Draw Media

كەركوك: فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی سلێمانی دەستگیركران

كەركوك: فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی سلێمانی دەستگیركران

2018-10-17 11:46:00


(درەو میدیا):
بە فەرمانی ئۆفێسی دەستەی نەزاهە، هەموو فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی كەركوك- سلێمانی‌و بەڕێوەبەری ئۆفێسی كەركوكی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران دەستگیركران.
ئۆفێسی كەركوكی دەستەی نەزاهە سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو گومرکەی دەستگیركرد كە بەمدواییە لەسەر رێگەی سلێمانی دانرا.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی (سۆمەریەنیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، هێزێكی دەستەی نەزاهە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كەركوك، ئەمڕۆ سەرجەم فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی سلێمانیان دەستگیركردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دەستگیركردنی فەرمانبەرانی گومرك لەسەر بنەمای سكاڵای چەند لایەنێك بووە لە وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی لەو بازگەیەدا.
فەرمانبەرەكان ئێستا دەستبەسەرن‌و بڕیارە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ هەموویاندا بكرێت.
بەمدواییە ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی كەركوك بانگەوازێكیان ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد سەبارەت بە بوونی سەرپێچی لە خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركوك‌و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە بەفەرمانی حكومەتی عێراق دانران و سەدان كەس لە هاوڵاتیانی هەرێم لەو گومرگانە دوچاری كێشە بوون‌و دەست بەسەر ئۆتۆمبیلی ژمارەیەكی زۆر خەڵكدا گیراوە.
لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی هەواڵێك كە سایتی (كەركوك ناو) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، دوێنێ لەسەر بڕیاری ئۆفیسی دەستەی نەزاهە لە كەركوك عەممار سەباح بەڕێوەبەری ئۆفێسی كەركوكی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی لە شارەكە دەستگیركراوە.
بەڕێوەبەری ئۆفێسی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران بەتۆمەتی" زیانگەیاندن بە سامانی گشتی" دەستگیركراوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand