Draw Media

وردەكاری گۆڕینی كێلونی دەرگای سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی

وردەكاری گۆڕینی كێلونی دەرگای سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی

2018-10-13 13:39:05


(درەو میدیا):
داوایانكرد پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چارەسەرێكی دیموكراتی ‌و ڕیشەیی بۆ كێشەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بدۆزرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا كە ناویان لێنابوو "پڕۆژەی هەستانەوەی گۆڕان"، پرۆژەكە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ڕابردوودا بەئیمزای چەند هەڵسوڕاوێكی گۆڕان پێشكەشی ڕێكخەری گشتی ‌و خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی كرا، وەك خۆیان دەڵێن لەگەڵ دەستنیشانكردنی وردی زۆرێك لە نەخۆشییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، نەخشەڕێگای چارەسەریشی تێدا خراوەتەڕوو.

دواخستنی كێشەكان.. قورسترین نەخۆشی حزب
"پڕۆژەی هەستانەوەی گۆڕان" لە ناوخۆی گۆڕان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو، بەوتەی یەكێك لە نوسەرانی پڕۆژەكە، زۆرێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی‌و ئۆرگانە جیاوازەكانی گۆڕان پشتیوانی لێدەكەن، بەڵام لەسەروتر ئەو پشتیوانییەیان نەبینیوە‌و تەنها ئەوەندەیان پێوتون" پرۆژەكەتان بخەنە داوای هەڵبژاردن، گۆڕانكاری سەرتاسەری دەكەن‌و دەستكاری تەواوی جومگە و ئۆرگانەكانی گۆڕان دەكەن"، ئەمە بەوتەی یەكێك لە نوسەرانی پرۆژەكە.
دواخستنێك كە لەزمانی سیاسییدا پێی دەوترێت "دواخستنی كێشەكان ‌و كەڵەكەكردنی تا لە خاڵێكدا دەتەقێتەوە"، ئەمەش كێشەیەكە كە زۆر لە حزبە كوردییەكان ئالودەی بوون‌و دونیایەك كێشەیان لە هەناوی خۆیاندا گلداوەتەوە و زۆرجار لەشێوەی كەرتبوون ‌و جیابونەوە و شێوازی تری پەرتەوازەبووندا، خۆی بەرجەستە دەكات.

گۆڕینی كێلونی دەرگا سەرەتای گۆڕانكارییەكان 
زۆرێك لە لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە زمانی سیاسی بزوتنەوەكەیاندا پێیان دەوترێت "گۆڕانخوازان" چاوەڕوانبوون بزوتنەوەكەیان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەلەبكات لە هەنگاوەكانی چاكسازی ‌و ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێش هەڵبژاردن بەڵێنی جێبەجێكردنی دابوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی بزوتنەوەكە زیاتر لە (300 هەزار) دەنگی دەنگدەرانی‌و (12 كورسی)ی پەرلەمانی كوردستانی لەدەستدا، بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەكرابوو بۆ ئەو هەڵسوڕاوانەی كە خاوەنی پڕۆژەی "هەستانەوەی بزوتنەوەكە"یان ‌و زۆرێكیش لە گۆڕانخوازان بوو، ڕۆژی 10ی ئەم مانگە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عەبدوڵای مەلانوری یەكێك لەوانەی كە بەشداربووە لە نوسینی پرۆژەكەدا، ئاگاداركردوەتەوە كە كلیلی ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی ڕادەستی مەكۆی سەرەكی بكاتەوە و هەمان ڕۆژ كێلونی دەرگای سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی گۆڕیوە، ئەمە بەپێی بەیاننامەیەك كە ڕۆژی 11ی ئەم مانگە كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی گۆڕان بڵاویانكردوەتەوە و ئەم هەنگاوەیان بەسزای سیاسی ناوبردووەو هۆشداریشیان داوە لەوەی حزبەكەیان بەرەو حزبێكی داخراو دەبات ‌و هەموو هەوڵێكی چاكسازی پەكدەخات. 

لە فەرمانی دەركردنەوە بۆ گۆڕینی كێلون 
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە " درەو میدیا"ی راگەیاند، فەرمانەكەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی سەرەتا دەركردنی عەبدوڵای مەلانوری ‌و هەڵسوڕاوەكانی تر بووە لە بزوتنەوەكە و دوایی گۆڕدراوە بۆ گۆڕینی كێلونی دەرگاكە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەومیدیا"، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە زیاتر لە (20) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان داوادەكەن شوێنێكیان بۆ دیاری بكرێت بۆ كۆبوونەوە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ‌و بارودۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام رێگەیان پێنادەن كۆبوونەوەكە بكەن. 

وردەكاری ڕووداوەكە
رۆژی 10/10/2018 لەلایەن ئیدارەی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تەلەفۆن بۆ عەبدوڵای مەلانوری دەكرێت، كلیلی ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رادەستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بكات، كاتێك عەبدوڵای مەلا نوری پێی رادەیەگەیەنێت "ئەگەر كلیلی هەموو ژورەكانتان پێویستە و ژورێكی تر بۆ ئێمە دیاری دەكەن، ئاساییە، ئەگەرنا، كلیلتان بۆچیە ؟"، دوای نیو كاتژمێر عەبدوڵای مەلا نوری خۆی تەلەفۆن دەكاتەوە و پێی رادەیەگەنن" شوفێرەكەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كێلونی دەرگاكەی گۆڕیوە"، دوای ئەو روداوە، هەریەكە لە (د. ئەمین بەكر، د. شێركۆ حەمەئەمین، رەوەز هەڵكەوت) دەچنە لای رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و لەبارەی هۆكاری گۆڕینی كێلونی دەرگاكەوە پرسیاری لێدەكەن، رێكخەری گشتی پێیان رادەگەیەنێت" عەبدوڵای مەلا نوری هیچ سیفەتێكی رەسمی ‌و فەرمانێكی رەسمی نیە، ئەو ژوورە لۆبی تێدا دەكرێت، ئەوەش لەگەڵ بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەكناگرێتەوە".
لەبەرامبەردا ئەو سێ كەسە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیان راگەیاندووە" بەڵی ئەوان كۆبونەوە دەكەن ‌و گفتوگۆ دەكەن لەسەر كێشەكانی گۆڕان، خۆ داعش كۆبونەوەی تێدا ناكات"، لەبارەی ئەوەی عەبدوڵای مەلانوری هیچ سیفەتێكی رەسمی نییە، بە رێكخەری گشتییان راگەیاندووە" جگە لە عەبدولڕەزاق شەریف كە نەوشیروان مستەفا فەرمانی رەسمی بۆ دەركردووە، هیچ كەسێكی تر لەناو بزوتنەوەكەدا رەسمی نیە و فەرمانی كاركردنی بۆ دەرنەكراوە". 
رەوەز هەڵكەوت یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری كۆبوونەكە بووە زانیارییەكانی بۆ " درەو میدیا" پشتراستكردەوە، كە بە رێكخەری گشتییان راگەیاندووە" ئەو بڕیارە سزای سیاسییە و لەبەرامبەر ئەوەدایە كە ئەوان پرۆژەیان هەبووە بۆ چاكسازی لە گۆڕاندا، هەروەها لەبەرامبەر ئەو چاوپێكەوتنەی (عەبدوڵای مەلا نوری)یدایە، كە لەگەڵ ڕۆژنامەی (هاوڵاتی)دا ئەنجامیداوە.

ڕێكخەری گشتی باسی هۆكارەكانی شكستی گۆڕان دەكات
بەپێی قسەی ڕەوەز هەڵكەوت، ڕێكخەری گشتی زیاد لە جارێك لە دانیشتنەكەدا باسی لە هۆكارەكانی شكستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هۆكارەكەی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەم خاڵانە: 
•    ئەو گروپەی كە پرۆژەیان بۆ "هەستانەوەی گۆڕان" پێشكەشكردووەو داوای گۆڕانكارییان كردووە.
•    چونە ماڵەوە و خۆبەدوورگرتنی (عوسمانی حاجی مەحمود) و (قادری حاجی عەلی).
•     هەندێك كەموكوڕی لە خانەی راپەڕاندن ‌و سەركردایەتی گۆڕان.

لەنێوان پاكتاو و پیلانگێڕییدا
یەكێك لە بەشداربوانی پڕۆژەی "هەستانەوەی گۆڕان" بە"درەومیدیا"ی ڕاگەیاند" ئێمە چاوەڕێمان دەكرد، ئەوانەی گۆڕانیان بەم هەموو شكستە یەك لەدوای یەكە گەیاند، داوای لێبوردن بكەن ‌و دەستبەرداری پۆستەكانیان بن، ئەوانەی لەدەرەوەی گۆڕان بازنەی بڕیاردانیان دروستكردووە و هەوڵی بەبنەماڵەییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن، واز لە كەڵكەڵە و بەرژوەندییە شەخسیەكانیان بێنن ‌و هەوڵی هەستانەوەی گۆڕان ‌و ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی بدەن، بەڵام ئەوان كەوتونەتە كاردانەوە و دەرپەڕاندنی ئەو خەڵكانەی هەوڵی گێڕانەوەی شكۆ بۆ گۆڕان دەدەن".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لەدوای 30 ئەیلولەوە، لەبری داڕشتنی پلانی ڕێكخستنەوەی گۆڕان، پیلانی دەرپەڕاندنی ئەوانە داڕێژراوە كە خاوەنی پڕۆژەی "هەستانەوەی گۆڕان"ن ‌و لەناو خۆشیان بەوردی تەتەڵەی ئەو باسەیان كردووە و پیلانی پاكتاوكردنی هەموو ئەو دەنگانەیان داڕشتووە كە ڕەخنەی جدی دەگرن ‌و داوای ئەنجامدانی گۆڕانی ڕیشەیی دەكەن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
لەبارەی ئەنجامدانی هەنگاوەكانی گۆڕانكارییش سەرچاوەكە وتی: گۆڕانكاری بەوشێوەیە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت، نەك بەو شێوەیەی گۆڕان پێویستی پێیەتی ‌و خەڵك ‌و گۆڕانخوازانیش چاوەڕێی دەكەن. 
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو پێشهاتە بە" درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، عەبدوڵای مەلای نوری ‌و چەند هەڵسوڕاوێكی تری گۆڕان، لە ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی كۆبوونەوەی تایبەت ‌و پیلانگێڕی بوون ‌و هەنگاوەكانیان بۆنی ئەنجامدانی كودەتای لێهاتووە بەسەر دامەزراوە ڕەسمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆیە ڕێكخەری گشتی ئەو هەنگاوەی گرتوەبەرو سنورێكی بۆ جموجوڵەكانیان داناوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand