Draw Media

عەلی حەمە ساڵح: گۆڕانكاری لەخانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتیدا دەكەین

عەلی حەمە ساڵح: گۆڕانكاری لەخانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتیدا دەكەین

2018-10-14 18:29:01


عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیستی گۆڕان لە نوسراوێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانكردووەو رایگەیاندووە" هەموومان نیگەرانین لەو دۆخەی گۆڕانی تێكەوتووە. بزوتنەوەی گۆڕان ئومێدی گەورەی گۆڕانكاری و دەنگی ناڕازیە، بۆیە لەبری شكاندن چاككردن هەڵبژێرین"
عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە گۆڕانكاریەكانی ناوخۆی گۆڕان نوسیویەتی " لەماوەی دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین، لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردن جڤاتێكی نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی"

دەقی نوسینەكەی عەلی حەمەساڵح

گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكان
هەموومان نیگەرانین لەو دۆخەی گۆڕانی تێكەوتووە. بزوتنەوەی گۆڕان ئومێدی گەورەی گۆڕانكاری و دەنگی ناڕازیە، بۆیە لەبری شكاندن چاككردن هەڵبژێرین. 
بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری گۆڕانكاری داوە لەسەرجەم ئۆرگانەكان. 
لەماوەی دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین. لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردن جڤاتێكی نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی . 
ئەركی هەموومانە ڕۆڵببینین بۆ دروستكردنی ڕۆحێكی پێكەوەی بۆ كاركردن، ڕێزگرتن لە سەركردەو ڕەمزەكانی گۆڕان، زەمینەخۆشكردن بۆ هاتنەپێشەوەی توانای نوێ و خوێنی نوێ. 
من وەك خۆم بەڕێزو حورمەتێكی زۆرەوە لە هاوڕێكانی كاك نەوشیروان دەڕوانم، سوپاسیان دەكەم، لەكوێش پێویست بوو بێت سەرنجم و ڕەحنەی خۆم پێوتوون. 
ئەم بەڕێزانە چۆن لە زیندان و لەشاخ نوخبەی بەرگریكردن لە مافی نەتەوەی بوون، لە ژوری سێدارەو ئەشكەنجەدان و ئوتووكردنی جەستەشیان چۆكیان دانەدا، دەیان جار ئامادەبوون ڕۆحی خۆیان ببەخشن لە پێناو خاكو خەڵكی كوردستان، لە حوكمڕانیشدا پشتیوانی ڕیفۆرم و گۆڕانكاریانكرد. 
لەنێوان پۆست و دەسەڵات و پرۆژەی گۆڕانكاری و نەوشیروان مستەفادا، گۆڕانكاری و نەوشیروان مستەفایان هەڵبژارد. 
لەپاڵ شۆڕشگێڕەكاندا سەدان گەنجی ئازاو هۆشیارو خوێندەوار پشتیوانی ئەم جوڵانەوەو نەوشیروان مستەفایان كرد، دەوری گەورەیان گێڕا، بەردەوام بەرگریان لە بەرنامەی گۆڕان دەكرد، زۆریان بون بە ڕەمزی ململانێی دەسەڵاتی ستەمكار، ئێستاش ڕۆحی ئەم بزوتنەوەیەن، ئومێدی گەورەن بۆ گۆڕانكاری. 
ئەم دووانە تەواوكەری یەكتربوون، سەرباری هەبوونی ڕەخنە لە نەبوونی گەنج لە خانەی ڕاپەڕاندن. 
كورسی و دەنگمان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بەرپرس و هۆكارەكان ڕوونن، لەبری یەكترشكاندن پێداچونەوە، لەبری تۆمەتباركردن و سڕینەوەی یەكتر كاری پێكەوەیی بۆ هەستانەوەی گۆڕان. 
هەموومان لەبەردەم بەرپرسیاریەتیداین و هەركەس بە قەبارەی خۆی، كاممان دەوری زیاترمان هەبێت لە گۆڕانكاری و پێشخستنی بزوتنەوەكەو دروستكردنی تەبایی و كاری پێكەوەیی دڵسۆزترینمانە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand