راپۆرتی: نامیق رەسوڵ بەدەستهێنانی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لایەنەكانی شیعەی لە عێراق پەرتەوازەكرد و بەسەر دووبەرەی ( مالیكی – عامری ) و ( سەدر_ عەبادی- حەكیم) دابەشیكردن، ململانێی ئەو دووبەرەیەش بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران چووە قۆناغێكی نوێیە و هەردوولا هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ لاوازكردنی یەكتری و كێشكردنی پەرلەمانتارانی یەكتر. یەكەم هەنگاوی لێدان لە عەبادی كاتێك حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و ساڵح موتڵەگ دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هۆتێل " بابل"ی شاری بەغدا كۆبوونەوە بۆ پێكهێنان و راگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بەرەی " مالیكی- عامری" توانیان یەكەم گورزیان بوەشێنن و ناكۆكی بخەنە نێو هاوپەیمانی " نەسر"ی حەیدەر عەبادییەوە لە رێگەی جیاكردنەوەی لیستەكەی " فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشمانییەوە كە بە لیستی حزبی " العگاو" لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسردا بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە چەند كورسییەكی پەرلەمای بەدەستهێناوە. ئەو هەنگاوەی بەرەی " مالیكی- عامری" ریسەكەی بەری " سەدر- عەبادی" یان كردەوە بەخوری و كۆبوونەوەكەی هۆتیڵ بابلیان شكستپێهێنا و جگە لە دەركردنی بەیاننامەیەك بۆ پێكهێنانی " نواە" بنچینەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە هیچی تری لێنەكەوتەوە. كاردانەوەی عەبادی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەداو لە یەكەمین كاردانەوەیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، هەموو پۆستە ئەمنییەكانی لەفالح فەیازی هاوپەیمانی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆی سەندەوە. عەبادی بە فەرمانێكی دیوانی بڕیارییدا فالح فەیاز لە راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دووربخاتەوە بە پاساوی ئەوەی فەیاز خۆی بۆ كاری سیاسی تەرخانكردووە و نابێت بەرپرسی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان تێكەڵاوی كاری سیاسی بن. دەقی فەرمانەكەی حەیدەر عەبادی: فەرمانی دیوانی ژمارە ( 286) بۆ ساڵی 2018 بە رەچاوكردنی ئەوەی كە بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز چوەتە ناو كاری سیاسی و حزبیی و ئارەزووی ئەوەدەكات رەوبەڕووی كاروباری سیاسی ببێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی ئەركە ئەمنییە هەستیارەكان كە بەرپرسیانە و بە پشت بەستن بە دەستوری عێراق تایبەت بە بێلایەنی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان و یاسای دەستەی حەشدی شەعبیی و سیستم و رێنماییەكانی تایبەت بەو پرسە و رێنماییەكانمان كە رێگەدەگرن لە بەكارهێنانی پۆستە ئەمنییە هەستیارەكان بۆ چالاكیی حزبی و بە پشتن بەستن بەو دەسەڵاتانەی پێمانبەخشراوە بڕیارماندا: 1- بەخشینی بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز لە ئەركەكەی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی. 2- بەم بڕیارە لە مێژووی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت. دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران 30 – ئاب- 2018 فەتح هەڕەشە دەكات ئەم بڕیارەی حەیدەر عەبادی بەبێ كاردانەوەی توندی بەرەی " مالیكی- عامری" تێنەپەڕی و لە یەكەمین كاردانەوەیدا هاوپەیمانی " فەتح" بەیاننامەیەكی توندی لە دژی حەیدەر عەبادی دەركرد و تێیدا عەبادی تۆمەتباردەكات بە تێوەگلاندنی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و بە دەستپێكێكی مەترسیداریش وەسفیدەكات. ئیئتیلافی" فەتح" عەبادی بە سەرۆك وەزیران ماوە كۆتایی هاتوو وەسفدەكات و تۆمەتباریشیدەكات بەوەی كە فەیاز پشتیوانی لە عەبادی نەكردووە بۆ دووبارە بەدەستهێناوەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆیە ئەو بڕیارەی لەدژ دەكراوە. لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا "فەتح "هەڕەشەدەكات و هۆشداریدەدات لەتێكچوونی دۆخی ئەمنیی و سەقامگیری عێراق بەهۆی ئەو بڕیارەوە. دەقی بەیاننامەمەی ئیئتیلافی فەتح: " دەركردنی بڕیاری بەخشینی بەڕێز فالح فەیاز لە سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی، دەستپێكێكی مەترسیدارە بۆ تێوەگلانی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێی و ناكۆكییە سیاسییەكان و تەسفیەی حساباتی كەسیی و بەهیچ شێوەیەك مایەی قبوڵكردن نییە كە سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ( سەرۆك وەزیرانی ماوەی كۆتایی هاتوو) بڕیارێك دەربكات بۆ لەسەركارلابردنی بەرزترین بەرپرس كە سەرپەرشتی گرنگترین دەزگای ئەمنیی دەكات، لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسە باوەڕی وەهایە كە هیچ بەرژەوەندییەك نییە لە نوێكردنەوەی و بەدەستهێنانەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیران و ئەوەش ئاماژەیەكی نوێیە كە سەرۆك وەزیرانی ماوە كۆتایی هاتوو بە پێی بەرژەوەنی كەسی خۆی مامەڵە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و دامودەزگاكانی تری حكومەتدا دەكات و قبوڵكردنی سەپاندنی ویلایەتی دووەمی كردوەتە مەرجێك بۆ مانەوەی بەرپرسەكان لە پێگەكانیاندا، لەبەرئەوە ئەو بڕیارانە نایاسایین بە گوێرەی دەستور، چونكە بەڕێز فالح فەیاز ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەسەر شانیەتی و بە پلەی وەزیر دادەنرێت كە ئەوەش هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پێگەی سیاسیین، هەروەها ئەو رێوشوێنانە بڕیاری كەسین و دۆخی ئەمنیی تێكدەدەن و سەرچڵیكردنە بە سەقامگیری وڵات و كردنەوەی بەرەیەكی نێوخۆی بەرووی تیرۆردا لە پێناوی بەدیهێنانی ویستی تاكڕەویی لە دەسەڵاتدا". هاوپەیمانی فەتح 30/8/2018 هاوكات هیشام ركابی بەرپرسی نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند ئەو هەنگاوەی عەبادی كاردانەوەی پێچەوانەی بۆسەر هاوپەیمانی نەسر دەبێت. ركابی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كارتی هاوپەیمانی نەسر لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لاوازدەكات. سەدر بە دۆسیەی موسڵ و سپایكەر وەڵامدەداتەوە هاوپەیمانی " سائیرون" كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەرامبەر بە هەنگاوەكانی بەرەی " مالیكی- عامری" دەستەوەستان نەوەستاوە، خودی سەدر لە یەكەم هەنگاویدا هەوڵی جوڵاندنی شەقام دەدات كە لە چەند ساڵی رابردوودا كردبوویە دێوەزمە بەسەر حكومەتی عێراق و بەردەوام نمایشی هێزی جەماوەریی تێدادەكرد. جگە لە جوڵاندنی شەقام هاوپەیمانێتییەكەی سەدر كارتێكی تر لە دژی مالیكی رادەكێشێت كە ئەویش كارتی كەوتنی موسڵە لەلایەن داعشەوە كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتە تێیدا تۆمەتبارە. مەناهل حمێداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " سائیرون" ئەمڕۆ هەینی وتی:" سائیرون هەوڵدەدات بۆ چاككردنی دۆخی خراپی حكومەتی عێراق بەهۆی كارە سیاسییە نادروستەكانی حكومەتەكانی پێشووە و ئامانجیشی لە قۆناغی داهاتوودا هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵیی و لێپرسینەوە لایەنە كەمتەرخەمەكانە". حمێداوی ئاماژەی بەوەشداوە وەك پەرلەمانتار داوادەكەن دۆسیەی گەندەڵی دارایی و ئیداریی و ئەمنیی هەڵبدرێنەوە و لێپرسینەوەش لە هەموو ئەوانە بكرێت كە بەشداربوون لەكەوتنی موسڵ و چەند پارێزگاریەكی عێراق و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە. ئەو پەرلەمانتارەی " سائیرون" جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە هەموو ئەوانەی هۆكاربوون بۆ روودانی تاوانی سەربازگەی سپایكەر رەوانەی دادگابكرێن". هەڵدانەوەی دۆسیەی موسڵ و سپایكەر و گەندەڵی دارایی حكومەتەكانی پێشوو بە دیاریكراوی لەدژی نوری مالیكی دەگیرێتەبەر چونكە لەو كاتەدا وەك سەرۆك وەزیران بەرپرسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە. عێراق بەرەو كوێ؟ سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی سێی ئەیلولی بۆ یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق دیاریكردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان پێكهاتەكان " شیعە و كورد و سوننە" و ململانێ و ناكۆكی لایەنەكانی نێو خودی ئەو پێكهاتانەش چاوەڕوان ناكرێت ئەو كۆبوونەوەیە سەركەوتوو بێت لە یەكەمین هەنگاوی قۆناغی نوێ و پێكهێنانی حكومەت، كە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانییەتی و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. .
(درەو میدیا): بەهۆی ناڕەزایەتی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوە پێكەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. چوار لایەنە ناڕازییەكە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) جارێكی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم كۆبونەوە. كۆبونەوەی ئەمجارە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە قسەكردن بووە لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوڕابوون لەسەر ئەوەی چوار لایەنەكە پێكەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووە، ئەمەش گرفتی بۆ گەڵاڵەبوونی بیرۆكەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرچوار لایەنەكەی دروستكردووە. ئەگەر ناڕەزایەتی كۆمەڵی ئیسلامی نەبوایە، سێ لایەنەكەی تر هاوڕابوون بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بخرێتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای نزیكبونەوەی گۆڕان لە پارتی بەتایبەتی لە پرسى یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای تیرۆر، ئێستا ئەویش دەیەوێت سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی رێكبخاتەوە و كۆتایی بەو گرژییانە بهێنێت كە بەمدواییە دروستبووە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەیە كە كۆمەڵ لە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هاوڕای پارتییە. چوار لایەنە ناڕازییەكە كە لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە ئەم ناوەیان بەسەردا بڕواوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتییان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دوای تەواوبونی كۆبونەوەكەیان راگەیەندراوێكی (3) خاڵییان بڵاوكردەوە. لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە لە راگەیەندراوەكەیاندا بەهیچ شێوەیەك داوای داخستنی هەڵبژاردنیان نەكرد وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا، تەنیا لە خاڵی (2)ی راگەیەندراوەكەدا دەڵێن" لە كۆبونەوەكەدا پێداگری كرا لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵك". سەرباری ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ بەڕێوچوونی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكات و بایكۆتی پرۆسەكە بكات، واتە ئێستا لەناو چوار لایەنەكەدا تەنیا دوو لایەن ماونەتەوە كە دەیانەوێت هەڵبژاردن دواخرێت و ئەگەر دواشنەخرێت ئامادەن بەشداری تێدا بكەن، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەكگرتووی ئیسلامی). بەهانەی ئەم لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن خراپی تۆماری دەنگدەرانە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو لایەنانە هەموویان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا نوێنەریان هەیە و نوێنەرەكانیان پێشتر لەبەردەم پەرلەماندا دانیان بەوەدا ناوە تۆمارەكە خاوێن و كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن. ئەمە وایكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنانەی تر كە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەن، گومانیان لە راستی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی هەبێت لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندێك كەسیش خواستی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە بۆ تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە بەمدواییانە. چوار لایەنەكە بایكۆت ناكەن دەستەواژەی "چوار لایەنە ناڕازییەكە" لەفەرهەنگی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەیەكی نوێیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئەوكات چوار لایەن كە بریتین بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) پێكەوە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەربڕی و رایانگەیاند، یەكێتی و پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان ساختە كردووە. تۆڕەیی ئەم چوار لایەنە لە ئەنجامەكان، ئەوكات گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا و دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەنجامەكان روینەدا، ئەو چوار لایەنە لە بیرۆكەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق پاشگەزبونەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، سەركردەی چوارلایەنەكە بڕیاریاندا بچنە بەغداد و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نەكەن، لە خاڵی (1)ی راگەیەندراوەكەیاندا نوسیویانە" سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جەختدەكەینەوە لەسەر پرۆژەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بژێوی خەڵك و پاراستنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان و هاوڵاتیانی عێراق". دوو هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەوڵی دواخستی هەڵبژاردن تەنیا لەلای چوار لایەنە ناڕازییەكە قەتیس نەبووە، یەكێتی نشتیمانیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ ئەم پرسەی لەگەڵ هەریەكە لە حزبی شۆسیال دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تاوتوێ كردووە. بەپێی زانیارییەكان دوێنێ یەكێتی و گۆڕان دوو هەوڵی جیاوازیان لەگەڵ پارتیدا داوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەردوو هەوڵەكە شكستی هێناوە: هەوڵی یەكەم: ئەندامێكی ماڵباتی تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. هەوڵی دووەم: بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر وەزیر بووە، بەتەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەهەمان شێوەی نێچیرڤان بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ حزبی شیوعی لایەنە ناڕازییەكان پەنا بۆ كۆمسیۆن دەبەن لەدواین هەوڵدا دوای رەتكردنەوەی پێشنیازەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن پەنایان بۆ نوێنەرەكانی خۆیان برد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی. بەگوێرەی زانیارییەكان، دوێنێ نوێنەری چوار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بریتین لە (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە ژێر فشاری سەركردایەتی حزبەكانیاندا كۆبونەتەوە بۆ ئەوەی بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەی جێگەی سەرەنجە نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووە لەو كۆبونەوەیەدا، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵ بەفەرمی پشتیوانی ئەەوە دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان گوێنەدات بەخواست و بۆڵەبۆڵی ژێر لێو و شەرمنانەی ڕكابەرەكانی و هاوشێوەی ڕیفراندۆم هەمویان ڕاپێچی بەردەم سندوقەكانی دەنگدان بكات، وەك دەوترێت، ڕەنگە ئەمە تراژیدیترین و خەمناكترین ئەو نوكتە سیاسیانە بێت كە بەدرێژایی چەندساڵی ڕابردوو خەڵكی كوردستان بەرگوێیان كەتووەو ڕوتبونەوەی تەواوەتی زەیفی ئەو خۆشەویستییەش بێت كە هەندێك لایەن بۆ دیموكراسی دەریان بڕیوە. چاودێرانی دۆخی كوردستان دەڵێن، لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی جدی لە هەرێمی كوردستان، ئەو خیتابە بەخەستی باڵادەست بوو كە هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان (پارتی و یەكێتی) حەزیان لە هەڵبژاردن نیەو، ئەگەر وازیانلێبهێنن هەر نایكەن، یان كاتێك دەیكەن دڵنیابن لە ئەنجامەكانی، ئەمە وەك عەیبە و پەڵەیەكی گەورە بەتەوێڵیانەوە وێنەدەكرا، وەك هێزی دژە دیموكراسی و ناشرین و خۆسەپێن ناویان دەهات، بەڵام لەئێستاوە بەدواوە دواخستنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی لەبازنەی حەزی هێزەكانی دەسەڵاتدا نەماوەتەوەو، بووە بەجۆرێك لەحەزی گشتیی هێزەكان و جۆرێك لە مۆدیلی سیاسیش، لەبری گەورەكردنی ڕوبەری جیاوازییەكان، تادێت لەیەكچونەكان بەرتەسكتردەبنەوە، ئەم واقیعی حاڵە بەبۆچونی هەندێكی تر. شینی پارتی بۆ هەریسەكەیە پێداگرییەی پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی 30 ئەیلولدا، لەڕێزگرتن و بەپیرۆز بینینی وادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی پرۆسەی دیموكراسیەوە سەرچاوەی نەگرتووە، هەروەك چۆن لە خۆشەویستیشی نیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن وەك میكانیزمێكی ئاشتنیانەی دەستاودەستی دەسەڵات، بەو پێیەی "ئەو حزبە خۆی پایەكی سەرەكی بێبەهاكردنی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان"، لانی كەم ئەمە قەناعەتی زۆرێك لەو خەڵكانەیە كە خۆیان بەڕكابەری سەرسەخستی پارتی و پارتیش بەهێزێكی نادیموكراسی و ڕێزنەگر لەدەنگی خەڵك و ڕكابەرە سیاسییەكانی دەزانن. زۆرێك هۆكاری یەكەم و كۆتایی ئەم پێداگرییەی پارتی بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو حزبە دەگێڕنەوە كە بۆ حاڵی شڕو و شێواو و ناوماڵی پەرتوبڵاوی حزبەكانی ڕكابەری كردویەتی و پێیانوایە" پارتی گەیشتوەتە قەناعەتێك دەرفەت و هەلی وەك ئەوەی ئێستای دەستناكەوێتەوە، بۆیە بەهەر نرخێكبێت هەڵبژاردن ئەنجامدەدات و بەجیاوازییەكی گەورە پێش ڕكابەرەكانی دەداتەوە". ڕكابەرەكانی پارتی لەهەڵبژاردن تۆقیون لەبەرامبەردا، ڕایەكی تر هەیە دەڵێت، خوێندنەوەی دۆخی سیاسی كوردستان بەمشێوەیە و تانەدان لە پارتی لەسەر پێداگرتنی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆچونێكە "پڕە لە دووڕویی سیاسی و پاشگەزبونەوە لەهەموو ئەو بانگەشانەی كە هەندێك هێز لە ڕابردوودا دەیانكرد و دەیانوت لەبارەی زرورەتی ڕێزگرتن لەوادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی دیموكراسی ئەگەر بۆ ڕۆژێكیش بێت". لەبارەی ڕەواتیشەوە باسلەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر پارتی ئەوەشی لاڕوون بێت سەركەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێت و لەپێناوەشدا پێداگری دەكات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا چی ناڕاوایەتییەكی تێدایە؟ لەكاتێكدا هێزەكانی ڕكابەری ترس لە شكست و دۆڕانی هەڵبژاردن وایلێكردوون پێداگری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بكەن و ئەومافە بەخۆیان بدەن كە مافی ئەوان نییە. دواخستنی هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پرسیارە جەوهەرییەكان بەلای هەندێكی ترەوە ئەوەیە، ئەگەر پێداگری پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بچێتە خانەی بەرژوەندی حزبیی ڕوتەوە، ئەی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پاشان دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ساڵێك و دوان جگە لە زیانگەیاندن بە پرۆسەی دیموكراسی، چی لە دۆخەكە دەگۆڕێت و ئەو حزبانەی داوای دواخستن دەكەن دەتوانن چی ئیزافەیەكی نوێ بۆ دۆخی خۆیان و خەڵك و پرۆسەی دیموكراسیش بكەن لەو ماوەیەدا؟. بەم مەعنایە بێت، هەڵبژاردن بكرێت یان دوابخرێت، خواستێكی جدیی قوڵكردنەوەی زیاتری پایەكانی دیموكراسی لەپشتیەوە نیە، بەڵكو بەدیوێكدا لە بەرژەوەندی ئەم هێزەو بەدیوەكەی تریشدا دەچێتە بەرژەوەندی كۆمەڵێك هێزی تر، هەر لایە و خوازیاریشە دیوەكەی خۆی نەخش بهێنێت، ئەمەش وەك دەوترێت دەلالەتێكی ڕوونە لەسەر ئەوەی ئەم هێزانە ئەوەندە حەزیان لە هەڵبژاردنە كە براوەبن تێیدا یان گۆڕانێك دروستبكات لەبەرژوەندی خۆیانە، لەكاتێكدا هەڵبژاردن وەك پایەكی گرنگی دیموكراسی پەیوەستە بەكۆمەڵێك وادە و كاتی دیاریكراو كە لەوڵاتە دیموكراسییەكاندا بە پیرۆز تەماشدەكرێت و بۆ ڕۆژێكیش لێی لانادەن.
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئامادەكاریی بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا و دەڵێت:" ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و تەكنیكیی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە". ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە لە وادەی خۆیدا كە 30 ئەیلولی داهاتووە. دەقەی راگەیەنراوەكە: راگەیاندراوی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی ئەندامانی، رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 30ی 8ی 2018، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، چەند بابەتێكی گرینگ و هەنوكەیی خستە بەر باس و گفتوگۆكردن. یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: بەگوێرەی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان دەبوایە لە بەهاری رابردوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرابایە، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای چەند لایەنێك، سەرەڕای ئەوەی پارتی كاتەكەی بە گونجاو دەزانی، لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆی كوردستان، تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمان درێژكرایەوە بۆ دوو دەورەی تەشریعی، كە لە خیلالی ئەو ماوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی كە یاسا پێیداوە، رۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات. بۆیە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی رای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، رۆژی 30ی ئەیلولی 2018ی دیاریكرد و هەموو ئامادەكارییەكی پێویستیش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆن و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە كراون، ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەكنیكی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیالەوەی كە سورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین كە ئامادەكاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ هەڵبژاردن، لە پێناو رەواندنەوەی رەخنە و نارەزایەتیەكان و دامەزراندنی كابینەیەكی نوێی پاڵپشتكراوی زیاتری سیاسی و كۆمەڵاتی. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان 30/8/2018
( درەو میدیا): لەدوای كۆبوونەوەیان چوار لایەنەكە (گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) جەخت لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەن کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک. دوای کۆبوونەوەی سەركردەی یەكەمی چوار لایەنە سیاسییەکە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە سلێمانی، لە راگەیەندراوێكی سێ خاڵیان خستەڕوو: 1- سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، جەختدەکەینەوە لەسەر پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی خەڵک و پاراستنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیانی عێراق. 2- لە کۆبوونەوەکە ێداگری کرا لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک. 3- هەرچوار لایەن بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و هەماهەنگی و هاوکاری کاری هاوبەش.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەنیازە سكاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆماربكات، كە تۆمەتباریانكردون بەئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان. كەریم تمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: بەئەنقەست هەوڵی شێواندنی پرۆسەی دیموكراسی دەدرێت لە عێراق. ئاشكراشیكرد، ژمارەیەك سەركردەی سیاسی سەردانی كۆمسیۆنیان كردوە و پشتیوانی خۆیان بۆ دامەزراوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەربڕیوە بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان. وتەبێژی كۆمسیۆن ڕاشیگەیاند: بەنیازن سكاڵا لەسەر ئەوانە تۆماربكەن كە تۆمەتباریان كردن بەساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان. ئاماژەی بەوەشدا، دەستوەردان ناكەن لە پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، بەڵام گرنگە هاوپەیمانێتییەكان لە كۆمسیۆن تۆماربكرێن. جەختیشیكردەوە، هاوپەیمانییە سیاسییەكان هیچ نرخێكیان نابێت ئەگەر خۆیان لە كۆمسیۆن تۆمارنەكەن. قسەكانی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دوای ئەوەدێت، ڕۆژی 28 ی، ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا بەردەوامیی بڕیاری هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، پاڵپشت بە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن كە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بەر لە تەواوبونی وادەكەی پەسەندیكرد.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم كۆبوونەوەو گفتووگۆ نهێنییەكان لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردن زیادیكردوەو، هەندێ لایەنی سیاسی دەیانەوێ تاوەكو چوارشەممەی داهاتوو ئەو پرسە یەكلابكەنەوە. دوێنێ چوارشەممە یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردوە، بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دووبارە مەسعود بارزانی وەڵامەكەی نەرێنی بووەو رەتی كردۆتەوە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی دوابخرێت. ئەمە لە كاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردوە لە بڕی داوای دواخستنی هەڵبژاردن، لە حكومەتی داهاتوودا پارتی ئامادەیە بەشێوەیەكی هاوبەش و یەكسان جارێكی دیكە پۆستەكان لە نێوخۆیان دابەشبكەن، رێككەوتنەكەشیان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی، یاخود هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی واژووبكرێت، تاوەكو ئێستا یەكێتی وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە. پارتی داواشی لە یەكێتی كردووە ڕێككەوتنێك ئەنجامبدەن، كە دوای هەڵبژاردن بەیەكەوە لە پەرلەمانی كوردستان ببنە یەك فراكسیۆن، هەر بەیەكیشەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕێكبكەون لەگەڵ كردنەوەی دەرگا بۆ چەند لایەنێكی دیكە. هەر سەبارەت بە پرسی دواخستنی هەڵبژاردن كە بڕیارە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕیوە بچێت، دوێنێ شەو نوێنەری چوار لایەنی سیاسی ( یەكێتی ، گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو ) لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، دوای فشارخستنەسەریان لەلایەن حزبەكانیان كۆبوونەتەوە، تاوەكو دەرەچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بهپێى زانیارییهكان بهرپرسێكى باڵاى گۆڕان كه پێشووتر وهزیر بوو، دوێنێ چوارشهممه 29ى ئاب، تهلهفۆنێكى لهگهڵ نێچیرڤان بارزانى ئهنجامداوه، داواى كردوه ههڵبژاردن بۆ ماوهى یهك ساڵ دوابخرێت و به بارزانیشى ڕاگهیاندوه، ئهمه پێشنیازى یهكێتی و هاوپهیمانیشه، دووباره سهرۆكى حكومهت ئهم داوایهى ڕهتكردهوه. بەپێی زانیاریەكان ڕێزان حەمەڕەشید، كە سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە لە كۆمسیۆن و سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە بە حزبەكەی ڕاگەیاندوە، ناتوانێت بڵێ تۆماری دەنگدەران پاك نییەو چونكە خودی خۆی هەستاوە بە پاكسازی لە تۆماری دەنگدەراندا. بڕیاریشە ئەمرۆ سەركردەی سەركردەی چوارلایەنە ناڕازیەكە كۆببنەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی تایبەتە بە دواخستنی هەڵبژاردن و دواین كارتەكانیان لەوبارەیەوە.
( درەو میدیا): لە راپرسیەكدا كە ( رێكخراوی شار بۆ راپرسی )ئەنجامیداوەو ئەمڕۆ لە كافتریای ئەمنە سورەكەی شاری سلێمانی خرایە روو، تیایدا ( 1640 ) كەس لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشداریان تێداكردبوو، بەپێی راپرسیەكە ( 62%) بەشداربوەكان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا دەكەن. هەربەپێی راپرسیەكە و لە وەڵامی پرسیارێكدا (54%)ی بەشداربوان پێیان وایە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا درووست ناكات . لە راپرسیەكەداو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چی پۆستێك گرنگە بۆ كورد لە بەغداد وەری بگرێت، ( 43%) ی بەشداربووەكان پێیان وایە بۆ داهاتوو كورد سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت و ( 20%)ی بەشداربوانیش پێیان وایە سەرۆكی كۆمار و ( 37%) بەشداربوان پێیان وایە كورد وەزارەتە سیادیەكان وەربگرێت.
راپۆرتی: ئارام مەحمود حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داننانێت بەشەرعیەتی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان و هیچ بڕیاڕێکێشیان بەیاسایی نازانێت، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی نەزاهە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە بەتێوەگلان لەئەنجامدانی ساختەکاری لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ یەکلادەبێتەوە، ئەمە لێدوانی سەرچاوەیەکی باڵایە لەحکومەتی عێراق کە تایبەت بە"درەومیدیای" ڕاگەیاند. عەبادی ڕێگەنادات بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان ڕۆژی 28 ئەم مانگە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆیدا، بڕیارێکی تایبەتی بەکۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەرکرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی" پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی 4 لەهەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارە 45ی، ساڵی 2013، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بەپێویستی جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەو یاسایە کە جەخت دەکات لەسەر وەستاندنی کاری ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی ساختەکاری کۆتایدێت، کە ئەنجومەنی وەزیران بەبڕیار ئاماژەی پێداوە، هەموو بڕیارێکیش کە لەوانەوە دەردەچێت بە بەتاڵ ئەژمار دەکرێت"، بەوتەی سەرچاوەکەی "درەومیدیا" عەبادی ڕێگەیان نادات بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان و بە جێگەی متمانەیان نازانێت. ئەو بڕیارەی عەبادی دوای ئەوەدێت، ڕۆژی 27 ئەم مانگە ئەنجومەنی باڵای کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان لەئاگادارینامەیەکەدا، داوای لەهەموو ئەو کاندید و حزب ئیئتیلافانە کرد کە دەیانەوێت هاوپەیمانێتی پێکبهێنن، ڕۆژی 28ی ئاب، سەردانی بارەگای کۆمیسۆن بکەن بۆ وەرگرتنی فۆرمی تایبەت بەپێکهێنانی هاوپەیمانێتی، ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچو و، دواتر لەلایەن چەند هێزێکەوە تۆمەتی تێوەگلان لەساختەکاری و یاریکردن بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرا، پەرلەمانی عێراق بەر لەکۆتایهاتنی خولی سێیەم و، دوای زنجیریەک کۆبونەوە، لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا و لەچوارچێوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردندندا بڕیاریدا بەهەڵپەرساردنی کارەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری یاسای تر دژیان، وێڕای بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەوچوارچێوەیەدا. کۆمیسیۆن ولایەنەکان کاردانەوەیان هەیە بڕیارە سبەی، پێنج شەممە 30 ئاب، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەبارەگای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکبخەن و تیایدا ئاماژە بەدواین پێشهاتەکانی تایبەت بەکاری کۆمیسیۆن بکەن، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم چوارچێوەیەدا دەست "درەو میدیا" کەوتوە، چاوەڕواندەکرێت نوری مالکی بەسیفەتی جێگری سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی لەکۆمیسیۆن ئامادەبن، ئەگەرچی ڕون نیە هۆکاری ئامادەبونی ئەوان چیە لەو بۆنەیەدا، بەڵام وەک بەشێک لەچاودێران دەڵ ێن، ڕەنگە لەچوارچێوەی پشتیوانی و کاردانەوەی ئەو لایەنانەدابێت کە دژی بڕیارەکەی عەبادین و وەستاندنی کارەکانی کۆمیسیۆن بەنایاسایی دەزانن. بڕیارەکەی عەبادی زیاد لەکاردانەوەیەکی بەدوای خۆیدا هێناوە، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە ڕکابەرێکی دیاری عەبادی و بەرەکەیەتی، داوا لەحکومەتی عێراق دەکات کۆتایی بەدەستوەردان لەکاروبارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بهێنێت، یەکێتی هێزە عێراقیەکانیش لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت، مافی ئەنجومەنی وەزیران نیە کارەکانی کۆمیسۆن پەکبخات و بەپێشلکاریی یاسای دەزانێت. زۆرێکی تر لەو لایەنانەی ڕەخنە لەبڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگرن پێیانوایە، بڕیارەکە پێچەوانەی دەستوری عێراقە، کە بەدەق دەڵێت، کۆمیسیۆن لەژێر چاودێری پەرلەماندایە و لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتدا نیە دەستوەربداتە کارەکانیان، هاوکات پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و کاری دەستە سەربەخۆکانیشە، بەوپێیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوەو پاڵپشت بەمادەی 102 لەدەستوری عێراق پێکهێنراوە و پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوەی لێبکات لەبەرامبەر کارەکانی. هەندێک لایەنی تریش دەڵێن، کۆمیسیۆن بەشێوەیەکی دروست کارەکانی ئەنجامداوە، بەبەڵگەی ئەوەی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان، بەڕێژەی 99% هاوتای ئەنجامە ئەلەکترۆنیەکان بوە و، پێویستە هەموو ئەوانەی خراپەکارییان بەرامبەر بەکۆمیسیۆن کردوە، لەسیاسیەکان و کاندیدە دەرنەچوەکان، داوای لێبوردن لەکۆمیسیۆن بکەن. هاوکات بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەئامانجی و مەبەستی شەخستی ڕووت وەسفدەکەن و پییانوایە، ئامانجەکەی وەستاندنی تۆماری گەورەترین کوتلەیە لەپێناو بەردەوامی حکومەتی ئێستا لەسەر کارەکانی کە شکستیهێناوە لەجێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی عێراق.
(درەو میدیا): روسیا بەنیازە مانگی داهاتوو مانۆڕێكی سەربازیی زۆر گەورە ئەنجامبدات كە 300 هەزار سەرباز بەشداری تێدادەكەن و ئەو مانۆڕەش گەوەترین مانۆڕی سەربازییە لە دوای مانۆڕەكانی جەنگی ساردەوە لە ساڵی 1981دا. بەوتەی دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا " كرملن" مانۆڕی " ڤۆستۆك- 2018" پاساوی خۆی هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێڕوانینە دوژمنكارانە و نادۆستانانەی بەرامبەر بە وڵاتەكەی هەن. لەو مانۆڕە گەورەیەدا كە لە گۆڕەپانە سەربازییەكانی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی روسیا بەڕێوەدەچێت چەند یەكەیەكی سەربازی چین و مەنگۆلیاش بەشداری دەكەن و مانۆڕەكەش لە كاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" و روسیا بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر هەنگاویناوە. چی روودەدات لە مانۆڕەكەدا؟ سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند 36 هەزار تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە 11 بۆ 15ی ئەیلول بەشداری دەكەن لە مانۆڕی " ڤۆستۆك – 2018" جگە لە زیاتر لە هەزار فڕۆكە. هەروەها هەموو یەكە سەربازییەكانی روسیا و دووو كەشتیگەلیش لە سیبریا و خۆرهەڵاتی روسیا بەشداریدەكەن. وەزیری بەرگری روسیا مەشق و راهێنانەكانی مانۆڕی ڤۆستۆك 2018شی بەراورد كرد بە مانۆڕەكانی یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1981دا كە چەند مەشقێكی لەسەر هێرشكردنە سەر پەیمانی ناتۆ لەخۆگرتبوو. شویگۆ لەو بارەیەو وتی:" لە هەندێك رووەوە دووبارەكردنەوەی مانۆڕەكانی زاباد – 81 ە بەڵام بە شێوەیەكی بەرفراوانتر". دەربارەی بەشداریكردنی چینیش لە مانۆڕەكەدا وتەبێژی كرملن رایگەیاند ئەو هەنگاوە هەماهەنگی و هاوكاری هەموو بوارەكانی نێوان روسیا و چین نیشاندەدات. قەبارەی مانۆڕەكانی " ڤۆستۆك 2018" یەكسانە بە هێزەكانی یەكێك لە شەڕە گەورەكانی جەنگی دووەمكی جیهانی و ساڵی رابردووش روسیا و بیلاروسیا چەند مانۆرشێكی سەربازی بچوكیان لە ناوچەكانی خۆرئاوای ئەنجامدا و كاری لە پێشینەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیاش لەماوەەی رابردوودا بریتی بوو لە نوێكردنەوەی سوپا و توانا سەربازییەكان، لەوانەش دروستكردنی موشەكی ئەتۆمیی نوێ و ئێستاش سوپای روسیا بە نزیكەی یەك ملیۆن سەرباز دەخەمڵێنرێت. چۆن و بۆچی چین بەشداری دەكات؟ وەزارەتی بەرگری چین بەیاننامەیەكی جدیی بڵاوكردەوە تائاستێكی زۆر باس لە قوڵبووونەوەی هاوكارییە سەربازییەكان و پەرەپێدانی تواناكانی هەردوولا دەكات لە پێناوە رووبەڕووبوونەوەی" هەڕەشە ئەمنییە جۆراوجۆرەكان" ، بەڵام دەشڵێت مانۆڕەكە " هیچ لایەنێكی سێیەم" بە ئامانج ناگرێت. هەروەها وەزارەتی بەرگری چین ئاشكرایكرد كە بە 3200 سەرباز و زیاتر بە 900 پارچەی سەربازیی و 30 فڕۆكە و هێلیكۆپتەر بەشداری مانۆڕەكە دەكات و گۆڕەپانی مانۆڕەكەش لە گۆڕەپانی مەشقی تسۆگۆل لە ناوچەی ترانس- بەیكاڵی روسیا دەبێت و ئێستاش بەشێك لە هێزەكان گەیشتونەتە ناوچەكە، بەڵام تائێستا هیچ وردەكارییەك دەربارەی بەشداریی مەنگۆلیا لەو مانۆڕەدا بڵاونەكرانەتەوە. ناتۆ چی دەڵێت؟ دیلاین وایت، وتەبێژی پەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ناتۆ لە مانگی ئایاری رابردووەوە ئاگاداركراوەتەوە لە مانۆڕی " ڤۆستۆك – 2018"و چاودێری دەكات. ئاشكرایكرد ناتۆ پێشنیازێكی روسیا تاوتوێدەكات كە رێگەدات پاشكۆی سەربازی رەوانەی مۆسكۆ بكات بۆ چاودێریكردنی مەشق و راهێنانی مانۆڕەكە. وتەبێژەكەی ناتۆ لە بەیاننامەیەكدا وتی:" هەموو وڵاتان مافی ئەوەیان هەیە مەشق بە هێزە سەربازییەكانیان بكەن، بەڵام پێویستە ئەو مانۆڕانە بە شەفافیی بەڕێوەبچێت و بە شێوازێك كە پێشبینیكراو بێت. هۆكاری ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی روسیا و ناتۆ پەیوەندییەكانی روسیا و ناتۆ ساڵی 2014 زیاتر ئاڵۆزبوون، كاتێك مۆسكۆ نیمچە دوورگەی كریمیای لە ئۆكرانیا كردەوە و كردییە بەشێك لە روسیا و هاوكاری یاخیبووەكانی سەر بە روسیای لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا كرد، ناتۆش بە بڵاوكردنەوەی هێزی ززیاتر لە ئەوروپای خۆرهەڵات وەڵامی ئەو هەنگاوەی روسیای دایە و نزیكەی چوار هەزار سەربازی رەوانەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ كرد و روسیا دەڵێت ئەو كارەی ناتۆ پاساوی نییە و ئیستیفزازییە.
( درەو میدیا): هەموو چاوەكان لەسەر ڕۆژی 3ی ئەیلولی داهاتوو و گرێدانی یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقن، كە هەندێك پێیانوایە ساتەوەختی كرانەوەی كۆی گرێ و گۆڵە سیاسییەكانی پێێكهێنانی حكومەت و كۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی نزیكەی سێ مانگە تەواوی لایەنە سیاسییەكان و شەقامی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە. بەپێی بڕگەكانی خشتەی كاری یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان بڵاویكردوەتەوە و بڕیارە ڕۆژی 3ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە دانیشتنەكەدا وتاری سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی خولی سێی پەرلەمانی عێراق دەخوێنرێتەوە و بەپێی ماددەی 54ی، دەستور بە تەمەنترین ئەندام سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات و دوای خوێندنەوەی ناوی ئەندامانی خولی چوارەم، سوێندی یاسای دەخۆن و دواتر سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێرێن. زیادەڕۆیی لەگەشبینییەكاندا دەكرێت بەڕای بەشێك لە چاودێران، بەڕێوەچونی ئەم ڕێكارە یاساییانە لە زۆنێكی پڕ ململانێی وەك عێراق كاتێك بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچێت، لایەنەكان لەسەر دابەشكارییەكانی سێ سەرۆكایەتیەكە و پۆست و پایەكانی تری حكومەت گەیشتبێتنە ڕێككەوتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچكام لەبەرەكان نەیانتوانیوە زۆرینەی پەرلەمانیی، یان وەك خۆیان ناویانناوە "گەورەترین كوتلە" پێكبهێنن، وەك بنەمای سەرەكی بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەم ڕێكارەكان یاساییەكانی دانیشتنی پەرلەمان بەوشێوەیە زەحمەتە ڕووبدەن و، هەم چاوەڕوانیی زۆریش لەو دانیشتنە بەجۆرێك زیادەڕۆییكردن لە گەشبینی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، هەر ئەوەشە هۆكاری ئەوەی، قسەكردن لەسەر كۆمەڵێك سیناریۆی جیاواز ببێتە ڕۆژەڤ و خوێندنەوەی هەمەلایەنەی بۆ بكرێت. ئەگەرەكانی بەڕێوەچونی یەكەم دانیشتن ئەگەر لایەنەكان نەیانتوانی گەورەترین كوتلە پێكبهێنن، ئەوا پێشبینی دوو سیناریۆ بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت ، سیناریۆی یەكەمیان، پەنابردنی زۆرینەی لایەنەكانە بۆ ڕێكارێكی یاسایی كە ڕێگە بە درێژەكێشانی گفتوگۆ سیاسییەكان بدات، بەجۆرێك پێشێلكردنی وادە دەستورییەكانی تیانەبێت. سیناریۆی دووەمیش، هێزە سیاسییەكان كاربكەن بۆ تەواونەكردنی نیسابی دانیشتنەكە، بەوەش هیچ ئیحراجییەك ناكەوێتە لەسەر هیچ لایەنێك و دواتر لەڕێی نوسراوێكەوە داوای دیاریكردنی وادەیەكی نوێ لەسەرۆك كۆمار بكرێت بۆ دانیشتنی نوێی پەرلەمان، كە ڕەنگە بكەوێتە ڕۆژی 15ی ئەیلولی داهاتو و بەوەش دەرفەتێكی نوێ بدات بەكوتلە سیاسییەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی بژاردەكانیان سەبارەت بە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و كاندیدەكانی پۆستی سێ سەرۆكایەتیەكە، ئەمە بە بۆچونی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە بۆ ماڵپەڕی " سۆمەرییە نیوز " قسەیكردوە. سیناریۆی سێیەم ئەوەیە، ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسای بخۆن و دانیشتنەكە هەڵبگیرێت بێئەوەی دەنگ لەسەر سەرۆك و دوو جێگرەی بدرێت و، بابەتەكە بخرێتە دانیشتنی داهاتوو، كە هەفتەیەك دوای دانیشتنی یەكەم ڕێكدەخرێت. هەر لە چوارچێوەی شرۆڤەكردنی ئەم پرسەدا (واسق هاشمی) شارەزای سیاسی پێیوایە، دانیشتنی پەرلەمان ڕێكناخرێت ئەگەر كاندیدەكانی سێ سەرۆكایەتییەكە یەكلانەكرێنەوە، پێشبینی ئەوەشیكردوە، بەتەمەنترین ئەندام كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات داوا لەئەندامان بكات سوێندی یاسای بخۆن و دانیشتنەكە بە كراوەیی جێبهێڵێت، باس لە سێ سیناریۆش دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی دیمەنی سیاسی، هۆشداریشی داوە لە پەرتبونی زیاتری ناوماڵی شیعە. دیمەنی سیاسی چۆن یەكلادەكرێتەوە؟ هاشمی بە هەمان سەرچاوەی وتوە، ململانێی ناو پێكهاتەكان هێشتا بەردەوامە، ململانێكانی ناو پێكهاتەی سوننە لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەردەوامە، پارتە كوردییەكانیش لە هەمان دۆخدان سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار، ناوماڵی شیعەش لە ئەنجامی ململانێ لەسەر پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و پۆستی سەرۆك وەزیران لە حاڵێكی باشتردا نیە. لەبارەی سیناریۆكانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ڕایگەیاندووە، سێ سیناریۆ بۆ یەكلاكردنەوەی دیمەنی سیاسی لەئارادایە كە ئەوانیش: یەكەمیان: میحوەری دەوڵەتی یاسا و فەتح سەركەوتووبن لەر ِاكێشانی سوننە و كورد بۆ بەرەكەیان و بەوەش گەورەترین كوتلە پێكبهێنن. دووەمیان: میحوەری سائیرون و نەسر و وەتەنیە وحیكمە سەركەوتووبن لە ڕاكێشانی سوننە و كورد بۆ بەرەكەیان و بەوەش گەورەترین كوتلە پێكبهێنن، ئەم دوو سیناریۆیەشی بەدوور زانیوە. سێیەم: كە لەلایەن وڵاتانی دەرەكییەوە فشار بۆ ئەنجامدانی دەكرێت، ڕێكخستنەوەی ناوماڵی شیعە و سوننە و كورد و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و پێكهێنانی حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی بەبێ بوونی ئۆپۆزسیۆن. بە وتەی ئەو شارەزا سیاسییە، پەرتبونی ناوماڵی شیعە زیانی بە بەرژوەندییەكانی نیشتمان گەیاندووە، بەوپێیەی هەردوو لایەنی كورد و سوننە پرسەكەیان قۆستوەتەوە بۆ بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانیان كە ڕەنگە پرسی نەكردە و نادەستوری لەخۆبگرێت و دوو لایەنە شیعەییەكە كە خوازیاری پێكهێنانی گەورەترین كوتلەن ملی بۆ بدەن. بەپێ زانییارییەكانی "درەومیدیا" كە لەسەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراقەوە دەستیكەوتوە، نوری مالیكی و هادی عامری بەچڕی دەستیانكردوەتەوە بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە شیعییە جیاوازەكان وەك هەنگاوی یەكەم و دواتر سەرلەنوێ پەیوەندیكردن بەلایەنەكانی ناو سوننە و كورد، سەرچاوەكە لە زاری ئەندامانی ئەو وەفدەی كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هاتنە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبوونەوە، ئەوەشی ئاشكراكرد، دانیشتنەكەیان زۆر بەئیجابی وەسفكردوە و لایەنە كوردییەكان پێیان ڕاگەیاندون كە بەمزوانە وەڵامیان دەدەنەوە.
(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی تەمموزی رابردوو راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهات زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تەمموزی رابردوو عێراق (109 ملیۆن و 857 هەزارو 705) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 661 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (68.322) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 532 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا (7 ملیار و 323 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار بووە. واتا داهاتی نەوت بە بەراورد بە مانگی رابردوو زیاتر لە ( 200 ملیۆن دۆلار ) زیادیكردووە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف لەدواین كۆبونەوەی نێوان یەكێتی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ناكۆكی گەورە دروستبووە، مەكتەبی سیاسی پارتی بەفەرمی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە" لەنێوان پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی پارێزگای كەركوكدا ئەوان یەكێكیان دەوێت". سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی وت: وەفدی یەكێتی لەو داوایەی پارتی ناڕازی بوون و پێیان راگەیاندوون ئەو دوو پۆستە هەردووكیان ئیستحقاقی یەكێتین و رازی نابن بدرێتە بە پارتی، بۆیە كۆبونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتوەتەوە". سێ كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دوای ئەوەی لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتوەتە هیچ ئەنجامێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی عێراق، بڕیاریداوە كاندیدی خۆی هەبێت بۆ سەرۆك كۆماری عێراق. هەرچەندە باس لە دانانی (هۆشیار زێباری) یان (رۆژ نوری شاوەیس) دەكرێت وەكو كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار، بەڵام زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، پارتی (فوئاد حسێن) كاندیدی دەكات، بەوپێیەی كەسایەتییەكی شیعەیە و جێگای نیگەرانی لایەنە عێراقییەكان نیە، ئەمە لەكاتێكدایە رەنگە كاندیدكردنی (هۆشیار زێباری) كێشە دروستبكات، چونكە ئەو پێشتر كە وەزیری دارایی عێراق بووە لەسەر پرسی گەندەڵی لە پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە. یەكێتی كێ دەنێرێتە بەغداد ؟ دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆبوەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە یەكێتی لە بەغداد دۆخی خراپە و كارەكتەرەكانی لە ئاستی پۆست و پێگەی یەكێتیدا نین، بۆیە دەبێت ئەمجارە كارەكتەری بەهێز رەوانەی بەغداد بكرێن، رەنگە یەكێك لەو كارەكتەرانە (مەلا بەختیار) بێت كە چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و گەیشتنە بە كورسییەكەی تاڵەبانی لە كۆشكی سەلام، پێشتر چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوكرانەوە لەبارەی ئەوەی مەلا بەختیار بڕوانامەی خوێندنی زانكۆی نییە، بۆیە ناتوانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، بەڵام (درەو میدیا) زانیاری دەستكەوتووە مەلا بەختیار ئەو كێشەیەی چارەسەر كردووە و لە زانكۆیەكی ئەوروپا بڕوانامەی وەرگرتووە. ئەمە لەكاتێكدایە (محەمەد سابیر) ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی كە پێشتر باڵیۆزی عێراق بووە لە چەند وڵاتێك، بەفەرمی لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و سیڤییەكەی رەوانەی مەكتەبی سیاسی كراوە بەمەبەستی پەسەندكردنی. چوار لایەنەكە كاندیدیان دەبێ ؟ لایەنی سێیەم كە چاوەڕەوان دەكرێت كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبێت، چوار لایەنەكەیە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری). لە باشترین حاڵەتدا رەنگە كاندیدی ئەو چوار لایەنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح بێت، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح نیەتی چونە بەغدادی هەیەو پشتیوانی بۆ كۆكردوەتەوە. سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئێستا لەناو یەكێتیش وەك پێشتر ئەو هیڵە سورەی لەسەر بەرهەم ساڵح نەماوەو بۆچون هەیە كە بەرهەم ساڵح ببێتە كاندیدی چوار لایەنەكەو یەكێتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
( درەو میدیا): بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" لەدوای بڕیاری بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییەوە ئەو هێزە بڕیاریداوە كەناڵی خەندانی زمانحاڵەكەشی دابخات. زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژەبەوەدەكەن كە لەمشەوەوە كەناڵی خەندان دادەخرێت، بەڵام بەهۆی بوونی گرێبەستی كارمەندان و هەندێك بەرنامەی تۆماركراو، پەخشی كەناڵەكە تا 10 رۆژی تر بەردەوام دەبێت و دواتر دادەخرێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرەوەری بەرەسمی بڕیاریداوە بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، كە خۆیان پێیانوایە تۆماری دەنگدەران خاوێن نیە و دووبارە ساختەكاری گەورە دەكەن لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەم روانینەی هاوپەیمانی لە كۆبونەوەی چوارقۆڵی سەركردەكانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) باسكراو بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام لایەنەكانی تر رازی نەبوون. بەڵام بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانییەوە دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت: یەكەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و خودی بەرهەم ئەحمەد ساڵح ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە بەهۆی "ئەگەری زۆری ساختەكاری و ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران" وەك هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو روبەرووی شكستی گەورە ببنەوە و ئیدی خۆری سیاسی بەرهەم ساڵح ئاوا بێت، بۆیە نایانەوێت روبەرووی ئەو شكستە ببنەوە. دووەم/ زانیارییەكان ئاماژەبەوەدەكەن كە گفتوگۆ و كۆبونەوەی پشتی پەردە هەیە لە نێوان خودی بەرهەم ساڵح و سەركردەكانی یەكێتی و ئێرانییەكان و پارتی، بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بكەنە سەرۆك كۆماری عێراق، هەرچی پارتیە جۆرێك رازی بوونی دەربڕیوە بۆ بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار و لە پشتی پەردەشەوە چەند جارێك بەرهەم ساڵح لەگەڵ خودی مەسعود بارزانی كۆبوەتەوە و باسی ئەو پرسە كراوە، پارتی لە توانای فوئاد مەعسوم ناڕازیە لەو پۆستە و دەیەوێت كارەكترەێكی بەهێز لەوێ بێت. هەرچیە ئێرانییەكانە پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، بۆئەوەی لایەنەكانی دەڤەری سلێمانی یەكخەنەوە و ناكۆكیان نەمێنێت و لەلایەكی تریش پۆستی سەرۆكی كۆمار بۆ پارتی نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك ئەو پرسەیان لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی باسكردووە. هەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بەسەر چەند روانینێكدا دابەشبوون، لایەنی كۆسرەت رەسوڵ پێیان خۆشە ئەو پۆستە بۆ بەرهەم ساڵح بێت، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش پێیان خۆشە بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەكێتی ئەو پۆستەی پێبدرێت، بەڵام ئەوەی توندن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە بەرهەم ساڵح ماڵی تاڵەبانیە، كە ئێستا بەهۆی پێشنیازی ئێرانییەكانەوە، جۆرێك لە نەرمیان نواندووە و بەتایبەتیش قوباد تاڵەبانی پشتیوانی ئەوە دەكات ئەو پۆستە بدرێتە بەرهەم ساڵح و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی و كۆتایی بە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بهێنرێت. كە پێشبینیدەكرێت بایكۆتی هەڵبژاردن و داخستنی كەناڵی خەندان لەلایەن هاوپەیمانییەوە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدا بێت.