Draw Media

( درەو میدیا) لە ساتی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە، هێزێك چواردەوری بارەگای سەرەكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری دەدات لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن هێزێكی دیكەی یەكێتیەوە تەوقەكە تێكدەشكێنرێت و رێگە نادرێت بچنە ناو بارەگای هاوپەیمانیەوە، هێرش و گرژیەكەی سەر گردی زەرگەتەش بە كۆبونەوەیەكی نیوەشەوی نێوانیان كۆتایی هات.  هێرشی سەر بارەگای هاوپەیمانی: بە پێی زانیاریەكانی "درەو میدیا"  لە ساتی هێرش  بۆسەر گردی زەرگەتە هێزێكی دیكە جیاواز لەو هێزەی سەر گردی زەرگەتە، دەچنە سەر بینای بارەگای هاوپەیمانی لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی، هێزەكە بەدەوری بارەگاكەدا بڵاوەیان پێدەكرێت و دەیانەوێت بچنە سەر بارەگاكە، بەڵام د. بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە نایەوێت ئەم هێرشە  لە كەناڵەكانیەوە بڵاویبكاتەوە و پەیوەندییەكانی دەخاتە گەڕ، هێزێكی دێكەی یەكێتی كە سەربە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەگاتە شوێنەكە و رێگری دەكات و رێگە نادات ئەو هێزە بچنە سەر بارەگاكە و هەڕەشەی روبەرووبونەوە دەكات، بۆیە هێزەكە پلانەكە جێبەجێناكەن و دەگەڕێنەوە، زانیارییەكان دەڵێن ئەم هێزە چاوەڕێی هێرشەكەی سەرگردەی زەرگەتەی كردووە، ئەگەر ئەوان سەركەوتوبن لە چونە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمانیش ئەركەكەیان جێبەجێ دەكەن، هەندێكی دیكەش پێیان وایە نیەتی ئەو هێرش و پشێویان تەنها بۆ چاوترساندن و دروستكردنی پشێوی بووە بۆ ئەوەی ئەو هەوڵەی لە هەڵبژاردنەكاندا داویانە پەردەپۆشی بكەن.    هێرشی سەرگردی زەرگەتە: جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، تەلەفۆن بۆ عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، بەڵام سكرتێرەكەی عومەری سەید عەلی تەلەفۆنەكە دەاتە دەست قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانی گۆڕان وەڵامی بداتەوە، ئەڵێت بۆچی ئەو هەڵایەتان دروستكردووە بۆچی ئەنجامەكە قبوڵناكەن، قسەی توند و شەڕە قسە لە نێوان هەردوولا دا دروست دەبێت، شێخ جەعفەر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر گردی زەرگەتە دەكات و قادری حاجی عەلیش بە توندی وەڵامی هەڕەشەكانی دەداتەوە و پێی دەڵێت " ئەگەر ئازای وەرە" جەعفەر شێخ مستەفا لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ دەبێت و بەرەو گردی زەرگەتە دەچێت، بەوتەی خۆی دەڵێت بۆلای عومەری سەید عەلی دەچم بۆیە لە نزیك گردی زەرگەتە دادەبەزێت و دەچێت بەرەو گردی زەرگەتە پاسەوانەكانی دەیگرن و رێگری لێدەكەن و شەڕە تەقە دروست دەبێت، لە هەردوولاوە ئەوان تەقە بە ئاراستەی گردی زەرگەتەدا دەكەن و لە گردەكەشەوە تەقە لەوان دەكرێت و دەوترێت ئۆتۆمبێلە درعەكەی شێخ جەعفەر چەند گوللەكی پێوەیە و بریندار لە هەردوولا دەبێت، لەو ماوەیەدا تەلەفۆن دەكرێت هێزی دیكە دێت و بە ئاربیجی و دۆشكە تەقە لە گردەكە دەكرێت و تەنانەت لە شوێنی دوورتریشەوە تەقە بە ئاراستەی گردەكە دەكرێت. هەندێك زانیاریش ئاماژە بەوە دەكەن هێرشەكەی شێخ جەعفەر بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بووە، چونكە پێشتر بافڵ تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕانكردووەو وتویەتی دەبێت قبوڵی بكەن، بەڵام ئەوان رەتیدەكەنەوە و ئەویش توڕە دەبێت و پەیوەندی بە شێخ جەعفەرەوە دەكات، زانیاریەكان دەڵێن هێزێكی زۆری رێكخراو لە دەوری گردەكە و شوقەكانی بەردەمی كۆبونەتەوە و ویستویانە بچنە سەر شوقەكان و لەوێوە تەقە لە گردەكە بكەن، چونكە لەو كاتەدا سەرەڕای ئەوەی كۆبونەوەی سەركردەكانی گۆڕان بووە، كۆبونەوەی چوار حزبیش لەوێ بووە، تەقەكان راستەوخۆ ئاراستەی ژووری كۆبونەوەكان كراوە. تەنانەت وەفدەكە بە پەلە ژوورەكەیان جێهێشتووە، كە شوێنی كۆبونەوە و دانیشتنی نەوشیروان مستەفا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە مەكۆی سەرەكی بوونە لە چاوەڕوانی ئەنجامەكان و نارەزایی لەسەر ئەنجامەكان بۆیە روبەرووی هێرشبەران بونەتەوە و رێگریان لێكردوون، دواتر لە میدیای گۆڕانەوە داوای بەهاناوە چوون كراوە و ژمارەیەكی زۆری لایەنگری گۆڕان بەچەكەوە چونەتە گردی زەرگەتە بۆ بەرگریكردن، بەڵام دواتر سەركردەكانی هەردوولا پەیوەندیەكانیان چڕكردوەتەوە و لە كاتژمێر 12 بۆ یەكی شەو وەفدێكی یەكێتی كە لە حاكم قادر و دلێری سەید مەجید پێكهاتوون هاتونەتە ماڵی كاك نەوشیروان لە گردی عەلی ناجی و لەوێ لەگەل عومەری سەید عەلی و حەمە تۆفیق رەحیم و كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە كۆبونەتەوە و گرژییوەكان رەویونەتەوە.  لەدوای ئەو روداوەوە خواستی پێکهێنانی هێزی چەكدار لەناو گۆڕاندا زیادیكردووە و بەشێك لە لایەنگرانی گۆڕان لەگەڵ هەبوونی هێزی چەكدارن و بەشێكیشیان رەتیدەكەنەوە، بەڵام لە ئاستی سەركردایەتی گۆڕاندا بەتەواوی ئەو هەنگاوە رەتدەكرێتەوە.    


درەو میدیا:  بەپێی ئەو خشتەیەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەستی درەو میدیا كەوتووە، هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایەو 54 كورسی بەدەستهێناوەو ئیئتلافی فەتحی هادی عامری 49 كورسی بەدەستهێناوەو لە پلەی دووەمدایە، ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی لە پلەی سێیەمدایەو 43 كورسی مسۆگەركردووە. لەسەر ئاستی لیستە كوردیەكانیش پارتی 25 كورسی بە بێ كۆتا و یەكێتی 17 كورسی و گۆڕان 5 كورسی و نەوەی نوێ 4 كورسی و هاوپەیمانی 2 كورسی و یەكگرتوو 2 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش 2 كورسی .   http://file:///C:/Users/SHKAR%20PC/Desktop/halbzhardn%202018/kursi%20kotayy.pdf  


(درەو میدیا) لە دوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی ئەمڕۆی سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆچوارشەممە كۆمسیۆنی باڵا دەستی بەسەر ئۆفیس و نوسینگەی ناوەبراودا گرتووە لە شاری بەغداد. بەر لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان داوادەكەن سەعید كاكەیی كۆنگرەی رۆژنامەنوسی نەبەستێت، دوای ئەوەی سەعید كاكەیی سور دەبێت لەسەر ئەنجامدانی كۆنگرەی رۆژنامەنووسی، بەر لە ئەنجامدانی كۆنگرەكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوە و رایدەگەیەنن كە سەعید كاكەیی یەكێك لە ئەندامەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەلایەن یەكێك لە و لایەنە سیاسیانەی كە لە هەڵبژاردنەكەدا  زیانی بەركەوتووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە لەخۆی و خێزانەكەی و ناچاركراوە دەستلەربكێشێتەوە لە بەرامبەریشدا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو بەیاننامەیەی كۆمسیۆنی رەتكردەوە و رایگەیاند هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە و كەس هەڕەشەی لێ نەكردووە. سەرچاوەیەكی نزیك لە سەعید كاكەیەوە بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: سەعید كاكەیی  خیزان و منداڵ و  كەسوكاری لە عێراق ناژین و لە وڵاتی كەنەدان، بۆیە بوونی هەڕەشە لەسەر سەعید كاكەیی دوورە لە راستیەوە بەلام لەلایەن ئەندامانی كۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە فشاری زۆری لەسەر كراوە كە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی نەبەستێت، لەبەرامبەر بەستنی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا دەستیان گرتووە بەسەر ئۆفیس و نوسینگەكەیدا. سەعید كاكەیی كە لەسەر پشكی گۆڕان ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە لەژێر دوو فشاردایە فشاری كۆمسیۆن و فشاری دەنگدەرە ناڕازییەكان، بەوەی بۆچی هەڵوێستی نیە و قسە لەسەر ساختەكارییەكان ناكات كە حزبەكەیی و بەشێك لەلایەنەكانی دیكەش پێیان وایە دەستكاری دەنگەكان كراوە. 


وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسوڵ مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای دیدارێكیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە لەندەن. مشتومڕێكی توندیان لە ئەڵمانیا دروستكردووە، ئەو خەڵاتانەی كە ئەو دوو یاریزانە بەخشییانە ئەردۆغان، جارێكی تر پرسی كێشەی ئینتیمایان لە ئەڵمانیا هێنایەوە بەر باس و خواس. چەند رۆژێكی كەم بەر لەوەی ئەوەی یواخیم لۆف راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێكهاتەی بەرایی مانشافت بۆ بەشداریكردن لە یاریییەكانی كۆتایی جامی جیهانی لە روسیا ئاشكرابكات ، دوو یاریزانی نێودەوڵەتی بەڕەگەز تورك، مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان روبەڕووی شەپۆلێك توندی توڕەیی رایگشتی ئەڵمانیا دەبنەوە كە گەیشتوەتە ئاستی داواكردن لە لۆف بۆ ئەوەی ناویان لە لیستی مۆندیالدا بسڕێتەوە، ئەمەش ئەو شتە بوو كە لۆف بەتەواوەتی پشتگوێی خست كاتێك نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە لیستەكەی ئاشكراكرد. چیرۆكەكە رۆژی یەكشەممە (13 ئایاری 2018) دەستیپێكرد، كاتێك یاریزانی ئەرسیناڵ ئۆزێل و یاریزانی مانشستەر سیتی گۆندۆگان لە لەندەنی پایتەخی بەریتانیا چاویان بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كەوت و هەردووكیان لەبەردەم كامێرای وێنەگراندا درێسی یانەكانیان پێبەخشی، لەسەر درێسە ژمارە هەشتەكەی گۆندۆگان نوسرابوو " لەگەڵ رێزم بۆ سەرۆكی پیرۆز".  پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا یەكەم لایەن بوو كە ئەو وێنەیەی لەسەر هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوكردەوە، ئەمە بەر لەوەی ئۆزێل لەسەر هەمان پێگە وێنەی خۆی لەگەڵ گۆندۆگان و جینك توسن هێرشبەری ئیڤرتۆن بڵاوبكاتەوە كە ئەویش لە دیدارەكەدا ئامادەبوو، ئۆزێل لە تویتەكەیدا نوسی "دیدارێكی باش ئەم ئێوارەیە..". لەوكاتەوە رێژنەی ئەو رەخنانە رانەوەستاوە كە ئاڕاستەی ئەو دوو یاریزانە دەكرێن، ئەمە چ لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە كە لە یەكەمین ئیدانەكەرەكان بوو، هەروەك راوێژكاری ئەڵمانیاش هاتەسەر خەت و وتی ئەوەی ئەو دوانە كردویانە" پرسیاری دروستكردووە و بوەتەهۆی هەڵەتێگەیشتن". ئەو پرسیارانە رۆژنامە ناوخۆییەكان ماوەی دوو رۆژە بە دوورودرێژی گفتوگۆیان لەسەر دەكەن، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لای خۆیانەوە پڕبوون لە كۆمێنتی توڕە كە بەشێكی زۆری ئەو كۆمێنتانە لەلایەن رەوەندی توركیاوە لەناو ئەڵمانیا دەرچوون. ئەو رەخنانە لە دوو خولگەی سەرەكییەوە بوون، یەكەم لە دەوری كەسێتی ئەردۆغان دەسوڕێتەوە لەگەڵ ئەو توڕەییەی كە گوزارشت لە "بانگەشە" بۆ ئەو دەكەن بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كە بڕیارە حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەڵام بەشی دووەم كە بایەخەكەی كەمتر نییە و سروشتێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی هەیە، لە دەوری گرفتی ئاوێتەبوون دەسوڕێتەوە، بەوپێیەی ئەو دوو یاریزانە كە لەدایكبوی شاری گلسینكیرشن-ن (خۆرئاوای ئەڵمانیا)، سیمبوڵی ئاوێتەبوونێكی سەركەوتوو بوون و دوو روخساری ئەوانە بوون كە ناویان لێنراوە " ئەڵمانییە نوێیەكان". بەڵام ئەو دوانە لەم دیدارەدا گوزارشتیان لەوەكرد كە ئەردۆغان سەرۆكی "راستەقینە"یانە، وەكو ئەوەی رەخنەگران دەڵێن. بانگەشەكردن بۆ دیكتاتۆر لەوانەیە ئەو تویتەی كە پارتی " مەسیحی كۆمەڵایەتی باڤاریا" دەستەخوشكی پارتەكەی مێركڵ دەریبڕی ئێستا ناخی زۆرێك لە ئەڵمانییەكان بێت كە دەڵێت:" ئەو كەسەی درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەپۆشێت پێویستە لەسەری ملكەچی بەهاكانی وڵاتەكەمان بێت و هەڵمەتی بانگەشە بۆ دیكاتۆرەكان نەكات كە هەوڵ بۆ سەركوتكردنی ئازادی رادەبڕین و ئازادییە گشتییەكان دەدەن". ئەم دیدارە بەلای ناوخۆی  ئەڵمانیاشەوە لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وەك دیدارێكی رەمزی وەسفكرا، لیندا توتبێرگ وتەبێژی كاروباری كۆچ لە پارتی لیبراڵی ئازاد كۆبونەوەكەی ئەردۆغان و ئەو یاریزانانەی بە" گەمەیەكی هەڵە و گۆڵێكی پێچەوانە وەسفكرد بەلای ئەو كەسانەی بانگەشەی یاری زۆر خاوێن و دیموكراتی تر لە توركیا دەكەن". ئەم هەڵوێستە لە بنەڕەتدا كە زیاتر جەخت لە كەسایەتی ئەردۆغان وەكو پرۆژەیەكی " دیكتاتۆری " دەكاتەوە، بەر دیواری دیموكراتیەتی تازە پێگەیشتووی توركیا دەكەوێت، بەوەش پێویست ناكات دوو یاریزان كە نوێنەرایەتی ئەڵمانیا دەكەن بەشداربن لە " گەمە" یەكی سیاسیدا و بە تایبەتی هەردوو یاریزانەكە هێز و پێشەنگن بۆ لاوانی توركیا لەناو توركیا و ئەڵمانیا، یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاش كە چەند ساڵێكە دروشمی " فرەیی" بەرزكردوەتەوە توڕەیی خۆی لە لۆمەكردنی راستەوخۆی یاریزانەكان دەربڕی و بە بۆچونی راینهاڵد گریندڵ سەرۆكی یەكێتییەكە دەڵێت ئەو دوو یاریزانە لەلایەن هەڵمەتی بانگەشەی ئەردۆغانەوە قۆستراونەتەوە، لە كاتێكدا كە " تۆپی پێ و یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا پابەندی چەند بەهایەكن كە لەلایەن بەڕێز ئەردۆغانەوە رێزی تەواوەتییان لێ ناگیرێت". خودی گریندڵیش یەكێك بوو لەوانەی لە ڤیتۆی رۆژنامەكان رزگاری نەبوو، رۆژنامەی " ڤیستدۆیچە تسایۆنگ" پرسیاری دەربارەی مانای ئەو بەهایانە كرد كە گریندڵ باسیان دەكات و دەڵێت یەكێتی تۆپی پێ گرەو لەسەر " دانوستان دەكات نەك لێكدابڕان"، پاشان رۆژنامەكە وایدەبینێت پێویست ناكات خۆت بە پەرستگاری ئەخلاقدا هەڵبواسیت، كە یەكێتی تۆپی پیێ‌ هیچ گرفتێك لە چوون بۆ ماڵی سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پۆتندا نابینێت. لەم مشتومڕەدا گۆندۆگان هەوڵیدا بەرگری لە هەڵوێستەكەی بكات لەسەر ئەوەی كە لەسەر درێسەكەی نوسیوێتی، دەڵێت " ئەوە وتاری سیاسیی نییە"، بەڵام بەلای زۆرێكەوە باوەڕكردن بەوە قورسە بە تایبەتی گۆڕانكارییەكانی كە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا بەخۆیەوە بینی ئەم دیدارە دەخاتە چوارچێوەیەیەكی سیاسیی رووتەوە. كێشەی ناسنامە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان جارێكی تر  كێشەی ئاوێتەبوون و گونجانی هێنایەكایەوە، ئۆزێل كە براوی خەڵاتی ئاوێتەبوونی (بامبی) ساڵی 2010 یە، ئەمڕۆ جەختدەكاتەوە كە سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، رۆژنامەی " ڤیستدویچە تسایۆنگ" لە كۆمێنتەكەیدا دەربارەی ئەوە نوسویەتی دەڵێ:" كارەكە سادەیە بەڕێز گۆندۆگان، سەرۆكەكەت شتانمایەرە، و راوێژكاریش ئەنگێلا مێركڵە و دەستوریش یاسای بنەڕەتییە، با بەدواداچوون بكەین، ئەگەر ئەمەت بەدڵ نەبوون درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دابكەنە". مەسعود ئۆزێل ساڵی 1988 لە ئەڵمانیا لە دایكبووە، تەنها رەگەزنامەی توركیای هەبوو، چونكە ئەو كاتە رێگە بە بوونی دوو رەگەزنامە نەدەدرا و ساڵی 2007 دەستبەرداری رەگەزنامەی توركیا بوو و رەگەزنامەی ئەڵمانیی وەرگرت و بەوەش بڕیاریدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مانشافت بكات، دوای راوێژكردن بە دایك و باوك و ئەندامانی خێزانەكەی، هەروەك خۆی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی پێشووتردا روونیكردووەتەوە. بەڵام گۆندۆگان ساڵی 1990 لە ئەڵمانیا لە دایكبووە و ساڵی 2011 بۆ یەكەمجار یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كردووە، ئەو بەردەوام هەردوو رەگەزنامەی توركی و ئەڵمانیی هەبووە، واتە سەرۆكی فیعلی ئەو ئەردۆغان و شتنمایەرە. بە بۆچوونی ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران ئەم دوو یاریزانە بەشێوەیەگی گەورە زیانیان بە پرۆسەی ئاوێتەبوونی كۆچبەران لەناو ئەڵمانیادا گەیاندووە، بەرای جیم ئۆزدەمیر سەرۆكی پێشووی پارتی سەوز، بەو دیدارە خزمەتێكی زۆریان پێشكەشی دەنگە پۆپۆلیستەكان كردووە كە هەتا ئەم ساتە رەتیدەكەنەوە دان بنێن بەو دینامیكییەی كە كۆمەڵگەكەی ئەڵمانیی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی نەوەی دووەم و سێیەمی كۆچبەران، عەرەب بن یان تورك جەخت لەسەر ئەڵمانیی بوونیان دەكەنەوە و خۆیان بە ئەڵمانیی نوێ‌ دەناسێنن، ئەوانەشن كە سەر بە نەوەی گۆندۆگان و ئۆزێلن. سەرچاوە: DW


(  درەو میدیا) وەك نەریتێكی سیاسی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە لە عێراق لە نێوان ( كورد سەرۆك كۆمار و و شیعە سەرۆك وەزیران و سوننە سەرۆكی پەرلەمان) دابەشكراوە، لە ناو هێزە كوردییەكانیشدا لە سێ خولی رابردوودا ( 2005 ، 2010 ، 2014 ) بۆ یەكێتی بووە، ئێستاش یەكێتی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئامادە كردووە و بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا"  یەكێتی دەیەوێت بۆ ئەو پۆستە ( د. لەتیف رەشید ) ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی، كاندید بكات. بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان كە زۆرترین كورسی لایەنە كوردییەكانی هەیە، لەدوای تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە دەوترا پۆستی سەرۆك كۆمار لەبری پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئێستا چاوی لە كورسی سەرۆككۆماری عێراقە، زانیارییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی نیازی كاندیدكردنی  نەجمەدین كەریمی هەیە بۆ ئەو پۆستە، لەلایەك دەیەوێت قەرەبووی هەڵوێستەكانی نەجمەدین بكاتەوە لە پرسی ریفراندۆمدا كە هاوهەڵوێستی پارتی بوو، لەلایەكیش ئەگەرچی  نەجمەدین كەریم لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لابراوە بەڵام لە ئەندامێتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ماوە و كۆنگرە بڕیاری كۆتایی لێدەدات، بۆیە پارتی دەیەوێت وای نیشان بدات كە كەسێكی یەكێتی كردوەتە سەرۆك كۆماری عێراق.  بیرهێنانەوە ............................................. سەرۆك كۆماری عێراق لە دەستوردا   بەشی دووەم [ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن] مادەی (66)       دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی فیدرالی لە سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێكدێت، و بە پێی دەستور و یاسا دەسەڵاتەكانی پیادە دەكات. لقی یەكەم: سەرۆك كۆمار مادەی (67)       سەرۆك كۆمار سەرۆكی وڵات و نیشانەی یەكپارچەیی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەند بوون بە دەستورو پارێزگاری لە سەربەخۆییو سەروەریو یەكێتیو پاراستنی خاكی عێراق بە پێی بڕگەكانی دەستور. مادەی (68)       پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرۆك كۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت: یەكەم: لە عێراق لە دایك بووبێت و دایك و باوكی عێراقی بن. دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو كردبێت. سێیەم: ناوبانگێكی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاكێـتی و سەرڕاستیو دادوەریو دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراو بێت. چوارەم: حوكم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات. مادەی (69) یەكەم: خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە پێی یاسا ڕێكدەخرێت. دووەم: هەڵبژاردنی جێگرێك یان زیاتر بۆ سەرۆك كۆمار بەپێی یاسا ڕێكدەخرێت. مادەی (70) یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەران لە نێو پاڵێوراواندا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی 3/2 دەنگیئەندامەكانی. دووەم: ئەگەر هیچكام لە پاڵێوراوان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا كێبەڕكێ‌ لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا ئەنجام دەدرێت كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو كەسەش زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێ‌ لە دەنگدانی دووەمدا بە دەبێت بە سەرۆك كۆمار. مادەی (71)       سەرۆك كۆمار لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا سوێندی دەستووری دەخوات بەو شێوەیەی لە مادەی (50) ی دەستووردا هاتووە. مادەی (72) یەكەم : ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار چوار ساڵەو، دەكرێت تەنها بۆ یەك جاری تر هەڵببژێردرێتەوە. دووەم :  ‌ڕ.     ماوەی كاری سەرۆك كۆمار بە كۆتاییهاتنی خوولی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی دێت. ‌ب. سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ‌و ئەنجامدانی دانیشتن، بەو مەرجەی سەرۆك كۆماری نوێ‌ هەڵببژێردرێت لەماوەی سی (30) ڕۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنەوە. ‌ج. ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەر هەر هۆیەك بەتاڵ بوو، سەرۆكێكی تر هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوكردنی ئەو ماوەیەی كە ماوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار. مادەی (73) سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەی هەیە: یەكەم: دەركردنی لێبووردنی تایبەت لەسەر ڕاسپاردەی  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەمەرجێك ئەوانە نەگرێتەوە كە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی  نێودەوڵەتیو تیرۆرو گەندەڵی داراییو ئیداریەوە حوكمدراون. دووەم:پەسەندكردنی پەیماننامەو ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران. سێیەم:پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران دایدەنێن،  یاساكانیش بە بەپەسەندكراو دەژمێردرێن پاش تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆك كۆمار. چوارەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران  بۆ كۆبوونەوە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی دیاریكراو بەمەرجێك لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەكات. پێنجەم: بەخشینی نیشانەو مەدالیا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەگوێرەی یاسا. شەشەم : پەسەندكردنی باڵوێزەكان. حەوتەم: دەركردنی بەیاننامەی كۆماری. هەشتەم : پەسەندكردنی حوكمی لەسیدارەدان كەلەلایەن دادگا تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت. نۆیەم : هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی پرۆتۆكۆلیو ئاهەنگ گێڕان. دەیەم: هەر دەسەڵاتێكی تر كەلەم دەستوورەدا دیاریكرابێت. مادەی (74)    موچەو دەرماڵەی سەرۆك كۆمار بە پێی یاسا دیاریدەكرێت. ماددەی (75) یەكەم: سەرۆك كۆمار بۆی هەیە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی بە نووسراو پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات، دەست لەكاركێشانەوەكەش لەپاش حەوت ڕۆژ لە پێشكەشكردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران كاری پێدەكرێت. دووەم: یەكێك لە جێگرەكان جێی سەرۆك كۆمار دەگرێتەوە لەكاتی ئامادەنەبوونیدا. سێیەم: لەكاتی نەبوونی سەرۆك كۆمار لەبەر هەرهۆیەك، جێگر جێگای دەگرێتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەبێت سەرۆكێكی نوێ هەڵببژێرێت لەماوەیەكی دیاریكراو پاش چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك كۆمار بەمەرجێك لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەكات. چوارەم: لەكاتی نەبوونی سەرۆك كۆماردا، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جێگای دەگرێتەوە ئەگەر سەرۆك كۆمار جێگری نەبوو. دەبێت سەرۆكێكی نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەیەكی دیاریكراودا بەمەرجێك لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەكات لەبەرواری بەتاڵبوونی ئەو پۆستەو بەگوێرەی بڕگەكانی ئەم دەستوورە.  


(درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆكی لیستی (سائرون) كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی بانگهێشت كرد بۆ كۆبوونەوە بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. سەدر كە چەند رۆژێكە هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا تەنیا لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە پەیامەكانی بڵاودەكاتەوە، لە تویتێكدا نوسیویەتی: سەرباری جیاوازییەكانمان، با بەشوێن خاڵە هاوبەشەكانماندا بگەڕێین و بێ سازشكردن لە بنەما جێگیرەكانمان.. بۆیە با دیالۆگ بكەین. سەدر هەر لەو تویتەدا سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بانگهێشت دەكات بە مەبەستی كۆبونەوە و دەڵێ" دەرگا كراوەیە و دەستمان درێژە لە پێناو بونیادنانی عێراق و پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكراتی خاوێن".  


درەو میدیا:  پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ عیراق، لایەنەكانی بەسەر  ئێران و  ئەمریكا دابەشكردووە.   ئێران دەیەوێت  بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نوری مالیكی و هادی عامری و حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم لە هاوپەیمانێتییەكەدا كۆبكاتەوە و سەدر پەراوێز بخات، هەوڵیش دەدات بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوەی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بۆئەوەی لەگەڵ لیستی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و عەممار حەكیم و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنن. هەرچی لایەنی ئەمریكیشە لە هەوڵدایە حكومەتی نوێی عێراق لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانی و ئەیاد عەلاوی پێکبهێنێت. لە هەردوو سیناریۆكەی ئەمریكا و ئێراندا حەیدەر عەبادی هەیە . هەرچەندە دەوترێت ئەمریكا لەگەڵ دانانەوەی حەیدەر عەبادیدایە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئێران لەگەڵ  ئەوەدایە هادی عامری سەرۆکایەتی حکومەت بکات.  


(درەو میدیا ) ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو میدیا" گەیشتووە، رایگەیاند دكتۆر سەعید كاكەیی یەكێك لە ئەندامەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەلایەن یەكێك لە و لایەنە سیاسیانەی كە زیانی بەركەوتووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە لەخۆی و خێزانەكەی و ناچاركراوە دەستلەربكێشێتەوە و لە میدیاكانەوە بۆ چەند مەبەستێكی ئەو لایەنە سیاسییە دەربكەوێت. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەلامەتی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنەی کە هەڕەشەی لێکردووە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ئاشکرابکات. لە بەرامبەریشدا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو بەیاننامەیەی كۆمسیۆنی رەتكردەوە و رایگەیاند هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە و كەس هەڕەشەی لێ نەكردووە.


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی. چەند رۆژێك دوای دەرچوونی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆناڵد ترەمپ دەستیكرد بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی و سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێكدا كە لە پشت هاوكار و پاڵپشتی ئێرانە لە تیرۆردا و لە چوارچێوەیەشدا وەزارتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند سزا بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێرانی و عێراق و لوبنانیدا دەسەپێنێت كە پشتگیری و هاوكاریی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنانی سەر بە ئێرانیان كردووە و دیارترین ئەو كەسایەتی و دامەزراوانەش ئەمانەن: •    وەلیوڵا سەیف پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێرانەن ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاساداران و تۆمەتباریشی دەكات كە هاوكاری فەیلەقەكەی كردووە لە حەواڵەكردنی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ چەند دەستیەكی پارەی بیانیی جیاواز. هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەشڵێت سەیف هاوكاربووە لە حەواڵەكردنی بڕێك پارە بۆ بانكی " بلاد"ی ئیسلامی لە عێراق كە ئەویش سزای بەسەردا سەپێندراوە. سەیف  پێشئەوەی ببێتە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران چەند بانكێكی ئێرانی بەڕێوەبردووە و رووبەڕووی رەخن ەی زۆر بوەوە بەهۆی تۆمەتباركردنی بە گەندەڵ و دزینی پارە لە كاتێكدا كە بەڕێوەبەری بانكی " سادرات"ی ئێران بوو. •    ئاراس حەبیب كوڕی حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كوردی فەیلییە، ئێستا سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە پێشتر ئەحمەد چەلەپی سەرۆكایەتی دەكرد . ئاراس حەبیب بەڕێوەبەری بانكی " بلاد"ی ئیسلامییە لە عێراق و ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی دارایی فەیلەقی قودس، و كەرتی بانكی عێراقی قۆزتوەتەوە بۆ ئەوەی پارە لە تارانەوە بۆ حزبولا حەواڵە بكات و بەوەش سەلامەتی سیستم دارایی عێراقی رووبەڕووی مەترسی كردوەتەوە. ئاراس حەبیب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاندیدی ژمارە چواری لیستەكەی حەیدەر عەبادیی بوو لە شاری بەغداد. •    محەمەد جەعفەر قەسیر ناوی حەرەكی حاجی فادییە، بەرپرسی گواستنەوەی چەكە لە ئێرانەوە بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان، ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە وەی گە رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە لە گواستنەوەی هاوكاری دارایی لە فەیلەقی قودسەوە بۆ حزبوڵای لوبنان. حاجی فادی كە لە بنەماڵەیەكی شیعەی بەناوبانگی لوبنانە، سەركردایەتی یەكەیەكی گواستنەوەی چەك دەكات بۆ حزبولا و نزیكایەتیشی لەگەڵ حەسەن نەسرولا ئەمینداری گشتی حزبوڵاوە هەیە و چەندین ئەركەی گرنگی لەلایەن ئەوەوە پێسپێردراوە. •    عەلی تورزالی یاریدەدەری بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی ئێرانەن لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە تۆمەتباردەكرێت بە هاوكاریكردنی فەیلەقی قودس لە بواری تەكنۆلۆژیا و سەرچاوەی داراییدا. تورزالی لەگەڵ حزبوڵادا كاردەكات و باوەڕ وایە كە هاوكاری دارایی پێویست بۆ ئەو حزبوڵا دەنێرێت لە رێگەی بانكی " بلاد"ی ئیسلامی عێراقەوە. سەرچاوە: كەناڵی ئەلحوڕە  


(درەو میدیا) بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا"  ناوی كاندیدە دەرچووەكانی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بەم شێوەیە: یەكەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری  لە پارێزگای سلێمانی یەك كاندیدی دەرچووە و كە ( 44976 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: د. رێبوار كەریم سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی  لە سلێمانی  لە پارێزگای هەولێر یەك كاندیدی دەرچووەو كە ( 49266 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچووە: د. عەبدولباری عەبدوڵا سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لە هەولێر  دووەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  لە پارێزگای سلێمانی یەكگرتوو یەك كورسی و ( 29161 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: د. شێركۆ جەودەت... زانیاریەكان باس لە د. موسەناش دەكەن، بەڵام دەوترێت ئەگەری دەرچونی د. شێركۆ زیاترە سەرچاوەكانی یەكگرتوو باس لەوە دەكەن د. موسەنا دەنگی زۆری هێناوە بەڵام دەستكاری دەنگەكانی كراوە  بەڵام ئەگەر دەستكاری دەنگی د. موسەنا نەكرابێت ئەوا د. موسەنا دەردەچێت  لە پارێزگای دهۆك یەكگرتووی ئیسلامی یەك كورسی و ( 48300) دەنگی بەدەستهێناوە  كاندیدی دەرچوو: دكتۆر جەمال كۆچەر سەرۆكی لیستی یەكگرتووە لەو پارێزگایە سێیەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان  لە پارێزگای سلێمانی یەك كورسی و ( 49343 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی لیستی كۆمەڵە لە پارێزگای سلێمانی  لە پارێزگای هەولێر یەك كورسی و ( 35741 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی دەرچوو: د. سەلیم شوشكەیی  


( درەو میدیا) ئێران هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نوری مالیكی و هادی عامریی و حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم لە هاوپەیمانێتییەكەدا كۆبكاتەوە و سەدر پەراوێز بخرێت. رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند:" ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی گفتوگۆی لەگەڵ سەركردە شیعەكاندا گفتوگۆ و كۆبوونەوەی دەستپێكردووە لە پێناوی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق." بە گوێرەی ئاژانسی " فرانس پرێس" سولەیمانی دوێنێ‌ سێشەممە لەگەڵ سەركردە شیعەكاندا دوو كۆبوونەوەی كردووە." ئاژانسەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكەوە كە ئامادەی  دوو كۆبوونەوەكە بووە بڵاویكردەوە:" تاران هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی فراوان و هەوڵیشدەدات بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوەی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بۆئەوەی لەگەڵ لیستی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و عەممار حەكیم و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنن."  


راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ  لایەنەكانی عێراقدا دەستپێكرد. ئێران و ئەمریكا لە رێگەی سولەیمانی و مەكگۆرگەوە هەوڵدەدەن جێپەنجەیان بەسەر پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراقەوە دیاربێت، چاوەڕوان ناكرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئاسان بێت، و چارەسەركردنی دەكەوێتە ئەستۆ و هێز و توانای ئەو دوو كەسایەتییە، پێش لیستە براوەكانی عێراق. لێرەدا بە كورتەیەك لە ژیان و كار و چالاكییەكانی ئەم دوو كەسە ئاشنا دەبن: ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی ساڵی 1957 لە شاری قوم لە دایكبووە، لە گوندی (رابور)ی پارێزگای كرمان لە باشووری خۆرهەڵاتی ئێران لەناو خێزانێكی جوتیاری هەژاردا ژیاوە، كاری كرێكاریی كردووە، لە خوێندنیشدا تەنها تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. قاسم سولەیمانی ماوەیەك لە فەرمانگەی ئاوی شارەوانی كرمان كاریكردووە، لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی و پلە سەربازییەكانی بڕیوە، ساڵی 1998 بووە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس كە یەكەیەكی سوپای پاسدارانە و ئەركی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگرییە لە دەرەوەی خاكی ئێران. كارەكانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە پشتی پەردەوە ئەنجامدەدرێن و كۆبوونەوە و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم زۆر بە كەمی لە میدیا فەرمییەكانەوە باسدەكرێن. سولەیمانی لە سەردەمی رژێمی سەددام حسێندا پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی شیعە و حزبە كوردییەكاندا هەبووە و لە جەنگی دژ بە رژێمی بەعسدا هاوكاریكردوون، دوای روخانی رژێمی بەعسیش ئەركەكەی بریتی بوو لە پاراستنی دەسەڵاتی شیعەكان لە عێراق، بە تایبەتی ئەو گروپە شیعانەی كە لە تارانەوە نزیكن هەروەها لە یەكخستنی شیعەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن رۆڵی گەورەی لە پشتی پەردەوە بینوە، رۆڵی باڵاشی هەبووە لە نزیككردنەوەی كورد و شیعە لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی عێراق و لە شەڕی دژ بە داعش كە رووبەرێكی بەرفراوانی عێراقی كۆنترۆڵكرد فەرماندەكەی فەیلەقی قودس بە یاوەری هاوكارەكانی هاوكاری زۆری هەرێمی كوردستان و هێزەكانی حەشدی شەعبیی و سوپای عێراقی كردووە و بەردەوام سەرەڕای بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان و بەغدادی كردووە. ئێستاش لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، قاسم سولەیمانی جارێكی تر گەیشتوەتەوە بەغداد بۆئەوەی هەوڵەكانی بخاتەگەڕ تا ناوماڵی شیعە لە عێراق یەكبخات بۆ وەرگرتنەوەی سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ چوار ساڵی ئایندە، هەرچەندە رەنگە ئەركەكەی لە پێشووتری قورستربێت، چونكە ئێستا شیعەكان بەسەر چەند كوتلەیەكدا دابەشبوون و هەمووشیان چاویان لە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، هەروەها نێوانی كورد و بەغدادیش وەك پێشوو نیە و بەهۆی ریفراندۆم و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی بۆسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كەلێنی گەورەی خستوەتە نێوانی هەولێر و بەغداد. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ كەناڵی " ئەلحوڕە" كردووە، ئێستا سولەیمانی لە ناوچەی سەوزی بەغدادە بۆ دانوستانكردن لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانەی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی " الفتح"ی هادی عامری گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن و موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی پەراوێز بخەن، ئەگەر عەبادی پەیوەندی نەكات بەو هاوپەیمانێتییەی كە ئێران دەیەوێت پێكیبهێنێت. برێت مەكگۆرك ساڵی 1973 لە دایكبووە، پارێزەر و دیپلۆماتكارە، 23ی ئۆكتۆبەری 2015 لەلایەن باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە وەك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دانرا. مەكگۆرك 20ی نیسانی 1973 لە شاری پیتسبێرگی ویەلایەتی پەنسلڤانیا لەدایكبووە، باوكی پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزیی بووە و دایكیشی مامۆستای هونەر بوو، ساڵی 1996 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هونەرەكاندا لە زانكۆی كۆنیتیكت بەدەستهێناوە، ساڵی 1999 بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بەدەستهێناوە، دوای دەرچوونی لە كۆڵیژی ماف، مەكگۆرك بۆماوەی سێ‌ ساڵ لە دادگایەكی ویلایەتی نیویۆرك كاریكردووە، پاشان لە چەند دادگایەكی تر و دواتر لە دامەزراوەی كێركلاند لە كەرتی تایبەت و وەك مامۆستایەكی یاریدەدەر لە كۆلێژی مافی زانكۆی ڤێرجینیا كاریكردووە. شوباتی 2004 مەكگۆرك وەك راوێژكاری یاسایی دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان و راوێژكاری یاسایی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد گەیشتە عێراق، لەو ماوەیەشدا رۆڵی هەبوو لە نوسینی دەستوری كاتی عێراق و یاسای ئیداری ئینتیقالی و سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵاتیشیی كرد لە هاوپەیمانانەوە بۆ حكومەتی كاتیی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی. مەككۆرگ لە ئیدارەی جۆرج بوش و ئۆباما و ترەمپیشدا لە ئەرك و چالاكییەكانی لە عێراق بەردەوام بووە و چەندین كاری گرنگی لە عێراق ئەنجامداوە و بەنهێنی دانوستانی لەگەڵ ئێراندا كردووە بۆ ئازادكردنی چەند هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئێران ساڵی 2005 مەكگۆرك گەڕایەوە بۆ ئەمریكا، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا وەك بەڕێوەبەری كاروباری عێراق دەستبەكاربوو، دواتر وەك راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و بەڕێوەبەری كاروباری عێراق و ئەفغانستان كاریكرد. مەكگۆرك یەكێك بوو لەو كەسانەی كە پشتیوانی لە گۆڕانكاری ریشەیی لە ستراتیژی ئەمریكا لە عێراق دەكرد و بانگەشەی بۆ زیاتركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەكرد، ئەوەش لە ساڵی 2007 دا بە فیعلی روویدا، ئەو یەكێكە لەو كەسانەی كە جۆرج دەبیلو بۆش لە كتێبەكەیدا " خاڵەكانی بڕیار" ئاماژەی پێداوە و وەك یەكێك لەو كەسانەی كە بوونە هۆی ئەوەی شەڕ لە عێراق بچێتە سەر رێڕەوی سەرەكی خۆی و دوای ئەوەش بوش داوایلێكرد لەگەڵ رایان كرۆكەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد سەرۆكایەتی دانوستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بۆ داڕشتنی بنەماكانی رێككەوتنی ستراتیژی و ئەمنیی نێوان بەغداد و واشنتۆن. ساڵی 2009 مەكگۆرك یەكێك بووە لەو سێ‌ كەسەی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بووش كە لە ئیدارەی باراك ئۆبامادا مانەوە و مەكگۆرك پۆستی راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا و راوێژكاری باڵیۆزی ئەمریكای لە عێراق پێ‌ بەخشرا. مەكگۆرك پاییزی 2009 دەستبەرداری كاری حكومیی بوو، رویكردە زانكۆی هارڤارد و ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكان، بەڵام هاوینی 2010 و كاتی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دوای ئەویش هاوینی 2011 بەهۆی بوونی كۆسپ لەبەردەم درێژكردنەوەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئەمریكا و عێراق داوای لێكرایەوە و گەڕایەوە كاری حكومیی. ئابی 2013 مەكگۆرك وەك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران و نوسینگەی خۆرهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دامەزرێنرا. مەكگۆرك و شەڕی داعش 9ی حوزەیرانی 2014 مەكگۆرك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بوو كە داعش موسڵی داگیركرد، بەپەلە گەڕایەوە بەغداد بۆ دوورخستنەوەی 1500 فەرمانبەری ئەمریكی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و پاشان لەگەڵ باراك ئۆباما و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كاریكرد بۆ داڕشتنی پلانی دیپلۆماتی و سەربازی ئەمریكا بەرامبەر بە هەڕەشەی داعش، مەكگۆرك دواتر رۆڵی كاریگەری بینی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و دورخستنەوەی نوری مالیكی. لە ئەیلولی 2014 مەكگۆرك لەلایەن جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەك جێگری نوێنەری تایبەتی سەرۆك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دیاریكرا، كە لە دیسەمبەری 2014 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەبەشداری 62 وڵات بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی نوێی عێراق لەدژی داعش پێكهێنرا، مەكگۆرك دواتر بووە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەو هاوپەیمانێتییە و سەرەنجام لە كۆتاییدا داعش لە عێراق وەدەرنرا. كانوونی دوووەمی ساڵی 2016 مەكگۆرك بۆ لەناوبردنی داعش سەردانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای كرد و لەگەڵ لێپرسراوانی پەیەكە و یەپەگە و یەپەژە كۆبووەوە، دواتر سوپای ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی ئەوانیش هێز و هاوكاری سەربازی گەیاندە ناوچەكە. جگە لەو رۆڵانەی تری كە لە عێراق و ناوچەكەدا گێڕاونی، مەكگۆرك لە ئۆكتۆبەری 2014ەوە تا شوباتی 2016 سەرقاڵی دانوستانی نهێنی بوو لەگەڵ ئێران بۆ ئازادكردنی چوار دەستگیركراوی ئەمریكی لە نێویشیاندا جیسۆن رەزائیان و ئەمیر حیكمەتی و سەعید عابدینی. ئێستاش كە لە ماوەی داهاتوودا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستپێدەكەن، مەكگۆرگ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكە دەستپێكردووە بۆ لێكنزیككردنەوەیان.


( دەرەو میدیا) مەسعود بارزانی و هادی عامری جەخت لەسەر پێویستی پەلەكردن لە بەدیهێنانی داواكارییەكانی جەماوەر دەكەنەوە. نوسینگەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " الفتح" رایگەیاند:" هادی عامری پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێگەیشتووە. راشیگەیاند عامری و بارزانی باسیان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە بە پێویستیان زانیوە پەلەبكرێت لە بەدیهێنانی داواكارییەكانی جەماوەر كە چاوەڕێی ئەوە لەسەرجەم كوتلەكان دەكەن پابەندی بەڵێنەكانیان بن. هەر ئەمڕۆش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشداری پرۆسەی بانگەشە و دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی نەكرد پەیوەندی بە موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی " سائرون"ەوە كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی لێكرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12 ئایار بەڕێوەچوو.    


(درەو میدیا) بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردونەتەوە سەرجەم لیستە كوردییەكان لەم هەڵبژاردنەدا 61 كورسیان لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە .


(درەو میدیا):  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەنجامی دەنگەكانی 98%ی پارێزگای دهۆكی راگەیاند. * پارتی: 348 هەزار و 777 دەنگ * یەكگرتوو: 48 هەزار و 300 دەنگ * هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 25 هەزار و 449 دەنگ * یەكێتی: 25 هەزار و 823 دەنگ  * نەوەی نوێ: 17 هەزار و 823 دەنگ  * بزوتنەوەی گۆڕان : سێ هەزار و  328 دەنگ   * كۆمەڵی ئیسلامی: سێ هەزار و 619 دەنگ



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand