Draw Media

"رەنگە پارتی دەست لە پۆستێك بەربدات"

"رەنگە پارتی دەست لە پۆستێك بەربدات"

2024-09-06 12:42:57


(درەو):
پارتی و یەكێتیی لە پێشەنگی هەڵبژاردندا دەمێننەوە، بەڵام پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو سەخت و كاریگەر دەبێت بە هاتنە ناوەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی نوێ بۆ ناو گۆڕەپانەكە، لە دیارترینیان (بەرەی گەل) بە رێبەرایەتی لاهور شێخ جەنگی. رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردن پارتی بخاتە بەردەم بژاردەیەكی قورس، كە ئەوەش دەستهەڵگرتنە لە سەرۆكایەتیی هەرێم یاخود سەرۆكایەتیی حكومەت، ئەمە پوختەی راپۆرتێكی شیكارییە كە (سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت) لەبارەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن لە كوردستان كردویەتی.

چۆن پێناسەی حزبەكان دەكات؟

(سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت) راپۆرتێكی شیكاریی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە كە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت. راپۆرتەكە كورتەیەكی لەبارەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكە خستوەتەڕوو، بەمشێوەیە باسی دۆخی هەریەكەیان دەكات:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان: پێشبینی دەكرێت ژماری كورسییەكان بەراورد بە پێشوو كە 45 كورسی بوو، دابەزین بەخۆوە ببینێت، بەهۆی دابەشكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن و كەمبوونەوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان كە هاوپەیمانی نەریتیی پارتین، هەروەها لەدەستدانی دەستكەوتەكان بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای نەینەواو كەركوك و لاوازبوونی كاریگەریی ئەم حزبە لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی ئەو دوو پارێزگایەدا، كە هاوپەیمانێتیی ركابەرەكەی (یەكێتیی نیشتمانی) لەگەڵ لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) لە بەغداد نەخشەی ئیداری ئەو ناوچانەیان یەكلاكردەوە، بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك كە لە رۆشنبیری كوردیدا دۆخێكی تایبەتی هەیەو حكومەتە خۆجێییەكەی بە هاوپەیمانێی نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی و قەیس خەزعەلی رێبەری عەسائیبی ئەهلی حەق و رەیان كلدانی سەركردەی مەسیحی یەكلاكرایەوە، دور لە پارتی. 
•    یەكێتیی نیشتمانی كوردستان: ئەم حزبە چەندین ساڵە بەدەست جیابوونەوەو ململانێی باڵەكانییەوە دەناڵێنێت، دواترینیان جیابونەوەی "بەرەی گەل" بوو بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشوو، كە هاوینی 2021 بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای لە پۆستەكەی لایدا. ئەم هەڵبژاردنە ئاڵنگارییەكی گەورەیە بۆ سەركردایەتیی نوێی ئەم حزبە لە تێپەڕاندنی لێكەوتەكانی دابەشبوونی ناوخۆیی، بەتایبەتیش لە سلێمانی كە مەڵبەندی سەرەكی حزبەكەیە. 
•     بزوتنەوەی گۆڕان: ئەم بزوتنەوەیە كە لەدوای 2009وە كێبركێی لەگەڵ دوو حزبە سەرەكییەكە دەكرد، ئێستا بەدەست پاشەكشێ و نەمانی هەژمونەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لەدوای مردنی دامەزرێنەرە كاریگەرەكەیەوە (نوشیروان مستەفا) لە ساڵی 2017و بەشداربوونی لە دەسەڵاتدا بەبێ بەدیهێنانی گۆڕانكارییەك كە جێگای باس بێت وەكو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرا، بزوتنەوەكە بەدەست كێشەی رێكخراوەیی و دابەشبوونی ناوخۆییەوە دەناڵێنێ، ئەمە لەپاڵ دەركەوتنی لیستی ركابەر كە گوتاری هاوشێوەی گۆڕانیان هەڵگرتووەو هەەڵ بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئۆپۆزسیۆن دەدەن. بزوتنەوەكە پشت بە كەلەپوری خۆی دەبەستێت وەكو یەكەمین ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی خاوەن بنكەی فراوان و كەلەپوری سیاسی و رۆشنبیری رێبەرە كۆچكردووەكەی. 
•    نەوەی نوێ: جوڵانەوەیەكی مەدەنییە كە خاوەنی باسكی میدیایی كاریگەرە، هەوڵ دەدات وەكو رەوتێكی هاوچەرخ دەربكەوێت لەبری ئەوەی وەكو هێزێكی حزبیی نەریتی كاربكات. جوڵانەوەكە 2017 دروستبووە، پشت بە ئامادەگیی و دەستكەوتەكانی رێبەرەكەی "شاسوار عەبدولواحید" دەبەستێت لە بواری كارگێریی و پرۆژەكانی وەبەرهێنانی بیناسازیی. جوڵانەوەكە لە هەڵبژاردنەكانی 2018و 2012دا قەڵەمبازێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام دواتر توشی لێكترازان و هەژان هات، ئەم جوڵانەوەیە هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێبەرایەتیی ئۆپۆزسیۆن بكات و گرەو لەسەر دەنگی ئەو گەنجانە دەكات كە ئەم ساڵانەی داهاتوو مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی بێبەشكردنیان لە دامەزراندن و كارو دەستكەوتەكانی دەسەڵات. 
•    بەرەی گەل: لە هەناوی "یەكێتیی نیشتمانی كوردستان" هاتوەتە دەر، هاوسەرۆكی پێشوو "لاهور شێخ جەنگی" رێبەرایەتیی دەكات، سەرباری ئەوەی لیستەكە خۆی وەكو پرۆژەی جێگرەوەی هەردوو حزبە سەرەكییەكە نیشان دەدات، بەڵام ناوەندو تێڕوانینەكانی بە ئاڕاستەی شاری سلێمانییە وەكو بنكەیەكی هەڵبژاردن، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵك دەدات بۆ ئەوەی جارێكی تر رێبەرەكەی "لاهور شێخ جەنگی" بگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگایەتی پرۆسەی سیاسی كوردی، پێدەچێت دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتیی لەگەڵ "پارتی دیموكراتی كوردستان" بكات. كاكڵەی ئەم لیستە بنكە ناڕازییەكەی یەكێتیی نیشتمانییە، ئەم لیستە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی بەشێوەیەكی پێشوەخت و توند دژ بە یەكێتیی دەستپێكرد، لەگەڵ ئەمەشدا دەیەوێت لە هەولێرو دهۆك نوێنەرایەتیی هەبێت، بەجۆرێك لە قۆناغی ئایندەدا ببێت بە پێشەنگی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان. 
•    بەرەی هەڵوێست: لەلایەن كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسییەوە دروستكراوە كە هەڵگری گوتاری ئۆپۆزسیۆنن، رێبەرەكەی "عەلی حەمەساڵح" ئامادەگییەكی بەرچاوی میدیایی هەیە، ئەمەش بەهۆی دەركەوتنە میدیایی و پەرلەمانییەكانی لە دوو خولی پێشوودا، ئەم بەرەیە بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە گوتارو تێڕوانینێكی سیاسی گشتگیری نییە، بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە دەركەوتنی پەرلەمانی و میدیایی رەخنەگرانەی سەرۆكەكەی دەبەستێت لەگەڵ ئەو كاندیدە گەنجانەی كە سەربە رەوتەكەن، كە هەندێكیان لە رێگەی ئۆپۆزسیۆنبوونی دەسەڵاتی كوردییەوە لە هەولێر قوربانییان بە خۆیان داوە. 
•    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: حزبێكی ئیسلامییە لە باڵی رێكخراوی ئیخوان موسلیمینی نێودەوڵەتی. لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵی گەڕانجنەوەی رۆڵی خۆی دەدات دوای پاشەكشێی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا. پشت بە لیستێك كاندیدی خاوەن پسپۆڕیی سیاسی و كاری حزبیی دەدات، هەروەك پشت بە ئامادەگیی لە فەزای كۆمەڵایەتیی و خێرخوازی دەبەستێت لەرێگەی مزگەوتەكانی خۆیەوە.
•     كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (كۆمەڵی ئیسلامی): لە ساڵی 2003وە تێكەڵی سیاسەت بووە، خاوەنی بنكەیەكی دەنگدەری كۆنەپارێزو دیاریكراوە لە دهۆك و هەڵەبجەو هەندێك لە شارەكانی تر. ئەم حزبە بەدەست چەند بومەلەرزەیەكی سیاسی و میدیاییەوە دەناڵێنێ بەهۆی تۆمەتباركردنی هەندێ لە سەركردەكانی لە دۆسیە كۆمەڵایەتیی و داراییەكان، هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەم بابەتانە دەدات لەرێگەی پشتبەستن بە كەلەپورە ئاینییەكەی و ئامادەكردنی لیستێك كاندیدی ئیسلامی گەنج ئەمە جگە لە باسكە ئاینییەكەی. 
•    بزوتنەوەی ئیسلامی: یەكەمین حزبی ئیسلامی چەكدارە لە گۆڕەپانی كوردیدا، بەڵام رووبەرووی چەند لێكترازانێك بوەتەوە كە بووەتە هۆی بچوكبوونەوەی قەبارە سیاسی و جەماوەرییەكەی، وەكو دامەزراندی "بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی" لەلایەن سەركردە جیابووەكانییەوە. گومان هەیە ئەم دوو بزوتنەوەیە بتوانن بگەنە پەرلەمان، ئەمەش بەهۆی سیستەمی فرەبازنەییەوە كە دەنگەكان پەرت دەكات، ئەمە جگە لەوەی بنكەی جەماوەرییان سنوردارەو پەرش و بڵاوبووەتەوە لەسەر ئەو هێزە ئیسلامییانەی لێی جیابووەتەوە. بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان سەرەنجی لەسەر بازنەی هەڵەبجەیە كە قەڵای سەرەكی خۆیەتی.
•    حزبە بچوكەكانی تر: ژمارەیەم لە حزب و رەوتە چەپ و نەتەوەیی و فرە ناسنامەكان هەوڵی ئەوە دەدەن لەرێگەی ژمارەیەك لیستی سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە بچنە ناو كێبركێكەوە، لەوانە حزبی شیوعی و پارتی سۆسیال دیموكرات و چەند پارتێكی تری بچوك. ئەم حزبانە بەدەست كاریگەریی دابەشبوونی بازنەكانەوە دەناڵێنن كە بنكەی دەنگدانیان لەبەریەك هەڵدەوەشێنێ، كە بە زەحمەت بنكەی دەنگدەرانیان ژمارەی ئەو كەسانە تێدەپەرێنێت كە لە موچەی ئەوان سودمەندد بووە، موچەیەك كە حكومەت دابینی دەكات، ئەوەشی ئەم ئەگەرە بەهێز دەكات، مانەوەی 13 لیستە لە دەرەوەی پەرلەمان لەكۆی 29 لیست لە دواین هەڵبژاردندا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، سەرباری ئەوەی دەنگدانەكە بەپێی سیستەمیی یەك بازنەیی بەڕێوەچوو.   
•  كاندیدە تاكەكەسییەكان: ئەم هەڵبژاردنە بە كاندیدبوونی ژمارەیەك چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیادەكرێتەوە وەكو كاندیدی تاكەكەسیی، لەوانە ئەكتەرە كۆمیدییەكان و هونەرمەندو كەسایەتییە كاریگەرەكانی فەزای دیجیتاڵی (نزیكەی 120 كاندیدی تاكەكەسیی). دور نییە هەندێك لەمانە وەكو سوپرایزی هەڵبژاردن سەركەون بۆ پەرلەمان، ئەمەش مەترسی پەرەسەندنی دیاردەی پۆپۆلیزم لە پەرلەمانی داهاتوودا زیاتر دەكات، بەتایبەتیش كە شایستەیی سیاسی و ئەزموونی پێشووتریان نییە.
 
سیناریۆكان
سەنتەری ئیمارات پشتبەست بە ئەزمونەكانی پێشوو هەروەها خوێندنەوەی سیاسیی بۆ دەرفەرتی بەردەم لیستە ركابەرەكان، چەند سیناریۆیەكی بۆ دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داڕشتووە كە ئەمانەن: 
سیناریۆی یەكەم: هەردوو پارتە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتیی) بەربەستی (50+1) تێپەڕێنن و زۆرینەی پەرلەمان ببەن، ئەمە لەپاڵ پەراوێزێك بۆ لیستەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ بردنی یەك لەسەر سێ و زیاتری ئەو كورسییانەی دەمێنێتەوە. ئەم سیناریۆیە دووبارەبوونەوەی ئەوەیە كە لە خولەكانی پێشتردا هەبووە، كە دوو حزبەكە دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا بەش دەكەن و بوارێك دەهێڵنەوە بۆ بەشدارییكردنی بەهێزترینی ئەوانەی كە وەكو ئۆپۆزسیۆن سەركەوتوون بۆ پەرلەمان. لەبەر رۆشنایی ئەم سیناریۆیەدا پیشبینی دەكرێت پارتی (30 بۆ 35) كورسی یاخود تۆزێ زیاتر هەروەها یەكێتیی نیشتمانی (20 بۆ 25) كورسی یان تۆزێ زیاتر بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی بە پاڵپشتی هێزەكانی نزیك لەخۆیان یاخود تەنانەت بەبێ ئەوانیش حكومەت پێكبهێنن.

سیناریۆی دووەم: سەرهەڵدانی بەرچاوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەسەر بنەمای سوپرایزی هەڵبژاردن، كە پەراوێزێك بۆ ئەوانی تر بەجێدەهێڵێت و بنەما نەریتییەكەی گەمەكە دەگۆڕێ، بنەمایەك كە لەسەر دابەشكردنی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات لەنێوان دوو حزبەكە راوەستاوە. ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە چەند فاكتەرێكەوە لەوانە زۆری بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان لەلایەن بنكە جەماوەرییە بێدەنگ و توڕەكان، بەپێچەوانەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە 30ی ئەیلولی 2018 روویدا كە لە كۆی (3 ملیۆن و 85 هەزار) كەس لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (ملیۆنێك و 845 هەزار) دەنگدەر بەشدارییان كرد. هەروەك ئەم سیناریۆیە پشت بەوە دەبەستێت ئەكتەرە كاراكان كاریگەرییان لەسەر ئەندازەی هەڵبژاردن نەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم سیناریۆیە بەر چەندین ئاڵنگارییەك دەكەوێت، لەوانە بوونی تۆڕێك لە سودمەندبوانی هەردوو حزبە گەورەكەو توانایان بۆ دانانی كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكان لەرێگەی دامودەزگا  حكومییەكان و دەسەڵاتی داراییەوە، ئەمە جگە لەوەی بەدوردەزانرێت جوڵەیەكی كتوپڕ لەلایەن زۆرینە بێدەنگەكەوە لە بەرژەوەندی هێزە بچوكەكان رووبدات، سەرباری پەرتبوونی چاوەڕوانكراوی دەنگی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی زۆری لیستە ركابەرەكانەوە. 
 

سیناریۆی سێیەم: ئەم سیناریۆنە لەهەموو ئەوانی تر زیاتر چاوەڕوانكراوە، ئەمەش ئەوەیە هەردوو حزبە گەورەكە لە پێشەنگدا ماونەتەوەو پارتی هەندێك لە پێشەوەیە لە ژمارەی كورسییەكانیدا. هاوتەریب لەگەڵ دوو حزبەكەدا، دەرفەتێك هەیە بۆ سەركەوتنی پارتە تازە دروستبووەكان و ئۆپۆزسیۆن و هێزە نوێیەكان هەیە بۆ ئەوەی ببن بە "هێلكەی سەر قەپانەكە" لە كێبركێی نێوان دوو حزبەكەدا، لەگەڵ سەركەوتنی بەرچاوی حزبەكەی لاهور شێخ جەنگی. بەلەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی دۆخەكە، پێكهێنانی حكومەتی ئایندە ئاڵۆزتر دەبێت،  بەجۆرێك پارتی هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانی دەدات بۆ فشاركردن لە یەكێتیی، كە بە پشتیوانی هاوپەیمانە شیعەكانی ئیدارەی كەركوكی و پۆستەكانی لە نەینەوا وەرگرتووە، بەجۆرێك كە سەرلەنوێ شەراكەتی نێوان دوو حزبەكە لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم دابڕێژرێتەوە. 
لە دەرەنجامی شیكارییەكەیدا، سەنتەری ئیمارات ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتووی هەرێمی كوردستان لەبەر چەند هۆكارێك جیاوازتر دەبێت لە هەڵبژاردننەكانی پێشتر، لەوانە گۆڕانی یاساو رێساكانی سازدانی هەڵبژاردن كە ئەمەش بەواتای پاشەكشەی دەرفەتی قۆستنەوەی كورسییەكان دێت و پێشبینیكراوە نەخشەی سیاسی داهاتووە فرەرەنگتر بێت بەهۆی زۆریی لیست و كاندیدە تاكەكەسییەكان، ئەمە لەپاڵ مانەوەی هەژموونی دوو حزبە گەورەكە بەشێوەیەكی رێژەیی بەسەر زۆرینەی كورسییەكان و ئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەتەوە. 
راپۆرتەكە پێشبینی ئەوە دەكات، چانسی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیی بەشێوەیەكی خێرا لەناو یەك ئیئتیلافی حكومیدا دوای هەڵبژاردن سەخت بێت، ئەمەش بەهۆی گەورەبوونی كەلێنی نێوانیان و نەمانی زەمینەی كاری هاوبەش بەهۆی چەند پاڵنەرێكەوە، لەوانە دابەشبوونیان بەسەر میحوەرە دەرەكی و ناوچەییەكان. 
"گۆڕاوێكی دیاری تر لە قۆناغی ئایندەی ژیانی پەرلەمانی كورددا، خۆی لە ملكەچبوونی پەرلەمانی كوردستان بۆ چاوجێری دەستوریی دادگای فیدراڵی لە بەغداد دەبینێتەوە، ئەمەش شتێكە كە لە پێنج خولی رابردوو تاڕادەیەك بوونی نەبووە، چەند یاسایەك كە لە پەرلەمانەوە دەرچووە رووبەڕووی ڤیتۆو بڕیاری نادەستوریبوون بووەتەوە، ئەمەش وا لە پەرلەمانەكە دەكات خۆی لەگەڵ سیستەمی دەستوریی و یاسایی عێراقدا بگونجێنێت یاخود بكەوێتە ململانێیەكی ئاشكراوە لەگەڵ دەسەڵاتە ناوەندییەكان، لەوانە دەسەڵاتی دادوەریی لەبارەی دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە، كە مافی ئەوەی هەیە دەستورێكی تایبەت بەخۆی پەسەند بكات هەروەها دادگای باڵا دروست بكات". 

كاریگەریی دەرەكی
راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، ئایندەی یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان و دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت دوای هەڵبژاردن، بەدوور نابێت لە ململانێ ناوچەییەكان، كاریگەریی توركیاو ئێران بە بەهێزی ئامادەگی دەبێت، ئەمە لەپاڵ رۆڵی ئەمریكا. پارتی كە لە ئەنكەرەو واشنتۆنەوە نزیكە، لەوەی كە قبوڵی كردووە لەم قۆناغەدا بەشداری هەڵبژاردن بكات سەرباری ئەو پاشەكشێیەی لەبەرامبەر ركابەرەكەی (یەكێتیی نیشتمانی كە نزیكە لە ئێرانەوە) توشی بووە، مەبەست لێی هەوڵی حزبەكەی بارزانییە بۆ "كۆنترۆڵی زیانەكان"و رێگریكردن لە هەڵپەی ركابەرەكەی بۆ لێسەندنەوەی پۆستە ئیدارییەكان و پەیوەندییەكانی و دەسەڵاتەكان لە بەغدادو نەینەواو كەركوك، بەجۆرێك كە لە دەسەڵاتی پارتی بدات لەناوخۆی هەرێم.
لەسەر ئەم بنەمایە، راپۆرتەكە پێشبینی ئەوەی كردووە پارتی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم یاخود سەرۆكی حكومەت هەڵبژگرێت، ئەمە لەپاڵ هەندێك پۆست و دۆسیەی تر، لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بەجۆرێك بتوانێت سەرلەنوێ لە ناوخۆو لە هاوكێشە عێراقییەكەشدا یان تەنانەت لەسەر ئاستی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیش پەیوەندییەكانی رێكبخاتەوە. ئەمەش بژاردەیەكی ئاسان نییە لەناو حزبەكەی بارزانیدا كە چەندین ساڵە بەشێوەیەكی بێدەنگ لەناو ململانێی باڵەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدایەو، تائێستا بوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە هۆكار بووە بۆ پارسەنگ و رێگریكردن لە پەرەسەندن و تەقینەوەی ململانێكە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand