"ئاشكرابوونی تۆڕێكی سیخوڕی لە نوسینگەی سودانی"

Draw Media

2024-09-07 12:25:15



درەو:

 

پەیمانگای واشنتۆن لە راپۆرتێكدا، باسی وردەكاری ئەو تۆڕە سیخوڕییە دەكات كە لە نوسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەكراون و، دزەیان كردووەتە ناو تەلەفونی زۆرینەی بەرپرسانی عێراق، راپۆرتەكە، ئەو دۆخە خراپەش دەخاتەڕوو، كە بەسەر دەزگا ئەمنیە هەستیارەكانی عێراقدا هاتووە، لەدوای هاتنی سودانی و كۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی پۆستە گرنگەكانی ئەو دەزگایانە، لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئێرانەوە.

دكتۆر(Michael Knights)، نوسەری دیاری ئەمریكی و  شرۆڤەكاری تایبەت بە میلیشا چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران، سەرەتای راپۆرتەكەی بەوە دەستپێكردووە" گەندەڵی بە سیاسی كراو، لە نایابترین ئاژانسی هەواڵگری عێراقدا تەقییەوەو گەیشتووەتە ئابڕوبەریی گوێگرتنی گەورە، كە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە ئاڕستەكراوەو،  پێویست دەكات واشنتۆن ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری دووقۆڵی لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ عێراق هەمواربكاتەوە.  
لە (28)ی ئاب، هەواڵەكان لەڕێی لێكۆڵینەوە بنكۆڵكارییەكان بڵاوبونەوە ، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چاودێری سیاسی فراوان، كە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گرتووەتەوە، قەبارەی هەڵمەتە چڕەكە بە جۆرێك بووە، تەنانەت سیاسی و هاوڵاتیانی ئاسایی عێراق، كە راهاتوون لەسەر گەندەڵی و ئابڕوبەریی، تووشی شۆك بوون لەو مەسەلەیە.
 بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە، ئەو ئابڕوبەرییە، ئاماژەیەكی زەقی ترە لەسەر ئەوەی عێراق سەقامگیرنییە، وەك ئەوەی هەندێك جار وێنا دەكرێت، حكومەتی ئێستاش ئەو هاوبەشە ئەمنیە هەواڵگریە متمانە پێكراوە نیە، كە واشنتۆن پێویستی پێیەتی.

كێ‌ گوێی لەكێ‌ گرتووە؟
راپۆرتە دروستەكان لەبارەی ئابڕوبەرییەكە، هەرزوو لە رووماڵی میدیا عەرەبییە سەرەكییەكان و دزەپێكردنی زانیاری لەلایەن بەرپرسانی عێراقی و سیاسیە دیارەكانەوە بڵاوبونەوە، دەنگدانەوەی بولەمەرزە ئاساكەی لەبەغدادو كۆبونەوە نائاسایی گروپە سیاسیەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ،ئاگرێكی زۆر لەپشتی ئەو دوكەڵە بینراوەوەیە، تائێستا ئەمانەی خوارەوە هەندێك لە خاڵە روونەكانن:
بەنزیكی زۆرینەی كەسایەتیە سیاسیە باڵاكانی عێراق كراونەتە ئامانج، لەڕێی دزەكردنە ناو یان چاودێریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندییان(تەلەفون), بە مانەشەوە:
•    دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.
•    نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوترو یاسر عەبد سخێل مالیكی زاوای و بریكاری بازرگانی.
•    هادی عامری، سەرۆكی دوو قەوارەی سیاسی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێرانەوە:(چوارچێوەی هەماهەنگی، رێكخراوی بەدر).
•    موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی رێكخراوی بەدر.
•    محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران(یەكێكە لەو چەندان سیاسیە سوننەیەی كراوەتە ئامانج).
•    حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتر.
•    هومام حەمودی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی.
•    ئەحمەد فەتلاوی، راوێژكاری عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە.
•    كەسایەتی جۆراوجۆر لە نوسینگەی سەرۆك.
•    بەرپرسی جیاواز لە هێزەكانی حەشدی شەعبی.
ئەوەی جێی سەرنجە، نزیكترین كەسایەتی سودانی تیادانیە، كە قەیس خەزعەلی و ئەندامانی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەقە، كە ئەو سەرۆكیانەو خۆی و میلیشیاكەی، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
ئەو شانەیەی كاری گوێگرتنی كردووەو لەناو نوسینگەكەی سودانی بوون، لەلایەن گروپێك لە كەسایەتی نزیك لە سودانیەوە بەڕێوەبراون، كە ئەمانەن:
•    عەبدولكەریم سودانی، سكرتێری سەربازی سەرۆك وەزیران و ئەندامی هۆزەكەی.
•    خالید یەعقوبی، راوێژكاری سودانی بۆ كاروباری سیاسەتە ئەمنیەكان.
•    محەمەد جوحی، سەرۆكی شانەكەو جێگری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئیداری لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران(جوحی دانی ناوە بە تاوانەكەداو، تەماشای ئامێرە ئەلەكترۆنیەكانی كراوە).
•    ئەحمەد سودانی، كەسی نزیكی سودانیەو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقە بە وەكالەت.
•     (11)كەسی تەكنیكی لەبواری هەواڵگری ئاماژە، لە هۆبەی گوێگرتنی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هونەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی.
•    چەندین ئەفسەر، لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی زانیاری و لێكۆڵینەوە فیدراڵیەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ.
جوحی و ئەوانەی تر، كە بەشداریان لە پرۆسەی گوێگرتن كردووە، كەرەستەو ئۆتۆمبیلی دەزگای هەواڵگرییان بەكارهێناوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەیان، كە ئەحمەد سودانی دانی پێداناوە،  وێڕای ئەوەی ئەندامانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی خراوەتە ناو شانەكەی جوحی، لەلایەن ئەبو عەلی بەسری، سەرۆكی دەزگاكە، كە بەناوی عەبدولكەریم عەبد فازیل حسێن_یش ناسراوە، خاوەنی ناوبانگێكی كاریگەرە لە راوەدونانی تیرۆرستەكانی سوننە، بەڵام لە هەمان كاتدا یەكێكە لە دیارترین ئەندامەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە هەڵمەت دژی نەیارە سیاسیەكانی رێكدەخات.
لە رۆژی (3)ی ئەیلول، وێنەگرە شەخسییەكەی سودانیش، لەسەر ئەو دۆسییە دەستگیركرا.
شانە گوێگرەكە، هەوڵی داوە كەسایەتیە سیاسیە جیاوازەكان بخات و دۆسیەی خراپەكارییان بۆ ئامادە بكات، لەنێو ئەو كەسایەتیانەشدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی و، ئەفسەرانی هەواڵگری و، ژنانی كەسایەتیە گرنگەكان.

وێرانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق
ئابڕوبەری چاودێری_ كە پێدەچێت تا پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەردەوام بێت، دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی (2025)_ نابێت شتێكی كتوپڕبێت بە لەبەرچاوگرتنی هۆشداریەكانی پێشوو، لەبارەی بە سیاسیكردنی باشترین ئاژانسی هەواڵگری لە عێراق، لە سەرەتای ساڵی (2023)وە_ كاتێك سودانی ئەحمەدی نزیكی خستە ئەو شوێنە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو دەزگایە.
دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەمریكا لەسەرەتاوە دەستیكرد بە ئامادەكردنی، لەو ئەندامانەی  دەزگای هەواڵگری عێراق، كە پێش ساڵی (2023) رزگاركران، دواتر دەستیكرد بە راهێنانی ئەندامەكانی و لێكۆڵینەوە لە باكگراوندەكانیان بە درێژایی بیست ساڵ، لەكاتێكدا زۆرێك لە ئاژانسەكانی تری عێراق گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران بە قوڵی دزەیان كردە ناوییانەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێراق وەك پێگەیەكی متمانەپێكراو بەلای ئەمریكاو وڵاتانی خۆرلائاواوە مایەوە.
لەبەر ئەو هۆكارە، ئەو دەزگایە لەنێو ئەو قەوارە كەمە عێراقیانەدا بوو متمانەی پێدەكرا، بۆ ئەوەی زانیاری هەواڵگری هەستیاری رادەستبكرێت و، كەرەستەو راهێنانی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بێت، بەڵام هەموو ئەمانە گۆڕان دوای ئەوەی سودانی بوو بە سەرۆك وەزیران.
لە ساڵی(2022)وە، حكومەتی سودانی دەستیكرد بە پاكتاوكردنی چەندان ئەفسەر، لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، كە جێی متمانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوون و، گۆڕیانن بە ئەندامانی میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران.
لە سەرەتای ساڵی (2023)دا، بەڕێوەبەرێكی نوێ‌ بۆ روبەڕوبونەوەی سیخوڕی لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دانرا، ئەركی چوونە ناو(دزەكردنە)ئامێرە ئەلەكترۆنیەكانە، كە ناوی فەیسەڵ غازی ئەللامی_یە، برازای فاح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە، یەكێكە لە شوێنكەوتووەكانی ئەبوئالائی وەلائی، كە ماویەكی زۆرە لەناو لیستی تیرۆر ئەمریكادایە، هەر یەك لە فەیازو وەلائی لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و چالاكییە تیرۆرستیەكان، هاوكات ویسام ئەلمحیاوی، كە لەلایەن فەیازەوە كاندیدكراوە، بووەتە بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێری لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی.
هەروەك، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی_ كە لە رابردوودا بەرەو دۆخێكی باش رۆیشتبوو، دوای ساڵانێك لە دزەكردنی تیرۆرستان_ ئەویش لە ساڵی (2023)وە پاشەكشێی كردووە، كاتێك دەزگاكە رادەستی بەسری كرا. پۆستە باڵاكانی وەك جێگری بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكان، سەرۆكی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی بەغداد، دران بە عەسائیبی ئەهلی هەق.
ئەو ئابڕوبەرییەی ئێستا جەخت لە ئاستی رۆچوونی دیارترین ئاژانسەكانی هەواڵگری عێراقی و لێهاتوترینیان دەكات لە ڕووی تەكنیكیەوە، بۆ گۆلای میلیشیا پاڵپشتیكراوەكان لەلایەن ئێران و سیاسیە گەندەڵەكانەوە.

بژاردە سیاسیەكانی ئەمریكا
پێویستە ئابڕوبەریی گوێگرتن، ساتەوەختی كردنەوەی چاوی بڕیادەرە سیاسیەكانی خۆرئاوابێت، ئەوەش لەبەر هەندێك هۆكار:
یەكەم: نابێت واشنتۆن هەوڵی چاپۆشیكردن بدات لەو زیانەی كە بەر سەرۆكایەتی وەزیران بەرابەرایەتی سودانی كەوتووە، بەدرێژایی ساڵانێك، بەرپرسانی ئەمریكا خۆیان بەدورگرت لە داننان بەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی كە سودانی دەبەستێتەوە بە گروپی عەسائیبی ئەهلی هەقەوە، كە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی ریزبەندكراوە، نابێت رێگەش بدرێت بە قەیس خەزعەلی، رابەری ئەو گروپە، كە بەتیرۆرست ریزبەندكراوە، هەژمونی بەسەر حكومەتی عێراقدا هەبێت، بەوەش بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانیش، ئەگەر بەڵگەی نوێش دەركەوێت كە ئاماژە بەوەبكات، سودانی ئاگاداریی راستەوخۆی هەبووە لە هەڵمەتی گوێگرتنە، ئەوا واشنتۆن پێویستی بەوەیە هەڵوێستی خۆی دەستكاری بكات بەرامبەر سەرۆك وەزیران بەشێوەیەكی گشتی.
 نابێت ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندبێت بە هێشتنەوەی سیاسی سودانی زیاتر لە خەزعەلی سەرپەرشتیاری، كە پێدەچێت تۆرەبێت، چونكە ئەو ئابڕوبەرییە لە ئاكامی هەڵەیەكی كاری شانەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران ئاشكرابووە.
لە (31)ی ئابدا، ئێران وەفدێكی بۆ بەغداد ناردووە، لە هەولێكدا بۆ هێوركردنەوەی ئابڕوبەرییەكە، ئەوەش واپێویست دەكات كە واشنتۆن رێك پێچەوانەی ئەو كارەبكات.  
دووەم: پێویستە واشنتۆن بەشێوەیەكی بەرچاو هاوكاری هەواڵگری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق  و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگاكانی تر كۆتوبەندبكات، تا هەڵدەستێت بە دورخستنەوەی دامەزرێنراوە سیاسیە گلاوەكان، لە پۆستە باڵاكان، بەتایبەت كەسایەتیەكانی سەر میلیشیاكان و هاوپەیمانەكانی ئێران.
دوای ئەوەی سودانی بوو بە سەرۆك وەزیران، واشنتۆن چاوی نوقاند لەو دامەزراندنانە كە جێی نیگەرانین و حكومەت ئەنجامیدا لەكەرتی هەواڵگریدا، بە دڵنیایی گروپە چەكدارە جیاوازەكان هەوڵی قۆستنەوەی ئەو ئابڕوبەرییەی ئێستا دەدەن، بۆ دامەزراندنی ئەندامی تری خراپەكار لە پۆستە باڵاكانی دەزگای هەواڵگری.
پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەژموونی خۆی بەكاربهێنێت، وەك هاوبەشی سەرەكی عێراق لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بۆ زامنكردنی ئەوەی حكومەتی عێراق خراپەكان بە كەسی خراپتر نەگۆڕێت، لەكاتی چارەسەركردنی ئەو ئابڕوبەرییە و، بەرپرسی نوێ‌ لە دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاژانسی زانیاری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی دابمەزرێنێت.
سێیەم: پێویستە واشنتۆن پێداچونەوە بە هەڵوێستی خۆیدابكات بەشێوەیەكی فراوان، بەرامبەر بە بەرپرسە عێراقییەكان لە كەرتە جۆراوجۆرەكانی دەزگای دژە تیرۆرو، دەسەڵاتی فرۆكەوانی و، دەسەڵاتی بەندەرەكان و، وەزارەتە سەرەكییەكان، بۆ نمونە، دارایی، ناوخۆ، نەوت، گواستنەوە، تەنانەت خوێندنی باڵاش، كە وەزیرەكەی ئەندامی گروپێكی ریزبەندكراوە  لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام بە ئازادی لە پایتەختەكانی وڵاتانی خۆرئاوا دەسوڕێتەوە.
ئەم ئاژانسانە و ئاژانسەكانی تریش، بەشێوەیەكی بەرچاو دزەكراوەتە ناویانەوە، بەهەمان ئەوشێوەیەی دزە كراوەتە ناو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی، ئەوەش دیاردەیەكی كە پێش ساڵی (2022) دەستیپێكردووە، بەڵام لەدوای ئەو كاتەوە بەشێوەیەكی بەرچاو پەرەیسەندووە، بەهۆی هەژمونكردنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەریدا لە عیراق.
وانەی سەرەكی بۆ بەرپرسانی ئەمیركا ئەوەیە، كەسایەتی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق و ئیرادەی سیاسیان، بایەخدارترین كارتێكەرە لە دەستنیشانكردنی ئاستی دەستبەراگرتنی ئەو دەوڵەتەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت، لەگەڵ قورسی ئەو زیانە چاوەڕوانكراوەشی بە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی دەگەیەنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand