Draw Media

گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا له‌گه‌ڵ دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل جووه‌ كورده‌كانی كوردستان و عێراق به‌ره‌و ئیسرائیل كۆچیان كرد. له‌و كاته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جووه‌ کوردەکان له شوێنه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ژین، به‌ تایبه‌تی له‌‌ گونده‌كانی بیابانی نێگڤ كه ‌زۆرینه‌یان گۆران و سۆرانیین و به‌شێكیان به‌ كرمانجی سه‌روو قسه‌ ده‌كه‌ن. (دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ به‌شیر سه‌بری بۆتانی راگه‌یه‌ندكار و وه‌رگێڕ كه‌ خاوه‌ن چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌ری و كتێبه‌ له‌ بواری كه‌لتور و هونه‌ری كورده‌ جووه‌كان، تاوتوێی دۆخی ژیان و مافی كورده‌ جووه‌كانی وڵاتی ئیسرائیلی كرد.     دره‌و میدیا: كورده‌ جووه‌كانی ئیسرائیل بۆ چ دۆزێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری تێده‌كۆشن؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: خەڵكانی ئیسرائیل بەگشتی ئازاد و سەربەستن. بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانیان له‌ رێگای سه‌ندیكای كرێكاران و سه‌ندیكاكانی دیكه‌ داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌ندیكا له‌ ئیسرائیل ناوه‌ندی تێكۆشانه‌. فەرمانبەران لە خۆپیشاندانه‌كاندا ھەردەم بەشدار دەبن و دیتنی خۆیان دەردەبڕن بۆ داواكردنی مافه‌كانیان. دره‌و میدیا: ئایا ئه‌وان هه‌مان مافه‌كانی هاوونیشتیمانییه‌كی تری ئیسرائیلیان بۆ ده‌سته‌به‌ره‌ تا بتوانن له‌ پۆسته‌ حكومی و باڵاكانی وڵات رۆڵیان هه‌بێت؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بەڵێ، كوردە جووه‌كان وەك جووەكانی دیكە هه‌مان مافیان ھەیە، كە لە خەبات و كاردا بەشدارببن و لە ھێزە سیاسییەكان و لە حكومەتدا رۆڵێكی باشیان هه‌یە. بۆ نموونه‌ له‌و كوردانه‌ی كه‌ ناوداربوون له‌ حكومه‌ت وه‌ك؛  ئیسحاق مۆردیخای كه‌ وەزیری بەرگری بوو، ئیسرائیل ئیسحاق بەرپرسی یەكەمی پاسەوانانی سنوور بوو، رەحەمیم یۆنا لە شارەوانیی پارێزگای بێرشێڤا بەرپرسی كێشەی عەرەبە بەدووەكان بوو.   لەم كاتەشدا چەند به‌رپرسێكی كورد له ‌ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ھێزە سیاسییەكانی ئیسرائیل پله‌ی باڵایان هه‌یه‌. وه‌ك  ئیسحاق شموولی كە لە پارتیی عەڤۆدە (كار) و په‌رلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە. میكی لێڤی كە لە پارتیی عەتید (پاشەرۆژ) و لە پارلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە. هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر یۆنا تسەببار و وەردە شیلۆ له‌ نووسه‌ره‌ كورده‌ جووه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئیسرائیلن.    بەشیر بۆتانی: كورده‌ جووه‌كان بە نھێنی سەردانی ھەرێمی كوردستان ده‌كه‌ن   دره‌و میدیا: په‌یوه‌ندی باوه‌ڕدارانی جوو له‌ نێوان ئیسرائیل و كوردستان و عێراق چۆنه‌ و تا چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی دانه‌بڕاوه‌؟ به‌شیر سه‌بری بۆتانی: لە ساڵی 1993وە تا ساڵی 2014 كورده‌ جووه‌كان بە نھێنی سەردانی ھەرێمی كوردستانیان دەكرد و زۆرجار بەرپرسانی حكومەتی ئیسرائیل لەسەر ئەو سەردانانە رەخنەیان ھەبوو، چونكه‌ ئیسرائیل نه‌یده‌ویست له‌گه‌ڵ هێزە تیرۆریستەكان تووشی كێشە ببێت. ھەروەھا جووەكانی عێراقیش پەیوەندییەكی باشیان ھەبوو لەگەڵ خزم وكه‌س و كاری خۆیان، بەڵام یەكتریان لە ھەرێمی كوردستان دەبینی و نەیانتوانیوە سەردانی بەغداد یان بەسڕە بكەن. بەڵام لە ساڵی 2014 ەوە ئەو كاتەی كە "داعش دەوڵەتێكی ئیسلامی راگەیاند" مەترسییەك لای جووەكان بەگشتی پەیدا وو، بۆیە لەو كاتەوە و تا ئێستا كەمتر سەردانی ھەرێم دەكەن. بەڵام كوردە جووەكان و جووەكانی عێراق لە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ خزم و كه‌س و كاری خۆیان لە عێراق ھەیە. تاكو ئێستاش كوردە جووه‌كان ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان دەكەن. ساڵی 2015 گرووپێكی كوردە جووەكان كە بریتی بوون لە 20 كەس بە سەرپەرشتیی یوسف رەحەمیم بۆ ماوەی 10 رۆژ سەردانی ھەرێمیان كرد. گرووپێكی دیكەش له‌ ساڵی 2016 بۆ پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز سەردانی ھەرێمیان كرد، ئێستاش زۆر كەس له‌ ئیسرائیله‌وه‌ سەردان دەكەن بەڵام ئاشكرای ناكەن. بۆ زانیاریش به‌پێی یاساكانی ئیسرائیل ئەم جۆره‌ سەردانانە قەدەغەن، چونكە ھیچ رێكەوتنێكی ئاشتی له‌ نێوان ئیسرائیل و عێراقدا نییە و ئەو كەسەی كه‌ ئه‌م یاسایه‌ پێشێل بكات له‌ رێگای دادگاوه‌ بۆماوه‌ی دوو ساڵ زیندان ده‌كرێت، پۆلیسی ئیسرائیلی شەش ساڵ لەمەوبه‌ر ژنێكی كوردیان ده‌ستگیر كرد كە سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردبوو. به‌شیر  بۆتانی: ژمارەی كوردە جووەكان بە لای كەمەوە 200 تا 215 ھەزارە و 5 ھەزاریان لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین دره‌و میدیا: ئێوه‌ چه‌ند‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی جووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بینن، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای شه‌ڕی داعش؟  ئایا ئه‌وان ده‌وێرن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بە راستی ئێستا جووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنەجووەكانی عێراق وەك جاران ناوێرن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن، نەك لەبەر داعش و بەس، بەڵام لەبەر حكومەتەكانی ئێران و توركیا و عێراقیش. خاڵێكی دیكەش ھەیە، كە ھێشتا كوردە ئیسلامییەكان لە راگەیاندنی كوردیدا سووكایەتی بە جووەكان دەكەن، چونكە ئەوان ھیچ ئاینێكی دیكە ھەر ناكەن، بۆیە مەترسی لەسەر ژیانی جووەكانی كوردستان و بنەجووەكانی عێراق ھەیە. دره‌و میدیا: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق چه‌نده‌ توانیویانه‌ پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و مێژووی جووه‌كانی عێراق بكه‌ن؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بە راستی شوێنه‌واری جووەكانی عێراق ئێجگار زۆر بوون، بەڵام حكومەتە یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق لە پەنجاكان و شەستەكاندا بەشێكیان تێكدا و گۆڕییان بۆ شتی تر، مێژووی جووەكانی عێراقیان تەزویر كرد. جێی داخە حكومەتەكانی پێشووی عێراق لە پەنجاكان و شەستەكاندا رێگایان بە عەرەب و كوردە موسوڵمانەكان دا كە پەرستگاكانی جووەكان بكەن بە مزگەوت و ئەو كاتەی جووەكانی ھەولێر بەم دەنگوباسەیان زانی، گەلەك دڵگران بوونە.  ھەروەھا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ھەر ڤیانیان نییە كە پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و مێژووی جووه‌كانی عێراق بكه‌ن. دره‌و میدیا: ژماره‌ی كورده‌ جووه‌كانی وڵاتی ئیسرائیل چه‌ندن ئێستا؟ به‌شیر سه‌بری بۆتانی: به‌پێی زانیارییه‌كانی من ژمارەی كوردە جووەكان بە لای كەمەوە 200 تا 215 ھەزارە و 5 ھەزاریان لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین. ھەروەھا جووەكانی عێراقیش بە لای كەمەوە 350 ھەزارن، بەڵام زیاتر لە 50 ھەزاریان ئیسرائیلیان بەجێ ھێشتووە و بەشێكیان لەسەر بزوتنەوەی سەھیۆنی رەخنەیان ئێجگار زۆرە، بۆیە نایانەوێ لە ئیسرائیل بژین.     لەگەڵ میكی لێڤی كە لە پارتیی (عەتید: پاشەرۆژ) و لە پارلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە   به‌شیر سه‌بری بۆتانی: من لە سوێد ئەژیم وكاری وەرگێڕی ئەكەم و لە كاتی پشوودا كاری ھونەری و راگەیاندنی ئەكەم. بۆ نموونە، من ئەم گۆرانییە لەم رۆژانەدا تەواوی ئەكەم: https://www.youtube.com/watch?v=xl8eUBYwM_w من لە ساڵی 1986 ەوە لەگەڵ خەڵكانی ئیسرائیل، فەلەستین، باشووری سووریا، ئوردن و سینا پەیوەندیەكی ھونەریم ھەیە و موزیك و ھونەری كوردی لەو دەڤەرانەم بڵاو كردەوە و ھەندێ جاریش تۆمارم كردووە، بەڵام لەبەر نەبوونی رۆژنامەنووسێك لەو دەڤەرانە كە بە كوردی بنووسێت، من ناچار بووم كە دەستپێ بكەم، و بۆ زانین من خۆم بە رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار ناژمێرم.    


(درەو میدیا): وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك  وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و جەختدەكاتەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی میانڕەو لە عێراقدا. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پۆمپیۆ هەوڵەكانی هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراقی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا بەرزنرخاندووە . هەروەها پۆمپیۆ جەختیشیكردەوەتەوە لەسەر بایەخی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی میانڕە و لە عێراقدا بەپێی وادەی دەستوریی كە وەڵامی ویست و داواكارییەكانی گەلی عێراق بداتەوە. بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئاماژەی بەوەشداوە كە مایك پۆمپیۆ ستایشی ئۆپەراسیۆنی سەركەوتوی هاوبەشی هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە لەددژی داعش كردووە و جەختیشیكردوەتەوە لەسەر پشتگیری ئەمریكا لە عێراقێكی بەهێز و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەریی.  


(درەو میدیا): توركیا رسوماتی گومركیی لەسەر چەند كەلوپەلێكی هاوردەی ئەمریكی وەك ئۆتۆمبیل و مادە كحولییەكان و توتن بۆ دوو هێندە زیاتر كرد و بەهای لیرەش دوای چەند رێوشوێنێكی بانكی ناوەندی توركیا كەمێك بەرزبووەوە. بە گوێرەی مەرسومێكی سەرۆكایەتی كە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دەركراوە بڕیاردراوە رێژەی رسومانی گومركیی لەسەر ئۆتۆمبیل بەرزبكرێتەوە بۆ لەسەدا 120 و ، خواردنەوە كحولییەكانبۆ لەسەدا 140 و توتنیش بۆ لەسەدا 60. بەهۆی ئەم هەنگاوەی توركیا و چەند رێوشوێنێكی بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە بەهای لیرەی توركیی لەسەدا 3ی بەهاكەی بەدەستهێنایەوە و بەرزبووەوە. هەفتەی رابردووش ئەمریكا رسوماتی گومركیی چەند كەلوپەلێًكی توركیی بۆ دوو هێندن زیادتركرد و بەوەش بەهای لیرە دوای ئەو سزایانەی ئەمریكا بە رێژەی لەسەدا 20 دابەزی. فوئاد ئۆكتای جێگری سەرۆك كۆماری توركیا وتی:"  هەنگاوی زیادكردنی رسوماتی سەر  كەلوپەلی هاوردەی ئەمریكا لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە هەمەلایەنەیە كە لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە دەكرێتە سەر ئابورییمان".


(درەو میدیا): دادگایەكی توركیا داواكارییەكی تری بۆ ئازادكردنی قەشە ئەمریكییەكە " ئەندرۆ برۆنسۆن" رەتكردەوە كە ماوەیەكە بەهۆی ئەو دۆسییەوە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتۆن ئاڵۆز و خراپ بووە. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، پارێزەری قەشە برۆنسۆن داواكارییەكی بۆ ئازادكردنی پێشكەشی دادگای شاری ئیزمیر كردووە كە ئێستا لەماڵەكەیدا دەستبەسەرە، بەڵام دادگاكە داواكارییەكەی رەتكردووەتەوە. جیم هاڵفۆرت، پارێزەری قەشە برۆنسۆن لە لێدوانێكیدا بۆ " فرانس پرێس" وتی دادگایەكی تر لە ئیزمیر بە داواكاریی ئازادكردنی برۆنسۆندا دەچێتەوە. قەشە ئەندرۆ برۆنسۆن خەڵكی ویلایەتی نۆرس  كارۆلاینای ئەمریكایە و لە تشرینی یەكەمی 2016 بە تۆمەتی سیخوڕیكردن و چالاكی " تیرۆریستی " لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەستگیركراوە. قەشە برۆنسیۆنیش كە ماوەی 20 ساڵە لە توركیا دەژی ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێك دادگاییكردن لە تەمموزی رابردووەوە برۆنسۆن لە ماڵەكەی خۆیدا ماڵبەند كراوە و تا ئێستاش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەندجارێك داوای ئازادكردنی كردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا رەتیدەكەنەوە و بەهۆیەوە واشنتۆن چەند سزایەكی ئابوریی بەسەر توركیادا سەپاند.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە روونكردنەوەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند و رەتیكردەوە عەبادی سزاكانی ئەمریكای بۆسەر ئێران پێشێلكردبێت. زیاتر لە سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا پەرلەمانی نوێ دەستبەكارنەبووە و كابینەی نوێی حكومەتیش پێكنەهاتووە. لەپاڵ قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی شەقام، كێشەیەكی نوێش هاتوەتە سەرشانی عێراق، كە كێشەی پابەندبوون یان نەبوونە بەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. رۆژی 8ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا بە راشكاوی وتی:"ئێمە پابەند دەبین بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە". ئەم لێدوانەی عەبادی لە شەقامی سیاسی عێراق بەتایبەتی لایەنە شیعە مەزهەبەكانی نزیك لە ئێران كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. رەنگە هێندەی توڕەیی شەقامی سیاسی شیعەی عێراق، دەسەڵاتدارانی تارانیش لە عەبادی توڕەبووبن، چونكە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە لە هەندێك میدیای عێراقیدا بڵاوبوەوە گوایە عەبادی دەیەوێت سەردانی تاران بكات، بەڵام هەرزوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە هیچ پلانێك هەبێت بۆ ئەو سەردانەی عەبادی. پێدەچێت فشارەكانی تاران كاری خۆی كردبێت، لەدواین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی كەمێك پاشەكشێی كرد كاتێك وتی: پابەند نابین بە هەموو ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، تەنیا پابەندی ئەو بڕگەیە دەبین كە بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵ نەكەین. "ئەوەی سزاكان پێشێلبكات سزا دەدرێت" لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا پرسیار لە هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرا سەبارەت بە سزای ئەو وڵاتانەی كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێلدەكەن، ناوێرت وتی:" ئەوانەی سزاكان پێشێلدەكەن دەكرێت خۆشیان بكەونە ژێر سزاوە". ئەم قسەیە لە میدیاكانی عێراقەوە وەكو وەڵامدانەوەیەكی ئەمریكا بۆ حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە كە وتی: پابەندی هەموو سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران نابین. زۆری نەخایاند، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد هاتە سەرخەت و بەیاننامەیەكی بۆ روونكردنەوەی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە. لە روونكردنەوەكەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێ" لەبارەی ئەو بەشەی قسەكانی هیزەر ناوێرت كە تایبەتە بە سزاكان لەسەر ئێران، ئەو وتی: ئەو وڵاتانەی كە سزاكان پێشێلدەكەن روبەڕووی لێپرسینەوە دەبن، وەكو دەزانن سزاكان بریتییە لە مامەڵەكردن بە دۆلار لەگەڵ ئێران، وەكو دەزانن سەرۆك وەزیران وتی: عێراق بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات، بۆیە هیچ پێشێلكردنێكی سزاكانی ئەمریكا لەم قسەیەدا نییە". باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەر لەو رونكردنەوەیەدا گلەیی لە دەزگاكانی راگەیاندنی عێراق دەكات كە "بەوردی ئەو هەواڵەیان نەگواستوەتەوە". هیزەر ناوێرت -وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بانكی ناوەندی عێراق چی دەڵێ ؟ لەلایەكی ترەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق بە دۆلاری ئەمریكی مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات و ئێران سود لەو دراوە نابینێت. مەحمود داغەر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دارایی لە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بە دۆلار ماوەیەكی زۆرە یاساغە و شتێكی نوێ نییە، بانكی ناوەندی و هیچ سیستمێكی تری بانكیی لە عێراق لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات. لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سۆمەرییەنیوز، ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوەشدەكات، هەموو بانكەكانی عێراق لەژێر چاودێری تونددان، هەروەك چۆن لەژێر چاودێری نوسینگەی شتنەوەی پارە و لایەنە چاودێریكارەكانی تریشدان. بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە، ئێران ماوەیەكی زۆرە سود لە دۆلاری عێراق نابینێت، چونكە مامەڵەی عێراق لەگەڵ ئێران بە دراوی ترە بەتایبەتی یۆرۆ. رۆژی 7ی ئەم مانگە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی لەسەر ئێران زیندوكردەوە، زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا داوایان كرد ئەو سزایانە زیندونەكرێنەوە، بەڵام ترەمپ گوێی بە ناڕەزایەتییەكان نەدا و سەرباری ئەوە لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەمانە توندترین سزان و لە مانگی نۆڤێمبەری داهاتوشدا سزاكان دەچنە ئاستێكی باڵاترەوە".   پێنج بانكی عێراق سزا دەدرێن بەپێ چەند راپۆرتێكی هەواڵی كە لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی دیپلۆماسی عێراقییەوە بڵاوكراوەنەتەوە، بانكی فیدراڵی ئەمریكا سزا بەسەر پێنج بانكی نوێی عێراقیدا دەسەپێنێت و ئێستا تیمێكی راوێژكارانی ئەمریكا لە عێراقە بەمەبەستی چاودێریكردنی ئەو بانكانە كە بڕیارە هەمان ئەو سزایانەیان بەسەردا بسەپێندرێت كە پێشتر بەسەر بانكی "البلاد الاسلامی"دا سەپێندرا. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو پێنج بانكەی كە بڕیارە ئەمریكا سزایان بەسەردا بسەپێنێت گومانیان لەسەرە لەلایەن ئێرانەوە بەكاربهێنرێن بۆ حەواڵەی دارایی و لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە لەژێر چاودێریدان، بەڵام ئەوكات تەنیا یەك بانكیان سزای بەسەردا سەپێندرا. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا جارێكی تر چاودێرییەكانی لەسەر ئەو پێنج بانكە عێراقییە كاراكردوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان خۆی دەبینێتەوە لە گومانی "گواستنەوەی نەختینەی پارە، حەواڵەی دارایی گوماناوی بۆ لوبنان و سوریا و ژمارەیەك وڵاتی ئاسیا و ئەوروپای خۆرهەڵات". ساڵی رابردوو ئەمریكا بانكی "ئیلافی ئیسلامی" عێراقی خستە لیستی رەشەوە.  ئەو بانكانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە ناچاردەكرێن لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان هەڵبژێرن، راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی ئێران كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون یاخود راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ سیستمی دارایی ئەمریكا. بانكی فیدراڵی ئەمریكا   هێشتا بازرگانی لە دەروازەكانەوە بەردەوامە هاوكات لەگەڵ ئەو مشتومڕانەی كە سەبارەت بە پابەندبونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبووە، ناسر بیهروز راوێژكاری بازرگانی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، پرۆسەی هاوردە و هەناردەكردنی لەنێوان عێراق و ئێران بەردەوامە لەڕێگەی هەموو دەروازە سنورییەكانەوە. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)ی وڵاتەكەی ناسر بیهروز وتی:" ئێران سورە لەسەر فراوانكردنی ئامادەگی خۆی لە بازاڕی عێراقدا، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندی هەردوولادا". بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسەی ئێران، لە چوار مانگی رابردوودا بەبەهای (2 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار كەلوپەل لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق كراوە، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا، لەڕووی بەهاوە بەرێژەی 24%ی هەناردە زیادی كردووە.  


( درەو میدیا): سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماسی ئەمریكی كە بەمدواییە سەردانی عەممانی پایتەختی ئوردنی كردووە، ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا ئاگاداری تەواوی گفتوگۆكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و رژێمی سوریایە، بەڵام تائێستا بەشێوەی كۆتایی بڕیاڕی خۆی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.  بەوتەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسیيە باڵایە، كە قسەی بۆ (وەلید نەوفل) پەیامنێری ڕۆژنامەی (ئەلمودون)ی، عەرەبی كردووە، ئیدارەی ئەمریكا ماوەی دوو هەفتە دەبێت ڕای گۆڕیوە و داوای لە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە پەلەنەكەن وهیچ بڕیارێكی پەلە نەدەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، داوایان كردووە دانوستانەكان تەواو بكەن. تەئكیدیشی كردووە، ئیدارەی ئەمریكا ڕیز لە ئامانجەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بڕیارەكانی دەگرێت لەبارەی دیاریكردنی چارەنوسیان، بەڵام بەباشتری دەزانن لەم دۆخەدا دان بەخۆیاندا بگرن لە چاوەڕوانی ئەوەی دۆخی سوریا بەكوێ‌ دەگات، باسی ئەوەشی كردووە، ئیدارەی ئەمریكا لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری یەكلاكەرەوەی داوە و لە سوریا ناچێتە دەرەوەو، بوونیشی وابەستەی بوونی ملیشیا ئێرانيیەكان كردووە لەو وڵاتە و بەوردیش بەدواداچون بۆ جموجۆڵەكانی ئێران دەكەن لە سوریا.     ڕوسەكان ناتوانن ملیشیا ئێرانیيەكان لە سوریا دەربكەن ئەو دیپلۆماتە ئەمریكیيە كە ڕۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، دەلێت" ڕوسەكان دڵنیای زۆریان پێداین لەبارەی چونە دەرەوەی ئێران لە سوریا، بەڵام هێشتا ئیدارەی ئەمریكا گومانی هەیە لەوەی ڕوسیا بتوانێت ئێران و میلشیاكانی لە سوریا بكاتە دەرەوە، بەتایبەت ئێران هەمیشە هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لەهەر بڕیارو پرۆسەیەك كە ببێتە هۆی كردنە دەرەوەی لە سوریا"، تەئكیدیشی كردووە، ناكرێت بۆ ئیدارەی ئەمریكا بایەخ بەناوچەیەك نەدات كە ڕەهەندێكی سەربازی و سیاسیی هەیە بۆی، سەرەڕای بونی بەڵێن و دڵنیایدانی ڕوسەكانیش، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامادەن بەرگری لەبەرژەوەندییەكان بكەن  ئەگەر پێویست بكات. بەدوریشی زانیوە، رژێمی سوریا هێرشی سەربازی بە ئاراستەی ئەوناوچانە ئەنجامبدات كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تیادایە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و كارێكی لەو شێوەیەشی بەجۆرێك لە خۆكوژی و دەبەنگی وەسفكردووە.    دیپلۆماتە ئەمريكییەكە وتویەتی: لەئێستادا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەنیاز نيیە لە بنكەی (ئەلتەنەف) بكشێتەوە، بەبەشێك لە ئامادەبونی دادەنرێت لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، چونكە ئەوە پەیوەستە بەبوونی خێوەتگەی (ئەلركبان) و میلشیا ئێرانیيەكان و ڕێكخراوی داعش لە لادێكانی سوریا، ڕاشیگەیاندووە، دوای جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی داعش لە لادێكانی سوریا و هێرشەكانیان بۆ سەر (ئەلسویدا)، مانەوەی بنكەی سەربازی ئەلتەنەف بۆتە پێویستی.  وتوشیەتی، ئەمڕۆ نامانەوێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەستوەردان بكەین و لەگەڵ رژێم و ملیشیاكان بەریەكبكەوین، بەڵام هەندێ جار بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گۆڕانكاركارییان بەسەردا دێت. چارەسەر لە ژنێڤەو ئەستانە قبوڵناكەین  بەرپرسە ئەمریكیيە ئەوەشی بۆ ڕۆژنامەكە ئاشكراكردووە، ئیدارەی ئەمریكا تا سنورێك دۆسیەی سوریای ڕادەستی ڕوسیا كردووە لە چاوەڕوانی ئەوەی پێشهاتەكان بەكوێ‌ دەگەن و ئاستی توانای ڕوسەكان لە چارەسەری كێشەكان چەندە، بەو مەرجەی چارەسەری سیاسی لە (ژنێف) بكرێت، ئیدارەی ئەمریكا هیچ چارەسەرێكی ڕوسی لەڕێی (ئەستانە)وە قبوڵناكات و گەڕانەوەی ڕاستەقینەش بۆ ژنێڤ لەپێناو چارەسەر لە سوریا چیتر دور نیيە، ڕاشیگەیاندووە، متمانەیان بە ئەنجامی گفتوگۆكانی ئێستا نیيە سەبارەت بە دەستوری سوریا و تەنانەت دەستوری ئێستای سوریاش، چونكە كێشە لە تێگەیشتنی رژێم و دەزگا ئەمنیيەكانیەتی بۆ دەستور و یاساو جێبەجێبەجێكردنی، بۆیە نوسینەوەی دەستوری نوێ‌ سودی چیە ئەگەر ئامانج گۆڕینی ڕوخساری دەرەكی بێت و میكانیزمی جێەجێنەكردنی دەستور لە سوریا چالاك نەكرێت.   


 " ئێستا دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ گفتوگۆ، چاوەڕوانی ئەوان دەكەین سەردانمان بكەن" ئەمە وتەی د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و هاوكات وتەبێژی رەسمی ئەو حزبەیە. هادی عەلی لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت" پێشتر ئامادەیی نەبوو لەلایەن ئەو چوار لایەنەوە بۆ گفتوگۆ بەڵام دوای كۆبونەوەی چوارلایەنەكە وە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە ئێستا دەرگای چوار لایەنەكە بەڕووی پارتی و یەكێتیدا كراوەیە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ، چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەوان سەردانی چوار لایەنەكە بكەن" سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوودەشڵێت " ئەو دیالۆگە نیشتمانیەی وەك چوار لایەنەكە داوامان كرد مەبەستمان بوو كە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڕۆین حاڵەتێكی نائاسایی لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا هەیە یەكێك دەڵێت با دوابخرێت، یەكێكیش دەڵێ بایكۆت، یەكی تر لەگەڵ هەڵبژاردنە، مەبەستمانە هەموو لایەنەكان پێكەوە دابنیشین و چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە نائاساییە بدۆزینەوە." سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی عێراق هادی عەلی دەڵێت "ئەم چوار لایەنە ڕاستە یانزە كورسییان هەیە، ڕاستە ناڕازین لەو ئەنجامانە بەڵام ئەم یانزە كورسیە كاریگەری خۆی هەیە بۆیە وامان بەباشزانی هەر چوار لایەنەكە بەشداری لەپەرلەمانی عیراق بكەین بەڵام سەبارەت بەبەشداری لەحكومەت هێشتا قسەیەكی لەبارەوە نەكراوە."  


 ( درەو میدیا):  پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت وەك رابردوو بەئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات، بەبێ وەرگرتنی پۆَستێكی كاریگەر، ئێستاش ئەو پۆستە تەنها پارێزگاری كەركوكە، كە پارتی دەیەوێت ئەو پۆستە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت. زانیاريیەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن، پارتی، یەكێتی خستوەتە بەردەم دوو بژاردە، یان پۆستی سەرۆك كۆمار، یاخود پارێزگاری كەركوك، چونكە پارتی پێیوایە و چەندین جاریش جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بووە، بەڵام ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، بۆیە ئەو پۆستە دەبێت بە رێككەوتن بێت. لەبەرامبەردا یەكێتی پێی وایە راستە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەماوە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دراوە بە نێچیرڤان بارزانی كە جێگری سەرۆكی پارتیيە. زانیاريیەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، یەكێتی مەیلی بەلای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدایە، وەك لە پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئایا لایەنگرانی یەكێتی رازی دەبن كە خۆیان 6 كورسیيان لەو پارێزگایە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنابێت و پارتی هیچی نەهێنابێت، بەڵام پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بێت. لێكدانەوەیەكی تر ئەوەیە، پارتی چاوی لە چنینەوەی پۆستەكانی بەغدادە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی كۆمار، بەتایبەتیش پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی و پۆستە سەربازيیەكان كە پشكی كوردن.  پارێزگاری كەركوك  كێشەی پارێزگاری كەركوك ئێستا لە ئەنجومەنی پارێزگا گیری خواردووە، بەهۆی بەشداری نەكردنی ئەندامانی پارتی و یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و دەوام نەكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت ( رێبوار تاڵەبانی)، كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیان كەوتووە، یەكێتی دوای دیاریكردنی چەندین كاندید بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام نەیتوانی سەركەوتوو بێت، بەو پێیەی لە ئێستادا لەكۆی (41) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (26) ئەندامی لە لیستی برایەتيیە، لەو ژمارەیەش (12) ئەندامی پارتین و (3) ئەندامی یەكگرتوون.   پارتی چەند جارێك ئەوەی بە گوێی بەرپرسانی یەكێتیدا داوە كە رازین بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، بەڵام لەبەرامبەر پارێزگاری كەركوكدا، ئەگەرچی پارتی هەمیشە ئاماژەی بەوەكردووە كەركوك داگیركراوەو بەو شێوەیە ناگەڕێنەوە، نوێترین لێدوانیش كەمال كەركوك كە كراوەتە سەرۆكی ئەنجومەنی كەركوك – گەرمیانی پارتی رایگەیاند: پارتی كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك، بە كەرامەت و سەربەرزی، نەك بە ژێر دەستەیی. چاوتێبڕینی پارتی لە كەركوك تەنها لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار نیيە، پارتی چاوی لە نەوتی كەركوكەو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت ئەو نەوتەی كە  ئێستا بەشێكی بە قاچاغ دەبرێت و ئەوەی دیكەشی راگیراوە، لە رێگەی بۆريیەكانی خۆیەوە بینێرێتە دەرەوەو بەشدار بێت لە سودو قازانجەكانی نەوتی كەركوكدا.   كێ دەبێتە پارێزگاری كەركوك ؟ بە خوێندنەوەی هەڵوێستی لایەنەكان و بارودۆخی كەركوك چەند سیناریۆیەك دەخرێتەروو: * ئەگەر پۆستەكە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت، ئەوا یەكێتی پێشتر چەند جارێك لە سەرزاری وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند ئەوان كاندیدیان بۆ پارێزگاری كەركوك تەنها (رزگار عەلی)يە، بەڵام رەنگە ئەو هەنگاوەیان سەرنەگرێت، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نیەو پێیان وایە لە" گروپی 16ی ئۆكتۆبەرە" لەبەرامبەردا باس لە (خالید شوانی) دەكرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. * خۆ ئەگەر لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بوو، ئەوا پارتی (سەڵاح دەڵۆ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یان (محەمەد خورشید) بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی و یاخود (كەمال كەركوكی) كە ئێستا كراوەتە شوێنی سەڵاح دەلۆ بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك گەرمیانی پارتی، كاندید دەكات، بەڵام رەنگە دانانی كەمال كەركوكی بۆ حكومەتی عێراق هێڵی سور بێت، چونكە بەپێی زانیاريیەكانی (درەو میدیا)، حكومەتی عێراقی بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندووە، دەبێت هەموو ئەو بەرپرسە سەربازیيانە دوور بخرێنەوە كە بەشداری شەڕیان كردووە دژی سوپای عێراق. * هەروەها باس لە دانانەوەی (نەجمەدین كەریم) دەكرێت لە پۆستی پارێزگای كەركوك، كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوەو پارتی پشتیوانی لێدەكات، بەڵام رەنگە حكومەتی عێراق رازی نەبێت، بەو پێیەی بڕیاری حكومەتی و پەرلەمانی عێراقی هەیە بۆ دوورخستنەوەی لە كاركەی.   * رەنگە كاندیدی تەوافوقی لەنێوان لایەنەكاندا چارەسەرێكی گونجاو بێت، بەتایبەتیش كارەكتەرێكی وەك (رێبوار تاڵەبانی) یاخود (عەبدولرەحمان مستەفا) كە هەردوكیان پارتی رەزامەندی لەسەر دەبێت، ئەگەر یەكێتی بەو پۆستە رازی بێت.    كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت ؟ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئەگەرچی پۆستێكی رەمزیيە، بەڵام ئەو پۆستە ماف و ئیمتیازی زۆری هەیەو هێزێكی زۆری سەربازی كوردی لەوێیەو لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بەرژەوەنديیەكانی حزبەكەی پاراستووە. رەنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیيەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (فوئاد مەعسوم) گونجاو بێت بۆ ویلایەتی دووەم دابنرێتەوە، ئەگەرچی هەر لەناو یەكێتیدا ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی محەمەد سابیر ئاوەڵزاوای تاڵەبانی كاندیدكراوەو ناوەكەی نێردراوە بۆ مەكتەبی سیاسی، لەهەمان كاتدا باس لە (لەتیف رەشید)یش دەكرێت، بەڵام دواجار كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت ئۆكەی پارتیشی لەسەر بێت، كە پارتی رەخنەی لە ئەدای فوئاد مەعسوم هەبووەو پێی وایە دەبێت كاندیدێكی بەهێز بنێردرێتە بەغداد و بەتەواوی بەرگری لە بەرژەوەنديیەكانی هەرێمی كوردستان بكات. 


( درەو میدیا): حەیدەر عەبادی دەڵێت، حكومەتی عێراق پشتیوانی توركیا دەكات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە نەختینەیەی بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە بەرۆكی گرتوە، ئامانجی سەردانەكەشی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگێڕێتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش، ئاسایش وخوشگوزەرانی و سەقامیگری عێراق بە ئاسایش و خوشگوزەرانی و سەقامگیری توركیاوە دەبەستێتەوەو  دەڵێت: هەردوو وڵات هاوچارەنوسن. ئەم قسانەی عەبادی و ئەردۆغان لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا هات كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا ڕێكیانخست.  سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ڕایگەیاند، هێڵێكی هەناردەكردنی نەوت هەیە ئەكرێت بەخێرایی چالاك بكرێت بۆ ناردنی نەوتی خاو لەپارێزگای كەركوكەوە بۆ توركیا و كردنەوەی ڕێڕەوێكی ڕاستەوخۆ لەنێوان عێراق و توركیا، وتیشی: سەرۆكی توركیا بەڵێنی داوە پشكی تەواوی ئاوی عێراق بدات. عەبادی لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەسەر پرسی ئاسایشی سنورەكان ڕێككەوتون و نایانەوێ هیچ ڕێكخراویكی "تیرۆرستی" خاكی عێراق بەكاربهێنێ و هەر دەستدرێژەیەكیش بۆ سەر خاكی وڵاتانی دراوسێی و لەنێویشیاندا توركیا، ڕەتدەكەنەوە.  عەبادی ئەوەشی وت، توركیا بەشداری دەكات لەبنیاتنانەوەی عێراق و داواشیكردوە بۆ دوبارە كردنەوەی كۆنسولگەرییەكانی لەبەسرە و موسڵ و بەمنزیكانەش كار لەسەر ئەوپرسە دەكەن. ئەردۆغان ئاسایش و ئابوری بەئەولەویەت دەزانێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ڕایگەیاند: ئاسایش و خوشگوزەرانی و سەقامیگری عێراق لە ئاسایش و خوشگوزەرانی و سەقامگیری توركیاوە سەرچاوە دەگرێت و هەردوو وڵات هاوچارەنوسن. وتیشی: ئامادەن بۆ كاركردن لەگەڵ حكومەتی داهاتوی عیراق بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و پێشخستنی هاوكارییەكان لەبوارە جیاوازەكاندا و لەپێش هەموشیانەوە ئاسایش و ئابوری. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد، كردنەوەی ڕێڕەوێكی سنوری تر لەگەڵ عێراق لەقازانجی هەردوو وڵاتەو بڕواشیانوایە هەنگاوی پێویست بۆ ئەومەبەستە دەگرنەبەر و كێشەكانی عێراقیش بەكێشەی خۆیان دەزانن و ئامادەشن بۆ هەر ئەركێك كە بكەوێتە سەرشانیان لەپرسی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا.   بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومی گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا و  بەپێی ڕاگەیەنراویكی نوسینگەكەشی، لەمیانی سەردانەكەیدا عەبادی پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئەنكەرەو بەغدا و، چەند دۆسیەیەكی تایبەت بەئاو و كارەبا و تەندروستی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و ئاسایش و ڕۆشنبیری وچەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێدەكات.  


 (درەو میدیا): عەبادی لە ئەنكەرەیە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێك گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لەمیانی سەردانەكەیدا عەبادی پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئەنكەرە و بەغدا و، چەند دۆسیەیەكی تایبەت بەئاو و كارەبا و تەندروستی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و ئاسایش و ڕۆشنبیری وچەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكات. ئاو و پارتی كرێكاران و سزاكان ئەولەویەت دەبن   بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆمەڵێك دۆسیەی تاتوێدەكات، كە دیارترینیان پرسی ئاو و دۆسیەی پارتی كرێكاران و سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر ئەنكەرە و سەرلەنوێ‌ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە نوێیانەی هاتونەتە گۆڕێ‌. ئاژانسەكانی هەواڵ لەبارەی سەردانەوەكە بڵاویانكردوەتەوە، ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كۆدەبێتەوە و دۆسیەی پێشبینی كراوەكانیش كە بڕیارە تاتوێبكرێت لەنێوان هەردوو سەركردە، لێكەوتەی سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئەنكەرە و تاران و پرسی ئاو و كورد و چەند دۆسیەیەكی تر كەجێی بایەخی هەردوو وڵاتن. لەبری دۆلار دراوی نیشتمانی بەكاربهێنن  بوراق ئیلهان ئوزابیك، شارەزایی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەئاژانسی سپۆتنیكی ڕوسی وتوە، مامەڵەكردن بەدراوی نیشتمانی لە بازرگانیكردن لەنێوان  توركیا و ئێران و عێراق ڕەنگە گرنگترین بابەتبێت كە عەبادی لەسەردانەكەیدا بۆ توركیا تاتوێدەكات.  ڕاشیگەیاندووە، عەبادی دوای ئەوەی وتی وڵاتەكەی پابەندی سزا ئەمریكییەكان دەبێت بە مامەڵەنەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە بازرگانیكردن لەگەڵ تاران، ئەگەر زۆرە ئەم بابەتە ببێتە جێی بایەخی كۆبونەوەكەی ئەنكەرە بۆ دۆزینەوەی سیغەیەكی هاوبەش لەنێوان تاران و ئەنكەرە و بەغداد بۆ مامەڵەكردن بە دراوی نیشتمانی لە ئاڵۆگۆڕە بازرگانیەكانی نێوانیان.  ئەو شارەزا توركیە، ڕاشیگەیاندووە، ڕەنگە ئێران و توركیا و بەغداد بەناچاری پەنابەرن بۆ دۆزینەوەی نمونەیەكی ئابوری كە پشت بەدراوی نیشتمانی ببەستێت لە مامەڵكردن بەدراوی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە لە مامەڵە بازرگانییەكانیان، چونكە سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئێران ڕەنگە كێشە بۆ وڵاتانی ناوچەكە دروستبكات كە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن.  سوننەكان هاوپەیمانی پێكدێنن  سوننەكانی عێراق بە رەسمی هاوپەیمانێتیەك بەسەركردایەتی شەش سەركردەی دیار پێكدەێنن، بەناوی میحوەری نیشتمانی. بەقسەی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە قسەی بۆ سۆمەرییە نیوز كردوە،  هاوپەیمانێتیەكە هەریەك لە جەمال كەربولی و ئوسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر و ئەحمەد عەبدوڵا جبوری و سەلیم جبوری و فەلاح حەسەن زیدان بەناوی میحوەری نیشتمانی و لەژێر سەركردایەتیەكەی هاوبەشدا دروستكردوە، بەبێئەوەی هیچ وردەكارییەكی تر لەوبارەیەوە ئاشكرابكات. سوننەكان لە دوای ساڵی 2003 و ڕوخانی رژێمی پێشوو، بەئاسانی ئەو دۆخە سیاسیە نوێیان پێقبوڵنەكرا، ئەوان بەدرێژایی 80 ساڵی ڕابردو بڕیاردەری یەكەمی عێراق بوون و هەموو جەستەی سیاسی وڵاتیان پێكدەهێنا، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی لە سەرەتاوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن، هاوكات خاوەن ماڵێكی سیاسی تەواو پەرتەوازەبوون و ناوچەكانیشیان لە دۆخی جەنگ و وێرانكارییەكی بەردەوامدابوو، وێڕایی دابەشبوونی سەركردەكانیان بەسەر جەمسەر و وڵاتە ئیقلیمیەكاندا،  هەموو ئەوانە بونە هۆی ئەوەی سوننەكان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەجۆرێك لە جۆرەكان بكەونە پەراوێزی پرۆسەی سیاسی و ڕۆلێكی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام ئێستا سوننەكان بەهێزترن لە ڕابردوو، بەهێزتریش گەڕاونەتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و لەڕووی پێگە و كورسی پەرلەمانیشەوە دووەم هێزن دوای شیعەكان و شوێنی جاران كوردیان گرتوەتەوە.  


( درەو میدیا):  لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا، چاودێرانی هۆشداری دەدەن لەوەی كە لە حاڵەتێكدا ئەگەر بنكەی ئینچەرلیك كە بنكەی سەرەكی هێزی ئاسمانی ناتۆیە لە توركیا و ناوەندی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە داعشە، دابخرێت، ئەوا ئەنكەرە باجەكەی زۆر بە قورسی دەدات. دوای ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتۆن كە هەردووكیان ئەندامی ناتۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هۆشداریدایە ئەمریكا و رایگەیاند " ناچاردەبن بەدوی هاوپەیمان و هاوڕێی نوێدا بگەڕێن". ئەم هۆشدارییەی ئەردۆغان دوای  پەیوەندییەكی تەلەفۆنی هات كە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا ئەنجامیدا و تێیدا چەند پرسێكی ئابوریی و بازرگانی و قەیرانی سوریایان تاوتوێكرد. ژمارەیەك لە پارێزەرانی نزیك لە حكومەتی توركیا سكاڵایان پێشكەشی دادگای ئەدەنە نزیكترین شاری بنكەی ئینچەرلیك كردووە و داوادەكەن  چەند ئەفسەرێكی ئەمریكی دەستبەسەربكرێن، بەتۆمەتی ئەوەی بەشداربوون لە هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی تەمموزی 2016ی توركیا. ئەو پارێزەرانە بە دیاریكراوی داوایانكردووە ژەنەراڵ " جۆزێف ڤۆتێل" فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستبەسەربكرێت. میدیاكانی ئەمریكا هەفتەی رابردوو ژمارەیەك بەڵگەنامەیان بڵاوكردەوە و كە ئاشكرایدەكەن، ژمارەیەك لە پارێزەرانی نزیك لە حكومەتی توركیا سكاڵایان پێشكەشی دادگای ئەدەنە نزیكترین شاری بنكەی ئینچەرلیك كردووە و داوادەكەن  چەند ئەفسەرێكی ئەمریكی دەستبەسەربكرێن، بەتۆمەتی ئەوەی بەشداربوون لە هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی تەمموزی 2016ی توركیا. ئەو پارێزەرانە بە دیاریكراوی داوایانكردووە ژەنەراڵ " جۆزێف ڤۆتێل" فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستبەسەربكرێت. دوای ئاشكرابوونی ئەو هەوڵەی توركیا، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا هەوڵیدا دۆخەكە هێوربكاتەوە و جەختیكردەوە كە پەیوەندیی نێوان هێزەكانی هەردوو وڵات نەگۆڕاوە و لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بە هەماهەنگییەكی پتەوەوە بەردەوامین لە كاركردن". فەرماندەی پێشووەی هێزەكانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" جیمس ستافریدیس دۆخەكە بە مایەی نیگەرانی دەبینێت و لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی " ئێم ئێس ئێن بی سی " وتی :" زیانی توركیا هەڵەیەكی جیۆسیاسی گەورە دەبێت و پێویستە بتوانین ئەوە رابگرین، بەڵام پێویستە توركیا لەم قۆناغەدا هەنگاوی یەكەم بنێت". بەڵام فەرماندەی پێشووەی هێزەكانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" جیمس ستافریدیس دۆخەكە بە مایەی نیگەرانی دەبینێت و لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی " ئێم ئێس ئێن بی سی " وتی :" زیانی توركیا هەڵەیەكی جیۆسیاسی گەورە دەبێت و پێویستە بتوانین ئەوە رابگرین، بەڵام پێویستە توركیا لەم قۆناغەدا هەنگاوی یەكەم بنێت". هاوكات بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەكانی تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست " جۆشوا  لاندیس" جەخت لەسەر هەمان بۆچوون دەكاتەوە دەڵێت لە قەیراندا لەگەڵ واشنتۆن توركیا زیانی زیاتری بەردەكەوێت. لاندیس لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس"  وتی:" باوەڕم وایە ئینچەرلیك دەمێنێتەوە و دەركردنی ئەمریكا نسكۆیەكی گەورە دەبێت بۆ توركیا و باوەڕم نیە كە ئەردۆغان ئەوەی بوێت. كڵاوەی ئەتۆمیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ساڵی 1951 و لە كاتی توندترین قۆناغی جەنگی سارددا لە باشووری توركیا بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیكی بونیادناوە، كە وەك بنكەیەكی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دادەنرێت و 50 كڵاوەی ئەتۆمی تێدا هەڵگیراوە لە چوارچێوەی هێزی بەرپەرچدانەوەی ناتۆدا و چەندین ساڵە ئاسایشی توركیای گەرەنتی كردووە.  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ساڵی 1951 و لە كاتی توندترین قۆناغی جەنگی سارددا لە باشووری توركیا بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیكی بونیادناوە، كە وەك بنكەیەكی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دادەنرێت و 50 كڵاوەی ئەتۆمی تێدا هەڵگیراوە. لە كاتی هێرشەكانی 11 سێپتەمبەری ئەمریكاوە، بنكەی ئینچەرلیك بووەتە بنكەیەكی سەرەكی گەیاندنی هاوكاری لۆجیستی بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی ناتۆ لە ئەفغانستان و هەروەها لە 2015ەوە رۆڵێكی گەورەشی گێڕاوە  لە ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا. بەڵام لەگەڵ زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی توركیا، چەند پسپۆر و شارەزایەت داوادەكەن ئەمریكا كەمتر پشت بە بنكەی ئینچەرلیك ببەستێت و ستیڤن كود لە ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەو بارەیەوە دەڵێت:" ناڵێم كە پێویستە لەسەرمان پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بچپڕێنین، بەڵام ئەو كەرەستەیەی كە توركەكان ئارەزووی دەكەن و زیاتر لە هەر كەرەستەیەكی تر ئاماژەی پێدەدەن ، گەیشتنە بە بنكەی ئینچەرلیك، ئەمەش زیاتر و زیاتر لە بایەخی كەمدەكاتەوە. بایپارتیزان پۆڵسی سەنتەر بۆ توێژینەوە كە هانی چارەسەری نێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان دەداتن لەسەر سایتی خۆی نەخشەیەكی ناوچەكەی بڵاوكردەوە و تێیدا هەموو ئەو چارەسەرە گونجاوانەی تێدا دیاریكراوە كە دەكرێن ببنە جێگرەوەی بنكەی ئینچەرلیك بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت هەردوو بنكەی ئاسمانی لە ئوردن و كوەیت. هەروەها ئاماژەیبەوەشداوە كە قەیران لەگەڵ ئەمریكا لەسەر ئاستی پرۆگرامە سەربازییەكان زۆر لەسەر توركیا دەكەوێت. لە ماوەی رابردووشدا كۆنگرێسی ئەمریكا رێگریكرد لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" كە فڕۆكەی شەڕكەری جۆری " ئێف 16 " رادەستی توركیا بكات، هەتا ئەنكەرە بەڵێن نەدا كە بەردەوام نابێت لە دانوستانەكانی لەگەڵ روسیا بۆ كڕینی سیستمی موشەی ئێس 400 ی دژە فڕۆكە، كە دەبێت نەتوانێت چاودێری  فڕۆكەی جۆری ئێف 35 بكات. هەروەها توركیا لە ساڵی 2002 ەوە لە كۆنسۆرسیۆمی نێودەوڵەتی بەشدارە كە بودجەی فڕۆكەی ئێف 35 دابیندەكات، بەوەش ئەنكەرە گرێبەستێكی قازانجبەخش بە بەهای 1.5 ملیار دۆلار لەگەڵ پاكستان لەدەستدەدات بۆ فرۆشتنی 30 هێلیكۆپتەری هێرشبەری دروستكراوی توركیای جۆری تی 129 ئەتاك. هەواڵنامەی " دیفانیس نیوز" ی تایبەت بە كەرتی بەرگری لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی سەربازی توركیاووە بڵاویكردەوە ئەو فڕۆكەیە چەند پارچەیەكی لە ئەمریكا دروست دەكرێت و واشنتۆن بڕیاردەدات هەناردەی بۆ توركیا رابگرێت، ئەگەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر تێكبچێت. لە ئاماژەیەكیشدا بۆ پەرۆشی بەرپرسانی توركیا بۆ رێگەگرتن لە گەورەتربوونی كێشەكان لەگەڵ ئەمریكا ، سەرەڕای بەردەوامی شەڕی راگەیاندنن كۆشكی سپی رایگەیاند رۆژی دووشەممە باڵیۆزی ئەمریكا لە واشنتۆن سەردار كیلیچ چاوی بە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا جۆن بۆڵتۆن كەوتووە. سەرچاوە: مۆنتیکارلۆ


( درەو میدیا): ریاز دەرار, هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات باڵی سیاسی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند هەفتەی رابردوو بۆ ئەنجامدانی خولێكی تری دانوستان لەگەڵ حكومەتی سوریا سەردانی دیمەشقی كردووە. دەرار راشیگەیاند وەفدەكە لەگەڵ حكومەتی سوریا گفتوگۆی نوێیان لەسەر دەستور و لامەركەزییەت كردووە و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز وتی:" دانوستان دوورودرێژە" و حكومەتی سوریا پێشنیازی كردووە ئەو ناوچەیەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە بەشداری هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان كە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. جەختیشیكردەوە كە ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی سورە لەسەر پاراستن و مانەوەی پەیكەر و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ناوچەكە لە هەر هەڵبژاردنێكدا كە لە داهاتوودا بكرێت. هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، وەفدەكە كە لە قامیشلۆوە هاتبووە دیمەشق گەڕایەوە بۆئەوەی راوێژی زیاتر بككات و ئاشكراشیكرد بەرپرسانی حكومەتی سوریا چەندین بابەت و پێشنیاریان خستوەتەڕوو كە هێشتا كاتیان نەهاتووە وتی:" ئێمە یەكەمجار پێویستمان بە رێككەوتنێكە لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەكان كە دەكرێت متمانە لە نێوانماندا بونیادبنێت". هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێ‌ سەرەكی پێكدێت لە یەكینەكانی یەپەگە و یەپەژە و هێزی پێكهاتەكانی تر و بە هاوكاری ئەمریكا رووبەرێكی بەرفراوانی سوریای لە دەستی داعش رزگاركردووە و هەموو رۆژئاوی كوردستان و بەشێكی خاكی باكور و خۆرهەڵاتی سوریای كۆنترۆڵكردووە كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت و ئا و كشتوكاڵ.  


( درەو میدیا):  بۆ جاری دووەم و لە ماوەی چەند ڕۆژیكدا، بەرپرسانی ئەمریكا و توركیا یەكتر دەبینن، لەپێناو هێوركردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانەی كە لەنێوان هەردوو وڵات سەریانهەڵداوە، ئەوەش دوای دادگای كردنی قەشەیەكی ئەمریكی لەتوركیا،  كەبوە یەكێك لەهۆكارەكانی قەیرانی دابەزینی دراوی توركی و، تائەم ساتە ئەنكەرە تەئكیددەكات كە هەڕەشەكانی واشتنتن چۆكی پێدانادات. دوێنێ‌ دووشەممە، سەردار قالیج باڵیۆزی توركیا لەولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا كۆبۆتەوە، سارا ساندرز وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتی ئەمریكا دیدارەكەی نێوان ئەو دوو بەرپرسەی بەبنیاتنەر وەسفكردوە، ئاماژەی بەوەشكردوە لەدیدارەكەدا پرسی قەشە ئەندرۆ برانسۆن و دۆخی پەیوەندییەكانی ئەمریكا وتوركیا تاوتوێكراوە. لەپەراوێزی دیدارەكەدا، كیڤن هاسیت ڕاوێژكاری ئابوری كۆشكی سپی، ڕایگەیاندوە، ئیدارەی ئەمریكا لەنزیكەوە چاودێری دۆخی دارایی توركیا دەكات، دوای ئەو پاشەكێشێ‌ زۆرەی لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار تۆماریكرد.      باسی ئەوەیشیكردوە، بڕیاڕی زیادكردنی باج لەسەر ئاسنی توركی لەلایەن سەرۆك (ترەمپ)ەوە، بەشێكی بچوكی لەكۆی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا گرتۆتەوە، ئەوەش بەومانایەی دابەزینی لیرەی توركی بە ڕێژەی 40% دەرخەری ئەوەیە كە كۆمەلێك  كارلێكی بنچینەیی لەئابوری توركیا بەشێوەیەكی دروست كارناكات و ناچێت بەڕێوە.      هەفتەی ڕابردوش، وەفدێكی توركیا كە پێكهاتبو لە، سەعدەت ئۆنال جێگری وەزیری وەزیری دەرەوەو سەردار قالیج باڵیۆزی توركیا لەولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەواشنتن لەگەڵ وەفدێكی ئەمریكی بەسەرۆكایەتی جۆن سولیڤان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبونەوە، وەك هەولێك بۆ هێوركردنەوەی قەیرانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كە ئەندامن لەهاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بەڵام پێدەچێت دیدارەكە هیچ ئەنجامێكی بەئاڕاستەی چارەسەری قەیرانەكان نەبوبێت و لەوكاتەشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، گفتوگۆكان بەردەوامن.   نزیكەی ساڵ و نیوێك قەشەی ئینجیلی ئەمریكی برانسۆن لەتوركیا دەستبەسەربو، ئەوەش دوای ئەوەی بەمدواییانە ئازادكراو خرایە ژێر مانەوەی زۆرەملێ‌ كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیایەوە بەپشتیوانی هەوڵی كودەتا شكستخواردوەكە لەتوركیا و سیخوڕیكردن و تیرۆر تۆمەتباركراوە، بەو هۆیەشەوە دۆناڵد ترەمپ سزای بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی توركیا سەپاندو، باجی گومرگیی وڵاتەكەشی لەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی هاودەكراوی ئەو وڵاتە بۆ دوو هێندە زیادكرد، ئەوەش بوە هۆی قوڵكردنەوەی زیاتری كێشەكانی نێوانیان.   


( درەو میدیا): وتەبێژی ڕەوتی حیكمە ڕایدەگەیەنێت، عەممار حەكیم هەوڵی لێنزیكردنەوەی موقتەدا سەدر و نوری مالیكی دەدات. نەوفەل ئەبو ڕەغیف، وتەبێژی ڕسمی ڕەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوە، سەرۆكی ڕەوتەكەیان سەرقاڵی لێكنزیكردنەوەی دید و بۆچونەكانی نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر سەرپەشتیاری هاوپەیمانی سائیرونە. ئەبو ڕەغیف ئاماژەی بەوەشكردوە، حەكیم گفتوگۆیەكی چڕوپڕی لەگەڵ سەرجەم  لایەنەكان دەستپێكردوە و ڕۆژانە بەبەردەوامی كۆبونەوەكانی ئەنجامدەدات.  


( درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاتوێكردنی چەند پرسێك بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حوكمەت بەرەو ئەنكەرەی پایتەختی توركیا كەوتەڕێ‌. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست درەو میدیا كەوتوە، ئاشكرایكرد، ئەمرۆ سێ شەممە عەبادی بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومی بەرەو ئەنكەرەی پایتەختی توركیا بەڕێكەوتووەو بڕیارە لەمیانی سەردانەكەیدا پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئەنكەرەو عێراق و، چەند دۆسیەیەكی تایبەت بەئاو و كارەباو تەندروستی و پیشەسازی ووەبەرهێنان و ئاسایش و ڕۆشنبیری وچەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكات.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand