مەلا بەختیار: چ بکەرێکی سیاسییە؟

Draw Media

2024-09-08 08:03:30



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


نە مەلا بەختیار و نە ھیچ سیاسییەکی دەسەڵاتداری دونیای دوای ڕاپەرین، قابیلی بەرگریلێکردن نین. ئەو نوخبە سیاسییەی لە دوای ڕاپەرینەوە کاروباری وڵاتەکەی کەوتۆتەدەست، کە مەلا بەختیار یەکێکیانە، بەرپرسن لە کۆی ئەو دۆخە نەخواستراو و ناھەموارەی لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە، بەرپرسن لە دروستبوونی ئەو واقیعە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگییە ناھەموار و ترسناکەی، ئەمڕۆکە لە ھەرێمەکەدا سەروەرە. ئەوان بە دەستەجەمعی ئەو نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەن کە بەرپرسن لە شەڕی ناوخۆ، لە دروستبوونی دوو زۆنی سیاسیی ناکۆک بەیەک، لە جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی ناعەقڵانیی، لە بەحیزبیکردنی ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا، بەرپرسن لەو گەندەڵیی و جەردەییە سیستماتیکیەی شوناسی ئەزموونە سیاسییەکەیە، لە بەرھەمھێنانی ئەو بێمتمانییە گەورەیەش کە کۆمەڵگاکەی توشی نامموێدییەکی گەورە و ھەمەلایەنکردوە، بەرپرسن لە تەزویرکردنی ھەڵبژاردنەکان و لە بونیادنانی پەیوەندیی ئیقلیمی ناھاوسەنگ و نانیشتیمانیانەی بە کردەوە ھەرێمەکەی گۆڕیوە بۆ ویلایەتێک لە ویلاتەیەکانی دەوڵەتە دراوسێکان. بەرپرسن لە دروستبوونی گەڕەکی فیرعەونی و دروستبوونی ملیاردلێر و ملیۆنێرە حیزبییە دەسەڵاتدارە بێئیش و بێھونەر و بێھیچ توانایەک، ھتد... ھاوکات ئەم پیاوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی بووە.  لەم پێگەیەشدا بەرپرسە لە سەرجەمی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی خۆیشی، کە لەسەردەمی مام جەلالدا گۆڕابوو بۆ ھێزێک بە ”سوڵتانێکی بێسوڵتانیزم“ەوە و لە دوای خۆیشییەوە، لەسەر مۆدێلی پارتی، گۆڕاوە بۆ پارتێکی خێزانیی و بنەماڵەیی. ھەموو سەرکردایەتی یەکێتی، لە پێش ھەمووانیشەوە مەلا بەختیار، بەرپرسە لەم بەپارتیبوونە ترسناکەی یەکێتی. ھاوکات مەلا بەختیار بەشێکبووە لە دۆخی باڵباڵێنە سیاسییە شەخسییەکانی ناو یەکێتیی و بەشداربووە لە گەیاندنی دۆخی یەکێتیدا، بەمڕۆکەی.

لەمەش بترازێت مەلا بەختیار یەکێک لەو سیاسییانەی ناو یەکێتی نیشتیمانی بوو، کە بەناوی فیکرەوە، بەگژ ئەو نەوە نووسەر و رۆشنبیرە گەنجەدا دەچووەوە کە لە ساڵانی نەوەد دا ڕەخنەیان لەو مۆدێلە لە حوکمڕانیی و ئەو مۆدێلە حیزبایەتیی دەگرت کە لە دوای ڕاپەڕینەوە دروستبوو، ھەروەھا ڕەخنەیان لە شێوازە لە پەیوەندیی دەگرت کە حیزبی بە دەزگاکانی حوکمڕانیی و بە کۆمەڵگای مەدەنیی و بە میدیا و بە ئابوریی وڵاتەکەوە، گرێئەدات. مەلا بەختیار زۆر کۆمیدیانە ئەم دیدگا رەخنەیەی بە ”پۆست مۆدێرن“ ناودەبرد و خۆی وەک فەیلەسوفی ”ئەزموونی دیموکراسیانەی خۆماڵی“، نمایشدەکرد. لەم کارەشیدا تا ئەو شوێنە دەڕۆیشت کە نەک تەنھا سەرجەمی دەزگا رۆشنبیرییەکانی یەکێتی و نووسەرەکانی ناو حیزب و نزیک لە حیزب بە گژ ئەو کۆمەڵە نووسەر و رۆشنبیرە تازەیەدا بکاتەوە، بەڵکو ھەندێک لە نووسەرانی کوردستانی ئێرانیش خەڵاتدەکرد و ھانئەدا، دژ بەو نووسەرانە بنووسن.

لە سەرێکی دیکەوە ئەوەمان لەیادنەچێت کە مەلا بەختیار بە زمانی خۆی دانی بەوەدا نا کە ئەوان، بەخۆشیەوە، ئەو بزوتنەوە سەلەفییە دینییە ترسناکەیان دروستکرد کە ئەمرۆکە بەربۆتە گیانی کۆمەڵگاکە و ھەڕەشەیەکی گەورەیە لە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی خەڵکی ھەرێم. ئەمە لەکاتێکدا ئەم پیاوە خۆی بە پاڵەوانی بەرگریکردن لە عەلمانیەت دەناسێت. بەرگریکردنێک لەسەد سەرەوە قابیلی ڕەخنەکردن و نیشاندەری تێنەگەیشتنێکی ترسناکە لە چۆنیەتی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دین و ژیانی گشتیی.

بە کورتییەکەی، مەلا بەختیار کوڕێکی بە ئەمەکی ئەو مۆدێلەیە لە حیزبایەتیی و  لە حوکمڕانیی و لە مامەڵە و ئیدارەدانی خراپ و نەشیاو، کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. یەکێک لە دروستکەرەکانی ئەو مۆدێلە و گەشەکردنەکانی بووە، مۆدێلێک کۆمەڵگاکەی بە کۆی ئەو دەردە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگیانەی ئەمڕۆکە گەیاندوە.

ئەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا رووئەدات، نە ھیچ پەیوەندییەکی بە کێبەرکێی فیکریی و بیروبۆچوونی جیاوازەوە ھەیە، نە ململانێیەکیشە بەرەیەک تیایدا” دیموکراس“ و ”عەلمانیی“ و ”پێشکەوتنخواز“ بێت، بەرەکەی تر ”نادیموکراس“ و ”دژە عەلمانیەت“ و ”کۆنەپارێز“. ململانێیەکیش نییە لەسەر ئەوەی مۆدێلێکی تر لە حوکمڕانیی و حیزبایەتیی و بەڕێوەبردن دروستبکرێت، لەم وێرانەیەی ئێستا باشتر، بەڵکو پەیوەندیی بە ”ململانێی ناو کۆشک“ەوە لەسەر دەسەڵات، ھەیە. پەیوەندیی بەو پرۆسەی کۆکردنەوە و چڕکردنەوە ھەمەلایەنەی دەسەڵاتەوە ھەیە لە دەستی چەند کەسێکی زۆر کەمی ناو یەکێتیدا. ململانێیەک تیایدا یەکێتی بە کردەوە گۆڕاوە بۆ حیزبی خێزان و بنەماڵەی تاڵەبانیی و جێگای کەسانی وەک مەلا بەختیار و غەیری مەلا بەختیاری تێدانابێتەوە. ئەوەیش کە مەلا بەختیار خەریکیەتی نە شەڕە بۆ دیموکراسیەت و نە ھەواڵدانە بۆ باشترکردنی سیستمی حوکمڕانیی و نە دەسکاریکردنی پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا و حیزب و دەزگاکان، بەڵکو خەمخواردن و توڕەبوونە لەو پێگە پەراوێزیی و لاوازەی ماڵی تاڵەبانی ئەویان تێدا فرێداوە.

دیوێکی تری دۆخەکە ئەو ھەڵە گەورە و ستراتیژیانەیە کە یەکێتی لەچەند ساڵی ڕابردو و لە ئێستادا دەیانکات. ھەڵەی پاڵپشتیکردن و قەڵەوکردنی ئەو بزاوتە سەلەفییە ترسناکەی لە کوردستاندا دروستبووە. بزاوتێک لە ئێستادا بە دۆخێک گەیشتوە سەرۆکەکەیان بە ئاشکرا و بێسڵکردنەوە بڵێت، ئەوەی لەناو یەکێتیدا ڕووئەدات، بە داوا و ویست و خواستی ئەو ڕووئەدات. بەشێکە لە بەگژاچوونە و جەنگی ئەم بزاوتە سەلەفیە لەگەڵ عەلمانیەت و سەرکەوتن بەسەر عەلمانیەتدا. داخستنی ”چاودێر“ و ”رۆشنگەری“ و ”گەلاوێژ“، بە ھەموو نووقسانییەکانیانەوە، ھەم ھەڵەیەکی سیاسیی و فەرھەنگیی گەورە و ھەم بەخشینی دیارییەکی تەواو ترسناکە بە سەلەفیەتی دینیی. سەلەفیەتێک کە خاوەنی دەیەھا پێگەی میدیایی و چەندەھا مزگەوت و ناوەندی دینییە بۆ بڵاوکردنەوەی دیدگا دینییە ترسناکەکەیان بە ھەموو شوێنێکدا.

دواھەمین خاڵ کە پێویستە لێرەدا زۆر بە توندی جەغتی لێبکرێت بەھێزبوون و فوکردنە ئەو ڕۆحی بە کۆماندۆکردن و بەسەربازیکردنە ترسناکەیە کە یەکێتی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەستیداوەتێ. ئەمەش دیاردەیەکی یەکجارەکی دابڕاو و لاوەکیی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو دیاردەی کۆکردنەوە و کەڵەکەکردنە ھەمەلایەنەی دەسەڵات لەدەستی چەند کەسێکی کەمی ناو حیزبەکەدا، بەبێ بوونی ھیچ توانایەکی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنێکی یاسایی و دەزگایی ئەو کەسانە. ئەم دیاردەیەش جگە لە ستەمگەریی و دیکتاتۆریەت و پەرەدان بە دەسەڵاتێکی مافیایی ھیچ شتێکی تری لێ سەوزنابێت.  
چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ئەو ھەنگاوە سەرەتاییانەیە کە دەشێت شتێک لە ئومێد بۆ کۆمەڵگاکە بگەڕێنێتەوە و مانایەک بە سیاسەت لەمڕۆدا ببەخشێتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand