دادگای فیدراڵی پۆستەكانی بۆ فالح فەیاز گەڕاندەوە
2018-10-15 10:40:10
(درەو میدیا):
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی بۆ دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستەكانی هەڵدەوەشێنێتەوەو سەرجەم بەرپرسیارێتییەكانی بۆ دەگەڕێنێتەوە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی فالح فەیاز ، سەرۆكی لە كارخراوی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی تایبەت بە دوورخستنەوەی فەیاز لە پۆستەكانی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەزگای ئاسایی نیشتمانی ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە سەرجەم پۆستەكانی بۆ بگەڕێنێتەوە.
نوسینگەكەی فەیاز ڕاشیگەیاندووە، سەرچاوەیەك لە دادگاكە پێی ڕاگەیاندون، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی عەبادی لەسەر ئەو بنەمایە بووە، كە لەكارخستنی فەیاز بڕواپێكەر و یاسایی نەبووەو پاڵشپت بە هیچ بڕگەیەكی دەستوریش نەبووە.
مانگی ئابی ڕابردوو، دوای توندبونەوەی ململانێی هێز و لایەنە شیعەكان لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، حەیدەر عەبادی بەفەرمانێك فالح فەیازی لە پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە و خۆی چووە شوێنەكەی، چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر هەردوو پۆستی ئیدارەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ڕاوێژكاری ئەو دەزگایەی بە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی سپارد.