حكومەتی سودانی: دوو پێشهاتی گەورەو كۆمەڵێك ئەگەرو سیناریۆ
2024-09-09 11:32:30
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
كابینەی محەمەد شیاع سودانی كە حكومەتی چوارچێوەی شیعییە، مانگێكی دی پێ دەنێتە كۆتا ساڵی تەمەنی دەستوریی خۆی، كەچی بەشێوەیەكی پێشوەختەو بەر لە گەیشتن بە ئۆكتۆبەری 2025 گیرۆدەی چەند دۆسیەیەكی هەستیارو ئاڵۆز بووە كە شەقامی سیاسی و میدیایی عێراقی بەگەرمی سەرقاڵ كردووە. دیارترین ئەو دۆسیانەیش سیخوڕیكردن بەسەر بەرپرسان و لێكەوتەو درێژكراوەكانی "دزیی سەدە"یە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، ڕكابەرانی سودانی لەوانەش مالیكی دەیانەوێت ئەمە بقۆزنەوە بۆ ناچاركردنی حكومەت بە دەستلەكاركێشانەوە یان سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەدوا دەركەوتنیشیدا (8ی سێبتەمبەر) سەرۆك وەزیران بەرگری لە حكومەتەكەی كردو هێمای بۆ ئەوە كرد، لە دەرەوەی هێزە شیعەكانیش بنكەی سیاسیی ئەو "هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت"ە كە هیی نوێنەرانی هەر سێ پێكهاتەكەی عێراقە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر ئەو پەرەسەندنانەو، لێكەوتە گریمانكراوەكانی لەسەر دۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ بكات.
تۆڕی سیخوڕیكردن لەسەر مۆبایلی بەرپرسان
بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەكان بەمدواییانە تۆڕێكی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا دەستگیر كراون؛ هەندێك لەوانەیش پلەیان ئەفسەرە. تۆڕەكە گوێیان لە مۆبایلی بەرپرسان گرتووەو سیخوڕییان كردووە بەسەریانەوە؛ بەوەیش تۆمەتبارن كە لەپشتەوە سوپای ئەلیكترۆنییان هەیە بۆ هەراسانكردن و دزەپێكردنی زانیاریی تایبەت. لە پەنا ئەوەیشدا هەڕەشە لە كەسایەتییەكان دەكەن كە دەبێت ملكەچیان بن ئەگەرنا نهێنییەكانیان ئاشكرا دەكەن. سەرۆكی تۆڕەكەش كەسێكە بە ناوی "محەمەد جوحی" كە جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئۆفیسی سەرۆك وەزیران، محەمەد شیاع سودانییەو سكرتێری تیمی حكومەت و بەرپرسی پەیوەندیكردنە لەگەڵ پەرلەمانتاران[1].
ئەو زانیارییانەی لەناوەندی سیاسیدا بڵاوە، ئاماژە بەوە دەكەن، ئامانجی ئەم تۆڕە بە پلەی یەكەم، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی "فایەق زێدان"و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی باڵای شیعە بووە[2]؛ جگە لە زێدانیش ئەوانەی كراونەتە ئامانج لە سیخوڕییە ئەلیكترۆنییەكە، بریتین لە: نوری مالیكی و یاسر سخێلی زاوای و بریكارە بازرگانییەكەی، هادی عامری، موحسین مەندەلاوی، محەمەد حەلبوسی، حەیدەر عەبادی، هەروەها كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی و ڕاوێژكارو بەرپرسی دیكەی ئەمنی[3]. ژمارەیەك لە ئەندامەكانی تۆڕەكەیش فەرمانبەری ئۆفیسی سودانی و ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی عێراقن، لەوانەش: عەبدولكەریم سودانی، سكرتێری سەربازیی سەرۆك وەزیران، خالید یەعقوبی، ڕاوێژكاری ئەمنیی سودانی، ئەحمەد سودانی خزمی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بەوەكالەت، لەگەڵ 11 كەسی تەكنیكی لە دەزگای هەواڵگری كە سەر بە هۆبەی مۆنیتەرینگی هونەرین لە دەزگای هەواڵگریی عێراقی، لەگەڵ وێنەگرێكیش لە ئەنجومەنی وەزیران؛ سەرجەمیان تواناو ئامێرەكانی دەزگای هەواڵگرییان لە كارەكەیان بەكار هێناوە[4]، بەتایبەت ئەپی تایبەت بە گوێگرتن كە لە بنەڕەتدا پێویستی بە فەرمانی دادگا هەیە. ئەوەش بڵاوە، كە ئاشكرابوونی تۆڕەكە بەهۆی هەڵەی تەكنیكیی یەكێك لە ئەندامەكانییەوە بووە.
