یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن

Draw Media

2024-09-12 15:15:14





راپۆرتی: فەرمان سادق
رەنگە دۆزینەوەی لاشەی ورچێک لە سنوری کوێستانی پڕژێی سەر بە قەزای چۆمان، تازەترین تاوانی ژینگەیی بێت لە کوردستاندا. پۆلیسی دارستان و ژینگە، دەستەی ژینگە، رێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان بەدوای بکوژەکەیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت سکاڵا لەسەر ئەنجامدەرەکە تۆمار بکەن. بەڵام دەستدرێژی بۆ سەر ژینگەی دارستانەکان، گیاندارە کێوییەکان و کۆی سیستمی ژینگەیی، پرسێکی رۆژانەیە کە بووەتە هەڕەشە لەسەر سروشتی کوردستان.
جگە لەم ورچە، پێشتریش لە مانگی ئایاری رابردووی ئەمساڵ، کۆمەڵێک نەورەس لە دەریاچەی دووکان مردار بوونەوە، ئەگەرچی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا لە هۆکاری مرداربوونەوەکەی بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی لیژنەکە رانەگەیەنراوە.
لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی یاسای پاراستنی ژینگە و چەندان رێنمایی هەن بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە، هەروەها هێزی جێبەجێکاری وەک پۆلیس و پێشمەرگەی ژینگەش هەن، بەڵام نەک نەیانتوانیوە تاوانە ژینگەییەکان بنەبڕ بکەن یان کەم بکەنەوە، بەڵکو هیچ لایەکیان ئاگاداری کار و چالاکیی ئەوی تر نین و لینکی پەیوەندی لەنێوانیاندا نییە.

لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ورچەکە بەردەوامە
بەگوێرەی راید فواد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەولێر، هێشتا لێکۆڵینەوە لە سەر کوشتنی ورچەکەی سۆران بەردەوامە. ئەوەی لێکۆڵینەوەکەی قورس کردووە ئەوەیە کە ورچەکە لە ناوچەی پارێزراوی هەڵگورد-سەکران کوژراوە، کە لە بنەڕەتدا ئەم ناوچەیە یەکێکە لە سێ ناوچە پارێزراوەکەی کوردستان لەپاڵ قۆپی قەراغ و زوورگەزراو، بەڵام وەک پێویست خزمەت ناکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر. فواد زراری باسی ئەوە دەکات کە ئەم ناوچانە، لە رووی جوگرافییەوە سەختن، هێج ئامێرێکی چاودێری وەک کامێرای لێ نییە تاوەکو سەرەداوێک لەسەر ڕووداوەکە دەست بکەوێت. لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەک پۆلیسی ژینگە خاڵی پێویستی چاودێریمان لەم ناوچانە کەمە، ئەویش بەهۆی بەهۆی کەمی میلاک و کەرەستەی پێویست. ئەمە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەی قورس کردووە، بەڵام بەردەوامە. نەک هەر ئێمە، دەستەی ژینگە، رێکخراوە لۆکاڵییە ژینگەییەکان و نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر خەتن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە".
کوژرانی ئەو ورچە، یەکەم حاڵەت نییە، پێشتریش پڵینگێک لە چیای بەمۆ کوژرا، لە دهۆکیش بەهەمان شێوە. ئەم بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەولێر، پێی وایە دەبێت لە ئەم تاوانە ژینگەییانە ڕێگەی میدیاوە گەورەتر بکرێن، چونکە پەیوەندییان بە ژینگە و سروشت هەیە، سروشتی کوردستانیش لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

مقەدەم مەحمود حەمەد، بەرپرسی جوڵانەوەی هێزی هەولێر لە فەرماندەیی ژینگە کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ فەرماندەیی کارۆخ، دەڵێت؛ هەر بەرپرسێک ڕاو بکات، سەرەتا دەمانگرتن، بەڵام بۆ دروست نەبوونی کێشە لە یەکەی (٨٠) ڕێنماییمان بۆ هاتووە کە بەرپرسان نەگرین، بەڵکو ناوەکەیان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان وەردەگرین و ڕەوانەی سەرووی خۆمان دەکەین و ئەوان ڕێکار بەرامبەر ئەو بەرپرسانە دەگرنەبەر.
"بەرپرسی باڵا هەبووە رێکاری توندیان لە دژ گیراوەتە بەر، بەڵام ئەمە چەند ساڵێک پێش ئێستا بووە". مقەدەم مەحمود وای وت.
لەسەر مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی دووکان، ئەگەرچی وەزارەتی کشتوکاڵ لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و بڕیاربوو لە تاقیگەی ڤێتێرنەری پشکنین بۆ هۆکاری مرداربوونەوەیان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە، ئەگەرچی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ٢٢ـی ئایاری رابردوو، واتە دوای هەفتەیەک لە مرداربوونەوەیان رایگەیاند کە بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندە مردار بوونەتەوە.

دارستانەکانی کوردستان لەسەر نیوە کەمیان کردووە
بەگوێرەی زانیارییەکان رووبەری دارستانی سروشتیی لە ٥٠ ساڵی رابردوودا سەرووی پێنج ملیۆن دۆنم بووە، بەڵام بەپێی داتایەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠، رووبەرەکە کەمێک لە ٢ ملیۆن و نیو دۆنم زیاترە، یانی لەسەر نیوە کەمی کردووە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی رەزگەری و دارستان و پاوانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەستکەوتووە، رووبەری دارستان بە نزیکەی دوو ملیۆن و ٣٢٧ هەزار دۆنم خەملێنراوە.
ئامارەکان هەر چۆنێک بن، ئەوە لای هەمووان ئاشکرایە کە لە ٢٠١٠ـەوە تاوەکو ئیستا زۆرترین دەستدرێژی کراوەتە سەر ژینگە، لەم ماوەیەدا بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی بیمە کە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە، سەرووی ملیۆنێک دۆنم دارستان و پاوان سووتاون. زۆرترین حاڵەتەکانی سووتانیش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ \٢٠٢٠ \ ٢٠٢١ بووە.
هەر بەپێی بەدواداچوونێکی وەزارەتی کشتوکاڵ رێژەی ٣٠%ـی هۆکاری سووتانی دارستانەکان بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران بووە.
بۆ پاراستنی دارستانەکان و نەبڕینەوەی دارەکان و نەکردنیان بە ڕەژوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە پێشنیار دەکات باج و گومرک لە سەر هاوردەکردنی ڕەژوو هەڵبگیرێت، ئەویش لەپێناو نەهێشتنی کانە خەڵووز و دەست نەبردن بۆ دارستانەکانی کوردستان لەپێناو رەژوودا.
راید فواد زراری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "وەزیری کشتوکاڵ بەدەم داواکارییەکەیانەوە چووە و باجی کەم کردووەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت نەک هەر نەمێنێت، بەڵکو هانی بازرگانانیش بدرێت رەژوو بێنن بۆ ئەوەی واز لە داربڕینەوە بهێنن".

بۆ وەرگرتنی دوا ئامار و زانیاری لەسەر رووبەری دارستان لە کوردستان، ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە چەند جارێک پەیوەندی بە هەڵکەوت عەبو، بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوان و باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، تەنانەت لە ڕێگەی واتسئاپەوە پرسیارەکانیشی بۆ نارد، هەروەها وتەبێژی وەزارەتیشی لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام هیچیان وەڵامی پرسیارەکانیان نەدایەوە.

 
 
٩٥%ـی تاوانە ژینگەییەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێت
لەگەڵ ئەوەی ئامارەکان قەبارەی مەترسی سەرپێچی و تاوانە ژینگەییەکان دەردەخەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، "سەدا ٩٥ی سەرپێچی و تاوانەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی ڕاوکردنی گیانەوەی کێوی. ئەوەی وایکردووە پاراستنی ژینگە کارێکی زۆر قورس بێت، ئێمە رووبەڕووی مافیای ژینگەیی دەبینەوە، ئەوان ژینگە بە هی خۆیان دەزانن، لەوە تێ ناگەن کە ژینگە هی هەمووانە".
دەستدرێژییەکان لە سنوری ڕاوکردن و کوشتنی گیانەوەرە کێوییەکان و بڕینەوەی داردا ناوەستن، بەڵکو سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویش دەگرنەوە. بە قسەی راید فواد زراری بێت مانگانە دەست بەسەر هەشت بۆ ١٠ ئامێری بیرلێدان دەگیردرێت، ئەوە جگە لەوانەی دەستیان بەسەردا ناگیررێت و بەردەوامن لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر ئاوی ژێر زەوی. ڕوونیشی دەکاتەوە کە بیر لێدان زۆر پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا ئامێری پێشکەوتوو هێنراوە کە بە کارەبا کار دەکات و دەنگیشی نایەت، لەناو ماڵەکە بیر لێدەدرێت هەر نایبینی، بۆیە "دەست بەسەراگرتنی ئەم ئامێرانە زۆر زەحمەتە".
دەربارەی باخە تایبەتەکانیش دەڵێت "مەسەلەی مەزرەعەکان بووەتە ئەمری واقیع، دوو ساڵ پێش ئێستا پێشنیارمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بۆ هەر کۆمەڵە مەزرەعەیەک بیرێک لێبدات نەک هەر مەزرەعەیەک بیرێک لێبدات، هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتووە".

تاوانە ژینگەییەکان مەترسیدارن
بەپێی ئاماری دەستەی ژینگە بێت، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦ هەزار کەیس لەسەر تاوانی ژینگەیی دراونەتە دادگاکان و زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە. پڕۆسەی ڕەوانەکردنی سەرپێچییەکان لە دەستەی ژینگە وەهایە کە دوای ئاگادارکردنەوەی دەستە لە بوونی سەرپێچی ژینگەیی و سەلماندنی، سەرەتا بەڵێننامە بە کەسی سەرپێچیکار تۆمار دەکرێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەوا کەسی سەرپێچیکار سزا دەدرێت، دوا قۆناغیش دەیدەن بە دادگا.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستەی ژینگە زیاتر لە ٧ هەزار بەڵێننامەی بە سەرپێچیکاران واژۆ کردووە، لەمەشدا زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانی بووە کە زیاتر لە سێ هەزار بەڵێننامە بووە. هەر لەو چوار ساڵەدا ٥٠٠ سەرپێچیکار سزای پێژماردن کراون، لەمەشدا هەر پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە ٢٠٠ کەیس لە پێشەوەی شارەکانی دیکە بووە.
هاوکات بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە بێت، پارساڵ زیاتر لە ٢٣٠ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە هەبووە کە بەهۆیەوە سەرووی ٢٣ هەزار ڕەز و باغ، دارستان و پاوان و پوش و پەڵاش سووتاون کە کۆی گشتییان دەکاتە سەرووی ٧١ هەزار دۆنم زەوییە. لە پرسی بیرلێدانی نایاساییدا، دەست بەسەر زیاتر لە ٦٠٠ پارچە کەرەستەی بیرلێداندا گیراوە.
 
 


کەس ئاگای لە کەس نییە!
جگە لە دەستەی ژینگەو پۆلیسی دارستان، پێشمەرگەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵیش هەن، بەڵام وەک وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە و بەپرسی جوڵانەوە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە جەختی لێدەکەنەوە، کەسیان ئاگاداری کاری ئەوی تر نییە و هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوانیان ئەنجام نادرێت، ئەمەش پێچەوانەی ڕای دەستەی ژینگەیە.
فواد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت؛ هیچ لینکێک لەنێوانمان نییە و ئاگاداری ئیشی یەکتریش نین.
"ئەوان ئیشی خۆیان دەکەن و ئێمەش هەروا، هەندێکجار دەستەی ژینگە رێنمایی دەردەکات دوای سێ مانگ دەگاتە لای ئێمە و پرسیشمان پێناکەن لە دەرکردنی ڕێنمایی". فواد زراری وادەڵێت، دەشپرسێ کە عەیبە نییە ئەگەر پرس بکەن بۆ ئەوەی هاوبەش بین لە دەرکردنی رێنماییەکان تاوەکو بتوانین جێبەجێیان بکەین، عەیب ئەوەیە یاسا و رێنمایی جێبەجێ نەکرێن.
فواد زراری لەسەر ئەم پرسە زیاتر دوا و دەڵێت، " باوەڕ بکە بە دوو ساڵ جارێکیش یەک نابینین، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێشێلکارییە ژینگەییەکان دروستکردووە، بۆیە باشترە دەستەیەکی باڵا یان ژووری ئۆپەراسیۆن لەسەر ئاستی پارێزگاکان دادەمەزرێنین".

مقەدەم مەحمود حەمەد، بەرپرسی جوڵانەوە هێزی هەولێری فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە دەڵێت؛ ئێمە ڕێنمایی لە یەکەی (٨٠)ـی هێزی پێشمەرگە (یەکەیەکی پێشمەرگەیە و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە) وەردەگرین. "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەستەی ژینگە نییە و لەگەڵ هیچ رێکخراوێکی ژینگەییش پەیوەندییمان نییە و هیچ خولێکی ژینگەپارێزیشمان نەبینیوە، بەڵام ئێمە رێنمایی خۆمان هەیە و دەزانین ئیشی خۆمان چۆن ئەنجامدەدەین". ئەو وا دەڵێت.
بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای ژینگە هەیە و لایەنە پەیوەندارەکانیش نوێنەرایەتییان لەو ئەنجومەنە باڵایە ئەندامە. بەگوێرەی بەڕێوه‌به‌ری دڵنیایی جۆری له‌ ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌  لوقمان شێروانی، ئەنجومەنەکە دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوەو تاوتوێی پلانە گشتییەکان دەکات، کۆبوونەوەکانیش بێگومان کاریگەری خۆیان هەبووە، بەڵام ڕێژەییە و هەندێک شتیش هەیە بووەتە ئەمری واقیع کە پێویستی بە کات و پلان و سێکتەری دارایی هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان.
"کەم تا زۆر جۆرێک لە پەیوەندیمان هەیە، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ ئەندامیان هەیە لە ئەنجومەنی باڵا، ئەگەر ڕێنماییەک پێویستی بە کارێکی مەیدانی هەبوو ئەوا ئەوان کارەکە ئەنجامدەدەن". لوقمان شێروانی وای وت، باسی لەوەشکرد کە هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی کاری هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەین، بەڵام هەر دامەزراوەیەک لە حکومەت ئەرکێکی پێ ڕاسپێردراوە.

بەڵام مەهدی هەمزە، پسپۆر لە نووسینەوەی یاسای ژینگەیی، پێیوایە کە ئەنجومەنەکە لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات، بەڵام نەیتوانیوە بە رێژەیەکی زۆر بە ئەرکەکانی خۆی هەڵسێت، ئەمەش پەیوەندی بە سنوورداری رۆڵی ژینگە هەیە لە کوردستان.

لای خۆیەوە راوێژ مەحوی، چالاکوان و شارەزای یاسای ژینگەیی ڕای وایە کە پەرتەوازەییەک لە پاراستنی ژینگەدا هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەک فەرمانگەی جیاواز کە ئاگاداری کاری یەکتری نین. لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر لەژێر یەک چەتر یەکبخرێن، تەکانێکی زیاتر بە پرسە ژینگەییەکان دەدرێت و پاراستنی ژینگە دەبرێتە ئاستێکی باڵاتر و کاریگەرتر، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، هێشتا ژینگە نەبووەتە ئەولەویەت لەلای حکومەتی هەرێم، کۆمەڵێک فەرمانگە هەن بۆ ئەوەی داهاتێکیان لێ دەستکەوێت و وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدەنەوەو بڵێن، ئەها ئێمەش گرنگی بە پرسی ژینگە دەدەین، سەلمێنەری ئەم قسەیە ئەوەیە کە دەستەی ژینگە سێ ئامێری پێوانەی هەوایان هەیە کەچی فەرمانبەریان نییە کاری پێ بکات".
راوێژ مەحوی زیاتر دەدوێت و دەڵێت، "بەڵگەم بە ڤیدیۆ هەیە کە ٧٠٠ دار لە شوێنێک بڕاوەنەتەوە و بۆ پۆلیسم ناردووە، لە جیاتی ئیشی لەسەر بکات کەچی دەڵێن؛ ئێرە سنووری ئێمە نییە!".

یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن
بەپێی یاسای پاراستنی ژینگەی ساڵی ٢٠٠٨ و، یاسای دەستەی ژینگەی ساڵی ٢٠١٠، دەستەی ژینگە زیاتر دەسەڵاتی چاودێری هەیە، ئەمەش بە قسەی شارەزایانی یاسایی یەکێکە لە هۆکانی لاوازی دەستە لە پاراستنی ژینگە.
 لوقمان شێروانی، بەڕێوه‌به‌ری دڵنیایی جۆری له‌ ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌، دان بەوەدا دەنێت کە هەردوو یاساکە پێویستیان بە هەموارە بەتایبەت لە پرسی دەسەڵاتەکان، بەو پێیەی گۆڕانکاری زۆر ڕوویانداوە.
لەم بارەیەشەوە دەڵێت، "هەوڵ هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی هەردوو یاسای ژمارەی (٨)ـی ساڵی ٢٠٠٨ و ژمارە (٣)ـی ساڵی ٢٠١٠، من خۆم ئەندامی لیژنەی هەموارکردنەوە بووم و هەردوو یاساکەش تێکەڵکێش کران و دەستنووسەکە نێردرا بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بە داخەوە پەرلەمان تەمەنی کۆتایی هات و نەتوانراوە هەموارەکە جێبەجێ بکرێت.
"خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دەستەی ژینگە تاک لایەن بێت لە پرسی کوالیتی و زۆرینەی پڕۆژەکان ڕەزامەندی لە دەستەی ژینگە وەرگرن، هەروەها بەڕێوەبەری شارەکان پلەیان بەرز بکرێتەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت"، شێروانی وای وت.
بە بڕوای دکتۆر مەهدی هەمزە، یاساکە لە هەندێک شوێندا پێویستی بە هەموار هەیە، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنی خودی یاساکەدایە. ئەو دەڵێت، "تا ئێستا دەستەی ژینگە بە تەواوەتی نەیتوانیوە رووبەڕووی ئەو پڕۆژانە بوەستێتەوە کە ژینگە تێکدەدەن، بۆیە پێویستی بە پشتگیری هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێم، پێویستی بە چاودێری زیاترە لەلایەن پەرلەمانەوە، هەروەها پێویستی بە فەرمانبەری زیاتر هەیە بۆ پڕۆسەی چاودێری و پشکنین و بەدواداچوون". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە دەستەی ژینگە بە هیچ شێوەیەک لە داهاتی سندوقی ژینگە سوودمەند نەبووە و دەسەڵاتی خەرجکردنی نییە.
راوێژ مەحوی، رای وایە یاساکە بۆ ئێستا ناتوانێت ژینگە بپارێزێت، چونکە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا هاوتەریب نییە و هەموار نەکراوەتەوە. "ساڵانە دەستەی ژینگە کۆمەڵێک رێنمایی دەردەکات، بەڵام رێنماییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و ستانداردی جیهانیی کارەکان ڕێکناخەن و بەرێوەیان نابەن، ئەو سزایانەی لە یاساکەدا هاتوون ناتوانن ببنە رێگر لەبەردەم تاوانە گەورەکانی ناو ژینگە، بۆیە ئەمە کاریگەری خراپی دروستکردووە بەسەر ژینگە و دەرفەتیشی رەخساندووە بۆ ئەوانەی تاوانی ژینگەیی ئەنجامدەدەن، چونکە سزای تاوانەکانیان شتێکی ئەوتۆ نییە کە لەو تاوانە بسڵەمێتەوە". راوێژ مەحوی وای وت. هەروەها  باس لەوەش دەکات کە کاتێک کەسێک کۆمەڵێک داری بە تەمەن دەبڕێتەوە، دەزانێت ئەگەر دەستگیرکرا سزاکەی چاندنەوەی ١٠ دارە لە جێگەی دارێک، دەشزانێت قازانجی لە بڕینەوەی دارەکە چەندە، بۆیە سزاکە نابێتە رێگر لەوەی دار نەبڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو لەگەڵ چاندنەوەی ١٠ دار، سزایەکی قورسی داراییش بدرێت ئەوا جارێکی دیکە بوێری بڕینەوەی دار ناکات، ئەمە بۆ راوکردنیش راستە.
مەحوی لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "یاساکە ناتوانێت رووپۆشی هەموو تاوانە ژینگەییەکان بکات، هەروەها ئەو سزایانەی کە هەن، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە دەستەی ژینگە کە چاودێرە بەسەر پێشێلکارییە ژینگەییەکان، وەک رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وایە کە ئەویش چاودێرە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان سەر بە حکومەتن، ئێمە رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنین".

نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند یەکێکە لە هۆکانی بەردەوامی تاوانە ژینگەییەکان
ئەگەرچی لە (٢٠١٥)ەوە داواکراوە دادگایەکی تایبەتمەند یان دادوەرێکی تایبەتمەند بە کەیسەکانی ژینگە دامەزرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داوایەی دەستەی ژینگە نەدراوەتەوە.
بە قسەی لایەنە پەیوەندارەکان، نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند یان دادوەری تایبەتمەند لەناو دادگاکان کاریگەری نەرێنی بەسەر کەیسەکانی سەرپێچی و تاوانە ژینگەییەکان دروستکردووەو، پێیانوایە زۆرجار ئەو سزایانەی بڕیاریان لەسەر دەدرێت پڕ بە پێستی تاوانەکە نین.
لوقمان شیروانی، لەم بارەیەوە دەڵێت، "بەداخەوە هێشتا داواکارییەکەمان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە بوونیان وادەکات پارێزگاری زیاتر لە ژینگە بکرێت. دادوەرەکان دەسەڵاتیان هەیە تاوەکو ٢٥٠ ملیۆن سزای سەرپێچیکار بدەن، ئەمەش کاریگەری باشی هەبووە".
بەڵام فواد زراری دەڵێت؛ یاسای بەهێزمان هەن، بەڵام گەورەترین کێشەی ئێمەیە ئەوەیە کە دادوەری تایبەتمەندمان بە ژینگە نییە، ئەمەشە وایکردووە زۆرجار تۆمەتبارە ژینگەییەکان بە یاسای مەدەنی سزا بدرێن، بۆیە ئەو کەلێنە یاساییە گەورەترین گرفتی بۆ دروست کردووین.
"کارێکی ئاسان نییە کە داربڕێک دەستگیر دەکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی دادوەری تایبەتمەند بە ژینگە، دەبینین بە سزایەکی کەم لێی دەردەچن". فواد وای وت. ئەو داربڕەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکات، ئەوانەی خەڵکی گوندەکانن کە تەنیا لق و پۆپی دارەکان دەبڕن، ئەوانەشی دارەکە لە بنەوە دەبڕێتەوە کە ئەوان بازرگانی چاوچنۆکن، ئەوانەن مەترسیان لەسەر ژینگە دروستکردووەو بەردەوامیش دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا.
بە بڕوای مەهدی هەمزە، ئەمە گرفتی دروستکردووە لەبەردەم کەیس و تاوانە ژینگەییەکان و ئەو پڕۆژانەی کەوا ژینگە پیس دەکەن. لەهەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا پرسی ژینگە لای حکومەتی هەرێم ئەولەویەت نییە، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکان لەوەی هەماهەنگی نییە لە نێوان وەزارەتە پەیوەندارەکانی پەیوەست بە پرسی ژینگە.

* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات

 

خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand