سعودییە دەیەوێت كوشتنی خاشقچی بگۆڕێ بەجەڵتەی دڵ
2018-10-14 09:34:27
( درەو میدیا):
بەهۆی چڕبونەوەی فشارە نێودەوڵەتیەكان لەسەر دەسەڵاتدارانی سعودییە بۆ ئاشكراكراكردنی چارەنوسی نوسەر و ڕۆژنامەنوس (جەمال خاشقچی)، ناوەندەكانی بڕیاری ئەو وڵاتە لەهەوڵی ڕزگاكردنی ناوبانگی (محمەد بن سەلمان) جێنشینی پادشای سعوییەدان لەكاردانەوەكانی دۆسیەی دیارنەمانی ئەو ڕۆژنامەنوسە، لەو چوارچێوەیەشدا بەدوای خستەڕووی كۆمەڵێك گریمانەدا دەگەڕێن، كەیەكێكیان هەوڵی ڕازیكردینی دەسەڵاتدارانی توركیا بەبڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی هاوبەش كە گوایە خاشقچی بە جەڵتەی مردووە، ئەم زانیارییانە ڕۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی لەژمارەی ئەمرۆیدا ئاشكرایكردووە.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، حكومەتی ڕیاز هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە تا قەناعەت بەتوركەكان بێنێت بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاوبكەنەوەو تیایدا باس لەمردنەكەی خاشقچی بكەن، بەجۆرێك بێت كەمترین زیان بەناو و ناوبانگی جێنشینی سعودییە بگەیەنێت، كە پەنجەی تۆمەتی بۆ لەدیارنەمانی خاشقچی درێژدەكرێت .
یەكێك لەو سیناریۆیانەی ڕۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، ئەوەیە، بوترێت خاشقچی بەجەڵتەی دڵ مردووە و تەرمەكەی لەلایەن دبلۆماسیەكانی سعودییەوە شاردراوەتەوە لەترسا، ڕۆژنامەكە بەدوری زانیوە توركیا ڕەزامەندی لەسەر ئەوسیناریۆیە دەربڕێت، بەتایبەت كە پێشتر بەرپرسانی ئەووڵاتە ڕایانگەیاندووە، پیاوانی ئەمنیی سعودییە پرۆسەی كوشتنەكەی خاشقچیان ئەنجامداوە.
سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندوە، توركیا دەستیكردووە بەچڕكردنەوەی فشارەكانی، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە سعودییەی تۆمەتباركرد بەهاوكارینەكردن لەمەسەلەی لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی دیارنەمانی خاشقچی.
ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف لەڕاپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكراكردووە، جێنشینی پادشای سعودییە بانگهێشتی ئەمیر خالید بن سەلمانی برابچوكی و باڵیۆزی سعودییە لەواشنتۆن كردۆتەوە بۆ وڵاتەكەی، بۆ تاتوێكردنی چۆنیەتی ڕازیكردنی هەریەك لەكۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەو ئەمریكا.
هەر لەچوارچێوەی زانیارییەكانیدا هاتووە، بن سەلمان تیمێكی لەبەرپرسانی سعودییە ڕەوانەی ئەنكەرە كردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی توركیا، كە لەچوارچێوەی تیمێكی هاوبەش كە بەمنزیكانە پێكهاتووە، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی خاشقچی، وەك ڕۆژنامەكە دەڵێت، سعودییە دەیەوێت بەناردنی ئەم تیمە و ئەنجامدانی كاری هاوبەش لەگەڵ توركیا ئەو پەیامە بگەیەنێت كە دۆسیەی خاشقچی بەجدی گرتووە، لەهەمانكاتدا گرەو لەسەر ئەوەش دەكات كە پرۆسەی لیكۆڵینەوە هەندێك كاتی بۆ بگەڕێنێتەوەو دەرفەتی ئەنجامدانی گرێبەستێكی بۆ بڕەخسێنێت.