دەنگدانەوەی ئەم هەواڵە كە لە هەندێك میدیا پێی دەوترێت "سودانی- گێت" وەك ئاماژەیەك بۆ "ریسوایی واترگێت"ی ئەمریكا (1968) كە "ڕیچارد نیكسۆن"ی لە كورسیی سەرۆكایەتیی ئەمریكا داگرت، سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەچڕی خستوەتە خانەی تۆمەتباركردن و، لەگەڵ بنكە سیاسییەكەی كە هێزە شیعەكانن توشی كێشەی كردووە. ئەگەری ئەوەش هەیە لێكەوتەی ئەمە درێژ ببێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانی و هاوكاریی دەزگای هەواڵگریی دەكەن وەك دامەزراوەیەكی ئەمنیی عێراقی، لەپێش هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؛ چونكە "مایكل نایتس" كە توێژەرێكی دێرینی "پەیمانگای واشنتۆن"ە، لە وتارێكدا باسی لەوە كردووە كە، ئەوەی ئاشكرا بووە "تەقینەوەی گەندەڵی سیاسییە لە باشترین دەزگای هەواڵگریی عێراقیدا كە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە ئاڕاستە كراوە". ناوبراو جەخت لەوە دەكاتەوە پێشهاتەكە ئەوە دەخوازێت ئەمریكا پرۆسەی زانیاریگۆڕینەوەی خۆی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری هەموار بكاتەوە؛ ئەگەریش ئەوە سەلمێنرا كە سودانی ئاگادار بووە یان لەگەڵ بزوتنەوەی عەسائیب كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە، هەماهەنگیی هەبووە بۆ سیخوڕییەكە، ئەوە "پێویستە ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لە سودانی بگۆڕێت"[5].
بەپێچەوانەی ئەمەشەوە بزوتنەوەی عەسائیب لەئێستادا هەڵمەتێكی میدیایی لە دژی نوسینگەی سەرۆك وەزیران بەڕێوە دەبەن و پەرلەمانتارێكی ئەم حزبە (عەلی جەمالی) لە میدیای فەرمیی عەسائیبەوە باسی لەوە كردووە، گوێگرتن لە مۆبایلی بەرپرسان مەرجەعە ئایینییەكان و باڵیۆزخانەی ئێرانیشی گرتووەتەوە. ناوبراو جەختی لەوەش كردووەتەوە سیخوڕییەكە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە ئاڕاستە كراوەو درۆنیشی تێدا بەكار هاتووە[6]. بەپێی ئاماژەكانی میدیای عەسائیب بێت، ئەمینداری حزبەكە (قەیس خەزعەلی) نیگەران و قەڵسە لە سودانی، چونكە پێیانوایە ئەوان ڕێگەیان خۆش كردووە ببێتە سەرۆك وەزیران، كەچی ئێستا تیمەكانی، سیخوڕییان بەسەرەوە دەكەن!
لەماوەی چەند ڕۆژێكی كەمیشدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق "ئیلینا رۆمانۆڤسكی" جگە لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی، چاوی بە ژمارەیەك لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی كەوت (حەكیم و مالیكی و عەبادی)[7]. یەكانگیربوونی وادەی دیدارەكانیش لەگەڵ ئەم قەیرانە، دەشێت ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەم دۆسیەیەو لێكەوتەكانی ئاشكرابوونی دۆسیەی تری گەورەی گەندەڵی بێت.
دەزگای هەواڵگریی عێراق كە لە بازنەی تۆمەتباركردندایە، لە بەیاننامەیەكدا پاكانە بۆ خۆی دەكات و هەڕەشەی پەنابردنە بەر تۆماركردنی سكاڵای كردووە[8]. لایخۆیشییەوە "محەمەد شیاع سودانی" لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی "چوارچێوەی شیعی"دا "چووەتە ژێر باری لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بسەلمێنرێت کەمتەرخەم بووە"[9]. بەڵام هیچ لەمانە ئەو ڕاستییە ناگۆڕن كە ئەم دۆسیەیە كاریگەریی زۆری لەسەر پێشڕەویی سودانی و حكومەتەكەی داناوە، بە بەڵگەی تۆنی توندی بەیاننامەكانی حكومەت و حزبەكەی سودانی (تیار الفراتین) كە میدیاكان بە گەورەكردنی دۆسیەكە تۆمەتبار دەكەن؛ هەروەها هەندێك زانیاریی تایبەتیش باس لەوە دەكەن كێشەو بێنەوبڕۆی زۆر ڕوویداوە لە رادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكیی دۆسیەی تۆڕی گوێگرتنەكە (محەمەد جوحی) لەلایەن ئۆفیسی سودانییەوە[10].
هەندێك لە ڕاوێژكارەكان نایشارنەوە كە "گروپێك لە فەرمانبەرانی سەرۆك وەزیران، دەشێت گروپێكی فشاریان دروستكردبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە زیادەڕۆیی ڕوویدابێت، بەڵام بەبێ ئاگاداریی سەرەوە[11]. هەر ئەمەش بەسە ببێتە چەكێك بەدەست ركابەرەكانی سودانییەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، بەتایبەت كە گروپەكە لەناو لوتكەی هەڕەمی دەوڵەت و لە ئۆفیسی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندان.
هەراوزەنای سەرۆكی دەستپاكیی عێراق لە هەولێر
هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی دۆسیەی "سیخوڕیكردن"، ڕۆژی 4ی سێپتەمبەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، حەیدەر حەنون، لە شاری هەولێرو لە سەروبەندی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ دەستەی دەستپاكیی هەرێم، كۆمەڵێك بۆمبی میدیایی تەقاندەوە؛ بەشێك لەوانەش درێژكراوەی ئەوەیە كە پێی دەوترێت "دزیی سەدە"و بردنی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) پارەی سپاردەی باجی كۆمپانیا بیانییەكان. حەنون بەتوڕەیی و هەڵچوونی زۆرەوە باسی لەوە كرد، هەڕەشەی لەسەرەو كۆمەڵێك كەیسیشی ئاشكرا كرد لەوانە:
- نور زوهێر كە تۆمەتباری سەرەكیی "دزیی سەدە"یە، 114 چەكی بانكیی تەزویر كردووە؛ لە ڕێگەی هەر چەكێكیشەوە بڕێك پارەی "سپاردەكانی باج"ی لاداوە بۆ خۆی. دەبوو لە لێكۆڵینەوەكاندا 114 ماددەی یاسایی بۆ بكرێتەوە، كەچی لە دادگای دەستپاكی، تەنیا یەك تۆمەتی ئاڕاستە كراوە؛ ئەو 113 دۆسیەكەی تری لەلایەن دادوەری دەستپاكییەوە كە ناوی "زیا جەعفەر"ە، فەرامۆش كراوە! سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی لە كاتێكدا كە توڕەیی لێدەباری، ئەوەشی دركاند كە لە سەردەمی حكومەتی كازمیدا ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەریی و دادگای فیدراڵی هەر یەك 600 مەتر زەوییان وەرگرتووە؛ ئامانج لەمەش "بۆ كڕینی پاڵپشتییان" بووە.
- نور زوهێر 724 دۆنم زەویی لە شەتولعەرەب بردووە كە موڵكی وەزارەتی دارایین و بەهایەكی بەرزیان هەیە. ئەم زەوییانە بەناوی خوازراوەوە تۆمار كراون، پاشان كراون بە موڵكی زوهێر (دۆسیەی 2175/ ق/ 1/ 2023). سەرباری دەرچوونی فەرمانی گرتنیشی، كەچی ناوبراو لە بەسرەوە براوە بۆ بەغدا، لەوێیشەوە بزر بووە! ئێستاش لە دوبەی و لوبنان دەردەكەوێت و لە دەرەوەی عێراق دەژی.
- لە دۆسیەی ژمارە 1293ی دەستپاكیشدا "نور زوهێر" تۆمەتباری یەكەمە لە بردنی سپاردەكانی باج، كەچی چاوپۆشیی لێ كراوە. زیاتر لە 30 تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە هەن، كەچی چارەنوسی دۆسیەكان نادیارن و نازانرێت بۆ دادگەیی ناكرێن؟!
- گرێبەستێك لەگەڵ نور زوهێر كراوە بۆ ڕاكێشانی هیڵی ئاسن لە عێراق بایی 18 ملیار دۆلارە. ئەوەی گرێبەستی كردووە لەگەڵی، بەڕێوەبەرێكی گشتییە. دەستەی دەستپاكیی، ئەمەی ڕەوانەی دادگا كردووە، بەڵام لەوێش بێدەنگیی لێ كراوە[12].
لە وەڵامی ئەم دۆسیە ئاشكراكردنانەی حەنون و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا كە دیارە بەمەبەست دەرەوەی بەغدای هەڵبژارد بۆ سازكردنی (هەولێر)، راوێژكاری سیاسیی سەرۆك وەزیران، "فادی شەممەری"، دانی بەوەدا نا "هەرچەندە نور زوهێر لە دۆسیەیەکی گەورەدا تۆمەتبارە، بەڵام هێشتا بەئازادی و بەناوی کۆمپانیاو ناونیشانی جیاوازەوە بەردەوامە لە كاركردن." لەبارەی گەندەڵییەكانی پڕۆژەی هێڵی ئاسنیشەوە راوێژكارەكەی سودانی باسی لەوە كرد، ئەوە دەرفەتێکی وەبەرهێنانە بۆ گۆڕینی هێڵی ئاسنی ئێستای عێراق بۆ شەمەندەفەری خێرا. سەرۆک وەزیران لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە (2023) هەنگاوی ناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە؛ لە مانگی تەممووزی رابردووشدا فەرمانی داوە بەتەواوەتی پرۆژەکە رابگیرێت و، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شەمەندەفەرەکەش رەوانەی دادگای دەستپاکی کراوە[13].
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نزیك لە سودانی، ناوبراو هەوڵیداوە سەرۆكی دەستپاكیی پەشیمان بكاتەوە لە كۆنگرەكەی و، ڕازی نەبووە لەسەر دەركەوتنی، بەڵام سەركەوتوو نەبووە[14]. ئەوانەشی لەگەڵ سەرۆك وەزیران كار دەكەن، جەخت لەوە دەكەنەوە "كارەكەی حەنون هەڵەیەو سودانی پێی ڕازی نییە؛ نەدەبوو لە هەولێر كاری وا بكات"[15]. بەڵام پەرلەمانتارێكی دیاری عەسائیب جەخت دەكاتەوە كۆنگرەكەی حەیدەر حەنون لە هەولێر بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسیەی سیخوڕی و گوێگرتنە تەلەفۆنییەكە بووە؛ هەڵچوونەكانیش دروستكراو و بەرنامەبۆداڕێژراو و كاری هەندێك لە ڕاوێژكارانی سودانییە بۆ شاردنەوەی دۆسیە هەستیارەكەی تۆڕە سیخوڕییەكەی ناو سەرۆكایەتیی وەزیران[16].
لەبەرامبەر ئەو فشارانەش کە لەسەر حكومەتەكەی هەن، سودانی لە وتارێكی تۆماركراودا (8ی سێبتەمبەر) بەتوڕەیی جەختی لەوە كردەوە ڕكابەرەكانی چەند شتێك بەكاردەهێنن لەبەرامبەری؛ تەشویش، خۆڵلەچاوكردن، چەواشەكاریی، تۆمەتباركردن و چاوپۆشی لە گەندەڵی بەكار دەهێنن، هەوڵیدا پێش لایەنە شیعەكانیش بكەوێت بە داواكردنی هەموار لە كابینەكەی بێئەوەی بچێتە وردەكارییەوەو داوای لە پەرلەمانیش كرد، سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت.
ئەگەرو پێشهات و سیناریۆ بەردەستەكان
لە پاش گەورەبوون و دەنگدانەوەی هەردوو دۆسیەی "گوێگرتن لە پەیوەندییەكانی بەرپرسان"، ئاشكرابوونی چەند دۆسیەیەكی تری گەندەڵی، لەوانەش 18 ملیار دۆلاری هیڵی شەمەندەفەرو تێوەگلانی سیستەمی دادوەریی لە وەرگرتنی زەویی 600 مەتری، چەند ئەگەرو پێشهاتێك ڕووبەڕووی دۆخە سیاسییەكە بوونەتەوە كە دیاترینیان ئەمانەن:
1- هەرەسی سیستەمە سیاسییەكە:
بەپێی هەندێك سەرچاوە، چوارچێوەی شیعی بەكردەیی ترسی ئەوەیان هەیە كەڵەكەبوونی ئەم دۆسیانە ببێتە هۆی هەرەسی سیستەمی سیاسیی عێراق[17]، بەتایبەت كە دەركەوت جگە لە حكومەت، دەسەڵاتی دادوەرییش چوونەتە بازنەی تۆمەتەوە بە چاوپۆشی لە گەندەڵكاران و وەرگرتنی زەویی گرانبایی. لەئێستادا ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك بەدوور دەزانرێت چونكە سەرجەم لایەنە تۆمەتبارو پەیوەندیدارەكانی حوكمڕانی، ئەزمونیان هەیە لە گۆڕینەوەی بەرژەوەندی و بێدەنگیكردن لە یەكتر. ئەگەر بەر لەم قەیرانانەی ئێستاش نەگرن كە دووچاریان بووەتەوە، ئەوكات هێزی تری وەك موقتەدا سەدرو ڕەوتەكەی، هەوڵ دەدەن ببنە جێگرەوەی هێزە شیعەكانی ئێستاو هەوڵدەدەن حوكمڕانییەكی تاكڕەو لە عێراق بەرپابكەن.
2- مەرگی بنەماكانی دەوڵەتداری:
بەهۆی گەورەیی و قورسیی دۆسیەكان و بێدەنگمانەوەی لایەنە پەیوەندیدارە سەرەكییەكانەوە، بۆچونێك هەیە پێیوایە لەمە بەدوا قۆناغی "مەرگی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی نا- دەوڵەت" دەستپێدەكات[18]. لەم قۆناغە گریمانكراوەدا دەستەو گروپ و تاقمەكان، دەست بەسەر تواناكانی دەوڵەتدا دەگرن؛ بەهێزەكان لاوازەكان پەراوێز دەخەن و پێشڕەوییش بۆ ئەوانە دەبێت كە پێگەو چەك و پارەیان زیاترە. ئەم سیناریۆیەش زیاتر لە ئەزمونی لیبیاو سوریاو لوبنان دەچێت و تێیدا دەوڵەت لە پرۆژەیەكی كۆكەرەوەی ناوەندییەوە، دەبێتە چەند جەمسەرێكی كاریگەری ڕكابەر كە دەوڵەت و بەڕێوەبردن لە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی بەتاڵ دەكەنەوە. ئەم ئەگەرە بۆ تەقینەوەی جەماوەری یان قۆستنەوەی لەلایەن هێزی ڕكابەرەوە مەترسیدارە؛ لەمەشدا چاوەكان و ئاماژەكان هەر لەسەر ڕەوتی سەدرن.
3- گۆڕانی هاوكێشەی هێز لەنێوان سودانی و مالیكی
دوو سەرەكیترین ڕكابەری نێو چوارچێوەی شیعیی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و باڵە جیابووەوەكەی حزبی دەعوەن كە ڕەوتەكەی سودانییە، چونكە هەردووكیان بنكەیان هاوبەشەو دەنگدەرەكانیان خەڵكی ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتن. لەپاش كەڵەكەبوونی قەیرانەكانی ئەم دواییەش عەسائیب لە سودانی كەوتوونەتە تەقەو پشتیوانیی جارانی ناكەن و بگرە هەڵمەتیشی دەكەنە سەر. لە سایەی ئەم دۆخەشدا ئەگەری زاڵ ئەوەیە، گروپی مالیكی و ڕكابەرەكانی تری سودانی ئەم دەرفەتانە بقۆزنەوە بۆ لاوازكردنی ناوبراو و سەپاندنی كۆتوبەندی زیاتر بەسەریدا، بەتایبەت پاش ئاشكرابوونی تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای ئەمنی لە عەشیرەتی سودانی لە دۆسیەی "گوێگرتنی مۆبایل". ئەمەش بەڕوونی لە هەندێك لێدوانی بەرپرسانی هاوپەیمانییەكەی مالیكیدا ئاماژەی پێكراوە كە حكومەتی ئێستا شكستخواردووە[19]؛ هەمان شتیش لە گوتاری فەرمیی عەسائیبدا هەیە.
4- ئاوابوونی خۆری سودانی:
لە چەند مانگی رابردوودا ئەستێرەگەشەی ئاسمانی سیاسی لە عێراق كەسایەتیی سەرۆك وەزیران و پرۆژە ئاواكارییەكانی بوو لە بەغدای پایتەخت (پردو شاری نیشتەجێبوون و میترۆ و هتد)[20]، بەڵام لەپاش كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و تەقینەوەی لە فەزای میدیاییدا، باوەڕی زاڵ ئەوەیە كە سودانی باجی گەورەی قەیرانەكان بدات و لانی كەم بێبەش بێت لە ویلایەتی دووەم. لەئێستایشدا چارەنوسی سودانی پرسیاری سەرەكی و گەورەی قۆناغەكەیە، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەوەش ئاشكرا بووە كە جگە لە مالیكی، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیب، دژایەتیی دەكات. هۆكاری ئەمەش دۆسیەی سیخوڕیكردنەكەیە، چونكە عەسائیب پێیانوایە بە ئاگاداریی سودانی خۆی بووەو درۆنی ئەمریكاش تێیدا بەشدار بووە[21]؛ بەڵام ڕاوێژكارەكانی سودانی جەخت لەوە دەكەنەوە مەسەلەكە "خراپ لەیەكگەیشتنەو دەڕەوێتەوە”[22]. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك دۆسیەی تر هەن، دەكرێت ببنە هۆی لاوازكردنی سودانی، لەوانەش: دابەزینی نرخی نەوتی عێراق بۆ خوار 70 دۆلار/ بەرمیل؛ لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەمەشدا شارەزایانی ئابوری پێیانوایە لە ماوەی دوو مانگدا دواكەوتنی موچەی بەدوادا دێت (مانگانە 7.5 ترلیۆن دیناری پێوستە) چونكە هەناردە كەمبووەتەوە بۆ ڕۆژانەی 3.3 ملیۆن بەرمیل و لە داهاتەكەشی (9 ترلیۆن دینار) موچەو كرێی كۆمپانیاكان و پارەی كۆبوونی خۆراك دابین دەكرێت و، ئەو بڕە پارەیە بەشی ئەمانە ناكات[23].
5- گەڕانەوەی خۆپیشاندانەكانی تشرین
پێنجەم ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەری و گەنجانەكانی تشرینی لەسەر دەرگایە كە داوای گۆڕینی سیستەمی دەكردو كوژراو و برینداری زۆری لێكەوتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك هۆشداری باس لەوە دەكەن سەرهەڵدانی "دووەم تشرین" لە 2024دا ئەگەری زۆرە؛ ئەمەش دەدەنە پاڵ زانیاریی هەواڵگری و راپۆرتی ئەمنیی[24]. ئەوەشی پشتیوانی ئەم ئەگەرەیە، دەركەوتنی ئەم دۆسیانەی گەندەڵی و، هەروەها هەڕەشەی گەنجان و بێكارەكانی شاری بەسرەیە كە تشرین دووبارە دەكەنەوە[25].
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغدا، گرژی و برینداربوون و پەلاماردانی تێكەوت [26]؛ ئەمەش لە تشرینی 2019 دەچوو. ئەوانەی باس لە سیناریۆی تشرینێكی تر دەكەن كە سیستەمی سیاسیی هێنایە لەرزە، باس لەوەش دەكەن وڵاتانێك پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكەن و لەئێستاوە كۆمەكی پەیج و چالاكییەكانیان دەكەن[27]. نوێنەرانی كۆمەڵێك چالاكی مەدەنیش لای خۆیانەوە سەرقاڵی تاوتوێكردنی چۆنێتیی زیندووكردنەوەی ساڵیادەكەن، كە دەشێت بە خۆپیشاندان و مانگرتن بێت[28]، بەڵام لایەنی حكومی پێیوایە ئەم هۆشدارییانە زیاتر بۆ ترساندن و گەورەكردنی میدیاییە، ئەگەرنا هیچ مەترسییەكی گەڕانەوەی تشرین لە گۆڕێ نییەو زەمینەكەی لەبار نییە[29]. لە حاڵەتی گەڕانەوەی تشرینیشدا زەقترین یادەوەریی جگە لە كوشتن و بڕین، كەوتنی حكومەتی عەبدولمەهدی بوو لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و، ئەمەش ئەگەرێكە لە بەردەم حكومەتی سودانی.
6- كپكردنەوەی گرژییەكان بەشێوەی كاتیی
ئەم سیناریۆیە كە زیاتر ڕێتێچووە، هێوركردنەوەی گرژییەكانی چەند هەفتەی ڕابردووە تا ئەو كاتەی شێوازی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2025 ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر هاتو لەناو چوارچێوەی شیعی وادەكەی پێشنەخرێت. لەم دۆخی هێوركردنەوەیەدا ئەگەر سودانی لەژێر باڵی چوارچێوەی شیعیدا بمێنێت و ڕازی بێت وەك ژمارەیەكی مامناوەند لە ڕیزی هێزە شیعەكاندا درێژە بە كاری سیاسی بدات و لەئێستاوە لەسەر ویلایەتی دووەم پێداگر نەبێت، ئەو فشارو هەڕەشانەی ئێستای لەسەر نامێنێت، بەڵام ئەگەر پشتئەستور بە پێگەو دەستكەوتەكانی، بیەوێت ڕكابەریی مالیكی بكات یان عەسائیب لە دژی بەردەوام بن، ئەوكات دۆخی سیاسیی شیعی دەكەوێتە بەردەم كێبركێ و ململانێیەكی نوێی توندەوە كە جەمسەرە سەرەكییەكانی، مالیكی و سودانی لەلایەك و هێزە چەكدارەكانی شیعە لەلاكەی ترو سەدریش لە دەرەوەی ئەم بازنەیەوە دەبێت.
ئەوەشی سیناریۆی هێوركردنەوەی كاتیی بەهێزتر دەكات، هاتنەسەرخەتی زیاتر لە لایەنێكە بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەی گرژی و پێكدادانەكانی ئەمدوایییە، لەوانەش: سەرۆكایەتیی كۆمارو سەركردایەتیی باڵای چوارچێوەی شیعی و دەسەڵاتی دادوەریی؛ ئەمەی كۆتایی (دادوەریی) لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە جەختی كردەوە لەوەی زۆر لەو شتانەی لەبارەی سیخوڕیكردنەكەوە دەگوترێن، زیاتر شرۆڤەو لێكدانەوەن و لە زانیاریی وردەوە سەرچاوە ناگرن[30].
لە چەند ڕۆژی ڕابرووشدا بەریەككەوتنە میدیاییەكان لەنێو ماڵی شیعیدا هێورتر بوونەتەوەو، باڵیۆزی ئێرانیش لە عێراق لە میدیا ناوخۆیییەكاندا جەخت لە پاراستنی ئۆقرەیی دەكاتەوەو نەیشاردەوە ئەوان تەنانەت هاوكار بوون بۆ ئەوەی گروپە چەكدارەكانی عێراق و ئەمریكاش بچنە دۆخی ئاگربەست؛ ئەمەش لە بەرژەوەندیی حكومەتی سودانییە لە سایەی جەنگی غەززەدا[31].
كۆبەند
سەركردایەتی و ڕێبەرایەتیی حكومی و سیاسیی سودانی و مانەوەی بۆ خولی ئایندە، لەبەردەم تاقیكردنەوەی قورسدایە؛ كۆی كابینەكەشی لەبەردەم ئالنگاری و ئەگەری جۆراوجۆردان. جیاواز لە هەڵكشانی بەرچاوی سەرۆك وەزیرانیش لە چەند مانگی رابردوودا لە دۆسیەكانی ئاواكاری و بنیاتنان و سەردانی وڵاتان، شانسی بەرەو داكشانی بەرچاو چووەو قەیرانە گەورەكان خستوویانەتە بەردەم كۆمەڵێك ئەگەرو پێشهات كە هەندێكیان سەختن. جگە لە دۆسیە ئابڕووبەرەكانی گەندەڵی و ئاڵۆزبوونی قەیرانەكانی سیخوڕیكردنیش، حكومەت لەژێر هەڕەشەی پاشەكشەی نرخی نەوتدایە. سەرجەم ئەمانەش لێكەوتەیان لەسەر نەخشەی سیاسیی قۆناغی داهاتووی عێراق دەبێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كە ئێستا سەرچاوەی داهاتەكەی لە بەغدایەو خۆشی لە دابەشبوون و كێبركێی سەختی قۆناغی پێش هەڵبژاردندایە. بۆ تێگەیشتن و ئایندەبینیی قۆناغەكە، پێویستە لایەنە كوردییەكان شەڕی ناوخۆی هەڵبژاردن، سەرقاڵیان نەكات لە بەدواداچوون و چاودێریی بەردەوامی پەرەسەندنی ڕەوش لە بەغدا.
سەرچاوە و پەراوێزەكان:
[20] بڕوانە: https://penus.krd/?p=3905
ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە