Draw Media

راپۆرت: درەو نیوەڕۆخوانەكەی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی هێندە كتوپڕ بوو، سەركردەكانی پارتی‌و یەكێتیش تائێستا باوەڕیان نەكردووە، بەگوێرەی گفتوگۆ بەراییەكان ئەوەی تائێستا رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی دەخرێتە بەردەم تیمی وزاری پارتی‌و هەردوولا پێكەوە رێككەوتنی لەسەر دەكەن، كەیسی عەقید (هاوكار جاف) لیژنەی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە یەكلایی دەكەنەوە، گۆڕانكارییە وزارییەكانیش دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن، لێكنزیكبونەوەكە هێندە خێرایە قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی هەردوو حزب بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە. وردەكاری دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەم راپۆرتەدا.  ئامادەكردنی رەشنوسی رێككەوتن دوای زیاتر لە (6) مانگ دابڕان، رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبونەوە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەو كۆبونەوەیەدا كە ماوەی چەند كاتژمێرێكی خایاندووە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی لەسەر هەموو بابەتە كێشەلەسەرەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی گفتوگۆیان كردووە.  ئێستا لە یەكەم هەنگاودا، پارتی‌و یەكێتیی هەڵمەتی میدیاییان لەدژی یەكتر راگرتووە، لەدوای دیدارەكەی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانییەوە، چەند كۆبونەوەیەك تایبەت بە پرسی ئاشتەوایی نێوان پارتی‌و یەكێتیی كراوە، لەوانە:  •    كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی.  •    كۆبونەوەی تیمی وزاری پارتی‌و یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرەكانیانەوە.  هەموو ئەم كۆبونەوانە بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی كۆتایی رێككەوتننامەی ئەمجارەی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، رێككەوتننامەیەك كە تێیدا كێشەكانی نێوان هەردوو حزب دابەشكراون بەسەر چەند  تەوەرێكدا، واتە هەردوو حزب بەنیازی ئەوەن رێككەوتنێكی گشتگیر بكەن.  وەرەقەی دارایی ! بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی‌و گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی لە حكومەت، وەرەقەیەكی دارایی ئامادە كردووە.  لەم وەرەقەیەدا كە (درەو) پێشتر دەقەكەی بڵاوكردەوە، یەكێتیی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 57% دەكات لەنێوان سلێمانی‌و هەولێردا  لەبابەتی پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجی موچەدا. لەپاڵ ئەمەدا، یەكێتیی داوا دەكات (كۆكردنەوەی داهات مەركەزی بێت- هەرێم یەك سیولەی دارایی هەبێت- لیژنەی وزاری داهات‌و سیولە بەڕێوەببات).  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دیدارەكەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی باسی لە ناوەڕۆكی ئەم وەرەقە داراییە كردووە‌و مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی تیمی وزاری هەردوو حزب گفتوگۆی لەبارەوە بكەن‌و ئامادەی بكەن بەمەبەستی پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی وەزیران.  دۆسیەی ئەمنیی ئۆكتۆبەری 2022 ئۆتۆمبێلی عەقید (هاوكار جاف) ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەكێتیی لە هەولێر تەقییەوە، هاوكار جاف كوژرا، لەدوای ئەم رووداوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوەكەی بڵاوكردەوە، فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتیی تۆمەتباركرد بە نەخشەداڕێژەری تەقینەوەكە، ئیتر لێرەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی ئاڵۆزی تێكەوت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایكۆت كرد.  یەكێتیی ناڕازی بوو لەوەی پارتی لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە دانپێدانانەكانی بڵاوكردەوەتەوە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیی‌و دروستكردنی لیژنەی هاوبەش تایبەت بە رووداوەكە.  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی خستە ئەستۆی یەكێتیی، لە لێدوانێكدا وتی: یەكێتیی دەیەوێت كەیسی هاوكار جاف دابخات، بەڵام ئەو كەیسەكە داناخات.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەچوارچێوەی ئەو دانوستانەی كە چەند رۆژی رابردوودا لەنێوان هەردوو حزبدا هەبووە بۆ رێككەوتن، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی جارێكی تر لیژنەیەكی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسی تیرۆركردنی عەقید (هاوكار جاف) بكەن، ئەنجامەكەی هەر شتێك بێت، سەرۆكی حكومەت پێوەی پابەند دەبێت. بابەتێكی تری ئەمنیی كێشە لەسەر لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی، كە بەهەمان شێوە پەیوەندی بە دۆخی دوای تیرۆركردنی (هاوكار جاف)ەوە هەیە، پرسی راگرتنی نەسریەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتییە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كە مانگانە بڕەكەی (549 )ملیۆن دینارە. (درەو) زانیویەتی، یەكێك لەو بابەتانەی كە هەردوولا لە دانوستانەكانیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بابەتی ئەم پارەیە.  گۆڕانكاری وزاری‌و پۆستەكان   گۆڕانكاری وزاریی یەكێك لەو بابەتانەیە كە بەهۆی كێشەی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە پەكیكەوت، یەكێتیی ئێستا لەناو حكومەت دوو پۆستی بەتاڵی هەیە كە یەكەمیان پۆستی وەزیری (پێشمەرگە)یە‌و وەزیرەكەی كە (شۆڕش ئیسماعیل)یە بەفەرمی دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوە پەسەندكردووە، یەكێتیی  بۆ شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) بەفەرمی (رێباز بێركۆتی) كاندید كردووە، مەسرور بارزانی كاندیدەكەی یەكێتیی پەسەندكردووە‌و رەوانەی پەرلەمانی كردووە بۆ پەسەندكردن.  پۆستە بەتاڵەكەی تری یەكێتیی لە ئەنجومەنی وەزیران پۆستەكەی خالید شوانییە (وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد)، شوانی دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران (ئەحمەد عەسكەری) كاندیدە كردووە، بەهەمان شێوە مەسرور بارزانی ئەم گۆڕانكارییەی یەكێتیشی پەسەندكردووە‌و ناوی ئەحمەد عەسكەری ناردووە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی متمانە.  سەرباری پۆستە وزارییەكان، یەكێتیی دەیەوێت (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە پێویستی بەوەیە چەتۆ ساڵح دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام ئەو ئامادە نییە دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەمەش بابەتێكە كە هەردوولا لە دانوستانەكانیاندا دەیانەوێت یەكلای بكەنەوە.  لەبەرامبەردا پارتیش دەیەوێت چەند گۆڕانكارییەك لە تیمی خۆی بكات لە حكومەت‌و پەرلەمان، چونكە لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە ئەوانەی پۆستی ئەندامی مەكتەبی پارتی وەردەگرن نابێت پۆستی حكومییان هەبێت، لەناو تیمی پارتیدا لە حكومەت (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئاینیی پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەرگرتووە‌و پارتی (ئەحمەد كانیی) بۆ شوێنگرەوەی كاندیدكردووە، سەرباری ئەمە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە پۆستی مەكتەبی سیاسی وەرگرتووە‌و پارتی بڕیاریداوە بیگۆڕێت‌و (زانا مەلا خالید)ی بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە.  بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە هەموو ئەم گۆڕانكارییانە راوەستان‌و پەرلەمان نەیخستە بەرنامەی كارەوە. (درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی گۆڕانكارییە وزارییەكانی هەردوولا لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.  هەروەها یەكێتیی دەیەوێت هەندێك گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگارو ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیدا بكات، ئەم گۆڕانكارییانە بەهۆی ناكۆكی هەردوو حزبەكەوە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە راگیرا، لەم دانوستانانەدا ئەم پرسەش یەكلایی دەكرێتەوە.  لیستی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی ! دیدارەكەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی هێندە كتوپڕ بوو، زۆرێك لە سەركردایەتی پارتی‌و یەكێتیی ئاگادار نەبوون. دیدارە كتوپڕەكەی نێوان سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی، دوای سەردانە كتوپڕەكەی باربارا لیف یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا هات بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانێكدا كە تێیدا واشنتۆن هۆشداری بە هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە دا، لەزوترین كاتدا پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی بكەنەوە‌و هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكەن.  هەندێك لە سەرچاوەكان لەناو پارتی‌و یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، لێكنزیكبوونەوەكەی نێوان مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی ئەوەندە چوەتە پێشەوە كە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هەردوو حزب هاوشێوەی ساڵانی 2005و 2009 یە یەك لیست بچنە ناو هەڵبژاردنەوە.  پارتی‌و یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە كورسی كۆتاكان‌و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پارێزگاكانەوە هەیە لە شێوازی فرەبازنەیی هەڵبژاردندا، ئەگەر لەسەر یەك لیستی رێككەوتن بكەن، ئەوا هەموو كێشەكانی نێوانیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە سفر دەبێتەوە، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە دەكەوێتە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حزب لە هەفتەی داهاتوودا.     


ئیسماعیل حەمەعلی خورماڵی تا ئێستا هیچ ئامارێكی فەرمی نیە سەبارەت بە ژمارەی كورد لە توركیا، بەڵام هەندێك لە دامەزراوەكان بە (17 – 20) ملیۆن كەس ده‌یخه‌مڵێنن، كە زیاتر لە 20%ی دانیشتوانی توركیایە.  كورد بەدرێژایی مێژوو بەشدارییەكی كاریگەری بووە  لە پرۆسەی سیاسیدا لەسەردەمە جیاوازەكاندا، بەتایبەت لە دەوڵەتی عوسمانیدا، لەسەرجەم بوارەكاندا نوێنەرایەتی و بەشداری هەبووە.  مێژووی كاری پەرلەمانی توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1877 لەسەردەمی سوڵتان عبدالحمیدی دووهەم، لە یەكەم هەڵبژاردندا (71) موسڵمان و (44) مەسیحی و (4) جوولەكە هەڵبژێردران. پاش (11) مانگ كارەكانی ڕاگیرا. لە ساڵی 1908 جارێكی تر سوڵتان عبدالحمید كاركردنی بەدەستور دەستپێكردەوە و دووهەمین هەڵبژاردن كرا كە بۆ هەر (50) هەزار كەس نوێنەرێك هەبوو كۆی گشتی (276) ئەندام بوو. كارەكانیان بەردەوام بوو تا دەستپێكردنی جەنگی جیهانی و داگیركردنی ئەستەمبوڵی پایتەخت. لە ساڵی 1920 هەڵوەشێنرایەوە. پەرلەمانی توركیای درێژكراوەی یەكەمین پەرلەمانی ساڵی 1920 ی ئەنقەرەیە. ئه‌وكات ژمارەی ئەندامانی (422) ئەندام بوو كە (72) نوێنەری كورد بوو. لە پاش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و هاتنی كەمالییەكان بۆ دەسەڵات، ڕێگایان نەدا هیچ حیزبێك لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی دروست بێت. پاشان هەوڵی سڕینەوەی هەموو ئایین و نەتەوەكانیاندا. تا كار گەیشتە ئەوەی قسەكردن بەزمانی كوردی بە یەكجاری یاساغ كرا. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌رگیز دروست نه‌بێته‌وه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان ده‌یان گرفتی هه‌مه‌جۆریان دروست كرد بۆ ئه‌و وڵاته‌ و پێمهاته‌كانیان دا به‌گژ یه‌كدا. توانیان كورد و ئه‌رمه‌ن به‌تایبه‌ت به‌كاربهێنن بۆ ململانێیه‌ و دژایه‌تی ئایینیشیان كرده‌ خاڵی سه‌ره‌كی، چونكه‌ ئایین كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو جیاوازییانه‌ بوو و خاڵی به‌هێزی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو. لەو كاتەوە كوردەكان بەشێوازی جیاجیا خەباتیان كردوە و زۆرجار وەك سەربەخۆ یان لەڕێی پارتی ترەوە بەشداری هەلبژاردنەكانیان كردووە. جاروبار پارتی جیاوازیان دروستكردووە كە زۆرینەیان تێڕوانینی چەپ و ماركسی لینینیان هەبووە، پاش ماوه‌یەك دادگا یاساغی كردوون. دیارترینی ئەوانەی چوونە پەرلەمان و بوونه‌ مایه‌ی سه‌رنجی میدیاكان (لیلی زانا) بوو كە لە ساڵی (1991) لەبەر ئەوەی لە پەرلەمان بەكوردی سوێندی خوارد دەركراو چەندین ساڵ زیندانی كرا. توگوت ئوزال كە بەڕەچەڵەك كورد بوو لە ساڵانی (1983-1993) وەك سەرۆك وەزیران پاشتریش وەك سەرۆك كۆمار، بۆ یەكەمینجار دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچە كوردییەكان درێژ كردوو خزمەتگوزاری جیاوازی پێشكەشكردن. لەسەرەتای نەوەدەكان بەشێك لەو یاساغییەی لابرد كە لەسەر زمانی كوردی هه‌بوو و ڕێگا درا لە شوێنە گشتییەكان بە كوردی ئاخاوتن بكرێت. ساڵی 1994 نەجمەدین ئەربەكان لە شاری بینگول كەزۆرینەی كوردە، وتارێكیدا و ڕەخنەی لە توركە عەلمانیە ڕەگەزپەرستەكان گرت و وتی: وشەی بسم الله تان لابرد لەسەر زمانی قوتابیان كە بەوە قوتابخانەیان دەستپێدەكرد، لەبری ئەوە فێرتان كردن بڵێن: (من توركیم، من ڕاستم، من بە جدی كار دەكەم). ئەوەش ماف بە مناڵێكی كوردی دەدات بڵێ: (من كوردم، من باشترم، من زیاتر كار دەكەم)، دەسەڵات دەكەوێتە دەستی ئیمانداران و ئەو مافانەشیان بۆ دەگەڕێتەوە بە بێ خوێن ڕشتن. لەسەر ئەو وتارە پاشتر ئەربەكان دادگایی كرا و زیندانی كرا. موراد بوزلاق ساڵی 1994 پارتی دیموكراتی گەل  (HADEP)ی دانا، لە ساڵی 1995 و 1999 بەشداری هەڵبژاردنی كرد و نەیتوانی بەربەستی 10% ببڕێت و تەنها 4.76% ی بەدەستهێنا. دواتر لە ساڵی 2003 دادگا بڕیاری داخستنی پارتەكەیدا بە تۆمەتی پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستان. پاش ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاك پارتی) دەسەڵاتی گرتەدەست، گۆڕانكاری گەورە بەسەر دۆزی كورد دا هات. بۆیەكەمینجار پاش هەشتا ساڵ ڕیگایاندا خولی زمانەكانی تر جگە لە توركی بكرێتەوە. بەشی زمانی كوردی لە زانكۆكان كرانەوە. مافی نوسین و چاپكردن بە كوردی درا. ساڵی 2009 بۆ یەكەمینجار یەكەمین كەناڵی تەلەفزیۆنی كوردی لە كەناڵەكانی (تی ئار تی) تایبەت بە حكومەت پەخشی دەستپێكرد. ساڵی 2013 ڕێگا درا بە هاوڵاتیانی كورد لە بەردەم دادگا بە زمانی خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن. هەر لەو ساڵەدا ئۆردۆغان پاكێجێكی چاكسازی پێشكەشكرد ڕێگا درا قوتابخانە و پەیمانگای تایبەت بە زمانەكانی تر بكرێتەوە. ناوە كوردییەكانی گەڕاندەوە بۆ شارە كوردییەكان. زۆربابەتی تری ڕەگەزپەرستی لە پەرلەمان گۆڕی. ڕێگا درا بە زمانەكانی تر هەڵمەتی سیاسی و ڕیكلام بكرێت. لەرووی ئابورییشەوە سەدان پرۆژەی هەمەچەشن پێشكەشی ناوچە كوردستانییەكان كرا. بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆسیەی كورد ئاك پارتی كاری گەورەی كرد و سەرەتا هەنگاوی باشی بڕی، بەڵام دواتر توشی گرفت و پاشەكشە بوو. هۆكاری سه‌ره‌كیش كورد بوو به‌ هه‌ردوو باڵه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ زیاتر وه‌ك دوژمن له‌ ئه‌ردۆغان و ئاك پارتییان ده‌ڕوانی نه‌ك وه‌ك هاوبه‌ش، جگه‌ له‌ ده‌ستی وڵاتانی دراوسێ كه‌ دژی ئاشتی و ئاشته‌وایین. بە سود وەرگرتن لەو چاكسازییانە و ئەو كەشە نوێیەی ئاك پارتی هێنایه‌ بوون، هەدەپە لە هه‌ناوی (كۆنگرەی دیموكراتی گەلان) هاتە دەرەوە. كۆنگره‌ كۆمەڵە پارتێكی چەپ و بزوتنەوەی ژنان و گروپی هاوڕەگەزبازان و كرێكاران و گروپی عەلەوییەكان و ئەرمەن و ..هتد لە خۆگرتبوو. بەشداری هەڵبژاردنی 2011 كرد و تەنها (35) نوێنەری چووە پەرلەمان. ساڵی 2012 بە فەرمی داواكارییان پێشكەشی وەزارەتی ناوخۆ كرد وەك پارتێكی سیاسی (هەدەپە) و نوێنەرایەتی سیاسی (كۆنگرەی دیموكراتی گەلان) خۆیان ناساند. ئەم پارتە وەك پارتێكی چەپ خۆی ناساندووە كە بەرگری لە ستەملێكراوان و پێكهاتەكان دەكات. كۆتای ژنان 50% و لاوان 10% و هاوڕەگەزبازانیش 10%، لە ساڵی 2015 بۆ یەكەمینجار (باریش سولو) پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان وەك هاوڕەگەزباز خۆی ناساند. هەدەپە بەشداری هەڵبژاردنی ناوخۆیی ساڵی 2014ی كرد بەهاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخواز تەنها 6.2% ی دەنگەكانیان هێنا و هیچ شارەوانیەكیان نەبردەوە.  ساڵی 2015 بەشداری هەڵبژاردنی گشتی كرد بە لیستێكی (550) كەسی لە خەڵكانی چەپ و عەلمانی و  موسڵمانی سونی و عەلەوی و كەسانی ئەرمەنی و مەسیحی و سریانی و ئازەربایجانی و شەركەسی و ...هتد. توانیان بۆ یەكەمینجار بەربەستی 10% ببڕن و بچنە پەرلەمان و (80) نوێنەریان سەركەوت. هەڵبژاردن لە هەمان ساڵ دوبارە كرایەوە ئەم جارە تەنها (59) نوێنەریان دەرچوو. واته‌ له‌ چه‌ند مانگێكدا (21) كورسی كه‌میكرد. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 توانی (67) نوێنەری تر سەر بخات. كوردەكان چۆن بەشداری هەلبژاردنیان كردووە؟ وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد كورد وەك سەربەخۆ یان لە ناو پارتی تردا بەشداری هەڵبژاردنه‌كانیان كردووە. لە پاش دروست بوونی هەدەپە لە ژێر ناوی ئەو پارتەدا بەشدار بوون. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پارتە چەپ بووە و دژایەتی ئیسلامی كردووە و بەرگری لە هاوڕەگەزبازان كردووە، دەنگی كوردە بڕوادار و موحافیزكارەكانی لەدەستداوە. هەدەپە وەك ڕوكارە سیاسیەكە و پەكەكە وەك ڕوكارە سەربازییەكەی دژایەتی هەر بزوتنەوە و پارتێكی تریان كردووە كە نوێنەرایەتی كورد بكات. ساڵی 1987 بزوتنەوەی حزب الله سه‌ریهه‌ڵدا، كه‌ نوێنەرایەتی خه‌ڵكه‌ ئاییندار و موحافیزكاره‌كه‌ی كوردی ده‌كرد. زۆر بەخێرایی پەكەكە دژایه‌تی كردن و بە توندرین شێوە ڕووبەڕوویان بوویەوە و دەیانی لی كوشتن و ناچاری كردن چەك دژی پەكەكە هەڵگرن. دواتر ئەم بزوتنەوەیە یاساغ كرا. هودا پار لە ساڵی 2002 خۆی ڕاگەیاند كەوتنە دژایەتی ئەو پارتەش و بە درێژكراوەی حزب الله ناوزەدیان كرد. ئەم حاڵەتە وایكردووە كە كوردە بڕوادار و موحافیزكارەكە لە هەدەپە دوور بكەوێتەوە و لە پارتەكانی تردا خۆی ببینێتەوە وەك پاڵێورا و وەك دەنگدەر. بەنمونە ساڵی 2011 نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان (113) كەس بوون، تەنها (35) یان لە كۆنگرەی گەلانی دیموكرات بوون. لە هەلبژاردنەكانی 2014 و 2018 پارتی داد و گەشەپێدان زیاتر لە 40% دەنگی ئەو ناوچانەیان بردووە بە تێكڕا كە زۆرینەی كوردە. تەنانەت لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ساڵی 2019 لە ولایەتی موش كە دوای دیاربەكر دووەم ولایەتی زۆرینە كوردە، نوێنەری ئاك پارتی (فیاض ئاسیا) توانی بە 34.76% لە نوێنەری هەدەپە (سری ساكیك) بباتەوە كە 33.59% هێنابوو.  ئاك پارتی كەسایەتییە دیارەكانی كوردی لە پۆستە باڵاكانی حیزبەكەی داناوە تا سەرنجی كوردەكانی پێ ڕابكێشێت و وەك حیزبی خۆیان بیبینن لەوانە: عبدالرحمن فرات نەوەی شێخ سەعیدی پیران. ئۆرهان مير أوغلو، وعبد الرحمن كوروت، وبرهان كايا تورك، ومحمد قاسم جولبينار، وعبد الله كورت. ئاك پارتی بەردەوام زیاتر لە (50) ئەندام پەرلەمانی كوردی هەبووە. لە كاتێكدا ڕێژەی كورد بە زیاتر لە 20% دانیشتوانی توركیا دەخەمڵێنرێت، لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا لە ساڵی 2018 سەلاحەدین دەمیرتاش كە هەشت پارتی چەپیش پشتگیرییان لێدەكرد تەنها 8.32% دەنگەكانی بەدەستهێنا، كه‌ كه‌متره‌ له‌ نیوه‌ی ده‌نگی كورد.  هەموو ئەو داتایەنە دەیسلەمێنن كە هەدەپە نەیتوانیوە نوێنەرایەتی كوردانی توركیا بەگشتی بكات. بەڵكو زیاتر جەختی لەسەر ئایدیۆلۆجیەتی چەپگەرایی كردۆتەوە و نەبووەتە جێگای سەرنجی كوردە ئاینپەروەر و موحافیزكارەكە. سه‌ره‌ڕای ئه‌و تێبینیه‌ی له‌سه‌ر هه‌ده‌په‌ و په‌كه‌كه‌ و پارته‌كانی تری پێشتریش هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستی وڵاتانی تریان له‌ پشت بووه‌ و هاوكاری كراون و ده‌كرێن.  لە ڕابردوودا:  ئاك پارتی زۆر هەوڵیدا هەدەپە بچێتە دەسەڵات و پێكەوە كار بكەن، بەڵام هەدەپە بەدەم داواكەیەوە نەڕۆشت و بە پێچەوانەوە بە سەختی دژایەتیان كردن. بەشێوەك لە كۆتا هەڵبژاردنی شارەوانیەكان هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئاك پارتی شاروانیەكانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە لە دەست بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌ستكه‌وتێكیان له‌و كاره‌دا هه‌بێت، ئەمەش بە زیانی كورد كۆتایی هات. لە ئێستادا:  بۆ هەلبژاردنی 2023 هەدەپە بەبێ هیچ دەستكەوت و ڕێككەوتنێك پشتگیری كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەكات، لە كاتێكدا مێزی شەش كەسی ئامادە نەبوون پێشوازی لێ بكەن و تەنانەت هەندێكیان كە نەتەوەپەرست و توندڕەون مەرجی ئەوەیان هەبوو نابێت هەدەپە بەشداری بكات و  به‌تیرۆرست ناوزه‌دیان كرد. كەچی ئەوان بە هەموو هێزیان دژایەتی ئۆردۆغان دەكەن و پشتگیری لە پاڵێوراوی ئەو حیزبە دەكەن كە نزیكەی هەشتا ساڵ كوردی چەوساندەوە و نەیهێشت تەنانەت بە زمانی كوردیش قسە بكەن و خودی كلیچداریش یەكێكە لەو كاراكتەرانەی لەو تاوانانەدا ڕۆڵی هەبووە. لەولاوە هودا پار كە پارتێكی كوردی ئیسلامییە پشتگیری ئۆردۆغان دەكات. هودا پار ئەگەری هەیە 2-4% دەنگەكان بهێنێت. ئەو ڕێژەیە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدەران زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگ دەكات و كاریگەری هه‌یه‌. لەكۆتاییدا: كورد نەیتوانیوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە توركیا چەترێك یان بەرەیەك دروست بكات هەموو دەنگ و ڕەنگەكان لەخۆ بگرێت. هەدەپە و ئەوانی تریش زیاتر جەنگی ئایدیۆلۆجییان كردوە نەك جەنگی نەتەوەیی و وڵاتان ئاراسته‌یان كردوون. ئەگەر كلیچدار سەركەوێت هیچ گەرەنتییەك نیە بۆ ئەوەی كارێك بۆ كوردەكان بكات و بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆرە دۆزی كورد زۆر پاشەكشە بكات لە توركیا و بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می جه‌نگ و نه‌هامه‌تی و قڕكردن. ئەگەر ئۆردۆغانیش بیباتەوە (كە زۆرینەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن) ئەوا سود لە ئەزموونی هاوپەیمانی لەگەڵ هودا پار دەبینێت و بیر لەوە دەكاتەوە زیاتر پشتگیرییان بكات و نوێنەرایەتی كورد لە دەست هەدەپە و پەكەكە دەربهێنێـت و ڕۆڵی زیاتریان پێبدات لە ڕووە سیاسی و كارگێڕیی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكەوە و ببنە مایەی سەرنجی زیاتری كوردان.  لەبەرانبەر ئەو دژایەتیە توندەی كە هەدەپە و سەركردەكانی دەیكەن بۆ ئۆردوغان و ئاك پارتی، ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا ئەوانیش دژایەتی هەدەپە توندتر بكەن و لەڕێگای دادگا و دەسەڵاتەوە توشی پاشەكشەی زیاتریان بكەن، بەمەش زیان بەهەمووان دەگات و دۆزی كوردیش زیاتر توشی شكست و پاشەكشە و دابەشبوون دەبێت. باشترین كارێك كە دڵسۆزانی كورد لە توركیا بیكەن، دوركەوتنەوەیە لە جەنگی ئایدیۆلۆجی و دروستكردنی بەرەو هاوپەیمانییەتییەكە كە هەموو كوردان لە خۆ بگرێت بە ئاراستە و دەنگ و ڕەنگ و تێڕوانینی جیاوازەوە، دۆزی كورد بكه‌نه‌ خاڵی سه‌ره‌كییان نه‌ك ئایدیۆلۆجیا و پرۆژه‌ی وڵاتانی تر. بەمەش دەتوانن ببنە كوتلەیەكی بەهێز و كاریگەر و دۆزی رەوای كوردیش ببەنە قۆناغێكی باشتر.


 (درەو): ئەگەر لەناو لیستی کۆمەڵدا كەس نەبوو شوێنیان بگرێتەوە، ئەوا کورسییەکانی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان دابەشدەكرێت بەسەر لیستە براوەكاندا، بەجۆرێك (٣) كورسی بۆ پارتی، (٢) كورسی بۆ یەکێتیی، کورسییەک بۆ گۆڕان و کورسییەک بۆ بزووتنەوە، ئەگەرێکیش ھەیە ھەر شوێنەکانیان پڕنەکرێتەوە. ئەمڕۆ (7) پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەریی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام تائێستا شوێنگرەوەكانیان دیاری نەكراوەو نازانرێت كێ شوێنیان دەگرێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بۆ شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی كۆمەڵی دادگەریی، ئەگەر لەناو لیستی كۆمەڵ خۆیدا كەسانێك هەبن بیانەوێت شوێنیان بگرنەوە ئەوا دەتوانن، واتا بەپێی ریزبەندی (7) كاندیدی ناو لیستی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان شوێنیان دەگرنەوە، بەڵام ئەگەر هیچ كاندیدێكی کۆمەڵ ئامادەنەبوو بچێتە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان، ئەوا چەند بۆچونێك هەیە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، ئەمە لەبەرئەوەی هیچ مادەیەكی یاسایی روون و راشکاو نییە ئاماژە بەم بابەتە بکات، بۆیە تەنیا بۆچوون هەیە بۆ ئەو مەبەستەو بۆچوونەکانیش بەمشێوەیەن: * بۆچوونی یەکەم: دابەشكردنی کورسییەکان بەسەر ئەو لیستانەی كە دەنگی پێویستیان نەهێناوە بۆ چونە پەرلەمان. * بۆچوونی دووەم: دابەشكردنی کورسییەکان بەسەر لیستە براوەكانی پەرلەمانی بەپێی رێژەی کورسییەکانیان بەم شێوەیە: -    لیستی پارتی (45) كورسی، واتا (45 كورسی دابەشی 100 كورسی لێكدانی 7 كورسی كۆمەڵ) = بە 3 كورسی، واتا سێ كورسی كۆمەڵی دادگەریی بۆ پارتی دەچێت. -    لیستی یەكێتی (22) كورسی، واتا (22 كورسی دابەشی 100 كورسی لێكدانی 7 كورسی كۆمەڵ) = بە 2 كورسی، واتا دوو كورسی كۆمەڵی دادگەریی بۆ یەكێتی دەچێت. -    لیستی گۆڕان ئێستا (9) كورسی، واتا (9 كورسی دابەشی 100 كورسی لێكدانی 7 كورسی كۆمەڵ) = بە 1 كورسی، واتا یه‌ك كورسی كۆمەڵی دادگەریی بۆ گۆڕان دەچێت. رەنگە کورسییەکیش بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی بچێت. سەرباری ئەم بۆچوونانە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلومانی کوردستان لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت کە دیاریکراوە، شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی کۆمەڵی دادگەریی پڕنەکرێتەوەو ھەر بە بەتاڵی بھێڵدرێتەوە.


راپۆرتی: ئەنوەر کەریم  ئابوری تورکیا گەورەترین ئابورییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە کۆی بەرهەمی ناوخۆی (GDP) ساڵانە ئەگاتە نزیکەی (900) ملیار دۆلار، هەرچەندە لەم ساڵانەی دوایدا ئەردۆغان ڕێژەی خەرجییەکانی حکومەتی تەواو بەرزکردۆتەوە، بۆیە گەیشتۆتە ئەو ژمارە گەورەیە، لەئێستادا ڕیژەی بەتاڵە لەناو تورکیا بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەزگای ئاماری تورکیا لە (10%)یە، هەرچەندە دەزگا سەربەخۆکان ئەڵێن ئەو ئامارانەی تورکیا بڵاوی دەکاتەوە  ڕاست نییە، وە ڕیژەی بەتاڵە لەناو لاواندا (15-24) ساڵ بەپێی راپۆرتی وەرزی پێشووی دەزگای ئاماری تورکیا (19.2%) بووەو ڕێژەی هەڵئاوسان لەناو تورکیا دابەزیوە بۆ نزیکەی (51%) لەوەرزی ڕابردووی ئەمساڵدا، وە هەڵئاوسان له‌ ساڵی 2022دا گەیشتە (80%)، ئابوریەکەی چاوەڕێدەکرێت بەڕیژەی (3.2%) گەشە بکات بۆ ئەمساڵ. ئابوریناسان بەباشی دەزانن یاسای (4-4-2) پیادە بکرێت واتە ڕێژەی هەڵئاوسان (2%) بێت و ڕێژەی بەتاڵە (4%) بێت و گەشەی ئابوری وڵات بەرێژەی (4%) بێت، ئەگەر سەرنجی  ژمارەکانی تورکیا بدرێت تەنها ڕێژەی گەشەی ئابوری  تاڕادەیەک  لەگەڵ یاسا ئابورییەکان ئەگونجێت بەڵام  جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لەڕێژەی هەڵئاوسان و ڕێژەی بەتاڵەدا.  بەگشتی ڕیسکی تر زۆرە  لەسەر ئابوری تورکیا: 1-    بانکەکانی تورکیا تێوەگلاون لە  پارەسپیکردنەوەو شكاندنی سزاکانی سەر دەوڵەتان کە لەلایەن ئەمریکاوە دانراوە، ئەم بانکانەی  تورکیا (هاڵک بانک)و (ئەکتیف بانک)و (زیرات بانک) تێوەگلاون و سیستەمی دارایی تورکیا شکستیهێناوە کە بتوانێت بانکەکان ڕێکبخات و لە گەندەڵیان بپرسێتەوە، بۆیە بیزنسکردن لەگەڵ سیستەمی دارایی تورکیا بەردەوام مەترسی لەسەرە بۆ کۆمپانیاکانی دەرەوە یان بانکەکانی دەرە وە.  2-    بەگشتی بیزنسکردن لەگەڵ (ئاک پارتی AKP) یان کۆمپانیاکانی سەر بە ئاک پارتی  ڕێسکی گەورەی تیایە، هەروەک نەوتی هەرێمی کوردستان چارەنوسەکەی باش نابێت،   چونکە ئەردۆگان و حیزبەکەی دیکتاتۆرو گەندەڵن، ئەردۆگان بەهیواشی لە دیموکراسیەت دورکەوتەوە، ئیستا سسیستەمیكی داڕشتوە کە بەتەواوی سەرکوتکارە،  هیچ سێکتەرێکی ئابوری نیە بەتەواوی سەربەخۆ بێت لە تورکیادا، هەر لە کەرتی    (خانوبەرە، کەرتی وزە، کەرتی گەیاندن  و پەیوەندییەکان" کەرتی دارایی و میدیا)دا، ئەم سیستەمە چەتەگەرییەی ئەردۆگان وایکردوە کە باشترین دەرفەتەکانی بیزنس  بڕوات بۆ باشترین هەواداری (ئاک پارتی) یان ئەو کەسەی کە لە خانەوادەی ئەردۆگانەوە نزیکە. هەموو چالاکییە نایاساییەکان و نەدانی باج بەبێ لێپرسینەوە ئەڕوات  و ئەو کەسانە پارێزراون، بۆیە بیزنسکردن لەگەڵ تورکیای ئەردۆگاندا هەمووی گەرەنتی نیە لەڕووی یاساییەوە. 3- ناسەربەخۆبوونی بانکی ناوەندیی تورکیا وایکردوە کە زیان بە ئابوری تورکیا بگەیەنێت لە ئەنجامی دەستتێخستنی ئەردۆگان، دابەزاندنی رێژەی سودی بانکیی وایکردوە کە هەڵئاوسانێکی گەورە دروستبکات و گۆڕینی بەرپرسەکانی بانکی ناوەندیی وایکردوە تەنانەت ڕاپۆڕتەکانی هەڵئاوسان بەتەواوی بڵاونەکرێنەوە.  4-  ناسەقامگیری کەشوهەوای وەبەر‌هێنان.  ئەم بەردەوام گۆڕینەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی و گەورەبوونی کورتهێنانی بودجەی تورکیا، کەمبونەوەی یەدەگی دراوی تورکیا، وە گەورەبوونی قەرزەکانی بانکەکانی تورکیا وای لە کۆمپانیای پلەبەندی (Moody) کرد کە پلەبەندی دارایی وڵاتان ئەکات کە پلەبەندی تورکیا دابەزێنیت بۆ(B2) هەروەها پیشبینی نێگتیڤە بۆ داهاتووی تورکیا.   5- ڕێسکی شکاندنی سزاکان . ئەردۆگان پیاوێكی نائاساییەو ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت، هەر کەسێک بیزنس بکات لەو وڵاتە ئەبێت ئەوە بزانێت کە بەردەوام ترس لەسەر بیزنسەکەی هەیە، چونکە ئەردۆگان  پێشبینی ناکرێت چۆن کردار ئەکات، هەر چۆن بڕیاری کڕینی سیستەمی بەرگری ڕوسی (S-400)داو، پەیوەندییە گەرموگوڕەکانی لەگەڵ ئێران و ڕوسیادا وا دەکات بەردەوام   کەرتی پێشەسازی تورکیا ئامادەبێت بۆ سزادانان لەلایەن ڕۆژئاوەوە. هەر لە مانگی  ڕابردوودا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای چەند کۆمپانیایایەکی تورکیای دا، بەهۆی شکاندنی سزاکان لەسەر ڕوسیا، بۆیە بەردەوام کارکردن لەگەڵ تورکیادا جێگای گومانە.   


راپۆرت: درەو (كۆكردنەوەی داهات مەركەزی بێت- هەرێم یەك سیولەی دارایی هەبێت- لیژنەی وزاری داهات‌و سیولە بەڕێوەببات- لە خەرجییەكان‌و پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەدا هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا هەڵبوەشێتەوە) ئەمە كرۆكی وەرەقەیەكی داراییە كە تیمی یەكێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ  تیمی پارتی‌و گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت ئامادەی كردووە، وردەكاری وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی لەم راپۆرتەدا.  یەكەم دیدار دوای 6 مانگ  دوای زیاتر لە (6) مانگ بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران‌و جێگری سەرۆكی پارتی بینی.  ئەم دیدارە دوای چەند رۆژێك دێت لە سەردانی خاتوو (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانێك كە تێیدا كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی تێدا تاوتوێ كراو پەیامی واشنتۆن لەوبارەیەوە بە هەردوو لایەنەكە گەیەندرا. وەرەقەی دارایی یەكێتیی بۆ دانوستان دیدارەكەی قوباد تاڵەبانی پێشەكییەك بوو بۆ دەستپێكردنی دانوستان بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە كە وادەی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە، دارا رەشید وەزیری پلاندانان بە نوێنەرایەتی تیمی یەكێتیی دەچێتە ناو كۆبونەوەكە‌و وەرەقەی دارایی یەكێتیی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت دەخاتەڕوو.   بۆ ئەم دانوستانە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتیی وەرەقەیەكی دارایی ئامادە كردووە بەناوی "بنەماكانی رێكخستنەوەی دارایی هەرێمی كوردستان".  (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، كرۆكی وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی‌و گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەستكەوتووە.  وەرەقەیەك‌و چەند تەوەرێك (درەو) زانیویەتی، ئەو وەرەقە داراییەی یەكێتی بۆ دانوستان  لەگەڵ پارتی ئامادەی كردووە لە چەند تەوەرێك پێكدێت كە ئەمانەن:  •    داهاتەكان •    خەرجییەكان‌و دەسەڵاتی خەرجكردن •    پڕكردنەوەی كورتهێنان •    لیژنەی باڵای وزاری بۆ بڕیاردان‌و بەدواداچوون‌و وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكان‌و گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنی بنەماكاندا پرۆژەی یەكێتیی بۆ كۆكردنەوەی (داهاتەكان) چییە ؟ بەگوێرەی ئەو وەرەقە داراییەی یەكێتی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی ئامادەی كردووە، داوا كراوە بەڕێوەبردنی داهاتەكان‌و سیولە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لیژنەیەكی وزارییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە یەكێتی نیگەرانە لە كۆكردنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی داهاتەكان لە دەستی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیراندا.  لەمبارەیەوە یەكێتیی لە وەرەقەكەیدا داوا دەكات:   •    كۆكردنەوەی داهاتەكان لەسەر بنەمای چەسپاندنی "شەراكەتی راستەقینە" بێت‌و لەسەرتاسەری هەرێم "مەركەزی" بێت. •    تۆماركردنی سەرجەم داهاتەكان لە وەزارەتی دارایی بەشێوەی "مەركەزی". راگرتنی بڕیاری تەرخانكردنی رێژەیەك لە داهاتی ناوخۆی وەزارەتەكان بۆ خۆیان. كۆكردنەوەی گشت داهاتەكان لە یەك گەنجینەی گشتیدا. داخستنی سەرجەم ئەژمێرە بانكییەكانی وەزارەتەكان لە بانكە ئەهلییەكان‌و گواستنەوەی رەسیدی وەزارەتەكان لە بانكە ئەهلییەكانەوە بۆ حسابی بانكی حكومی.  •     رێكخستن‌و دابەشكردنی یەكسانی سویلە "نەختینە"ی دارایی بەشێوەی "مەركەزی" بێت لە وەزارەتی دارایی‌و ئابوری. هەرێمی كوردستان یەك سیولەی دارایی هەبێت.  •    ئاڕاستەكردن‌و بەڕێوەبردنی (داهات)‌و (سیولە) بەشێوەی مەركەزی بێت لەژێر سەرپەرەشتی لیژنەیەكی باڵای وزاری بەپێی ئاستی ئەو دەسەڵاتانەی كە دەستنیشان دەكرێت بۆ هەریەكە لە:  -    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران -    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران -    وەزیری دارایی‌و ئابوری -    وەزیری پلاندانان -    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كێ دەسەڵاتی خەرجكردنی هەبێت ؟  هاوشێوەی داهاتەكان، یەكێتیی دەیەوێت لەم دانوستانەدا لەگەڵ پارتی، دەسەڵاتی خەرجكردن لەناو حكومەت بەوشێوەیە رێكبخاتەوە كە دەیەوێت، بۆ ئەمەش داوا دەكات:  •    دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خەرجییەكان لەنێوان (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی‌و ئابوری، وەزیری پلاندانان، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران) رێكبخرێتەوە، ئەمەش بۆ سەرجەم جۆرەكانی خەرجی لەنمونەی خەرجی (موچە، بەكاربردن، پرۆژەكانی وەبەرهێنان).  •    هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی (43%) بۆ سلێمانی‌و (57%) بۆ هەولێرو دهۆك لە بابەتی خەرجییەكان. دابەشكردنی داهاتی گشتیی لەسەر بنەمای "شایستەبوون".  كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕبكرێتەوە ؟ بەگوێرەی وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی "مەركەزی" بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كە دابینكردنی "سیولە" بە مەركەزی دەكرێت، واتە لەم بابەتەشدا بە هەمان شێوە یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بەرامبەر بە 57% دەكات لەگەڵ پارتی.  لەپاڵ ئەمەدا، یەكێتیی داوا دەكات "پرۆژە ستراتیژییەكان" سەرلەنوێ پێناسە بكرێنەوە.  ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا ! وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی، ئەگەری جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی لەسەر وەرەقە داراییەكە خستوەتەڕوو، بۆ ئەم حاڵەتە داوای پێكهێنانی "لیژنەی باڵای وزاری" كردووە بۆ بەدواداچوون.  ئەو لیژنە باڵا وزارییەی كە یەكێتیی پێشنیازی دروستكردنی كردووە، پێكدێت لە هەریەكە لە:  -    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران -    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران -    وەزیری دارایی‌و ئابوری -    وەزیری پلاندانان -    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران -    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران   


(درەو):  لەژێر سەرپەرەشتی (مەلا مستەفا)دا، مۆنۆمێتی گەورەی (مەلا مستەفا) لە بارزان دەكرێتەوە، مەسعود بارزانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ ئەم مەراسیمە لە بارزان كۆدەكاتەوە، رەنگە یەكێك لە بەشداربووەكان بافڵ تاڵەبانی بێت. رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو لایەنە سیاسی‌و كەسایەتی هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و هەندێك كەسایەتی جیهانیی، لە ناوچەی بارزان كۆدەكاتەوە.  ئەم كۆبونەوە گەورەیە بۆ مەراسیمێكە كە تایبەت بە كردنەوەی مۆنۆمێنتی مەلا مستەفا بارزانی، كە تایبەتە بە وێستگەكانی ژیانی مستەفا بارزانی لە كۆماری كوردستان‌و شۆڕشی ئەیلولدا، ئەم مۆنۆمێنتە ماوەی چەند ساڵێك كاری تێدا كراوە. مۆنۆمێنتەكە لەلایەن (مستەفا بارزانی) كوڕی مەسعود بارزانییەوە سەرپەرەشتی دەكرێت كە بە "بابۆ" ناسراوە، ساڵی رابردوو هەر لەژێر سەرپەرەشتی "بابۆ"دا مۆنۆمێنتی جینۆسایدی بارزانییەكان كرایەوە.   دوێنێ مەسعود بارزانی سەرباری ناكۆكییە توندەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی، بەتەلەفۆن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی قسەی كرد، پێدەچێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بۆ بانگهێشتكردنی بافڵ تاڵەبانی بووبێت بۆ مەراسیمەكەی رۆژی پێنج شەممەی ناوچەی بارزان.   پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێی بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی، هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵێكی نوێ بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی لەدوای سەردانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان.     


درەو: ئەمڕۆ عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانكرد. هەفتەی رابردوو (1ی ئایاری 2023) عەلی باپیر ئەمیری سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری داوای لە ئەندامانی حزبەكەی كرد لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئیدارەی سلێمانی دەستلەكار بكشێنەوە لەبەر ئەوەی ئەو دەزگایانە ماوەی یاساییان بەسەرچووە.  كۆمەڵی دادگەریی كوردستان  (7) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، (3) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، قایمقامێك و چوار بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرێكی گشتی و جێگری بەرێوەبەرێكی گشتی لە ئیدارەی سلێمانی هەیە:  * حەوت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان: -عەبدولستار مەجید  - هەورامان گەچێنەیی - عوسمان كانی كوردەیی - عومەر گوڵپی - بەدریە ئیسماعیل  - روپاك ئەحمەد - موسلیم عەبدوڵا •    سێ ئەندامی ئەجومەنی پارێزگا -    چنار جەلال  ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر -    میدیا ئەحمەد  ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی -    رەمەزان نامیق   ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی •    پۆستەكانی ئیدارەی سلێمانی -    ئیسماعیل حەمەرەشید  بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەلایەتی سلێمانی  -    عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی -    كامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت  -    عەدنان عەلی بەرێوەبەری ناحیەی باوەنوور  -    هێمن بەهجەت بەرێوەبەری ناوحیەی ئاغجەلەر  -    ئەبوبەكر حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسێوی -    هێمن حەمەحسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان    


فه‌رهاد حه‌مزه‌، سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور  ( مه‌به‌ست له‌ وشه‌ی رابردوو ماوه‌ی نێوان ساڵی 1927 تا ڕاپه‌رینی  1991 ) ه‌ لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ ساڵی (1927) ه‌وه‌ نه‌وت له‌ شاری كه‌ركوك دۆزراوه‌ته‌وه‌و به‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی پیشه‌سازی نه‌وت له‌ عێراقدا ده‌ژمێردرێت ، له‌و كاته‌وه‌ تا ڕاپه‌رینی ساڵی 1991 چه‌ندین ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق هاتوونه‌ته‌ سه‌ر حوكم به‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كانی پاشایه‌تی و كۆمارییه‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ سیاسه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وتدا یه‌ك رێچكه‌یان گرتبووه‌ به‌ر هه‌موویان له‌ ڕووی ئیداره‌دانی كه‌رتی نه‌وته‌وه‌ عێراقیان وه‌ك یه‌ك یه‌كه‌ی ئیداری به‌بێ‌ جیاوازی سه‌یر كردووه‌ . له‌سه‌رده‌می حوكمی پاشایه‌تی دا كۆمپانیای نه‌وتی عێراق IPC)) كه‌ ئینگلیزه‌كان باڵا ده‌ست بوون تیایدا زۆربه‌ی خاكی عێراقی ڕوو پێو (مسح) كرد پاشان له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كانی دوایاندا جارێكی تر په‌ڕه‌ی پێ‌ دراوه‌ و توانراوه‌ سه‌دان ستراكچه‌ری جیۆلۆجی بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا ژماره‌یان 570 دانه‌یه‌  . دواتر له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا له‌ یه‌كێك له‌و ستراكچه‌رانه‌ بیری نه‌وتیان تێدا هه‌ڵكه‌ندووه‌ سه‌باره‌ت به‌  هه‌رێمی كوردستان (ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دایه‌ شاری كه‌ركوكمان خستۆته‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه‌ی كوردستانه‌وه‌) له‌ كۆڕمۆڕ 8 بیر ، له‌ چه‌مچه‌ماڵ 2 بیر ، ته‌قته‌ق 3 بیر هه‌ڵكه‌نراون . هه‌موو ئه‌م بیرانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كێڵگه‌ دۆزراوه‌كان ( الحقول المكتشفه‌) به‌ جێهێلدراون بۆ كاتی خۆی به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ زانستییه‌ی دارێژرابوون. كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان  تا ناوه‌راستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ته‌ركیزی هه‌موو به‌رهه‌مهێنانی عێراق له‌سه‌ر كێڵگه‌ی كه‌ركوك و بای حه‌سه‌ن و ڕومێله‌ و زوبێر چڕ ببوه‌وه‌ ، ئه‌م چوار كێڵگه‌یه‌ زۆر مه‌زن بوون كه‌ یه‌ده‌كیان خۆی له‌ په‌نجا ملیار به‌رمیل ده‌دا وبه‌شی هه‌موو عێراقیان ده‌كرد هه‌ر له‌ به‌كاربردنی ناوخۆوه‌ تا هه‌نارده‌كردنی نزیكه‌ی 4 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا ، ته‌نها له‌ كه‌ركوك له‌ ساڵی 1979 رۆژانه‌ ملیۆنێك و شه‌ش سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرا ئیتر چ پێویست ده‌كات ده‌ست بۆ كێڵگه‌ی تر ببرێت . كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم هه‌موویان بچوكن و یه‌ده‌كیان كه‌مه‌ له‌ چاو ئه‌و كێڵگه‌ زه‌به‌لاحانه‌وه‌ كۆمپانیاكان ئاماده‌نین مه‌سره‌فێكی زۆری تێدا بكه‌ن چونكه‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ته‌نها بیر هه‌ڵكه‌ندن نییه‌ به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ بۆڕی بگه‌یه‌نرێنه‌ (وێستگه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی غاز /Degasing station ) پاشان وێستگه‌ی كه‌پسی غاز دواتر وێستگه‌ی چاره‌سه‌رگردنی نه‌وته‌كه‌ له‌ دواییدا گه‌یاندنی بۆ پاڵاوگه‌كان ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێته‌وه‌ به‌ بۆری له‌ رێگه‌ی نزیكترین خاڵه‌وه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێت . هه‌موو كاتێك سه‌ر په‌رشتیارانی پرۆسه‌ی نه‌وت له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا زانستیانه‌ سه‌یری پرۆسه‌كه‌یان كردووه‌ و (جدوی الاقتصادی ) یان خستۆته‌ به‌ر چاو تا چ ڕاده‌یه‌ك سوودمه‌ند ده‌بێت . كه‌واته‌ پرۆسه‌ی به‌ ده‌ست هێنانی به‌روبومه‌ نه‌وتییه‌كانی وه‌ك به‌نزین و نه‌وتی سپی .......هتد پرۆسه‌یه‌كی زۆر فراوانه‌ و به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕ ده‌بێت پێویستی به‌ رووبه‌رێكی فراوانی زه‌وی هه‌یه‌ كه‌واته‌ لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ده‌رنه‌هێنانی نه‌وت له‌ كۆردستان له‌به‌ر بچووكی كێڵگه‌كانه‌ و كاتی ده‌ست بۆ بردنی زۆری ماوبوو . بۆ سه‌لماندنی وته‌كانمان ده‌بینین قوببه‌ی خورماڵه‌ كه‌ ده‌كه‌ویًته‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌  په‌ڕه‌ی پێدراوه‌ و له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌تی عێراقدا بوو چه‌ند كۆمپانیایه‌كی بیانی بهێنێ و به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیاد بكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م قوببه‌یه‌ قه‌باره‌كه‌ی گه‌وره‌ بوو شایه‌نی ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ مه‌سره‌فی لێ‌ بكرێت ، له‌ساڵی 2008 به‌دواوه‌ حوكمه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ . كێڵگه‌ غازییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ غازیش ئاشكرایه‌ هه‌ردوو كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ له‌ راپۆرتی كۆتایی (Final report) كۆمپانیای IPC دا باس له‌ بوونی برێكی باش غاز ده‌كات و یه‌ده‌كی هه‌ردووكیان به‌ 3,9 ترلیۆن پێ‌ سێ‌ جا (SCF)له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا ، به‌ڵام ده‌بینین له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا كاری پێنه‌كراوه‌ و به‌ ده‌ست لێنه‌دراوی ماونه‌ته‌وه‌ وه‌ك كێڵگه‌یه‌كی دۆزراوه‌ (حقل مكتشف) چونكه‌ به‌رهه‌می غاز له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی  تری عێراق به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو به‌شی هه‌موو عێراقی ده‌كرد به‌ زیاده‌وه‌ . بۆ زانیاریتان له‌ 27 ی ئازاری 1967 تورگوت ئۆزال كه‌ ئه‌و كاته‌ ڕاوێژكاری توركیا بوو ( پاشان بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار ) داوای گفتوگۆی له‌ عێراق كرد سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌ كردنی غازی سروشتی بۆ توركیا به‌ بڕی 600 ملیۆن پێ‌ سێ‌ جا له‌ رۆژێكدا له‌ 6 ی نیسانی هه‌مان ساڵ پرۆتۆكۆلێك ئیمزا كرا تا غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ و غازی تواوه‌ی ناو نه‌وت هه‌نارده‌ی توركیا بكرێت ، دواتر كۆمپانیای (بكتڵ) ی ئه‌مریكا ڕاسپێردا بۆ ته‌واو كردنی توێژینه‌وه‌ ئابووری و هونه‌رییه‌كان به‌ڵام له‌ كۆتاییدا شكستی هێنا له‌به‌ر هۆكاری هونه‌ری و ئه‌منی .  پاڵاوگه‌ : تا ساڵی 1927 هیچ پاڵاوگه‌یه‌ك له‌ خاكی عێراقدا بوونی نه‌بووه‌ به‌روبومه‌ نه‌وتییه‌كانیش له‌ پاڵاوگه‌ی عه‌بادانی ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرا . یه‌كه‌م پاڵاوگه‌ له‌ عێراق له‌ شاری خانه‌قین به‌ ناوی (ئه‌ڵوه‌ند) له‌ ساڵی 1927 دامه‌زرا دواتر له‌ شاره‌كانی به‌سره‌ و به‌غدا و كه‌ركوك پاڵاوگه‌ی تر دامه‌زرێنرا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی وڵات له‌ به‌روبومه‌ نه‌وتییه‌كان .  تا كاتی راپه‌رینی ساڵی 1991 هیچ پاڵاوگه‌یه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان بنیات نه‌نرابوو چونكه‌ هیچ كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی په‌ره‌ پێدراوی نه‌بوو ئیتر پاڵاوگه‌ له‌ كویوه‌ نه‌وتی بو بهێنرێت ، له‌ هه‌ردوو شاری موسڵ و ئه‌نباریش پاڵاوگه‌ بنیات نه‌نرابوو ، له‌ موسڵ پاڵاوگه‌یه‌ك دامه‌زرابوو كه‌ به‌ نه‌وتی قورسی كێڵگه‌ی (گه‌یاره‌ ) كاری ده‌كرد كه‌ ته‌نها ئه‌سفه‌لت ی به‌رهه‌م ده‌هێنا . تا ساڵی 1983 و 1984 كه‌ پاڵاوگه‌ی بێجی دامه‌زرا هه‌موو پارێزگاكانی باكووری عێراق له‌ پاڵاًوگه‌ی دۆره‌ی شاری به‌غداوه‌ سووته‌مه‌نیان بۆ ده‌هات له‌ شاری كه‌ركوكیش پاڵاوگه‌یه‌كی بچووكیش هه‌بوو كه‌له‌ توانای دابوو نه‌وتی سپی و گازوایل به‌رهه‌م بهێنێت . شاره‌زایانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی پاش دركردن به‌ وه‌ی پارێزگاكانی باكووری عێراق پێویستیان به‌ پاڵاوگه‌ هه‌یه‌ ئه‌و كات شارۆچكه‌ی بێجیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ڵبژارد چونكه‌ جێكه‌وته‌كه‌ی ستراتیجی بوو بۆ دابین كردنی ئاو نزیك بوو له‌ رووباری دیجله‌وه‌  له‌ هه‌مان كاتدا ده‌یتوانی به‌ نه‌وتی كه‌ركوك و نه‌وتی به‌سره‌  كار بكات هه‌ر كامێكیان په‌كی بكه‌وتایه‌ نه‌وتی له‌وی تر وه‌رده‌گرت ، ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وێنه‌ی نه‌بوو له‌ توانای دابوو رۆژانه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت پاڵاوته‌  بكات كه‌ به‌شی پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و موسڵ و كه‌ركوك و سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێری ده‌كرد . ئه‌نجام كه‌واته‌ یه‌كه‌مین فاكته‌ر له‌ نه‌بوونی پیشه‌سازی نه‌وت له‌ كوردستان بچووكی و كه‌م به‌رهه‌می كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانه‌ كه‌ (جدوی اقتصادی ) نییه‌ ، نه‌بوونی به‌رهه‌می غازیش هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ بایه‌خی غاز له‌ هه‌موو جیهاندا نه‌ك ته‌نها عێراق ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوو . فاكته‌رێكی تریش كه‌ تا راده‌یه‌كی باش گیراوه‌ته‌ به‌رچاو ئه‌ویش فاكته‌ری ئه‌منییه‌ بێگومان له‌ ساڵی 1961 ه‌وه‌ له‌ كوردستان شۆرشێكی چه‌كداری به‌رپا كراوه‌ و سه‌قالمگیری له‌ كوردستاندا نه‌هێشتبوو ئه‌و كاته‌ هیچ كۆمپانیایه‌كی بیانی ئاماده‌ نییه‌ له‌ شوێنێكی نا ئارامدا كار بكات و پاره‌ی خۆی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر تا ساڵی 1961 ته‌نها هۆكاری ته‌كنیكی ڕێگر بووبێت له‌ پێش بنیاتنانی پیشه‌سازی نه‌وت له‌ كوردستان ئه‌وا له‌ ساڵی 1961 به‌دواوه‌ كه‌ شۆرشی كوردی تێدا هه‌ڵگیرسا هۆكاری نه‌بوونی ئارامی و سه‌قامگیریشی هاته‌ سه‌ر .


  مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   لە ماوەی پێشودا گوێمان لە دەرکردنی چەندان بڕیار بوو بۆ سەپاندنی خواستی پیاوانی دین و خواستی بەشە کۆنەخوازەکەی کۆمەڵگای عێراقی بەسەر هەموواندا. لەوانەش بۆ نموونە، ڕێگرتن لەوەی پارێزەرە ژنەکانی عێراق «تەنوورەی کورت» و «جلی تەسک» لەبەربکەن، لەباتی ئەوە پێویستە و دەبێت ناچاربکرێن «جلی گونجاو» لەبەربکەن. لەهەمانکاتدا یاسا دەردەکەن کە «دوستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان» بە «هەموو جۆرەکان»ییانەوە قەدەغە دەکات. هەرکەسێک بیفرۆشێت یان بیخواتەوە سزابدرێت.  ئەم دوو نموونەیە دوو نموونەی زەق و بینراوی پەلاماردانی ئەو جۆرە ئازادیانەن کە لە دونیای ئەمڕۆدا ناوی «ئازدییە مەدەنییەکان»یان لێنراوە. ئەو ئازادییانەی وادەکەن مرۆڤ نەبێتە قوربانیی «دەسەلاتی دەوڵەت» و هێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە حوکمرانەکان، هەروەها نەبێتە قوربانیی دەستی ئەوەی لە دونیای مۆدێرندا ناوی «رای گشتیی» و «زۆرینەی کۆمەڵایەتیی» لێنراوە.  یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا ئەوەیە کە دەتوانێت بە ئاسانیی بکوژێت و ببڕێت، چەندان هێزی سەربازیی و ئەمنیی و پۆلیسیی ئاشکراو نهێنی هەن کە بە ئاسانی دەتوانن دەست بۆ ورد و دروشتی ژیانی تاکەکەسەکان ببەن. تەکنۆلۆژیایەکی گەورەی کوشتن و جاودێرکردن و دیسپلینکردنیش لەبەردەستدایە کە توانای کۆنترۆڵکردنی تەنانەت ژووری نووستنەکانیشی هەیە. هاوکات کۆمەڵگا خۆیشی لە ڕێگای چەمکەکانی «رای گشتیی» و «زۆرینەی کۆمەلایەتیی»ەوە توانای ئەوەی هەیە کۆی ئەو دید و روانین و تێگەیشتنانە بسەپێنێت کە ئەو زۆرینەیە لەو ساتەدا بە ڕاستی دەزانێت. یەک زنجیرە جەمک و دیدگا هاتونەتەکایەوە کە بەناوی «سەلەف» و «رەسەنایەتیی» و «ئاسایشی ئەخلاقیی» و «کولتوریی باو و باپیران» و چەمکی ترسناکی تری لەم بابەتەوە ئەدوێن.  هەم دەوڵەت و هەم کۆمەڵگای مۆدێرن، دوو هێزی گەورە و هەمەتوانان گەر ڕێگەیان لێنەگیرێت دەتوانن ژیانی مرۆڤەکان تەواو لە قاڵببدەن و ئەوەی ناوی ئازادییە تاکەکەسیی و شەخسییەکانە بەتەواوی بسڕنەوە. نەک هەر ئەمە بەڵکو دەتوانن وابکەن مرۆڤەکان ببن بە کۆپی یەکتر و بە کۆپی ئەو مۆدێلە لە مرۆڤبوون کە لەناو عەقڵ و سایکۆلۆژیای پیاوانی دیندا دروستدەبێت.  چەمکی «ئازادییە مەدەنییەکان» و خواستی پاراستن و بەرگریلێکردنیان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هاوکێشە لاسەنگ و ترسناکەی سەرەوە لەدایکبووە. ئەو هاوکێشەیە گەر لە ڕێگای یاسا و دەزگا و پرنسیپی پاراستنی ئازادییەکانەوە، ڕێی نەگیرێت،  تاکەکەس دەکاتە کۆیلەی حوکمرانان و رای گشتیی و دەزگا و سەرجەمی ئەو کەس و هێزانەوە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و بە چاوساغی کۆمەڵگا دەزانن.  ئەوەی ئەو دوو بڕیارەی سەرەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەنجامیئەدات، رێک سەپاندنی روانینی دەولەت و حوکمرانان و ڕای گشتیی ساتەوەختیکی دیاریکراوە، بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگای عێراقیدا. بەسەر ئەو ملیۆنان کەسەشدا کە بەو بڕیارانە ناڕازین و وەک دەستدرێژیی و تەعەداکردن بۆسەر ئازادییە شەخسییەکانی خۆیان وێنایدەکەن. لەم دۆخەدا ئێمە لەبەردەم رووە تاریکەکانی دونیای مۆدێرنداین بەبێ ئەو توانا و یاسا و میکانیزمانەی دەتوانن سنوورێک بۆ ئەو رووە تاریکانە دابنێن.   ئەوەی لەم دۆخەدا دەستنیشانی ئەوەدەکات «جلی گونجاو» کامەیە، خودی ئافرەتەکان خۆیان نین، با خوێندەوار و دەرچوی خوێندنی باڵا و پارێزەریش بن، بەڵکو ئەو مەلا و ئیمام و باگخواز و حیزب و کادرە دینییانەن کە بەناوی موقەدەسەوە قسەدەکەن و وا هەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی خودا کاغەزی سپی بۆ ئیمزاکردبن. بەم شێوەیە ئەوەی جۆر و شێوازی ئەم «جلە گونجاوە» دەستنیشاندەکات عەقل و زەوق و تێگەیشتنی ئەوان و، ئەو گرێ دەرونیی و کێشە سایکۆلۆژییانەیە کە ئەوان هەڵیانگرتوە. لە هەموو دۆخێکدا ئەوە ئافرەتان خۆیان نین دەستنیشانی ئەوەبکەن چی لەبەربکەن، گرنگ نییە پلەی خوێندەواریان هەرچییەک بێت.  ئەم لەشکرە دینییە لە هەوڵى ئەوەدان هەموو ئافرەتانی وڵاتەکە ناجاربکەن ئەوەی ئەوان ناوی «جلوبەرگی شەرعی»یان لیناوە، لەبەربکەن. لای خۆمان ڤێستیڤاڵی گەورە بۆ کردنە سەری حیجاب، کە حیجابێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و حیزبییە، بۆ هەزاران کچی منداڵ و گەنج ڕێکدەخەن، تەلەفیزیۆن و میدیایەکی دینیی بەرفراوان لە ئارادایە تێگەیشتنی ئەوان بۆ دین بڵاودەکاتەوە و لە کوێشدا بۆیانبکرێت ئەو تێگەیشتنە لەڕێگای هێزەوە بەسەر هەموواندا دەسەپێنن. یەک لەشکر پارت و رێکخراو و کۆڕ و کۆمەل و بانگخوازی دینیی هەمەجۆر هەن چیان بوێت دەیڵێن و دەینووسن و بلاویدەکەنەوە، کەچی لانی هەرەکەمی ئەو ئازادییە سادانە بە کەسانێک نادەن لەخۆیان نەچێت، قسەیەکیان لەسەر دین هەبێت لە قسەکانی ئەوان نەچێت.  هەمووان دەبێت ئەو جلانە لەبەربکەن کە ئەوان دەڵێن خودا گوتویەتی لەبەریبکەن و ئەو شتانەش بخۆنەوە یان نەخۆنەوە کە خودا ڕێیداوە مرۆڤ بیخواتەوە یان نەیخواتەوە. هەرکەسێکیش لەم ئەمرە تایبەتانەی ئەوان لابدات، لە ئەمری خودا لایداوە. بۆیە ئەوان لێرە و لە ئێستادا بەناوی خوداوە سزای ئەدەن.  بە کورتییەکەی ئەم دۆخە تایبەتەی تێگێشتن لە دین و لە خودا وایکردوە ئەوەی ئێستا لە عێراقدا قسەدەکات دین نەبێت بەمانا میژوویی و ئینسانییەکەی، بەڵکو ئەو تێگەیشتنە سیاسیی و تائیفیی و میلیشیاییە بێت، کە لە ڕێگای هێزەوە خۆی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت. بەم خۆسەپاندنەش شەقێکی گەورە لە کۆی ئەو ئازادییە مەدەنییانە بدات کە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی هێزگەلێکی وەک ئەوان، دروستبووە.  لە سەرجەمی ئەو وڵاتانەدا کە بەناوی ئیسلامەوە خواردنەوە کحولییەکانیان قەدەغەکردوە، جۆرێک لە ئابوریی قاجاغ دروستبووە کە ئەلکهول بە یاساغی لە هەموو شوێنێکدا دەفرۆشێت. زۆرجار بەشێکی گەورەی ئەو ئابورییە قاجاغە بە سەرە گەورەکانی دەسەڵاتەوە گرێدراوە کە  بەناوی دینەوە ئەو مادانەیان یاساغکردوە. هاوکات زۆرێکیش لە خەڵک لە مالەکانی خۆیاندا و دوور لەهەر چاودێرییەکی زانستییەوە خۆیان ئەلکهول بەرهەمدەهێنن و دەیخۆنەوە.  بێگومان ئەم جۆرە یاساغکردنە تەنها ئابوریی قاچاغ و کێشەی تەندروستیی دروستناکات، بەڵکو کێشەی ئەخلاقیی گەورەش دروستدەکات، لە پێش هەمووانەوە کۆمەڵگایەکی تەواو دووروو دروستدەکات. دوو رووی ناکۆک و دژبەیەک. روویەکیان رووە فەرمیی بینراوەکەیە کە بۆ دونیای دەرەوە، بۆ حیزب و مزگەوت و حوکمڕانان و پیاوانی دین، دروستکراوە. ئەم رووە رووە درۆزنەکەی کۆمەڵگایە. رووکەی تریشیان، رووە راستەقینە و نافەرمی ا یاساغەکەیە، کە کەسەکان بۆ حەز و خواست و ویستە راستەقینەکانی خۆیان دروستیدەکەن.   ئەم دۆخە وادەکات ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێویستیان بە هێزی ترسناکی وەک « پۆلیسی ئەخلاق» هەبێت بۆئەوەی ئەو دوو رووە بە تەنیشت یەکەوە بپارێزن. لە راستیدا ئەرکی ژمارەیەکی پۆلیسی ئەخلاق و هێزە هاوشەوەکانی بریتییە لە پاراستن و دریژەدان بەو دووڕووبوونە کۆمەلایەتییە کە باسمکرد. ئەم هێزانەش لە جەوهەریاندا هێزی تەعەداکردنی رۆژانەن لە ئازادییە هەرە سادەکانی مرۆڤ بەناوی ئەخلاق و دین و رەسانەیتییەوە.


(درەو):  یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنی هەولێرو بەغداد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت جێبەجێكرا، بەپێی ئەو بڕگەیە داهاتی نەوتی هەرێم لە بانكێكی ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی دادەنرێت، بەڵام كۆمپانیایەكی جیهانی وردبینی تێدا دەكات.  بەگوێرەی نوسراوێك كە رۆژی 27ی  نیسانی رابردوو، ئاڕاستەی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت "سۆمۆ"ی كردووە، بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، لارییان نییە لەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بخرێتە (Citi Bank) كە لە ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبییە.  لەم نوسراوەدا كە كەناڵی (عهد)ی سەربە قەیس خەزعەلی بڵاویكردوەتەوە، بانكی ناوەندیی عێراق مەرجی داناوە كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتی راسپێردرێت بە وردبینیكردن لە حساب بانكییەكەی هەرێم لە (سیتی بانك).  هەر لەم نوسراوەدا، بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، بەوپێیەی ئەوان سودمەند نین لە فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم سودمەندە، بۆیە حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی هەر بژاردەیەك دەگرێتە ئەستۆ كە پشتی پێببەستێت بۆ وەرگرتنی ئەو داهاتانە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو رێككەوتنەی كە لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردوویانە، حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (سیتی بانك)ی ئەبوزەبی دابنرێت، بۆیە ئەم نوسراوەی بانكی ناوەندی عێراق وەكو جێبەجێكردنی یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە تەماشا دەكرێت.  ده‌قی نوسراوه‌كه‌:  


(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا لیستی موچەی مانگی نیسانی رانەگەیاندووە، چاوەڕێی هاتنی 400 ملیار دینارەكەی بەغداد دەكات، تەنانەت بە پارەكەی بەغدادیشەوە حكومەت نزیكەی (170 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ خەرجی موچە.  وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 6ی نیساندا دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی (ئازار) كرد، ئەمڕۆ 7ی ئایارە، هێشتا لیستی موچەی مانگی (نیسان)ی رابردووی رانەگەیاندووە.  فرۆشی نەوت كە سەرچاوەی 77%ی كۆی گشتی  خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بوو (بە خەرجی موچەشەوە)، بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوت راوەستاو هەرێم ئەم سەرچاوە گرنگەی داهاتی لەدەستداوە، ئێستا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی داهاتی نەوت تا ئەوكاتەی بودجەی گشتی عێراق پەسەند دەكرێت، حكومەتی بەغداد بڕیاریداوە مانگانە بڕی (400 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەم بڕە پارەیە رێژەی تەنیا 44%ی خەرجی موچە لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، ئەمە جگە لە خەرجییەكانی تر، پاشماوەی كورتهێنانی خەرجی موچە دەبێت حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ پڕیبكاتەوە. بۆ موچەی مانگی نیسان هێشتا حكومەتی فیدراڵ (400 ملیار) دینارەكەی نەناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە ئەم هەفتەیە پارەكە بگات.  ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەم هەفتەیەدا (400 ملیار) دینارەكە بنێرێت، حكومەتی هەرێم بڕی (200 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی دەخاتە سەر، ئەمە لەگەڵ بڕی (100 ملیار) دیناری تر كە لەبەردەستی حكومەتدا ماوەتەوە، لەپاڵ ئەمەدا حكومەت مانگانە بڕی زیاتر لە (31 ملیار) دینار وەكو یارمەتی بۆ پێشمەرگە لە هاوپەیمانان وەردەگرێت، واتا بەتێكڕا حكومەتی هەرێم بڕی (731 ملیار) دیناری لەبەردەستدا دەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (900 ملیار) دینارە، لەم حاڵەتەدا حكومەت بۆ دابینكردنی خەرجی موچە بڕی نزیكەی (170 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت.  دواخستنی وادەی دابەشكردنی موچە بەردەوام یەكێك لە تەكنیكەكانی حكومەتی هەرێم بووە بەمەبەستی كۆكردنەوەی زیاتری داهات، دواخستنی دابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان) ئەو دەرفەتە بە كابینەی نۆیەم دەدات كورتهێنانی خەرجی موچە لەرێگەی كۆكردنەوەی داهاتی زیاتری ناوخۆوە پڕ بكاتەوە.  ئەم دۆخی كورتهێنانە تا پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق بەردەوام دەبێت، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق كراوە، بڕیارە لەم مانگەدا پرۆژەكە پەسەند بكرێت.  بەپێی قسەی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە پرۆژە یاسای بودجەدا مانگانە بڕی (775 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە، ئەمە لەگەڵ بڕی (112 ملیار) دیناری مانگانە بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم. واتای دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، دەبێت حكومەتی عێراق مانگانە بە تێكڕا بڕی (887 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرو خانەنیشیانی هەرێم بنێرێت، بەمەش حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە پڕبكاتەوە كە مانگانە زیاتر لە (900 ملیار) دینارە، هەڵبەت ئەگەر هەردوو حكومەتەكە پابەند بن بە یاسای بودجەو هاوشێوەی رابردوو هیچ یەكێكیان ئەوەی تر بە پێشێلكردنی یاسای بودجە‌و رێككەوتنەكان تۆمەتبار نەكات. 


  درەو: لەدوای سەردانەكەی بار بارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ لە نێوان تیمی وزاری یەكێتی و پارتی هەیەو هەوڵێك هەیە بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر سەر بگرێت چوارشەمە تیمی وزاری یەكێتی بەشداری كۆوبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن. سەرچاوەیەك لە تیمی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: لەدوای سەردانەكەی یاریدەردەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و داواكردنی بۆ رێككەوتن و گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتی و پارتی گفتوگۆیان دەستپێكردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر گفتوگۆكان ئەرێنی بن، چوارشەممە تیمی یەكێتی یاخود یەكێك لە ئەندامانی تیمی یەكێتی (د. دارا رەشید) بە راپۆرتێكی یەكێتیەوە دەچێتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لەوێدا گفتوگۆی كێشەكان دەكرێت، چونكە تا ئێستا مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت كێشەكان لە ئەنجومەنی وەزیران یەكلابكرێنەوەو گفتوگۆیان لەسەر بكرێت. لە ئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لە پرسی دارایی و كورتهێنانی سلێمانی كە یەكێتی راپۆرتێكی لەبارەوە پێشكەشكردووە، بڕینی بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی، پرسی كوژرانی هاوكار جاف.  هەفتەی رابردوو هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی (د. دارا رەشید) وەزیری پلانادانراپۆرتی یەكێتی بەرێتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لەوێدا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بەڵام بەهۆی هەڵمەتی ئیعلامی نێویانیان ئەو هەوڵە شكستی هێنا.   ماوەی زیاتر لە (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بایكۆتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووەو نزیكەی چوار منگیشە تیمی وزاری یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە.   


درەو: - كادریان لادەبەرد و دەیاندا بە كوشت لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسە حەزی پێنەبووە... - مامۆستا جەعفەر تەنیا لەبەر ئەوەی عەرەبی دەزانی كردیان بە ناوەندی كۆمەڵە ... - كاك نەوشیروانم بینی وتم ئەوە چیە خەڵك دەگرن لەسەر بۆچونی جیاواز.. وتی ئێرە سویسرا نیە ... - مام جەلال كردی بە قیژەقیژ و لێم توڕە بوو....  - نیشتمان پەروەریان نەهێشت، قەومیەتیان نەهێشت... - ئەوەی ئێستا شەڕی سوڵتەو پارەیە..... - ئەزانن چی چاوەڕێی ئەم میللەتە بەدبەختە دەكات بەدەست ئەم حزبە نەفامانەوە........   روناك شێخ جەناب (بەشی یەكەم)  روناك شێخ جەناب (بەشی دووەم)   


 شیكاری: درەو   رۆژی (5ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا مانگی شوباتی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر (19 ترلیۆن و 207 ملیار) دینار بووە، کە (96.5%)ی داهاتی نەوت و(3.5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. بڕی زیاتر (2 ترلیۆن و 233 ملیار) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ کورتهێنانی هەبووەو بە پوختی نزیکەی (17 ترلیۆن و 669 ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە. 🔹 لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (11 ترلیۆن 554 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (88.7%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. تەنها (ترلیۆنێک و 468 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (11.3%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (25.2%) و زیاتر لە (4 ترلیۆن 645 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بریتی بووە لە (ترلیۆنێک و 572 ملیار) دینار زیاتر، بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (ترلیۆنێک و 482 ملیار) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران زۆرتر لە (82 ملیار 741 ملیۆن) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (7 ملیار و 196 ملیۆن) دینار، خەرجیان هەبووە. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023) کە لە (5ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (19 ترلیۆن و 902 ملیار و 612 ملیۆن و 429 هەزار و 264) دینار، بەجۆرێک بڕی (19 ترلیۆن و 207 ملیار و 539 ملیۆن و 763 هەزار و 376) دیناری بەڕێژەی (96.5%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (695 ملیار و 72 ملیۆن و 665 هەزار و 888) دینار، بەڕێژەی (3.5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 233 ملیار و 629 ملیۆن و 735 هەزار و 678) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیة) کورتی هێناوە و بە پوختی (17 ترلیۆن و 668 ملیار و 982 ملیۆن و 693 هەزار و 586) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەردوو مانگی کانونی دووەم و شوباتی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک و دووی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 23 ملیار و 220 ملیۆن و 758 هەزار و 159) دینار، بەجۆرێک بڕی (11 ترلیۆن و 554 ملیار و 454 ملیۆن و 370 هەزار و 557) دیناری بەڕێژەی (88.7%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 468 ملیار و 776 ملیۆن و 387 هەزار و 602) دیناری بەڕێژەی (11.3%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەردوو مانگی کانونی دووەم و شوباتی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگی کانونی دووەم و شوباتی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (ترلیۆنێک و 468 ملیار و 766 ملیۆن و 387 هەزار و 602) دیناری بەڕێژەی (11.3%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (18 ملیار و 384 ملیۆن و 372 هەزار و 118) دیناری بە ڕێژەی (1.3%) بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (233 ملیار و 893 ملیۆن و 375 هەزار و 736) دیناری بە ڕێژەی (15.9%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (177 ملیار و 401 ملیۆن و 336 هەزار و 708) دیناری بە ڕێژەی (12.1%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (882 ملیار و 89 ملیۆن و 193 هەزار و 984) دیناری بە ڕێژەی (60.1%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (156 ملیار و 998 ملیۆن و 109 هەزار و 56) دیناری بۆ بە ڕێژەی (10.7%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی 2023 لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 23 ملیار و 220 ملیۆن و 758 هەزار و 159) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (17 ترلیۆن و 668 ملیار و 982 ملیۆن و 693 هەزار و 586) دینار. واتە بڕی (4 ترلیۆن و 645 ملیار و 761 ملیۆن و 935 هەزار و 427) دیناری بەڕێژەی (25.2%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری هەردوو مانگی کانونی دووەم و شوباتی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە مانگی کانونی دووەم و شوباتی 2023 لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (ترلیۆنێک و 572 ملیار و 540 ملیۆن و 986 هەزار و 131) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (82 ملیار و 741 ملیۆن و 555 هەزار و 456) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (2 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.  2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (7 ملیار و 608 ملیۆن و 44 هەزار و 949) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (ترلیۆنێک و 482 ملیار و 602 ملیۆن و 998 هەزار و 47) دیناری خەرجکردووە، بڕی (ترلیۆنێک و 18 ملیار و 663 ملیۆن و 729 هەزار و 100) دیناری بە ڕێژەی (69%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (463 ملیار و 939 ملیۆن و 268 هەزار و 947) دیناری بە ڕێژەی (31%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط 2023 للموازنە الاتحادیة  


راپۆرت: فرانس پرێس وەرگێڕانی: درەو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ماوەی 20 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە‌و جێ پەنجەیەكی قوڵی لەسەر وڵاتەكەی بەجێهێشتووە.  خۆشتبوێت یان رقت لێی بێت، سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەگوێرەی دەستورێك كە سەرلەنوێ دایڕشتەوە بەجۆرێك لەگەڵ خۆیدا بگونجێت، بوو بە سەرۆك كۆمار  بەدەسەڵاتێكی زۆرەوە، چەندین جاریش هەڵبژێردرایەوە. ئەردۆغان چەندین رووی هەیە، ئەمە پێنج لە روخسارەكانیەتی: -بیناكار-   ئەردۆغان لە سەرانسەری توركیادا پردو رێگای خێراو فڕۆكەخانەی دروستكرد، وایكرد وڵات بە خێراییەكی زۆر بگاتە سەدەی بیست‌و یەك، لەماوەی 10 ساڵی یەكەمی حوكمڕانییەكەیدا بەشێوەیەكی ناوازە هانی گەشەی ئابوری دا، ئەمە بوو بەهۆی دەركەوتنی چینێكی ناوەندیی نوێ.  زۆرێك لە پرۆژەكان رەنگدانەوەی ئارەزووەكانی سەرۆكە كە هاوپێچە بە پارانۆیا (جنون العظمة)‌و لەسەر گردێكی پڕ لە دارو درەختی پارێزراو لە ئەنكەرە، كۆشكێكی بۆ خۆی دروستكردووە كە زیاتر لە هەزار ژوور لەخۆدەگرێت، هەروەك سێیەم پردی بۆسفۆرو ئەو پرۆژەیەشی دروستكردووە كە لە ساڵی 2022وە گەرووی دەردەنیل دەبڕێت (4,6 كلم) كە درێژترین پردی هەڵواسراوە لە جیهاندا.  ئەمە لەپاڵ مزگەوتی (كاملیكا)ی زەبەلاحدا لە ئیستانبوڵ (30 هەزار كورسی)‌و منارەیەك بە بەرزی (107 مەتر)، لەگەڵ سێیەمین فڕۆكەخانە لە شارەكەدا كە ساڵی 2018 كرایەوە، هەروەها هێڵی شەمەندەفەری خێرا‌و وێستگەكانی وزەی كارۆئاویی‌و گەرمیی‌و یەكەم وێستگەی وزەی ئەتۆمیش لەم هەفتەیەدا كرایەوە.  هەروەك "پرۆژەی شێتانە" هەیە بەپێی دەربڕینی ئەردۆغان بۆ كەناڵی ئیستانبوڵ (بە درێژاریی 45 كیلۆمەتر‌و پانیی 275 مەتر) كە دەیەوێت هاوتای تەنگەی بۆسفۆر لەنێوان دەریای مەرمەڕەو دەریای رەشدا، تێیپەڕێنێت، بەڵام رووبەڕووی كەمی بودجە دەبێتەوە.  -    یاریزانی تۆپی پێ-  لە گەڕەكی بەناوبانگی (كاسیم پاشا) لە ئیستانبوڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی لاو بۆ ئەوەی خۆی لە فشارە سەختەكانی خۆپەروەردەكردنی رزگار بكات، لە تۆپێكی هەڵدەدا كە لە پەڕۆو كاغەز دروستكرابوو، ئەمە بەگوێرەی چیرۆكێكی باو.  لە تەمەنی هەرزەكاریدا باڵابەرزەكەی (1,85 مەتر) وایكرد لای یانەكانی گەڕەكەكە وەكو یاریزانێكی هێرشبەر خواستراو بێت، ئەمە بەرلەوەی ئۆفەری یانە پیشەگەرەكانی پێبگات لەنێویاندا یانەی فەنەرباخچەی بەناوبانگ لە ئیستانبوڵ. بەڵام باوكی كۆنەپارێزی كە دەریاوانێكی دەریای رەش بوو، ناچاریكرد درێژە بە وانە ئاینییەكانی بدات. رەجەب تەیب ئەردۆغان بە نابەدڵی وازی لە تۆپی پێ هێنا، بەڵام هەر لە نزیك یاریگاكان مایەوەو لەگەڵ یاریزانە بەناوبانگەكانی توركیا دەردەكەوت. لە ساڵی 2014دا كەسە نزیكەكانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئیسلامی كۆنەپارێز) یانەی "باشاك شەهیر"یان كڕی كە نوێترین یانە بوو لە ئیستانبوڵ، ئەم یانەیە لە ساڵی 2020دا بۆ یەكەمجار نازناوی خولی سۆپەر لیگی بردەوە.  -    ئاینیی-  باوكی رەجەب تەیب حەزی لەوە بوو كوڕەكەی ببێت بە ئیمام. لە توركیای عەلمانیدا كە مستەفا كەمال ئەتاتورك دایمەزراندووە، ئەم گەنجە ناوی خۆی لە یەكەمین خوێندنگە ئاینییە گشتییەكاندا تۆمار كرد كە خوێندنی قورئانیان لەگەڵ بابەتە عەلمانییەكاندا تێكەڵ كردبوو.  خوێندنی لە خوێندنگەی بانگخوازان تاڕادەیەكی زۆر یارمەتیدەر بوو لە دەركەوتنیدا. بە وێنەی پارتەكەی (دادو گەشەپێدان)، ئیسلام بوو بە توخمێكی كۆكەرەوەی دەنگدەرەكانی.  ئەردۆغان لە وێنەی بانگخوازێكدا بۆ تەقوا و، بەرگریكار لە خێزان، كە وای دەبینی لە بەرەدەم هەڕەشەی بزوتنەوە فیمینیست‌و هاوڕەگەزخوازەكاندایە، دەستی پێكرد، كاتێكیش وەكو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا (1994- 1998) فرۆشتنی كحولی  (مەی) سنوردار كرد.   ئەردۆغان ستایشی بەهاكانی دایكایەتی دەركرد‌و رێگەی بەوەدا ژنان لە زانكۆو لە كاروباری گشتیدا باڵاپۆشی بكەن.  لە ساڵی 2020دا كاتدراڵی (ئایا سۆفیا)ی پێشوو هەروەها كڵێسای پێشووی مەسیحی فریادڕەس (خورا)ی لە ئیستانبوڵ كرد بە دوو مزگەوت.  - وتارخوێن- رەجەب تەیب ئەردۆغان سودی بینی لە شارەزایی لە وتاردان بۆ خەڵك‌و دەركەوتن لە تەلەفزیۆنەكاندا، پێدەچێت توانیبێتی رۆژانە نزیكەی 8 كۆبونەوە بكات، ئەوكات وتاری دەدا ئامادەبوانی دەجوڵاند، منداڵانی ماچ دەكرد‌و پیرەژنەكانی لەئامێز دەگرت.  لەناو ئەو پۆپۆلیزمەدا كە پاڵی پێوەنا بەرەو سەركەوتن، موچەی خانەنشینی زیادكردو، گەیشتە ئاستی ئەوەی بلیتی گەشتكردن بەسەر منداڵاندا دابەش بكات.  دەزگا راگەیاندنە باڵادەستەكان ئەوانەی سەربە حكومەت بوون، هەموو وتارەكانی ئەویان بەشێوەی راستەوخۆ پەخش دەكرد.  -سەربە كێشە-  سەرۆكی توركیا دەیزانی چۆن سود لە هەڵكەوتەی ناوازەی توركیا وەربگرێت كە لەنێوان ئەوروپاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵكەوتووە‌و پاسەوانی كەنارەكانی باشوری دەریای رەشە لە دەرگاكانی بەلقانەوە.  لە سەرەتای لەشكركێشی روسیاوە بۆسەر ئۆكراینا، ئەردۆغان توانی پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی بكات لەگەڵ هەردوو لایەتی شەڕكەر بەبێ ئەوەی پاڵپشتی ڤلادیمیر پۆتینی هاوتا روسییەكەی لەدەستبدات كە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی توركیا لەڕووی وزەوە پشتی پێدەبەستێت، هەروەها بەبێ وروژاندنی توڕەیی هاوپەیمانەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی.  بەڵام لەبەرامبەردا لە پەیوەندییەكی ئاڵۆزدیە لەگەڵ زۆربەی دراوسێكانیدا: لە سوریاوە بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد بۆ میسر بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح سیسی، لە یۆنانەوە بۆ عێراق‌و ئیسرائیل‌و وڵاتانی كەنداو.. ئەمەش لە سوربونییەوە بۆ ئایندە، لەماوەی 18 مانگی رابردوودا هەوڵێكی گەورەیدا بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەگەڵ زۆربەیاندا.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand