ئەگەرەكانی دروستبوونی دوو هەرێميی لە كوردستان
2018-10-15 16:03:04
راپۆرتی: درەو میدیا
لەهەر ئانو ساتێكدا ناكۆكی هێزو لایەنە كوردییەكان بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان توندبوبێتەوە، مەترسی دوو ئیدارەیی یەكێك بووە لەو دێوەزمانەی هەڕەشەی لە قەوارەى دانپێدانراوی سیاسیو ئیداری هەرێمی كوردستان كردووە.
هۆكاری سەرەكییە ئەم مەترسییە بەردەوامە ئەوەیە، هەرێمی كوردستان وەكو ئەوەی لە دەرەوە دەردەكەوێت، لەناوخۆدا یەك پارچەی یەكگرتوو نییەو رووبەرو داهاتو سەرباز لەنێوان دوو حزبی سەرەكیدا دابەشبووە، بۆیە هەركاتێك ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو هێزە رویدابێت، یەكسەر وێنە گەورەكە بەدیكراوە، كە وێنەی دابەشبوونی هەرێمی كوردستانە.
بەمدواییە كە یەكێتیو پارتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر قسەیان كردو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناكۆكییەكانیان گەیشتە لوتكە، لەچەندین لاوە قسەوباس لەبارەی دروستبونەوەی دوو ئیدارەیی هاتە ئاراوە، هەندێك كەسیش باس لە دروستكردنی دوو هەرێمیی دەكەن.
(درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بەوردی باسی چۆنیەتی دابەشبوونی خەڵكو خاكو داهاتو چەكدار دەكات لەحاڵی دروستبونی هەرێمێكی نوێ لە سنوری سلێمانیو كەركوكو ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو بەراوردی دەكات بە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی.
دێگەڵە.. سنوری دوو هەرێم
لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوەو لەگەڵ توندبونەوەی ململانێكاندا، بەتایبەت پارتی ئەم سنورە بیری خەڵكو هێزە سیاسییەكانی تر دەهێنێتەوە، چی بەڕێگەگرتن بێت یان سنوردارشكردنی ئەو كەسانەی كە پارتی لەسنوری نفوزیدا خۆیدا حەز بەچارەیان ناكات.
لەدوای گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدادو پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەدوایدا گۆڕینی تەرازوی هێز لە هەرێمی كوردستانو دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، ئەم پرسە بەجۆرێكی تر هاتەوە پێشەوە، دەستەواژە كۆنەكە "دوو ئیدارەیی" كە زیاتر وەك دەرەنجامی ململانێی چەكداری خۆی بەرجەستەكردبوو، گۆڕا بۆ دەستەواژەیەكی یاسایی بەناوی "دوو هەرێمیی"، كە لێكەوتی ململانێی سیاسیو هەستركردنە بەجۆرێك لەستەمو پەراوێزخستنو دابەشنەكردنی سامانی گشتی بەشێوەیەكی یەكسانو جیاوازیكردن لەنێوان شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەڕووی خزمەتو ئاوەدانیو بوژانەوەی ژێرخانی ئابوریو كۆی بوارە ژیاریو ئیداریو كۆمەڵایەتیو سیاسییەكانیش.
نەوشیروان مستەفاو پرسی دوو هەرێمیی
نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەتنێكی تەلەفیزیۆنیدا كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2011، دەڵێت:" لە دەستوری عێراقدا ماددەیەك هەیە كە هەموو پارێزگایەك بەتەنیا یان لەگەڵ چەند پارێزگایەكی تردا دەتوانێت هەرێمێكی سەربەخۆ دروستبكات.. وەكو مەبدئی من لەگەڵ ئەوەمو پێشموایە ئەمە مافێكی ڕەوای یان حەقێكی مەشروعی هەموو پارێزگایەكە، هەر وەكو چۆن ئێمە باوەڕمان وایە هەموو میللەتێك لەدونیادا ئەبێت مافی چارنوسی هەبێت، من بڕوام وایە كە هەموو پارێزگایەكیش دەبێت مافی چارەنوسی خۆی هەبێت".
ئەو ساتەی نەوشیروان مستەفا ئەو قسانەی تێدا كرد، پارتیو یەكێتی هەموو تەركیزیان لەسەر بەگژاچونەوەی ئۆپۆزسیۆنو هێشتنەوەی پێگەو نفوزی خۆیان بوو لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان، كە هەم بەرژەوەندی هاوبەشو هەم مانەوە ناچاری كردبوون باوەش بكەن بەیەكتریدا، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی تەرویجێكی زۆر بۆ ئەو پرسە بكات، بەڵام لەم قۆناغەدا كە ململانێی ئەو دوو حزبە جارێكی تر لەسەر پۆستو پێگەیان لە بەغدادو هەولێرو كەركوك توندبوەتەوە، جارێكی تر ئەم پرسە سەریهەڵداتەوەو وەك گریمانەو ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو قسەی لەبارەوە دەكرێت.
هەرێمی نوێ چۆن دروستدەكرێت؟
بەگوێرەی ماددەی (119)ی دەستوری عێراق، پارێزگایەك یان زیاتر مافی پێكهێنانی هەرێمیكیان هەیە بە پشتبەستن بە داواكارییەك بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەریو داواكارییەكە بەیەكێك لەم دوو رێگەیەوە پێشكەش دەكرێت:
یەكەم: داواكاری سێیەكی (1/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
دووەم: لەسەر داواكاری دەیەكی (1/10)ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن.
بە گوێرەی ماددەی (120)ی دەستور، هەرێمەكە دەستورێك بۆخۆی دادەڕێژێتو هەرەمی دەسەڵاتدارێتیی هەرێمەكەو دەسەڵاتەكانی دیاردەكات لەگەڵ میكانیزمی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.
ئەو هەرێمەی كە پێكدەهێنرێت بەگوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی (121)ی دەستور، دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانانو جێبەجێكردنو دادوەرییان هەیە، جگە لەو دەسەڵاتانەی كە تایبەتن بە حكومەتی فیدراڵەوە.
بڕگەی دووەمی ئەم مادەیە باس لەوەدەكات، دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی هەمواری جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵییان لە هەرێمەكەدا هەیە، ئەگەر ناكۆكی یان دژیەكی لەنێوان یاسای فیدراڵیو یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێك، كە لە سنوری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت كە تایبەن بە حكومەتی فیدراڵی.
بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی (121)ی دەستور، دەبێت لەو داهاتانەی لە حكومەتی فیدراڵیدا بەدەستدەهێنرێت، پشكێكی گونجاو بۆ هەرێمەكان تەرخانبكرێت، كە بەشی جێبەجێكردنی ئەركەكانی بكات، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستییەكانو رێژەی دانیشتوانی.
بڕگەی پێنجەمیش باسلەوەدەكات، هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، بەتایبەتی پێكهێنانو رێكخستنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەك پۆلیسو ئاسایشو پاسەوانی هەرێم.
بارزانی: با دوو ئیدارەیی دروستبێتەوە
ڕێبوار كەریم وەلی كە نوسەرێكی نزیكە لە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لەگەڵ عارف قوربانی، پەیامی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییان گەیاندوەتە لای مەسعود بارزانیو پێیان وتووە:" كاك مەسعود ئەم لێكترازانەی پارتیو یەكێتی دوو ئیدارەیی لێدەكەوێتەوە" لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی وتویەتی:" باببێت".
ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ" یەكێتی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەرلەمان ڕازییەو یاری دیپلۆماسی دەكات، كە دەڵێ جارێ هەڵوێستی خۆی ڕاناگەیەنێ".
ئاری هەرسین ئاماژە بەوەدەكات" دوو ئیدارەیی ڕوبداتەوە، پارتی زەرەر ناكات، بەڵكو یەكێتی بە شەش مانگ لەودیو دێگەڵەوە ئێسكو پروسكیشی نامێنێت".
لەدوای ڕیفراندۆمو ڕوداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، دەنگۆیەكی بەهێز هەبوو هێزە شیعییەكان هانی هێزە باڵادەستەكانی سنوری پارێزگایی سلێمانیانداوە كە سلێمانیو هەڵەبجەو كەركوك بكەن بە هەرێمێكی سەربەخۆو لەزۆنی زەردی جیابكەنەوەو ئامادەیشیان دەبڕیبوو مووچەی فەرمانبەرانی سنورەكە ڕەوانە بكەن.
دەوترا ئێرانییەكانیش پشتیوانی ئەو تەرحەیان كردووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە نەكەوتە سەرپێ، بەوتەی هەندێك سەرچاوە، ئەمریكاو هەندێك لە وڵاتانی خۆرئاوا لەوكاتەدا دژی دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بوون بۆ دوو هەرێمی سەربەخۆو پشتیوانی بەهێزكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
بەڵام ڕوون نییە ئەگەر لەئێستادا گریمانەیەكی لەوشێوەیە بێتە ئاراوە، ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا جارێكی تر ڤیتۆیان دەبێت لەسەری یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟
ئەگەر دوو هەرێمی دروست ببێت، بارودۆخی خاكو خەڵكو ئابوری سەربازی قەڵەمڕەویی پارتیو یەكێتی چی بەسەردێت؟
رووبەرو سنور
بەپێی ماددەی (53)ی دەستوری كاتیی عێراق، سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو سنورەیە كە لە (19/3/2003) هەبووە، واتە سنوری پێش روخانی رژێمەكەی سەددام حسێن.
بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، رووبەری هەرێمی كوردستان (41 هەزارو 939) كیلۆمەتر دوجایەو بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
• سنوری سلێمانی لە ناو رووبەری گشتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (20 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە.
• ئەگەر یەكێتی نیشتمانی هەرێمێكی نوێ لە سنوری كەركوك و سلێمانی دروستبكات، رووبەری هەرێمە نوێیەكە دەبێت بە نزیكەی (27 هەزار) كیلۆمەتر دوجا.
• لەبەرامبەردا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەولێرو دهۆكە، رووبەرەكەی دەبێت بە نزیكەی (22 هەزار) كیلۆمەتر دوجا.
ژمارەی دانیشتوان
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بەمشێوەیەیە:
• پارێزگای هەولێر: (ملیۆنێك و 986 هەزارو 113) كەس.
• پارێزگای دهۆك: (ملیۆنێك و 397 هەزارو 515) كەس.
بەپێی ئەم ئامارانە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەگشتی دەبێت بە (3 ملیۆنو 383 هەزارو 628) كەس.
ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەمشێوەیەیە:
• پارێزگای سلێمانی: (2 ملیۆنو 82 هەزارو 832) كەس.
• پارێزگای هەڵەبجە: (111 هەزارو 355) كەس.
بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتتی بەگشتی دەبێت بە (2 ملیۆنو 194 هەزارو 187) كەس، بەڵام ئەگەر هەرێمێكی نوێ دروستبكرێت و كەركوكیشی بخرێتەسەر، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمە نوێیەكە دەبێت بە زیاتر لە (3 ملیۆن) كەس.
نەوت و سەرچاوەی داهات
نەوت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێمی كوردستان، لەنێوان سنوری قەڵەمڕەوی پارتی و یەكێتیدا دابەشبووە، بەمشێوەیە:
• لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كە هەولێرو دهۆكە، رۆژانە نزیكەی (300 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت.
• لەسنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا كە سلێمانییە، رۆژانە نزیكەی (150 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، ئەگەر هەرێمی سەربەخۆ لەنێوان كەركوكو سلێمانیدا دروستبكرێت، بەرهەمی نەوت لە هەرێمە نوێیەكەدا رۆژانە دەگاتە زیاتر لە (500 هەزار) بەرمیل.
یەدەگی نەوت
یەدەگی نەوت بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی پارتیدا:
• یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە.
• یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (300 ملیار) پێ سێجا.
سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی یەكێتیدا:
• یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە.
• یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (17 ملیار) پێ سێجا.
داهاتەكانی تر
داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی داهاتی نەوت لەنێوان قەڵەمڕەویی پارتی و یەكێتی دابەشبووە، بەمشێوەیە:
• داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی پارتی زیاتر لە (500 ملیار) دینارە لە ساڵێكدا.
• داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتی نزیكەی (450 ملیار) دینارە لە ساڵێكدا.
هێزی سەربازی چۆن دابەشبووە ؟
هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
هێزی سەربازی پارتی
• پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (70 هەزار) كەسە.
• پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە ( 44 هەزار) كەسە.
• ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە زیاتر لە (130 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.
هێزی سەربازی یەكێتی
• یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت.
• هێزی بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە.
• ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.