"هەناردەكردنەوە پێویستی بە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان هەیە"

Draw Media

2024-09-06 14:52:56



(درەو):
"ئامادەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەگەر رێككەوتنێك هەبێت تێچووی هەناردەكردن دیاری بكات، ئەمەش پێویستی بە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان هەیە" وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازی كوردستان وا دەڵێ، واتا ئەو كۆمپانیا بیانییانەی كە لە كەرتی نەوتی هەرێمدا كاردەكەن. 
مایڵز کاگینز وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" وتی:" حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا تورکیا رایگەیاندووە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیەو لەهەمانکاتدا حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە، ئەپیکۆریش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
" کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن لەکاتێکدا ڕێککەوتنێک هەبێت کە تێچووی هەناردەی پێشوو، ئێستاو داهاتووش دەستەبەر بکات، پارەپێدانەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت، هەروەها ڕەچاوەی مەرجە بازرگانییەکانیشی تێدا بکرێت، بێگومان بوونی ڕێککەوتنێکی لەم جۆرەش پێویستی بە دەستکارییکردنی گرێبەستەکان هەیە" وتەبێژی ئەپیكور وای بە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا وتووە.
لەبارەی زیانە داراییەکان لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوت، وتەبێژی ئەپیکۆر باسلەوە دەكات، زیانەکان مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بەر حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و عێراقیش دەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە ١٩ ملیار دۆلار".
مایڵز کاگینز پێیوایە:" دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانی زیاد بکات، بەهەمانشێوە پەرە بە ئابوری خۆی بدات، بۆیە چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین لە بەغدا بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand