(درەو میدیا): چەند رۆژێكە تەواوی سەرنج و نیگای چاودێرانی سیاسی ڕوو لە ئێرانە، بەو پێیەی ئەم ناوچەیە قوڵایی ستراتیژی ئێرانە، سەركێشیكردن لە بڕیارەكانی تاران لەم دەڤەرە، وەكو هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەژماردەكرێت، بۆیە هەر سەركێشییەك بەبێ باجدان تێناپەڕێت. هەموو لایەنە سیاسییەكان دوور و نزیك پەیوەندیان لەگەڵ تاران هەیە، ریشەی ئەم پەیوەندیانە هەندێكیان بۆ سەردەمی شاخ و شۆڕش دژی رژێمی بەعس دەگەرێنەوە، هەندێكی تریان لە سەردەمی ژیانی شاردا دروستكراون. ئێرانییەكان ئەم دەڤەرە وەكو گۆڕەپانی پارێزگاری لە ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان تەماشادەكەن، ئەم ئاسایشەش بە پلەی یەكەم لە ڕێگەی جێگیركردنی هێزێكی سیاسی لە دەسەڵاتدا بەدی دێت، كە ئەو هێزە هەماهەنگی جدی لەگەڵ تاران هەبێت. هەڵبژاردن شا رێگەیە بۆ ئیرانییەكان بۆ ئەوەی بەبێ بەكارهێنانی هێزی سەربازی و لە ڕێگەی هێزی دیپلۆماسییەوە كە پێی دەوترێت (هێزی نەرم) ئەو ئامانجەی خۆیان بەدی بهێنن، بۆ ئەوەش ئێرانییەكان لە هەموو هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عێراقدا وەك تەماشاكەر نەوەستاون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ئێستا قاسمی سولەیمانی لە هەرێمی كوردستانە، بونی قاسمی سلێمانی لە كاتێكدایە كە ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەرێم كێشەی گەورەی دروستكردووە، شەش لایەنی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بە دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ناڕاستەوخۆش پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەكێشن كە لەم پرۆسەیەدا هاوكاری یەكێتییان كردووە. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێناچێت ئێرانییەكان هەموو هێلكەكانی خۆیان بخەنە سەبەتەكەی یەكێتییەوە، بەو پێیەی لەئێستادا (240) سندوقی دەنگدان ئەنجامەكانیان یەكلانەكراوەتەوەو بەپێی زانیارییەكان هەر لە بنەرەتەوە یەكلانەكردنەوەی ئەنجامی ئەم سندوقانە بۆ دانوستان و رەواندنەوەی نیگەرانی لایەنەكانی تر بەجێهێلراوە، ئەوەش بۆ گۆڕانكاری لە كورسی لایەنەكان. زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، لەم هەڵبژاردنەدا ئێرانییەكان ئەنجامی هەڵبژاردنیان لە دوو ناوچە زۆر بەلاوە گرنگ بووە، یەكەم: هەڵەبجە، ئەم شارە دەكەوێتە سنوری ئێران، ئێرانییەكان وەكو ناوچەی جێ هەژمونی خۆیان تەماشای دەكەن و دەیانەوێت هێزێك لە هەڵەبجە باڵادەست بێت كە رەچاوی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بكات، لە دوای هەڵەبجە، لە پلەی دووەمدا كەركوك بۆ ئیرانییەكان جێگەی بایەخە، لەلایەك كەركوك هێڵی تەماسە لەگەڵ عەرەبە سوننەكانی عێراق و لەلایەكی تر هەندێك وای دەبینن لە كەركوك دەبوو لەم هەڵبژاردنەدا ئێرانییەكان پاداشتی یەكێتی نیشتیمانی بدەنەوە لەبەرامبەر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر. ئێرانییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كرد بەو پێیەی رەنگە هیچ هێزێك نەیتوانیبێت وەك یەكێتی ئەو رۆڵە بەرجەستە بكات كە ئێرانییەكان لەم قۆناغەدا دەیانەوێت، زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئێرانییەكان هەر لە بنەڕەتەوە تێبینیان لەسەر چەند هێزێك هەبووە لەوانە:. یەكەم/ ئێرانییەكان لەگەڵ دروستكردنی لیستی ئیسلامی نەبوون لە نێوان (یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی)، زانیارییەكان دەڵێن، ئێرانییەكان بەڕوونی بەسەركردایەتی ئەو سێ لایەنەیان راگەیاندووە ئەگەر ئەو لیستە دروستبكەن بەتوندی دژایەتیان دەكەن، بەڵام (یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی) لیستەكەیان دروستكردو سەركێشی بڕیاری تارانیان كردو باجەكەیاندا، كۆمەڵی ئیسلامیش كە سەركێشی بڕیارەكەی تارانی نەكرد، سەرباری تۆمەتباركردنی لەلایەن شەقامی ئیسلامییەكانی كوردستانەوە بەوەی یەكڕیزی ئیسلامی تێكداوە، بەڵام پارێزگاری لە دەنگەكانی خۆی كرد لە هەڵبژاردندا. دووەم/ لایەنی دووەم كە ئێرانییەكان هەر لە بنەڕەتەوە تێبینیان لەسەر دروستكردنی هەبوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە كە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، بەپێی زانیارییەكان هەر لە سەرەتای هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی، ئێرانییەكان هەوڵیانداوە رێگری لێبكەن و لەناو یەكێتی بیهێڵنەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح سەركێشی بڕیارەكەی تارانی كردو لە هەڵبژاردنیشدا باجی سەركێشییەكەی وەرگرتەوە. سەرباری ئەوەی بەرهەم ساڵح توانایەكی بەهێزی لە كاری دیپلۆماسی و پەیوەندیدا هەیە و لەگەڵ هەموو جەمسەرەكان پەیوەندی دەكات، بەڵام لەلای ئێرانییەكان وەكو پیاوێكی ئەمریكی تەماشا دەكرێت و یەكلانەبوەتەوە بۆ تاران. سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە كێشەی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیدا هەبووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ئێرانییەكان چەندینجار هەوڵی پەیوەندیكردنیان لەگەڵ گۆڕان داوە، بەڵام لێپرسراوانی گۆڕان ئامادەنەبوون هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بكەن، تەنانەت ئامادە نەبوون لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وەفدێك بۆ تاران بنێرن، گۆڕان سەركێشی كرد و باجی سەركێشییەكەی لە هەڵبژاردن وەرگرتەوە. نیگەرانی ئێرانییەكان لە بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی لە دوو هەڵوێستدا دەركەوت: ا: گۆڕان خواستی ئێرانییەكان و تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ خست بۆ دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئابی 2015 لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم، كە دواتر بە رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان كۆتایی هات و كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی سیاسییەوە. ب: ساڵی 2017 ئێرانییەكان بەتایبەت خودی قاسمی سولەیمانی داوایان لە بزوتنەوەی گۆڕانكرد، سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ هەولێر، لەم هەڵوێستەدا ئەمریكیەكان هاوڕای ئێرانییەكان بوون، خودی برێت مەكگۆرك بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕاندا خۆی سەرۆكی پەرلەمان بباتەوە هەولێر، پارتی لەسەر ئەم داوایەی تاران و واشنتۆن رازی بوو، بەڵام گۆڕان سەركێشی بڕیاری تاران و واشنتۆنی كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هۆكاری سوربونی ئێرانییەكان تەنانەت ئەمریكییەكانیش لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر، ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بووە بە ئامانجی دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هەرچەندە دڵنیابووە لەوەی پارتی و یەكێتی چونەتە ژێر فشاری تاران و واشنتۆن بۆ دواخستنی ریفراندۆم، بەڵام سەركێشی نەكردووە بۆ ئەوەی سەركردایەتی ئەو هەنگاوە بكات، كە بۆ مێژوو وەكو پەڵەیەك لەسەر شانی دەمایەوە. چوارەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو لایەنێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان 25ی ئەیلول ریفراندۆمی كرد و سەركێشی بڕیارەكانی تارانی كرد، ریفراندۆم شكستیهێنا، بەڵام پارتی لەبری توندكردنەوەی سەنگەر لەدژی تاران، سەنگەری خۆی لەبری خۆرئاوا بەرەو تاران و مۆسكۆ گواستەوە، بۆیە سەرباری نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەڵوێستەكانی ئەمدواییەی پارتی، بەڵام گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەتی پارتی لە خۆرئاواوە بەرەو روسیا و ئێران، هەندێك دڵنیایی بۆ ئێرانییەكان گەڕاندەوە، پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كە چاوەڕوان دەكرا گورزی ئێرانی بەركەوێت، بەڵام بەو دیپلۆماسیەتە نەرمە خۆی پاراست لە رق و توڕەیی تاران. پێنجەم/ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هەر لە بنەڕەتەوە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ تاران هاوسەنگ كردبوو، لە ریفراندۆمەكەی 25 ی ئەیلولدا سەركێشی بڕیاری تارانی كرد و چووە پاڵ پارتی، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی نەیانهێشت سەركێشەییەكە بەردەوام بێت، رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بە كشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك قەرەبووی تارانی كردەوە. هەموان چاوەڕوانی ئەوەبوون لەبەرامبەر كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك، لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی چەند كورسییەك لە كەركوك لەدەستبدات، بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە یەكێتی پارێزگاری لە قەبارەی خۆی كرد، لەمەشدا فەزڵەكە بۆ ئێرانییەكان دەگەڕێندرێتەوە. رەنگە هۆكاری سەرەكی پشتیوانیكردنی ئێران لە سەركەوتنی یەكێتی لە كەركوك بۆ ئەوە بگەڕێتەوە لە كەركوك هیچ هێزێك هێندەی یەكێتی ناتوانێت پارێزگاری لە ستراتیژیەتی ئێران بكات. شەشەم/ نەوەی نوێ ئەگەرچی بەهۆی ئەوەی هێزێكی نوێیە زانیاری وورد نیە لەسەر پەیوەندیەكانی، بەڵام بەهۆی دژایەتی بۆ ریفراندۆم و سەركردایەتی بەرەی نەخێر، لەگەڵ روانین و هەڵوێستەكانی ئێرانی یەكدی دەگرتەوە، بۆیە ئێرانیەكان كەمتر دژایەتی دەكەن، ئەگەرچی نەوەی نوێ خۆی بە هێزێكی نزیك لە ئەمریكاو رۆژئاوا لەقەڵەم دەدات.
(درەو میدیا): سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (6) كاندیدی دەرچووەو هێشتا كورسی حەوتەم یەكلا نەبۆتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە لیستی یەكێتی، ( د. میران محەمەد پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە )، بەپێی ئەم زنجیرەیەی خوارەوە ، لە لیستی یەكێتیدا (3) ژن دەرچوون، ئەوانیش (د. جوان احسان، بڵێسە جەبار فەرمان، ئارەزو مەحمود)ن، بەوەش كۆتای ژنی بۆ لیستەكانی دیكە كەمكردەوە و بەپێی دەنگەكان نزیكەی (7) كورسی بەدەستهێناوە. یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ( 219010 ) دەنگی بەدەستهێناوە ، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی ( 294265) دەنگی بەدەستهێنابوو. 1- د. میران محەمەد 46317 دەنگ 2- د. جوان احسان 22554 دەنگ 3- بڵێسە جەبار فەرمان 21592 دەنگ 4- بەختیار جەبار عەلی 17055 دەنگ 5- ئارەزو مەحمود 15000 دەنگ 6- حەسەن ئالی احمد ئالی 14983 دەنگ 7- تەها حمدامین 13346 دەنگ شیروان میرزا بە ( 5138 ) دەنگ لە پلەی هەشتەم و رێزان دلێر بە ( 4258 ) دەنگ لە پلەی نۆیەم و ئاراس فەریق بە ( 3848 )دەنگ لە پلەی دەیەمدایە
( درەو میدیا) حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی " النصر" رایدەگەیەنێت ئامادەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزتر لە داهاتوودا. عەبادی لە وتەیەكیدا كە كەناڵی ئەلعێراقییە بڵاویكردەوە وتی :" ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ هاوكایكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزتر و بێ گەندەڵی و بەش بەشێنەی تائیفی." عەبادیی راشیگەیاند حكومەتەكەی هەڵبژاردنی لە وادەی خۆیدا بە سەلامەتی بەڕێوەبرد و داواشی لە هاوڵاتیان و كوتلە سیاسییەكان كرد رێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگرن و پابەندی ئەو یاسایانەبن كە پەیوەست بە پێشێلكارییەكان و بەرژەوەندی وڵات و سەقامگیری زاڵ بكەن.
( درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان لە لیستی " سائرون" لە بەغداد كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانیش ئەو كاندیدەیان دەنگی پێویستی هێناوە و دەرچووە. هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، كاندیدێكیان بەناوی ئازاد شافی لە لیستی " سائرون"ی موقتەدا سەدردا لە بەغداد هەبووە و بە گوێرەی ئەنجامە نافەرمییەكان (6153) دەنگی بە دەستهێناوە و دەرچووە. ئەم زانیارییانەی هێمن هەورامی لە كاتێكدایە میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی رابردوودا هێرشێكی توندیان كردە سەر ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆیان لەسەر دوو لیستی بەغداد كاندیدكردبوو، هەرچەندە سروە عەبدولواحید دواتر كشایەوە.
( درەو میدیا/ سۆمەریە نیوز) پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نیشتمانی رایدەگەیەنێت دەستكاری زۆری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ژمارەكانی هەڵبژاردن كراوە و رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدان لە 19% تێنپەڕیوە و ئەوەش نا شەرعییە و لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانانرێت. عەبدولكەریم عەبتان وتیشی:" ئەوەی لە هەڵبژاردنەكان و دوای ئەوەش روودەدات پیلانگێڕییەكی گەورەیە دژی گەلی عێراق و هەموو پرۆسەی سیاسییە." عەبتان ئاشكراشیكرد دوێنێ دەنگی چەند كاندیدێك بڵاوكرایەوە و ئەمڕۆ دەنگەكان گۆڕدراون بە ویست و ئارەزووی چەند لایەنێكی تر. ئەو پەرلەمانتارەی لیستەكەی ئەیاد عەلاوی وتیشی:" ئێمە گومانمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە و گومانمان لە كۆمسیۆن و نەزاهەتی كۆمسیۆن هەیە و هەروەها گونمانیشمان لە كاری ئەو ئامێرانە هەیە كە بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەكارهێنران."
راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت "هەڵبژاردن بۆ ئێران و پێكهێنانی حكومەت بۆ ئەمریكا" ئەمە ئەو چیرۆكەیە كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003 بەردەوام لە عێراق دووبارەدەبێتەوە. پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كۆتاییهات، لایەنە نزیكەكان لە ئێران هەڵبژاردنیان بردەوە، ئێستا نۆرەی ئەمریكایە ئەركەكە تەواوبكات. برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دوێنێ لە بەغداد دەستی بە زنجیرەیەك كۆبونەوە كرد لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق. ئێستا برێت مەكگۆرك دوای بەغدا لە شاری هەولێرە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی كۆبوەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان هەر لە هەولێر، برێت مەكگۆرك چاوی بە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كەوتووە. رەنگە بەرهەم ساڵح پەیامی نیگەرانی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی بە مەكگۆرك گەیاندبێت. هاوكات ئێستا لە هەولێر هەر شەش لایەن (گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) لە كۆبونەوەدان. مەكگۆرك لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەتی عێراقدا رۆڵی هەبووە ئێستاش گەیشتوەتە ناوچەكە و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە. كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەو گومانانەی كە لەبارەی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە لە پارێزگای سلێمانی و ئەو لایەنانە داوادەكەن پرۆسەی هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە" روخساری پێكهێنانی كوتلەیەك كە پێكهاتووە لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەممار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و رەنگە مەسعود بارزانیش خەریكە روون دەبێتەوە، ئەمەش لەسەر حسابی مالیكی و عامری و كەربولی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان". هەمان سەرچاوە باس لەوەدەكات، سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕژێتە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی نێوان عەبادی و سەدر و حەكیم و عەلاوی و نوجێفی و بارزانی و رێخۆشكەری بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دەستیپێكردووە. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لیستەكەی سەدر یەكەمە و هادی عامری دووەمە و حەیدەر عەبادی سێیەم و نوری مالیكی چوارەمە ئەنجامەكان چی دەڵێن ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامەكان لیستی (سائرون) بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایە و دوای ئەویش لیستی " الفتح" دێت كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و بە لیستی هێزەكانی حەشدی شەعبی وەسفدەكرێت. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە كە بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبێنێت، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لە پلەی سێیەمدایە و لیستی (دەوڵەتی یاسا)ش كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و بە ركابەری سەرەكی عەبادی دادەنرا، لە پلەی چوارەمدایە. ئەگەری ئەوە هەیە سەدر و عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هاوپەیمانێتی بكەن و مالیكی و عامریش بە هاوپەیمانێتییەك ركابەرێتیان دەكەن سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت لە رۆژانی داهاتوودا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی تەواوەتی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت، ئێستا باس و خواسی ئەوەی كێ كابینەی حكومەتی نوێی عێراق پێكدەهێنێت؟ لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش بە گەرموگوڕی باسی لێوەدەكرێت. بە گوێرەی ئەنجامەكانە بەراییەكان، هاوشێوەی خولەكانی تر لیستەكانی پێكهاتەی شیعە لە عێراقدا زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستدەهێنن، و سەرۆك وەزیران بۆ ئەوان دەبێت و بە گوێرەی دەستوریش گەورەترین كوتلە مافی ئەوەی هەیە حكومەت پێكبهێنێت. پێكهێنانی حكومەتی نوێی و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، جگە لەوەی پەیوەستە بە بڕیاری هێزەكانی عێراقەوە لە كاریگەری دەرەكیش بەدوور نییە، بە تایبەتی ئێران و ئەمریكا، ئەو دوو وڵاتە رۆڵی كاریگەریان هەیە لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ. سەرچاوەكانی ناوخۆ ئاماژەوە بەوەدەدەن، پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانی (سائرون)ی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی (النصر) حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت زۆر نزیكە، بەڵام كێشەی سەرەكی بەردەم هاوپەیمانێتییە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، عەبادی خوازیارە خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، سەدریش نەیشاردوەتەوە كە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران هەیە. چەند سەرچاوەیەكی تر باس لە ئەگەری هاوپەیمانێتیكردنی نێوان هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری و (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكی دەكەن، كە عامری بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و دەوڵەتی یاساش پلەی چوارەم. ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا ئەگەر ئەم دوو بەرەیە لە ناو پێكهاتەی شیعەدا پێكبێت و كێبركێ بكەن لەسەرئەوەی كامیان گەورەترین كوتلە پێبكهێنێت، ئەوكات رۆڵی لیستەكانی كورد و سوننە و لیستە بچوكەكانی تر دەردەكەوێت، چونكە هیچ كام لەبەرەی (سەدر- عەبادی) و (عامری – مالیكی) بە تەنها ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنن، هەروەها ئەو دوو بەرەیە بەر لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران پێویستە لەگەڵ لیستەكانی تردا، پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی و سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی چارەسەربكەن، چونكە بە گوێرەی دەستوری عێراق، سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن و پاشان سەرۆكایەتی كۆمار و ئینجا سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. پێشبینیدەكرێت پرۆسەی دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان و پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانێتی ئاڵۆزبێت و كاتی زۆر بخایەنێت، لێرەوە ئیتر رۆڵی ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاڕاستەكردنی لایەنەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەستپێدەكات.
بەپێی خشتەیەكی نارەسمی كە بڵاوكراوەتەوە، لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە 54 كورسی بردۆتەوە،هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری پلەی دووەمی بەدەستتهێناوەو 47 كورسی و ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی 42 كورسی و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالكی 25 كورسی بەدەستهێناوە. بە تەواوی لیستە كوردیەكانیش بە بێ كۆتاكان 56 كورسیان بەدەست هێناوە، كە چاوەڕوان دەكرێت بە كۆتاكانەوە بگاتە 60 كورسی لە پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەش پارتی ٢٣ كورسی و یەكێتی ١٧ كورسی و گۆڕان ٥ كورسی و نەوەی نوێ ٤ كورسی و كۆمەڵ ٣ كورسی و هاوپەیمانی ٢ كورسی ویەكگرتوو ٢ كورسی بە دەستهێناوە. كۆی گشتی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران 329 كورسیە كە 320 كورسی گشتی و 9 كورسی كۆتاكانە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لای دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیەو لەلایەن وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە راگەیەنراوە، رێژەی كورسییەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق بەپێی ئەو ئامارانەی لای دەزگای هەڵبژاردنە بەمشێوەیەی خوارەوەیە. -پارێزگای هەولێر 3 بۆ 4 كورسی -پارێزگای سلێمانی 7 كورسی - پارێزگای كەركوك 6 بۆ 7 كورسی - پارێزگای دهۆك 1 كورسی - پارێزگای نەینەوا 2 بۆ 3 كورسی -پارێزگای دیالە 2 كورسی -پارێزگای سەلاحەدین 1 كورسی بەپێی ئامارەكانی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق یەكێتیی نیشتمانیی بە نزیكەی دەبێتە خاوەنی 25 كورسی، واتا 25 كاندید دەنێرێتە پەرلەمانی عیراق.
درەو میدیا: ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 166204 ) دەنگ هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك ( 81451 ) دەنگ بەرەی توركمانی ( 72945 ) دەنگ هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 23127 ) دەنگ هاوپەیمانی فەتح (17218) دەنگ ئیئتلافی نیشتیمانی عەلاوی ( 14411 ) دەنگ لیستی نیشتیمان گۆڕان, كۆمەڵ ، هاوپەیمانی ( 10268 ) دەنگ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 3663 ) دەنگ نەوەی نوێ ( 9638 ) دەنگ حزبی سۆسیالیست ( 5771 ) دەنگ رەوتی حیكمە ( 2296 ) دەنگ
درەو میدیا: ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان ( 315199) دەنگ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 41690 ) دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 23197 ) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 24280 ) دەنگ نەوەی نوێ ( 17318 ) دەنگ بزوتنەوەی گۆڕان ( 3522 ) دەنگ كۆمەڵی ئیسلامی ( 3118 ) دەنگ حزبی سۆسیالیست ( 1172 ) دەنگ بزوتنەوەی بابلیون ( 1341 ) دەنگ هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 952 ) دەنگ
درەو میدیا: ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان ( 282298) دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 69561 ) دەنگ نەوەی نوێ ( 67240 ) دەنگ بزوتنەوەی گۆڕان ( 38018 ) دەنگ كۆمەڵی ئیسلامی ( 34822 ) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 47066 ) دەنگ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 23402 ) دەنگ حزبی سۆسیالیست ( 1912 ) دەنگ بزوتنەوەی بابلیون ( 1473 ) دەنگ هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 812 ) دەنگ
درەو میدیا: ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 219010 ) دەنگ بزوتنەوەی گۆڕان ( 144574 ) دەنگ نەوەی نوێ ( 60444 ) دەنگ كۆمەڵی ئیسلامی ( 48319 ) دەنگ پارتی دیموكراتی كوردستان ( 43866) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 43431 ) دەنگ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 28705 ) دەن\ حزبی سۆسیالیست ( 4588 ) دەنگ حزبی شیوعی ( 1644 ) دەنگ رەوتی حیكمە ( 1170 ) دەنگ بزوتنەوەی بابلیون ( 1092 ) دەنگ هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 727 ) دەنگ
كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی هەڵبژاردنی لە (10) پارێزگا راگەیاند، بەڵام هیچ یەكێك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبوو، بەوپێیەی هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەیان كۆتایی نەهاتووە. ئەنجامە بەراییەكان هەڵبژاردن لەم پارێزگایانە: پارێزگای بەغداد: یەكەم: (سائیرون- موقتەدا سەدر) دووەم: (فەتح- هادی عامری) سێیەم: (دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی) پارێزگای ئەنبار: یەكەم: (الانبار هویتنا) دووەم: هاوپەیمانی نیشتیمانی سێیەم: هاوپەیمانی بڕیار پارێزگای بابل: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: (النصر- حەیدەر عەبادی) پارێزگای موسەننا: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: رەوتی حیكمە چوارەم: النصر پارێزگای دیالە: یەكەم: هاوپەیمانی بڕیار دووەم: فەتح سێیەم: هاوپەیمانی نیشتیمانی چوارەم: سائیرون پارێزگای كەربەلا: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای بەسرە: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای زیقار: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای قادسیە: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: رەوتی حیكمە پارێزگای واست: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: رەوتی حیكمە پارێزگای نەجەف: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: النصر
(درەو میدیا): نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە لایەنە سیاسییەكان عێراق دەكات بە رێگەی یاسایی چارەسەری ئەو ناكۆكیانە بكەن كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دروست دەبێت. ستیڤان دوجاریك وتەبێژی فەرمی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەکان بەیاننامەیەكی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بڵاوكردەوە. لە بەیاننامەكەدا نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە عێراق دەكات و دەڵێت" دوای شكستهێنانی سەربازی داعش، هەڵبژاردن پێشكەوتنێكی زیاتر بە ئاڕاستەی بونیادنانی دیموكراتیەتێكی بەهێزتر لە عێراق بەدی دەهێنێت". وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی هەوڵی رێكخەرانی هەڵبژاردنەكە و لایەنە عێراقییەكان و هێزە ئەمنییەكان دەكات كە وایانكردووە "هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئاشتیانە و سیستماتیك" بەڕێوەبچێت، ستایشی بەشداری ئاوارەكانیش دەكات لە پرۆسەی دەنگدان سەرباری سەختی بارودۆخی ژیانیان. لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە لایەنە سیاسییە كاراكانی عێراق دەكات، هەر ناكۆكییەك كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە دروست دەبێت بەرێگای یاسایی چارەسەری بكەن و لەرێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیرەوە لە زوترین كاتدا، پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بكەن.
( درەو میدیا) لەبەرامبەر پەلامارەكەی فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی بۆسەر گردی زەرگەتە، خواستی پێکهێنانی هێزی 90ی گۆڕان زیاتربووە، كە ( عەدنان عوسمان لە ساڵی 2015 بیرۆكەی پێکهێنانی ئەو هێزەی خستەروو)، دوای ئەوەی شەوی 12ی ئایار جەعفەر شێخ مستەفا بە هێزێكەوە پەلاماری گردی زەرگەتەیدا، لەلایەن هەڵسوڕاووفەرماندەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وەڵامدرایەوە و هێرشكرایە سەری و ئۆتۆمبیلەكەی چەند گولەیەكی بەركەوتووە، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پاراستنی گردی زەرگەتە بانگەوازی كردو، پۆل پۆل لایەنگرانی بەچەكەوە بەرەو گردی زەرگەتە بەڕیكەوتن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریكردن لە گردی زەرگەتە دەربڕی. ئێستا بەشێك لەو لایەنگرە چەكدارەکانی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ماونەتەوە و سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەن و دەوترێت ناونوسین دەستیپێكردووە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانیان و چۆڵنەكردنی گردەکە، یەكێتی هەستی بەو جموجوڵەی گۆڕان كردووە، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دەوترێت چەند جارێك بەرپرسانی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە داوای گفتوگۆو دانیشتنیانكردووە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان سكاڵای لەسەر ئەو هێرشەی یەكێتی تۆماركردووە. هەیكەلی بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێكە بەشێك لە فەرماندە باڵاكانی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشێك لە پێشمەرگە دێرینەكانی شاخ هاتنە ریزی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆیە ئێستا ژمارەیەكی زۆری فەرماندەی سەربازیی و كارەكتەری سەربازی لەناو گۆڕاندان. هەموو ئەو فشار و پەلامارانەی كە دەكرێنە سەر گردی زەرگەتە یاخود ئەو هەڕەشانەی لە بزوتنەوەکە و لایەنگرانیان دەكرێت، خواستی چەكداركردنی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەكات و مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو گۆڕاندا زیاتر دەكات، بەجۆرێك بەشێكی زۆری سەركردە و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە لەگەڵ دامەزراندنی هێزی چەكدارن هاوشێوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی، هێزی 90ی بزوتنەوەی گۆڕان دابمەزرێنرێت، چونكە ئەو فشارو هێرشانەی دەخرێنە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو فێڵ و ساختەكاریانەی دەكرێن بە هێزی چەكدار و پاڵپشتی هێزی چەكدار دەكرێن. نەبونی هێزی چەكدار وایكردووە، دەستەوستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاست ئەو ساختەكاری و فێڵانەی كە لێی دەكرێن، بە جۆرێك لە جۆرەكان لایەنگرانی گۆڕانی بێهیوا كردووە، بۆیە بەردەوام ئەم دۆخە و بێدەنگ نەبوونی فەرماندە سەربازیەكانی گۆڕان لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری فەرماندە سەربازیەكانی هێزە باڵا دەستەكان، مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو بزوتنەوەی گۆڕان زیادتر کردووە.