Draw Media

 درەو: تیمی باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە بەغداو هەولێر سەردانی ئۆفیسی سەرەكی (درەو)یانكرد و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و پرسی ئازادی رادەربڕینكرا لەهەرێمی كوردستان. تیمەكەی باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی هۆڵەندا پێكهاتبوون لە ( پارت هۆڤمان، سكرتێری یەكەمی  كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، یەلی یۆخام سكرتێری دوومی كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، یاسر كوتی راوێژكاری پێشكەوتوو لە كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ). گفتوگۆیانكرد لەسەر پرسی هەڵبژاردن، (درەو) وەك دامەزراوەیەك كە زۆرترین راپۆرت و شیكاری بۆ پرسی هەڵبژاردن كردووە، كێشەو ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردنیان بە ئامارو داتا خستەڕوو، سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی سەر میدیاو میدیاكاران (درەو) بە ئامارو داتا پاشەكشەی ئازادی رادەربڕین و زیادبوونی پێشێكارییەكانی خستەروو


 درەو: ئەمڕۆ دادگای هەولێر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی و هەشت كەسی تر بەتۆمەتی تیرۆركردنی هاوكار جاف دەركرد، بەم بڕیارە خاڵێكی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی و  تیمی یەكێتی لە حكومەت شكستیهێنا. رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2022 لە شاری هەولێر بۆمبێكی چلكێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەی ( عەقید هاوكار جاف) فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتیدا تەقیەوەو گیانی لەدەستدا. لەدوای تیرۆركردنی هاوكار جافەوە كێشەو گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر بوون، بە جۆرێك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیانكرد. لە یەكەم كۆبوونەوەی دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، كە لە رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا كێشە ئەمنییەكانی نێوانیان لە رێگەی  لیژنەیەكی هاوبەشەوە چارەسەر بكرێت. لە بڕگەی سێیەمی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە: لەبارەی كێشە ئەمنییەكان، بڕیاردرا لیكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە دەزگا پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دۆسییە ئەمنییەكان بە گشتی دوور لە دەستوەردانی سیاسی، ئەنجامبدرێت و دواتر ڕێكاریی یاسایی بگیرێتەبەر. هەروەها لە كۆبوونەوەی رۆژی 28ی كانوونی دووەمی 2023ی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بڕیاردراوە كە كێشە ئەمنیەكانی نێوانیان بسپێرن بە لینەیەكی ئەمنی هاوبەش بە چاودێری و  ئامادەبوونی لایەنی سێیەم. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا لیژنە هاوبەشەكە دەستبەكار نەبووەو هیچ كێشەیەكی ئەمنی لە نێوان هەردوولا یەكلانەكراوەتەوە لەو ماوەیەی كە گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بەرەو هێوربوونەوە چوو،  تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران . دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای هەولێر سەبارەت بە بڕیاری لە سێدارەدانی فەرماندەكانی دژە تیرۆری یەكێتی لە كاتێكدایە، چەند رۆژێكە ناكۆكی لە نێوان پارتی و یەكێتی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كورستان و بودجەی 2023ی عێراق سەری هەڵداوەتەوە.      


درەو: بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار. ئەو شەش پەرلەمانتارانەی كە لەدوای (6/11/2022) سوێندی یاساییان خواردووە دەبێت موچەكانیان بگەڕێننەوە كە دەكاتە (102) ملیۆن دینار. ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەدوای (6/11/2022) ەوە چوار مانگ موچەیان وەرگرتووە كە دەكات (82) ملیۆن دینار.   نامەیەك بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەنادەستوری بوونی پەرلەمان بەتەمای چین؟ تكایە یاسای چاكسازی كە خۆتان دەرتان كردووە لەسەر خۆتانی جێبەجێ بكەن بەڕێز/ سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز/ جێگری سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز/ سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێزان/ ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پاش سڵاو و رێز...  دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەك جێگەی نیگەرانی و لەلایەكی تر مایەی دڵخۆشیە، جێگەی نیگەرانیە بەوەی نەدەبوو دوای سی و یەك ساڵ ئەزموون و حوكمرانی، بەم شێوازەی ئێستا دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم، بەتایبەت بەرزترین دامەزراوەی وەك پەرلەمان بكەوێتە بەر تانەو تەشەری بەغداو بە نادەستوری دابنرێت، ناوبانگی هەرێم و حوكمرانیەكەی لەبەر چاوی هاوڵاتیانی خۆی و دۆست و هاوپەیمانەكانی لەكەدار بكرێت، هۆكاری سەرەكی بڕیارەكەش خودی پەرلەمانە كە بووە مایەی ئەوەی ساڵێكی تەمەنی بە نادەستوری هەژماربكرێت و هەرێمیش بخاتە بۆشایی یاساییەوە. لەلایەكی ترەوە مایەی دڵخۆشی و پێشوازی لێكردنە، چونكە بڕیارەكە دەرەنجامی خەمساردی لایەنە سیاسییەكان (بەتایبەت پارتی و یەكێتی)ە، چونكە نە پەرلەمان و نە ئەو دوو هێزە گوێیان لە هاوار و تكای خەلكانی دڵسۆز و یاساناس نەگرت، هەر بۆیەش لە بەغداوە وەستێنران! ئەگەر گوێیان بگرتایە، هەڵوەستەیەكیان لەسەر هۆشدارییەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسلخانەكان بكردایە، ئەگەر گوێیان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بگرتایە لە بری تاوانباركردنیان! ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمیان لەبەرچاو بگرتایەو تۆزێك راستگۆبوونایە لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەناوی دیموكراسیەوە بانگەشەیان بۆ دەكرد! چی پێویستی دەكرد بەغدا بێت و مێزی یارییەكی سالێ‌ قلب بكاتەوە بەسەر پەرلەماندا؟ ئەگەر پەرلەمان بەپێی یاسا و پەیرەو كاری بكردایەو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكردایە، ئەگەر لە سالی 2019 ەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارا بكردایەتەوە، چۆن دادگەی فیدراڵی دەیتوانی بڕیارێكی لەم شێوەیەی لەسەر دەربكات و بە ناچاری بیوەستێنێ! وێڕای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و هاوپەیمانەكانیان لە شەو و رۆژێكدا بەیەكەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە، كەچی لەگەڵ ئەو هەموو نزیككەوتنەوەشیان لەیەكتری، نەیانتوانی لەماوەی ساڵێكدا لەسەر هەڵبژاردن رێكبكەون، چونكە ئەگەر لەسەر هەلبژاردن رێك بكەوتنایەو بە بیانوی جیاجیای بێ بنەما پەكی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان نەخستایە؟ سەرەنجامیان بەم رۆژە نەدەگەیشت؟ هەموو ئەمانە هۆكاری دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی و بەنادەستوری ناساندنی پەرلەمان و دروستبوونی بۆشایی یاسایین لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسیاری یەكەمیش پارتی و یەكێتی و خودی پەرلەمانی كوردستانن. ئەگەر بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەستی تاكێكی كورد بریندار بوبێت، دەبێ لەو راستیە تێبگەین كە بڕیارەكەی دادگە پەرلەمانی هەڵنەوەشاندۆتەوە وەك هەندێك كەس و لایەن بۆ جولاندنی هەست و سۆزی خەڵكی بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو دادگا هەڵەیەكی راستكردۆتەوەو یاسایەكی پەرلەمانی هەڵوەشاندۆتەوە كە بەنادەستوری تەمەنی خۆی پێ درێژكردبوویەوە. واتە بڕیارەكە نەك پەرلەمانی بچوك نەكردۆتەوەو لە هەیبەتی نەداوە، بە پێچەوانەوە گەورەیی پەرلەمانی دەرخستوەو و سەنگ و ئیعتیباری بۆ گێڕاوەتەوە. بۆیە نەك جێگەی داخ نیە بەڵكو خەڵكی كوردستان دەبێت سوپاسگوزار بن كە بەو بڕیارە چونكە مافێكی زەوتكراویا بۆ گێڕدرایەوە و بەپێی یاساو پەیرەو چوار ساڵ جارێك مافی دەنگدانیان هەیە. كەواتە خودی پەرلەمان و بڕیارە نایاساییەكانی خۆیەتی بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نەك بڕیاری دادگا. پوختەی بڕیارەكە ئەوەیە لە (6/11/2022)ەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بەنادەستوری داناوە، هەموو ئەو كارانەی پوچەڵ كردۆتەوە كە پەرلەمان لەو رێكەوتە بەدواوە كردوونی، وەك: درێژكردنەوەی تەمەن، سوێندخواردنی ئەندامانی تازە، دەركردنی یاساو بڕیار، ئیمتیازی پەرلەمانتاران، هەر هەموویان دەبێ هەڵوەشێنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، پێنج رۆژ بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە، كەچی تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە كە لە دژی دەرچووەو كۆتایی بەتەمەنی خولەكەی هێناوە! نە قبوڵی كردووەو نە رەتی كردۆتەوە! سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كەوتوونەتە سوڕی متبوون و بێدەنگیەوە كە شەرمێكی سیاسیی گەورەیە، ئەگەر دادگا غەدری لێكردوون دەبێ رەتی بكەنەوە، ئەگەر غەدریش نیە دەبێ بەفەرمی پێشوازی لێبكەن و رێكارەكان دەست پێبكەن. تاكە رێگە لەبەردەمی پەرلەماندا جێبەجێكردنی بڕیارەكەو دەست پێكردنی هەنگاو و رێكارەكانە، ئەركی سەر شانیانە بۆ راستكردنەوەی خەمساردی و پێشێلكاری و ئەو هەڵانەی كردیان، تا رەوشەكە لەوە ئاڵۆزتر نەكەن، بۆ ئەوەی تەنگژەو قەیرانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان نەخولقێنن و هەرێم رووبەڕووی كێشەی زیاتر نەكەنەوە. كێشەی زیاتر بۆ موچەو بودجەی خەلكی كوردستان دروست نەكەن، لێرەوە بوەستن و بەردەوام نەبن لەسەر ئەو پێشێلكاری و كارە ناپەیڕەویانەی كردوویانە، دواجار هەوڵی هێنانەوە سەر رێچكەی ئاسایی و یاسایی دامەزراوەكانی هەرێم بدەن، پەیوەست بن بە بڕیارەكەی دادگە و یاساكانی خۆیانەوەو ئەم هەنگاوانە بنێن: 1-پەرلەمانی كوردستان لە (6/11/2022)ەوە تەمەنی یاسایی بەسەر چووە، دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامەكانی لەو رێككەوتەوە هیچ سیفەتێكی پەرلەمانییان نەماوە. ئەوەی لە پەرلەماندا سیفەتی یاسایی هەبێت و كارە كارگێڕییەكانی ناو دامەزراوەكە رایی بكات تەنها سەرۆكی دیوانە. 2- لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم ئەندامان سەردانی پەرلەمان بكەن، دوای دەستلەكار ترازانیان وەك ئەندامی پەرلەمان، ئەوانەی خوازیارن خانەنشین بكرێن لەلایەن سەرۆكی دیوانەوە نوسراویان بۆ بكرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان، ئەوانەشی نایانەوێت خانەنشین بن نوسراویان بۆ بكرێت بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشوویان. 3-لە ئەگەرێكدا پەرلەمان ئەو نوسراوەی نەكرد، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو پەرلەمانتارانەی  پەرۆشی چاكسازی و سەروەریی یاسان، خۆیان بەتاك دوای مامەلەكانیان بكەون و بەپێی یاسا ئەنجامی بدەن.  4-لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامان پێویستە پەیوەست بن بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە ئەم خولەی پەرلەمان خۆیان دەریانكردووە، یاساكە لەسەر خۆیان جێبەجێ بكەن و پێشێلی نەكەن، لە دوای (6/11/2022)ەوە لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەكانیان پەیوەست بن بەیاساكەوە، لەو رێككەوتەوە بە خانەنشین هەژمار بكرێن و جیاوازی موچەكانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونكە بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی ماوەی شەش مانگ موچەی زیادەیان وەرگرتووە. سەبارەت بەوانەش كە لە چەند مانگی رابردوودا خانەنشین كراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەكانیانەوە بن بەپێی یاسای چاكسازی. 5-ئەوانەی لەدوای رێكەوتی (6/11/2022)ەوە بۆ جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان لەماوەی نادەستوریبوونی پەرلەماندا سوێندیان خواردووە، بەپەرلەمانتار هەژمار ناكرێن و هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، بۆیە بەزووترین كات نوسراویان بۆ بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ سەر كاری پێشویان. 6-بەپێی یاسا كاتێك پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن موچەی شەش مانگیان وەك ئیكرامیە پێدەدرێت كە بڕی (52.000.000) پەنجاو دوو ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی بار قورسی لەسەر ئەندامان دروست نەبێت، پێشنیار دەكەین ئەو بڕە پارەی بەزیادەوە لە موچە وەریانگرتووە لەو ئیكرامیەیە لێیان بگێڕدرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێر و (8) ئەندامی تر بەهۆی ئەوەی لە خولەكانی پێشوو پەرلەمانتار بوونە، ئیكرامیەیان وەرگرتووەو بەپێی یاسا لەم خولەدا ناتوانرێت دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە. 7-لە نزیكترین ماوەدا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خانو و شوقەكانی پەرلەمان رادەست بكەنەوە تا لە ئێستاوە بۆ ئەندامانی خولی شەشەم نۆژەن بكرێتەوەو ئامادە بكرێت. 8- ئەركی هەریەك لە دامەزراوە فەرمیەكانی: (دیوانی چاودێری دارایی)، (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی)یە كە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی هەم یاسای چاكسازی پەرلەمان و هەم بریاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران جێبەجێبكرێت. داواكارین دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارە بەڕێزەكان، بەوانەشەوە كە پەرلەمانیان بەجێهێشتبوو و بایكۆتیان كردبوو، یا ئەو بەڕێزانەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردبوو و دەنگیان لەسەر نەدرابوو، لە زووترین كاتدا ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر، بەپێچەوانەوە ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی چاودێری هەنگاوەكانیان دەكەین، وێرای دەستخۆشی لەوانەی هەنگاوەكە جێبەجێ دەكەن، ناوی ئەو ئەندامانەش بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین كە پەیوەست نەبن بەو یاسایەی خۆیان دەریان كردووە. هەر بۆ بەرچاو روونی بەڕێزیشتان، لە لیستێكی هاوپێچدا بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای چاكسازی كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕدرێتەوە.  لەگەڵ رێزدا وردەكاری خەملاندنی موچەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان كە بە بەپێی یاسا پێویستە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی   بۆ بەرچاو روونی بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە هەمان ئەو ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم خولەی ئێستا پەسەندیان كردووە، لە دوای (6/11/2022)ەوە وەك موچە وەریانگرتووە، پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، خۆی لەم بڕگانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە: 1-ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بریتین لە سێ كەس، بڕی موچەكانیان مانگانە: (سەرۆك: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆك: سیانزە ملیۆن دینار)، (سكرتێر: یانزە ملیۆن دینار)، ئەم سێ بەرێزە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەكانیان دەبێت بە نیوە. واتە بۆ هەر مانگێك: (سەرۆك: حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، كە بۆ شەش مانگ (سەرۆك: چل و پێنج ملیۆن دینار)، (جێگر: سی و نۆ ملیۆن دینار) و (سكرتێر: سی و سێ ملیۆن دینار)، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێكیان بۆ شەش مانگ بە زیادە وەریانگرتووە دەبێ بیگێڕنەوە، دەكاتە (١١٧.000.000) سەد و حەڤدە ملیۆن دینار. 2-موچەی ئەندامان كە مانگانە (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی (51) ئەندامن كە تەمەنیان (45) ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەوانە هەر هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا میچی موچەكەش وەربگرن، موچەی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 50% كە بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینارە، واتە هەر یەكێكیان دەبێ بۆ هەر مانگێك بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەمەش هەر ئەندامێك بۆ شەش مانگ دەبێت (28.700.000) بیست و هەشت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێكڕای (51) ئەندامەكە بۆ شەش مانگ دەبێت (1.254.600.000) یەك ملیار و دوو سەد و پەنجاو چوار ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە.  3-ئەو ئەندامانەی نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار (45) ساڵەوەن، ژمارەیان (49) ئەندامە، موچەی مانگانەیان (8.200.000) هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، موچەی خانەنشینی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 25% كە بڕی (2.000.000) دوو ملیۆن دینارە لە مانگێكدا، بەپێی ئەمەش دەبێت مانگانە (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، واتە هەر یەك لەو ئەندامانە بۆ هەر شەش مانگ دەبێت (43.400.000) چل و سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە. بەمەش كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەر (49) پەرلەمانتارەكە بۆ شەش مانگ بیگیچڕنەوە دەگاتە (1.822.600.000) یەک ملیار و هەشتسەدو بیست و دوو ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار. 4-ئەو ئەندامانەی كە دوای (6/11/2023) سوێندی یاساییان خواردووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری نایانگرێتەوە، (6) ئەندامن، یەكێكیان لە (30/11/2023) سوێندی یاسایی خواردووە، بەپێی ئەمەش ناوبراو موچەی پێنج مانگی وەرگرتووە بۆ هەر مانگێك (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار، كۆی پێنج مانگی دەكاتە (41.000.000) چل و یەک ملیۆن دینار، پێنج ئەندامەكەی تریش لە (15/3/2023) سوێندی یاسایان خواردووە، واتە هەریەكەیان موچەی یەک مانگ و نیویان وەرگرتووە كە كۆی موچەی هەریەكێكیان لەو ماوەیەدا دەكاتە (12.300.000) دووانزە ملیۆن و سێسەد هەزار دینار، كۆی ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە دەبێت بیگێڕنەوە  بۆ خەزێنەی گشتی بریتیە لە (102.500.000) سەد و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار. 5-ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە (1/3/2023) لە پەرلەمان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، كە پێنج ئەندام بوون، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. هەر پێنج ئەندامەكەی یەكگرتوو گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیشیان تەواو بێت و بالاترین موچەی خانەنشینی  وەربگرن، هێشتا دەبێت مانگانە هەر یەكێكیان (4.100.000) چوار ملیۆن و دووسەد هەزار بگێڕێتەوە، كە كۆی گشتی ئەو بڕەپارەیەی بە هەر پێنجیان دەبێت بیگێڕنەوە خەزێنەی گشتی بریتیە لە (82.000.000) هەشتاو دوو ملیۆن دینار. 6-هەریەكە لە پەرلەمانتاران (كازم فاروق) و (عەلی حەمە سالح) كە لە (1/3/2023) نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، ، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. ناوبراوان هیچ كامیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، بۆیە هەریەكەیان مانگانە دەبێت (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، واتە هەر یەكەیان (18.600.000) هەژدە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەپێی ئەمەش بە هەردووكیان و ماوەی سێ مانگ دەبێت (49.600.000) چل و نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 7-بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار. 8-ئەم بڕە پارەیەی دەستنیشانكراوەو پێویستە بگەڕێتەوە تەنها خەملێنراو و گریمانەیە، چونكە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپێی یاسای چاكسازی بچینە ناو وردەكاریەوە، بەشێكی زۆرتر لە ئەندامان مەرجی خزمەتیان تەواو نیە و ئەو موچەی بۆ خانەنشینی ئێمە لێرەدا گریمانەمان بۆ كردووە كەمتر دەبێتەوە. 9-لە حالەتی خەرجكردنی موچەی مانگی مایس كە تا ئێستا نەدراوە، ئەگەر بۆ پەرلەمان خەرج بكرێت، ئەو كاتە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، كە موچەی زیادەی مانگێكی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران دەكاتە (581.600.000) پێنج سەدو هەشتاو یەك ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار، بەپێی ئەمەش ئەو كاتە بڕی (3.976.900.000) سێ ملیار و نۆسەد و حەفتاو شەش ملیۆن و نۆسەد هەزار دینار بە نایاسایی بەهەدەر دەچێت، كە پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 10-هەندێك لەو ئەندامانەی ناڕازیبوون لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێشتر لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لێدوانیان دابوو كەوا لەدوای (6/11/2022)ەوە موچەكەیان وەرنەگرتووە، ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی هیچ بەلگەیەكی فەرمیمان لەبەر دەست نەبووە، هەر بەرێزێك ئەگەر بەڵگەی هەبێت دەكرێ ئاگادارمان بكاتەوە تا بیخەینە روو، بۆ ئەوەی مافی پێشێل نەكرێت. ١١-ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر رایانگەیاندبو گوایە لەدوای (6/11/2022)ەوە مەچەیان وەرنەگرتووە، پرسیارێک دێتە کایەوە ئاخۆ موچەکانیان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی یاخود خراوەتە سەر ئەژمارەکانیان. کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەدواداچونی بۆ بکەن.      


 (درەو):  ئێران داوای لە پارتی‌و یەكێتیی كردووە، هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات چەك بكەن‌و لە دوو ئۆردوگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێرو سلێمانی جێگیریان بكەن، یان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەربكرێن، هەردوولا رەزامەندن، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی داوایان كردووە قاسم ئەعرەجی بچێتە واشنتۆن‌و ئاگاداریان بكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان روبەڕووی فشاری ئەمریكا نەبێتەوە.  دوو مەرج ! رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانیان كرد.  ئەم سەردانە بۆ تاوتوێكردنی دواین رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراق‌و ئێرانە كە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە.  چوار رۆژ لەمەوبەرو بەر لەوەی بچێت بۆ تاران، قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی كرد‌و لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئێران بەڕێكەوت، ئەعرەجی مانگێك پێشتریش بۆ هەمان مەبەست چووە هەولێر.  بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، لە سەردانەكەی تاراندا، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە بەمدواییە لە شوێنی (عەلی شەمخانی) دەستبەكاربووە، دوو داواكاری خستوەتە بەردەم وەفدە ئەمنییە هاوبەشەكەی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن:  •    داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن.  •    داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە.  هیوا ئەحمەد بە نوێنەرایەتی یەكێتیی‌و رێبەر ئەحمەدیش وەكو نوێنەری پارتی گوێیان لە دواین هەڵوێستی ئێران بووە سەبارەت بە چارەنوسی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات‌و بەپێی زانیارییەكان بە داواكارییەكانی ئێران رازی بوون، بەڵام داوایان كردووە پەلەیان لێ نەكرێت. كوردستان لەنێوان تاران‌و واشنتۆندا بەر لە سەردانەكەی تاران، رێبەر ئەحمەد بە قاسم ئەعرەجی راگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتنی كۆنوسی ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئێرانەوە.  سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستاو دوای داواكارییەكانی ئێران، پارتی‌و یەكێتیی داوایانكردووە وەفدێكی ئەمنی عێراق سەردانی ئەمریكا بكات‌و لەبارودۆخەكە ئاگاداریان بكاتەوە، بۆ ئەوەی لەحاڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێراندا، ئەمریكا فشار لە هەرێمی كوردستان نەكات.  هەمان سەرچاوە ئاشكرایكرد، لەسەر داواكارییەكەی پارتی‌و یەكێتیی، بڕیارە  لە چەند رۆژی داهاتوودا قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی واشنتۆن بكات.  هەرێم‌و نیگەرانییەكانی ئێران لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.  بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە.  بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكرد‌و ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی.  كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووەتە لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كرد‌و رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج. موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانی‌و ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە.  ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتی‌و سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراق‌و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوە‌و ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە.  ئێستا پارتی‌و یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بۆیە ئێران زیاتر فشارەكانی لەسەر بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم توندكردوەتەوە.


(درەو)- راپۆرتی رۆیتەرز شازادەی جێنشینی ئوردن دوێنێ بەبۆنەی هاوسەرگیرییەكەیەوە ئاهەنگی سازكرد، ئاهەنگێك كە تەماشاكەرێكی زۆری هەبوو، سەركردەكانی ئەو وڵاتە ئومێدەوارن ببێتە هۆی بەهێزكردنی هاوپەیمانێتییە ناوچەیی‌و جیهانییەكانیان.  سەركردەكانی ئوردن لە مێژە وەك پایەیەكی سەقامگیری لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا، لە پاڵپشتی خۆرئاوا بەهرەمەند بوون.  شازادە حسێن (28 ساڵ) كە شا عەبدوڵای باوكی لە ساڵی 2009وە وەكو شازادەی جێنشین دیاریكردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ (رەجوە ئال سەیف)ی (29 ساڵ)دا كردووە كە كچە تەلارسازێكی سعودیە‌و نەوەی خێزانێكی گەورەیە‌و خێزانەكەی  پەیوەندییان لەگەڵ خێزانی دەسەڵاتداری سعودیەدا هەیە.  ئوردن لەمێژە بۆ پاڵپشتی ئابورییەكەی پشت بە خۆرئاوا دەبەستێت، بەجۆرێك گەورەترینی ئەو وڵاتانەیە كە یارمەتیی لە ئەمریكا‌و ئەوروپا وەردەگرێت، چاودێران هیواخوازن هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین ببێتەهۆی نزیكبوونەوە لەگەڵ سعودیەدا‌و قورساییەكی ناوچەیی دروستبكات.  محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەشداری لە ئاهەنگەكەدا نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەوپێی قسەی بەرپرسانی ئوردنی چاوەڕان دەكرا بەشداری بكات. بەڵام مێزی خوانەكە پڕبوو لە ئەندامانی خێزانە شاهانەكان لە ئەوروپا‌و ئاسیاو كەسایەتییە دیارەكانی ئەمریكا لەنیویشیاندا جیل بایدن خانمی یەكەمی ئەمریكا، هەروەك هەریەكە لە شازادە ولیام شازادەی بەریتانیا‌و خاتوو (كەیت)ی هاوسەریشی بەشداربوون.  دواین چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیان، دواین سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ئوردن ساڵێك لەمەوبەر بوو، ئەمەش لەكاتی خوێدا ئومێدی ئەوەی زیندووكردەوە سەردانەكەی ببێتە هۆی باشكردنی پەیوەندییەكان‌و كردنەوەی دەرگا بەڕووی پاڵپشتی زیاتری ئابوری. هەروەك هاوسەرگیرییەكە هەنگاوێكی گرنگیشە لەبەردەم شازادە حسێندا بە ئاڕاستەی وەرگرتنی تەختی پادشایەتیی، بەرپرسان‌و ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانن دەڵێن شا عەبدوڵا هەست بە دڵنیایی دەكات كە ئێستا سەقامگیری وڵاتەكەی زیاتر جێی خۆی دەگرێت. شا عەبدوڵا ساڵی 2004 زڕبرای بچوكەكەی (شازادە حەمزە)ی لە شازادەی جێنشینیی خست، دواتریش شازادە حەمزە تۆمەتباركرا بە پلانگێڕیی بۆ لادانی پادشا لە پیلانێكدا كە لە دەرەوەی وڵاتەوە رێكخرابوو، بەڵام سەرباری ئەمەش ئوردن ئەو ئاڵۆزییانەی بەخۆوە نەبینی كە بووە هۆی لادانی زۆرێك لە سەرۆك‌و سەركردەكانی ناوچەكە، تاڕادەیەكیش لەو نائارامییانە دەربازی بوو كە ناوچەكە لە دەیەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی.  تاج لە چەند ساڵی كەمی رابردوودا، شازادە حسێن كە دەرچووی زانكۆی جۆرج تاونی ئەمریكا‌و ئەكادیمیای شاهانەی (ساندهێرست)ی سەربازییە، بەشێوەیەكی زیاتر ئەركەكانی پادشای داهاتووی وڵاتی گرتووەتە دەست، وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 11 ملیۆن كەس. شازادە حسێن چاوی بە سەركردەكانی جیهان كەوتووە، لەوانە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مانگی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی لوتكەی عەرەبی لە شاری جەددەی سودیە، شانبەشانی باوكی رۆیشت بۆ ئەوەی سڵاو لە شازادەی جێنشینی سعودیە بكات، شازادە حسێن بەبەردەوامی دەبینرێت سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئۆرگانە حكومییەكان دەكات.  بەگوێرەی نەریتی خێزانی هاشمی، ئاهەنگە گشتییەكان لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە شازادە حسێن‌و هاوسەرەكەی لە كۆشكی زەهران لە عەممان، گرێبەستی هاوسەرگیرییان دەبەستن.  دەیان هەزار كەس لە خەڵكی ئوردن لەسەر ئەو شەقامە ریزیان بەست كە كاروانی بوك‌و زاواكە بە ئۆتۆمبیلێكی سپی كراوەی رەنج رۆڤەر پێیدا تێپەڕی، تا گەیشتە كۆشكی حسەینییە بۆ ئامادەبوونی لە خوانی فەرمیدا لەگەڵ سەدان میوان.    سەرباری كەموكورتییەكانی سیستەمی پادشایەتیی، زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئوردن دەڵێن پێیان باشە ئەم سیستەمە لە وڵاتەكەیان بەردەوام بێت، بۆ ئەمەش ئاماژە بە ساڵانی ململانێ لە عێراق‌و سوریا دەكەن وەكو دوو وڵاتی دراوسێ.  عالیە ئیبراهیم كە مامۆستایە لە خوێندنگەیەكی تایبەت لە عەممان دەڵێ، بەڵای ئەوانەوە خێزانی هاشمی زامنی ئارامی وڵاتن. خواستی واشنتۆن بۆ هاوپەیمانێكی سەقامگیر لەناوچەیەكی پڕ لە ئاڵۆزیی بەو مانایە دێت كە دەبێت چاو لە چاكسازییە دیموكراسییەكانی ئوردن دابخات كە بەشێوەیەكی هێواش بەڕێوەدەچێت، هەروەك دەبێت چاوی خۆشی كوێر بكات لە تۆماری خراپی ئوردن لەبواری مافەكانی مرۆڤدا. ئەمریكا لە ئوردن چەندین بنكەی سەرباری هەیە‌و لەوێ بەشێوەیەكی سیستماتیك راهێنانی هاوبەش ئەنجام دەدات.  ئابوری شانشینی ئوردن دوای چەندین ساڵ لە خاوبوونەوەی گەشە‌و بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاریی، بەشێوەیەكی هێواش گەشە دەكات، ئەمەش لەچوارچێوەی نوێترین پرۆگرامی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە.  لەگەڵ ئەوەشدا، لەژێر فشاری خراپی دۆخی بژێویدا، ساڵی رابردوو زۆرێك لە خەڵكی ئوردن رژانە سەر شەقامەكان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، ئەم خۆپیشاندانانە گرژی‌و كوژراوی بەدوای خۆیدا هێنا.  هەندێكیش رەخنەیان لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین هەیە، وەكو بەهەدەردانی سامانی گشتی ناوی دەبەن، لەنێو ئەوانەدا عەبدوڵا فایز كە سەربازێكی خانەنشینە‌و لە یەكێك لە گەڕەكەكانی دەوروبەری عەممان بە پاشەكەوتێكی كەم دەژی، دەڵێ:" چۆن هەست بە خۆشبەختی بكەین كە بۆ باشكردنی ژیانی رۆژانەمان تێدەكۆشین؟ ئەمە ئاهەنگی هاوسەرگیری شازادەیە نەك ئاهەنگی ئێمە".   


 درەو: راپۆرتی پێگەی (الطاقة) تائێستا قەیرانی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەجێی خۆیەتی, دوای تێپەڕبونی بە كۆمەڵێك ئاڵۆزیدا, كە دیارترینیان, هەڵبژاردنەكانی توركیاو هەوڵەكانی ئەنقەرەیە بۆ سازشكردن بەلایەنی عێراقی و كۆتابهێنان بە سزایەی دادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس بەسەر توركیادا سەپاندی, كە بە بڕەكەی (1)ملیارو (471) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی (1973)ی نێوان عێراق و توركیا.  بەگوێرەی دەقی رێككەوتنەكە, كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ" هەژموونی تەواوەتی دەبێت بەسەر ناردنی نەوت لەڕێی هێڵی عێراق_توركیا, كە توركیا لەساڵی (2014)دا, پێشێلی ئەمەی كرد, كاتێك رێگەیدا نەوتی هەرێم بەبێ‌ رەزامەندی بەغداد هەناردەبكرێت.  نەبیل مەرسومی پسپۆڕی نەوتیی عێراقی دەڵێت: زیانەكانی عێراق لەئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركوك لەماوەی دوو مانگی رابردودا, بە نزیكەی (2)ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی راگرتنی زیاتر لە (470)هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە, كە لەو كێڵگانەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكران, لەڕێی بەندەری جەیهانەوە. كەمكردنەوە لەبایەخی بڕیاڕی ناوبژیوانی  مەرسومی لەلێدوانەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات, هەندێك لایەنی توركی هەوڵدەدەن لەبایەخی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی كەمبكەنەوە, پێشبینیشی كردووە, لەكۆتایدا لایەنی توركی ملكەچی بڕیاڕەكەی دادگا ببێت, بەڵام لەگەڵ هەندێك دەستی دەستی كردن, بۆ فشاركردن لەعێراق لەپێناو بەدەستهێنانی سازشكردن.  ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت پێشیوایە, سێ‌ هۆكار هەن توركیا ناچاردەكەن پابەندی بڕیاڕەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ببێت: یەكەم: بڕیارەكانی دادگای كۆتایی و پابەندكەرن و دەبێت جێبەجێبكرێن لەلایەن هەردوو لایەنی ناوبژیوانیەكە.  دووەم: هەوڵی توركیا بۆ ئەوەی رێڕەوێكی ئارام و باوەڕپێكراوی هێڵی بۆری نەوت و غازبێت, كە ئەوەش وادەكات گوێڕایەڵبوونی بۆ بڕیارەكانی ناوبژیوانی و جێیەجێكردنی كارێكی گرنگ بێت بەو ئاڕاستەیە. سێیەم: توركیا لەو وڵاتانەیە كە واژوی لەسەر رێككەوتنی لیستی وزە كردووە, كە تێپەڕبونی بۆری نەوت و غاز و ناوبژیوانیكردن لەباریەوە, گرنگترین خاڵەكانێتی.  هەوڵەكانی توركیا بۆ فشاركردن لە عێراق دكتۆر نەبیل مەرسومی دەڵێت: حكومەتی توركیا لە ئێستادا بە هەموو توانایەوە كاردەكات بۆ سود وەرگرتن لەڕێككەوتنی پێشوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئەو سزایەی سەپاوە بەسەریدا بیخاتە ئەستۆی هەرێم, رەنگە رێككەوتنێكی نا راگەیەندراویش هەبێت لەنێوان حكومەتی توركیاو هەرێم لەو بارەیەوە. دەشڵێت: توركیا هەواڵی سازشكردن بە عێراق دەدات, لەنمونەی كەمكردنەوەی قەبارەی سود لەسەر ئەو پارەی قەربووەی بڕیارە بیدات بەعێراق, یاخود زامنكردنی بەردەوامیی ئەو پارە زۆرەی كە لەهەرێمی كوردستانی وەردەگرت وەك (رسومات)ی تێپەڕبونی نەوت, پێش دەرچونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی و نەگەڕانەوەی بۆ رسوماتەكانی پێشوو, كە (1)دۆلارو (12)سەنت بووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی عێراق كە بە بۆری توركیادا تێپەڕیووە. توركیا رەنگە پەنابباتە بەر راكێشانی بۆریەكی نوی لەخاكی توركیاوەو تەرخانی بكات بۆ نەوتی هەرێم, كە ملكەچی رێككەوتنی ئێستای هێڵی بۆری نەوت نەبێت لەگەڵ عێراق, ئەنقەرە هەوڵی ئەوەش دەدات بانكێكی توركی بۆ گلدانەوەی داهاتی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم دیاریبكات, یاخود بۆری نەوت لەڕێی سوریاوە رابكێشێت.   بەوتەی ئەو پسپۆڕە, رەنگە عێراقیش هەوڵی زیندوكردنەوەی هێڵی كەركوك و بەنی یاسر بدات, بەڵام توركیا هەوڵی دروستكردنی بەربەست دەدات بۆی, بگرە ئەگەر هەیە پەناش ببات بۆ بەكارهێنانی شێوازی تری فشاركردن لەسەر عێراق, كە رەنگە سیاسیبێت, یاخود لەڕێی دۆسیەی ئاوەوە. هەڵبژاردنەكانی توركیا مەرسومی رونیدەكاتەوە, هەڵبژاردنی توركیا رۆڵی هەبوو لەدواخستنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان, بەهۆی ئەوەی ئەم دۆسیەیە لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوو, كێ‌ دەچێتە كۆشكی كۆماری و بۆچونی بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی چۆن دەبێت.  توركیا لەهەوڵی دیراسەكردنی ئەو زیانانەشدایە كە بەر هیڵی بۆری نەوتی عێراقی توركی كەتووە, بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی زستانی ئەمساڵ لەو وڵاتەی دا, بڕوای خۆشی پیشانداوە بەوەی حكومەتی داهاتوی توركیا, بتوانێت چارەسەری قەیرانی نەوتی كوردستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق.  ئەو پسپۆڕە عێراقیە ئاماژەی بەوەشداوە, كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەست بەغداددایە, لەپێشیانەوە, گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ پاڵاوتگەكانی باكور, بەتایبەت كەركوك و زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەباشورەوە. مەرسومی جەختیشكردووە: عێراق لەئێستادا پارەیەكی زۆر لەدەستنادات بە بەراورد بەو بڕەی لە بودجە بڕیاری لێدراوە, بەهۆی كۆتوبەندەكانی (ئۆپێك+) كە پشكی بەرهەمهێنانی عێراقی بە رێژەی (430) بەرمیلی رۆژانە كەمكردووەتەوە, ئەوەش وایكردووە هەناردەكردنی نەوتی عێراق هاوتای ئەو ژمارانەبێت كە لەبودجەدا هاتووە.  ئومێدی خۆشی پیشانداوە بەوەی, ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بگاتە زیاتر لە (3) و (700)هەزار بەرمبل نەوتی رۆژانە, دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان. مەرسومی ئاشكراشیكردووە: عێراق لەئێستادا هەوڵی زیندوكردنەوەی سێ‌ هێڵی نوێ‌ دەدات, لەوانە: - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا. - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە. - خستنەكاری بۆری نەوتی بەسرە_عەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.  هەروەها هەوڵی پەرەدان بەتوانای هەناردەكردن دەدات لەڕێی ئاوەوە, لەپێناو زیادكردنی بڕێكی زۆرتر لەهەناردەكردنی نەوت, یەتایبەت دوای بەردەوامبونی راگرتنی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە. سەرچاوە: پێگەی الطاقة


 (درەو): مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكرێتەوە، نایەوێت ئەمە ببێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دادگایە بڕیاری تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، مەسرور بارزانی داوا دەكات تا دوای پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگا یەكلانەكاتەوە، نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ ئەوەدایە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە بكرێت‌و كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات "هەڵبژاردنی پێشوو كۆمسیۆنی عێراق كردی و پارتی زۆرترین دەنگ و كورسی هێنا".    بارزانی دژی بڕیارەكەی دادگایە ! دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، جێگرانی سەرۆكی پارتی (نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی) بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا.  ئەم كۆبونەوەیە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی سور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوەببات، ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دانیشتنی رۆژی 22ی مانگی رابردووی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان هەڵوەشاندوەتەوە.  (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان رەتبكرێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی داوایكردووە، پەلە نەكەن لە وەڵامدانەوەی توندی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بودجەی 2023ی عێراق پەسەند دەكرێت‌و پشكی هەرێم تێدەپەڕێت، لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگادا بكرێت، بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە كە هەڵبژاردنەكانی پێشتری هەرێمی كوردستان هەر لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە بەڕێوەبراوە‌و پارتیش براوە بووە. ئەگەر پارتی بۆچونەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەند بكات‌و مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكات، دەبێت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بە فەرمی نوسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات‌و تێیدا داوایان لێ بكات لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن.  بەڵام لەبەرامبەردا، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی وای دەبینێت ئەگەر پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببن، بۆ هەموو كەیسێكی تر دادگاكە بڕیاری خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت‌و ئەمە دەبێت بە بنەما، بەتایبەتیش كە پێشتر لە بەیاننامەیەكدا خۆی دادگاكەی بە (محكمە الپورە)ی پێشووی بەعس ناوبردووە. یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە بوو، جارێ بەرپرسانی پارتی خۆیان لە هەر لێدوانێك سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بپارێزن تا ئەوكاتەی پارتی بەتەواوەتی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە.  پارتی پابەند دەبێت ؟ پێشبینی دەكرێت، دوای تێپەڕینی بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەكلابكاتەوە. دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی، ئەمڕۆ فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان پرس‌و راوێژی لەگەڵ سەرۆكی دادگا كردووە.   لەلایەكی ترەوە، پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی  وا دەكات لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان جارێكی تر نەتوانێت لە هیچ بارودۆخێكدا تەمەنی پەرلەمان درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە 31 ساڵی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆیی‌و ناكۆكییە سیاسییەكانەوە (8) جار تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، هەر  جۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی پەرلەمان بەواتای درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەتیش دێت، چونكە سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت. 


شیكاری: درەو: # لە ساڵی (1992) (ملیۆنێک و 112 هەزار) کەس مافی دەنگدانی هەبووەو یەکێتی (423 هەزار) دەنگی بە ڕێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە. # لە دواهەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (3 ملیۆن و 486 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی (215 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (17%)ی کۆی گشتی دەنگدەران،  لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، واتا لە نێوان 1992 -2021 یەكێتی بەنزیكەی (50%)ی دەنگەكان كەمیكردووە # ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادیان کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بە ڕێژەی (49%) کەمی کردووە. # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%60) دەنگی بەدەستهێنابوو، لە دوایین هەڵبژاردندا (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (32%) بەڵام لە (8%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە . # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە هەولێر (148 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (44%)، لەدوایین هەڵبژاردندا یەکێتی  لە هەولێر (65 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (15%) بەڵام لە (4%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە  # لە دوای ساڵی (1992)ەوە لە هەرێمی کوردستان (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووەو یەکێتی بەشداری سەرجەمیانی کردووە. # یەکێتی (3) جار بە شێوەی هاوپەیمانی و (9) جار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە.    پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا پوختە؛ لە ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، بەڕێوە چووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشداری کردووە، کە لە (9) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (3) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک نەیتوانیوە بە هەمان ئاست ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە، بەڵکو بە ڕێژەیەکی گەورە دەنگەکانی دابەزیوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو (ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (423 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەران.  بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بە ڕێوەچوو، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی كوردستان توانیویەتی تەنها (215 هەزارو 316) دەنگ بەدەستبهێنێت بەرێژەی (6%)ی کۆی گشتی دەنگدەران. بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادی کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (49.2%)ی دەنگەکانی کەمی کردووە ، (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))، لە خوارەوە پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنە گشتییەکان ڕوونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1) پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا چارتی ژمارە (1) تێبینی؛ لە خولی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێتی لەگەڵ لایەنی دیکە لە هاوپەیمانیدابووە، بۆیە ژمارەو ڕێژەی دەنگەکانی ئاماژەی پێ نەدراوە. یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2.    ( ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (971 هەزارو 593) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (87%). 4.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان زەحمەتکێشان لە لیستێکدا بەشداریان کردوو (423 هەزارو 833) دەنگیان بەدەستهێنا. -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%59.9) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (148 هەزارو 352) دەنگ بەرێژەی (44.4%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (15 هەزارو 148) دەنگ بەرێژەی (7.7%) -    دەنگی یەکێتی لە سنوری كەركوك (53 هەزارو 129) دەنگ بەرێژەی (60.3%) چارتی ژمارە (2) دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 753  هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4.    سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان) بەشدار بوون كە (ملیۆنێك و 570 هەزارو 663) دەنگیان بەدەستهێناو (104) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/ 2005 بەڕێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 5.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (765 هەزارو 544) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (485 هەزارو 718) دەنگ بەرێژەی (65.9%)  -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (244 هەزارو 343) دەنگ بەرێژەی (37.7%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (35 هەزارو 483) دەنگ بەرێژەی (9.3%) چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 753  هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4.    سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن  و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3.    (ملیۆنێك و 876  هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%) 4.    یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی لێستێكدا بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كردوو (ملیۆنێك و 76 هەزارو 370) دەنگیان بەدەستهێناو (59) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/ 2010 بەڕێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.8%) 4.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (396 هەزارو 237) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (237 هەزارو 379) دەنگ بەرێژەی (28.47%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (124 هەزارو 632) دەنگ بەرێژەی ( 18.3%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (34 هەزارو 226) دەنگ بەرێژەی ( 8.06%) چارتی ژمارە (4) حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2.    (2 ملیۆن و 803 هەزارو 283) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 950  هەزارو 130) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.     یەکێتی نیشتمانی كوردستان (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێناو (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو 2.    ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78%). 4.    یەکێتی نیشتمانی كوردستان (500 هەزارو 410) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (294 هەزارو 265) دەنگ بەرێژەی (33%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 688) دەنگ بەرێژەی (23%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (37 هەزارو 457) دەنگ بەرێژەی (7%) چارتی ژمارە (5) نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان  1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2.    ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (80%) 4.    یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (528 هەزارو 122)دەنگی بەدەستهێنا ، بە جۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (318 هەزارو 723) دەنگ بەرێژەی (35.2%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 603) دەنگ بەرێژەی (22%) -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (40 هەزارو 796) دەنگ بەرێژەی ( 8.1%) چارتی ژمارە (6) دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2.    (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (ملیۆنێك و 795 هەزارو 686 ) كەس دەنگیاندا  4.    یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (364 هەزارو 638) دەنگی بەدەستهێنا. بەجۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (259 هەزارو 378) دەنگ بووە. -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (79 هەزارو 745) دەنگ بووە. -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 215) دەنگ بووە. چارتی ژمارە (7) یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1.    هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2.    ( 3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3.    (1 ملیۆن و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59%) 4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێنا و (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1.    هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو 2.    (3 ملیۆن و 486 هەزارو 787) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3.    (1 ملیۆن و 232 هەزارو 897 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.4%) 4.    یەکێتی نیشتمانی كوردستان (215 هەزارو 316) دەنگی بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ -    دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (124 هەزارو 414) دەنگ بەرێژەی (31.6%) -    دەنگی یەکێتی  لە پارێزگای هەولێر (65 هەزارو 862) دەنگ بەرێژەی (14.8%) -    دەنگی یەکێتی  لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 40) دەنگ بەرێژەی (6.3%) چارتی ژمارە (8) * هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە ساڵی 2000 لە دەڤەری سلێمانی و لە 2001 لە دەڤەری هەولێر بەڕێوەچوو


(درەو):  دوو رۆژ بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تێپەڕیوە، چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێم هێشتا بێدەنگن، ئەمڕۆ سەرۆكی دادگای فیدراڵی بە فوئاد حسێنی وتووە: با سەرۆكی هەرێم داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات.  فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، ئەمڕۆ سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی كرد. ئەم سەردانە دوای دوو رۆژ دێت لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. دوای سەردانەكەی، لەوتەیەكی كورتدا فوئاد حسێن وتی: باسی هەڵبژاردنمان كردووە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتووە: كوردستان بە چ شێوازێك هەڵبژاردن بكات، سەرۆكی دادگای وەڵامی داوەتەوە كە بڕیاری دادگا روونە‌و دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات. ماوەی دوو رۆژە دادگای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان وەكو ئەندامی پەرلەمان چالاكی دەكەن‌و وێنەی خۆیان بڵاودەكەنەوە.  تائێستا چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت، ئەنجومەنی دادوەریی) هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەكردووە‌و دیار نییە هەرێم پابەند دەبێت بە بڕیارەكەوە یاخود نا.  لە ئەگەری پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، واتا سازدانی هەڵبژاردن لەرێگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانەوە، كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم روبەڕووی كێشەی یاسایی دەبێتەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ‌و وا لێكدەدرێتەوە حكومەتێكی ناشەرعییە، چونكە پێچەوانەی رێوشوێنەكانی دادگای فیدراڵی دروستبووە.    جگە لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم، پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی ناكۆك لەبارەی هەڵبژاردن، هێشتا هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن پارتی لە بڕیارەكە نیگەرانە، بەڵام نایەوێت لەم كاتەدا هیچ قسەیەك بكات بۆ ئەوەی كێشە بۆ تێپەڕبوونی پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراق دروست نەبێت.  یەكێتیش خۆشحاڵە بەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، چونكە بەمدواییە دادوەرێك كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق كە لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە.  نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكردووە، رۆژی 6ی هەمان مانگ بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە یەككاتدا هەردوو هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات، بەڵام دوێنێ سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقدا وتی:" لەڕووی هونەرییەوە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنەكە لەیەككاتدا بەڕێوەببەن"، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەش مانگ دواتر دوادەكەوێت‌و دەكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتووەوە.  پارتی و یه‌كێتیی سه‌رباری ئه‌وه‌ی رۆژی 22ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان چوونه‌ ناو شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌و شه‌ڕی میدیاییه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وكاتانه‌ی كه‌  قوباد تاڵه‌بانی و تیمی یه‌كێتیی له‌ كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت كشانه‌وه‌، هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كانیان توشی دابڕان نه‌بووه‌، ئه‌مڕۆ پارتی له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستی پیرۆزبایی یادی دامه‌زراندنی له‌ یه‌كێتیی كرد، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌ك هه‌ردوولا له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن كۆكن، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان نایه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی بگرێته‌ئه‌ستۆ.  له‌حاڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردندا، تا ساڵی داهاتوو پارتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌مێنێت، یه‌كێتیی كه‌ ته‌نیا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئه‌م پۆسته‌شی به‌ده‌سته‌وه‌ نامێنێت و به‌ته‌نیا چاوی له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێت كه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌باره‌ی ئیداره‌دانی داهات و خه‌رجیی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی كردویه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتیی بۆ ناو كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت. 


 (درەو):  وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی  نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و  288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.


راپۆرتی: گۆران دوكانی- ئەمریكا "بەشی یەكەم" "پێشەكی"  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەكان گرنگترین ووڵاتی ستراتیژی سەرئەم زەمینەیە بۆ دروستكردنی لۆبی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی و فەرهەنگی و كەلتوری، بەڵام كورد لەمەشدا نەیپێكا! زۆرینەی كوردەكان لەنزمترین ئاستی ئەم ووڵاتە عوزمایەدا دەژین! "كورد لەكوێی ئەمەریكا دەژی؟" بەپێی زانیاریەكانی ماڵپەڕی The Tennessean نزیكەی 20 هەزار كورد بەتەنها لەشاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی دەژین، ئەمەش گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی كوردە Kurdish Community لە ئەمەریكادا ئەمە جگە لەشارەكانی دیكەی ویلایەتی تێنسی وەك شارەكانی مێمفس و ناكسڤێڵ و...هتد، شاری ناشڤێڵ كە بە كوردستانی بچووك Little Kurdistan ناسراوەو ماوەیەك لەمەوبەر بە دەستەخوشكی شاری هەولێریان ناساند، ناشڤێڵ پایتەختی ویلایەتی تێنسیەو هاوكات گەورەترین شاری ویلایەتەكەشە، بەڵام شاری ناشڤێڵ لەسەر ئاستی ئەمەریكادا 40هەمین شاری گەورەیە كەژمارەی دانیشتونی 1,315,000 كەسە بەپێی تازەترین ئاماری ساڵی 2023. ئەوەی پێویستە بیزانین شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی كە گەورەترین ڕەوەندی كوردی لێیە لە كوێی پێشكەوتنەكانی ئەمەریكادایە؟ "ئابووری" شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری لەڕوی ئابووریەوە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی Gross Domestic Product (GDP) یەكێكە لەو شارە ئابووری لاوازانەی ئەمەریكا كە لەڕیزبەندی ژمارە 29دایە، واتا نزمتر لە 50% بەمانایەكیتر لەكۆی 50 ویلایەت و شارو ناوچەی دیكەی ئەمەریكا 28 شوێنی باشتر لەڕوی ئابووریەوە لە شاری ناشڤێڵ هەیە. "كەلتووری" ویلایەتی تێنسی كە زۆرترین كورد لێ نیشتەجێیە خودی ئەمەریكیەكان خۆیان بە بەشێكی دانیشتوانی ئەم ویلایەتە دەڵێن هێڵبیڵی Hillbilly واتا خەڵكی شاخاوی و دەشتەكی دواكەوتو (هەرچەند ئەم وشەیە  نیگەرانیەكی زۆری لای بەشێك لە خەڵكی ئەمەریكا دروست كردوە) "هێڵبیڵیەكان كێن؟" هیڵبیلی Hillbilly زاراوەیەكە (زۆرجار سووكایەتیپێكردنە) بۆ ئەو كەسانەی كە لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەكانی ئەمریكادا دەژین، بە پلەی یەكەم لە ناوچەی ئەپالاچین. لەگەڵ كۆچكردنی خەڵك بۆ دەرەوەی ناوچەكە لە سەردەمی خراپیی ئابووریی گەورەدا، ئەم زاراوەیە لەگەڵ ئەوان بەرەو باكوور و ڕۆژئاوا بڵاوبووەوە. سەرچاوە: "ویكیپیدیا" تێبینی/ ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ دەكەونە ناوچەی ئەپالاچینەوە كە ژمارەیەك لە هێڵبڵیەكانی تیادە دەژین. هەروەها ویلایەتی تێنسی یەكێكە لەو ویلایەتانەی ئەمەریكا كەخەڵكانێكی Redneck ڕێدنێكی تێدا دەژی بەتایبەت شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری. "بەكێ دەوترێت ڕێدنێك؟" مل سوور یان گەردن سوور Redneck زاراوەیەكی سووكایەتیپێكردنە بە شێوەیەكی سەرەكی، بەڵام بە تایبەت نییە، بۆ ئەمریكییە سپی پێستەكان بەكاردێت كە بە چەقۆكێش و نائاسایی هەستیان پێدەكرێت، پەیوەندییەكی نزیكیان بە سپیپێستە گوندنشینەكانی باشووری ئەمەریكاوە هەیە. ڕەنگە مانای ئەوان لە سووتاوی خۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت كە لەسەر ملی جووتیاران دۆزرایەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. سەرچاوە: "ویكیپیدیا" "گروپە كوردە مافیاكەی شاری ناشڤێڵ" نەتەوەكانی دیكەی جیهان كە لەئەمەریكادا دەژین جگە لەوەی داهێنان و پێشڤەچون بەخۆیانەوە دەبینن هاوكات كاردەكەن بۆ پێكەوەژیان و ڕاهاتن لەناو ئەو ژینگە هەمەجۆرە سیاسیە، ئابووریە، كەلتوریە، فەرهەنگیەی ئەمەریكادا كەچی لەم شارەی ئەمەریكا كە زۆرترین ڕێژەی كوردی لێ نیشتەجێیە كۆمەڵێك چەتەو مافیای گەنجی كورد نازناوی كوردیان لای ئەمەریكیەكان بەگشتی و خەڵكی ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ ناشرین كردبوو بە دروستكردنی گروپێكی مافیای كوردی بەناوی (باندی شانازی كورد) Kurdish Pride Gang كە كاری ئەم گروپە كوشتن و چەتەو دزێتی و ڕێگری بوو بەرامبەر خەڵكی شارەكە، تاكو لەم ساڵانەی دوایدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران. لەهەمووشی سەیرتر بەشێك لەكوردەكانی شاری ناشڤێڵ شانازیان بەم تاقمە چەقۆكێش و مافیایەوە دەكرد. ببینن گەورەترین ڕۆژنامە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا (نیویۆرك تایمز) چی دەربارەی ئەم گروپە مافیا كوردەی شاری ناشڤێڵ دەڵێت: "دوای زنجیرەیەك تاوانی گەورەو خۆكوشتنی تۆمەتبارێكی هەرزەكار و چوار دەستگیركردنی پەیوەست بەهەوڵی كوشتنی پۆلیسێك، باندی شانازی كورد بووەتە مایەی شەرمەزاری و بێزاری قووڵ!" "سەلامەتی" بەشێك لەشارەكانی ئەمەریكا هەر لەكۆنەوە بەشاری تاوانكاری ناسراون و بۆ ژیان كردن سەلامەت نین هەربۆیە گرنگە لەئەمەریكادا ئەو شارەی لێی دەژیت لەڕووی تاوانەوە شارێكی سەلامەتبێت هەروەك خودی ئەمەریكیەكان خۆیان شوێنی نیشتەجێبون و تەنانەت لە ئیش و كاروباری ڕۆژانەشدا بۆهەر شتێك دەڵێن: سەلامەتی پێش هەرشتە First Safety بەڵام لەویلایەتی تێنسیدا لەدوای شاری ناشڤێڵ شاری مێمفس دووەم شاری گەورەی ویلایەتەكەیە كەبەشێك لە كوردەكانی ویلایەتی تێنسی جگە لەشاری ناشڤێڵ لەشاری مێمفێس دەژین، لەكاتێكدا شاری مێمفێس بەپێی داتاكانی تاوان لە ساڵی 2023دا دووەمین شارە لەسەر ئاستی هەموو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا كە زۆرترین ڕێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت!، شاری ناشڤێڵیش لەسەر ئاستی 100 ترسناكترین شاری ئەمەریكادا كە تاوانیان تێدا ئەنجام دەدرێت لەڕیزبەندی ژمارە 45دایە!، تەنانەت لە هەردوو شارە گەورەكەی ویلایەتی میزۆریشدا (سانت لیویس و كەنساس سیتی) كە ژمارەیەك كوردی زۆری لێ نیشتەجێیە بەڵام ئەم دوو شارە لە پلەی پێنجەم و شەشەم ترسناكترین شاردان لەسەر ئاستی هەموو ئەمەریكادا. "پرسیار" ئێستا زانیمان گەورەترین ڕەوەندی كوردی لەكوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا دەژین، لەكاتێكدا باسی نەتەوە ڕۆشنبیرو پێشكەوتوەكانی دیكەی جیهان ناكەین كە لەئەمەریكادا دەژین تەنها باسی چەند نەتەوەیەكی جیهانی سێهەم (هەژارنشین) دەكەین، بۆ نموونە: گەورەترین ڕەوەندی نیپاڵی و بەنگلادیشیەكان لە ئەمەریكادا لە شاری نیویۆرك سیتیە! گەورەترین ڕەوەندی ڤێنزویلیەكان لەشاری مەیامیە، گەورەترین ڕەوەندی فلیپینی لەشاری دایڵی كالیفۆرنیایە، تەنانەت گەورەترین ڕەوەندی ئەفغانی لەشاری فریمۆنتی كالیفۆرنیایە كە بەدووری تەنها 25 خولەك دەكەوێتە نێوان هەردوو شاری سان فرانسیسكۆی ناسراو بە شاری ئایتی لەسەر ئاستی جیهان و  دۆڵی سلیكۆن Silicon Valley كە دەكەوێتە شاری سان هۆزەی شوێنی دامەزراوە تەكنەلۆجیاكانی جیهان و گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە نموونەی گوگڵ و ئەپڵ و فەیسبووك و یاهۆو ئەمەزۆن و تێسڵاو سەنتەری زانكۆی ستانفۆردو سەنتەری توێژینەوەی ناسا. تەنانەت توركەكان گەورەترین ڕەوەندیان دەكەوێتە شاری پاترسنی ویلایەتی نیوجەرسی كەتەنها 22 مایەڵ لە سەنتەری بازرگانی جیهانی نیویۆركەوە دورە!، فارسەكانیش گەورەترین ڕەوەندیان لەشاری لۆس ئەجڵیسی ویلایەتی كالیفۆرنیایە.   سەرچاوەكان: - ماڵپەڕی The Tennessean - ماڵپەڕی Macrotrends - ماڵپەڕی Wikipedia  - ماڵپەڕی The New York Times  - ماڵپەڕی World Population Review  


 درەو: بڕیارە رۆژی 11/6/2023 دادگای فیدراڵی لە سەر سكاڵاكانی یەكێتی كۆببیـَتەوە كە تایبەتە بە پرسی (كورسی كۆتاكان، سیستمی هەڵبژاردن و یەك بازانەیی، تۆماری دەنگدەران) لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەكێتی لە رێگەی سەرۆكی فراكسیۆن و بریكارنامەكانیەوە ژمارەیەك سكاڵای لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە، كە تایبەتن یاسای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان:  -    كورسی كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان  -    تۆماری دەنگدەران و سیستەمی تۆماری پەڕاوی -    سیستەمی هەڵبژاردن و یەك بازنەیی لە هەرێمی كوردستان بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی 11/6/2023 دانیستنی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایانەی یەكێتی بەڕێوەبچێت. دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاندو بە نادەستوری لەقەڵەمدا، هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی بە پوچ ناوبرد كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراون.   


 (درەو): تائێستا سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەدایە، ئەمڕۆش بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كۆدەبێتەوە. دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و هەموو بڕیارو یاساكانی پەرلەمانی لەو ماوەیەی كە تەمەنی درێژكردووەتەوە بە پوچه‌ڵ و هەڵوەشاوە ناوبرد. پێشتر دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێكی لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، لە 15ی شوباتی 2022 بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و نایاساییبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو پێیەوەو نەوتی رانەگرت تا بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس ده‌رچوو، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی راگرت، دواتر لە 25/1/2023 دادگای فیدراڵی بڕیاری نایاسایبوونی ناردنی پارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دەركرد، ئەوكات مەسعود بارزانی دادگای فیدراڵی بە (محكمة الثورة)ی رژێمی پێشووی ناوبردو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمیش بەیاننامەیان لە دژی دەركرد. تائێستا سەرۆكایەتییەكانی (هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، دادوەریی) هیچ لێدوان و قسەو كاردانەوەیەكیان بەرامبەر بە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نییه‌، نازانن رەتیبكەنەوە یان پابەند پێیەوە. بە پێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوەو حكومەت كاربەڕێكەرەو سەرۆكایەتی هەرێمیش دەبێت لەماوەیەكی دیاریكراودا داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. هێشتا پارتی و یەكێتیی و بەشێك لە حزبەكان بەرەسمی رای روونیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبووە، نە رەتیان كردووەتەوەو نە پشتیوانیان كردووە. • پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنی بە ناڕاستەوخۆ لە رێگەی وتەبێژەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە بەڵام زیاتر جەختكردنەوە بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و خۆی بەدوور گرتبوو لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و ناوهێنانی، بۆیە لە ئێستادا مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەدایە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی رەتیبكاتەوە یان پابەند بێت پێیەوە، سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، لەئێستادا رەتكردنەوەی بە زیان بۆ پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا دەگەڕێتەوە بۆیە پارتی خۆی لێبەدوورگرتووە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەشێكی زۆری لە قازانجی پارتییە، بەڵام پابەند بوون پێیەوە زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەگەیەنێت و رەنگە بڕیاری توندتری بەدواوە بێـت. • تائێستا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەك حزب و وەك نوێنەرانی لە حكومەت و پەرلەمان هیچی لەسەر نەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی لە رێگەی كارگێرانی مەكتەبی سیاسی و بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی كۆببێتەوە، سەرچاوەیەك لە یەكێتیی بە (درەو)ی راگەیاند: یەكێتی بڕیارەكەی پێ باشە، لەلایەك ستۆپكردنە بە پارتی كە بە نایاسایی كۆمسیۆنی كاراكردەوەو لە ئەنجومەنی دادوەریش تێیپەڕاندووه‌، لەلایەكیش سەرۆكی كۆمسیۆنی عێراق لە یەكێتیەو بۆ یەكێتیی كۆمسیۆنی عێراق باشترەو داوای یەكێتی هەر ئەوەبووە. • تا ئێستا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بێدەنگن و هیچ لێدوان و قسەیەكیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە.  • نەوەی نوێ هەرزوو پشتیوانی لە بڕیارەكە كردو جگە لە سكاڵاكەی د. یوسف محەمەد، نەوەی نوێ سێ سكاڵای كردبوو لە دادگای فیدراڵی عێراق. • كۆمەڵی دادگەریی بەیاننامەیەكی دەركردو بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی بەرپرسیار كرد لە دروستبوونی ئەو بارودۆخەو دەرچواندنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.  


راپۆرت: درەو لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا (6) كەس وەكو ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە، ئەمانە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی سوێنەكەیان هەڵوەشایەوە‌و موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گۆڕانكارییە وەزارییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لە حكومەت رادەگرێت، لەدوای رادەستكردنی نەوت، هەرێمی كوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنیشی رادەستی عێراق كرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوەدا لە سودی یەكێتییە كە كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، پارتیش لەوەدا براوە دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە دەكرێت، یەك بازنەیی وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و كورسی كۆتاكانیش بەشی سلێمانی لێنادرێت. وردەكاری لێكەوتەكانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەم راپۆرتەدا.  پەرلەمانی درێژكراوە هەڵوەشایەوە نزیكەی 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بە هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هات، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات.  دوای زیاتر لە 5 مانگ دانیشتنی دادبینی‌و دواخستن، دواجار ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون.  دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵدەوەشێنەوە.  سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌، (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان.  یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست. واتا زیاتر لە پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو‌. دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار، بەڵام بۆ وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دادگای فیدراڵی جارێكی تر دەرگای دادبینی لە رۆژی 24ی ئەم مانگەدا كردەوە‌و بڕیاری كۆتایی خۆی بۆ ئەمڕۆ دواخست. وەرگرتنی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەوە بوو، دەرەچە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان بكرێتەوە ئەگەر هاتوو دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.  لەگەڵ پەرلەمانی شتی تریش هەڵوەشایەوە ! بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون.  رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن:  •    یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق •    یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان •    یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق •    یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق •    یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 •    بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان  دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردن سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون.  لەماوەی درێژكراوەی پەرلەماندا، ژمارەیەك پەرلەمانتار دەستیانلەكاركێشایەوە، كە ئەمانەن:  -    شایان عەسكەری  -    عەلی حەمەساڵح  -    كازم فاروق -    شێركۆ جەودەت- یەكگرتوو -    هلز ئەحمەد- یەكگرتوو -    ئەبوبەكر هەڵەدنی- یەكگرتوو -    سەرچنار ئەحمەد- یەكگرتوو  -    ئیسماعیل سگێری- یەكگرتوو  ژمارەیەك پەرلەمانتاری نوێ لە شوێنی دەستلەكاركێشاوەكان سوێندی یاساییان خوارد، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی سوێندەكەی هەڵوەشاندنەوە، بەم پێیە ئەم كەسانە نابن بە پەرلەمانتارو موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، ئەو كەسانە ئەمانەن:  -    سۆز عەبدولقادر- لیستی گۆڕان  -    دلێر عەبدولخالق- لیستی گۆڕان   - مەهدی خاكی- لیستی نەوەی نوێ - عەبدوڵا وەرتی- لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی) -    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز-  لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی) -    بێریڤان فەقی ئیسماعیل- لیستی بەرەو ئیسڵاح (یەكگرتوو بوو، وازی هێنا‌و بوو بە پەرلەمانتار)  كێ هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەدەبات ؟ رۆژی 22ی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە. پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێت‌و كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێ: هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن.  ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان (رێواز فایەق) كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكرد.  بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند. ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت.  بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن.  پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییە درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.  سەرباری ئەوەی بە فەرمی هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نەكردووە، بەڵام یەكێتیی دڵخۆشە بەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات، بەتایبەتیش كە بەمدواییە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانی كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق. بەكام یاسا هەڵبژاردن دەكرێت ؟ ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت.  لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێش‌و دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد.  بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتیی‌و زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات. سەرباری ئەمە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەموار، 11 كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە‌و هیچ كورسییەكی بە سلێمانی‌و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نادرێت.   یەكێتیی لەم مانگەدا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت.  هەڵبژاردن دەكرێت ؟ رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، لە ئایار بۆ ئابی 2022 لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش (پارتی‌و یەكێتیی) چونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام رێكنەكەوتن، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو.  رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بەدەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە.  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن، درێژكردنەوەیەك كە عاقیبەتی باش نەبوو، دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە. 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراق‌و یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن.  ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت. حكومەت بەبێ پەرلەمان! كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022وە بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر، چونكە پەرلەمان وادە یاساییەكەی تەواو بووە.  ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، سەرباری بڕیارەكە لێكەوتی لەسەر چارەنوسی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان دەبێت، كاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی كابینەی نۆیەمیش دەبێت، چونكە:  •    پۆستێكی یەكێتیی لە حكومەت كە پۆستی وەزارەتی (هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد) چۆڵ بووە، وەزیری ئەم وەزارەتە خالید شوانی بوو، ئەم پیاوە پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرت‌و پۆستەكەی چۆڵ بوو، لەوكاتەوە پڕنەكراوەتەوە، یەكێتیی دوای گەڕانەوەی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران چاوی لەوە بوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم پۆستە پڕبكاتەوە، بەڵام كە ئێستا پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، هیچ دەرفەتێك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە نەماوەتەوە.  •    وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) كە سەربە یەكێتییە، دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكردووە‌و ناوی كاندیدی شوێنگرەوەی ئەم پۆستەی كە (رێباز بێركۆتی)یە ناردووە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی متمانە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتیی جێگۆڕكێكە نەكات، هیچ دەرفەتێك لەبەردەم یەكێتییدا نامێنێت جگە لەوەی قایل بێت بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەمەش ئەگەر مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر بدات.  •    پارتی لەدوای كۆنگرەی 14ی خۆیەوە بڕیاریدا ئەوانەی پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەردەگرن دەبێت دەست لە پۆستە حكومییەكانیان بكێشنەوە، (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی، بڕیاربوو لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی یەكێتیدا ئەویش لە پۆستەكەی لابچێت‌و (ئەحمەد كانی) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان تەگەرە بۆ ئەم گۆڕانكارییەش دروست دەكات.  سەرباری گۆڕانكارییە وزارییەكان، بڕیاربوو پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستانیش گۆڕانكاری بكات، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەدوای كۆنگرەی 14ی پارتی بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، دەبوو دەستلەكاربكێشێتەوە‌و (زانا مەلا خالید) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە روونادات، بەڵام كۆتاییهاتنی خولی پێنجەم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرفەتی ئەوە بە هێمن هەورامی دەدات ئیتر لەمەودوا خۆی بۆ كاروبارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی یەكلابكاتەوە.    


درەو: دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوبرد -    هەموو یاسایەك كە لە دوای 6/11/2022 ەوە دەرچووە هەڵدەوەشێتەوە -    دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردنی  پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێتەوە -    كۆبوونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش هەڵدەوەشێتەوە د. یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لە سكاڵاكارانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی بۆ (درەو):  دادگای فیدراڵی یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، واتا لە رۆژی 6/11/2022 ەوە پەرلەمانی كوردستان شەرعیەتی نەماوە. واتا لە رۆژی 6/11/2022 ەوە هەر یاسا و رێوشوێنێك لە پەرلەمانی كوردستان گیرابێتە بەر هەڵدەوەشێتەوە، بە دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و دەركردنی یاساكان و تا دەگاتە كۆبوونەوەكەی 22ی مانگ و بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان. دوای ماندووبونێكی زۆر جێگەی خۆشحاڵیمانە دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی دەركرد، هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی جارێكی تر درێژكردنەوەی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت، هیوادارین لەمەودوا هەڵبژاردن بە خاوێن لە كوردستان بەرێوە بچێت.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand