Draw Media

شیكاری: درەو ڕاپۆرتێکی مەیدانی ناوەندی بەیان تایبەت بە ژنانی نێو کەمینەکان، کە لەسەر ئاستی سێ پارێزگای (بەغداد، کەرکوک و موسڵ) بە بەشداریپێکردنی (350) کەس لە ژنانی نێو پێکهاتەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی، تورکمان، کاکەیی، شەبەک، و کوردانی فەیلی) ئەنجامدراوە، داتای گرنگ دەردەخات لەبارەی تێڕوانیانیان بۆ یاسا، حکومەت، دامەزراوە ئەمنییەکان، بەشداری لە سیاسەت و هەڵبژاردن، حیزب، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.   هیام عەلی: لێکۆڵینەوەی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان سەرەتا هەرچەندە ژنانی "کەمینە"کان ملکەچی ئەو هاوکێشە کۆمەڵایەتییانەن کە هەموو ژنان لە عێراقدا ملکەچی دەبن، بەڵام هێشتا کەڵک لە هەندێک تایبەتمەندی وەردەگرن کە کاریگەری لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە، هەربۆیە پێویستە باسی ئەو تایبەتمەندییانە بکرێت و بەهەندێک هەڵاوێر _استپنا‌‌و_ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم لێکۆڵینەوەیەدا سەرنج خراوەتە سەر مافە سیاسییەکان، و بەهێزکردنی سیاسی ژنانی کەمینەکان، توێژینەوەکە سامپڵێکی (350) کەسی لە ژنانی کەمینە لەخۆگرتووە، سامپڵەکە دابەشکراوە بەسەر (50) ژن لە هەر پێکهاتەیەک، کە بریتین لە ژنانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی، تورکمان، کاکەیی، شەبەک، و کوردانی فەیلی). ڕاپرسییەکە بەخۆرێک داڕێژراوە؛ بۆ زانینی بایەخپێدان بو بەهێزکردنی سیاسی خۆیان و ڕادەی هۆشیاری سیاسییان و خواستی بەشداری سیاسیان.  ئەم راپرسییە لە سێ پارێزگا ئەنجامدراوە، بەپێی ناوچەکانی چڕبوونەوەی سامپڵی توێژینەوەکە، ئەوانیش؛ (بەغدا، موسڵ و کەرکوک)ن. راپرسییەکە پشتی بە هەڵبژاردنی سامپڵێکی بە ئەنقەست (عینە العمدیە) بەستووە، واتە: بە مەبەستدار؛ بەهۆی سەختی پێناسەکردنی کۆمەڵگای توێژینەوەکە، و نەبوونی ئامار لەلایەن لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر ژمارەی (ژنانی کەمینەکان)، و تەنانەت پێشبینیش لەلایەن خودی پێکهاتە کەمینەکانەوە لەسەر ژمارەی ژنەکانیان نەبووە؛ ئەمەش وایکردووە کار لەسەر نمونەیەکی مەبەستدار بکرێت، بیرۆکەی سەرەکی سامپڵی بە ئەنقەست لە پێویستی هەڵبژاردنی سامپڵەکەدایە کە تایبەتمەندی سنورداریان هەیە. بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەیەک کە تایبەتمەندییە سنووردار و ناسراوەکانی هەیە. کاتێک باس لە سامپڵی ئەم ڕاپرسییە دەکرێت، بەشداربووەکانی لە ژنانی کەمینەکان پێکهاتووە، و تاکراوە هەمەچەشن بوونە لە ڕووی تەمەن، باری هاوسەرگیری، ئاستی ئەکادیمی، شوێنی نیشتەجێبوون، گوزەران و هتد، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە تێڕوانینێکی ڕوون و ئەنجام ورد بەدەستبێت. دابەشکردنی سامپڵەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بووە؛ چونکە گوزارشت لە هەڵبژاردن و دەستنیشان کردنی کۆمەڵگەی ژنانی کەمینەکان دەکات، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئەم شێوازە دەرفەتێکی یەکسان بە ئەندامانی کۆمەڵگەی توێژینەوەکە دەبەخشێت بۆ تاقیکردنەوە، و ئەم شێوازە بە یەکێک لە باشترین و چاکترین شێوازەکان دادەنرێت. چونکە لایەنگری توێژەر و حەز و مەیلەکانی ناچنە ناو پرۆسەی تاقیکردنەوەکە و هەر بۆیە دەتوانرێت بەڕادەیەکی باش پشت بەم شێوازە ببەسترێت لە زانینی ئەو تایبەتمەندییە بابەتیی و بابەتییانەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەن. یەکەم؛ دۆخی ئافرەتانی "کەمینە"کان لە چوارچێوەی سیستەمی دەستووری و یاسایی لە عێراقدا وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم کە ئەو گەرەنتییە کۆمەڵایەتییانەی دەستووری عێراق بۆ ژنانی کەمینەکان ڕوون دەکاتەوە، دەرکەوتووە، کە دوودڵی هەیە سەبارەت بەم بابەتە، چونکە دڵنیا نین لەو گەرەنتییە کۆمەڵایەتیانەی کە دەستوور وەک ژنانی کۆمەڵگەی کەمینەکان پێشکەشیان دەکات، بەڵگەکانیش هەروایە کە (133) وەڵامدەرەوە وەڵامی بژاردەی (هاوڕا نیم)یان داوەتەوە بە ڕێژەی (37.4%). سەبارەت بە بڕگەی دووەمیش ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق گەرەنتی پاراستن بۆ ژنانی کەمینەکان دەکات کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە، دەرکەوتووە (142) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) کە زۆرترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕا نیم)، واتا ئاماژەیەک هەیە کە متمانە نەکردن بە دەقە دەستوورییەکان، دەستووری عێراق پارێزگاری لە ژنانی کەمینەکان ناکات لە توندوتیژی و لەوانەیە ئەوە بێت کە بابەتەکە پەیوەندی بە خودی دەقە دەستوورییەکانەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوورییەوە هەبێت و لە ئەنجامدا دەقەکان لە ناوەڕۆکەکان بەتاڵ دەبنەوە، توانای پاراستنی ئەم گروپەیان نیە کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە. لە بڕگەی سێیەمدا- کە ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق دابەشبوونی نیشتمانی و ئایینی لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێش نابات دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (160) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (46%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، دەرەنجامەکانیش ئەوە دەگەیەنن کە: لێکدانەوەکانی پێشتر پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو کێشەیەی ژنانی کەمینەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن پەیوەندیدارە بەو توندوتیژیانەی کە بەرکەوتەی دەبن، و جیاکاریش لە دەستووردایە نیە ئەوەندەی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووردایە. سەبارەت بە بڕگەی چوارەم کە پرسیارێک لەخۆدەگرێت سەبارەت بە (ئایا دەستوور گەرەنتی ئەوە دەکات کە ژنانی کەمینەکان خۆیان کاندید بکەن و پۆستی سیاسی بەدەستبهێنن؟)، وەڵامی وەڵامدەرەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە (134) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (38%) بەرزترین ڕێژەی سەدی بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام). ئەمەش بەو مانایەیە کە ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەو دەقە دەستوریانەی کە جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا ناکەن لە هەڵگرتنی پۆست و خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن وەک ئەوەی ژنانی کەمینەکان پێیان وایە. ئەنجامی وەڵامی بڕگەی پێنجەم دەریدەخات دەستووری عێراق گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسی دەکات، بەو پێیەی (130) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (37%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەستووری عێراق ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسیی دەستەبەر و گەرەنتی کردووە. لە کاتێکدا ئەنجامی وەڵامی بڕگەی شەشەم دەریدەخات دەستووری عێراق مافی کارکردن مسۆگەر دەکات، وەک (139) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام) بەڵام بە پشکنینی داتاکان بۆمان دەردەکەوێت کە دوودڵییەکی ڕوون لە وەڵامی وەڵامدەرەوەکاندا هەیە سەبارەت بەم بڕگەیە، بە تایبەت کە (118) ژنە کەمینە وەڵامدەرەوەکان بەڕێژەی (33.7%)یان وەڵامی داوەتەوە بە بژاردەی (هاوڕانیم). لە بڕگەی حەوتەمدا هاتووە، دەستووری عێراق گەرەنتی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆ ژنانی کەمینەکان دەکات، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (146) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (42%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام). ئەویش ئاماژەیە کە دەستوور گەرەنتی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆ کەمینە جۆراوجۆرەکان دەکات. دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی هەشتەم دەریدەخات کە ماددە دەستووری و یاساییەکان بەسە بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی ژنانی کەمینەکان لە پۆستە سیاسییەکاندا؟ بۆمان دەردەکەوێت کە (109) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (31%) بژاردەی (هاوڕانیم)، لەکاتێکدا کەمترین وەڵام هەبووە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە (85) بە ڕێژەی (24%).  پاشان دەرئەنجامی بڕگەی نۆیەم دێتە ئاراوە، کە ڕوونی دەکاتەوە کە سیستمی پشکی کۆتا بەسە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ژنانی کەمینە لە پۆستە سیاسییەکاندا؟، (162) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (46%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ ئەو بژاردەیە (تاڕایەک هاوڕام). واقیعی بەشداری سیاسی کەمینەی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ ژنێکی کەمینە لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا ئێستا نەگەیشتووەتە پۆستێکی سیادی بەبێ پشکی کۆتا، بەڵام دەردەکەوێت کە وەڵامی وەڵامدەرەوەکان پێیان وایە کە سیستەمی پشکی کۆتا بەسە بۆ نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان و دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستە سیاسییەکان ژنانی کەمینە. خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ چالاکییەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە پێکهاتە "کەمینە"کان وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا رونکراوەتەوە، ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەم بڕگەیە هەستی ژنانی کەمینەکان دەردەخات سەبارەت بە کاری هێزە ئەمنییەکان و چالاکییەکانیان لە ناوچەکانیان، بەو پێیەی (81) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (23%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (من نیگەران نیم و ناترسم لەوەی چی دەکەن). ئاماژەیە بۆ ئەو متمانە و دڵنیاکردنەوەی ئەم چینەی کۆمەڵگا، لە ئەنجامی ئەو مامەڵە مرۆڤانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئەنجامدراوە، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەیان لەسەر هەستکردنیان بە نیگەرانی و ترسیان لەو کردەوانە و ئەرکانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو گەشەسەندنەیە کە لە سیستمی هێزە ئەمنییەکاندا ڕوودەدات سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پیشەیی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژیانی هاوڵاتیان. خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021 وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا هاتووە؛ ئەم بڕگەیە پەیوەستە بە بەشداری ژنانی کەمینەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ساڵی 2021. ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە (194) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (55.4%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (بەڵێ)، ئەمەش ئاماژەیە کە ئەم بەشداریکردنە لە ئەنجامی زیادبوونی هۆشیاری کەمینەی ژنانە لە قۆناغی دوای داعشدا، بەڵام ڕێژەیەی بەشداریان کردووە بەشی هەرەزۆریان و (117) کەسیان بە ڕێژەی (60%) ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوە لایەنەی دەنگیان پێداوە بەسەریاندا سەپێندراوە، ئەمەش نیشاندەرێکی زۆر مەترسیدارە کە بوونی هەندێک لایەن نیشان دەدات کە سەپاندنی بەسەر کەمینەکان بۆ دەنگدان.  خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ ڕۆڵی حکومەت لە بەهێزکردن  و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (4)دا نیشاندراوە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم پەیوەست بوو بەوەی کە ئایا حکومەت بەرنامەی سیاسی پێشکەش دەکات بۆ پەروەردەکردنی ژنانی کەمینەکان سەبارەت بە مافە سیاسییەکانیان، بەو پێیەی (144) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، ئاماژەیە بۆ نەبوونی بایەخدانی حکومەت لە بەرنامە سیاسییەکانی لەپێناو بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی لەم توێژەی کۆمەڵگادا. سەبارەت بە بڕگەی دووەم کە پەیوەندی بە پشتیوانی حکومەتەوە هەیە بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکانی ژنان لە بڕیاردان، ئەنجامەکانی باس لەوە دەکەن کە (136) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (39%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (هاوڕانیم) و (تاڕادەیەک هاوڕام). کە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار، لەوانە لاوازی ئەزموونی سیاسی نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و بڕیاردەرەکان، ئەمە جگە لەوەی دەنگی ژنانی کەمینەکان نابیسترێت. هەروەها دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ئەوە نیشان دەدات کە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئایا حکومەت بایەخ بە بەشداریکردنی سیاسی ئافرەتانی پێکهاتەکان دەدات و پاڵپشتییان دەکات بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردن کاندید بکەن ، وەک (152) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (43%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (تاڕادەیەک هاوڕام). بڕگەی چوارەم پەیوەندی بە ڕۆڵی حکومەتەوە هەبووە لە دابینکردنی ئازادی و ئاسایشی پێویست بۆ بەشداری سیاسی ژنان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دابین دەکات. (133) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (38%)، کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی "تا ڕادەیەک هاوڕام". ئەمەش ئەرێنییە ئاماژەدان بە ڕۆڵی حکومەت لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کەمینە سیاسییەکان. بڕگەی پێنجەم پرسیارێکی لەخۆگرتبوو کە ئایا ژنانی کەمینە لەگەڵ خێزان و هاوڕێیاندا باس لە پرسە سیاسییەکان دەکەن یان نا، ئەنجامەکانی ئەم بڕگەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە (152) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (43%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، کە ئەمەش نیشاندەرێکی زۆر ئەرێنییە، چونکە کۆمەڵگەی کەمینەکان ڕێگە بە ژنان دەدات بەشداری گفتوگۆی سیاسی بکەن. ئەنجامی وەڵامی بڕگەی شەشەم دەریدەخات کە ئایا حکومەت سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر بە بەشداری سیاسی ژنان پراکتیزە دەکات، بەو پێیەی (118) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (34%) بژاردەی (هاوڕام) و (156) بەشداربوو بە ڕێژەی (45%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام). ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو تەحەددایانەی کە ژنانی کەمینەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە پرۆسەی بەشداری سیاسیدا، بەهۆی ئەو جیاکارییەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. خشتەی ژمارە (4) پێنجەم؛ ڕۆڵی حیزب لە بەهێزکردن و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (5) دا رونکراوەتەوە؛ بڕگەی یەکەمی ئەم تەوەرە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا لایەنە سیاسییەکان بەرنامە و خول پێشکەش دەکەن کە هۆشیاری ژنان لە گرنگی بەشداریکردن لە کردەوەی سیاسیدا زیاد بکات، (135) بەشداربوو بە ڕێژەی (39%) کە بەرزترین رێژەیە (هاوڕانیم)یان دەستنیشان کەدووە، ئەم داتایە ئاماژەیە بەوەی کە ژنانی کەمینەکان بەرنامەیەکی ئەوتۆ لە لایەنە سیاسییەکانەوە وەرناگرن بۆ بەهێزکردنیان لە ڕووی سیاسییەوە و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا، و ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتگوێخستنی ئەم پۆلە لە لایەنە سیاسییەکانەوە. سەبارەت بە بڕگەی دووەم، کە تایبەتە بەوەی، پارتە سیاسییەکان بایەخ بە بەشداری ژنان لە ئەنجوومەنە ئیدارییەکان بەرەوپێش دەبەن لە ڕێگەی خۆکاندیدکردنیانەوە بۆ هەڵبژاردن، وەڵامەکە زۆرترینی لەسەر بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)ە بە (160) بەشداربوو بە ڕێژەی (46%)، ئەمەش واتە: لاوازی ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان لە خستنەڕووی ژنانی کەمینەکان لەناو ئەنجومەنی کارگێڕیەکانیاندا. دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان دەردەخات لە ڕێکخستنی وۆرک شۆپ و سیمسینار بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ژنان، بەو پێیەی (150) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (43%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نەبوونی بەرنامەی حزبییەکان، و گرنگی نەدانیان بە پەرەپێدانی ئەو بەرنامانەی کە هۆشیاری سیاسی لە نێو ئەم گروپانەی کۆمەڵگادا بەرز دەکەنەوە، هەرچەندە یەکێک لە ئەرکەکانی حزبە سیاسییەکان بریتییە لە پێشخستن و هۆشیاری سیاسی و دیموکراسیانەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، بەبێ گوێدانە ئایین، مەزهەب، یان ڕەگەز. لە بڕگەی چوارەمدا ئاماژە بە گەرەنتی حزبی کراوە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە پۆستە سەرکردایەتییەکان لە چوارچێوەی پشکی کۆتای پێکهاتەکان، لە ئەنجامی وەڵامەکەدا دەرکەوتووە کە (159) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (45%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام ئەو بژاردەیەیان هەڵبژاردوە کە (هاوڕام)، چونکە ژمارەیان گەیشتە (74)، بە ڕێژەی (21%). دەرئەنجامی بڕگەی پێنجەم کە پەیوەندیدارە بەوەی پارتە سیاسییەکان چالاکیی ژنانی سەر بە خۆیان پەرەپێدەدەبەن، ئەوەی هاتووەتە ئاراوە: (165) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (47%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕام). واتە ژنانی کەمینەکان پێیان وایە لاوازییەک لە نوێنەرایەتیکردنیان لەناو پێکهاتە ناوخۆییەکانی حزبەکاندا هەیە، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێبینیکردن کە بیرۆکەی حزبایەتی خۆی بۆ ژنانی کەمینەکان ڕوون نییە، جگە لە زاڵبوونی ژیانی سیاسی عێراق لەلایەن هەندێک لایەنی خاوەن ئاراستەی ئایینی، کە گرنگی بە بەشداریکردنی ژنان بە گشتی لە پێکهاتەی ناوخۆیی خۆیاندا نادەن، چ جای ژنانی کەمینەکان بە ئاماژەی ئایینی و کۆمەڵایەتی جیاوازەوە! دەرەنجامەکان بۆ بڕگەی شەشەم و کۆتایی ئەم میحوەرە پەیوەندیدارە بەوەی کە ئایا لایەنە سیاسییەکان سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر بە ژنانی کەمینەکان پراکتیزە دەکەن یان نا، (156) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (45%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ ئەو بژاردەیە (تاڕادەیەک هاوڕام) کەمترین وەڵام، سەبارەت بە بژاردەی (هاوڕام) هەبووە. خشتەی ژمارە (5) شەشەم؛ پێوانەکردنی ڕادەی متمانەی ژنانی کەمینەکان بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان خشتەی ژمارە (6) ئاماژە بە ڕادەی متمانەی ژنانی کەمینەکان دەکەن بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارە (١) نزمترین ئاستی متمانەیە، و ژمارە (١٠) بەرزترین ئاستی متمانەیە، داتاکان ئاماژەن بۆ ئەنجامی سەرنجڕاکێش، وەک متمانەی ژنانی کەمینەکان بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان زیاترە لە متمانەی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەو پاڵپشتییە گەورەیەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ناوچە کەمینەکان لە کاتی شەڕی داعش و دواتریشدا پێشکەشی کردووە، بەڵام ئەمە دەتوانرێت بەو ڕاستییە ڕوون بکرێتەوە کە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان نزیکتر و زیاتر پەیوەندییان بە ژنانی کەمینەکانەوە هەبووە لە چاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامرازە ناوخۆییەکانیان بەکارهێناوە لە چالاکییەکانیاندا ئەو بڕوایەی بە ژنانی کەمینەکان بەخشیوە کە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان ئەوانەن کە ئەو یارمەتییە دابین دەکەن، بۆیە متمانە بەم ڕێکخراوانە دروستکرا، جگە لە کاریگەریی هەندێک لە ژنانی کەمینەکان لە میدیاکاندا، کە زۆرجار سەرنجیان لەسەر ڕێکخراوە ناوخۆییەکانە، و پێکهاتەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خشتەی ژمارە (6) حەوتەم؛ ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە بەهێزکردن  و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم پەیوەست بە بەشداری ژنانی کەمینەکان لە وۆرک شۆپەکانی ڕاهێنان کە پەیوەندییان بە پرسە سیاسییەکانەوە هەیە، (140) وەڵام بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕام) دەستنیشانکراوە، داتا ئامارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرنامەی ئەوتۆی ڕاهێنان و وۆرک شۆپەکانی پەیوەست بە کاروباری سیاسی کە ژنانی کەمینەکان دەکەنە ئامانج ئەنجام نادرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە کەمینەکاندا لە دوای قۆناغی شەڕ لەگەڵ داعش چالاک بوون، بۆیە زۆربەی سەرنجەکانی لەسەر دابینکردنی چالاکیی فریاگوزاری بووە پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، بنیاتنانی ئاشتی و پرسەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بەڵام کەمتەرخەمی کراوە لە پێشکەشکردنی بەرنامە سیاسییەکان کە هۆشیاری سیاسی بۆ ژنانی کەمینەکان. سەبارەت بە بڕگەی دووەم تایبەت بە پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، لە ئەنجامی وەڵامەکاندا دەرکەوتووە کە (155) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (44%) زۆرترین ڕێژەیە بۆ بژاردە (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕانیم) هاتووەو ژمارەیان گەیشتووە بە (53)کەس بە ڕێژەی (15%). ئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ڕۆڵی بەرنامەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داکۆکیکردن لە مافە سیاسییەکانی ژنان نیشان دەدات، بەو پێیەی (139) بەشداربوو، بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردە (هاوڕانیم) بووە. بڕگەی چوارەم پەیوەندییان بە ڕۆڵی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبوو لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی ژنان، دەرەنجامەکان بەو ئاقارەن کە (143) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (تاڕادەیەک هاوڕام)، وەڵامەکان ئاماژەن بۆ هۆشیاری ژنانی کەمینەکان لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پشتیوانیکردنی ژنان و پشتیوانیکردن لە مافەکانیان.  بڕگەی پێنجەم و کۆتایی، کە پەیوەندی بە بەشداری ژنانی کەمینەکانەوە هەیە لە کاری خۆبەخشانەدا، لەسەر گرنگی کردەوەی سیاسی، بژاردەی (هاوڕانیم)، زۆرترین بەشداربوو بەڕێژەی (36%) و (125)یان ئاماژەیان پێداوەو (118) کەس و بە ڕێژەی (34%) بژاردەی (هاوڕام)یان هەڵبژاردووە. کە ئەمە نیشاندەرێکی ئەرێنی گرنگە کە سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ڕادەی هۆشیاری ژنانی کەمینەکان لە کاروباری سیاسی، و ڕادەی ئامادەیی ئەوان بۆ بەشداریکردنی خۆبەخشانە لە چالاکییەکانی پەیوەست بە سیاسەت. خشتەی ژمارە (7)


 درەو: چوار ئەندامی تری پەرلەمانی كوردستان دەستیان لەكاركێشایەوە (ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، دیاری ئەنوەر). بە پێی زانیارییەكانی (درەو) دوێنێ (دابان محەمەد و دیاری ئەنوەر) دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردووەو ئەمڕۆش (ئاشنا عەبدوڵا) دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردوو بڕیارە رۆژی یەكشەمەش (شیرین ئەمین) دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بكات. ئەم چوار پەرلەمانتارە بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان  لە 6/11/2022 لە پەرلەمانی كوردستان كشانەوەو بایكۆتی پەرلەمان و كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستانیانكرد. (درەو) زانیویەتی دەسلەكاركێشانەوەی ئەم چوار پەرلەمانتارە كە سیانیان پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان  بوون و یەكێكیشیان پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە،فراكسیۆنی گۆڕان بەردەوام چاوی لە دەستلەركاكێشانەوەیان بووە بۆ ئەوەی شوێنگرەوەیان بۆ دابنێت، (درەو) زانیویەتی بەردەوام فراكسیۆنی گۆڕان فشاریان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانكردووە، بۆ ئەوەی شوێنگرەوەكانیان دیاریبكەن.  لە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، چوار پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ) لە پەرلەمانی كوردستان كشانەوەو بایكۆتی پەرلەمان و دانیشتنەكانیان كرد، بەكۆی گشتی (22) پەرلەمانتارە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە بایكۆتی پەرلەمانیان كرد، تا ئێستا (18) پەرلەمانتاریان دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەركردووەو تەنیا (4) پەرلەمانتاریان دەمێنێت كە لەدەرەوەی پەرلەمان بن و دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشنەكردووە. •    بڕیارە سبەینێ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا دەستلەكاركێشانەوەی (7) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری بخرێتەوە دەنگدانەوە. •     پێشتر دەستلەكاركێشانەوەی (5) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو پەسەندكرا، بزوتنەوەی ئیسلامیش شوێنگرەوەی بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكگرتووی پڕەوەكرد •    هەریەك لە عەلی حەمە ساڵح و شایان عەسكەری دەستلەركاركێشانەوەیان پێشكەشكرد و پەسەندكران،  گۆڕان هەریەك لە (دلێر عەبدولخالق و سۆز عەبدولقادر)ی خستنە شوێنیان.  •    لە ئێستاشدا چوار پەرلەمانتاری دیكە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، سیانیان لیستی گۆڕان شوێنگرەوەیان بۆ دادەنێت و یەكێكیشیان لیستی نەوەی نوێ شوێنگرەوەیان بۆ دادەنێت.  •    لە ئێستادا تەنیا فراكسیۆنی نەوەی نوێ ماوە كە بایكۆتی پەرلەمانیان كردووەو لەدەرەوەی پەرلەمان ماونەتەوەو بەڵام بەفەرمی دەستیان لەكارنەكێشاوەتەوە.


راپۆرت: درەو پێشبینی دەكرێت ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەی توركیا بگاتە رێژەی 90%، هەڵبژاردنێك كە تێیدا ئەردۆغان شكستی هێنا لەوەی لە گەڕی یەكەمدا پۆستی سەرۆكایەتی بیاتەوە‌و پارتەكەشی لە پەرلەمان نزیكەی (28) كورسی لەدەستداوە، بەم دۆخەوە ئێستا ئیتر (سینان ئۆغان) كاندیدی سێیەمی هەڵبژاردن قسەی كۆتایی خۆی دەكات لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، سینان كە رێژەی نزیكەی 5% دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەدەستهێناوەن چەند رۆژی داهاتوو لایەنگرانی ئاگادار دەكات لەوەی لە گەڕی دووەمدا دەنگ بە كێ بدەن. ئەردۆغان یان كلیچدارئۆغلۆ ؟ سینان ئۆغان كێیە ؟ تیڕوانینی لەبارەی كوردەوە چۆنە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  "ئیرادەی گۆڕانكاری لە 50% گەورەترە"  هەڵبژاردنە مێژووییەكەی دوێنێی توركیا كەوتە گەڕی دووەمەوە، ئەمە دوای شەوێكی سەخت كە تێیدا سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش ركابەرە عەلمانییەكەی كەوت، بەڵام نەیتوانی لە گەڕی یەكەمدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت.   ئەردۆغان وەكو سەركەوتوو بینرا كاتێك دوای ناوەڕاستی شەو لەبەردەم لایەنگرەكانیدا دەركەوت‌و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی بۆ ماوەی (5 ساڵ)ی تر رێبەرایەتی گەل بكات. ئەوەی دوێنێ رویدا گرنگترین هەڵبژاردن بوو كە  توركیا لەدوای سەردەمی عوسمانییەكانەوە كردبێتی، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە تاڕادەیەك بە تەواوەتی دەركەوتووە، ئەردۆغان كەمێك لەژێر ئاستی 50%ەوەیە، رێژەیەك كە پێویستە بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەستبهێنێت، بەمشێوەیە ئەردۆغان كە لە ساڵی 2003وە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە‌و لە زیاتر لە 10 هەڵبژاردنی نیشتمانیدا نەدۆڕاوە، ئەمجارە نەیتوانی لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە.   لەدواین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كە لە 2018 بەڕێوەچوو، ئەردۆغان لە گەڕی یەكەمدا سەركەوت، ئەمەش دوای ئەوەی توانی رێژەی 52.5%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، بۆیە ئێستا كە هەڵبژاردن سەردەكێشێت بۆ گەری دووەم، خۆی لەخۆیدا وەكو شكست بۆ ئەردۆغان ئەژمار دەكرێت.  ئەردۆغان كە تەمەنی (69 ساڵ)ە، لەناو هاوارو دروشمی لایەنگرانیدا وتی:" بەتەواوەتی باوەڕم هەیە بەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بەردەوامی دەدەین بە خزمەتكردنی گەلەكەمان".  داتاكانی ئاژانسی فەرمی (ئەنادۆڵ) نیشاندا كە ئەردۆغان رێژەی 49,4%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.  كەمال كلیچدارئۆغلۆ رێبەری ئۆپۆزسیۆنیش لە پلەی دووەمدایە بەرێژەی 45.0%، ئەمەش ئەنجامێكی بێئومێدكەرە بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەنجامی راپرسییەكانی بەر لە هەڵبژاردن ئەوەیان نیشان دەدات ئەو لە پێشەوەیە.  بەمشێوەیە هیچ یەكێك لە كاندیدەكان نەیانتوانی رێژەی (50+1)ی دەنگەكان بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆكی وڵات، بۆیە بڕیارە یەكەم گەڕی دووبارەكردنەوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بە فەرمی لە رۆژی 28ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.  كەمپی كلیچدارئۆغلۆ سەرەتا ناڕەزایەتی دژی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەربڕی‌و راگەیاند ئەوان لەپێشەوەن، بەڵام كەمالی 74 ساڵە هەندێك بێئومێدی پێوە دیاربوو كاتێك بەرەبەیانی ئەمڕۆ رۆژنامەنوسانی بینی‌و دانی بەوەدا نا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بووە بە شتێكی حەتمی.  وتی:" ئەگەر میللەتەكەمان گەڕی دووەمی راگەیاند، بەدڵنیایی لە گەڕی دووەمدا سەردەكەوین". ئاماژەی بەوەكرد" ئیرادەی گۆڕانكاری لەناو كۆمەڵگەدا لەرێژەی 50% گەورەترە". ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی  دوێنێ دەنگدەرانی توركیا تەنیا دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ نەدا، بەڵكو دەنگیشیاندا بۆ هەڵبژاردنی كاندید بۆ 600 كورسی پەرلەمان. پارتەكەی ئەردۆغان (دادو گەشەپێدان) زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەڵام بەم حاڵەشەوە زیاتر لە سەرۆكەكەی توشی راچڵەكین بوو. ئەم پارتە رێژەی 35%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە بەپێی جیاكردنەوەی زیاتر لە 96%ی دەنگەكان، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئاژانسی ئەنادۆڵ. ئەمەش خراپترین ئەنجامە كە پارتی دادو گەشەپێدان بەدەستی هێنابێت لەوكاتەوە كە لە ساڵی 2002دا بۆ یەكەمجار چووەتە ناو هەڵبژاردن‌و ئەوكات رێژەی دەنگەكانی 34.28% بووە.  بەگوێرەی ئەم ئەنجامەش، پێدەچێت پارتی دادو گەشەپێدان (267) كورسی بەدەستبهێنێت‌و بەمەش (28) كورسی لەدەستدەدات. بەڵام لەرێگەی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ پارتەكانی تردا، پێشبینی دەكرێت (56) كورسی تر بباتەوە. ئەمە دەكرێت ژمارەی كورسی هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغان بە تێكڕا بۆ (323) كورسی بەرزبكاتەوە. لە دواین هەڵبژاردندا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغان (344) كورسی بردەوە.  لەبەرامبەردا هاوپەیمانی (میللەت)ی ئۆپۆزسیۆن كە كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكایەتی دەكات رێژەی 35,12%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، هاوپەیمانێتییە كوردەكە (هاوپەیمانی رەنج و ئازادی) لە پلەی سێیەمدا هاتووە‌و رێژەی 10,53%ی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە، ئەم هاوپەیمانێتییە كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نەبوو، دەنگی بە كلیچدارئۆغلۆ دا. راپرسییەكانی بەر لە هەڵبژاردن ئاماژەیان بەوە دەكرد ركابەرێتییەكی بەهێز هەیە، بەڵام پێشڕەوییەكی كەمیان بە كلیچدارئۆغلۆ بەخشی كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات كە لە (6) پارتی سیاسی پێكدێت. راپرسییەكانی رۆژی هەینی ئەوەیان نیشان دەدات كە ئەو لە سەروو رێژەی 50%وەیە. سینان ئەنجام یەكلایی دەكاتەوە !  سینان ئۆغان كاندیدی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە رێژەی نزیكەی 5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە (بەگوێرەی ئاژانسەكانی ئەنادۆڵ‌و ئەنكا)، وتی:" هەوڵەكەی بۆ سەرۆكایەتی، ئەنجامی دەنگدانی گۆڕی". ئەگەر گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بوو بە فەرمی، سینان ئۆغان چیتر كاندید نابێت، بەڵام بڕیاری ئەو لەبارەی ئەوەی ئایا لایەنگرانی دەنگ بە كام كاندید بدەن، جیاوازییەكی گەورە لە ئەنجامەكاندا دروست دەكات.  سینان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدات. سینان ئۆغان كێیە كە ئێستا چارەنوسی ئەردۆغان‌و كلیچدارئۆغلۆ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا كەوتوەتە دەست ئەو؟ ئەم پیاوە كە تەمەنی (55 ساڵ)ە، كەسایەتییەكی ئەكادیمی بەڕەگەز ئازەربێجانییە، وەكو كاندیدی هاوپەیمانی "ئاتا" واتە "باپیران" چووە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لە چوار پارتی راستڕەوی توندڕەوی نەتەوەیی پێكدێت كە دیارترینیان پارتی سەركەوتن‌و پارتی دادە.  كاروانی سیاسی ئۆغان لە ساڵی 2011وە دەستپێدەكات، ئەمەش لەرێگەی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستەوە، ئەو لە شوێنی لەدایكبوون لە ویلایەتی ئیغدیر كە دەكەوێتە ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی توركیا لەسەر سنوری ئازەربێجان‌و زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئازەرین، وەكو ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا. سەرەتا ئۆغان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەوڵەت بەهچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستدا هەبوو، ئەم پەیوەندییە باشە تا ساڵی 2015 بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەهچەلی سیاسەتێكی نوێی پەیڕەوكرد كە پاڵپشتیكردن بوو لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان ئەمەش لەدوای هەڵبژاردنەكانی تشرینی دووەمی 2015دا، ئیتر ئۆغان رووی لە سەركردە نەتەوەپەرەستەكانی تر كرد كە دژایەتی بەهچەلییان دەكرد لەوەی رێبەرایەتی پارتی نەتەوەپەرەست بكات.  بەمشێوەیە ئۆغان ئێستا خۆی وەكو دەنگی ئەو هاوڵاتیانەی توركیا دەبینێتەوە كە  دژی سیاسەتی كۆچ‌و پەنابەرین لە توركیا، بابەتێكی تر كە بەلای ئەمانەوە زۆر جێگەی بایەخە رەتكردنەوەی هاوكارییە لەگەڵ هەموو ئەو پارتانەی كە تۆمەتبارن بە پاڵپشتیكردن لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە). بەم تێڕوانینانەوە ئایا ئۆغان لە گەڕی دووەمدا لایەنگرانی بۆ دەنگدان بە كام یەكێك لە كاندیدەكان ئاڕاستە دەكات؟ ئەردۆغان یان كلیچدارئۆغلۆ ؟ قورسە لە ئێستاوە پێشبینی بكرێت، چونكە ئەمە لەسەر ئەو دانوستانانە راوەستاوە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هەردوو كاندیدەكەدا دەیكەن، لەم دانوستانانەدا دوو خاڵی جەوهەری بۆ دەنگدەرانی ئۆغان یەكلاكەرەوە دەبن كە ئەوانیش پرسی كۆچبەران‌و پەیوەندییە لەگەڵ پارتە كوردییەكاندا.  ئەردۆغان كاندیدێكی ئیسلامی كۆنەپارێزە، لەلایەن پارتێكی كوردی ئیسلامییەوە پاڵپشتی لێدەكرێت كە ئەویش (هودا پار)ە‌و رێژەی لایەنگرانی لەنێوان 0.5% بۆ 1%ە‌و لەناوچەكانی باكوری كوردستاندا كارایە‌و لایەنگرانیشی لە خەڵكە كۆنەپارێزە ئیسلامییەكانی باكوری كوردستانە كە دژی پارتی كرێكارانی كوردستانن، ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ گەڕی دووەم سینان ئۆغان دەنگی لایەنگرانی بخاتە خزمەتی ئەردۆغانەوە ؟ بەڵام بەربەستی بەردەم ئەردۆغان بۆ دانوستان لەگەڵ سینان ئۆغان پرسی پەنابەرانە، لەم بابەتەدا هەڵوێستی پارتی دادو گەشەپێدان كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات زۆر دوورە لە هەڵوێستی هاوپەیمانی "باپیران"ەوە، چونكە ئەردۆغان جەخت لە گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەرانی سوری دەكات ئەمەش دوای ئەوەی دۆخی گونجاویان بۆ فەراهەم دەكرێت، ئەمەش دۆخێكە رەنگە چەندین ساڵی تر بخایەنێت.  لە پرسی پەنابەراندا رەنگە هاوپەیمانێتییەكەی كلیچدارئۆغلۆ نزیكتر بن لە سینان ئۆغانەوە، چونكە چەندینجار كلیچدارئۆغلۆ جەختی لەسەر ئەوە كردووە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بباتەوە، ئەوان لەماوەی دوو ساڵی سەرۆكایەتیدا هەموو پەنابەرانی سوری دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەیان.  ئەوەی كێشەی سەرەكی بۆ تەوافوقی سینان ئۆغان‌و كلیچدارئۆغلۆ دروست دەكات رەنگە پەیوەندی كلیچدارئۆغلۆ بێت لەگەڵ پارتە كوردییەكاندا. كاتێك لە سینان ئۆغان پرسیار كرا لەبارەی ئەوەی ئایا لە گەڕی دووەمدا كام یەكێك لە كاندیدەكان هەڵدەبژێرێت، ئەو وتی:" تەماشای هەڵوێست‌و لێهاتوویی نیشتیمانییان دەكەین، سەیر دەكەین بزانین لایەندارییان بۆ تیرۆر هەیە‌و داوای یارمەتی لە تیرۆرستان دەكەن. بە لۆژیك بڕیار دەدەین"، تیرۆر لە تیڕوانینی سینان دۆغاندا پارتی كرێكارانی كوردستانە.  بۆیە دوو هەفتەی داهاتوو پڕ دەبێت لە هەواڵی دانوستانی ئەم هاوپەیمانێتییە نەتەوەپەرەستە كە سینان سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانێتییەكی بچوك، بەڵام بۆ دۆخی ئێستا توركیا دەنگێكی گاریكەری هەیە.   "7 ملیۆن دەنگ راگیراوە"  بەر لە تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەشێوەیەكی تەواوەتی، ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، ئەنجامەكان بەشێوەیەك بڵاودەكرێنەوە كە لەخزمەت باڵادەستییە دەستكردەكەی ئەردۆغاندا بن، ئەمە بەپێی ئەوەی ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویكردەوە.  بەرپرسێكی باڵای هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند" پێدەچێت لە گەڕی یەكەمدا هیچ لایەك سەركەوتوو نەبن، بەڵام داتاكانی ئێمە ئاماژە بەوە دەكات  كلیچدارئۆغلۆ پێشەنگایەتی دەكات". بەرپرسێكی باڵای تری ئۆپۆزسیۆن بە (رۆیتەرز)ی وتووە، پارتەكەی ئەردۆغان ناڕەزایەتی نیشان دەدا لەبارەی هەندێك لە دەنگەكانەوە، ئەمە وایكرد ئەنجامی كۆتایی دوابكەوێت، ئەو وتی:" تائێستا ئەوەی پێیان بكرێت دەیكەن بۆ دواخستنی پرۆسەكە".  بەپێی قسەی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتی دادو گەشەپێدانەوە جیاكردنەوەی (7 ملیۆن) دەنگ راگیراون كە سەرجەمی ئەم دەنگانە لەناوچەكانی ئۆپۆزسیۆندان. ئیمام ئۆغلۆ دەڵێ" ئەمە تەكتیكێكە كە پارتەكەی ئەردۆغان لە حەوت بۆ هەشت هەڵبژاردنی دوایدا بەكاریهێناوە".  لایخۆیەوە، كلیچدارئۆغلۆ سەرەنجی خستە سەر ئەم بابەتەو رایگەیاند" ئێوە رێگری لە ئیرادەی گەل دەكەن"، لە وتارێكی كورت بەڵام  بەهێزدا دەنگی بەرزكردەوە. ركابەرەكەی ئەردۆغان نەیوت ئەوە كێیە دەیەوێت یاری بە ئەنجامی دەنگدان بكات، بەڵام روونە كە مەبەستی لە پارتی دادو گەشەپێدان بوو.  خۆبەخش‌و بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن جارێكی تر داوایان كرد بەردەوامی بدرێت بە چاودێریكردنی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان‌و وتیان:" ئێمە لێرەین تا هەموو دەنگەكان ئەژمار دەكرێن". فایەق ئۆزتراك وتەبێژی پارتی گەلی كۆماریی ئۆپۆزسیۆنی توركیا هۆشداری بە خەڵكدا گرنگی بە ئەنجامی پێشوەختەی هەڵبژاردن نەدەن كە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، وتی:" ناتوانرێت متمانە بەو ئاژانسە بكرێت".  ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەكرد دوای جیاكردنەوەی نزیكەی 61,3%ی دەنگەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بەرێژەی 51,56% لەپێشەوەیە، لەكاتێكدا تا ئەو ساتە كلیچدارئۆغلۆ رێژەی 42,61%ی بەدەستهێناوە. ئۆزتراك باسی لەوەكرد، ئەو ئەنجامانەی كە بەشێوەیەكی پێشوەختە لەو ئاژانسە حكومییەوە دێت كە نزیكە لە سەرۆكی ئێستاوە (ئەردۆغان) ورد نین، ئاماژە بەوەكرد، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركردووە.  سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانیی بەبێ هیچ رووداو و كێشەیەك كۆتایی هاتووە، ئەمە بەپێی ئەوەی ئاژانسی دەنگوباسەكانی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە.  بنكەكانی دەنگدان كە ژمارەیان نزیكەی (200) هەزارە، كاتژمێر (5:00)ی ئێوارە دەرگانیانیان داخست، هیچ رووداوێكیش رووینەدا لە پرۆسەكەدا كە جێگای باسكردن بێت.  ئاستی بەشداری زۆر گەورە بوو  سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، ئاستی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا زۆر گەورە بووە.  وەزیر وتی: زیاتر لە 600 هەزار كەس لە هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان پێكراوە بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەكە.  سەرباری ئەوە پەرلەمان لە ساڵی 2018وە دەسەڵاتەكانی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە (سەرۆكە) لەدەستداوە، خەڵكی توركیا دوێنێ دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی (600) ئەندامی پەرلەمان، چونكە كۆنترۆڵكردنی پەرلەمان هێشتا بابەتێكی بنەڕەتییە بۆ تێپەڕاندی یاساكان لە وڵاتدا.  بەگوێرەی سیستمی دەنگدانی رێژەیی لە توركیا، پارتە سیاسییەكان هاوپەیمانێتی پێكدەهێنن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێژەی 7% كە ئەمە مەرجە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە ناو پەرلەمانەوە.  پارتی دادو گەشەپێدان كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات‌و وا پێناسە دەكرێت كە خاوەنی باگراوندێكی ئیسلامییە، لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست‌و دوو پارتی تردا بەشێكە لە هاوپەیمانی گەل، لەكاتێكدا كە پارتی گەلی كۆماریی بە سەرۆكایەتی كلیچدارئۆغلۆ كە سەربە رەوتی چەپە لەگەڵ پارتی (چاك)‌و چوار پارتی بچوكتردا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (میللەت)دایە.  پارتی دیموكراتی گەلان كە نوێنەرایەتی كورد دەكات، دووەم گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا، بەشێكە لە هاوپەیمانێتییەكی تر، بەڵام لەژێر ناوێكی تردا چووە ناو هەڵبژاردن كە پارتی (چەپی سەوز)ە.  پێشبینی دەكرێت ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێدا بگاتە رێژەی 90%، هەڵبژاردنێك كە وەكو راپرسی لەسەر چارەنوسی ئەردۆغان تەماشا دەكرێت وەكو سەرۆكێك‌و پارتەكەی كە درێژترین ماوەی حوكمڕانییان لە توركیا تۆماركردووە.  لە كۆی (85 ملیۆن) كەس لە دانیشتوانی توركیا، بۆ ئەم هەڵبژاردنە (64 ملیۆن) كەسیان مافی دەنگدانیان هەبوو.  ئەردۆغان لە یەكێك لە سەردەمە پڕ گۆڕانكاری‌و دابەشبوونەكاندا سەرۆكایەتی توركیا كردووە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (85 ملیۆن) كەسە. ئەم وڵاتە گەورەیە ئێستا گەشەی كردووە‌و بووە بە هێزێكی سەربازی‌و جیۆپۆلەتیكی خاوەن قورسایی كە رۆڵ لە ململانێكاندا دەبینێت لە سوریاوە بۆ ئۆكراینا.  ئەردۆغان لەناو توركیایەكی كۆنەپارێزدا بوو بە خاوەنی پێگەیەكی بەهێز‌و لەماوەی دەسەڵاتی ئەم پیاوەدا وڵات بوژانەوەی بەخۆوە بینیوە، هەروەك دەنگدەرانی ئاینیی توركیا خۆیان بە قەرزارباری ئەو دەزانن بەهۆی ئەوەی كۆتوبەندی لەسەر حیجاب هەڵگرتووە‌و ژمارەیەكی زیاتر خوێندنگەی ئیسلامی لە وڵاتدا كردوەتەوە.  رەجەب تەركتان كە دەنگدەرێكی شاری ئیستانبوڵە، دوای ئەوەی دەنگی داوە، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی وتووە" گرنگترین شت ئەوەیە توركیا دابەش نەبێت".  ئەم پیاوە كە تەمەنی 67 ساڵە دەڵێ:" بە ئەركی خۆمان هەڵدەستین. دەڵێم لەگەڵ ئەردۆغان بەردەوام بن".  حەسرەت بۆ دیموكراتی لەدوای دەیەی یەكەمی بوژانەوەی ئابوری ئەردۆغان‌و پەیوەندییە گەرموگوڕەكان لەگەڵ ئەوروپادا، دەیەی دووەم پڕ بوو لە هەڵچوونی كۆمەڵایەتی‌و سیاسیی.  ئەردۆغان بە پرۆسەیەكی پاكتاوكردنی بەرفراوان وەڵامی ئەو هەوڵە شكستخواردووەی كودەتای دایەوە كە ساڵی 2016 روویدا، ئەمە كۆمەڵگەی توركیای لەبەریەك هەڵوەشاندو وایكرد توركیا بەردەوام وەكو هاوبەشێكی نەخوازراوی خۆرئاوا دەركەوێت.   دەركەوتنی كلیچدارئۆغلۆ و هاوپەیمانێتییە شەشقۆڵییەكەی، جۆرێك لەو ئیئتیلافە بەرفراوانەی نیشاندا كە ئەردۆغان لەدرێژایی تەمەنی سیاسی خۆیدا سەركەوتوو بووە لە دروستكردنیدا، بەمە كلیچدارئۆغلۆ بەدیلێكی روونی نیشانی هاوپەیمانە بیانییەكانی توركیا‌و دەنگدەرانیش دا لەناوخۆی وڵاتدا.  بەڵام رۆشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ گەڕی دووەم، دەكرێت كاتی پێویست بدات بە ئەردۆغان بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ریزەكانی خۆی كۆبكاتەوە.  لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا مۆتەكەی خراپترین قەیرانی ئابوری كە توركیا لەسەردەمی ئەودا بەخۆیەوە بینیوە، هێشتا بە شوێن ئەردۆغانەوەیە، ئەمە پاڵ خراپی مامەڵەی حكومەتەكەی لەگەڵ ئەو بومەلەرزەی كە شوباتی رابردوو روویداو بوو بەهۆی مردنی زیاتر لە (50 هەزار) كەس.  كلیچدارئۆغلۆ كە سەرۆكایەتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەیە) دەكات‌و دامەزرێنەری ئەم پارتە مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری دەوڵەتی هاوچەرخی توركیایە، كاتێك لە ئەنكەرە دەنگیدا وتی:" هەموومان تامەزرۆی دیموكراتین.. بە پشتیوانی خوا دەیبینن بەهار بۆ ئەم وڵاتە دێت".  سەرچاوەكان: بی بی سی- فرانس پرێس- دی دەبلیو


  (درەو):  بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لە رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتیی، دانا عەبدولكەریم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا قسەی كرد، تیمی یەكێتیی وەڵامی داوەتەوە، مەسرور بارزانی كۆتایی بە مشتومڕەكان هێناو رێككەوتنەكەی كرد بە بڕیاری حكومەت، گۆڕان دەڵێ:" رێككەوتنەكە لەسەر حسابی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كراوە"، بەڵام وەزیری دارایی خۆی رازییە‌و دەڵێ" گرنگ نییە".  دوای زیاتر لە (6) مانگ لە بایكۆتكردن، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران گەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، تیمی یەكێتیش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی گەڕایەوە.  گەڕانەوەی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، دوای رێككەوتنی هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران هات لەسەر بەڕێوەبردنی داهات‌و خەرجییەكانی هەرێم لەرێگەی لیژنەی وزارییەوە. سەرباری ئەمە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چیتر لەسەر بنەمای 47% بەرامبەر بە 53% لە پرسی پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەدا مامەڵە نەكرێت‌و بابەتی موچە بكرێت بە "سیادی"، ئەمە یەكێك بوو لە خواستە سەرەكییەكانی یەكێتیی بۆ چارەسەری كورتهێنانی خەرجی موچە لە سلێمانی كە مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەرداوە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە كە سەرۆكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕانە لە حكومەت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا ناڕەزایەتی دەربڕیوە سەبارەت بە رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر پرسی داهات‌و خەرجییەكان‌و رایگەیاندووە، ئەم رێككەوتنە لەسەر حسابی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی وەزیری داراییە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە.  بەهەمان شێوەی دانا عەبدولكەریم، هەر لە تیمی وزاری گۆڕان، كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ناڕەزایەتی دەربڕیوە.  ناڕەزایەتی تیمی گۆڕان لە رێككەوتنەكە، تیمی پارتی‌و یەكێتیی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران شۆك كردووە. (درەو) زانیویەتی، دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە تیمی یەكێتیی وەڵامی ناڕەزایەتییەكان تیمی گۆڕانی داوەتەوە‌و وتویەتی: پێشتریش وەزیری دارایی هەر دەسەڵاتی نەبووە، ئەگەر هەیبووە بۆچی ئەو هەموو كێشەیە روویداوە.  وەزیرەكەی یەكێتیی رایگەیاندووە، هەر لایەنێك دژی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی بێت، دیارە دەیەوێت دوو ئیدارەیی سەرهەڵبداتەوە.  مشتومڕی تیمی یەكێتیی‌و گۆڕان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی مشتومڕی هەردوولای راگرتووە‌و رایگەیاندووە: ئەو بابەتە یەكلابوەتەوە‌و بڕیاری لەسەر دراوە، بەمشێوەیە وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی كردووە بە بڕیاری حكومەت.  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایش بەپێچەوانەی نیگەرانی تیمی گۆڕانەوە رایگەیاندووە:" ئەو وردەكارییانە زۆر گرنگ نین، بابەتە گەورەكە گرنگە، بۆیە من كێشەم نییە". واتا وەزیری دارایی ناڕازیی نەبووە لەوەی دەسەڵاتی كۆكردنەوەی داهات‌و خەرجكردن لەرێگەی لیژنەی وزاری هاوبەشەوە بێت.   بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی بەمشێوەیە:  •    كێشەی ئەمنیی‌و كەیسی كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) بدرێتە دەست دادگا‌و لیژنەی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی •    كێشە حزبییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی بدرێتە دەست مەكتەبی سیاسی هەردوولا •    كێشە دارایی‌و ئیدارییەكان‌و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا یەكلابكرێتەوە بەپێی قسەی عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا: •    پرسی كۆكردنەوەی داهات‌و خەرجییەكان‌و موچەی موچەخۆران‌و كێشە ئەمنییەكان تاوتوێ كراون‌و بڕیاری كۆتایی لێدراوە. •    موچە دەبێتە سیادی‌و ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابوری دەبێت‌و خەرجییەكانیش بە ڕەچاوكردنی رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكان دەبێت‌و هەر گرفتێكی كورتهێنان هەبوو لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە چارەسەر دەكرێت.  


درەو: لە دوای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە (2020)ەوە، خەرجی مانگانەی موچە لە (895) ملیار دینارەوە بۆ (941) ملیار دینار زیادی كردووە  واتا لەبری كەمكردنی خەرجی موچە مانكانە (46) ملیار دینار زیادیكردووە. بە پێی لێدوانی فەرمی وەزارەتی دارایی ئێستا كۆی گشتی خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (941) ملیار دینارە.  واتا (910ملیاری پارەی حكومەت و 31 ملیار دیناری پارەی هاوپەیمانان). بە پێی راگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە مانگی ئابی 2020 بڵاویكردووەتەوە دەڵێت بۆ خەرجی موچەی مانگێكی تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (895) ملیار دینار پێویستە. یاسای چاكسازی لە مانگی یەكی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراو دواتر چووە بواری جێبەجێكردنەوە. واتا لە دوای جێبەجێكردنی یاسای چاكسایەوە تا ئێستا خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (46) ملیار دینار زیادیكردووە، لە (895) ملیار دینارەوە بۆ (941) ملیار دینار زیادی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێوەی فەرمی  دامەزراندن نەكراوە جگە لە یەكەمەكانی كوردستان. سەڕای ئەوەی بە پێی راپۆرتی یەكەم و دووەم و سێیەمی چاكسازی ژمارەیەكی زۆری دوو موچەو سێ موچە بڕاوەو موچەی پەرلەمانتار و وەزیرو پلە تایبەتە خانەنشینەكان كەمكراوەتەوە بە پێی راپۆرتی سێیەمی چاكسازی تەنیا لە بڕینی دوو موچەیی و سێ موچەییدا بڕی ( ملیارێك و 253 ملیۆن ) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.     بە پێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان بەم شێوەیە كەمكراوەتەوە پەرلەمانتارانی خانەنشین: موچەكەیان لە (2 ملیار و 588 ملیۆن ) دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ (742) ملیۆن دینار واتا (ملیارێك و 863) ملیۆن دینار كەمكراوەتەوە موچەی وەزیری خانەنشینكراو: لە (832) ملیۆن دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ (290) ملیار دینار واتا (542) ملیار دینار كۆی گشتی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیری و بریكاری وەزیر و راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی لە (5 ملیار و 256 ملیۆن) دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ (2 ملیار و 335) ملیۆن دینار واتا (2 ملیار و 950) ملیۆن دینار موچەیان كەمكراوەتەوەو گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت . بەپێی هەموو ئەو هەنگاوانە بێت كە گیراوەتەوە بەر دەبوای خەرجی موچە كەمیبكردایە بەڵام بە پێچەوانەوە زیادی كردووە، سەرەرای ئەوەی دامەزراندن نەماوەو موچەی نایاسایی و دوو موچەیی و سێموچەیی بڕدراوە.   


سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە  قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بەشدار دەبن درەو: ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە دەباشان كۆبووەوە، بڕیاریاندا تیمی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، دوای رەزامەندی مەسرور بارانی لەسەر وەرەقە داراییەكەی یەكێتی و سبەی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكرێت. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لە دەباشان بەڕێوەچوو بەسەر پەرشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، بڕیاردراوە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، (درەو) زانیویەتی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی نامەیەكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە بۆ كۆبوونەوە پاڵ پشت بە بانگەوازەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە بارزان داوایكرد پێش 18ی مانگ لایەنە سیاسیەكانی هەرێم كۆببنەوە، (درەو) زانیویەتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەزامەندە بە كۆبوونەوەو لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا هاتووە "خۆشحاڵین بەو كەشە ئەرێنیەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان" بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆببنەوە.  بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر وەرەقە داراییەكەی تیمی یەكێتی داوە كە تایبەتە بە چارەسەری كێشە داراییەكانی هەرێم بەتایبەتیش سنوری سلێمانی و كۆكردنەوەی داهات و كۆتاییهێنان بە (43% بە 57%). بە پێی ئەو گفتوگۆیانەی لەلایەن تیمی یەكێتی و پارتی لە چەند رۆژی رابردوو كراوە هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی : سەرجەم كێشە حكومیەكان لە ئەنجومەنی وەزیران یەكلا بكرێنەوە (كێشەو پارەو موچەی سلێمانی، ئاڵوگۆڕی پۆستەكان) بابەتی تیرۆركردنی هاوكار جاف و كێشە ئەمنییەكان بسپێردرێت بە دادگا و لیژنەی هاوبەش بڕیاری لەسەر بدات. كێشە حزبیەكانیش لە مەكتەبی سیاسی حزبەكان یەكلا بكرێنەوە     


راپۆرت: درەو "مەرگەساتی كورد مێژوو و جوگرافیا سەپاندویەتی، بەڵام دووبەرەكی ناوخۆیی خراپتری كردووە" ئەمە قسەی بەتەمەنترین سیاسەتمەداری ئەمریكایە، كە ئێستا تەمەنی لە 100 ساڵ نزیكدەبێتەوە‌و هێشتا قسەكانی لەبارەی داهاتووی جیهانەوە گوێی لێدەگیرێت، ئەم پیاوە پێشبینی دەكات دوای شەڕی ئۆكراینا، نەخشەی سیاسی جیهان گۆڕانكاری گەورە بە خۆوە ببینێت.  جەنگی ساردی دووەم بەڕێوەیە ! لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادەی 100 لەدایكبونیدا، جارێكی تر ناوی هێنری كیسنجەر وەكو یەكێك لە دیارترین سیاسەتمەدارە بەئەزمونەكانی ئەمریكا‌و جیهان كەوتوەتەوە سەر لاپەڕەی رۆژنامەكان. كیسنجەر كە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە، لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی (CBS)ی ئەمریكیدا باس لە زۆرێك لە ئاڵۆزییەكانی ئێستا جیهان‌و مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد لە دۆخە قەیراناوییەكاندا دەكات، ئەمە لەپاڵ نیشاندانی پێشینەی خۆی لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسیدا كە جەنگ‌و ئاشتی بەخۆیەوە بینیوە.  لەسەرەتای ئەم دیدارەدا پرسیار لە كیسنجەر كرا ئایا ئەگەر داوای لێبكرێت سەردانی روسیا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك ڤلادیمیر پۆتین، كاردانەوەی چی دەبێت؟ ئەو وتی: دەمەوێت ئەم كارە بكەم، بەڵام بە سیفەتی راوێژكار. باسی لەوەكرد، جەنگی ئۆكراینا لە خاڵی وەرچەرخانێكی گرنگ نزیكدەبێتەوە.  لەبارەی چین، كیسنجەر ئاماژە بەوە دەكات، ناتوانرێت چین لە سیستەمی جیهانی دوربخرێتەوە، دەكرێت پرسی تایوان سەربكێشێت بۆ جەنگ لەنێوان دوو دەوڵەتە زلهێزەكە (چین‌و ئەمریكا)، ئەمەش پێویستی بەوەیە گرنگی زیاتری پێبدرێت "ئەمە قۆناغێكی زۆر مەترسیدارە". كیسنجەر پێشتر هۆشداریدا لەبارەی سەرهەڵدانی جەنگی ساردی دووەم، ئەو پێیوایە ئەگەر ئەمە رووبدات لە جەنگی ساردی یەكەم مەترسیدارتر دەبێت. لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی  "ئیل مۆندۆ"ی ئیسپانی، كیسنجەر وتی:" دەكرێت جەنگێكی ساردی نوێ لەنێوان چین‌و ئەمریكا دەستپێبكات، هەردوو وڵاتەكە خاوەنی سەرچاوەی ئابوری هاوشێوەن، ئەمە هەمان دۆخی سەردەمی جەنگی ساردی یەكەم نییە، پەكین‌و واشنتۆن ئێستا بوون بە نەیاری یەكتر، چاوەڕوانی ئەوەش لە چین ناكرێت وای لێبكرێت مەیلی رۆژئاوایبوون بكات". لە دیدارێكی رۆژنامەوانی تردا، ئەم سیاسەتمەدارە بەتەمەنەی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە ئارەزووی هەندێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی روسیا، كە بەبۆچوونی ئەو، ئەمە رەنگە سەربكێشێت بۆ ئاژاوەی ئەتۆمیی، داوای دەكات لە پرسی ئۆكرانیادا بە دانوستان رێگری لە مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێكی جیهانی وێرانكەر بكرێت. ئەو دەڵێ:" ئێستا ئێمە بەتەواوەتی لە چاخێكی نوێدا دەژین"، باسلەوە دەكات، دوای كۆتایهاتنی جەنگی ئۆكراینا دۆخی جیۆپۆلەتیكی لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانكاری گەورە بەخۆوە دەبینێت.  كیسنجەر چی لەبارەی كوردەوە دەڵێ ؟ كیسنجەر لە كتێبی یادەوەرییەكانی خۆیدا بەناوی (ساڵەكانی نوێبونەوە) بەشێكی تەرخانكردوە بۆ كوردو ناوی لێناوە "تراژیدیای كوردەكان". لەم كتێبەدا كیسنجەر باسلەوە دەكات، لە ساڵی 1972وە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كردووە بە یارمەتی كوردەكان، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ "ئاستی دەستوەردانمان لەوێ شتێك نییە بەراورد بكرێت بە بارودۆخەكە لە هیندی چینی". كیسنجەر باسلەوە دەكات" لیژنەكانی كۆنگرێس هێرشیانكردەسەر ئیدارەی نیكسۆن بەهۆی رۆڵی لە هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی كوردەكان بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی". "مەرگەساتی كورد مێژوو و جوگرافیا سەپاندوویەتی، بەڵام دووبەرەكی لەسەر ئاستی ناوخۆیی خراپتری كردووە، گەلی كورد كە ئێستا ژمارەی زیاترە لە (25 ملیۆن) بوەتە قوربانی ئەو روداوانەی كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە، لەوكاتەوە كە لە كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەمەوە دەوڵەت- نەتەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستبوون، كوردەكان خۆیان بەدابەشكراوی لەنێوان عێراق‌و ئێران‌و سوریاو توركیا بینییەوە لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان پێدرا، بەڵام كاتێك هێزە ئەوروپییەكان دوای جەنگی جیهانی یەكەم سنوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان كێشا داواكارییەكەیان بۆ مافی چارەی خۆنوسین پشتگوێخرا. لەوكاتەوە، خواستە نیشتیمانییەكانی كورد بوونە هەڕەشە لەسەر یەكگرتوویی وڵاتانی میواندار" كسینجەر وای لەبارەی دۆخی كوردەوە نوسیوە. لەبارەی پەیوەندی ئەو سەردەمەی ئەمریكا لەگەڵ كورد، كیسنجەر ئاماژە بەوە دەكات"  لە یەككاتدا هۆكاری ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی هەبوون بۆ دەستوەردانی ئەمریكا، كەلتوری "وڵسۆنی"(مەبەست لێی وودرو وڵسۆن بیست و هەشت هەمین سەرۆكی ئەمریكایە 1913-1921) بە ئاڕاستەی پشتگیركردن‌و پاڵپشتی لە مافی چارەی خۆنوسینی گەلی كورد پاڵی پێوەدەناین، بەڵام ئەوەشی دەرهاویشت كە بە تەنگژەی بەردەوامی سیاسی ئەمریكا دەناسرێت: كۆتوبەندە دیاریكراوەكانی پابەندبونی ئەخلافی ئەمریكا لە ناوچە دوورە دەستە وشكەكان كە گەیشتن پێیان سەختە، وەكو ناوچە شاخاوییە كوردییەكان، لەناو ژمارەیەك وڵاتدا كە تا رادەیەكی زۆر كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەمریكا هەیە، چۆن دەتوانرێت خاڵی راوەستان بدۆزرێتەوە لەنێوان پاڵپشتیكردنی تەواوەتی خواست‌و ئارەزووی كوردەكان‌و دەستبەردان لێیان لە ناوچەیەكدا كە خاڵی ستراتیژی هیلالی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بە نەوت‌و كەنداوی عەرەبییە؟". كیسنجەر دەڵێ" وڵاتانی دراوسێ، وەكو توركیاو ئێران، پشتیوانی كورد دەكەن بەمەبەستی گۆڕینی ئاڕاستەی فشارەكانی عێراق لەسەر خاكەكانیان، بەڵام هەرگیز ئامادەنین رەزامەندی لەسەر دروستبوونی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی بدەن، بەهەمان هۆكار، ئیدارەكانی نیكسۆن‌و فۆردو بوش و كلینتۆن خۆیان بەدەوورگرت لە پشتیوانیكردنی سەربەخۆیی كوردەكانی عێراق". كیسنجەر دەگێڕێتەوە:" ئەو وڵاتانەی وایان دادەنا كە زیاتر رووبەڕووی هەڕەشەی دیدو بۆچوونی عێراق دەبنەوە ئوردن‌و ئێران بوون، كە هەردووكیان سنورێكی دوورودرێژی هاوبەشیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، هەروەها ئیسرائیلیش هەمیشە بەئاگابوو لەو سیستمە عەرەبیە رادیكاڵ نوێیانەی كە چەكی سۆڤیەت پاڵپشتی دەكردن، ئەو سێ‌ دەوڵەتە دۆست‌و هاوڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوون، هەمووشیان بەنهێنی هاوكارییان پێشكەشی كورد دەكرد.. هەوڵەكانیان بۆ حوكمی ئۆتۆنۆمی لەو ناوچە شاخاوییە سەختەدا لە باكوری عێراق وەك كارتێكی فشار بەكارهێنا بۆ ئەوەی وزەو سەرچاوەكانی رژێمی بەعس لە سنورەكانیان دووربخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە راستەوخۆ لەم هاوكارییە نهێنییەیدا بەشداریمان نەكرد، بەڵام ئاژانسە هەواڵگرییەكانمان زانیارییان لەسەری وەردەگرت لەلایەن دەزگا هاوتاكانیان لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە پەیوەست بوون بەو پرسەو هەموو ئەو وڵاتانەش هاوكاری سەربازی‌و ئابورییان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەردەگرت". كیسنجەر لە وەسفی كورددا نوسیویەتی" كوردەكان هاوبەشێكن كە دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا بۆچون‌و هاوپەیمانێتییەكانیان بگۆڕن‌و، سەختە ببن بە بەشێك لە ستراتیژییەكی كاركردنێكی گشتگیر، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بانگەشەی سەركردەكانیان، بەدڵنیایی ئامانجی سەرەكی ئەوان بەدەستهێنانی سەربەخۆیی یاخود ئۆتۆنۆمی تەواوە لە كەمترین حاڵدا، بە بەردەوامی بەرەنگاری دەكەن بۆ دیاریكردنی ئەولەویەتی خۆیان لەچوارچێوەی پەیوەندی بە چەمكی هێزی دەرەكی لەبارەی هاوسەنگی جیۆسیاسییەوە، وەكو ئەوەی تێگەیشتوین، وا باشترە گوێ لە پاڵەوانەكان بگرین نەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، هەمان ئەو تایبەتمەندییەی كە ئازایەتییان پێدەبەخشێت وایان لێدەكات پتەوبن و نەرمونیانی لەدەستبدەن". ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، مانگانە بڕی (20 ملیۆن) دۆلار هاوكاری دارایی پێشكەشی هێزی پێشمەرگە دەكات، ئەم یارمەتییە ریشەیەكی مێژویی هەیە، كیسنجەر دەگێڕێتەوە:" لە یەكی ئابی 1972 نیكسۆن واژۆی لەسەر فەرمانێكی ئاڕاستەكراو كرد بۆ دەستپێكردنی پرۆگرامی نهێنی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕی 250 هەزار دۆلاری لەمانگێكدا وەكو یارمەتی راستەوخۆ لە ساڵی دارایی 1973 دیاریكرد. لەگەڵ دوو ملیۆن دۆلار بۆ كەلوپەل، واتە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، بەڵام شا یارمەتییەكی زۆرتری پێشكەش كرد، كۆی گشتی هەموو یارمەتییەكان كە ئیسرائیل‌و بەریتانیاو ئێرانییەكان پێشكەشی كوردەكانیان كرد گەیشتە ملیۆنێك دۆلار لە مانگێكدا، ئەمەش بە پێوەری جەنگی سارد بڕێكی كەم بوو". ئەم هاوكارییە لە قۆناغێكی تردا زیادیكردووە، كیسنجەر دەڵێ" بەدرێژایی ساڵی 1973 شەڕ سەختتر بوو، هاوكات داواكاری كوردەكانیش بۆ پێدانی یارمەتی دارایی زیادیان كرد، لە 29ی ئازار/ مارسی 1973، پشتیوانی داواكارییەكم كرد كە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی (CIA) پێشكەشیكرد، جیم شلسنجەر لەماوەیەكی كەمدا كە پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی وەرگرت، ئیمزای لەسەر كرد بۆ پێدانی هاوكاری زیاتر، دواتر نیسكۆن رەزامەندی لەسەر نیشاندا.. پێشنیازم كرد پاڵپشتی داراییمان زیادبكەین بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، شا برێكی زۆر لەوە زیاتر پارەی تەرخانكرد، گەیشتە نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار. ئەمە سەرەڕا پاڵپشتی لۆجیستی‌و تۆپهاوێژەكانی (كە پێكهاتبوو لە تۆپی دوورهاوێژی ئێرانی‌و بوو بە چەتری كوردەكان لەناو سنوری ئێراندا) لەگەڵ ئەوەشدا، نیكسۆن هۆشداریدا لە مەترسی توندكردنەوەی بارودۆخەكە لەلایەن كوردەوە لەڕێگەی گۆڕینی شەڕی بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن". ئەمریكاو ئێران بۆچی پاڵپشتی دارایی شۆڕشی كوردیان دەكرد، كیسنجەر وەڵام دەداتەوە:" وادەركەوت كە پاڵپشتی نهێنی بۆ كوردەكان لە ساڵی یەكەمیدا ئامانجەكەی دەپێكێت، لە 5ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 1972 لەلایەن ریچارد هیڵمز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندییەوە (كە دواتر دەبێت بە باڵیۆز لە ئێران) راپۆرتێك رەوانەی نیكسۆن كرا، تێیدا ئاگادارمان دەكات لەوەی كوردەكان دوو لەسەر سێی سوپای بەعسیان سەرقاڵكردووە لەوەی ئەركەكانی تریات ئەنجام بدەن.. كاروبارەكان بەوشێوەیە ناڕۆن كە سوپای رژێمی بەعس ئارەزوویان دەكات.. پارێزگاریكردنی بارزانی لە قەڵایەكی قایم‌و ئارام بەردەوامی دەدات بە سەرقاڵكردنی دوو لەسەر سێی سوپای عێراق، بەعسییەكان بێبەش دەكات لە بنكەیەكی گەرەنتیكراو كە لەوێوە تیمەكانی تێكدان‌و تیرۆركردن كار لە دژی ئێران بكەن". "كاتێك جەنگی عەرەب- ئیسرائیل بەرپابوو، تەمەنی پرۆگرامی نهێنی زیاتر لە ساڵێك نەبوو، كوردەكان جگە لە هەندێك چەكی قورس هیچیان نەبوو، تۆپهاوێژەكانی ئێران كە پاڵپشتیان دەكات بەجۆرێك سەركێشی ناكەن بۆ دووركەوتنەوە لە سنور، كوردەكان لە توانایاندا بوو بەرگری لە ناوچە شاخاوییەكەیان بكەن، تانك‌و فڕۆكەكانی عێراق روبەڕوی ئاستەنگ دەبوونەوە، بەڵام هێزەكەیان كە بەچەكی سوك پۆشتەكرابوو لە ناوچە دەشتاییەكانداو لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیان كەمترین دەرفەتیان نەبوو لەبەردەم سوپای گەورەی عێراقدا كە بەچەكی قورس‌و پێشكەوتووی سۆڤیەتی‌و سەدان تانك پۆشتە كرابوو، گومانی تێدا نییە هێرشی كورد لە پشت پەناگە شاخاوییە پارێزراوەكانەوە بەدڵنیایی دەبێتەهۆی تێكشكانی تەواوەتی هێزە سەربازییەكانی كورد". بەگوێرەی قسەی كیسنجەر، مستەفا بارزانی" شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغداد وەك هەلێك لێكدەدایەوە بۆ سوككردنی ئەو كۆتوبەندانەی كە هاوپەیمانەكانی سەپاندبوویان، هەروەها بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی دەسەڵاتی بە رێگایەك كە هێشتا بە هاوتای دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی دادەنا، بەڵام لە كرۆكدا جیاكردنەوەی لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەستەم‌و مەحاڵ بوو، لە شانزەی ئازار/ مارسی 1974دا بارزانی بۆ گرەنتیكردنی ستراتیژە پێشنیازكراوەكەی دوو بژاردەی خستەبەردەستمان: 180 ملیۆن دۆلار بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی، یان 360 ملیۆن دۆلار بۆ بونیادنانی ئەوەی پێدەوترێت ژێرخانێكی "گونجاو" بۆ سەربەخۆیی.. كۆپییەكەی بارزانی بۆ دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی هەرگیز لەلایەن شا لە ئێران یان توركیا پشتیوانی لێ نەكرا، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لە دۆخێكی وادا نەبوو بتوانێت ئەو پارەیەی پێشكەش بكات كە داوایكردبوو هەتا نزمترین ئاستی ئەوەی داینابوو، تەواوی ئەو بودجەیەی تێدەپەڕاند كە بۆ پرۆسە نهێنییەكان تەرخانكرابوو كە ویلایەتە یەكگرتووكان ئەنجامیدەدان".  هەر لەبارەی كوردەوە، ئەم سیاسەتمەدارە بە ئەزمونەی ئەمریكا لە یادەوەریییەكانی خۆیدا نوسیویەتی:" رەفتاری كوردەكان، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەكانیانی لە هەموو قۆناغێكدا كردووە بە كارێكی قورس، هەندێكجار بێ‌ هیوادەبوون‌و زۆر پێویستیان بە هاوكاری هەبوو، هەندێكجاریش دڵخۆشی بە سەركەوتن بە روخساریانەوە دیاربوو، بۆ نمونە  لە 27ی تەمموز/ یۆلیۆی 1974 شای ئێران پەیامێكی بەپەلەی بارزانی گەیاندە دەستمان كە تێیدا داوای هاوكاری دەكات، هۆشدارییەكی لەگەڵدا هاوپێچ كردبوو دەربارەی كۆتاییەكی مەترسیدار بۆ- ئێران‌و هەموو كەنداو- ئەگەر بەرخۆدانی كورد هەرەس بهێنێت. بەڵام دوای چەند هەفتەیەك لە (سەرەتای ئەیلول/ سێپتەمبەر)دا بارزانی پێشنیازی كرد هێزەكانی كورد هێرش بكەنە سەر كێڵگەكانی نەوت لە كەركوك، پێشنیازەكەمان لە 18ی ئەیلول/ سێپتەمبەر رەتكردەوە، چونكە نەماندەویست قەیرانی وزە گەورەببێت- كە خۆی لە بنچینەدا مەترسیدارە- لە رێگەی گەڕێكی توندوتیژی كە دامەزراوە نەوتییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكاتە ئامانج، بەڵام گوشاری جارجارەی بارزانی بۆ هێرشكردن، پاساوی نەیارانی پێشكەشكردنی هاوكاری زیاتری بۆ كوردەكان بەهێزتر كرد، لەسەر بنەمای ئەوەی كە  ئەوان  بەشی ئەوەندە سەرچاوەی دەرامەتیان هەیە بۆ بەرگریكردن لە پێگەكانیان كەواتە بۆ گوشار دەكەن لە پێناوی ئەوەی چەكی تریان بۆ بەرپاكردنی هێرشێكی گەورە دەستبكەوێت". بەپێی ئەوەی كیسنجەر خەمڵاندویەتی" كۆی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ مستەفا بارزانی لە میانی ساڵی دارایی 1973، 1974، 1975 گەیشتوەتە بڕی 20 ملیۆن دۆلار‌و بڕی 1250 تۆن لە تەقەمەنی و كەرەستەی جەنگیشی لەخۆگرتووە. لەبارەی رێككەوتنی جەزائیری نێوان سەددام‌و شای ئێران‌و نسكۆی ساڵی 1975ی كوردو بەرپرسیارێتی ئەمریكا لەو كارەساتەی بەسەر كورددا هات، كیسنجەر نوسیویەتی:" كاتێك هەموو شتێك كۆتایی هات، قارەمانەكانی روبەڕوبونەوە (ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆسەر رابردوو) زۆر بەتوندی هێرشیانكردەسەر ئیدارەی سەرۆك فۆرد، بەدیاریكراویش تیرەكانیان ئاڕاستەی من كرد- بەهۆی دەستهەڵگرتن لە كوردەكان، بەڵام شا بڕیاری خۆیدا بوو، ئێمە نە هیچ بەڵگەیەكی لۆژیكی نە ستراتیژیەتێكی گونجاومان نەبوو بۆ قایلكردنی بە پاشگەزبونەوە لەو بڕیارە، بەڵام ئەو چارەسەرەی كە هەندێك لە رەخنەگران لە سیاسەتەكانمان پێشنیازیانكرد ئەوە بوو (هەڕەشە لە شای ئێران بكرێت بە راگرتنی یارمەتییەكانمان)، ئەوەش هیچ واتایەكی لۆژیكی نەبوو، چۆن دەكرێت هاوپەیمانێكی سەرەكی هانبدەین بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ هیچ پاڵپشتییەك لەلایەن ئێمەوە، ئەوە تاكە بژاردە بوو كاتێك كۆنگرێس دەستی لەو هاوپەیمانانە هەڵدەگرت كە چەقۆ لەسەر گەردنیان بوو ؟ ئەو روداوانەی كە لەدوای روخانی شاوە رویانداوە راست و دروستی بڕیارەكەی ئێمەیان سەلماند بەوەی ئێرانێكی دۆست دەوڵەتێكە كە بۆ هاوسەنگی هەرێمایەتی و جیهانی ناكرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت، شتێكی نەزانانە و سەرشێتانە و نابەرپرسانە بوو سەقامگیری دەوڵەتێكی دۆستی تر تێكبدرێت لەڕێگەی دەستپێكردنی هێرشێكی سیاسییەوە بۆسەر شا یاخود بڕینی یارمەتییەكان لە ئێران. پابەندبونمان بە بەرگریكردن لە ئێران شتێك نەبوو كە هەر كاتێك توڕەبوین پاشەكشێی لێ بكەین، ئەوە گوزارشت بوو لە بەرژەوەندی جیۆسیاسییمان. بۆیە پێویست بوو لەسەرم شایەتحاڵی بەكۆیلەكردنی گەلێكی دۆستی تر بم". كیسنجەر كێیە ؟  هاینز ئەلفرێد كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكاو یەكێك لە سیاسەتمەدارە بەناوبانگەكانی ئەمریكاو جیهان لە 27ی ئایاری 1923 لە فۆرت ، باڤاریا لە ئەڵمانیا لە دایكبووە باوكی مامۆستا بووە بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا جولەكە بوون، خۆی‌و كەسوكارەكەی ساڵی 1938 لەترسی نازییەكان ئەڵمانیایان بەجێهێشتووەو چوونەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو پەیوەندیی كردووە بە پەیمانگای جۆرج واشنتن لە نیویۆرك و ساڵی 1948 رەگەزنامەی ئەمریكای بەدەستهێناوەو هەمان ساڵ پەیوەندیكردووە بە سوپاوە. لە سەردەمی جیراڵد فۆرد لە ساڵی 1973 بۆ 1977 وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە پێش ئەوەش لەسەردەمی سەرۆك ریچار نیكسۆندا راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بووە، رۆڵێكی دیاری هەبوو لە سیاسەتەی دەرەوەی ئەمریكا وەك سیاسەتی كرانەوە بەڕووی چین‌و سەردانە بەردەوامەكانی بۆ وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسرائیل كە لە رێككەوتنی كامپ دەیڤد كۆتایی هات لە ساڵی 1978. ساڵی 1983 رۆناڵد ریگان سەرۆكی ئەمریكا پۆستی سەرۆكی دەستەی فیدراڵی پێ سپارد كە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئەمریكای ناوەڕاست‌و ساڵی 2001یش جۆرج بوشی كوڕ كردیە بەرپرسی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر. ساڵی 1973 كیسنجەر خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدراوە. ئەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بە پلەی نایاب لە زانستە سیاسییەكاندا لە زانكۆی (هارڤارد) بەدەستهێناوە، پێشەنگ  بووە لە هەوڵدان بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەمریكا لەلایەك‌و روسیاو چین لە لاكەی ترەوە.  كیسنجەر تاكە ئەندام حكومەتەكەی نیكسۆنە كە تائێستا لە ژیاندا ماوە، ئەو كەسایەتییەكی جێگە مشتومڕە، لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسان‌و چالاكانی سیاسی‌و پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤەوە وەكو تاوانبارێكی جەنگی ناوی دەهێنرێت‌و بەرپرسیارێتی هێرشەكانی ئەمریكا لە لاوس‌و كەمبۆدیا دەخرێتە ئەستۆی ئەم پیاوە، لەبەرامبەردا لەلایەن زۆرێك لە پسپۆڕانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، كیسنجەر وەكو وەزیرێكی دەرەوەی خاوەن كاریگەریی تەماشا دەكرێت‌و رێزی لێدەگیرێت.  بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی نوسینه‌كه‌ی كیسنجه‌ر له‌باره‌ی كورده‌وه‌ كلیك (لێره‌) بكه‌  


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (١-٢)   یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بڕێکی زۆری نوسینی کوردیی بریتییە لە گشتگیریی قەبە و تەڵاقدانی هەر هەستێکی مێژوویی لە پەیوەندیدا بەو دیاردەو ژینگانەوە کە دروستدەبن و دێنەپێشەوە. واتە گرێنەدانی دیاردەکان بە سیاقە مێژووییەکان و بە ئەگەر و رێگرەکانی ناو ئەو سیاقانەوە. لەمەش خراپتر پەخشکردنی داوەریکردن و حوکمدانی گەورە و قورس بە زمانێکی زۆرجار ئینشایی و نیمچەشیعریی و شیعریی. هەموو ئەمانەش بەناوی فیکرو بیرکردنەوەی زانستیی و رادیکالەوە.   لەهیچ شوێنێکدا ئەم شێوازە لە نوسین بەو روونییە دەرناکەوێت وەک لە باسکردنی کەسایەتییە مێژووییەکاندا، ئەوەی دەیبینین نییشاندانی ئەو کەسایاتییانەیە وەک خاوەنی جەوهەر و ئاکارێکی نەگۆڕ، کە گۆڕانە مێژووییەکان هیچ کاریگەرییەک لەسەریان بەجێناهێڵێت. ئەم جەوهەرە لە قووڵایی ئەو کەسانەدا ئامادەیە و بەدوای هەلی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دەرکەوتن و خۆنمایشکردن. لە ساتەوەختی جیاوازیشدا هەرجارەو بەشێکی ئەو جەوهەرە دەردەکەوێت و خۆی بەرجەستەدەکات. لەم روانیەنەدا مەسەلەکە تەنها مەسەلەی تێپەڕینی کاتە بۆ ئەوەی ئەو جەوهەرە نەگۆڕە بەتەواوی ئاشکراببێت. نوسەری زاناو بلیمەتیش ئەو نوسەرەیە کە هەرزوو ئەو جەوهەرە دەبینێت و ئاشکرای دەکات.  ئەم جۆرە روانینە هەرچییەک بێت ناچێتە قاڵبی فیکرێکەوە لانی هەرەکەمی مەنهەجیبوون و زانستیبوونیان تێدابێت. بە هەرحاڵ ئەمە بابەتی سەرەکیی ئەم نوسینە نییە، بەڵکو پێشەکییەکی کورت و پێویستە بۆئەوەی بتوانین کۆمەڵێک سەرنج لەسەر کەسایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و سیاسەت و ستراتیژە جیاوازەکانی دەرببرین، وەک کەسایەتییەک لە ئێستادا هەم کۆمەڵگای تورکیی و هەم ناوچەکە و هەم جیهان، گیریان بەدەستییەوە خواردوە و خوازیاری رزگاربوونن لێی.  خاڵی سەره‌کی لەم نوسینە جیاکردنەوەی زیاد لە ئەردۆگانێکە لە یەکتریی و نیشتەجێکردنی هەر یەکێکیانە لەناو سیاقی مێژوویی خۆیدا. ئەردۆگان سەرەتا سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول بوو، دواتر سەرۆک وەزیرانی تورکیاو دوای ئەوەش سەرۆکی وڵاتەکە. ئەم پیاوە لە هەریەکێک لەو قۆناغانەدا هەم کەسایەتیەکی جیاوازی هەبووە و هەم هەڵگری دیدگاو بەرنامە و پرۆژەی سیاسیی جیاواز، بووە. کۆکرنەوەی هەموویان لەژێر ناوی فاشیستبوون، یان ئیخوانچی، یان دژەکورد، یاخود دەسەڵاتگەر، راکردنە لە خوێندنەوەیەکی وردی کەسایەتی و سیاسەتەکانی ئەم پیاوە و نیشتەجێکردنیەتی لەناو دروشمێکدا کە زۆرجار هەڵەیەک کە تەمەڵیەکی فیکریی و مەنهەجی و تیوریی ئاڕاستەی دەکات.  ژیانی سیاسیی ئەردۆگان لە ساڵانی هەشتادا بە ئەندامبوون لە ریفاه پارتی سەر بە نەجمەدین ئەربەکان دا، دەستپێدەکات، واتە ئەردۆگان لەسەرەتاوە مەیلی سیاسیی بەلای ئیسلامی سیاسیدا بووە و باوەڕی بەوەبوو کە ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت کێشەکانی تورکیا چارەسەربکات. بەڵام ئەردۆگان وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ (١٩٩٤-١٩٩٧) زیاتر وەک کەسێکی تەکنۆکرات دەردەکەوێت، تا نوێنەری ئیسلامی سیاسیی، تەکنۆکراتێک کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی و بەدەزگاییکردنی کارەکانی شارەوانی ئەستەنبوڵ. شەفافیەت لە ئییشکردندا دروشمی سەرەکیی و ئاڕاستەکەری کارەکانی ئەو قۆناغەیەتی. کارکردنی لەناو سیستمی سیکولاری تورکیادا فێری ئەوەیکردبوو کە ئیسلامی سیاسیی شانس و ئەگەری سەروەربوون و حوکمڕانیکردنی لەبەردەمدا نییە. دامەزراندنی ئاکەپە خۆیشی، کە چەند اڵێک دواتر ڕووئەدات، پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی و دروستکردنی دەوڵەتی دینیی نەبوو.  ئەردۆگان وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا (٢٠٠٣-٢٠١٥) کەسایەتییەکی ترە و دیدو روانینەکانی گۆڕانی هەمەجۆریان بەسەردادێت. لەوانە بۆ نموونە لەباتی وێناکردنی خۆرئاوا وەک شەیتان، هەموو هەوڵی خۆی تەرخاندەکات بۆ نزیکبوونەوە لە خۆرئاوا بەگشتیی و بوون بە ئەندام لەناو یەکێتی ئەوروپادا. لەم قۆناغەدا خۆی وەک پردێک نمایشدەکات لەنێوان خۆرئاواو جیهانی ئیسلامیداو کۆمەڵێک چاکسازیی گرنگ لەناو دەوڵەتی تورکیاشدا ئەنجامئەدات. لەوانە بۆ نموونە، دەسەڵاتی سوپاو دەستێوەردانی لە سیاسەتەوە سنورداردەکات، بە فەرمی باس لە مەسەلەی کورد دەکات و هەنگاوی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی دەنێت (ئەم خالە لە بەشی دووهەمی ئەم نوسینەدا بە وردیی باسدەکەم). گەشەیەکی بەرچاو بە ئابوریی تورکیا دەدات و بڕو رادەی گەندەڵیی لە وڵاتەکەدا کەمدەکاتەوە.  لەم قۆناغەدا گوتاری ئەردۆگان لە پەیوەندییدا بە دینەوە ئەو گوتارەیە کە لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا بە «پۆست ئیسلامیزم» ناودەبرێت. پۆست ئیسلامیزم وەک جۆرێک لە بیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ گرێدانی دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا، بە ئیسلامەوە. وازهێنان لە پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی دینیی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ماف. ھاوکات وێناکردنی دین وەک کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکەکانی ئەو پرۆژە دیموکراسییە. پۆست ئیسلامیزم ئەو جۆرەیە لە کۆنزەرڤاتیزمی دینیی کە میکانیزم و کۆڵەکە سەرەکییەکانی دیموکراسیتی قبووڵە. بوون بە بەشێک لە ئەوروپای یەکگرتوو، ژێرخانی ئەم گوتارە تازەیەی ئەردۆگانە، و بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا کۆمەڵێک ریفۆرمی گرنگ ئەنجامئەدات. بەڵام دوای نائومێدبوونی تەواوەتی لەوەی تورکیا ببێت بە ئەندام لە ئەوروپای یەکگرتووداو دوای هاتنەکایەی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیی، گۆڕانێکی تازە و گەورە بەسەر دیدگاو روانینەکانی ئەردۆگاندا دێت. بەڵام هێشتا بەرگریی لە دەوڵەتی سیکولار دەکات و پێیوایە دامەزراندنی دەوڵەتی دینیی شوێنی لە سەدەی بیست و یەکدا نابێتەوە. ئەردۆگان ئەم گوتارەی بەئاشکرا لەو سەردانەدا باسکرد کە دوای سەرکەوتنی بەهاری عەرەبیی لە مسیرو هاتنە سەر حوکمی ئیخوانەکان، ئەنجامیدا. لەدوای بەهاری عەرەبییەوە ئەردۆگان هەوڵئەدات ببێتە نوێنەرو سەرکردەی وڵاتە موسڵمانە سونییەکان. بەهاری عەرەبیی، کە لە ساڵانی سەرەتایدا بەهاری ئیخوانی موسلیمین بوو، دواتریش هاتنەکایەی جەنگی ناوخۆی سوریاو ئامادەگیی بەهێزی هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و هێزە جیهادیستەکان لەناویدا، وادەکات ئەردۆگان خەیاڵی ئەوەی تیادا دروستببێت ئەنقەرە بکاتە پایتەختی ئیسلامی سونیی لە جیهاندا. لەم قۆناغەدا ئەردۆگان دیدێک بۆ شوناسی تورکیا گەشەپێئەدات کە جێگای زیاد لە گروپ و شوناسێکی ئەتنی تێدادەبێتەوە، لەوانەش کورد، بەڵام جێگای دینەکانی تری تێدا نابێتەوە. لەدوای بەهاری عەرەبییەوە ئیسلام دەبێتە بنەمای سەرەکیی ئەو شوناسەی ئەردۆگان بۆ تورکیا پێشنیاریدەکات. ئەمە وادەکات لەدوای ٢٠١١ گوتاری سەرەکیی ئەردۆگان دەبێت بە گوتاری «عوسمانیزمی نوێ» کە تیایدا تورکیا خەون بەوەوە دەبینێت ببێت بە سەرۆکی هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆی وڵاتە ئیسلامییە سونییەکان، ببێت بە سێنتەری سیاسیی و کولتوریی هەموو جیهانی موسڵمانان.     هەرچی ئەردۆگانە وەک سەرۆکی تورکیا و گۆڕینی سیستمە سیاسییەکەی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی (٢٠١٧-... )، کۆتایی بە بەشی هەرەزۆری ئەو رەهەندە پۆزەتیڤانە دەھێنێت کە ئەزموونی ئاکەپە لە دە ساڵی یەکەمیدا هەڵیگرتبوو. لە قۆناغی سەرۆکایەتیدا ئەردۆگان دەبێتە سەرۆکێکی ستەمگەر و تاکدەسەلات، دەسەڵات لە ولاتەکەدا بە شێوەیەکی ترسناک بە مەرکەزیی دەکات و کۆڵەکە سەرەکییەکانیشی بە کەسایەتیی خۆیەوە و کەسە نزیکەکانی خۆیەوە، گرێئەدات. لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەرجەمی نەیار و رەخنەگرەکانی خۆی ئەدات، کۆدێتای ساختە رێکدەخات، سەرۆک شارەوانییە ھەڵبژێراوەکان لادەبات و زینداندەکات،  میدیای وڵاتەکە کۆنترڵ و ئاراستە دەکات، سیستمی داوەریی دەسکاریدەکات، پەلاماری وڵاتەکانی دەوروبەری ئەدات، هتد... بەکورتییەکەی دوای زیاد لە بیست ساڵ حوکمڕانیکردن ئەم پیاوە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە سەرکردە ستەمگەر و دەسەڵاتگەرە ھەرە ترسناکەکانی ناوچەکە. تا دێت زیاتر و زیاتر گەشە بە گوتارە دینییەکەشی دەدات و خۆی وەک سەرکردەی هەموو جیهانی ئیسلامی پێشنیاردەکات. بەناوی دروستکردنی سیستمێکی سیاسیی چالاک و کاریگەرەوە شوێنێک بۆ جیاوازیی سیاسیی، چ لەناو تورکیا خۆیدا و چ لەناو پارتەکەی خۆیشیدا ناهێلێتەوە. کەسە نزیەکەکانی یەکە بە یەکە لێی دوردەکەونەوە، یان ئەو خۆی قاویان ئەدات و وایان لێدەکات دووربکەونەوە و وازبهێنن. لەم قۆناغەدا زیاتر و زیاتر خۆرئاوا وەک شەیتان وێنادەکات و بەگژ هەموو دەنگێکدا دەچێتەوە نەچێتە ژێر ئەمر و نەهیی و خواست و خەونەکانی ئەوەوە. لە «سیاسەتی سفر کێشەوە» لەگەڵ دەوربەرەکەیەدا دەگوازێتەوە بۆ دروستکردنی کێشە لەگەڵ ھەمواندا و دەستخستنە ناو دۆخی ناوەکیی زیاد لە وڵاێکەوە. لەوانەش سوریا، لیبیا، سۆماڵ، سودان، ئازەربایجان، و زیاد لە بەشێکی کوردستانیش، هتد... لەناو  تورکیا خۆیدا خۆی وەک بەرجەستەکەری «ئیرادەی گشتیی» خەڵکی تورکیا وێنادەکات و پێی وایە بردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە هەڵبژاردن لە تورکیادا، لە نێوان ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تا ساڵی ٢٠١٩، ئەوی کردوە بە نوێنەر و بەرجەستەکەری ئەو ئیرادە گشتییە.  ئەردۆگانی ئێستا، ئەردۆگانی ناو ئەو نەخۆشییە سیاسییە کوشندەیەیە کە خۆی بە نوێنەری نەک تەنها ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگاکەی خۆی دەزانێت، بەڵکو خۆی بە نوێنەری ئیرادەی گشتی سەرجەمی جیهانی ئیسلامییش.  ئەوەی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا دەکاتە هەڵبژاردنێکی هێجگار گرنگ و چارەنووسساز، دەیکات بە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی ئەم ساتەوەختەی جیهان، بوونی ئەگەری لابردن و رزگاربوونە لەم پیاوە ترسانەکەی ناوی ئەردۆگانە.        


درەو: •بەگوێرەی  خوێندنەوە بنكۆڵكاریەكان, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ لەكۆی (18) راپرسی لە (15)یاندا, سەركەوتنی بەدەستهێناوە, رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەراپرسی (3) كۆمپانیادا سەركەوتنی بەدەستهێناوە, راپرسیەكان لەنێوان مانگی (نیسانی و ئایاردا) ئەنجامدراون. •(7) كۆمپانیایان ئاماژەی بەوەكردووە, هەڵبژاردن لەخولی یەكەمدا بەكلادەكرێتەوە,(6)كۆمپانیایان لەبەرژەوەندی قڵیچدار ئۆغلۆ و (1) كۆمپانیاش, لەبەرژەوەندی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامەكانی یەكلاكردووەتەوە.  بەگوێرەی تێكڕای ئەنجامی تازەترین راپرسییەكان كە (18)كۆمپانیای توركی لەمانگی نیسان و ئایاردا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامیانداوەو بڕیاڕە ڕۆژی (14)ئەم مانگە لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت: •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ (48.9%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •رەجەب تەیب ئەردۆغان(45.8%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. زۆرینەی ئەو راپرسیانە كاتێك ئەنجامدراون, هێشتا موحەڕەم ئینجە كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار, پاشەكشێی لەكێبڕكێی هەڵبژاردن نەكردبوو, كە پێویستە لەهەڵسەنگاندنی ئەنجامی روپێوەكاندا ئەوە بەهەند وەربگیرێت. بەپێی مامناوەندی (18) ڕاپرسیەكەو دوای دابەشكردنی دەنگی ئەو كەسانەی دوودڵن لەوەی دەنگ بەكێ‌ بدەن, ئەنجامەكان بەمشێوەیە بووە: •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت (48.9%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار (45.8%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •سەنان ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی ئەتا (3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •موحەڕەم ئینجە سەرۆكی پارتی نیشتمان (2.3%)دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.  بەپێی خوێندنەوە بنكۆڵكاریەكان, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ لەكۆی (18) راپرسی لە (15) سەركەوتنی بەدەستهێناوە, لەكاتێكدا ئەردۆغان لەراپرسی سێ‌ كۆمپانیادا سەركەوتنی بەدەستهێناوە, كە ئەوانیش كۆمپانیاكانی(Optimar و SONAR و HBS).  بەگوێرەی (7) راپرسیان, هەڵبژاردن لەخولی یەكەمدا یەكلادەبێتەوە, (11) راپرسیەكەی تریش ئاماژەیان بەوەكردووە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەچێتە خولی دووەم. تەنها لەئەنجامی یەك راپرسیاندا, كە كۆمپانیای Optimar ئەنجامیداوە, ئەردۆغان لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەردەكەوێت. لە راپرسی (6) كۆمپانیاكەی تردا ( PIAR و ALF و Artibir و MAK و Avrasya و ORC) پێشبینی بردنەوەی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كراوە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا.  ئەو (18) كۆمپانیایەی مامناوەندی ئەنجامەكەیان وەرگیراوە ئەمانەن: (KONDA و Optimar و Metropoll و Turkey Report و PiAR و ALF و Artıbir و AREA و Mak و AR-G و HBS و SONAR و SAROS و Operations و Gezici و Avrasya و ORC و PanaromaTR) .


(درەو): سالم جومەیلی، بەرپرسی هۆبەی ئەمریکا لە دەزگای هەوالگری عێراقی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بۆ رۆژنامەی (الشرق الاوسط): 🔹کاتێک سەدام حسێن لە زیندانی ئەمریکییەکان بوو، فرسەتیان بە دوو سەرکردەی دیاری عێراق دا سەدام ببینن، ئەوانیش مەسعود بارزانی و ئەیاد عەلاوی بوون، هەردوکیان دیدارەکەیان رەتکردەوە، مەسعود بارزانی وتی، دڵخۆشبوون بە کارەساتی خەڵک لە کاتی شکستدا لە سیفەتی پیاوان نییە، بە ئاشکرا بارزانی رایگەیاند، ئەمریکا نیزامی سەدامی روخاندووە نەک ئۆپسزیۆن.  🔹ئێران لە داگیرکردنی عێراقدا کارئاسانی بۆ ئەمریکا کرد،ئێران لە رێگەی ئەحمەد چەلەبییەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان لێکتێگەیشتنی کردبوو، رێگەی بە فڕۆکە ئەمریکییەکاندا ئاسمانی ئێران بەکاربهێنن. 🔹هەواڵگری ئەمریکا نەیدەتوانی لەسلێمانی چەک و تەقەمەنی بگەیەنێتە جەلال تاڵەبانی، چونکە دەبوو لە رێگەی ئاسمانی (تورکیا، سوریا، ئێران) ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدات، قاسم سلێمانی خۆی هەستا بەو کارەو چەکەکانی گەیاندە جەلال تاڵەبانی. 🔹ئێرانییەکان لە لایەکەوە کارئاسانییان بۆ داگیرکاری عێراق دەکرد و هاوکاتیش کارئاسانیان بۆ ئەبو موسعەب زەرقاوی کرد لە رێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بگاتە عێراق. 🔹لە نێوان سەدام حسێن و جەلال تاڵەبانی کەناڵێکی پەیوەندی هەبوو کە ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگری پەیوەندییەکەی رێکدەخست. 🔹کاتێک ئەندامانی گروپی قاعیدە لە ساڵی (2001) لە رێگەی ئێرانەوە هاتنە عێراق، جەلال تاڵەبانی نیگەران بوو کە قاعیدە پشتیوانی گروپی ئەنسارولئیسلامی کوردستان دەکات، گروپە توندڕەوەکان هێرشیان کردە سەر چەکدارانی یەکێتی نیشتمانی و (40) کەسیان لە یەکێتی کوشت، جەلال تاڵەبانی، داوای هاوکاری سەربازی و دارایی لە بەغداد کرد، هاوکارییەکانی بۆ دابینکرا، تاڵەبانی لە نامەیەکدا سوپاسی سەدام حسێن دەکات و لە نامەکەدا دەڵێت، "پەیمانی شەرەفی پیاوانەتان پێدەدەم ئەو چەکانە لە دژی رۆڵەکانی گەلی عێراق بەکارنەهێنین و دڕکێک بێت لە دژی دوژمنانی عێراق". 🔹پێش لەشکرکێشی ئەمریکا، ئێران پشتیوانی سەربازی تاڵەبانی دەکرد، سەدام پەیامێکی توندی بۆ تاڵەبانی نارد و بە "بەکرێگیراو" و "سیخوڕ" ناوی برد و لێی پرسی: کەی کۆتایی بە بەکرێگیراویی دەهێنیت؟ تاڵەبانی لە وەڵامدا وتی: ئەگەر بتوانم تۆ لاببەم، دەمکرد، بەڵام دەترسم بەدیلەکە لە تۆ خراپتر بێت، دەشزانم کێ لە حزبەکەی من لەگەڵ هەواڵگری عێراق کار دەکات، ناوەکانیشی دەستنیشان کرد و گوتی "بە ئاگاداری من لەگەڵ ئێوە کار دەکەن، تاڵەبانی بە ئەفسەرەکەی هەواڵگری وت بە سەدام بڵێ ئەو بەکرێگیراوە دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق. 🔹سەدام حسێن روبەڕوبوونەوەیەکی توند و دورودرێژی لەگەڵ بارزانی هەبوو، بەڵام سەدام مەسعود بارزانی بە پاشکۆی دەوڵەتانی بیانی تۆمەتبار نەدەکرد، سەدام پێی وابوو مەسعود بارزانی پیاوێکە رێز لە قسەی خۆی دەگرێت، هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێک تاڵەبانی بە پشتیوانی ئێران هێرشی کردە سەر هەولێر سەدام هێزی بۆ پشتیوانی بارزانی نارد.


شكاری: درەو پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگان؛ # (375) نەخۆشخانەی گشتی و (130) نەخۆشخانەی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، پێکەوە هەر (505) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (64 هەزار و 170) نەخۆشیان هەیە. # ژمارەی دانیشتوانی عێراق و هەرێم بە زیاتر لە (42 ملیۆن و 535 هەزار) کەس خەمڵیندراوە، لە هەر (663) کەسێک تەنها (1) تەخت (بێد)یان بەردەکەوێت. # لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (77) نەخۆشخانەی گشتی و (37) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (114) نەخۆشخانەکە توانای وەڵامدانەوەو بەڕێکردنی (10 هەزار و 528) نەخۆشیان هەیە. # بەپێی ئامارەکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە نزیکەی (5 ملیۆن و 710 هەزار) کەس خەمڵێندراوە، کە هەر (542) کەسێک تەنها (1) تەخت (بێد)یان بەردەکەوێت. سەرەتا پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگانی عێراق بە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، (375) نەخۆشخانەی گشتی و (130) نەخۆشخانەی تایبەت لە عێراق هەیە، پێکەوە هەر (505) نەخۆشخانەن، بەشی هەرە زۆریان نەخۆشخانەی بوارە گشتییەکان و بەشێکیشیان نەخۆشخانەکانی منداڵان، لەدایک بوون، ئافرەتان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانن. نەخۆشخانە گشتییەکان (کەرتی گشتی) توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (58 هەزار و 450) نەخۆشیان هەیە. هەرچی نەخۆشخانە تایبەتەکانە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (5 هەزار و 720) نەخۆشیان هەیەو پێکەوە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (64 هەزار و 170) نەخۆشیان هەیە. پارێزگانی بەغداد و بەسرەو هەولێر و زۆرترین نەخوشخانەی (گشتی و تایبەت)یان تێدایە. بە پێچەوانەوە پارێزگاکانی موسەنا، قادسییە و واست کەمترین نەخوشخانەی (گشتی و تایبەت)یان تێدایە. بەڵام پارێزگانی  هەولێر، موسڵ و بەغداد توانای وەڵامدانەوەی زۆرترین نەخۆشیان هەیە پێوەر بە ژمارەی دانیشوانیان، بە جۆرێک لە پارێزگای هەولێر (386) بێدێک، لە پارێزگای موسڵ (451) بێدێک و لە بەغداد (460) کەس بێدێک ... یان بەردەکەوێت. بە پێچەوانەوە، پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و بابل توانای کەمترین لەخۆگرتنی نەخۆشیان هەیە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و بە پێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان، بە جۆرێک لە پارێزگایەکی وەک ئەنبار (هەزار و 476) کەس یەک بێد، لە دیالە (هەزار و 335) کەس بێدێک و بابل (هەزار و 238) کەس بێدێک ... یان بەردەکەوێت. یەکەم؛ ژمارەی نەخۆشخانە (گشتی و تایبەت)کان و توانای لە خۆگرتنی نەخۆش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (77) نەخۆشخانەی گشتی و (37) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (114) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (10 هەزار و 528) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (542) کەسێک لە هەرێمی کوردستان تەخت (بێد)ێکیان بەر دەکەوێت. بەجۆرێک؛  1.    پارێزگای هەولێر؛ (38) نەخۆشخانەی گشتی و (18) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (56) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (4 هەزار و 792) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (386) کەسێک لەو پارێزگایە تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. 2.    پارێزگای سلێمانی؛ (27) نەخۆشخانەی گشتی و (13) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (40) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (4 هەزار و 372) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (598) کەسێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. 3.    پارێزگای دهۆک؛ (12) نەخۆشخانەی گشتی و (6) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (18) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 364) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (913) کەسێک لە سنوری پارێزگای دهۆک تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. دووەم؛ ژمارەی نەخۆشخانە (گشتی و تایبەت)کان و توانای لە خۆگرتنی نەخۆش لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق (298) نەخۆشخانەی گشتی و (93) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (391) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (53 هەزار و 642) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (687) کەسێک لە پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا تەخت (بێد)ێکیان بەر دەکەوێت. بەجۆرێک؛  1.    پارێزگای بەغداد؛ (71) نەخۆشخانەی گشتی و (34) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (105) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (21 هەزار و 496) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (460) کەسێک لە سنوری پارێزگای بەغداد تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. 2.    پارێزگای بەسرە؛ (40) نەخۆشخانەی گشتی و (15) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (55) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (6 هەزار و 660) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (724) کەسێک لە سنوری پارێزگای بەسرە تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 3.    پارێزگای دیالە؛ (12) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (14) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 288) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 335) کەسێک لە سنوری پارێزگای دیالە تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 4.    پارێزگای کەربەلا؛ (7) نەخۆشخانەی گشتی و (7) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (14) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 208) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 102) کەسێک لە سنوری پارێزگای کەربەلا تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 5.    پارێزگای کەرکوک؛ (14) نەخۆشخانەی گشتی و (5) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (19) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 520) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (968) کەسێک لە سنوری پارێزگای کەرکوک تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 6.    پارێزگای میسان؛ (10) نەخۆشخانەی گشتی و (3) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (13) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 118) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (781) کەسێک لە سنوری پارێزگای میسان تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 7.    پارێزگای موسەننا؛ (6) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (8) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (638) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 215) کەسێک لە سنوری پارێزگای موسەننا تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 8.    پارێزگای نەجەف؛ (10) نەخۆشخانەی گشتی و (4) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (14) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 576) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 22) کەسێک لە سنوری پارێزگای نەجەف تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 9.    پارێزگای موسڵ؛ (35) نەخۆشخانەی گشتی و (9) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (44) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (6 هەزار و 896) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (451) کەسێک لە سنوری پارێزگای موسڵ تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 10.    پارێزگای قادسییە؛ (8) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (10) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 88) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 185) کەسێک لە سنوری پارێزگای قادسییە تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 11.    پارێزگای سەڵاحەدین؛ (17) نەخۆشخانەی گشتی و (3) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (20) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (2 هەزار و 632) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (558) کەسێک لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 12.    پارێزگای واست؛ (11) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (13) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 288) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 154) کەسێک لە سنوری پارێزگای واست تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 13.    پارێزگای ئەنبار؛ (22) نەخۆشخانەی گشتی و هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتی تێدایە نیەو، هەر (22) نەخۆشخانە گشتییەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 600) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 476) کەسێک لە سنوری پارێزگای ئەنبار تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 14.    پارێزگای زیقار؛ (18) نەخۆشخانەی گشتی و (3) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (21) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (2 هەزار و 432) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (846) کەسێک لە سنوری پارێزگای زیقار تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 15.    پارێزگای بابل؛ (17) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (19) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 888) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 238) کەسێک لە سنوری پارێزگای بابل تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. سێیەم؛ ژمارەی نەخۆشخانە (گشتی و تایبەت)کان و توانای لە خۆگرتنی نەخۆش لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (بە خشتەو گرافیک)    


شیكاریی: هێمن خۆشناو رۆژی چوارشه‌ممه‌ (11 ئایاری 2023) ئاشكراكردنی ئه‌نجامی راپرسی كۆمپانیای (كۆندا) كه‌ له‌ناوه‌نده‌ هه‌ره‌ متمانه‌پێكراوه‌كانی توركیایه رۆژه‌ڤی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌م وڵاته‌ سه‌راوبن كرد، كه‌ تیایدا جیاوازی ده‌نگ له‌نێوان هه‌ردوو كاندیدی سه‌ركۆماری توركیا گه‌یشته‌ (5.6) خاڵ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپه‌یمانی میلله‌ت. دوای ئه‌نجامی راپرسی كۆندا كه‌ رۆژانی (6-7 ئایار) واته‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه‌، (محه‌ره‌م ئینجه‌) كاندیدی سه‌ركۆماری توركیا ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌. ئه‌م‌ هه‌ردوو هه‌واڵه‌ش‌ بۆ به‌ره‌ی پشتیوانی له سه‌ركۆماری ئێستای توركیا (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) به‌ كه‌مه‌رشكێن له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن! هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی (ئینجه‌) چیه‌؟ به‌مدوایه‌ له‌ چه‌ند راپرسییه‌كی به‌دوای یه‌كتردا، كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی جیاوازو متمانه‌پێكراو بڵاوكرایه‌وه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئینجه‌ به‌ره‌و له‌ كورتیدان ده‌چوو، گه‌یشته‌ ئاستێكی ئه‌وه‌نده‌ خراپ كه‌ نه‌یتوانی له‌ پێشبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌رده‌وام بێت. بۆ نموونه‌ به‌گوێره‌ی راپرسی ناوه‌ندی (AR-G) له‌ مانگی ئادار رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئینجه‌ 7.6٪ بووه‌، به‌ڵام هه‌مان كۆمپانیا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ناوبراو له‌ 24 نیساندا به‌ 3.4٪ نیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ناوه‌ندی (ASLA) بۆ راپرسی كه‌ له‌ به‌رواری 27 نیسان تا 2 ئایار ئه‌نجامدراوه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی سه‌رۆكی پارتی (مه‌مله‌كه‌ت) بۆ 2.7٪ دابه‌زیووه‌. هه‌ر دوێنێش چوارشه‌ممه‌ كۆمپانیای (كۆندا) له‌ دوای راپرسیدا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی محه‌ڕه‌م ئینجه‌ به‌ 2.2٪ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات.  دیاره‌ محه‌ڕه‌م ئینجه‌، ئه‌م ئامارو راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی بینیووه‌، ئه‌گه‌ر وه‌كو مانگی شوبات و ئادار ده‌نگه‌كانی له‌ ده‌وروبه‌ری 5-6٪ بووایه‌، یان ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی هه‌بووایه‌ كه‌ پێشبڕكێی سه‌ركۆماری له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م یه‌كلایی نابێته‌وه‌و ده‌چێته‌ گه‌ڕی دووه‌م، زه‌حمه‌ت بوو بكشێته‌وه‌. ئینجه‌ وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌ ئه‌زموون، شكستی هێنا له‌ ئیداره‌دانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كاری گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی زیان به‌ ده‌نگی پارته‌كه‌شی بگه‌ینێت. نه‌یزانی له‌ كوێ ده‌گیرسێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناو پڕۆسه‌كه‌دا به‌ جدی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان گیرسابایه‌وه‌ به‌لانی كه‌م 6٪ ده‌نگه‌كانی ده‌برد، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌كه‌ن روویان له‌ ئینجه‌ بوو. به‌ڵام كاتێك وازی له‌ ئه‌ردۆغان هێناو رووی قسه‌كانی كرده‌ ئۆپۆزسیۆن متمانه‌ی ده‌نگده‌ری له‌ده‌ستدا. دوێنی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌ی كه‌ تیایدا كشانه‌وه‌ی له‌ پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریدا راگه‌یاند، محه‌ڕه‌م ئینجه‌ دیسان رووی قسه‌كانی له‌ ئۆپۆزسیۆن كرد كاتێك گووتی:" له‌ هه‌ڵبژاردن شكست ده‌هێنن و هه‌موو تاوانه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی من".  به‌گوێره‌ی ئه‌م رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌‌ بێت، ئینجه‌ بانگه‌شه‌ ناكات و ناڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سه‌ركه‌وێت من ده‌كشێمه‌وه‌. به‌ڵكو ده‌ڵێت: ئه‌ردۆغان سه‌رده‌كه‌وێت، كلیچدارئۆغڵو شكست دێنێت و ده‌خوازێت شكسته‌كه‌ی بخاته‌ ئه‌ستۆی من. دوای كشانه‌وه‌‌ی چ گۆڕانێك به‌سه‌ر پێشبڕكێی نێوان كلیچدارئۆغڵو و ئه‌ردۆغان دێت ؟ سه‌ره‌ڕای له‌ كورتیدانی ده‌نگه‌كانیشی دیسان كشانه‌وه‌ی ئینجه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كلیچدارئۆغڵو له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان به‌جێدێڵێت. چونكه‌ له‌دوای هێرشكردنه‌ سه‌ر (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) كاندیدی جێگری سه‌ركۆماری توركیاو سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ له‌ (ئه‌ره‌زڕوم) له‌ رۆژی (5 نیساندا)، چه‌ند ناوه‌ندێكی راپرسی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌نگه‌كانی كلیدچارئۆغڵو به‌رێژه‌ی 2-2.5٪ زیادیكردووه‌و گه‌یشتۆته‌ رێژه‌ی 49.3٪، واته‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كلیچدارئۆغڵو به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌ر له‌ هێرشه‌كه‌ی (ئه‌رزه‌ڕوم) هه‌ڵكشاوه‌، بێ ئه‌وه‌ی بگاته‌ (50+1).  به‌گوێره‌ی كۆمپانیای (Metropul) له‌دوای كشانه‌وه‌ی 49٪ ده‌نگه‌كانی ئینجه‌ بۆ كلیچدارئۆغڵو ده‌چێت، 22٪ بۆ ئه‌ردۆغان، 5.3٪ هێشتا خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌و 21٪ ناچێته‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی دوا راپرسی كۆندا نزیك له‌ راستی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئه‌وه‌ی 49٪ ده‌نگه‌كانی ئینجه‌ كه‌ پێشبینیكراوه‌ بۆ كلیچدارئۆغڵو بچێت به‌سه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌میندا. كه‌واته‌ كشانه‌وه‌ی محه‌ڕه‌م ئینجه‌ به‌ چ هۆكارێك بێ یان به‌ چ مه‌رامێك بڕیاری لێدرابێت، كارئاسانیه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو. ئیتر گرنگه‌ نیه‌ كاندیدی چواره‌مین (سینان ئۆغان) ده‌كشێته‌وه‌ یان نا، چونكه‌ ئه‌گه‌ری یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌میندا زۆر زیاتر بووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌ر له‌ كشانه‌وه‌ی محه‌ڕه‌م ئینجه‌! ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ رۆژی 11 ئایار له‌ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ شارۆچكه‌ی (سنجان) له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بوو كاتێك گوێبیستی كشانه‌وه‌ی محه‌ڕه‌م ئینجه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌ره‌تا گووتی:" زۆر خه‌مبارم" دواتریش گووتی:" بۆ ده‌كشێته‌وه‌". باشه‌ بۆچی كشانه‌وه‌ی ئینجه‌ ئه‌و خه‌مبار ده‌كات؟ خه‌مباری ئه‌ردۆغان پێمان ده‌ڵێت كه‌ ئه‌ردۆغان ستراتیژی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی پێشبڕكێكه‌ بۆ گه‌ڕی دووه‌م بونیادناوه‌، له‌وێ حسابی كردووه‌ چی بكات و چ هه‌ڵمه‌تێك ئه‌نجام بدات. له‌ ئێستادا ئه‌و پلانه‌ی ئه‌ردۆغان شكستی هێناو هه‌ڵبژاردنی توركیا ناچێته‌ گه‌ڕی دووه‌مین. ئیتر خۆری ئه‌ردۆغان له‌ ئاوابوون دایه‌ مه‌گه‌ر...  هیوادارم رۆیشتنی ئه‌ردۆغان بۆ هه‌مووان به‌خێر بشكێته‌وه!‌ رۆژێك له‌ رۆژان په‌شیمان نه‌بینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ نزامان كردووه‌، خودا خودامان بووه‌ تا ئه‌ردۆغان له‌ كۆڵمان بێته‌وه‌!


  (درەو): كۆمپانیای (بۆتاش)ی توركیا كە كاری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، هێشتا وەڵامی داواكاری حكومەتی عێراقی نەداوەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ" بڕواناكەم سبەینێ هەناردە دەستپێبكاتەوە".  حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە پەراوێزی سەردانێكیدا بۆ كێڵگەی نەوتی بەسرە قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كردو رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت سبەینێ هەناردەی نەوتی باكور (مەبەستی هەرێمی كوردستان‌و نەوتەكەی كەركوكە) دەستپێبكاتەوە.  بەپێی قسەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمجارە كە هەناردە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێدەكاتەوە، تێكڕای نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان‌و كەركوك رۆژانە دەگاتە (500 هەزار) بەرمیل.  وەزیری نەوت وتی: تائێستا هیچ وەڵامێكمان لە كۆمپانیای (بۆتاش)ی توركیاوە سەبارەت بە داواكارییەكەمان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەدەست نەگەیشتووە. هاوكات كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ:" لەو بڕوایەدا نیم سبەینێ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە".   دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق دژی توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی بۆری عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت.  بەمدواییە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتنیان كرد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لەم رێككەوتنەدا هەرێم قایل بوو بەوەی كۆمپانیای بە بازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" نەوتی هەرێم بفرۆشێت، لەسەر ئەم بنەمایە كۆمپانیای سۆمۆ گرێبەستی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بیانی كردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا هەناردەی نەوت دەستیپێ نەكردوەتەوە.  دوێنێ هاوكات لەگەڵ سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە رایگەیاند، كۆمپانیای سۆمۆ، كۆمپانیای بۆتاشی توركیای ئاگاداركردوەتەوە لە رۆژی شەممەوە 13ی ئایار، هەناردەی نەوت لە دەروازەی باكورەوە، دەستپێبكاتەوە.  بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، گرەنتی ئەوە وەربگرن عێراق لەو (ملیارو 500 ملیۆن) دۆلارە خۆش دەبێت كە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لە حوكمەكەیدا وەكو قەرەبوو بەسەر توركیایدا سەپاندووە، سەرباری ئەمە لایەنی توركی وەكو بەهانە بۆ بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم باسلەوە دەكەن پشكنین بۆ بۆرییەكانی نەوت دەكەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا بەهۆی بومەلەرزە گەورەكەی ئەمدواییەوە زیانی بەركەوتووە یاخود نا.  هەناردەی نەوت رێژی 77%ی تێكڕای داهاتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە حكومەتی عێراق بەڵێنیداوە تا ئەوكاتەی یاسای بودجەی 2023 پەسەند دەكرێت، مانگانە بڕی (400 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام بەم دۆخەشەوە هێشتا حكومەتی هەرێم بەتەواوەتی ناتوانێت خەرجی موچەی موچەخۆران دابین بكات.  حكومەتی محەمەد شیاع سودانی بە بەڵێنی ئەوە هاتوەتە سەر كار، بۆ جاری یەكەم لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە، بەشێوەیەكی ریشەیی كێشەی نەوت‌و بودجە لەنێوان هەولێرو بەغداد چارەسەر بكات.  سودانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە بەرنامەی كاری خۆیدا بەڵێنی ئەوەیدا لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ پەسەندكردن، بەڵام وادەی شەش مانگەكە تێپەڕیوە‌و هێشتا هیچ دەنگوباسێك لەبارەی ئەو یاسایەوە نییە.  یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ ئەم یاسایە تائێستا دەرنەچووە، سودانی دەیەوێت لەرێگەی دەركردنی ئەم یاسایەوە، بەشێوەیەكی بنڕ دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا یەكلابكاتەوە‌و كۆتایی بەم ناكۆكییە درێژخایەنە بهێنێت.   


درەو: بەپێی تازەترین ڕاپرسی, كە هەفتەیەك بەر لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی لەتوركیا ئەنجامدراوە, ئەردۆغان جەماوەری دابەزیوەو كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بەجیاوازیەكی زۆر لێیدەباتەوە, ئەگەریش هەیە لەخولی یەكەمدا هەڵبژاردن بەكلابێتەوە. لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش, هەرچەندە هاوپەیمانێتیەكەی ئەردۆغان (كۆمار) لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن (میللەت)ی دەباتەوە, بەڵام بەهۆی كورسیەكانی كوردەوە, زۆرینەی پەرلەمانیش لەدەستدات. بەپێی تازەترین ڕوپێوی كۆمپانیای (KONDA)ی توركی. لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا: •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت (49.3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیی هاوپەیمانی كۆمار (43.7%)دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.  ئەگەریش هەیە هەڵبژاردن لەخولی یەكەم یەكلابێتەوە. پڕۆسەی گەڕان و ڕاپرسی كۆمپانیاكە, لەماوەی نێوان (6_7) ئەم مانگە ئەنجامدراوە, لەڕێی چاوپێكەوتنی روبەڕو لەگەڵ (3480)كەس لە (194)گەڕەك و لادێ‌ و (120) شارەدێ‌, بەناوەندی (35) پارێزگاشەوە. بەگوێرەی ئەنجامی دواین ڕوپێو و ڕاپرسی كە كۆمپانیای (KONDA) بڵاویكردووەتەوە, سەبارەت بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاوڵاتیان, لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا, كە بڕیاڕە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو (14)ئایار بەڕێوەبچێت:    •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ (49.3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (43.7%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. •سەنان ئۆغان (4.8٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. •موحرەم ئینجە (2.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.(كشایەوە ) ئەم ئەنجامانە دوای دابەشكردنی ڕێژەیی (7.8٪) دەنگی ئەو كەسانە دێت كە هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بەكێ‌ دەدەن و (2.2٪) ئەو كەسانەی وتویانە بەشداری دەنگدان ناكەن. كۆمپانیاكە ڕونیكردووەتەوە, ئەنجامی گەڕانەكەی لە (6_7)ی ئایاردا دەریخستووە, رەنگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بچێتە خولی دووەم. دۆخی هاوپەیمانێتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان سەبارەت بە ئەنجامی هاوپەیمانێتیەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی توركیا, (11.5٪) دەنگەدران تائێستا خۆیان یەكلاینەكردووەتەوەو (2.2٪) دەنگدەرانیش وتویانە بەشداری پرۆسەی دەنگدان ناكەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەمشێوەیەیە: •هاوپەیمانی كۆمار, بەسەرۆكایەتی پارتی دادو گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی, نزیكەی (44%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •لەو ڕێژەیە (35%)پارتی دادو گەشەپێدان بەدەستیدەهێنێت و (8%)یشی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی بەدەستی دەهێنێت. •ڕێژەی دەنگی هاوپەیمانی میللەت, كە لەپارتی گەلی كۆماری و پێنچ پارتی تری ئۆپۆزسیۆن پێكدێت (39.9%)دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •پارتی گەلی كۆماری (27.3%)دەنگەكان و پارتەكانی تری هاوپەیمانێتەیەكە, (12.4%) بەدەستدەهێنێن.  •هاوپەیمانی كارو ئازادی, كە پێكهاتوون لە پارتی چەپی سەوزو پارتی (TIP)  رێژەی(12.3٪) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. بەگوێرەی ڕونكردنەوەكانی كۆمپانیای (KONDA), ئەو روداوانەی لە ماوەی نێوان (6_7)ئایارەوە تا رۆژی هەڵبژاردن رودەدەن, لەگەڵ گۆڕانكاریە ستراتیجیەكان لەهەڵژاردنی سەرۆكایەتی و ناوچە بومەلەرزە لێدراوەكان و رێژەی بەشداری دەنگەدرانی ناوخۆ و دەرەوەو, دابەشبونی دەنگدەران, رەنگە كارگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی (14)ی ئایار دروستبكات.


(دره‌و): ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بوو به‌ خاوه‌نی دوو رابه‌ر، یه‌كێكیان ده‌ڵێ شه‌رعیه‌تی "كۆنگره‌"ی هه‌یه‌، ئه‌وی تر شه‌رعیه‌تی "به‌یعه‌ت"ی به‌ده‌ستهێنا، كێشه‌ی ته‌ره‌فه‌ ناكۆكه‌كانی بزوتنه‌وه‌ هێشتا له‌ فه‌رمانگه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو حاجییه‌كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی ناوی "بزوتنه‌وه‌" ده‌زانن. لە ھۆڵی (ھونەر)ی سلێمانی لایەنگرەکانی وەکو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، (بەیعەت)یان بە (کامیل حاجی عەلی)دا، ئەمە ناوی لێنراوە کۆنگرەی ١٤ی بزوتنەوەی ئیسلامی، کۆنگرەیەک کە سندوقی دەنگدانی تێدا دانەنراو بە (بەیعەت) کۆتایی ھات. رۆژی ٥ی شوباتی ٢٠٢٢ کۆنگرەی ١٤ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ھەولێر بەڕێوەچوو، لەم کۆنگرەیەدا تەنیا یەک کاندید ھەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی کە ئەویش کامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەھۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەکو رابەر دانەنراو (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) وەکو رابەری بزوتنەوەکە مایەوە. ئەم دۆخە ناکۆکییەکی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستکرد، کامیل حاجی عەلی و لایەنگرەکانی ئەنجامی کۆنگرەکەیان رەتکردەوە، ھەردوو تەرەفی ناکۆک کێشەکانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمسیۆن ھێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەبارەی ئەوەی کام یەکێک لەو دوو تەرەفە دەبێت بە خاوەنی ناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)، بەڵام ئێستا ئەم دوو تەرەفە دوو بزوتنەوەی ئیسلامییان دروستکردووە. کامیل حاجی عەلی دەڵێ" بەپێی نووسراوی فەرمانگەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان  ژمارە ش.ح/خ/ ٤۷٦ لەبەرواری ۲/ ۳ / ۲٠۲۲ ئەنجامی کۆنگرەی ١٤ هەڵوەشاوەتەوە و داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی کۆنگرەیەکی گشتی نوێ لەبزووتنەوە کراوە". بەپێی قسەی حاجی کامیل، بۆ ئەو "کۆنگرە"ی ئەمڕۆ کردویانە، ڕەزامەندی کۆمیسیۆنیان وەرگرتووە". لە بەرامبەردا لایەنگرانی حاجی عیرفان بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەوەی ئەمڕۆ لایەنگرانی کامیل حاجی عەلی کردیان، ئاماژە بە نوسراوێکی فەرمانگەی حزبە سیاسییەکان دەکەن لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کە دوێنێ دەرچووەو تێیدا داوا کراوە کۆنگرەکەی ئەمڕۆ رابگیرێت تا ئەوکاتەی وردبینی لەو داوایانەدا دەکرێت کە سەبارەت بە دواخستنی کۆنگرەکەو وەرگرتنی رێوشوێنی گونجاو، تۆمارکراون. رەنگە ئەمە ھۆکارەکە بێت لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆدا لایەنگرانی حاجی کامیل سندوقی دەنگدانیان دانەناو بە "بەیعەت" کۆتاییان پێھێنا، واتا ھێشتا چارەنوسی حزبەکە لەنێوان ھەردوو حاجییەکەدا لەڕووی یاساییەوە یەکلانەبووەتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand