165 پۆلیسی خانەقین خرانە سەر پۆلیسی هەولێر.. یەكێتیی نیگەرانە
2024-08-28 14:23:27
(درەو):
165 كارمەندی پۆلیسی گەرمیان/ بەشی پۆلیسی خانەقین بە فەرمی گواسترانەوە بۆسەر پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەرپرسانی یەكێتیی دژی بڕیارەكەن و دەڵێن پۆلیسەكان لەسەر داوای مەلا بەختیار لە هەولێرەوە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ دەرچووە, سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار دەڵێت هەوڵێك هەبووە لەلایەن لایەنێكەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سریەیەی خانەقین بۆیە گواستراونەتەوە بۆسەر وەزارەتی ناوخۆ و هیچ پەیوەندی بەلایەنی سیاسی و زێرەڤانییەوە نیە.
بەگوێرەی نوسراوێك كە رۆژی 26ی ئەم مانگە لەلایەن لیوا (تاریق ئەحمەد ئیبراهیم) بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان ئیمزای لەسەر كردووە، (165) كارمەندی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بەشی پۆلیسی (خانەقین) گواستراونەتەوە سەر پۆلیسی پارێزگای هەولێر (بەشی پاسەوانی).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم بڕیارە نیگەرانیی بەرپرسانی یەكێتیی لێكەوتوەتەوەو دژی گواستنەوەی ئەو كارمەندانەی پۆلیسی خانەقین وەستاونەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی لە یەكێتیی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاوەنەكرێتەوە بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو كارمەندانە لەسەر داوا (مەلا بەختیار) ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەلایەن پۆلیسی هەرێمە گواستراونەتەوە بۆسەر پۆلیسی پاسەوانی پارێزگای هەولێرو پۆلیسەكان بەشێكیان پاسەوانی تایبەتی مەلا بەختیارن و بەوتەی ئەو ئەمە "گواستنەوەی هێزی یەكێتییە بۆ لای پارتی لەلایەن مەلا بەختیارەوە".
هەفتەی رابردوو بەرپرسی سریەی پاسەوانی خانەقینی كە لەو (165) كەسە پێكهاتوون، گواستراوەتەوە بۆسەر هێزی زێرەڤانی، بەڵام بەڕێوەبەری سریەكە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیانەوە بانگهێشتراوەو بەهۆی ناڕەزایەتیی یەكێتییەوە بڕیارەكە راگیراوە، تاوەكو دواجار رۆژی 26ی ئەم مانگە بە فەرمی كارمەندەكان گواستراونەتەوە بۆسەر پۆلیسی پارێزگای هەولێر.
سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلابەختیار بە (درەو)ی راگەیاند: گواستنەوەی ئەو سریەیە لەبەرامبەر ئەوەدا بووە هەوڵێك هەبووە ئەم سریەی فریاكەوتنی خانەقین لەلایەن لایەنێكەوە هەلبوەشێندرێتەوە كە بیست ساڵە خزمەتی خانەقین دەكات, لە بەرامبەر تیرۆرو ئەو هەوڵانەی بۆ تێكدانی ئارامی خانەقین دەدرا. بەڵام ئێستا خراوەتە سەر وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هیچ پەیوەندییەكی بە لایەنی پارتی و زێرەڤانییەوە نیە.