Draw Media

( درەو میدیا): " بێ دادگاییكردنی رۆژانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و قسەكردن لەسەر ئەو روداوانە، ناكریت دادگایی رۆژانی دوای ریفراندۆم بكەین" ئەوەی بوە هۆكاری كەوتنی كەركوك، ریفراندۆم و كورتبینییەكانی ئەندازیارانی ریفراندۆم بو" ئەمە وتەی ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەلبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوكی یەكێتیە كە لە نوسینێكدا بەناوی (دادگاییكردنی ریفراندۆم: روداوەكانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم) بڵاویكردۆتەوە. ئاسۆ مامەند ئاماژە بەوەش دەكات نێچیرڤان بارزانیی پێی وتم:" ئاسۆ پێویست ناكات قسەبكەیت. ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ناكرێت  منیش بێدەنگ بوم چونكە بەڵێنم پێدرابو كە ریفراندۆم نەكرێت" دەقی وتارەكەی ئاسۆ مامەند دادگاییكردنی ریفراندۆم: روداوەكانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم ئاسۆ مامەند هەركاتێك گوتەیەكی بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی هێزە سیاسییەكان لەبارەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆوە بڵاودەكرایەوە، من زیاتر سووردەبوم لەسەر بەرگریكردن لە كەركوك و رێگرتن لە راكێشانی بۆ ناو ململانێی سیاسیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق چونكە من لەدوای ٢٠٠٣ەوە یەكێكم لە نزیكترین كەسەكان كە دیوی ناوەوەی رووداوەكانی كەركوك ئاگادارم. لەو چەند ساڵەی رابردووش كە زیاتر باس لە دەوڵەتی كوردیی و ریفراندۆم دەكرا، من بەتەواوی بوومە لایەنێكی ناو گەمە سیاسییەكان. لەو وتارەدا، دیوی ناوەوە و رووداوەكانی پشتی پەردە ئاشكرادەكەم. لەبەرئەوەی لەدوای ١٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە هەڵمەتێكی گەورەی ناشیرینكردن دژی ئێمە بەڕێوەدەچێت، من هەوڵنادەم وەڵامی هیچ تۆمەتباركردن و پڕوپاگەندەیەكی حیزبیی و سیاسیی بدەمەوە، هەوڵدەدەم هاووڵاتییانی كوردستان لە هەركوێیەكی دونیا بن، ئاشنابكەم بەوەی ریفراندۆم چۆن كرا، بۆچی كرا، كێ دژ بوو و كێ پشتیوان بوو، هۆكارەكانی پشتیوانیی و دژایەتییەكان چی بوون. رووداوێكی گەورەی وەكو ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان، شایانی ئەوەیە بەوردتر قسەی لەبارەوە بكەین. من بۆ ئەوەیان داوای لێبوردن دەكەم كە لە كاتی خۆیدا نەمتوانی هەموو شتەكان باسبكەم چونكە پێموابو دەتوانم لە پشتی پەردەوە كاریگەریی خۆم بەكاربێنم بۆ پاراستنی كەركوك و خەڵكەكەی، بەڵام بە كۆمەڵێك هۆكار نەمتوانی.  لەدوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر موسڵ لە ٢٠١٤، سوپای عێڕاق لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كشایەوە. ئەمە دەرفەتێكی دایە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی كێڵگەكانی نەوتی كەركوك كۆنترۆڵ بكات. هەرزو حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و دواتریش بەڕاستەوخۆ نەوتی كەركوك و هەرێمی كوردستانی فرۆشت. دەستبەسەرداگرتنی نەوتی كەركوك زیاتر وای لە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، رونتر وای لە پارتیی دیموكراتیی كوردستان و خودی سەرۆكی پارتیی مەسعود بارزانیی كرد كە بانگەشەكانی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ توندتر بكات. بارزانی ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بو، برازا و زاواكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بو، كوڕەكەی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان بو. پارتی ئابوریی و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی دەرەكیی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كۆنترۆڵكردبوو. ئەمە دەرفەتی زیاتری بە پارتیی بەخشیبوو كە بانگەشەكانی دەوڵەت و ریفراندۆم زیاتر بانگەشەی خۆیان بن نەك بانگەشەی خەڵكی هەریمی كوردستان.  ئەمانە وایان كرد لە سەرەتای جولای ٢٠١٧، مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و و یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و چەند هێزێكی دیكە، رۆژی ریفراندۆم رابگەیەنن، واتا بڕیاردرا لە ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و كەركوك ئەنجامبدرێت.  ئەمە سەرەتای رووداوێك بوو كە بووە رووداوێكی سیاسیی گەورەی نەك هەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. هەر لە سەرەتاوە، ویست و ئامانج و هۆكاری هەر هێز و گروپ و كەسێك لە پشتیوانییكردن و دژایەتییكردنی ریفراندۆم جیاواز بو، هەر بۆیە؛ من دەبوایە زوو بڕیاربدەم تا بتوانم لەو رووداوە كە داهاتوو و چارەنووسی گەلەكەم و كەركوكی پێوە بەندبوو، نەكەومە هەڵەیەكی سیاسیی گەورە كە بۆ ئەبەد لە خۆم خۆشنەبم.  من ئەندامی حیزبێكم، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە یەكێك لە دروشمەكانی “مافی چارەی خۆنوسین،”ە، بۆیە؛ بڕیاردان بۆ من زۆر ئاسان بوو ئەگەر بەڕووكەشیی بڕیارمبدابووایە و بكەوتبوومایە ژێر كاریگەریی گوتاری ناسیۆنالیستیی كوردیی و سۆزی حیزبییانەی خۆم بۆ وەدیهێنانی ئەو مافە. هەرزوو بۆ هەرێمی كوردستان دەكرا بە بڕیارێكی باشی بزانم، لای كەم بۆ ئەوەی دژ بە بەغداد بەكاریبێنین و دەستكەوتی زیاتر بەدەستبێنین، بەڵام كاتێك كەركوك بووە چەقی ململانێكە، من بەجدیی كەوتمە قەناعەتپێهێنانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد تا كەركوك نەخەنە ناو گۆماوێكی قوڵی لێڵەوە كە خنكان تێیدا ئەگەرێكی زۆر بەهیزتر بوو لە پەڕینەوە لێی.  لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی لە سەرەتایی مانگی ئەیلولی 2017، یەكێتیی زۆر بەڕاشكاویی رای خۆمم دەربڕی، بەتایبەت لە ریفراندۆم لە ناوچەكانی جێناكۆك. بە سەركردایەتییم گوت: كە ریفراندۆم لە ناوچەكانی جێناكۆك و كەركوك دەبێتە هۆی بەخشینی بەهانە بۆ دژایەتییكردنی عێڕاق و وڵاتانی ناوچەكە و خەڵكی كەركوك كە دواجار وا دەكات كەركوك لەدەستبدەین. دوابەدوای ئەو كۆبونەوەیە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی كرا، كە تێیدا هەمو دەزگاكانی یەكێتیی لە كەركوك بەشدارییان كرد. بە تێكڕای دەنگ دژی ئەوە بوین ریفراندم لە كەركوك ئەنجامبدرێت. یاداشتێكمان ئامادەكرد بۆ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی. ئینجا دەستمانكرد بە كۆبونەوە لەگەڵ چین و توێژەكانی كەركوك بۆ ئەوەی باشتر بزانین رای هەموان چییە. دەستمانكرد بە لۆبیكردن دژی ریفراندۆم چونكە هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماڵوێرانیی گەورە بەدوای خۆی دەهێنێت.  بە چەند ڕۆژێك بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەسعود بارزانیی، كۆسرەت رەسول عەلی، حەمەی حاجی مەحمود، سەلاح دەلۆ، كەمال كەركوكی، لقی كەركوكی پارتیی و چەند هەڤاڵێكی مەڵبەندی یەكێتیی كۆبونەوەیەكمان ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا زۆر بەڕاشكاوانە تەواوی مەترسییەكانمان پێڕاگەیاندن و باسی دۆخی نالەباری پێشمەرگە و نابەرانبەریی عەسكەریی نێوان سوپای عێڕاق و هێزی پێشمەرگەمان كرد، هەڕەشە جدییەكانی وڵاتانی دەوروبەرمان بۆ رونكردنەوە، باسمان لەو هەڵە ستراتیژییە كرد كە پێشنیازەكانی ئەمریكا و ئەوڕوپا رەتبكەینەوە. دوای ئەمە، خۆم و د نەجمەدین كەریم، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك كە دۆستایەتییەكی بەتینی لەگەڵ مەسعود بارزانیی دروستكردبوو، كۆبونەوەیەكی دو-قۆڵییمان ئەنجامدا. لە كۆبونەوەكەدا زۆر بەڕاشكاویی پێم گوت: “د. نەجمەدین لەبەر خاتری من و یەكێتیی و كەركوك، تكات لێدەكەم، كاك مەسعود گوێ لە تۆ دەگرێت، تكات لێ دەكەم تكایە هەوڵبدە وا بكەیت ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنەدرێت، ئەگینا كەركوك لەدەستدەدەین.” ئەوكات د. نەجمەدین بەڵێنی پێدام كە ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنارێت “بەڵام جارێ ئیعلانی ناكەین تا دوو رۆژ پێش وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی ئۆفەری ئەمریكا و یەكێتیی ئەوڕوپا باشتر بێت و زیاتر بەرژەوەندیی بدەنە كورد.”  دوای ئەمە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، كۆبونەوەیەكی تر لە هەولێر ئەنجامدرا، كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بو. هەڤاڵانم كاك كۆسرەت و كاك مەلا بەختیار و كاك سەعدی پیرە پەیوەندییان پێوە كردم دڵنیایان كردمەوە كە لە كۆبونەوەكەدا تەئكیدكراوەتەوە كە ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنادرێت “كەركوكمان لە ریفراندۆم دەركردوە.” بۆ رۆژی دواتر، لە سەری رەش كۆبونەوەیەكی تر ئەنجامدرا بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی، كۆسرەت رەسول، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی و سەلاحەدین بەهائەدین و من. لەوێدا نێچیرڤان بارزانیی بە منی گوت: “ئاسۆ پێویست ناكات قسەبكەیت. ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ناكرێت.” منیش بێدەنگ بوم چونكە بەڵێنم پێدرابو كە ریفراندۆم نەكرێت. لەو كۆبونەوەیەدا باسی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تیلەرسنیش كرا. باس لەوە كرا كە “لە ئێستادا ئەوە راناگەیەنین كە لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم ئەنجامنادەین بۆ ئەوەی دەستكەوت و زەمانەتی زیاتر بەدەستبێنین.”  دوای هاتنەكەی مەسعود بارزانییش بۆ سلێمانیی بە چەند ڕۆژێكی كەم بەر لە ڕیفراندۆم بۆ بانگەشەی ریفراندۆم، لەو كاتەدا دیارە كۆبونەوەیەك ئەنجامدرابو. بۆ شەوەكەی، هەڤاڵێكی مەكتەب سیاسیی تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی: “ئاسۆ ئاگات لێ بێت، دەیانەوێت ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامبدەن.”  ئەمە وای كرد دیسان هەوڵەكانم بخەمەوەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو كارەساتانەی كە پێشبینییم كردبوون لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك، رێیان لێ بگرم. ئەمجارە كارێكی جدییترمان كرد؛ یاداشتێكمان ئامادەكرد كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك-لیستی یەكێتیی، سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كەركوك و یاداشتەكەی مەڵبەندمان هاوپێچ كردن و ناردمان بۆ لیژنەی باڵای ریفراندم.  هەموتان بیرتانە خۆپیشاندانێك لەسەر قەڵای كەركوك رێكخرا. كاك كۆسرەت داوای لێكردم كە خۆپیشاندانەكە رێكبخەین. منیش داواملێكرد بەو مەرجە خۆپیشاندانەكە رێكدەخەین كە لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت. ئەویش بەڵێنی پێداین و ئێمەش لەسەر بنەمای بەڵێنەكە خۆپیشاندانەكەمان ئەنجامدا. لە ٢٣ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێكی تر هەڤاڵ ڕەوەندمان راسپارد كە لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان كۆببێتەوە و وا بكەین هەمو لایەك هەوڵبدەین ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنەدرێت.  دوای ئەوەی دڵنیابوین كە ئەو بەڵێنانەی پێمان درابوون بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە كەركوك وەك خۆیان جێبەجێناكرێن، شەوی ٢٣/٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ كۆبونەوەیەكی سەركردایەتیی یەكێتیی كەركوكمان رێكخست كە تەواوی سەركردەكانی كەركوكی یەكێتیی بەشداربون جگە لە د. نەجمەدین كەریم. كە دڵنیابوین ریفراندۆم ئەنجامدەدەن، بەیاننامەیەكمان ئامادەكردبو كە ئەوەمان راگەیاندبو كە ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك كە جگە لە د. نەجمەدین كەریم تەواوی سەركردایەتیی یەكێتیی كەركوك، ئەندامانی پارلەمان، كادرانی پێشكەوتوی یەكێتیی و دەزگاكانی یەكێتیی لە كەركوك هاوڕا بوین.  درەنگانی شەو كاك كۆسرەت تەلەفۆنی كرد و گوتی: “ئێوە دەتانەوێت شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێننەوە،” منیش بەڕاشكاوانە پێمگوت كە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە كەركوك و هیچ ئامانجمان شەڕی براكوژیی نییە.”  هەر هەمان شەو كاك نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆنی كرد و داوای لێ كردم كە ئەو بەیاننامەیە بڵاونەكەینەوە، پێیگوتم: “بەیانی (٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧) كۆبونەوەیەك لە سەری رەش ئەنجامدەدەین.” منیش لەگەڵ هەڤاڵانم رێككەوتین كە بەیاننامەكە دوابخەین.  لە ٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێكی تر كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە سەری رەش ئەنجامدرا. منیش وەكو لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك بەشداربوم كە لێپرسراوی لقی پارتیی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رێبوار تاڵەبانی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان مامۆستا كاكەڕەش بەشداربوین. بۆ چەندەهەمین جار پێمان راگەیاندنەوە كە ئەو ریفراندۆمە نابێت لە كەركوك ئەنجامبدرێت. لەوێ بیرمخستنەوە: “ئێوە هەموتان بەڵێنتان پێدام كە ریفراندۆم لە كەركوك ئەنجامنادرێت.” كاك نێچیرڤان وەڵامیدامەوە و گوتی: “بەڵێ، بەڵێنمان دابوو كە ریفراندۆم لە كەركوك ناكرێت.” دوای كۆبونەوەكە من گوتم دەڕۆمەوە كەركوك. كاك مەسعود بارزانی لەوە تێگەیشتبو كە ئێمە نامانەوێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، هەر بۆیە بە كاك كۆسرەتی گوت: “تۆ بڕۆ بۆ كەركوك و سەرپەرشتیی ریفراندۆم لە كەركوك بكە.” ئەوە بو لەگەڵ كاك كۆسرەت گەڕاینەوە، فشارەكانی ئەوان بەهێزتر بون. ئێمە لەنێوان بژاردەی رێگرتن لە ریفراندۆم و ئەگەری پێكدادانی عەسكەریی، ناچار بوین هیچیان هەڵنەبژیرین. ئێمە چ وەك كەسایەتیی سیاسیی و پێشمەرگە، چ وەك حیزب، لە دەستپێكی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە تا ئەمڕۆ، زۆرترین قوربانییمان لە پێناو كەركوك داوە، زۆرترین كاریگەرییشمان لە كەركوكە، كەركوكییەكانیش زۆرترین هاوسۆزیی و خۆشەویستییان بۆ ئێمە و یەكێتیی هەبوە. لەگەڵ توركمان و عەڕەب و كاكەیی و مەسیحیی كەركوكیش هەر ئێمە نزیكایەتیی زیاترمان هەبوە. خۆشمان ئاگاداریی تەواوی ئەو پلانە و نیگەرانییە عێڕاقیی و توركیی-ئێرانیی و ئەمریكیی و بەڕیتانییا و ئەوڕوپییانە بوین كە لەبارەی كەركوكەوە هەبون. هەمو وردەكارییەكانی ئەگەری سەركەوتن و شكستی ریفراندۆمیشمان بە دۆكیومێنت ئامادەكردبوو. كەچی هەر ویست و كورتبینیی خۆیان سەپاند بەسەر خەمخۆریی و تێگەیشتنە قوڵ و دوربینییەكانی ئێمە. هەر بۆیە، بێ دادگاییكردنی رۆژانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و قسەكردن لەسەر ئەو روداوانە، ناكریت دادگایی رۆژانی دوای ریفراندۆم بكەین. ئەوەی بوە هۆكاری كەوتنی كەركوك، ریفراندۆم و كورتبینییەكانی ئەندازیارانی ریفراندۆم بو. ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەلبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوك 25-9-2018  


(درەو میدیا): قادری حاجی عەلی داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات بەشداری دەنگدان بكەن و دەنگ بدەن بە گۆڕان. لە چاوپێكەوتنێی كورتدا لەگەڵ ( درەو میدیا)، قادری حاجی عەلی راشیدەگەیەنێت سەرەڕای هەموو گلەیی و گازەندە لە سەركردایەتی گۆڕان و كەموكورتییەكانیان لە ئیدارەدانی بزوتنەوەكە سەرەڕای دەركەوتنی هەندێك هێمای خراپ بۆ لادان لە پرەنسیپەكانی و هەوڵی بەلاڕێدابردنی بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی خەڵكی كوردستان جیاوازی لە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار و گۆڕاندا نەكات بەتایبەتیش كە تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئەلتەرناتیڤێكی باشتر لە ئۆپۆزسیۆندا بۆ گۆڕان درووست نەبووە. داواش لە گۆڕانخوازان  دەكات بچن دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی گۆڕان و لە پاش 30ی ئەیلولیش، دەنگ هەڵبڕن بۆ چاكسازی ناوخۆی گۆڕان . دەقی چاوپێكەوتنەكە:   درەو میدیا: هۆكاری دەرنەكەوتنتان لەم هەڵبژاردنەدا چیە؟ قادری حاجی عەلی: دەرنەكەوتنی ئەمجارە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیژنەیەكی نوێ لە هاوڕێیانمان سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن ئێمەش لای خۆمانەوە پشتیوانیانین. درەو میدیا:  ئەتانەوێت چی پەیامێك بگەیەنن بۆم هەڵبژاردنە  ؟ قادری حاجی عەلی: هانی گۆڕانخوازان و تەواوی خەڵكی كوردستان  دەدەین  بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە گۆڕان، سەرەڕای هەموو گلەیی و گازەندە لەسەركردایەتی گۆڕان و كەموكورتیەكانیان لە ئیدارەدانی بزوتنەوەكە سەرەرای دەركەوتنی هەندێك هێمای خراپ بۆ لادان لەپرەنسیپەكانی و هەوڵی بەلاڕێدابردنی بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی خەڵكی كوردستان جیاوازی لە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار و گۆڕاندا نەكات بەتایبەتیش كە تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئەلتەرناتیڤێكی باشتر لە ئۆپۆزسیۆندا بۆ گۆڕان درووست نەبووە. درەو میدیا: قسەیەكی تایبەتتان هەیە بۆ ئێستاو داهاتووی  گۆڕان ؟ قادری حاجی عەلی: داوام لە گۆڕانخوازان ئەوەیە  بچن دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی گۆڕان و لە پاش 30ی ئەیلولیش، دەنگ هەڵبڕن بۆ چاكسازی ناوخۆی گۆڕان  و هێنانەوەی بۆسەر سكەی خۆی و پرەنسیپەكانی، كە بۆ دژایەتی گەندەڵی و بە بنەماڵەكردنی سیستم و سیاسەت و ناعەدالەتی درووست بووە، هەروەك رەحمەتی كاك نەوشیروان لە پێناویدا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند.


( درەو میدیا): سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 2 مانگی تشرینی یەكەم وەك دوا وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات، هەندێك لە كوتلەكانیش هەڵوێستی كاندیدەكانیان لەسەر ڕیفراندۆمەكەی هەرێم كردوەتە مەرج.  دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی ، لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی كۆماری عێراق نەگەیشتنە ڕێككەوتن، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە  دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بۆ ڕۆژی 2ی مانگی داهاتوو دواخست كە بەپێی ئەو كاتەی دەستوری عێراق دەسانیشانیكردووە دوا وادەیە و بواری دواخستنی نیە بۆ كاتێكی تر. بەپێی زانیارییەكان، بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق دوای ئەوە هاتووە كە یەكێتی و پارتی داواكارییان پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە و پێدانی دەرفەتی زیاتر بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە. ململانێی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە كاتێكدایە، تائێسا نزیكەی 30 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە و هەندێ لە كوتلە سیاسییەكانیش مەرجێكی نوێیان بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار داناوە كە ئەویش هەڵوێستیەتی لەسەر ڕیفراندۆمی ساڵی رابردووە هەرێم بۆ جیابوونەوە لە عێراق. جەواد موسەوی  پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەكەیان مەرجێكی نوێی داناوە بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار . بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتی سەدر، دوور لەڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێویستە لەسەر هەر كاندیدێك لەگەڵ باسكردنی سیڤی كەسایەتی خۆی، هەڵوێستیشی لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرابكات.


(درەو میدیا): هاوپەیمانێتی میحوەر بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر پشتگیری لە فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. موزەر كەرویی، سەركردە لە هاوپەیمانێتی میحوەری سوننەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند میحوەر بەهەموو توانایەوە پشتگیری لە فوئاد حسێن كاندیدی پارتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. ئاشكراشیكرد ئەو هەڵوێستە لە بڕیاری كۆبوونەوەی بەرفراوانی سەركردەكانی هاوپەیمانی میحوەر بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر بڕیاری لێدراوە. ئاماژەیبەوەشدا لە سۆنگەی ئەوەی دید و بۆچوونی هاوبەشیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە پشتگیری لە كاندیدەكەی دەكەن.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  ئێستا ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتوەتە لوتكە، بە جۆرێك وەك فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی پێدەكات" پاكێجە هاوبەشەكەی پارتی و لەگەڵ یەكێتی هەڵدەوەشێنێتەوە" ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەرهەم ساڵحی كردە تاكە كاندیدی رەسمی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كە ئەوەش بەرهەمی هەوڵی بەردەوامی لاهور تاڵەبانی و بە پلەی یەكەمیش بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی بوو، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەشدا پارتی و بەتایبەتیش خودی مەسعود بارزانی، فوئاد حسێنیان كاندیدكردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و لە بەیاننامەیەكیشدا بارزانی دەڵێت" بەهەموو توانایەك پشتیوانی د. فوئاد حسێن دەكەین" . هەرچەندە مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەخنەی توندی لە وەفدی پارتی گرت بۆ بەغدا" كە تاك لایەنە پارتی چوەتە بەغدا و دژی یەك هەڵوێستییە" و لەبەرامبەریشدا مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەكدا جەخت دەكاتەوە" پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە" بەڵام ئێستا ململانێكە چڕبوەتەوە لە نێوان كاندیدی مەسعود بارزانی كە ( د. فوئاد حسێن)ەو كاندیدی ماڵی مام جەلال و بەتایبەتیش بافڵ تاڵەبانی كە ( د. بەرهەم ساڵح)ە پرسیارە جدیەكە ئەوەیە ئایا یەكێتی مل بۆ پارتی دەدات بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كە ماوەی  لە 12 ساڵە لایەتی، یاخود سوردەبێت و دواجار شەڕەكە دەبەنە ناو پەرلەمانەوە. مەسعود بارزانی كە بەوە ناسراوە سیاسییەكی عینادە و ملنادات بۆ هیچ داوا و فشارێك، ئایا ئامادەیە كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە لە هەمانكاتدا كاندیدی دیاری كراوی خۆیەتی بكشێنێتەوە و ئەو پۆستە بداتەوە بە یەكێتی. ململانێی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كە ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار چڕبوەتەوە، بە ململانێی ( مەلایی و جەلالی نوێ) دادەنرێت و چاوەڕەوانیش ناكرێت لەم بارودۆخەی ئێستا و لەناو هەڵمەتی هەڵبژاردندا هیچ كامیان سازش بۆ یەكتربكەن، بۆیە ئەگەری توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولای لێدەكرێت، لانی كەم هەتا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دواتریش ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كاریگەری لەسەر دەبێت، وەك چۆن پشتیوان سادق ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەڵێت" ئەگەر یەكێتی پێی وابێت بەبێ پارتی سەرۆك كۆمار دادەنێت، دەبێت چاوەڕەوانی ئەوەش بكات پارتی بەبێ یەكێتی حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنێت". ململانێی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها پەیوەست نیە بە ناوخۆی كوردستانەوە بەڵكو رەهەندێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشی هەیە، بەو پێیەی ئەمریكیەكان هەر لەسەرەتاوە هەوڵەكانیان خستوەتەگەڕ بۆ دانانی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار، ئەو هەنگاوەی مەسعود بارزانی، بۆ دژایەتیكردنی كاندیدەكەی یەكێتی راستەوخۆ دژایەتیكردنی بەرژەوەندی و سیاسیەتەكانی ئەمریكایە، كە هاوشێوەی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول بارزانی هەموو پێشنیاز و هەوڵێكی ئەمریكای رەتكردەوە. بۆچی بارزانی بەرهەم ساڵح رەت دەكاتەوە دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن مەسعود بارزانیەوە راستەوخۆ رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵحە، كە پێشتر بارزانی لاری نەبووە لەسەر كاندید بونی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار، چی لەلای ئەمریكیەكان و چی لەلای خودی بەرهەم ساڵح خۆیشی. خەسرەو گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە " تێبینیمان لەسەر خودی بەرهەم ساڵح هەیە" بەڵام بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح لەلایەن بارزانی و پارتیەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی پێی وایە كاندید كردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن ئەو باڵەی یەكێتیەوەیە كە پارتی بە " گروپی 16ی ئۆكتۆبەر) ناویان دەبات، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا بافێڵ و قوباد و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چونە لای مەسعود بارزانی و بەپێی راگەیەندنەكانیش داوای لێبوردنیان لە مەسعود بارزانی كردووە، بەڵام وا دیارە بارزانی دڵی لێیان پاك نەبۆتەوە. بۆچونێكی تریش هەیە كە بەرهەم ساڵح لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت و لە چوارچێوەی بەرەی ئێرانیدا كاردەكات، ئەگەرچی هەندێك پێیان وایە ئێرانیش پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات. هەڵوێستی لاینە عێراقییەكان لایەنە عێراقییەكان  بە تایبەتی هەردوو بەرەی شیعەكان، كە خۆشیان تائێستا لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران لە ململانێدان و نەگەیشتونەتە سازان و رێككەوتن، چاوەڕەوانی تاكە كاندیدی یەكلاكەرەوەی كوردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە كە لە ( سائیرونی موقتەدا سەدر و نەسری عەبادی و حیكمەی عەبادی و وەتەنیەی عەلاوی) پێكهاتووە دوای كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لە هۆتێل بابلی شاری بەغدا سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمارلە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "هاوبەشە كوردەكانمان هاندەدەین هەڵوێستیان یەكبخەن و یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش بكەن، بە پێچەوانەوە هێزەكانی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكرنەوە ڕێكدەكەون لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدێكیان". بەواتای ئەگەر كورد خۆی لەسەر كاندیدێك یەكلانەكاتەوە ئەوا ئەوان بە پشتگیریكردن لە كاندیدێكی كورد لە نێوان دوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتیدا پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلادەكەنەوە. محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كە لەلایەنی بەرەی دووەمی شیعەكانەوە پشتگیری لێدەكرێت و پێكدێت لە ئیئیتلافی ( فەتحی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و بەشێك لە سونیەكان پێكدێت) لە شاری نەجەف دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی وتی:" نزیكەی 30 كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارمان هەیە، ئەگەر بە تەوافوق یەكلانەكرایەوە پەنا بۆ دەنگدان دەبەین". بەو پێیەش ئێستا یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لای لایەنە عێراقییەكان لەبەردەم دوو ئەگەردایە یان كاندیدی تەوافوقی لایەنە كوردییەكان یاخود هەریەكە و بە كاندیدی خۆی دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و لە پەرلەماندا یەكلادەكرێتەوە. چۆن پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلادەكرێتەوە بە گوێرەی رێوشوێنە دەستورییەكان، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق رەنگە بكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو بەپێی لێكدانەوەكان یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لەبەردەم چەند سیناریۆدایە، لەوانە: سیناریۆی یەكەم: یەكێتی و پارتی رێكناكەون لەسەر كاندیدی تەوافوقی و هەردوكیان بە كاندیدی خۆیانەوە دەچنە هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، پەرلەمان یەكلای دەكاتەوە. سیناریۆی دووەم: یەكێتی و پارتی رێكدەكەون بەوەی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی هەڵبەت دوای رێككەوتن، چونكە جارەكانی پێشوو پارتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی ، پۆستی سەرۆكی هەرێمی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستە نەماوە و پارتی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە و بەرپرسانی پارتیش چەندجارێك ئاماژەیان بەوەداوە. سیناریۆی سێیەم: لەبەرامبەر پۆستی پارێزگاری كەركوك و چەند پۆستێكی دیكەی وزاری یەكێتی سازش دەكات و فوئاد حسین كاندیدی پارتی  پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت. سیناریۆی چوارەم : پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی دەبێت و تەواوی پۆستەكانی تری حكومەتی عێراق بە وەزارەتە سیادییەكەشەوە كە پێدەچێت وەزارەتی دارایی بۆ پارتی دەبێت، لەگەڵ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشیان هەیە. سیناریۆی پێنجەم: ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی تەوافقی لە نێوان پارتی و یەكێتی كە لە دەرەوەی هەردوولایان بێت.  


( درەو میدیا): محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند  نزیكەی 30 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكردووە. حەلبوسی لە شاری نەجەف لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" نزیكەی 30 كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارمان هەیە، چاوەڕوانی وردبینیكردنی دۆسیەكانیانیان پابەندی ئەوەین كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە وادەی دەستورییدا بەڕێوەبچێت، ئەگەر بە تەوافوق یەكلانەكرایەوە پەنا بۆ دەنگدان دەبەین". حەلبوسی وتیشی:"  رۆڵی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆتایی دێت، بەڵام پێویستە تەواوفق هەبێت بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەكی سیاسی و ئیداریی و پیشەیی لێهاتوو كە بتوانێت ئەو دۆسیەیە بەڕێوەبەرێت و ئەگەر هەموان لەسەری نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەوا پەرلەمان رێككەوتنی لەسەر دەكات". بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق پێویستە لەماوەی 30 رۆژدا دوای یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانن سەرۆك كۆمار هەڵببژێردرێت و لە گەڕی یەكەمدا ئەو كاندیدی دوو لەسەر سێی ( 220 دەنگ) ی بەدەستهێنا ئەوا دەبێتە سەرۆك كۆمار و ئەگەر ئەوەش بەدی نەهات لە گەڕی دووەمدا ئەو دوو كاندیدەی زۆرترین دەنگیان هێناوە، بەشداری دەكەن و كامایەن زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.


(درەو میدیا): بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ یەكێتی، پارتی داوای دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح دەكات لە كێبركێكی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. لەو بارەیەوە خەسرەو گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا  رایگەیاندووە حیزبەكەیان جگە لە شێوازی دیاریكردنی كاندیدەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، هەروەها تێبینی لەسەر كاندیدە فەرمیەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە و دەڵێت: " جگە لەوەی كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومانە ئەو كاندیدەیە هی یەكێتی، هاوكات تێبینیشمان لەسەر خودی كەسەكە(د.بەرهەم) هەیە بەڵام لێرەدا هەموو شتێك ناتوانم بڵیم، تەنها ئەوەندە نەبێت دەڵێم كاندیدی باشتر هەبوو دیاری بكەن". خەسرەو گۆران دەشڵێت:" ئەگەر یەكێتی پێش دیاریكردنی كاندید پرس و ڕاوێژی بە پارتی بكردایە ڕەنگە ئێستا پارتی هەڵوێستی تری هەبووایە، بەڵام ئێستا ئێمـە هەقمان بەسەر ئەوەوە نیە، ئێستا ئێـمەش لەو مافەی خۆمان سازش ناكەین، بەڵام دەكرێت لەگەڵ یەكێتی لەسەر كاندیدێكی بێلایەن ڕێكبكەوین، هەر ئەو كاندیدەی پارتی ڕاستە پارتی كاندیدی كردووە بەڵام ئەندام و كادیری پارتی نیە و بێ لایەنە".


 (درەو میدیا): رەنگە هیچ سیاسەتمەدارێكی تری هەرێمی كوردستان لەم رۆژانەدا هێندەی ئەو سەرقاڵ نەبێت، سەرۆكی حزبەكەی، حزبی بەجێهێشتووە و پەیوەندی بە حزبێكی ترەوە كردووە، یان وەك فارسەكان دەڵێن " رەفیقی نیوەرێگا" بوو، رەنگە ئەمە دەگمەنترین تاقیكردنەوە بێت كە ئەو ئەزموونی دەكات، چونكە نەك لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش زۆر بەدەگمەن رودەدات سەرۆكی حزب، حزبەكەی جێبهێڵێت، ئەوەی لە سیاسەتی ئەم ناوچەیەدا رودەدات، هەمیشە مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی تری حزب لەدەستی سیاسەت و تاكڕەوی سەرۆكەكان رادەكەن و لە حزب جیادەبنەوە، بەڵام ئەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا روبەڕووی روداوێكی تەواو پێچەوانە بوەنەتەوە، سەرۆكی حزبەكەیان رۆشتووە و ئێستا ئەركی رێكخستنەوەی حزبێكیان كەوتوەتە ئەستۆ، كە خۆی لە بنەڕەتەوە حزبێكی نوێیە و دامەزراوەكانی نەمەیون. ئەو، ئارام قادرە، یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پیاوێكە وەك باس دەكرێت" كەم قسە دەكات و زۆر كاردەكات" و پیاوی كۆبونەوە و كاری رێكخستنە، (درەو میدیا) یەكەمین میدیای كوردی بوو كە هەواڵی رێككەوتنی بەرهەم ساڵحی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی بڵاوكردەوە، یەكەمین میدیاش دەبێت كە گفتوگۆی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئارام قادر دەكات لەدوای جیابونەوەی سەرۆكی حزبەكەی. ئارام قادر كە پەرلەمانتاری خانەنشین و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و پێشتریش لە كارەكتەرە دیارەكانی بزوتنەوەی رابوونی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بووە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا باسی چارەنوسی هاوپەیمانی و پەرلەمانتارەكانی لە بەغداد و رۆشتنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی دەكات و وەڵامی چەند پرسیارێكی هەنوكەیی دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: (درەو میدیا): دوای رۆشتنی بەرهەم ساڵح، هاوپەیمانی بە كوێ دەگات ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی سیاسی مەدەنییەو خاوەنی دیدگایەكی نیشتمانی بەهیزە،  بۆیە بەردەوامی بەخۆی دەدات و بەردەوام دەبێت، هاوپەیمانی پێكهاتەكەی بەشێوەیەكە وابەستەی كەسێك یان كەسایەتییەك نییە، هاودیدانمان پرۆژە كۆیكردونەتەوە نەك كەسایەتی، تادێت ئەم ڕەوتە بەهێزتر و ئەزموندارتر دەبێت.  (درەو میدیا): ئەگەر هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت، میكانیزمی بەردەوامبونی چۆن دەبێت، بەدیاریكراوی چۆن حزبەكە رێكدەخەنەوە، ئایا جارێكی تر كۆنگرە دەكەنەوە ؟ ئارام قادر: میكانیزمی بەردەوامیمان بەوشێوەیە دەبێت لەنزیكترین كاتدا كۆبونەوەیەكی گشتی دەكرێت، لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغەو گرتنی كۆنگرە یان پلنیۆم دەدرێت. (درەو میدیا): هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی پێشووی یەكێتی لەناو هاوپەیمانی ماون و دەكرێت لە هەر ساتێكدا بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەمە نابێتە كێشەیەكی نوێ بۆ حزبەكەتان ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی سیاسی مەدەنییە، لەسەر بنەمانی مرۆڤدۆستی كاردەكات، بۆیە بە سنگێكی فراوانەوە لەگەڵ هەموو بیروبۆچون و تێڕوانینێك كاردەكات، خوازیارین هیچ هاودیدێك هەرپاشخانێكی سیاسی هەبێت ڕیزەكانی هاوپەیمانی جێنەهێڵێت، وە لەبەجێهێشتنی كادرانی پیشووی یەكیتی نیگەرانین و  هەندێك كیشەمان بۆ دروستدەكات،  بەڵام توانای چارەسەرمان هەیە، هاوپەیمانی سەكۆی خزمەتكردنە، هەر كەس ئازادە لەگەڵ هاوپەیمانی برەو بە خزمەت دەدات یاخود لە جێگەیەكی تر، ئێمە دەمارگیری حزبیمان وەلاناوە، هاوپەیمانی ماڵی هەمووانە وهەموو كەس دەتوانیت خزمەتی تێدا بكات. (درەو میدیا): هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بەشداریكرد و دوو كورسی پەرلەمان بردەوە، دوای گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، چارەنوسی ئەو دوو پەرلەمانتارە چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟ ئارام قادر: ئەو دوو پەرلەمانتارەی بەغداد فراكسیۆنی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و نوێنەرو دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانین، نوینەرایەتی دیدی و پرۆژەكانی هاوپەیمانین لە پەرلەمانی عێراق. (درەو میدیا): ئێوە پێشتر راتانگەیاند بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بەڵام ئێستا هەندێك لە كاندیدەكانتان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، رای فەرمی هاوپەیمانی چیە ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی لەسەر بڕیاری بایكۆتی خۆی بەردەوامەو هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستیدا روینەداوە، ئەو كاندیدانەش لەسەر ئەرك و بەرپرسیاریتی خۆیان بەشداری هەڵبژاردن دەكەن و هاوپەیمانی هیچ بەرپرسیارێتییەك ناگریتەئەستۆ. (درەو میدیا): بەمدواییە هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بانگەوازیان كرد بۆ گەڕانەوەی ئەو كادیرانەی حزبەكانیان كە پێشتر پەیوەندییان بە هاوپەیمانییەوە كردووە، ئێوە قسەتان لەوبارەیەوە چییە ؟ ئارام قادر: ئەو هاودیدانەی كە پێشتر پاشخانیان ئیسلامی بووە، پێش بونیان بە هاوپەیمانی قۆناغی ئیسلامی سیاسییان تێپەراندووەو وەك بڕوایەكی چەسپاو ناگەڕێنەوە بۆ ئەو قۆناغەو لەناو هاوپەیمانیدا برەو بە پرۆژەی هاوپەیمانی دەدەن، وە چاویان لە داهاتویەكی گەشترە، نەك گەڕانەوە بۆ دواوە. (درەو میدیا): هەندێك گومانیان هەیە جیابونەوەی بەرهەم ساڵح و گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بە رێككەوتن بوبێت لەگەڵ ئێوە و سەركردەكانی ئێستا هاوپەیمانی بەشێك بن لە رێككەوتنێك ژێربەژێر، ئەمە راستە ؟ ئارام قادر: ئەوە پڕوپاگەندەی هەندێك لە حزبە سیاسییەكان و بەشێكە لە بانگەشەی هەڵبژاردن و دكتۆر بەرهەم خۆیی و هەندیك لە هەڤاڵانی گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی نیشتمانی، هاودیدانی هاوپەیمانی بەردەوامن لە خەباتی سیاسی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی تەواوی ئەو ئامانجانەی هاوپەیمانی هەڵیگرتووە. (درەو میدیا): هاوپەیمانی بەناوی بەرهەم ساڵَحەوە تۆماركراوە، ئەمە نابێتە كێشە بۆ كاری داهاتووی ئێوە ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی بەناوی دەستەی دامەزرێنەرانەوە دامەزراوەو هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە.  


( درەو میدیا): یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەریەكەیان بە جیا كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە و ئێستا هیچ گفتوگۆ و لێكنزیكبونەوەیەكیش لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە بۆئەوەی لەسەر یەك كاندیدی هاوبەش رێكبكەون و هەردوولایان سورن لەسەرئەوەی ئەو پۆستە بۆخۆیان مسۆگەر بكەن، كە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ئەمە یەكەمجارە یەكێتی و پارتی بەو شێوەیە بچنە بەغداد و بەبێ كردنەوەی گرێكوێرەكانیان.  بە گوێرەی رێوشوێنە دەستورییەكان، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق رەنگە بكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو بەپێی لێكدانەوەكان یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە، كە ئەمانەن: سیناریۆی یەكەم: بەرهەم  ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی هەڵبەت دوای رێككەوتن، چونكە جارەكانی پێشوو پارتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی ، پۆستی سەرۆكی هەرێمی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستە نەماوە و پارتی چاوی لە پۆستی پارێزگاری كەركوكە و بەرپرسانی پارتیش چەندجارێك ئاماژەیان بەوەداوە. سیناریۆی دووەم: فوئاد حسین كاندیدی پارتی  پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت و پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت و یەكێتی لەبەرامبەر پۆستێكی تری حكومەتی عێراقدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت. سیناریۆی سێیەم: پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی دەبێت و تەواوی پۆستەكانی تری حكومەتی عێراق بە وەزارەتە سیادییەكەشەوە كە پێدەچێت وەزارەتی دارایی بۆ پارتی دەبێت. سیناریۆی چوارەم: ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی تەوافقی لە نێوان پارتی و یەكێتی كە لە دەرەوەی هەردوولایان بێت. سیناریۆی پێنجەم: ئەگەر یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە هیچ رێكەوتنێك ، كاندیدی هەردوولایان دەچنە كێبەركێوە و یەكێكیان دەبێتە سەرۆك كۆمار و لەمەشدا نزیكی پارتی و یەكێتی و رێككەوتنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەژمونی وڵاتانی وەك ئەمریكا و ئێران كاریگەری لەسەر دەبێت.


راپۆرتی: درەو میدیا ڕەنگە هیچ كەس هێندەی "بارام بەگ" گوزرارشتی لە حەقیقەتی ئەو یەكڕیزییە نەكردبێت كە كورد (پارتی و یەكێتی) بانگەشەی بۆ دەكات، كاتێك  دەڵێت" سێ‌ بەسێ‌ تەڵاقم كەوتبێت مەگەر كورد بخەیتە ناو سندوقی ساردییەوە یەكڕیزبێت، ئەگینا لە هیچ شتێكدا یەكڕیز نیە". بە درێژایی 15 ساڵی ڕابردووی ئامادەبوونی كورد لە بەغدا هیچ دەستەواژەیەك هێندەی (یەكڕیزی) جەختی لێنەكرابێتەوە، بەتایبەتی لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان و دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازاتەكان یان توندبوونەوەی ململانێی لە نێوان هەرێم و بەغداد. یەكڕیزی یان دروستكردنی قەرەباڵغی پارتی و یەكێتی بەدرێژایی ئەو ماوەیە و ئێستاشی لەگەڵدابێت نوێنەرایەتی زۆرینەی كوردییان كردووە لە بەغدا، بەناوی كوردە شەڕییان كردووە و بەناوی كورد و ئیستیحقاقی نەتەوەییەوە پۆست و ئیمتیازاتی باڵایان لە جومگە دیارەكانی دەوڵەتی عێراق وەرگرتوە، بۆ پتەوكردنی زیاتری سەربازگە و پێگەی خۆشیان، هەمیشە بەدوای دروستكردنی ڕیزێكی تۆكمەدا گەڕاون، كە وەك دەوترێت خۆیان لەپێشی پێشەوەبن بۆ چنینەوەی دەستكەوت و هێزەكانی تریش لە دوایانەوە قەرەباڵغی دروستبكەن، لانی كەم ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردوو ئەمەمان پێدەڵێت.   لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێ و دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازاتەكانی حكومەت و جومگەكانی تری دەوڵەتی عێراقدا، جارێكی تر پارتی و یەكێتی هەڵمەتێكی گەورەی داواكردنی یەكڕیزییان لە هێزە كوردییەكان دەستپێكرد و، تەئكیدیان لە پێویستی پێكەوەبوون كردەوە لە بەغداد تا زامنی زیاتری مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. یەكێتی و پاری یەكڕیزییان ڕووت و قوتكردەوە توندبونەوەی ململانێكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، "یەكڕیزی" بەتەواوی ڕووت و قوتكردەوە، كە وەهەندێك دەڵێن، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودشدا بانگەشەی یەكڕیزی چوارچێوەی دروشم و قسەی تێنەپەڕاندووە، زیاتر ئامانجی پچڕینی پۆست و دەستكەوتی زیاتر بووە بۆ حزب لەسەر بەڕەی نەتەوەیی و كۆكردنەوەی زۆرترین هێز بەناوی نوێنەرایەتی زۆرینە. لە ساڵی 2005 بەتۆمەتی دەرچوون لە یەكڕیزی نیشتمانی پارتی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە دهۆك سوتاند و ژمارەیەك كادر و سەركردەی ئەو حزبەی كوشت، زیاد لەجارێك بزوتنەوەی گۆڕانی تەخوینكرد و بە ئەكرادی مالیكی و چەندین ناو و ناتۆرەی تر تۆمەتباریان كرد. پارتی دیموكراتی كوردستان لە نوێترین هەڵوێستیدا جارێكی لە یەكڕیزییەوە دەستپێدەكات و دەڵێت" هەمیشە پەرۆشی پێكەوەیی و یەكڕیزی بووە و هەموو هەوڵەكانیشی لەو پێناوەدا بووە". پارتی: ڕێككەوتنی ستراتیژی كۆتاییهاتووە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە و وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی دوێنی مەكتەبی سیاسی دەداتەوە، وێڕایی تەئكیدكردنەوە لەسەر یەكڕیزی ڕایدەگەیەنێت" پێداگیریی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هیچ بەهانەیەكی موقنعی نییە، ئەگەر باسی رێككەوتنی ساڵی 2005ی نێوان سەرۆك بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی دەكەن، ئەوا لە ئێستادا نە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمە و نە پۆستەكە بۆ مام جەلالە و كۆی هەلومەرجەكەش گۆڕاوە".    بەپێی ئەم قسانەی پارتی بێت، پێكەوەبوون و یەكڕیزی نیشتمانی پەیوەستە بە هەلومەرجی سیاسی و پرۆسەیەكە قابیلی ئەوە گۆڕانی بەسەردابێت، لە كاتێكدا بەرژەوەندی نەتەوە و پرسە نەتەوەییەكان پرسێكی جێگر و نەگۆڕن و پێویستی بەپێكەوە بوونێكی هەمیشەیی و ڕاستگۆیانە هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و چاكەی گشتی، نەك پێواندنی بەپێی بار  و دۆخ و بەهێزی و لاوازی ئەم هێز و ئەو هێز. یەكێتی:پارتی یەكڕیزی تێكداوە دوێنێ‌ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا، كە دژی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و كۆبونەوەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بڵاویكردەوە، ڕایدەیگەیەنێت"بە پێچەوانەی یەك هەڵوێستی، لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە گوێبیستی هەواڵی چوونە بەغدای وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون كە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق و بە تایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار". ئەم ڕاگەیەندراوەی یەكێتیش دیسان، پرسی سەرۆك كۆمار و پۆستەكانی حكومەتی دەوڵەتی عێراقی كردووە بەپێوەری یەكڕیزی و یەكهەڵویستی و پێكەوەبوون، لە كاتێكدا بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەم یەكێتی و هەم پارتی چەندین پۆستی هەستیار و گرنگیان لە دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەتی عێراق لەدەستدابووە, بەڵام هیچیان نەگەیشتونەتە ئەو پێگەیەی لە پرسێكی وەك پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە و ماف و ئیستیحقاقەكانی خەڵكی كوردستاندا ڕۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوە ببینن.


( درەو میدیا): وەفدی یەكێتی  بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتە بەغدا و هەریەك لە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و لاهور شێخ جەنگی یاوەریی دەكەن. فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند وەفدەكەی یەكێتی لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكاندا بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە. وتیشی پۆستی سەرۆك كۆمار  ئیستیحقاقی یەكێتییە و سازشی لێ ناكات و ئەوە بڕیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی پارێزگاری كەركوك نابن. 


راپۆرتی:  (درەو میدیا): توندبونەوەی ناكۆكییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پرۆسەی هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە دوادەخات، كە بڕیاربوو ڕۆژی 25 ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی ئەو خشتەی كارەی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردوەتەوە، دانیشتنی ڕۆژی سێ‌ شەممەی پەرلەمان لە دوو بڕگە پێكدیت: یەكەم: هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشییەكان و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی بۆیان دووەم: تاوتوێكردنی دۆخی پارێزگای بەسرە و بانگهێشتكردنی كۆمەڵێك وەزیری پەیوەندیدار بە دابینكردنی خزمەتگوزرای و پێداویستییەكان بۆ ئەو پارێزگایە ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیاربوو بڕگەی یەكەمی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بوایە، وەك ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی پێشووی پەرلەماندا ئاماژەی پێكرد و، ڕۆژی 17ی، ئەم مانگەش پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كردەوە لەڕۆژانی (19 و20و23) كە ئەمڕۆ دوا وادەی خۆكاندیدكردنە بۆ ئەو پۆستە. كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەرەتای تەقینەوەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بوو لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتی دەڵێت" یەكێتی تاكلایەنە كاندیدی دیاریكردووەو ڕای وەرنەگرتوە لە دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە"، ئەوە لەكاتێكدایە زیاد لەسەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوەكردووە كە بەر لە دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە، تەنانەت پێش گەڕانەوەشی بەشێوەیەكی فەرمی بۆ ناو ئەو حزبە، ناوبراو دووجار سەردانی بارزانی كردووە و هەوڵیداوە ڕەزامەندی وەربگرێت بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت. نیچیرڤان بارزانی دوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدادو كۆبونەوەی لەگەڵ زۆرێك لەهێز و لایەنە سیاسییە دیارەكان، ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی قوڵتركردوەتەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەیاننامەیەكدا دژایەتی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی كرد و بەهەنگاوێكی "تاكلایەنە و پێچەوانەی یەك هەڵوێستی كورد" وەسفیكرد. ڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" لەزاری بەرپرسێكی عێراقەوە ئاشكرایكردووە، نێچیرڤانی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ سەركردەكانی عێراق سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پشتیوانیكردنی كاندیدەكەی پارتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە  گفتوگۆی كردووە. بەوتەی ئەو بەرپرسە" نیمچە ڕێككەوتنێك كراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەماندا، پارتی بەهەموو شێوەیەك كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە و هەر گفتوگۆكردنێكیش لەوباریەوە ڕەتدەكاتەوە". ڤیان سەبری پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە و بۆ لایەنێكی سیاسی دیاریكراو قۆرخ نەكراوە، ڕێككەوتن هەیە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا تەوافوقی لەسەربكرێت.   ڕاشیگەیاندووە، پارتی یەكەم هێزی كوردییە لەڕووی ژمارەی كورسییەوە و پێویست یەكێتی گفتوگۆیان لەگەڵ بكات، نەك تاكلایەنە كاندیدی خۆی پێشكەبكات بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پارتی. ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رایگەیاندووە كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە گوێرەی مادەی 27ی دەستوری هەمیشەیی عێراق تا رۆژی 2ی 10 بەڕێوەدەچێت.


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی گەلی كوردستانە و هەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییە و جەختیشدەكاتەوە كە چەندین جار بە یەكێتییان راگەیاندووە كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەلای یەكێتی بووە و باشە ئەمجارە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت. پارتی لە راگەیەندراوەكەیدا ئامانجی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار روونكردوەتەوە و دەڵێت:" ئێمە كە داوادەكەین ئەمجارە پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار بگرێتە دەست، شەڕمان بۆ پلە و پایە نییە و رابردووش شاهیدە كە ئێمە هەرگیز خوازیاری پلە و پۆست نەبووین، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە بە پشتیوانیی هەموو لایەك وا بكەین لەمەودوا ئەو پۆستە رۆڵ و كاریگەرییەكی باشتری هەبێت و داكۆكیكار بێت لە بەرژەوەندییەكانی كوردستان و بە كەڵكی میللەتەكەمان بێت نەك بێ تەئسیر و بێ سوود". لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا پارتی داوا لە یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكانی دواكۆبوونەوەیان و دەڵێت:" هیواداریشین ئەو راگەیاندراوەی بە ناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاوكراوەتەوە، هەڵوێستی هەموو یەكێتی نەبێت.  


(درەو میدیا): میدیا رەسمییەكانی ئێران رایگەیاند چەند چەكدارێک رۆژی شەممە لە باشووری خۆرئاوای ئێران و لە شاری ئەهواز هێرشیانكردوتە سەر نمایشێكی سەربازی و نزیكەی 25 كەسیان كوشتووە، كە نیویان سەر بە سوپای پاسدارانن. تەلەفزیۆنی رەسمی ئێرانیش رایگەیاند لەو هێرشەدا كە زیاتر لە 60 كەس برینداربوون، سەكۆی گردبوونەوەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنیی ئەهواز كراوەتە ئامانج كە سەرقاڵی بینینی نمایشێكی سەربازی بوون و ساڵانە لە ساڵیادی بەرپابوونی جەنگی هەشت ساڵی عێراق- ئێراندا بەڕێوەدەچێت كە ساڵی 1980 دەستیپێكرد و ساڵی 1988 كۆتاییهات.\   سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپای پاسداران ساڵی 1979 و دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و بۆ پاراستنی سیستمی ئاینیی دەسەڵاتدار و بنەماكانی شۆڕش لەلایەن ئیمام خومەینییەوە دامەزرێنرا. سوپای پاسداران كە راستەوخۆ سەر بە رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەییە لە 125 هەزار چەكداری یەكەی زەمینی و دەریایی و ئاسمانیی پێكهاتووە. هاوكات خامنەیی سەركردایەتی میلیشیای " بەسیج" یش دەكات كە هێزێكە لە خۆبەخشە دڵسۆزەكانی شۆڕشی پێكهێنراوە، ئەم هێزە لە جەنگی ئێران- عێراقدا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بەشداری چەندین شەڕی كردووە، لەكاتی ئاشتیشیدا هێزەكانی بەسیج بنەماكانی ئیسلام لە كۆمەڵگەدا جێبەجێدەكەن و بەگوێرەی خەمڵاندنی چاودێران هێزەكانی بەسیج چەند ملیۆن كەسێكن و یەك ملیۆنیان ئەندامی چالاكن. هاوكات لە سوپای پاسداراندا فەیلەقی قودس هەیە كە ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی سەركردایەتی دەكات و  تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنورەكانی عێراق و ئەندامانی ئەم فەیلەقە لە شەڕی سوریادا بەهانای بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە چوون و هاوكات لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوكاری حكومەتی عێراق بەگشتی و هێزەكانی حەشدی شەعبییان كردووە لە چەند ساڵی رابردوودا. پاسداران و كێشەی ئەتۆمیی ئێران و خۆرئاوا سوپای پاسداران لەماوەی رابردوودا هەڕەشەی ئەوەیكرد كە تەگەرە دەخاتە بەردەم جموجوڵی گواستنەوەی نەوت لە كەنداودا، ئەگەر ناچاربن، بەڵام فەرماندەكانی گومانیان لەوە هەبووە كە ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران كە دەبووە ململانێیەكی ئیقلیمی فراوانتر لە ناوچەكەدا. هەروەها فەرماندەكانی سوپای پاسداران گومانیان لەوە هەبوو كە ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی 2015 لەلایەن حەسەن رۆحانیی و وڵاتانی پێنج كۆ یەكەوە، ببێتە هۆی كرانەوەی خۆرئاوا بەرووی ئێراندا، ئەو رێككەوتنە چەند كۆت و بەندێكی خستە سەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكانی سەری. كاتێكیش ئایاری رابردوو ئەمریكا لە رێككەوتنەكە كشایەوە، سەركردە توندڕەوەكانی سوپای پاسداران رایانگەیاندد ئەو هەنگاوە دەریخست كە ناكرێت متمانە بە خۆرئاوا و بە تایبەتی ئەمریكا بكرێت. توانا سەربازییەكانی سوپای پاسداران چاودێران دەڵێن سوپای پاسداران سەرپەرشتی پرۆگرامی موشەكە بالیستییەكانی ئێران دەكات، كە موشەكی وەك " شیهاب3" لە خۆدەگرێت و مەوداكەی دەگاتە 2000 كیلۆمەتر و ساڵی رابردووش سوپای پاسداران لە هێرشیدا بۆسەر چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا ئەو موشەكانەی بەكارهێنا و هاوكات سەرەتا ئەم مانگەش بەو جۆرە موشەكانە هێرشیكردە سەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان لە شاری كۆیەی هەرێمی كوردستان. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش ئاماژەی بە پرۆگرامی موشەكی ئێران داوە و باسی لەوەكردووە كە ئەوە یەكێك لەو خاڵانەیە كە رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 باسی نەكردووە و راشیگەیاند لەبەر ئەو هۆكارە لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوە. هەروەها سوپای پاسداران بەبەكارهێنانی بەلەمی خێرا لە ئاوی كەنداودا مەشق و راهێنانی سەربازیی دەكات و ئەوەش تەكتیكێكە كە بە بڕوای چاودێران دەكرێت بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گواستنەوەی نەوت لە كەنداودا پەنای بۆ ببرێت و هەروەها سوپای پاسداران چەندین چەك و كەرەستەی جەنگی كلاسیكی هەیەی كە لەمیانی بەشداریكردنیدا لە ململانێ‌ و ئاڵۆزییەكانی سوریا و عێراقدا دەركەوتن. سوپای پاسداران و كاری سیاسی سەرپشككردنی سوپای بە پارێزگاریكردن لە بنەماكانی شۆڕشی ئیسلامیین هانیداوە بێتەگۆ لەو كاتانەی كە هەستدەكان رژێمی دەسەڵاتدار لە بەردەم مەترسیدایە و حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رەخنەی لە دەستوەردانی پاسداران لە كاری سیاسیی گرتووەن بەڵام فەرماندەكانی بەرپەرچیان دایەوە، كاتێك ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە كە وەك گەورەترین دەستكەوتی سیاسی رۆحانی تەماشادەكرا و واشدەردەكەوێت كە سوپای پاسداران خۆی لە پێگەیەكدا داناوە كە ئەوەی پێدەبەخشێت بتوانێت هێزی سیاسیی بەهێز و پتەوبكات، دوای دووركەوتنەوە یان مردنی خامنەیی كە ئێستا تەمەنی دەگاتە 79 ساڵ. بەرژەوەندییە ئابورییەكانی سوپای پاسداران دوای كۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، سوپای پاسداران بەبەهێزییەوە بەشداریكرد لە پرۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئێران و بەرژەوەندییە ئابورییەكانی فراوانتر كرد كە تۆڕێكی بەرفراوان لە كۆمپانیا دەگرێتەوە لە بواری پرۆژەكانی نەوت و غاز و پرۆژەی خانوبەرە و پەیوەندییەكان كە بەهاكەیان دەگاتە چەندین ملیار دۆلار. سەرچاوە: رۆیتەرز  


راپۆرت: نامیق رەسوڵ رۆژی (15 و 16)ی ئەم مانگە پەرلەمانی نوێی عێراق دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، پاشان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، سبەینێ‌ كاتژمێر (3:00)ی پاش نیوەڕۆ دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت. خۆپاڵاوتن چۆن دەبێت ؟ بەگوێرەی ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەی كە خۆیان كاندید دەكەن، پێویستە لەماوەی ئەو (3) رۆژەدا داواكاریی خۆیان و بەڵگەنامەی پێویست و سیڤی خۆیان رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن. پاش ئەو (3) رۆژە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ماددەی (4)ی یاساكە ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە بۆئەوەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدبكەن. بە گوێرەی ماددەی (5)ی ئەو یاسایە هەر كاندیدێك ناوی لە لیستی كاندیدەكاندا نەبێت، دەتوانێت لە ماوەی سێ‌ رۆژدا لە دادگای باڵای فیدراڵی پەڵپ بگرێت بەشێوەی نوسراو و پاشان دادگای فیدراڵی لە ماوەی (3) رۆژدا دوای تۆماركردنی پەڵپەكان، بڕیاری یەكلاكەوەرەوەیان لەبارەیەوە دەدات و بە فەرمی لە ماوەی (3) رۆژدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی ئاگاداردەكاتەوە، پاشان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە دادگای فیدراڵی كاندیدبوونیان پەسەند دەكات دوای پەڵپ گرتنیان. كەی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟ ماددەی (شەشەم)ی یاسای خۆپاڵاتن بۆ سەرۆكی كۆمار ئاماژەی بەوە داوە، دوای كۆتاییهاتنی ئەو پرۆسانەی سەرەوە، بە گوێرەی ماددەی (72)ی دەستوری عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوە دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێو ئەو كاندیدانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایە. لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران كە دەكاتە دەنگی (220 دەنگ) بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێَنێت، ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق. بەپێی ماددەی (9)ی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبوو، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت. سەرۆك كەی سوێندی یاسایی دەخوات ؟ پاش ئەو پرۆسەیە، سەرۆك كۆماری هەڵبژێدراو لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و بە ئامادەبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی سوێندی دەستوری دەخوات بەو شێوەیەی كە لە ماددەی 50ی دەستوریدا هاتووە و ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار چوارساڵە و لە رۆژی سوێندخواردنەوە دەستپێدەكات و تا كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەو ئەنجومەنی نوێنەرانەی كە ئەوی هەڵبژاردووە و تەنها مافی ئەوەی هەیە یەك خولی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆی كاندیدبكاتەوە. كەی كۆتایی ماوەی دەستورییە ؟ بە گوێرەی یاسای ژمارە (هەشت)ی ساڵی 2012ی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار، سبەینێ‌ یەكشەممە دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت، پاشان سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی كاندیدەكان رادەگەیەنێت و ئەو كاندیدانەی خۆپاڵاوتنیان رەتدەكرێتەوە دەتوانن لەماوەی (سێ‌) رۆژدا لە دادگای فیدراڵی پەڵپ بگرن، واتە تا رۆژی 25ی ئەم مانگە و پاشان دادگای فیدراڵی لەماوەی (3) رۆژدا واتە تا 30 مانگ بڕیار لەسەر پەڵپەكان دەدات و لەماوەی سێ‌ رۆژدا پەرلەمان ئاگاداردەكاتەوە لە بڕیارەكەی و بە گوێرەی ئەم رێوشوێنانە پەرلەمانی نوێی عێراق، رۆژی 3ی 10 پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەدەچێت و ئەوەش كۆتایی ئەو ماوە دەستورییەیە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand