لەسەر ژمارەی ئەندامانی (جڤاتی نیشتمانی) ناكۆكن

Draw Media

2024-09-05 11:38:02



(درەو): 
دوای نزیكەی سێ ساڵ لە دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن، هێشتا ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی رێكخەرو خانە كۆتاییان نەهاتووە، دوو بەرە ناكۆكەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی ناكۆكن، یەكێكیان دەڵێ (رێكخەری ژوورەكان) دەبێت دەنگ بدات، ئەوی تر دەڵێ "شەرعیەتیان نەماوە"، بەوهۆیەوە ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن ئەمڕۆ پەكخرا. 
بڕیار بوو ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەستەی بەڕێوەبەری (جڤاتی گشتی) خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام هەڵبژاردنەكەی نەكرد. جڤاتی نیشتمانی ئۆرگانێكی راوێژكارییەو بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو كەسە دەبێت بە سەرۆكی ئەم جڤاتە هاوكات دەبێت بە ئەندامی (خانەی راپەڕاندن)ی بزوتنەوەكە. 
هەڵبژاردنی سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەمڕۆ پەكخرا، ئەڵقەی یەكەمی ئەو زنجیرە رێوشوێنە بوو، كە رۆژی 26ی ئابی رابردوو ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكرد بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی پەیكەری رێكخراوەیی بزوتنەوەكەو، بڕیاربوو دوای هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی، رۆژی 7ی ئەم مانگە واتا شەممەی داهاتوو رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندن هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت. 
هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ئۆكتۆبه‌ری 2021 به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تای قۆناغێكی نائومێدكه‌ری تر بوو بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕان به‌ هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی به‌شداری كرد، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌شێوه‌ی فره‌بازنه‌یی بوو، ده‌نگی گۆڕان توشی داڕمان هات و ته‌نیا (22 هه‌زارو 91) ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه‌ دواجار عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەرو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی (خانەی راپەڕاندن)ی نەماوەو بەهۆی ناكۆكی بەرەكانی ناو بزوتنەوەكەوە چەندجارێك هەوڵی هەڵبژاردنی خانەو رێكخەری نوێ پەكیكەوتووە، واتا نزیكەی سێ ساڵە گۆڕان سەری نەماوە. 
ئەوەی ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەیە دوو بەرەیە، یەكێكیان كە ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەخۆدەگرێت و نزیكن لە عومەر سەید عەلییەوە خۆیانن ناو لێناوە "بەرەی دژە تەوریس" یاخود بەرەی "بەرێكخراوەییكردن"، لەمەشدا مەبەستیان لە كوڕانی نەوشیروان مستەفای رێكخەرو دامەزرێنەری بزوتنەوەكەیە. بەرەكەی تریش چیا نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتیی دەكات و خۆیان ناو لێناوە بەرەی "هەستانەوەی گۆڕان"، ئەم بەرەیە لەماوەی رابردوودا لەرێگەی بڵاوكراوەیەكەوە بەروونی بەرپرسیارێتیی شكستی بزوتنەوەی گۆڕانی خستە ئەستۆی عومەر سەید عەلییەوە. 
ئێستا، هەردوو بەرەكە لەسەر ئەوە رێككەوتوون تەنیا یەك كاندیدیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتیی هەبێت كە ئەویش (دانا ئەحمەد مەجید) پارێزگاری پێشووتری سلێمانییە، دانا ئەحمەد مەجید لەسەر كەیسێكی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، لە ئەوروپا دەژیا، بەمدواییانە بە ئاگاداری بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی، لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان كەیسەكەی لە دادگا بۆ داخراو گەڕایەوە بۆ سلێمانی، بەڵام هەردوو بەرەكە لەسەر ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رێككەوتنیان نییەو ناكۆكن. 
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، بەهۆی ناكۆكی هەردوو بەرەكەوە بووە لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی. 
جڤاتی نیشتمانی بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەم جڤاتە بە دەنگدان رێكخەرو ئەندامانی خانە هەڵدەبژێرێت، بۆیە هەردوو بەرە ناكۆكەكەی گۆڕان لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتەكە ناكۆكن. 
لایەنگرانی عومەر سەید عەلی رێكخەری پێشووی دەڵێن جڤاتی نیشتمانی لە (46) ئەندام پێكدێت، كە بەمشێوەیە دابەشبوون: 
•    26 كەس لە باژێڕوان
•    13 كەس كە رێكخەری ژورەكانن
•    3 كەس وەكو نوێنەرانی رەوەندی كوردی
•    سەرۆكی تیمی گۆڕان لە حكومەت
•    3 كەس كە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاكان
بەڵام بەرەكەی چیا نەوشیروان مستەفا دژی ئەوەن رێكخەری ژوورەكان كە ژمارەیان (13) كەسە وەكو ئەندامی جڤات دەنگ بدەن، دەڵێن ئەمانە شەرعیەتیان نەماوەو لە كۆنفرانس هەڵوەشێندراونەتەوە، لەبەرامبەردا بەرەكەی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە بەگوێرەی دەستورو پێشتریش لە عورفی بزوتنەوەكەدا رێكخەری ژوورەكان هەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بوون و مافی دەنگدانیان هەیە. 
دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی بۆ ئەوە بوو تاوەكو سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەردوولا لەسەر ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بگەنە رێككەوتن و ئەوكاتە سەرەتا دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی هەڵبژاردنی بۆ بكرێت و دواتریش رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێن. 
بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكی توشی كێشمەكێشی ناوخۆیی بووە لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن رێكخەرو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، كە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت. 
رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كە تائێستا بەپێی هەموو ئەگەرەكان (دانا ئەحمەد مەجید) دەبێت، لەبەردەم ئەركێكی سەختدا دەبێت، دوای ئەو نسكۆیەی كە لەدواین هەڵبژارندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) توشی هات، بەرپرسیارێتی داڕمانی تەواوەتی یاخود هەستانەوەی سەرلەنوێی بزوتنەوەكەی دەكەوێتە ئەستۆ. 
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دانا ئەحمەد مەجید هەستی بە هەستیاری دۆخی بزوتنەوەكە كردووە، بۆیە لە دیدارەكانیدا لەگەڵ ئەوانەی بەمدواییەی گفتوگۆی لەگەڵ كردوون، پێشنیاری ئەوەی كردووە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی كوردستان نەكات و دەرفەتێك وەربگرێت بۆ بەخۆداچوونەوەو خۆڕێكخستنەوە، بەڵام ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی لیستی كاندیدی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە پێشكەش كردووە.
لە كاتێكدا هێشتا پرسی كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا تاوتوێ دەكرا، لەم هەفتەیەدا بزوتنەوەكە چەند پۆستێكی تری (راوێژكار)ی لە حكومەت پڕكردەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand