فشاری پشكێنە ئاستەنگ بۆ كاندیدە ئەلیكترۆنیەكان دروستدەكات
2018-10-15 10:32:38
(درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەردەوامە لە جموجۆڵەكانی بۆ پێكهانی تیمە وزارییەكەی، لە سایەی فشار و خواستی ئاشكرای هەندێك لە هێزەكان بۆ وەرگرتنی وەزارەت، كە بوەتە ئاستەنگێكی جدی بۆ پرۆژەی خۆكاندیدكردنی ئەلیكترۆنی كە عەبدولمەهدی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایدەكات، فشارەكان لەسەر عەبدولمەهدی لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ڕاگەیاندنی پێكهێنانی حكومەت توندتر بوەتەوە، كە دەستور مانگێكی بۆ دیاریكردوەو، بەوپێیەش وادەی ڕاگەیاندنی حكومەتی ئایندە نابێت لە 2 ی مانگی داهاتوو تێپەڕبكات كە 17 ڕۆژی ماوە.
بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، ئەو فشارانە بژاردەكانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرتەسكردوەتەوە، ڕاشیگەیاندووە، عەبدولمەهدی بەدەست ئەو فشارانەوە دەناڵێت كە هەندێك لە هێزە شیعەكان لەسەریان چڕكردوەتەوە، لە كاتێكدا بانگەشەی پشتیوانیكردنی بێلایەنەكان دەكەن، بەڵام فشاردەكەن بە ئاراستەی قبوڵكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان، جەختیشیكردوەتەوە كە ئەو كارە كاتی زۆری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە, نوێنەری پێكهاتەو كەمینەكان داوای وەزارەتیان كردووە بۆ كۆتایهێنانی بەو پەراوێزخستنەی كە ڕووبەڕووی بونەتەوە لە حكومەتەكانی پێشوودا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویش بەڵێنی داوە دیراسەی داواكارییەكان بكات بەو مەرجەی دژبە كاری حكومەتی داهاتوو نەبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، سەركردەی هێزە سوننیەكان پێداگری دەكەن لە وەرگرتنی پشكی خۆیان لە حكومەتی داهاتوو، هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننەش ئەو پەیامەیان بە عەبدولمەهدی گەیاندووە كە متمانە بەهیچ حكومەتێك ناكەن ئەگەر نوێنەرایەتیان نەبێت تیایدا، لەترسی پەراوێزخستینان لە دەسەڵات.
(ناجح میزان) سیاسی عێراقی، ئەم داواكارییەی سوننەكان بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی داهاتوو بە كارێكی لۆژیكی ناودەبات، بەپێی بنەمای پشكێنە كە لە ساڵی 2003وە لەعێراق پیادەدەكرێت، دەشڵێت، سوننەكان داوای پشكی خۆیان دەكەن، هەروەك ئەوەی پێكهاتەكانی تر داوای دەكەن.
ئەو سیاسییە عێراقییە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا پرسیاری ئەوەش دەكات، ئەگەر پێویست بكات سوننەكان دەستبەرداری پۆستەكانیان بن، ئەی بۆچی شیعەكان دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران نابن و نایدەن بە پێكهاتەیەكی تر؟ بەگرنگیشی زانیوە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو فرەرەنگی گەلی عێراق لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا بەهەند وەربگرێت.
پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكان ئاماژەیان بەوەدا، سەركردەكانی سوننە داوایان لە عەبدولمەهدی كردووە هەندێك جیاكارییان بۆ بكات و، ڕازیبێت بەوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشو، لە حكومەتی ئایندەدا پۆست وەربگرنەوە.