Draw Media

هێزێكی ئەمنیی دەستی بەسەر دەزگای (چاودێر)دا گرت.. مەلا بەختیار لەوێ نەبوو

هێزێكی ئەمنیی دەستی بەسەر دەزگای (چاودێر)دا گرت.. مەلا بەختیار لەوێ نەبوو

2024-09-05 14:54:01


(درەو): 
هێزێكی ئەمنیی چووە سەر بینای دەزگای (چاودێر)ی لە گردی ئەندازیارانی شاری سلێمانی، دەستی بەسەر بیناكەدا گرت، ئەمە نوێترین پەرەسەندنە لە پەیوەندییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، هێزە ئەمنییەكە پاسەوانەكانی دەزگاكەیان كردوەتە دەرەوەو دەستیان بەسەر بیناكەدا گرتووە، كاتێك چونەتە سەر بیناكە مەلا بەختیار لەوێ نەبووە. (تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر) دەزگایەكی رۆشنبیریەو لەلایەن مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییەوە سەرپەرەشتی دەكرێت، كە لەدوای كۆنگرەی پێنجەمەوە بەرادەیەكی زیاتر لە یەكێتیی دوركەوتوەتەوەو بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەكانی ئێستای حزبەكەی دەگرێت.
چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی مەلا بەختیار، راژەیان لەسەر پۆلیسی گەرمیانەوە گواسترایەوە بۆسەر پۆلیسی پاسەوانی پارێزگای هەولێر، ئەمە ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتیی لێكەوتەوە، وا وێنایان كرد مەلا بەختیار هێزی یەكێتیی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە. 
سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار بە (درەو)ی راگەیاند" ئەو هێزەی چوەتە سەر بینای چاودێر هێزی كۆماندۆیەو بەبەهانەی ئەوە دەستیان بەسەر بیناكەدا گرتووە گوایە موڵكی یەكێتییە، بەڵام بیناكە موڵكی حكومەتە". 
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەكرد، دەستبەسەرداگرتنی بینای چاوێری دوای هەوڵێكی بافڵ تاڵەبانی هاتووە بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆ لەگەڵ مەلا بەختیار بەمەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان بە نێوەندگیری كەسایەتییەكی شیعەی عێراق، بەڵام بەوتەی ئەو مەلا بەختیار رەتیكردوەتەوە هیچ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا بكات و رایگەیاندووە، هیچ كێشەیەكی شەخسی لەنێوانیاندا نییە، بەڵام ئەو تەنیا رەخنەی لە سیاسەتەكانی یەكێتیی گرتووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand