Draw Media

یەكێتی بەبێ پارتی پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلادەكاتەوە؟

یەكێتی بەبێ پارتی پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلادەكاتەوە؟

2018-10-16 14:51:48


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوای ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، گەڕێكی نوێی ململانێی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات، ململانێی ئەمجارە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكە.
گەڕی نوێی ئەم شەڕە سیاسییە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێك بەسەر رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)دا، كە پارتی‌و یەكێتی لەو روداوانەدا یەكتری بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار دەكەن.
یەكێتی كە تاوەكو پێش رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر) دەسەڵاتداری كەركوك بوو، لەدوای ئەو رووداوانە دەسەڵاتی لەدەستدا‌و پارێزگارەكەی لە كەركوك (نەجمەدین كەریم) كەركوكی جێهێشت‌و لەوكاتەوە لە هەولێر دادەنیشێت.
لەدوای رۆیشتنی نەجمەدین كەریمەوە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، راكان سەعید كە لە پێكهاتەی عەرەبە، بەشێوەی وەكالەت پۆستی پارێزگاری كەركوك بەڕێوەدەبات‌و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار راكان سەعید وەكو ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام تائێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە‌و لەپۆستەكەیدا لە كەركوك ماوەتەوە.
یەكێتی دەستی لە كەركوك بەرنەداوە‌و دەیەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە یادی یەكساڵەی رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)دا پۆستی پارێزگار وەرگرێتەوە.

یەكێتی چۆن پارێزگار وەردەگرێتەوە؟
بەپێی ئەوەی ئامادەكاری بۆ كردووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت نیسابی یاسایی تەواو بكات بەمەبەستی سازدانی دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و لەو دانیشتنەدا پارێزگارێكی نوێ كە سەربە یەكێتییە بۆ كەركوك هەڵبژێرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت نیسابی پێویست بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبكاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی قایلكردنی نوێنەرانی هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان لەگەڵ رازیكردنی (2) ئەندامی یەكگرتووی ئیسلامی‌و (2) ئەندامی حزبی شیوعی.
بەپێی بڕیاری ژمارەی (71)ی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق كە تائێستا لە پارێزگای كەركوك كار بەو بڕیارە دەكرێت، نیسابی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە زۆرینەی رەها واتە (50+1) پێكدێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام بە بەئامادەبوونی (21) ئەندام نیسابی یاسایی تەواو دەبێت.
قایلكردنی عەرەب‌و توركمانەكان بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەلایەن یەكێتییەوە، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدایە، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە بڕیارە پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبكرێت:
•    پارێزگار: بۆ پێكهاتەی كورد (یەكێتی)
•    جێگری پارێزگار: بۆ پێكهاتەی عەرەب
•    سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا: بۆ پێكهاتەی توركمان

یەكێتی كێ دەكات بە پارێزگار؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، یەكێتی ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەسەر دانانی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پێشتر یەكێتی (خالید شوانی) دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر بڕیاردراوە خالید شوانی لە بەغداد پۆستی وزاری پێبدرێت، چونكە بوونی ئەو لە بەغداد بۆ یەكێتی گرنگترە.
ئێستا قسەوباس لەسەر دوو كەس هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەو دوو كەسەش بریتین لە هەریەكە لە:
•    ئاسۆ ئەڵمانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
•    رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی

ئەنجومەنی پارێزگا چۆن دابەشبووە؟
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە (41) ئەندام پێكدێت، كورسییەكانی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دابەشبوون:
•    لیستی برایەتی كورد: (26) ئەندامی هەیە، لەم ژمارەیە پارتی (12) ئەندامی هەیە، یەكێتی (6) ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامی (3) ئەندام، حزبی شیوعی (2) ئەندام، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و ئەندامێكی مەسیحی و ئەندامێكی توركمان.
•    پێكهاتەی عەرەب: (6) ئەندامی هەیە
•    پێكهاتەی توركمان: (9) ئەندامی هەیە

دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا یاساییە؟
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە دەیەوێت پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، خۆی كێشەی هەیە‌و ماوەی ساڵێكە بێ سەرۆكە.
پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەپێش رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە یەكێكە لە پۆستە كێشەلەسەرەكان، بەپێی ئەو دابەشكارییەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە كەركوك كاری پێكراوە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا پشكی پێكهاتەی توركمان بووە.
تاوەكو ساڵی 2014، حەسەن تۆران لە پێكهاتەی توركمان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دەكرد، لەو ساڵەدا تۆران خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندیدكرد‌و لە هەڵبژاردن سەركەوت، دوای رۆشتنی حەسەن تۆران، بەشێوەی وەكالەت‌و بە كاتی رێبوار تاڵەبانی لە لیستی برایەتی كەركوك كە سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە كرا بە سەرۆكی ئەنجومەن، لەوكاتەوە بەردەوام توركمانەكان داوا دەكەن كەسێك لەوان بكرێتە سەرۆكی ئەنجومەن، بەڵام كورد رێگەی نەدا جارێكی تر ئەو پۆستە بدرێتەوە بە توركمان، بەبەهانەی ئەوەی توركمان رێژەیان لەوە كەمترە لە پارێزگاكەدا كە ئەو پۆستەیان پێبدرێت.
رێبوار تاڵەبانی كە بەوەكالەت لە شوێنی حەسەن تۆران سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دەكرد، هاوشێوەی نەجمەدین كەریم لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی جێهێشتووە‌و لە هەولێر نیشتەجێیە.
لەدوای رۆشتنی رێبوار تاڵەبانییەوە بۆ هەولێر، ماوەی ساڵێكە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیكەوتووە، رێبوار تاڵەبانی رۆژی (4)ی ئەم مانگە بە نوسراوێك (عیرفان كەركوكلی) راسپارد لە شوێنی ئەو بە وەكالەت كاروباری ئەنجومەن بەڕێوەببات، ئەمە لەكاتێكدایە رێبوار تاڵەبانیش خۆی بە وەكالەت ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.
نوسراوەكەی رێبوار تاڵەبانی لەلایەن پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان‌و نوێنەرەكانی یەكێتییەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا رەتكرایەوە، بەوپێیەی رێبوار تاڵەبانی ماوەی ساڵێكە لە دەوامكردن دابڕاوە‌و دابڕانەكەشی پەیوەندی بە گەشتكردن یاخود نەخۆشییەوە نییە، بۆیە مافی ئەوەی نییە لە شوێنی خۆی كەسێكی تر دابنێت.
ئێستا كە یەكێتی دەیەوێت پارێزگار‌و سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێرێت، رەنگە دوچاری هەندێك ئاستەنگ ببێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە باس لەوە دەكرێت تەنیا سەرۆكی ئەنجومەنی دەسەڵاتی دیاریكردنی كات ‌و ئەجێندانی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەیە، ئەگەر بەشێوەی كرداریش دوچاری كێشە نەبێ، ئەوا ركابەرەكەی كە پارتییە وەكو خاڵێك لەسەری تۆماردەكات‌و رەنگە لە دادگاش لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای لەسەر تۆماربكات‌و هەڵبژاردنی پارێزگار وەكو پرۆسەیەكی نایاسایی لەقەڵەمبدات.

پارتی چی دەكات؟
پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی بەجێهێشتووە‌و دەڵێ" كەركوك داگیركراوە‌و تا داگیركاری كۆتایی نەیەت ناگەرێتەوە بۆ ئەو شارە"، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدات جارێكی تر لەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگارەوە بگەڕێتەوە.
پارتی كە گەورەترین حزبە لەڕووی ژمارەی كورسییەوە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، دەیەوێت هاوشێوەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بەجیا لە یەكێتی نیشتمانی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەبێت، بەڵام تائێستا دیار نییە پارتی كێ بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات، ئەگەر دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح)، پارتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیشدا لەسەر دەستی یەكێتی دوچاری شكستێكی سیاسی تر ببێتەوەو دواجار ئەم رووداوەش كاریگەری زیاتر لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو حزب لە هەرێمی كوردستان دروستبكات، بەتایبەتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا.
ئەوەی تائێستا دیارە، ئەوەیە پارتی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، داوا دەكات كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك كە بەر كورد دەكەوێت، لەناو لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا یەكلابكرێتەوە، نەوەك لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر لەناو لایەنە كوردییەكانیشدا یەكلابكرێتەوە، ئەوكاتە پارتی ڤیتۆی هەیە‌و داوا دەكات هیچ كەسێك لەوانە كاندید نەكرێت بۆ پۆستی پارێزگار كە بەوتەی ئەوان بەشداربووە لە"خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر".

یەكەم بەرپرسی پارتی گەڕایەوە بۆ كەركوك
پارتی كە هێشتا كەركوك بە شارێكی داگیركراو دەزانێت، هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، یەكەم بەرپرسی خۆی لە ئیدارەی كەركوك گەڕاندەوە بۆ شارەكە.
شێرزاد رەشید كاكە بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك كە سەربە پارتییە گەڕایەوە بۆ كەركوك‌و لە پۆستەكەیدا دەستی بەكاركردەوە.
وەكو خۆی دەڵێت، شێرزاد كاكە لەسەر فەرمانی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ كەركوك‌و كاروباری خۆی لەژێر رێنمایی وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، چونكە خوێندنی كوردی لە كەركوك سەربە هەرێمی كوردستانە.

تەڵە بۆ یەكێتی دانراوە!
یەكێتی رۆژی 9/8ی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە هەوڵیدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا سازبدات‌و پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، بەڵام نەیتوانی نیسابی یاسایی بۆ سازدانی دانیشتنەكە كۆبكاتەوە.
بەرپرسانی پارتی گومانیان هەیە لەوەی ئەمجارەش یەكێتی بتوانێت نیساب تەواو بكات، لە حاڵێكیشدا ئەگەر بتوانێت نوێنەرەكانی عەرەب‌و توركمان‌و (2) ئەندامی یەكگرتوو و (2) ئەندامی حزبی شیوعیش قایل بكات بە بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە، رەنگە لەو مامەڵەیەدا دوچاری تەڵەیەكی سیاسی ببێتەوە‌و پۆستی پارێزگار لەدەستبدات، چونكە بەبۆچونی بەرپرسانی پارتی ئەگەر بەوشێوەیەی ئێستا نیسابی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا تەواو بكرێت، توركمان‌و عەرەب زۆرینە دەبن لەناو ئەنجومەندا‌و دورنییە لەحاڵی تەواوبونی نیسابدا پشت لە یەكێتی بكەن‌و لەژورەوە كەسێك لە خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژێرن.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand