چارەنوسی موچەی تەموز چی لێدێت؟
2024-08-27 17:47:47
راپۆرت: درەو
6 هەزار ناوی دووبارەو نزیكەی 30 ملیار دیناری خەرجی كەركوك و خانەقین لەگەڵ گرفتی لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكان و خانەنشینی پێشمەرگەو 100 هەزار موچەخۆر كە بایۆمەترییان نەكردووە، بەرۆكی لیستی موچەی مانگی تەموزی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی گرتووە، وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە ئەمساڵ نزیكەی 600 ملیار دینار زیاتر لە حەقی خۆی پارەی بۆ موچەی هەرێم ناردووە. دوای زیاتر لە شەش مانگی لە دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق هێشتا موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە كێشمەكێش و وردبینی رزگاری نەبووە، وردەكاری ناكۆكییە داراییەكانی هەولێرو بەغداد لەسەر لیستی موچە لەم راپۆرتەدا.
موچەی ئاب لەبری تەموز
مانگی (ئاب) لە كۆتا رۆژەكانیدایە، موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هێشتا موچەی مانگی (تەموز)یان وەرنەگرتووە. وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئەم ئێوارەیە گەیشتە بەغداد بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی موچەی مانگەكانی (7و 8)، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) وەفدەكەی وەزارەتی دارایی بەرپرسانی ژمیركاریی و بودجەن و دەیانەوێت رونكردنەوە بە وەزارەتی دارایی عێراق بدەن سەبارەت بەو تێبینییانەی كە بەغداد لەبارەی لیستی موچەخۆرانی هەرێم هەیەتی.
هاوكات لەگەڵ گەیشتنی وەفدەكەدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (549 ملیارو 572 ملیۆن) دیناری خستەسەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەكو رێباز حەملان یاریدەدەری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەڵێ:" ئەم پارەیە بۆ موچەی مانگی هەشتە، لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی هەشتی رەوانەی بەغداد نەكردووەو چاوەڕوانی موچەی مانگی حەوتی كردووە".
وەزارەتی دارایی هەرێم لە رۆژی 21ی تەموزەوە لیستی موچەی مانگی تەموز (7)ی رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كردووە، لەم مانگەوە حكومەتی هەرێم لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقدا، موچەی خانەنشینانی بە هاوتاكراوی لەگەڵ یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو رەوانەی بەغداد كرد، ئەم هاوتاكردنە بڕی (54 ملیارو 208 ملیۆن) دینار خەرجی موچەی مانگانەی هەرێمی بەرزكردەوە، ئەمە یەكێك لەو بابەتانە بوو كە وەكو كێشە لە لیستی موچەی هەرێمی كوردستان باسدەكرا.
وەزارەتی دارایی هەرێم 37 رۆژە لیستی موچەی مانگی 7ی بۆ بەغداد ناردووە، بەڵام هێشتا چارەنوسی موچەی ئەو مانگە نادیارە، هەندێك سەرچاوە باسلەوە دەكەن، وەزارەتی دارایی عێراق وتویەتی، لە مانگەكانی 2 بۆ 6ی ئەمساڵدا، زیاتر لە خەرجی راستەقینەی موچە پارەی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناردووە، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان لەو پارە زیادانە كە لەو مانگانەدا وەریگرتووە خۆی خەرجی موچەی مانگی 7 پڕ بكاتەوە.
بەگوێرەی دواین داتاكانی وەزارەتی دارایی هەرێم، تێكڕای ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (بە مەدەنی و سەربازی و خانەنشینانەوە) لە لیستی مانگی 7دا بریتی بووە لە (ملیۆنێك و 132 هەزارو 390) موچەخۆر، تێكڕای خەرجی موچەی ئەم مانگە بریتییە لە بڕی (956 ملیارو 876 ملیۆن) دینار لەگەڵ بڕی (54 ملیارو 208 ملیۆن)ی خەرجی زیادەی هاوتاكردنی موچەی خانەنشینان.
ناوی دووبارە !
یەكێك لەو كێشانەی كە پەرلەمانتاران و تەنانەت وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغداد سەبارەت بە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باسی لێوە دەكەن، بابەتی دووبارە بوونەوەی ناوی موچەخۆرە لە لیستی موچەخۆراندا، بۆ ئەمە وەزارەتی دارایی هەرێم پێیوایە دووبارەبوونەوەی ناوی موچەخۆران شتێكی ئاساییەو كێشەیی یاسایی نییە، چونكە ئەوانەی ناویان دووبارە بووەتەوە (واتا دوو موچە وەردەگرن) ئەوانەن كە لە یەك كاتدا لە حكومەتی هەرێم كارمەندن و هاوكاتیش لە حكومەتی عێراق لە هاوكاری چاودێری كۆمەڵایەتیی سودمەندن. بەهانەی وەزارەتی دارایی بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە " هەندێک حاڵەتی بوونی موچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە"، بۆیە پێشنیازی حكومەتی هەرێم ئەوەیە ئەگەر بەدەر لە حاڵەتە یاساییەكان، ناوی دووبارە لە لیستی موچەدا هەبوو، حكومەتی عێراق هاوكاری چاودێریی كۆمەڵایەتیی ئەو كەسە رابگرێت كە هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش موچەی هەیە، نەك موچەی كەسەكە لە هەرێم رابگرێت.
وادیارە دوای 6 مانگ لە دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ "تەوتینكردن"ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ ئەم بابەتانەیان یەكلانەكردوەتەوە، شاخەوان عەبدوڵا كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، بەقسەی خۆی دوێنێ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كردووە، لەبارەی بابەتی ناوی دووبارە لە لیستی موچەخۆراندا پێشنیاری ئەوەی بۆ كردووە ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەرن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتییان هەیە، موچەكانیان لەلایەن وەزارەتی كاری عێراقەوە ببڕدرێت.
بەشێكی تری ناڕوونی لەبارەی لیستی موچەی هەرێمی كوردستانەوە كە بەغداد وردبینی تێدا كردووەو بۆی دەركەوتووە، بوونی ناوی دووبارەیە (جگە لەو ناوە دووبارانەی كە هاوكاری چاودێری كۆمەڵایەتیی وەردەگرن)، تیمی وردبینی عێراق ئەمەی لەرێگەی بەراوردكردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم و لیستی موچەخۆرانی خۆی، بۆدەركەوتووە. بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی هەرێم قسەی خۆی هەیەو دەڵێ:" بەشێك لەم كەسانە ناوی چوارییان دووبارەیە، ناوی دایک و تەمەنیان جیاوازە (واتە تەنیا لێكچوون لە ناوەكانیاندا هەیە)و ئەمەش یاساشكێنیی نییە".
بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە، وەزارەتی دارایی هەرێم پێشنیاری ئەوەیە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بەراوردكارییەكەیدا بۆ لیستی موچەخۆران تەنیا پشت بە سیستەمی (بایۆمەتری) نەبەستێت، چونكە ئەم پرۆسەیە تەواو نەبووە، بەڵكو لەبری ئەوە پشت بە كارتی نیشتمانی ببەستێت.
بەپێی قسەی (سۆران عومەر) ئەندامی پەرلەمانی عێراق:" بایۆمەتری 50 هەزار موچەخۆری وەهمی و دوو موچەی بە لیستی موچەخۆرانی هەرێمدا ئاشكرا كردووە! بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بە تێكڕا لە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا كە (ملیۆنێك و 132 هەزارو 390) موچەخۆر لە خۆدەگرێت، نزیكەی (6 هەزار) ناوی دووبارە هەیە كە گرفتی دروستكردووە.
گرفتی بایۆمەتری
هاوكات لەگەڵ پەنابردنی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ سیستەمی بایۆمەتری موچەخۆران، وەزارەتی دارایی هەرێم فشارەكانی لەسەر ئەو موچەخۆرانە توندكردوەتەوە كە تائێستا تۆماری بایۆمەترییان نییە، ماوەی دوو هەفتە مۆڵەتی بۆ دیاریكردوون و، لیستی بنكەكانی تۆماری بایۆمەتری لە سنوری پارێزگان راگەیاندووە.
چیرۆكی تۆماركردنی موچەخۆرانی هەرێم لەناو سیستەمی بایۆمەتری دەگەڕێتەوە بۆ كابینەی هەشتەمی حكومەت، بەدیاریكراوی لەوكاتەی كە حكومەتەكە توشی قەیرانی دارایی بوو بوو، ئیتر بە ناچاری بڕیاریدا لەسەر ئەنجامدانی چاكسازیی، بەپێی دانپێدانانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كابینەی هەشتەم و كابینەی نۆیەم، تا ئەوكاتەش حكومەت نەیزانیوە ژمارەی موچەخۆرەكانی چەندەو چۆن دابەشبوون بەسەر فەرمانگەكاندا، تەنیا بەشێوەیەكی گریمانەیی پێی وابووە (ملیۆنێك و 400 هەزار) موچەخۆری هەیە، بۆیە لە رۆژی 3ی شوباتی 2016دا بە بڕیاری ژمارە (71) بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی هەموو موچەخۆران لە سیستەمێكی ئەلیكترۆنیدا تۆماربكرێن، ئەمە دواتر ناوی لێنرا تۆماری "بایۆمەتری".
قۆناغی یەكەمی تۆماری بایۆمەتری لە هەرێمی كوردستان لە 10ی ئۆكتۆبەری 2016 دەستیپێكرد، قۆناغی دووەم و سێیەمی پرۆسەكە لە تەموزی 2020 بەڕێوەچوو، بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر درابوو دەبوو ناوی (ملیۆنێك و 250 هەزار) فەرمانبەرو موچەخۆر لەم سیستمەدا تۆماربكرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان دوای نزیكەی هەشت ساڵ لە دەستپێكردنی پرۆسەكە، تاوەكو سەرەتای ئەمساڵ هێشتا (600 هەزار) موچەخۆر هەبوون كە لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمارنەكراون، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا (500 هەزار) موچەخۆر بایۆمەتری بۆ كراوەو ئەوەی ئێستا ماوەتەوە نزیكەی (100 هەزار) موچەخۆرە كە دەبێت ئەوانیش پرۆسەكە تەواو بكەن.
وەزارەتی دارایی هەرێم تۆمار نەكردنی هەموو موچەخۆران لە سیستەمی بایۆمەتری بۆ هەندێك هۆکاری جیاواز دەگەڕێنێتەوە لەوانە (بوونی وارسی خانەنشین، بەشێك لە موچەخۆران لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد).
كێشەی هێزە ئەمنییەكان
سەرباری ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە هیچ یەكێك لە روونكردنەوەكانی ئەمدواییەدا باسی لە كێشەی لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكان نەكردووە، بەڵام بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر "لیستی ئەمنی کێشەی زۆری تێدایە، هەزاران کەس لە لیستەکەدایە بەبێ زانیاری بەبێ ناو، دامەزراوی تازە، دەیان هەزار ناو نەنێردراوە.. لیژنەی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق ئەڵێن بۆچی لە لیستی هێزی ئەمنی بە نمونە پلەی ملازم موچەکەی لەهەر شوێنێک مەبلەغێکە بەچی پێوەرێک؟ چۆن یەکەی سەربازی خانەنشین و کەم ئەندامی هەیە؟ سەدان کەموکوڕی و تێبینی هەیەو وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادە نیە چارەسەریان بکات، بۆیە وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێرباری ناردنی پارە بەو کەموکوڕیانەوە".
ئەوەی لەسەر موچەی هێزە ئەمنییەكان هەیەو وەزارەتی دارایی هەرێم دانی پێدا ناوە موچەی (خانەنشینیی هێزەكانی 70ی سەربە یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە). رۆژی 22ی تەموزی رابردوو، ژمارەیەك لە نوێنەری خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی (70) لە سلێمانییەوە چونە هەولێرو ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییان بینی، لەم دیدارەدا وەزیری ئاشكرایكرد" خانەنشینانی هێزەكانی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار كەسە كە موچەی مانگانەیان بە تێكڕا نزیكەی 4 ملیار دینارە، ئەمانە نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینیی لە وەزارەتی دارایی".
كەركوك و خانەقین لە لیستی موچەدا
یەكێكی تر لە كێشەكانی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، كە لە راپۆرتی رۆژی 18ی ئەم مانگەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئاماژەی بۆ كراوە، خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرو مامۆستایانە لە كەركوك و خانەقین لەچوارچێوەی خەرجی موچەی هەرێمی كوردستاندا، كە مانگانە بە تێكڕا بریتییە لە زیاتر لە (29 ملیارو 879 ملیۆن) دینار، وەزارەتی دارایی ئەم خەرجییەی بڕیوە بەبەهانەی ئەوەی كەركوك و خانەقین هەردووكیان لەچوارچێوەی سنوری ئیداریی حكومەتی فیدراڵدان و نابێت حكومەتی هەرێم موچەیان بۆ دابین بكات.
راگرتنی ئەم خەرجییە لەچوارچێوەی تەرخانكراوی موچەی حكومەتی هەرێمدا گرفتی دروستكردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێ:" ئەمە کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003وە بەردەوامە تائێستا لەنێوان هەرێم و بەغداد بەردەوامە، ئەمە پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە رێکەوتنی سیاسی"، بەتایبەتیش لە ماوەكانی رابردوودا چەندین هەوڵی لایەنە كوردییەكان بۆ گواستنەوەی موچەی ئەم توێژانە لە كەركوك و خانەقین بۆسەر حكومەتی فیدراڵ شكسی هێناوە.
راپۆرتەكە خەرجی موچەی كەركوك و خانەقینی لە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی لیستی موچەی مانگی ئایاری ئەمساڵ بەمشێوەیە، دیاریكردووە:
كەركوك
• بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك (مەبەستی لە خوێندنی كوردییە لە پەروەردەی كەركوك)، كە (7 هەزارو 453) فەرمانبەری هەیەو مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (6 ملیارو 821 ملیۆن) دینار موچەی بۆ تەرخان دەكات.
• لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك (49) كارمەند هەن كە حكومەتی هەرێم موچەیان بۆ دابین دەكات و بە تێكڕا خەرجی موچەكەیان مانگانە بڕی (41 ملیۆن و 993 هەزار) دینارە.
• لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك (135) كارمەند موچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە بڕەكەی مانگانە (107 ملیۆن و 970 هەزار) دینارە.
• لە خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق لە كەركوك (67) كارمەند موچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە مانگانە بە تێكڕا بڕەكەی (51 ملیۆن و 682 هەزار) دینارە، سێ كارمەندی تر بە گرێبەست دانراون و موچەكەیان (ملیۆنێك و 50 هەزار) دینارە.
• لە ئەوقافی كەركوك (85) فەرمانبەر موچەیان لەسەر حكومەتی هەرێمەو بە تێكڕا مانگانە (49 ملیۆن و 704 هەزار) دیناریان بۆ تەرخان دەكرێت، ئەمە جگە لە بوونی (8) فەرمانبەری گرێبەست كە تێكڕای موچەكەیان بریتییە لە (3 ملیۆن و 405 هەزار) دینار.
• لە كشتوكاڵی كەركوك (30) فەرمانبەر موچەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین دەكرێت كە مانگانە بە تێكڕا بڕی (25 ملیۆن و 746 هەزار) دینارە.
• لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانكردنەوەی كەركوك (251) فەرمانبەر موچەیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە بڕەكەی مانگانە زیاتر لە (203 ملیۆن) دینارە، ئەمە جگە لە موچەی (3) فەرمانبەری گرێبەستی بە بڕی (ملیۆنێك و 425 هەزار) دینار.
• لە دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك (180) فەرمانبەر موچەیان لەسەر حكومەتی هەرێمە بە بڕی (266 ملیۆن و 181 هەزار) دینار، ئەمە لەگەڵ خەرجی موچەی (22) فەرمانبەری گرێبەست بە بڕی (9 ملیۆن و 425 هەزار) دینار.
خانەقین
• لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خانەقین (3 هەزارو 481) فەرمانبەر موچەیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە مانگانە بڕەكەی زیاتر لە (3 ملیارو 236 ملیۆن) دینارە.
• لە دادنوسی خانەقین (6) فەرمانبەر موچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە بە تێكڕا (6 ملیۆن و 615 هەزار) دینارە.
• لە شارەوانی خانەقین (183) فەرمانبەر بەبڕی زیاتر (139 ملیۆن و 304 هەزار) دینار، لەگەڵ (76) فەرمانبەری گرێبەست كە موچەكەیان بە تێكڕا بریتییە لە (30 ملیۆن و 75 هەزار) دینار.
• لە تەندروستی خانەقین (54) فەرمانبەر موچەیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە مانگانە بە تێكڕا بڕەكەی (52 ملیۆن و 98 هەزار) دینارە.
• لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای خانەقین (95) فەرمانبەر موچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە كە بەتێكڕا مانگانە بڕەكەی (102 ملیۆن و 787 هەزار) دینارە، ئەمە لەگەڵ (1) فەرمانبەری گرێبەست كە موچەكەی (300 هەزار) دینارە.
• لە بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوەی رێگاوبان و پردەكان لە خانەقین (170) فەرمانبەر موچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە مانگانە بە تێكڕا بڕەكەی (136 ملیۆن و 680 هەزار) دینارە.
چارەنوسی موچەی تەموز !
21 شوباتی ئەمساڵ كاتێك دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سكاڵای ژمارەیەك سكاڵاكاری كورد، حكومەتی فیدراڵی پابەندكرد بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، بەهانەی بڕیارەكەی ئەوە بوو موچەو بژێوی موچەخۆران لە ململانێی نێوان هەولێرو بەغداد دوربخرێتەوە، بەڵام زیاتر لە 6 مانگ دوای بڕیارەكەی دادگا، موچەی موچەخۆرانی هەرێم هێشتا لەناو كێشمەكێشی لیست و وردبینی و ژمارە جیاوازەكاندایەو هێشتا وەكو ناوچەكانی تری عێراق نەكراوە بە حساب بانكیی.
وەزارەتی دارایی عێراق، دوای وردبینی لە لیستی موچەخۆرانی هەرێم و بڕینی موچەی ئەوانەی ناویان دووبارەیە لەگەڵ خەرجی هەرێم بۆ موچەی كەركوك و خانەقین، پێی وایە بۆ مانگەكانی (2-3-4-5-6)ی ئەمساڵ بڕی نزیكەی (600 ملیار) دینار زیاتر پارەی موچەی بۆ حكومەتی هەرێم ناردووە، ئێستا دەیەوێت ئەو پارە زیادەیە بخاتە بری خەرجی موچەی مانگی (تەموز)ی موچەخۆران، حكومەتی هەرێم ئەم هاوكێشەیە رەتدەكاتەوە.
دۆخەكە بە شوێنێك گەیشتووە تەنانەت (مەسعود حەیدەر) بریكاری وەزارەتی دارایی عێراقیش لەسەر پشكی پارتی نازانێت چارەنوسی موچەی مانگی تەموز چی بەسەر دێت، مەسعود حەیدەر رۆژی 18ی ئەم مانگە دوای ماوەیەكی زۆر بێدەنگی شكاندو وتی:" دوای تەواوکردنی زۆربەی کارەکانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی حەوت خەرج دەکات و لەم حەفتەیە ھەموو مانگی حەوت خەرج دەکرێت" حەفتەكەش تەواو بوو، لەو وادەیەی كە ئەو وتی پارەكە نەگەیشت.
ئێستا كە ئیتر وەزارەتی دارایی عێراق پارەی موچەی مانگی هەشت دەنێرێت لەبری مانگی حەوت، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێ:" لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیی هەبوو لەسەر لیستی موچەی مانگی حەوت، چۆن لەسەر لیستی ئەو مانگە موچەی مانگی هەشتی ناردووە؟!".
وادیارە ئەم قوڕە ئاوی زۆر دەكێشێت، بەڵام رەنگە وەڵامەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ ئەم دۆخە گونجاو بێت كە دەڵێ:" پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی 1992وە تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەموچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی" واتا بەم خێراییە كێشە داراییەكان چارەسەر نابن و هێشتا ماویەتی.