پەیوەندی عێراق و ئێران لەسەردەمی پزیشكیاندا
2024-09-11 16:55:14
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
پزیشكیان بەرلەوەی بگاتە هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە بە زمانی كوردی پەیامێكی دۆستانەی نارد، ئەو دەچێتە هەولێرو بە سلێمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ تاران، پارتی و یەكێتیی لەسەروبەندی هەڵبژارندان، هەردووكیان چاویان لە رۆڵ و كاریگەریی ئێرانە لەسەر هەڵبژاردن و دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو. هێڵی ئاسنی شەلامچە- بەسرە، پارە گلدراوەكانی ئێران لە عێراق و كەیسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەوەری سەرەكی سەردانی سەرۆكی ئێران دەبن بۆ عێراق و هەرێم، پەیوەندی ئێران و عێراق لەسەردەمی مەسعود پزیشكیان لەم راپۆرتەدا.
پزیشكیان لەسەر رێبازەكەی رەئیسی!
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە بەغداد، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە لە پۆستی سەرۆكایەتیی، یەكەمجارە سەردانی دەرەوەی وڵات دەكات. ئەوەی عێراقی وەكو یەكەم وێستگەی سەردانەكانی بۆ دەرەوەی هەڵبژاردووە، چەند خوێندنەوەیەكی جیاوازی بۆ دەكرێت، یەكێك لە خوێندنەوەكان درێژەدانە بە سیاسەتەكانی سەرۆكی كۆچكردوو ئیبراهیم رەئیسی، چونكە بەر لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی (19ی ئایاری 2004)، رەئیسی بەنیازبوو سەردانی عێراق بكات و بۆ یەكەمجاریش بچێتە هەولێر.
سەرباری ئەوەی پزیشكیان سەربە رەوتی ریفۆرمخوازانی ئێرانەوە، بەڵام پێدەچێت سیاسەتە دەرەكییەكانی جیاواز بێت لە حەسەن رۆحانی سەرۆكی پێشتر، كە ئەویش بە هەمان شێوە لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە پشتیوانی دەكرا (2013- 2021)، حكومەتی رۆحانی لە پەیوەندییە دەرەكییەكانیدا ئەولەویەتی دابوو بە پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا، بەدیاریكراویش ئەوروپا، ئەمەش لەسەر حسابی پەیوەندییە ناوچەییەكانی ئێران، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
لەبەرامبەردا، سەرۆكی كۆچكردووە ئیبراهیم رەئیسی كە سەربە رەوتی پارێزگاران بوو (2021- 2024) ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی بەرەو وڵاتانی دراوسێ بوو، لەمەشدا توانی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ سعودیە ئاسایی بكاتەوەو لەگەڵ وڵاتانی تری كەنداوی عەرەبی و ئوردن پەیوەندییەكانی بەهێز بكات، لەگەڵ عێراقیش پەیوەندییەكانی فراوانتر بكات، ئەمەش لەكاتێكدا بوو پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا ئاڵۆزبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە دەبینی.
پزیشكیان لەوەدا كە عێراقی وەكو یەكەم وێستگەی سەردانی خۆی بۆ دەرەوە هەڵبژاردووە، دەیەوێت بچێتەوە سەر رێبازی سیاسەتە دەرەكییەكانی سەرۆكی كۆچكردوو ئیبراهیم رەئیسی، واتا دەیەوێت زیاتر روو لە وڵاتانی ناوچەكە بكات، ئەمەش لە سەروەختێكدا كە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و تاران رووبەڕووی شەپۆلێك سزای تر دەبێتەوە. لەم كاتەدا ناوچەكەو عێراق بایەخێكی ستراتیژی گەورەتر بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دروست دەكەن، بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە هەژمون و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی تاران.
هەروەك نابێ ئەوەش نادیدە بگیرێت كە عێراق دەرگای ئێرانە بەڕووی وڵاتانی عەرەبیداو ئەم ساڵانەی دوایی رۆڵی گەورەی بینیوە لە بەهێزكردنی دیالۆگی عەرەبی- ئێرانیدا، بەتایبەتیش دیالۆگی نێوان تاران و ریاز لە ساڵانی 2021 بۆ 2022، كە بەغداد میوانداری پێنج گەڕی دانوستانی نهێنی لەنێوان هەردوو وڵات كردو ئەمە هۆكار بوو بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە یەمەن بە نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكان و، دواتریش ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئێران و سعودیە لە ساڵی 2023 بە نێوەندگیری چین.
هەروەك عێراق رۆڵی هەبووە لە گفتوگۆی نێوان ئێران و ئوردن و لە بەغداد، میوانداری سێ گەڕی دانوستانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە لەماوەی ساڵانی 2020 بۆ 2022، لەپاڵ ئەمەدا بەغداد پلانی هەبووە بۆ لێكنزیككردنەوەی ئێران و میسرو توانیویەتی هەردوو وڵات تا ئاستی گۆڕینەوەی نامە لەگەڵ یەكتر نزیك بكاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە بیانگەیەنێتە قۆناغی دانیشتنی رووبەڕوو، هەوڵەكانی بەغداد دوای دەستبەكاربوونی سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران (ئۆكتۆبەری 2022) راوەستاوە، سایتی (ئەمواج میدیا)ی ئێرانی بەمدواییە لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوەكرد، كۆتایی مانگی رابردوو لە سەردانەكەیدا بۆ میسر، سودانی باسی لە دەستپێكردانەوەی دانوستانەكانی قاهیرەو تاران كردووەو میسرییەكان وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە، بۆیە بەدور نازانرێت پزیشكیان لەگەڵ سودانیدا باسی لە دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئێران لەگەڵ میسرو ئوردندا كردبێت.
پەیوەندییەكانی عێراق و ئێران
وەكو دراوسێیەك، عێراق لە چەندین بواری وەكو ئابوری و ئەمنیدا، بایەخی ستراتیژی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بەگشتی وەكو میدیاكانی ئێران باسی دەكەن، پزیشكیان بۆ چوار تەوەری سەرەكیی سەردانی عێراقی كردووە كە ئەمانەن:
هێڵی ئاسنی بەسرە- شەلامچە
پزیشكیان ئەمڕۆ كاتێك گەیشتە بەغداد، داوای ئەوەی كرد هاوشێوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا سنور لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا هەڵبگیرێت.
ئەوەی پەیوەندی بە سنورەوە هەیە، پرۆژەی هێڵی ئاسنی (بەسرە- شەلامچە)یە، كە پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئێرانەو لە ساڵی 2003وە لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بووە بە ئەولەویەت. سەرباری ئەوەی لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا زۆرینەی ئەو حكومەتانەی لە عێراق دەستبەكاربوون هاوپەیمانی تاران بوون، بەڵام هیچ یەكێك لەو حكومەتانە پشتیوانییان لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە ستراتیژییەی ئێران نەكردووە.
پرۆژەی هێڵی ئاسنەكە لەسەردەمی حكومەتی مستەفا كازمی (2020-2022) بایەخێكی جددی پێ درا، تا ئەو رادەی هەردوو وڵات رێككەوتنێكیان ئیمزاكردو پلانی كردەییان دانا بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، بەڵام بە لادانی كازمی پرۆژەكەش راوەستاو تائێستا كاری تێدا نەكراوە، سەرچاوەكان لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە باسلەوە دەكەن "حكومەتی سودانی تەنیا وەكو هێڵێك بۆ گواستنەوەی سەرنشین تەماشای هێڵی ئاسنی شەلامچە- بەسرە دەكات"، ئەمە ئەگەر راست بێت، پرۆژە ستراتیژییەكەی ئێران لە بایەخە ئابوری و بازرگانییەكەی دادەماڵێت و وا دەكات هەرگیز نەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەی.
بۆیە پێشبینی دەكرێت یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆی پزیشكیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بابەتی تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە بووبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا نیسانی 2023 هەردوو وڵات رێككەوتنیان كرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەوڵەكانی پرۆژەی بەستنەوەی شاری شەلامچەی ئێران بە شاری بەسرەی عێراقەوەو لەبری ئەمە حكومەتی سودانی ئەمساڵ پرۆژەی دروستكردنی "هێڵی گەشە"ی ئیمزا كردووە كە پرۆژەیەكی هێڵی شەمەندەفەرو بۆری نەوت و غازەو لەرێگەی عێراق و توركیاوە، ئەوروپا بە وڵاتانی كەنداوی عەرەبییەوە دەبەستێتەوە.
سەردانكردنی بەسرە، یەكێك لە وێستگەكانی هاتنی سەرۆكی ئێران بۆ عێراق، دەیەوێت لە بەسرە ژمارەیەك لەو پرۆژانە ببینێت كە كۆمپانیا ئێرانییەكان جێبەجێی دەكەن.
پارەی هەناردەی ئێران!
یەكێكی تر لەو بابەتە گرنگانەی كە پێشبینی كراوە لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق، سەرۆكی ئێران باس و گفتوگۆی لەبارەوە كردبێت، باشكردنی دۆخی دەستڕاگەیشتنی ئێرانە بە پارەی داهاتی هەناردەی خۆی بۆ عێراق، كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە كێشەی بۆ دروستبووەو عێراق ماوەیەكی دورو درێژە ناتوانێت بەشێوەی راستەوخۆ پارەی هاوردەكردنی كارەباو غاز بە ئێران بدات.
لەسەردەمی حكومەتی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقدا پلانێك دانرا بۆ دۆزینەوەی رێگای جێگرەوە بەمەبەستی خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكاو گەڕاندنەوەی پارەكانی ئێران، ناوەڕاستی 2022 باس لەوە كرا عێراق قەرزەكانی بە ئێران داوەتەوەو تەنانەت هاوكار بووە بۆ پاكتاوكردنی بڕی نزیكەی (800 ملیۆن) یۆر قەرزی ئێران بۆ توركمانستان، سەرباری ئەمە دەوترا عێراق بڕی نزیكەی (1 ملیارو 200 ملیۆن) دۆلاری پارەی ئێرانی لە بانكی بازرگانی عێراق بەكارهێناوە بۆ كڕینی كاڵا بۆ ئێران، بەڵام ئەم پرۆسەی خۆدەربازكردنە لە سزاكانی ئەمریكا لەگەڵ دەستبەكاربوونی سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راوەستا، بەمەش سەرلەنوێ قەرزەكانی ئێران لەسەر عێراق كەڵەكە بووەوە، پێشبینی دەكرێت پزیشكیان ئەم پرسەی لەگەڵ سودانی كردبێتەوە.
هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان
تەوەرێكی تری جێ بایەخی ئێران لە دۆخی ئەمڕۆی عێراقدا، پرسی چارەسەركردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان. بەر لە سەردانەكەی پزیشكیان بۆ عێراق، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیی دەستیانكرد بە گواستنەوەی كوردەكانی رۆژهەڵات لە كەمپی (زڕگوێز)ەوە بۆ كەمپی نوێی (سورداش).
19ی ئازاری 2023، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدادی كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرا "كۆنوسی ئەمنیی"، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە پاككردنەوەی سنوری هەرێمی كوردستانو ئێران بوو لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی تری رێككەوتنەكە جەخت لەسەر چەككردنو گواستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو لەناو هەرێمی كوردستان بۆ ناو چەند كەمپێكی نوێ.
پارتی و یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرە ئەمنییەكانی خۆیانەوە (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم) هەرزوو پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان تاران و بەغداد نیشاندا.
لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، هێزی پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵات سەرەتا لە ناوچە سنورییەكان دورخرانەوە، دواترو بەمدواییانە دەست بە كۆنترۆڵكردنی كەمپەكانیان كرا.
(كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران- كۆمەڵەی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لە كەمپەكانی (زڕگوێز- بانەگەورە- زڕگوێزەڵان) لە نزیك سلێمانی جێگیربوون، گواسترانەوە بۆ كەمپی نوێی (سورداش).
بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان ئێرانیش كە پێشتر لە قەڵای كۆیە جێگیربوون، بە جۆرێكی تر رێككەوتنە ئەمنییەكەیان لەسەر جێبەجێ كراوە، (درەو) زانیویەتی، بەرپرسانی حزبی دیموكرات لەگەڵ (قاسم ئەعرەجی) راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی كردووە لەسەر ئەوەی خانەوادەكانیان لە كۆیە، لە شوێنی خۆیان و لە ناوچەكانی (ئازادی و ئامریە)و چەند شوێنێكی تر بمێننەوە، بۆیە ئەم شوێنانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتییەوە پەرژیزنیان بۆ كراوەو بوون بە كەمپ بۆ خانەوادەكانی دیموكرات.
سەرباری ئەوەی ئیدارەی كەیسی حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر لای دەزگای هەواڵگری كۆماری ئیسلامی (ئیتلاعات)ە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدادو هەولێر، پزیشكیان جەخت لەسەر ئەوە بكات پرسی چەكداماڵینی هێزەكانی رۆژهەڵات گشتگیرو بەردەوامی پێبدرێت، بەجۆرێك حزبەكانی رۆژهەڵات لە داهاتوودا هیچ مەترسییەك بۆسەر ئەمنیەتی ئێران دروست نەكەن.
محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، پێشتر لەبارەی بەرەوپێشچوونی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق باسی لەوەكرد" ئێمە وەكو ئێران كوردە جوداخوازەكانمان سەرپشك كردووە لەوەی بگوازنەوە بۆ ئۆردوگاكانی پەنابەران و چیتر كردەوەی تیرۆرستیی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئەنجام نەدەن، ئەوانەشیان كە دەستیان بە خوێن سور نەبووە، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئێران، هەندێكی تریشیان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بۆ وڵاتانی تر كۆچ بكەن و ئێمە پشتیوانیان دەكەین بۆ ئەوەی لە عێراق بچنە دەرەوە".
دوو رۆژ بەر لە هاتنی پزیشكیان بۆ عێراق، میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كرد (بیهزاد خوسرەوی) ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییەوە رادەستی كۆماری ئیسلامی كراوەتەوە، بەڵام دواتر خوسرەوی ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند ئەو خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، بەرپرسانی حزبی دیموكرات هێشتا ئەم قسەیە رەتدەكەنەوەو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بە رادەستكردنەوەی ئەندامەكەیان.
فشاری ئێران بۆ چەككردن و سەرلەنوێ كەمپنشینكردنەوەی حزبەكانی رۆژهەڵات ساڵی 2022 دەستی پێكردەوە، ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە بێ پێشینەی كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە، ئەوكات بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی هەرێمی كوردستانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی رێگە بە دزەكردنی چەك دەدات بۆ شارەكانی ئێران و بەوتەی ئەوان ئەو چەكانە لەلایەن خەڵكانی خۆپیشاندەرەوە دژی هێزە ئەمنییەكان بەكارهێنراوە، حكومەتی هەرێم ئەم تۆمەتانەی رەتكردەوە، بەڵام ئێران گوێی نەگرت و دەستی كردەوە بە هێرشی موشەكیی و درۆن بۆسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە كۆیەو زڕگوێز. بەرەنجامی فشارە سەربازی و دیپلۆماسییەكانی ئێران، ئیمزاكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەی ئازاری 2023 بوو.
قەبارەی ئابوری و 14 یاداشتی لێكتێگەیشتن
قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران ساڵانە دەگاتە نزیكەی (10 ملیار) دۆلار. سەرباری بایەخی گەورەی پرسی (هێڵی ئاسنی شەلامچە- بەسرە)و (پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عێراق)و (كەیسی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان)، پزیشكیان لەم سەردانەیدا 14 یاداشتی هاریكاری لەگەڵ عێراق ئیمزا كرد كە ئەمانەن:
• یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری هاوكاری راهێنان.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری وەرزش و لاوان
• یاداشتی لێكتتێگەیشتن لە بواری ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و هونەرو كەلەپور.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری هاوكاری پەروەردەیی.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری میدیایی
• یاداشتی تێگەیشتن لە بواری پەیوەندییەكان.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لەبواری گروپە گەشتیارییە ئاینییەكاندا.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری هاوكاریكردنی یەكتر لەناوچەی ئازادی عێراق و ئێراندا.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتییەكان.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری پۆستە.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری چاودێری كۆمەڵایەتیی.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری راهێنانی پیشەیی و تەكنیكی.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری پەرەپێدانی هێزی كاری لێهاتوو.
• یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری چالاكی ژورە بازرگانییەكان.
پزیشكیان لە كوردستان
پزیشكیان دوای سەردانكردنی نەجەف و كەربەلا كە دوو شاری پیرۆزی شیعەكانن و مەزارگە ئاینییەكانیاندا تێدایە، دەچێتە بەسرەو لەوێشەوە بۆ هەولێر، دوای هەولێر دەچێتە سلێمانی و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ تاران و كۆتایی بە سەردانەكەی دەهێنێت.
پزیشكیان كە دایكی كوردەو لە شاری مهاباد لەدایكبووە، زمانی كوردی بە باشی دەزانێت و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سودی لێ بینی بۆ راكێشانی دەنگی خەڵك لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمڕۆ هەر لە بەغدادو بەر لەوەی بگاتە هەولێر بە كوردی قسەی كردو پەیامی دۆستایەتی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، رەنگە ئەمە زیاتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان باش بێت، چونكە پەیوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە ئیدارە دەدرێت و سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی بەسەردا نییە.
سەرەتای ئایاری ئەمساڵ لەكاتێكدا كە پارتی و یەكێتیی لە ناكۆكی قوڵدا بوون سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم (هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە) كە ماوەی سێ ساڵ بوو سەردانی كۆماری ئیسلامی نەكردبوو، خۆی گەیاندە تاران.
ئەمە وەكو سەرەتای قۆناغێكی نوێی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و ئێران لێكدرایەوە، لەدوای ئەم سەردانەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە فەرمی دانی نا بە دادگای باڵای فیدراڵی عێراقداو سكاڵایەكی بۆ بەرزكردەوە، لەسەر بنەمای سكاڵاكە، دادگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست (ئەوكات ئەمە داواكاری سەرەكی پارتی بوو)، هەر لەو رۆژانەدا لەسەر داخوازی پارتی، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بە بڕیارێك 5 كورسی "كۆتا"ی بۆ پێكهاتەكان گەڕاندەوە (پێشتر دادگای فیدراڵی 11 كورسی كۆتای پێكهاتەكانی هەڵوەشاندبووەوە) ئەمەش داواكارییەكی تری پارتی بوو.
تائێستا وردەكاری رێككەوتنی پارتی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئێرانییەكان ئاشكرا نەكراوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی دوو هەفتە دوای سەردانەكەی ئەو بۆ تاران، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران هێلیكۆپتەرەكەی كەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستدا، ئەم كەیسە ئێرانییەكانی بە دۆخی ناوخۆو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێوە سەرقاڵ كرد.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی پارتی لە كۆماری ئیسلامی ئەوە بووە كە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا (بڕیارە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت) ئێران بێلایەنی خۆی بپارێزێت.
پارتی ترسی هەیە ئەم هەڵبژاردنە، ئێران دەستوەردانی گەورە بكات لەبەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی، بەجۆرێك دەرەنجامی هەڵبژاردن هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی دوو ئیدارەیی.
لەبەرامبەردا ئێرانییەكان چاویان لەوەیە، پارتی و ئیدارەی هەولێر هاوشێوەی ئیدارەی سلێمانی بەڕووی كۆماری ئیسلامیدا بكرێتەوە، بەتایبەتی لەڕووی ئابوریی و ئەمنییەوە، ئەمەش لەناوچەیەكدا كە هاوسنورە لەگەڵ سوریاو، توركیاو تەنانەت ئەمریكاش هەژمونی گەورەیان تێدا هەیە.
لەبەرامبەردا، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە لەدوای هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی پەرلەمانی عێراقەوە زیاتر شكاوەتەوە بەلای بەرە هاوپەیمانەكەی ئێراندا لە عێراق، لەسەرو بەندی هەڵبژاردنی كوردستاندا چاوی لەوەیە بەروبومی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بچنێتەوە، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنی ئەمجارە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و كۆمسیۆنەكە لەژێر هەژمونی لایەنە هاوپەیمانەكانی ئێراندایە لە بەغداد.
رۆژی 27ی ئەیلولی 2023، وەفدێكی ئێران كە بۆ بەشداری لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی سەردانی سلێمانیان كردبوو، چونە (زڕگوێز)و بەناو كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵاتدا سوڕانەوەو وێنەیان گرت، وەفدەكە دوو كەس بوون، یەكێكیان (حەسەن دانایی فەڕ)و ئەوی تر (ئاغای مسگریان) بوو، كە دوو فەرماندەن لە سوپای قودس، ئەمە نیشاندەری ئاستی هەماهەنگیی نوێی ئەمنیی یەكێتیی بوو لەگەڵ ئێرانییەكان.
وەكو هەریەكە لە كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیی و بەمدواییەش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە گێڕانەوەی یادوەرییەكانی خۆیاندا ئاماژەیان بۆ كردووە، لەدوای كشانەوەی هێزەكانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991وە، ئێرانییەكان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە هەموو شەڕو ئاشتییەكدا لە هەرێمی كوردستان، بۆیە پێشبینی كراوە چارەنوسی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی هەرێم، بەر لە ئەنكەرە، ئەمجارە بە تاراندا تێپەڕ ببێت.