ئەمریكا و سعودیە و توركیا دۆسیەی خاشقچی دادەخەن
2018-10-16 14:10:17
(درەو میدیا):
ڕۆژنامە عەرەبییەكان باس لە ئەگەری گەیشتن بەڕێككەوتنێكی سێقۆڵی دەكەن لەنێوان (ئەمریكا و توركیا و سعودیە) بۆ داخستنی دۆسیەی دیارنەمانی ڕۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی.
ئەو دەستەواژەیەی سەرۆكی ئەمریكا " بكوژانی لەكۆنترۆڵ دەرچوو" چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەكارهێنا و وتی : "ڕەنگە ئەوانە لەپشتی ونكردنی خاشقچییەوەبن"، پێدەچێت ببێتە ناونیشانی داخستنی دۆسیەكە و دوورخستنەوەی تۆمەت لە خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودیە بەتایبەتیش محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە.
گەڕان بەدوای قوربانییدا
نوسەر "عەبدولباری عەتوان" لە ڕۆژنامەی "ڕای ئەمڕۆ"ی، لەندەنیدا نوسیویەتی" كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەڵێت" بكوژانی كۆنترۆڵ نەكراو" ڕەنگە لە پشت كوشتنی خاشقچییەوە بن لە كونسوڵگەریی سعودیە لە ئیستانبوڵ و، پادشای سعودییەش بەو پەڕی متمانەوە پێی ڕادەگەیەنێت كە ئاگای لە هیچ شتێك نیە، ئەوە مانای وایە بەدوای قوربانییەكدا دەگەڕێن بۆئەوەی تۆمەتەكەی پیادا هەڵواسن و پێدەچێت گرێبەستێكی سێقۆڵی ئەمریكی، سعودی ، توركی) ئەنجامدرابێت بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە، ڕەنگە بۆ هەتاهەتایە.
ئەو نوسەرە دەشڵێت" گرێبەستەكان لە پێش بنەماكانی مافی مرۆڤەوەن، بەتایبەت لەلای سەرۆكێكی وەك ترەمپ كە بڕوای بە هیچ نیە جگە لە "عمولە" وەرگرتن، هیچ نازانێت جگە لە سەرانەسەندن لە سعودیە و وڵاتانی كەنداو و بردنی زۆرترین ملیارەكانیان، كە لە مێژووی ئەمریكادا هیچ سەرۆكی ئەمریكی وەرگرتنی سەرانە و "ئیبتزازی" بەو شێوە ناشیرینە ئەنجامنەداوە".
داڤۆسی بیابان لە ژیانی خاشقچی بەهادارترە
ڕۆژنامەی "قودسی عەرەبی" لە سەروتاریدا دەڵێت" سەر لێشواوی لێدوانەكانی سعودییە بەگرتنبەری ڕێوشوێن دژبە هەر سزایەك بەسەریدا بەسەپێنرێت، دواتر نەرمكردنەوەی لێدوانەكان بۆ ئاستێك كە باسی ئەو پرسەی كشاندەوە، كە وەك هۆكاری فشاری زیاتر و بەدوای یەكدا بوو لەسەر (ڕیاز)، مانای ئەوەنیە دەسەڵاتدارانی سعودیە بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرن و شازادەی جێنشینیش بەشێوەیەكی شەخسی بەرپرسیارێتی كوشتنی خاشقچی دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها ناكاتە ئەگەری دروستنەكردنی قوربانییەكیش كە ئۆباڵی تاوان لە كۆڵ تاوانبارە ڕاستەقینەكە بكاتەوە، ڕێگری لەئ ەگەری دیزە بەدەرخۆنەكردنی كۆی دۆسیەكەش ناكات، بەجۆرێك كە ملیارەكانی بیابانی داڤۆس سەركەوتوودەبێت لە سڕینەوەی تاوانی كۆنسوڵگەرییەكە".
نوسەر (حازم عەیاد) لە پێگەی "ئەلسەبیل"ی، ئوردونی دەڵێت" ڕاگەیاندنی ئەو سەردانە كتوپڕەی پۆمپیۆ ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی قەیرانی دیارنەمانی خاشقچی پێیناوەتە قۆناغێكی هەستیار و نوێوە، سیناریۆی دۆزینەوەی دەرچەیەك ئاراستەیەكی جدیتری وەرگرتوە، بەتایبەت دوای تویتەكەی ترەمپ كە تیادا ڕایگەیاند پەیوەندی كردووە بە شا (سەلمان) و ئەویش ڕەتیكردوەتەوە هیچ زانیارییەكی لەسەر چارەنوسی خاشقچی هەبێت، پێش ئەو تویتەش شاسەلمان بڕیاریدا بەكردنەوەی لێكۆڵینەوەیەكی ناوخۆیی كە داواكاری گشتی سعویە سەرپەرشتی بكات، لێكۆڵینەوەكان سەرجەم ئەوانە دەگرێتەوە كە ناویان هاتووە لە لێكۆڵینەوەكانی توركیادا، كە ڕەنگە بێتە مایەی شەپۆلێكی گەورەی گۆڕانكاری لە ناوخۆی سعودییە".
هەڵمەتێكی تاودراو
ڕۆژنامە سعودییەكان بەردەوامن لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ڕیاز دەكرێت بە ونكردنی خاشقچی.
" ئەحمەد عەوەز" لە ڕۆژنامەی "عوكاز"ی، سعودی دەڵێت" ئەم هەڵمەتە تاودراوە لەسەر سعودیە و هەوڵی بەشەیتانكردنی وڵاتی مسوڵمانان شكستدەهێنێت و لەهەناوی خۆشیدا ئاماژەكانی شكستی هەڵگرتوە، هەڵمەتێكی تاودراوە درۆ و كینە و شێتی سەركردایەتی دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی گەلێكی سعودی هۆشیار بوەتەوە بە قەبارەی ئەو پیلانگێڕییە، كە نیشتمانی كردوەتە ئامانج، ڕووبەڕووی سەركردایەتیەكی دانا بوەتەوە كە مامەڵەی لەگەڵ مەترسی ئاڵۆزتر كردووە لەوەی ڕودەدات، سعودییەكان هاوشانی یەك وەستاون بۆ بەگری كردن لە وڵاتەكەیان و سەركردایەتیەكان هێڵی سورە و بواری موناقەشەكردنی تیادانیە، پەیمانی لایەنداری و متمانەیان بۆ سەركردایەتیەكەیان تازەكردوەتەوە".
(یوسف ئەلدەینی) لەڕۆژنامەی :شەرقلئەوسەت"ی چاپی لەندەن نوسیویەتی" دۆسیەی ونبونی خاشقچی لەر ِەهەندە تاوانكاری و ئەمنییەكەی و ئەوەی پەیوەستە بەسروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و ونبون و دیارنەمان لەسەر زەوی وڵاتێكی ترەوە گۆڕاوە بۆ دۆسیەی بە ئامانجگرتنی سعودییە، ئەو وڵاتەی زۆرترین كاریگەری هەیە، نەك هەر لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بەڵكو بەهۆی بونی بەناونیشانێكی تایبەتمەند و جیاكەرەوە بۆ دوژمن و نەیارانی سیاسەتەكانی و ئامادەیی بەهێزی لەسەر زیاد لە ئاستێك، كە ئەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو تێبینی دەكەین لەبەداواداچونەكانمان بۆ هەر بابەتێك كە تایبەتبێت بە سعودییە لەڕووی كۆمەڵایەتی یاخود پەیوەست بێت بەڕوداوی ڕۆژانە، چی جای پرسێك بەقەبارەی ونبونی كەسایەتیەكی گشتی دیاری وەك خاشقچی لە دۆخێكی تەمومژاوی و نامۆدا".
سەرچاوە (درەومیدیا+ بی بی سی عەرەبی)