لە کێڵگە نەوتییەکان    پەراوێزەکان: ١- زۆر جار هەڵە تێگەشتنێک هەیە بەوەی کەدەوترێت هەرێم پشکی ٢٠٪ یان ٢٥٪ی کێڵگە نەوتییەکانی هەیە ، ئەمە چۆنە؟  کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی گرێبەستییە نەوتییەکانی هەرێم خەرجی ماوەی گەڕان و پشکنین تا دۆزینەوە و بەرهەم هێنانی نەوتیان دەکەوێتە ئەستۆ ( ئەگەر نەوت دۆزرایەوە و بەرهەمی بازرگانی ڕاگەیەنرا ئەو کات مانگانە بەشێک لەو خەرجیانە وەردەگرێتەوە ،بەڵام ئەگەر نەوت نەدۆزرایەوە یان ئەوەندە نەبوو کە بگاتە بەرهەمی بازرگانی یان بەهۆی هەر هۆکارێکی تر کێڵگەکە  بەجێ بێڵێت ئەاو هەرێم هیچ  خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکە.  کاتێک کێڵگەیەک دەگاتە بەرهەم ئەوکات لە کۆی بەرهەم ١٠٪ ی وەکو موڵکانە حکومەت وەری دەگرێت پاش ئەوە کۆمپانیاکە لەو ٩٠٪ی ماوەتەوە تا ئاستی ٤٠٪ و لە هەندێ کێڵگە تا ٤٥٪ی ئەو بڕەی ماوەتەوە بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەچێت وەردەگرێت (ئەو خەرجیانەی لەماوەکانی گەران و پشکنین خەرجی کردووە ،لەگەڵ خەرجی بەکاربردن، ئەو خەرجیانەش خەرجی زەبەلاحن).  ئەو پارە یان نەوتەی دەمێنێتەوە پێی دەوترێت نەوتی قازانج  بەپێی هاوکێسەیەکی بیرکاریانە دابەش دەکرێت لە نێوان حکومەت لە لایەک و کۆمپانیا نەوتییەکان لەلایەکی تر. لە باری نمونەیدا ٨٥٪ بۆ حکومەت ١٥٪ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و لە سەرەتاشدا ٧٠٪ بۆ حکومەت و ٣٠٪ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت. لە ئەو پشکەی کۆمپانیا نەوتییەکان حکومەتی هەرێم لێرەشدا بەناوی کۆمپانیی نەوتی کوردستانەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک خەرج بکات پشکی ٢٠٪ی ئەو قازانجەی کۆمپانیاکانیش وەردەگرێت.( پشکی ٢٠ی قازانجی کۆمپانیاکان وەردەگرێ پاش ئەوەی ٧٠٪ یان ٨٥٪ی کۆی قازانجیشی وەرگرتووە).  ٢- تێچووی بەرهەمهێنان بریتییە لە تێچووی کارپێکردن و پاراستنی بیرەکان و ئامێر و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەم دەهێنرێت دوای دۆزینەوەی نەوت و پەرەپێدان و بەرهەم هێنان. بەمانایەکی سادە هەموو ئەو خەرجیانەیە کە رۆژانە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکە خەرج دەکرێت.


 شیكاری: درەو  # لە (25/3/2023 – 20/5/2023) واتە (57) رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. # هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای رۆژانە (389 هەزار و 958) بەرمیل نەوت هەناردە بکات. # واتە لە ماوەی (57) رۆژدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (22 ملیۆن و 227 هەزار و 606) بەرمیل نەوت. # تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (80 دۆلار و 50 سەنت). # ئەگەر هەرێم بە داشکانی (19 دۆلار و 8 سەنت) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی چوارەمی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛ # تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (61 دۆلار و 42 سەنت). # کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (ملیارێک و 282 ملیۆن و 997 هەزار و 418) دۆلار. # ئەگەر ئەو بڕەی داهات (51%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (654 ملیۆن و 318 هەزار و 483) دۆلار. # بەم پێیەش بڕی (628 ملیۆن و 658 هەزار و 935) دۆلاری دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عیراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت". دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە. ئێستا نزیکەی دوو مانگ تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتوون بەجۆرێک لە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 – 20/5/2023) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛ •    بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی کۆتایی ساڵی (2022)؛ -    حکومەتی هەرێم بە تێکڕای رۆژانە (389 هەزار و 958) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە. -    هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (19 دۆلار و 8 سەنت) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە، ئەمەش گەورەترین داشکاندن و هەرزانفرۆشکردنی نەوتی هەرێم بوو لە ماوەی ڕابردوودا. -    هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت (51%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (49%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. کەواتە لەسەر بنەمای دوا ڕاپۆرتی دیلۆیت ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛ •    لە (25/3/2023 – 20/5/2023) واتە (57) رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. •    هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای رۆژانە (389 هەزار و 958) بەرمیل نەوت هەناردە بکات. •    واتە لە ماوەی (57) رۆژدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (22 ملیۆن و 227 هەزار و 606) بەرمیل نەوت. •    تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (80 دۆلار و 50 سەنت). •    ئەگەر هەرێم بە داشکانی (19 دۆلار و 8 سەنت) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی چوارەمی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛ •    تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (61 دۆلار و 42 سەنت). •    کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (ملیارێک و 282 ملیۆن و 997 هەزار و 418) دۆلار. •    ئەگەر ئەو بڕەی داهات (51%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (654 ملیۆن و 318 هەزار و 483) دۆلار. •    بەم پێیەش بڕی (628 ملیۆن و 658 هەزار و 935) دۆلاری دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم خشتەی خوارە پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە.


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق دەسپێك ڕێككەوتنی هێزەكانی چوارچێوەی شیعی لەگەڵ دوو هێزە حوكمڕانەكەی هەرێمی كوردستان‌و هاوپەیمانیی سیادەی سوننە (خەنجەرو حەلبوسی)، بەشێك بوو لە پێداویستییەكانی تێپەڕاندن‌و خستنەسەرپێی حكومەتی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی" بە سەرۆكایەتیی "محەمەد شیاع سودانی" لە كۆتایییەكانی ئۆكتۆبەری 2022، پاش ئەوەی توانییان سەدر بخەنە دۆخێكەوە كە لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوەو گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵ بكات‌و دەستبەرداری حكومەتی زۆرینە بێت لە دەرەنجامی شەڕی خوێناویی لایەنگرانی‌و چەكدارە شیعەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا (كۆتاییی ئابی 2022). ئەم ڕێككەوتنانە كە بە پاكێجی جیاجیا كراون، دواتر بوونە هەوێنی دروستكردنی هاوپەیمانیی هەمەچەشنی "ئیدارەی دەوڵەت" بۆ زۆرینەی هێزە سیاسی‌و پەرلەمانییەكانی هەرسێ پێكهاتەكە (شیعە، سوننە، كورد). هەندێك لە بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنانەیش بەدەق خراونەتە بەرنامەی كاری حكومەت‌و هەندێكی تریان خشتەی كاتییان بۆ دانراوە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ لە تەمەنی حكومەت، ئێستا هەندێك لە لایەنە سەرەكییەكانی ناو چوارچێوەی شیعە، پەشیمانن لەو گفت‌و بەڵێنانەی داویانە بە هێزە سوننەكان‌و بەنیازن جێبەجێی نەكەن. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی هۆكاری ئەو پەشیمانییەو لێكەوتەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و لەوانەیش پەیوەندی‌و مامەڵەی شیعە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵوێستە دەكات. مەرج‌و داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە هاوپەیمانیی سیادەی سوننە كە لە یەكگرتنی پەرلەمانتارەكانی خەمیس خەنجەر (14 كورسی)و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان (39 كورسی) پێكدێت‌و لەگەڵ نوێنەرە سوننەكانی تر دەگەنە 71 كورسی([1])، بەر لەوەی توشی جیابوونەوەو ناكۆكیی ناوخۆییی توند ببنەوە، كۆمەڵێك داواكاری‌و پێشمەرجی هاوبەشیان هەبوو لە دەسپێكی پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی (ئۆكتۆبەری 2022). ئەم داواكارییانەیش كە كرانە مەرجی بەشداری لە حكومەت، زەقترینیان بریتی بوون لە: ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكانی ناوچە سوننەكان، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی پرۆسە سەربازییەكان، كۆتاییهێنان بە دۆسیەی لێپرسینەوەو دادگەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس)، كە وەك شمشێرێك خراوەتە سەر گەردنی كەسایەتی‌و فیگەرەكانی سوننە، هەروەها دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانەی بێتاوانن لە زیندانەكانی عێراق ([2]) كە بەشی زۆریان سوننەن‌و بەپێی ماددەی 4ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر حوكم دراون. ئەم مەرج‌و داواكارییانەیش بەشێك بوون لە هەڵمەت‌و گفتی هێزە سیاسییە سوننەكان لە پارێزگاكانی خۆیان لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021؛ سەرجەمیشیان گرنگیی زۆریان هەیە بە لای بنكە جەماوەرییەكانی سوننەوە. جگە لەم مەرجانەیشی كە سەرەكین، هێزە سوننەكان خوازیارو پێداگری ئەوەیش بوون بڵاوبوونەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارو بنكە سوننەكان كۆتاییی پێ بهێنرێت كە هەندێك بە "داگیركردن" ناوی دەبەن‌و لە پاش كۆنترۆڵكردنەوەیان لە دەستی داعش (2014_2017)، بووەتە ئەمری واقع‌و بەم هۆیەیشەوە هەندێك شار بوونەتە محەڕەمە لە سوننەكان وەك "جرف الصخر"و عۆجەو "العویصات"و هەندێك ناوچەی تری شارەكانی تری سەڵاحەددین‌و ئەنبارو نەینەواو دیالە ([3]). هەر پەیوەست بە داواكارییەكانی سەرەوە، هێزە سوننەكان هەندێك داواكاریی تریان لە دانوستانەكاندا زەق كردووەتەوە لەگەڵ شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە هەموو كابینەكانی پێشوودا هەیانبووە، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە بووەتە پاساوی دەستگیركردنی هەزاران كەس لەناوچە سوننەنشینەكان لەسەر بنەمای سكاڵای قینلەدڵانە، هەروەها لەژێر ناونیشانی قەرەبوو و ئاوەدانكردنەوەیشدا چاویان لەسەر بوودجەی تایبەت بوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگا وێرانەكانی جەنگی داعش ([4]) كە سودی دارایی‌و سیاسییشی تێدایە بۆ هێزە سیاسییە سوننەكان.  هەر بەپێی ئەو دزەكردنانەیشی هەن، جگە لە هەموو ئەو خواست‌و مەرجانەی سەرەوە، ڕێككەوتنی هێزە سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی شیعی لەناو بازنەی هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"، چەند شتێكی تری بۆ زیاد كراوە، لەوانەیش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەمنی بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی لە چنگی داعش ڕزگار كراون؛ لەمەیش هەستیارتر شمولكردنی بێسەروشوێنكراوەكانی سوننەیە بە یاسای قوربانیانی تیرۆر. ئەو كاتەیشی كە هێزە سوننەكان ئەم مەرجانەیان دەخستە بەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، شیعەكان پێویستیی زۆریان بە ڕێككەوتن هەبوو لەگەڵ كوردو سوننە بۆ ئەوەی كۆتایی بە "بنبەستی سیاسی" بهێنن‌و بەخێرایی بۆشایی سەدر پڕ بكەنەوەو ڕكابەرەكەیان بخەنە گۆشەیەكی تەنیاو ئیحراجەوە. هەر لەبەر  ئەمەیش بەخێرایی‌و بەزارەكی ڕازی بوون لەسەر داواكارییەكانی سوننەو، كردیانە گفت لەسەر خۆیان، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، دورخستنەوەی هێزەكانی حەشد لە شارەكان‌و جێگرتنەوەیان بە سوپاو، تەرخانكردنی بودجە بۆ ئەو ناوچە سوننانەی كە لە جەنگی داعشدا وێران بووبوون ([5]). لەبارەی هەندێكی تر لەو داواكارییانەوە، محەمەد سودانی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، كە هەندێك لەوانە "داواكارییەك نین جێبەجێكردنیان مەحاڵ بێت." ([6]) سڕكردنی داواكانی سوننەو هەڵوێستی هێزە شیعەكان پاش پێكهێنانی حكومەتی سودانی (27ی ئۆكتۆبەری 2022)و تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا، وردە وردە سڕكردن‌و فەرامۆشكردنی داواكاری‌و پێشمەرجەكانی نوێنەرانی هێزە سوننەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت" دەستیپێكردو دەركەوت؛ كێشەكەیش ئەو كاتە، بوو بە جێگەی باس‌و خواس كە كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی‌و پەرلەمانتاری سوننە ئاماژەیان بەوەدا پابەندی بە جێبەجێكردنی هەندێك دۆسیەوە نییەو هیچ گەرەنتییەكیش لە ڕێككەوتنەكەدا نییە لایەنی بەرامبەر (چوارچێوەی شیعی) پابەند بكات بە جێبەجێكردنیان ([7]). هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێك لایەنی شیعەی ناو هاوپەیمانییەكەیش بەئاشكرا كەوتنە دروستكردنی بەربەست‌و، هەڕەشەی ڕاگرتن‌و پەكخستنی ڕێككەوتنەكەیان كرد لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی سوننە، لە كاتێكدا كەمتر بە لای ڕێككەوتنی شیعەو لایەنە كوردییەكاندا دەچن‌و ئەوە بە كێشەی زۆر گەورە نابینن، بەپێچەوانەی سەردەمی كازمی (2020_2022)و پێشتریش هی عەبادییەوە (2014_2018) ([8]). لەم نێوەیشدا ئەمینداری بزوتنەوەی عەسایب قەیس خەزعەلی كە حزبەكەی یەكێك لە كۆڵەكە ڕاگرەكانی كابینەی سودانییە لەناو چوارچێوەی شیعی، نزیكەی شەش مانگ پاش پێكهێنانی حكومەت نەیشاردەوە كە، ڕاستە هەندێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ سوننە "نیشتمانین" بەڵام هەندێكی تریان "ناواقعین"! لە خستنەڕووی وردەكارییەكانیشدا جەختی لەوە كردەوە هیچ بەنیاز نین یاسایەكی تایبەت بە لێبوردنی گشتی دەربكەن بۆ گیراوەكان‌و، تەنیا بڕگەیەك لە یاسای پێشوو بە هاوكاریی ئەنجومەنی دادوەری هەموار دەكەنەوە. سەبارەت بەوانەیشی بێسەروشوێنن وتی: "هەندێكیان لەگەڵ داعش ڕۆیشتوون"و جەختی كردەوە كە شیعەكان بێسەروشوێنیان زیاترە لە سوننەكان. بۆ ئاوارەكانیش پێداگریی كرد "پێویستە تێوەگلاوەكان لە بێتاوانەكان جیا بكرێنەوە." هەروەها مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارەكانی سوننەنشین بە "پێویست‌و ئەركێكی ئەمنی-سەربازی" دایە قەڵەم. بۆ پرسی "لێپرسینەوەو دادگەری"یش كە "ڕیشەكێشكردنی بەعس"ی جارانە، سوننەكانی بێهیوا كردو وتی "هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە، نادەستوورییە." ([9]) ئەگەرچی تەنیا خەزعەلی بەزەقی‌و ئاشكرا ئەم داواكارییانەی سوننە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام هیچ لە هاوتا شیعەكانی قسەكانی ڕەتناكەنەوەو لەسەر هەندێكیشیان نیمچە كۆدەنگییان هەیە لە چەشنی هێشتنەوەی "لێپرسینەوەو دادگەری"و، سەركردەو ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیەی تایبەتە بە ڕیشەكێشكردنی بەعسییەكان‌و، هۆشدارییان دا كە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی "گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ عێراق" ([10])؛ هەر ئەمەیش وایكرد ئەو هەنگاوانەی محەمەد شیاع سودانی پەكیان بكەوێت كە كۆتاییی 2022 بڕیاری لێدا بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگەكەو گواستنەوەی دۆسیەكانی بۆ دادگەكان لەڕێگەی گواستنەوەی ئەرشیف‌و دۆسییەكانی بۆ دەزگەی دادوەری تا ئەم پرسە ببێتە یاسایی‌و لە ڕێكای ئیداری‌و سیاسی دوربخرێتەوەو هەر كەس سكاڵای لە بەعسییەكانی پێشوو هەیە، پەنا بۆ دادگە ببات ([11]). هەندێك لایەنی تری شیعە لەبری دژایەتیی ڕاستەوخۆی مەرج‌و داواكارییە پەسەندكراوەكانی سوننە، پاساوی تر دەهێننەوەو باس لەوە دەكەن، مەبەستیانە "تیرۆریستان" سودمەند نەبن لە یاسای لێبوردنی گشتی‌و پێویستیان بە وردبینی‌و  لێكۆڵینەوەی زیاترە ([12]). سەبارەت بە ئاوارەكانیش هیچ هەنگاوێكی كردەیی‌و جددی نابینرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ جێگەی خۆیان، بەتایبەت لەو شارۆچكانەی دەوروبەری بەغدا كە ئاوەدانكردنەوەیان ڤیتۆی لایەنە شیعەكانی لەسەرە. بەم پێیەیش سەرەكیترین بەش كە تائێستا لە ڕێككەوتنی چوارچێوەی شیعی‌و هێزە سوننەكان جێبەجێ كرابێت، زیاتر پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و دابەشكردنی وەزارەتەكانە؛ لە دەرەوەی ئەوانەیش داواكارییەكانی تر بەهەڵپەسێردراوی‌و لەناو گێژاودا ماونەتەوەو ئەمەیش شەرمەزاریی زۆری بۆ فراكسیۆنە سوننەكان لە بەرامبەر جەماوەرەكەیان دروست كردووە ([13]). هۆكاری پەشیمانبوونەوەی هێزە شیعەكان بۆچوونێكی زاڵ هەیە پێیوایە لایەنە سوننەكان دڵنیابوون لەوەی شیعەكان داواكارییەكانیان جێبەجێ ناكەن، بەڵام بۆ فریودانی ڕایگشتیی خۆیان وایان پیشان داوە كە ڕێككەوتنیان كردووەو چاوەڕوانی ئەنجامن ([14]). لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بەرنامەی كاری حكومەتەكانی پێشووی پاش 2005 بەنموونە دەهێننەوە كە سەرجەمیان ئەو گفتانەیان بە ناوچە سوننەكان داوە بەبێ ئەوەی بتوانن یان بیانەوێت جێبەجێی بكەن؛ لە ئێستایشدا كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، تا كۆتایی 2023 لایەنە شیعە حوكمڕانەكان ناچن كۆمەڵێك دەستكەوت ببەخشنە ڕكابەرە سوننەكانیان‌و بەهێزیان ناكەن لەڕێگەی جێبەجێكردنی مەرج‌و داواكارییەكانیانەوە ([15])، بەتایبەت كە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆیشیان ناكۆكی‌و دووبەرەكییان تێ كەوتووەو هیچ لایەكیان ناچنە ژێرباری ڕیسكی نەرمكێشی بۆ هێزە سوننەكان.  بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە خۆدزینەوەی هێزە شیعەكان لە جێبەجێكردنی داواكاریی ناوچە سوننەكان پەیوەست دەكاتەوە بەوەی ئەوان خاوەن هەرێمێكی دەستووری نین لە شێوەی هەرێمی كوردستان تا بتوانن كێبركێی هاوتایی لەگەڵ شیعەكان بكەن، هەروەها پاڵپشتی‌و كۆمەكی دەرەكییشیان كەمە. ئەمەیش وا دەكات هەڵوێستیان بەرامبەر شیعەكان لاواز بێت، بەتایبەت كە ئەوان خزێنراونەتە ناو شوناسێكی مەزهەبیی دابڕێنراو لە شوناسە نەتەوەیییەكەیان كە خاڵی هاوبەشیانە لەگەڵ شیعە؛ بەهۆی عەرەببوونیشەوە ناتوانن ببنە تەواوكەرو بەشێك لە هەرێمی كوردستان. بەم هۆیەیشەوە بە كەمایەتییەك‌و ئەڵقەیەكی لاواز لەناو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزدا ماونەتەوە كە بریتییە لە زۆرینەیەكی مەزهەبی (شیعە) بەرامبەر دوو كەمینە (سوننەو كورد). یەكێك لەو كەمینانەیش مافی فیدراڵی‌و گەرەنتیی دەستوری‌و جوگرافیای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوی دیكەیان (سوننە) نییەتی‌و، بەم هۆیەوە بەگەمارۆدراوی‌و لەناو قەیراندا ماوەتەوە ([16])و؛ هەر ئەمەیش وایكردووە پەراوێزی جموجۆڵ‌و یاریكردنی بەرتەسك بێت. بۆ نموونە ئەو كاتەی حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، مۆڵەتی دوو هەفتەی بە خۆی بەخشی لە 30ی ئازاری 2023و بایكۆتی دانیشتنەكانی بودجەی كرد، ئەوجا حكومەتی سودانی هەندێك جموجۆڵی سنورداری كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە ([17])، بەتایبەت لەبواری یاسای لێبوردنی گشتی‌و، لە گفتی دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە هاتە سەر خستنەڕووی ڕەشنووسێكی كۆنی نیوەچڵی پرۆژەیاسایەك ([18]) كە هێشتا ڕوون نییە تێدەپەڕێت یان نا. لەناوخۆی شیعەكاندا جێبەجێكردنی خواستەكانی هێزەكانی سوننە كێشەی زۆری بەدوادا دێت، بۆ نموونە كشاندنەوەی هێزەكانی حەشد، بە نەرمكێشی‌و بەفیڕۆدانی خوێنی قوربانییەكانی ئەم هێزانە لێكدەدرێتەوە، بەتایبەت سەردەمێك هەندێك لەو شارە سوننانە لە چەشنی "جرف الصخر" لە بابل‌و ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا سەرچاوەی كێشەو ناسەقامگیریی ناوچە شیعەكان‌و هەناردەكردنی بۆمب‌و ئۆتۆمبێلی خۆكوژ بوون. هەندێك لەو شارانەیش تاوانی گەورەیان خراوەتە ئەستۆ لە چەشنی عۆجەی نزیك لە بنكەی سەربازیی سپایكەر كە دەوروبەری هەزار گەنجی شیعەی تێدا كۆمەڵكوژ كرا (حوزەیرانی 2014). داواكارییەكانی تری وەك ئاشكراكردنی بێسەروشوێنەكان لێكەوتەی جینائی‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هەیە كە هیچ كەس‌و لایەنێك ناچێتە ژێری بارێكی وەها قورسەوە. بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانیش قەیرانەكە لە داگیركردنی گوندو ناوچەكانیان گەورەترەو، ئەوانە بوونەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی. بەهۆی ئەوەیشی ئیرادەیەكی سیاسیی گەورە نابینرێت كە پاكتاوی ئەم دۆسیە كەڵەكەبووە هەستیارانەی نێوان شیعەو سوننە بكات‌و دۆخی هەرێمایەتیی ناوچەكەیش شڵۆقەو ئەمریكییەكان وەك جاران سەرپەرشتیی وردەكاریی دۆسیەی عێراق ناكەن، سەرجەم دۆسییەكانی نێوان هێزە شیعەكان‌و سوننەكان لە گێژاودا ماوەتەوە، جیاواز لە پرسە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغداو هەرێم كە هەندێك بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەت لە دۆسیەكانی نەوت‌و بودجەو پڕكردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەكانی نێوان هەرێم‌و سنورەكانی دیالەو كەركوك‌و نەینەوا. لێكەوتەی ناكۆكییەكانی هێزە شیعەو سوننەكان لەسەر هەرێم لەناو هێزە سوننەكان ناوبەناو گلەیی‌و گازندە هەیە كە سڕكردنی داواكارییەكانیان لە كاتێكدایە كە حكومەتی سودانی بەڕووی داواكارییە كوردییەكان كراوەیە. لە لێكدانەوەی هۆكاری ئەمەیشدا تەنانەت هەندێك لایەنی پەڕگیری شیعە نایشارنەوە، ئەوان تائێستا بەدیل‌و جێگرەوەیەكیان نییە بۆ هاوپەیمانێتیی شیعەو كورد لەناو پرۆسەی سیاسی ([19])؛ بەو واتایەی هاوكێشە نوێیەكەی سەردەمی سودانی هاوشێوەی هاوكێشەكەی پاش 2003 دەبێت، كە شیعەكان بە ڕازیكردنی هەرێمی كوردستان حوكمڕانیی خۆیان لەبەرچاوی دنیای دەرەوە بە فرەچەشن‌و بنكەفراوان وێنا دەكەن. هەر لەم نێوەیشدا هەندێك زانیاریی تر باس لەوە دەكەن محەمەد شیاع سودانی‌و سەرۆكایەتیی هەرێم، كاریان كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دۆسیەكانی هەرێم، بەتایبەت نەوت‌و بودجە، نەرمی بنوێنێت؛ لەبەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان هاوكاریی حكومەتی سودانی بكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئەوروپییەكانی، بەتایبەت لە ڕێگەی فەڕەنساوە ([20]). ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وێنە باوەی هەیە كە حكومەتی سودانی تەنیا هی شیعەو پاشكۆی سیاسەتەكانی ئێرانە، كاڵ ببێتەوەو بەدەردی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی نەڕوات (2018_2020). ئەو بەدەنگەوەهاتنەی شیعەكان بۆ هەندێك پرسی كوردی‌و فەرامۆشكردنی سوننەكان لە هەمان كاتدا، دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان ئەمەیان پێ باشترە لەوەی بچنە ژێر باری خواستەكانی سوننە كە جگە لەوەی لە ئێستادا زۆر پەرتەوازەو پەرشوبڵاو و دژبەیەكن، كارتی گوشاری بەهێزیشیان نییەو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی كە دەركەوتووترین فیگەریانە لە ئێستادا خراوەتە ژێر گوشاری زۆرەوە. هەروەها خۆیشی نایشارێتەوە كە لە ئێستادا ئەمریكا بارودۆخی عێراق‌و ناوچەكەی وەك جاران لا مەبەست نییەو لە جێگەی تر سەرقاڵە (ئاسیاو ئۆكراینا) ([21]). ئەمەیش بە مانای لاوازبوون‌و نەمانی گوشارە ئەمریكییەكانە بۆ دروستكردنی باڵانس لە عێراق. فەرامۆشكردنی هێزە سوننەكان لە عێراق ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی كەیسەكانی هەرێمە لە مەودای نزیكداو شیعەكان ناچار دەكات لەبری لەدەستدانی پشتیوانیی زۆرینەی نوێنەرانی دوو پێكهاتە دەست بەوی تریانەوە بگرن، بەڵام لە دوورمەودادا زیانی ئەوەیشی هەیە عێراق نابێتە فرەچەشن لە ڕووی جەمسەرەكانی حوكمڕانی‌و، دەرفەتی بەفیدراڵیبوونی ڕاستەقینە زیاتر لەدەست دەدات لەڕێگەی دروستكردنی لامەركەزی‌و ئەگەری دروستبوونی هەرێمێكی ترەوە؛ ئیتر چ لە نەینەواو سەڵاحەددین بێت یان ئەنبارو ڕۆژاوای عێراق. بۆیە لێكەوتەی ئەم پەیوەندییەی هێزە شیعەكان‌و هێزە سوننەكان لەسەر كوردستان دوو سەرەیەو، لەلایەك باشەو لەلاكەی تر خراپ. لە دەرەوەی ئەوەیش سەركەوتنی زیاتر لەم پەراوێزخستن‌و بەڵێننەبردنەسەرە هانی لایەنە شیعە باڵادەستەكان دەدات كە پابەند نەبن بە ڕێككەوتن‌و گفتە سیاسییەكان‌و خۆیشیان بدزنەوە لە گەرەنتیدان‌و خۆپەیوەستكردن پێیانەوە لە داهاتوودا، بەتایبەت كە ئەمە خەریكە بەتەواوەتی دەبێتە شتێكی باو.   پوختەو ڕاسپاردە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە دەسەڵات‌و سێبەریان بەسەر 180 كورسیی ناوچە شیعەكانەوە هەیە، لە پاش ناچاركردنی سەدر بە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی (حوزەیرانی 2022)، هەروەها پێكدادانە خوێناوییەكانی ناوچەی سەوز لە (29ی ئابی 2022) زۆر مەبەستیان بوو كۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنن‌و حكومەتی خۆیان بخەنە سەرپێ‌و سەردەمی تایبەت بە خۆیان دەستپێبكەن، لەم پێناوەیشدا دوو پاكێج مەرج‌و داواكاریی سوننەو دوو هێزە كوردییەكەیان پەسەندكرد (48 كورسی)؛ بەڵام پاش ڕەوینەوەی مەترسییەكان‌و متمانەوەرگرتنی حكومەت، خۆیان لە جێبەجێكردنی مەرج‌و داواكاریی سوننەكان دەدزنەوە، لە كاتێكدا لە ئاست داواكارییە كوردییەكان هەوڵ دەدەن جۆرێك لە نەرمی بنوێنن ئەگەرچی بەڕووكەشیش بێت. ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان گەڕانەوەیە بۆ پڕەنسیپی هاوپەیمانیی شیعە _ كورد لە پاش 2003 كە دەستوری 2005و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانی لێكەوتەوە. ئەزموونی هێزە سوننەكان لە پەرتەوازەیی‌و نەبوونی گەرەنتیی دەستوری‌و هەرێمیی تایبەت‌و لاوازبوونیان لە بەردەم پێكهاتەی شیعی، لە كاتێكدا دەشێت لە دەرەوەی عێراق (وڵاتانی عەرەبی) قوڵایی ستراتیژییان هەبێت، وانەو پەندێكی گرنگی تێدایە بۆ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كە هەر كات بچنە هەمان بارودۆخی سوننەوە، ئەگەری هەیە هەرێمیش بكەوێتە بەر هەمان دەرەنجام. بۆ ڕێگەگرتن لەمەیش جگە لە باشكردنی حوكمڕانی‌و ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەماوەرو بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ، دەستگرتن بە دەستوری 2005و ڕێگەگرتن لە هەمواركردنی لەوكاتەی هەرێم لاوازە، دەشێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم خواستی سەپاندنی ناوەندگەراییی شیعی لە عێراق، بەتایبەت كە مەترسیی ئەوەیش هەیە ئێران‌و توركیاو سوریا ببنە فاكتەری یارمەتیدەر بۆ هاتنەدیی ئەم خەونە لەمێژینەی شیعەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی عێراق.   ([1])  https://bit.ly/41HdBPv ([2])  https://bit.ly/42Ii1Hd ([3])  https://bit.ly/41MMkLE ([4])  https://bit.ly/3MzsMpV ([5])  https://bit.ly/3WcxWvd ([6])  https://bit.ly/42IPeCj ([7])  https://bit.ly/458IzDe ([8])  https://bit.ly/454hqBo ([9])  https://bit.ly/42JAjrK ([10])  https://bit.ly/3pM6yI7 ([11])  https://bit.ly/430ndpI ([12])  https://bit.ly/41MMkLE ([13]) https://bit.ly/454DbRv    ([14])  https://bit.ly/3OnqIlY ([15]) https://bit.ly/458IzDe    ([16]) https://bit.ly/41DoC4l    ([17])  https://bit.ly/3WcEDwY ([18])  https://bit.ly/3IjuwRw ([19])  https://bit.ly/42JAjrK ([20])  https://bit.ly/3pOJEzR ([21])  https://bit.ly/3MbnhfE


راپۆرت: درەو دوای نزیكەی 15 مانگ ناكۆكی‌و كێشمەكێش لەبارەی هەڵبژاردن، سبەینێ وەفدی پارتی‌و یەكێتیی لەناو پەرلەمان كۆدەبنەوە، ئەمە یەكەم كۆبونەوەی هەردوو حزبە لەبارەی هەڵبژاردن دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانیان، هێشتا كورسی كۆتای پێكهاتەكان خاڵی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، ئەمڕۆ ئیتر وادەی ئەو 6 مانگەش بەسەرچوو كە دەبوو وەكو مۆڵەت بدرێت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، بەبێ رێككەوتن لەسەر كۆتای پێكهاتەكان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش كارا ناكرێتەوە. زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  كۆبونەوە بۆ هەڵبژاردن سبەینێ پارتی‌و یەكێتیی لەناو تەلاری پەرلەمان كۆدەبنەوە لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، ئەمە یەكەم هەنگاوی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردن لەدوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكی نێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەرانی یەكێتی لە كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستاندا بریتین لە هەریەكە لە:  -    رێواز فایەق- سەرۆكی پەرلەمان -    رزگار حاجی حەمە- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی -    زیاد جەبار- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبەرامبەردا نوێنەرانی پارتی لە كۆبونەوە بریتین لە هەریەكە:  -    هێمن هەورامی- جێگری سەرۆكی پەرلەمان -    رێبوار یەڵدا- سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی -    زانا مەلا خالید- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان  له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێدا، رێواز فایه‌ق و هێمن هه‌ورامی وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو حزب چاودێر ده‌بن له‌سه‌ر گفتوگۆی پارتی و یه‌كێتیی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.  پارتی‌و یەكێتیی  لەماوەی نزیكەی (15) مانگە لەناكۆكییەكی بەردەوامدان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی. لەماوەی رابردوودا هەردوو حزب لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان رێككەوتن، رێككەوتنەكە بەوشێوەیە كۆمسیۆنەكە بەهەمان پێكهاتەی خۆیەوە كارابكرێتەوە‌و تەنیا شوێنی ئەوانە پڕبكرێتەوە كە لەژیاندا نەماون یاخود وازیان لە پۆستەكانیان هێناوە، ئەمەش تەنیا دوو پۆستە، پەرلەمان لیژنەی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی كۆمسیۆن دروستكرد، لیژنە كارەكانی تەواوكرد‌و ئێستا ناوی كاندیدەكان رەوانەی دەستەی دەستپاكی كراوە بۆ زانینی ئەستۆپاكییان. چەند رۆژی رابردوو، پەرەسەندێك لەبەرژەوەندی یەكێتییدا لەپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن روویدا، ئەو دادوەرەی كە لەسەر پشكی یەكێتیی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دانرابوو، پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی وەرگرت، واتە ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارانەكرێتەوە‌و كۆمسیۆنەكەی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، یەكێتی سەرۆكایەتی كۆمسیۆنی بەدەستەوە دەبێت، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی دوورە، چونكە بەبێ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، یاسای هەڵبژاردنیش كاراناكرێتەوە.    لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتنیان كردووە هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوازی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، كوردستان بكرێت بە چوار بازنە (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام هێشتا لەبارەی (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان ناكۆكن، یەكێتی داوا دەكات (4) كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی (2 كورسی توركمان بۆ كفری‌و 2 كورسی مەسیحی بۆ كۆیە)، پارتی ئەمە رەتدەكاتەوە، پارتی داوا دەكات ئەم بابەتە پێكهاتەكان خۆیان بڕیاری لێبدەن، پێكهاتەكان دەڵێن دەبێت دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەش نەكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.  بۆ بەلاداخستنی ئەم ناكۆكییە كە وەكو دواین بەربەستی بەردەم هەڵبژاردن تەماشا دەكرێت، بەمدواییە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی" هاتە ناو دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، یۆنامی پێشنیازی كرد 2 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی، نە پارتی‌و نە یەكێتیی پێشنیازەكەی یۆنامییان قبوڵ نییە، یەكێتیی داوای 4 كورسی دەكات، یۆنامی 2 كورسی پێداوە، یەكێتی خوازیارە لانی كەم 3  كورسی كۆتای پێكهاتەكان بۆ سنوری سلێمانی بێت، ئایا پارتی به‌مه‌ قایل ده‌بێت؟.  رێككەوتنێكی رانەگەیەندراو  بەبێ رێككەوتن لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكان، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەناو پەرلەمانی كوردستان بەربەستی بۆ دروست دەبێت، چونكە بەپێی زانیارییەكی (درەو)، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتنیان كردووە كە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبێت پێكەوە بن. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەرێوڕەسمی كردنەوەی "یادگەی نیشتمانی بارزانی"دا داوای لە پارتی‌و یەكێتیی كرد بەر لە 18ی ئەم مانگە كۆببنەوە‌و بگەنە رێككەوتن، مەبەستی بارزانی لەمەدا ئەوە بوو، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، بۆئەوەی كۆمسیۆن ماوەی 6 مانگ دەرفەتی لەبەردەمدا بێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر وادەی شەش مانگەكە تەواو بوو، ئایا كۆمسیۆن لەوادەیەكی كەمتر لە 6 مانگدا دەتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەببات.  سەرباری ئەوەی لەماوەكانی رابردوودا بەردەوام سەرۆكی هەرێم وادەی 6 مانگی بۆ ئامادەكاری كۆمسیۆن لەبەرچاوگرتووە، بەڵام هەندێك  دەڵێن ئەو شەش مانگە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە‌و دەكرێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەماوەیەكی كەمتریشدا بتوانێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات.  لەبەرامبەردا لەناو كۆمسیۆندا بۆچونێك هەیە، بۆ ئەمجارە لەبری 6 مانگ رەنگە وادەیەكی زیاتریشیان بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن پێویست بێت، چونكە بۆ یەكەمجارە هەڵبژاردن لە كوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت‌و كۆمسیۆن شارەزایی تەواوەتی لەم شێوازەی هەڵبژاردندا نییە.  نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەرئەوە دەكەن دەبێت ئەمجارە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت، بەمدواییە (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی كوردستانی كرد، لەدوای سەردانەكەی خاتوو بارباراوە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی ئاسایی بوونەوە، بەڵام رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردن لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هێشتا بەربەستی لەبەردەمدایە. ئەگەر وادەی هەڵبژاردن وەكو خۆی لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بمێنێتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كەمتر لە 6 مانگی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن، ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنەكە رەنگە كاتێكی زیاتری پێویست بێت، ئەمەش رەنگە گرفت بۆ هەڵبژاردنەكە دروست بكات.  وادەی یەكەمی هەڵبژاردن رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد.  دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەماوەی مانگەكانی ئایاری 2022ەوە بۆ مانگی ئابی هەمان ساڵ، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كرد:  • كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاری 2022 لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.  • كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیرانی 2022  لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كرد‌و خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی‌و وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە بەر لە جەژنی (نەورۆز)ی ساڵی 2023 بەدیاریكراوی لە رۆژی (4ی ئازار)دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرەشتی (مستەفا سەید قادر) دروست بكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردن‌و لە رۆژی 1ی تەموزدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لیژنەكەی مستەفا سەید قادر چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی ژوری دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی لایەنەكان كرد، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە رێككەوتن.  • كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئابی 2022 جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە ئاڵۆزی تێیدا دروستبوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبەرچاوی نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دوای گەڕانەوەی لەسەردانێكدا بۆلای بارزانی لە پیرمام، رۆژی 4ی ئاب كەسێكی "جاش" بەقەناس چاودێری كردووە‌و هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی سلێمانی كرد، ئەمە كەشوهەوای كۆبونەوەكەی ئاڵۆز كرد‌و كەسی یەكەمی لایەنەكان بەبێ رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، ئەم كۆبونەوەیە خاتوو پلاسخارتی نیگەران كرد‌و وتی" من جارێكی تر بەشداری كۆبونەوەكانتان ناكەم"، بۆ راگرتنی دڵی خاتوونی نوێنەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی 2022دا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە.  لەم سێ كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشداری نەكرد‌و لەبری خۆی نوێنەری نارد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی نەكرد‌و تەنیا بۆ كۆبونەوەی یەكەم نوێنەری خۆی نارد. كۆبونەوەكان بۆ سزادانی هەڵبژاردن هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو، ئەوكات بەگشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی باڵادەستیی سەرەكی پێكەوە كۆك نەبوون‌و هەریەكەیان سەركردایەتیی بەرەیەكی ناكۆكییەكە دەكرد، كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە (چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن)‌و (هەمواری یاسای هەڵبژاردن)ەوە هەبوو، لەناو هەمواری یاسای هەڵبژاردندا سێ بابەت ناكۆكی سەرەكی لەسەر بوو كە بریتین بوون لە بابەتەكانی (بازنەكانی هەڵبژاردن)‌و (تۆماری دەنگدەران)‌و (كورسی كۆتای پێكهاتەكان)، بەڵام زیاتر ناكۆكییەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن چڕبوەوە (ئەم خاڵە تائێستاش وەكو خاڵێكی ناكۆكی لەسەر ماوەتەوە). ئەوكات بەرەیەك داوا دەكرد شێوازی هەڵبژاردن وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو بمێنێتەوە‌و كوردستان (یەك بازنەی) هەڵبژاردن بێت، بەرەكەی تر داوا دەكرد هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سیستەمی هەڵبژاردن بكرێت بە (فرە بازنە)‌و هەر پارێزگایەكی كوردستان بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت.  ساڵی رابردوو بەرلەوەی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن پەكی بكەوێت، پارتی بەزۆرینەی پەرلەمانیی لەتوانایدا بوو بەبێ لایەنەكانی تر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە زانی بەبێ رەزامەندی یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، بۆیە بابەتەكە بۆ دانوستان‌و رێككەوتن بەجێهێشت، بەڵام دەوترا پارتیش هاوشێوەی یەكێتیی زۆر تامەزرۆی هەڵبژاردن نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لەدەستدایە. گەڕی یەكەمی ناكۆكییەكان  بەر لە پەككەوتنی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن، لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە دابەش بووبوون بەسەر دوو بەرەدا بەمشێوەیە:   • بەرەی یەكەم: ئەم بەرەیە پێكهاتبوو لە (یەكێتیی+ كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتووی ئیسلامی+ نەوەی نوێ+ سێ پەرلەمانتاری گۆڕان‌+ چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ)، ئەم بەرەیە مانگی ئازاری 2022 پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردو داوایانكرد هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت‌و هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، هەروەها كورسی كۆتاكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، ئەم بەرەیە پێی وابوو پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكات‌و لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە ئەوكات لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمان بوو، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارو یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نەبوو بەبێ پارتی‌و بەرەكەی تر بۆچونەكانی خۆی بەیاسایی تێپەرێنێت (ئەم بەرەیە ئێستا قەبارەی بچوكتر بوەتەوە، چونكە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریی‌و جیابووەوەكان لە گۆڕان‌و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشاوەتەوە، ده‌سكه‌وتنی گه‌وره‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌ تائێستا چه‌سپاندنی شیوازی فره‌بازنه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌).   • بەرەی دووەم: ئەم بەرەیە پێكهاتبوو لە (پارتی+ 11 كورسی كۆتاكان+ پارتی سۆشیال دیموكرات+ حزبی شیوعی+ حزبی زەحمەتكێشان)، ئەم بەرەیە داوای دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشتری كوردستان شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە) بێت، ئەم بەرەیە بە تێكڕا لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان خاوەنی (58) كورسی بوو‌، پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە. پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تری ئەم بەرەیە كە ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێت‌و نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن (ئێستاش ئەم لایەنانە هەمان مەترسییان هەیە، بۆیە حزبی شیوعی ئازاری ئەمساڵ داوای كرد ئەگەر پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە بێت، با لانی كەم 10 كورسی پەرلەمان تەرخان بكەن بۆ شێوازی یەك بازنەیی بۆ ئەوەی دەنگی لایەنە بچوكەكان نەفەوێت، ئه‌م به‌ره‌یه‌ كه‌ پارتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات هێشتا وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام قایلبوونی پارتی به‌ فره‌بازنه‌یی، حزبی شیوعی و سۆسیال دیموكراتی نیگه‌ران كردووه‌). درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وەكو ئەوەی سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا بەڕێوەنەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، بەهۆیەوە رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی یەك ساڵ تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە.  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن. ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو ساڵە بەسەر چووە كە پەرلەمان تەمەنی خۆی تێدا درێژكردوەتەوە، بەڵام هێشتا لایەنەكان، بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.  سەرباری ئەمە، كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین هەنگاوەكانی خۆی بڕیوە‌و ئەگەر سكاڵای ئەمدواییەی یەكێتیی نەبوایە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانەوە، دادگا بڕیاری كۆتایی خۆی دەردەكرد‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵدەوەشاندەوە، ئەمەش بەربەستی گەورەی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە كوردستان دروست دەكرد.  وادەی دووەمی هەڵبژاردن 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان دراوە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئێستا نزیكەی دوو مانگی وادە (8) مانگییەكەی سەرۆكی هەرێم تێپەڕیوە‌و هێشتا پەرلەمان نە كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوە‌و نە یاسای هەڵبژاردنیشی هەمواركردوەتەوە.  لایەنە سیاسییەكان به‌دیاریكراویش پارتی و یه‌كێتیی لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بەهەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە.  بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی‌و پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand