Draw Media

( درەو میدیا) : كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێشوازی لە لیژنەیەكی ئەنجومەنی نوێنەران نەكات كە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن پێكهێنراوە. عادل نوری وتەبێژی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی راستیەكانی تایبەت بە پێشلێكارییەكانی هەڵبژاردن رایگەیاند لیژنەیەكیان سەردانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە، بەڵام پێشوازیان لێنەكراوە. عادل نوری لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" وتی :" لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەو پێشێلكارییانە پێكهێنرا كە لە هەڵبژاردندا روویاندا و لیژنەكە لە ئەندامانی لیژنەی یاسایی و نەزاهە و كۆچ پێكهێنرا و دوو رۆژە پەیوەندی دەكەین بە كۆمسیۆنەوە، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە و ئەوەش وایكرد ئەمڕۆ چوارشەممە پێنج پەرلەمانتار بچینە كۆمسیۆن بۆئەوەی نوسراوێكیان دەربارەی كاری لیژنەكە رادەست بكەن." عادل نوری لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا وتی:" رێگەمان نەدرا بچینە ناو كۆمسیۆن، ئەنجومەنی كۆمسیاران كۆبونەوەیەكیان كرد و بڕیاریاندا بەهیچ شێوەیەك مامەڵەمان لەگەڵدا نەكەن و رێگەش نادەن هیچ كەسیچك لە كۆمسیۆن پەیوەندیمان لەگەڵدا بكات هەروەها شەڕە قسە و پاڵپێوەنانیش لە نێوانماندا دروست بوو." وتەبێژەكەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە پێویسیشتی زانی پەرلەمان لە دانیشتنە ناساییەكەی سبەینێیدا میوانداری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات، بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆن دژی هەموو بەهاكانی شەفافیەت و پەیمان و ئەو سوێندەش هەڵگەڕاونەتەوە كە لە كاتی پێكهێنانیندا لەبەردەم پەرلەمان خواردیان.  


راپۆرتی شیكاریی: فازل حەمەڕەفعەت سەردەمێك سەرۆكی میلیشیا و ئێستا داوای پێكهێنانی حكومەتی تەكنۆكرات دەكات، ئەمە چیرۆكی ژیانی موقتەدا سەدرە، ئەو پیاوەی كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بوو بە ژمارە (یەك) لە عێراق و بە جۆرێك ئەوەی چاوی لە كورسی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقە دەبێت بە ژێر عەباكەی سەدرا گوزەربكات. موقتەدا سەدر كێیە ؟ 12ی ئابی 1973 لە شاری نەجەف لەدایكبووە، چوارەمین كوڕی (محەمەد محەمەدسادق سەدر)ە، ئەو پیاوەی كە لەسەردەمی خۆیدا بەشێوەیەكی ئاشكرا رەخنەی توندی لە سەددام حسێن و حزبی بەعس دەگرت. موقتەدا سەدر سێ برای هەیە بەناوەكانی (موستەفا- موئمیل- مورتەزا)، بەڵام ئێستا تەنیا (مورتەزا) لە ژیاندا ماوە، موقتەدا هاوسەرگیری لەگەڵ كچی مامی خۆی كردووە، واتە كچی (محەمەد باقر سەدر)ی دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی كە لەلایەن سەددام حسێنەوە كوژرا، سەدر منداڵی نییە. موقتەدا لە حەوزەی عیلمی نەجەف لەژێر دەستی باوكی و (محەمەد كەڵانتەر و محەمەد جەواهیری) خوێندویەتی و لەو سەردەمەی كە باوكی لەژیاندا بووە سەرپەرشتی زانكۆی ئاینی سەدری كردووە و بەرپرسیارێتی لیژنەی حقوقی شەرعی گرتوەتە ئەستۆ كە سەربە نوسینگەكەی باوكی بووە هەروەها چاودێری پرۆسەی لەچاپدانی كتێبەكانی كردووە و هاوكات سەرنوسەری گۆڤاری (الهدی) بووە. لە دوای راپەڕینی (شەعبانیە)ی شیعەكان لەدژی رژێمی سەددام لە ساڵی 1991، موقتەدا لەگەڵ باوك و براكانیدا دەستگیركراوە، پاش تیرۆركردنی سەید محەمەد سەدری باوكی، سەركردایەتی جوڵانەوەیەكی یاخیبوانەی كردووە لەدژی رژێمی بەعس، جوڵانەوەكەی ژمارەیەك هێرشی لەدژی هێزەكانی رژێمی بەعس ئەنجامدا، ئەو جوڵانەوەیە دواتر ناوی لێنرا "راپەڕینی 1999". موقتەدا لەڕووی خوێندنی ئاینییەوە پلەی (حجە الاسلام) لە حەوزەی عیلمی قوم بەدەستهێناوە و ئێستا دەخوێنێت بۆئەوەی بە پلەی (المجتهد) بگات. سەدر دوای روخانی رژێم لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە لە ساڵی 2003، ناوی موقتەدا درەوشایەوە، ئەوەش كاتێك بوو دژایەتی بونی سوپای ئەمریكای كرد لە عێراق. لەو ساڵانەدا موقتەدا هاوشێوەی باوكی وتاری نوێژی هەینی مزگەوتی كوفەی كردبوو بە مینبەری دژایەتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە یەكێك لە وتارەكانیدا لەو مزگەوتە موقتەدا هەواڵی پێكهێنانی سوپای (مەهدی) راگەیاند و لە ساڵی 2004دا چووە شەڕی چەكدارییەوە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا. سەرەتای تەقینەوەی شەڕی لایەنگرانی سەدر لەگەڵ سوپای ئەمریكا ئەو كاتەبوو كە پۆل َبریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق فەرمانیدا بە داخستنی رۆژنامەی (الحوزە)ی سەربە سەدر، ئەو بڕیارە نیگەرانی لێكەوتەوە و لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانیان كرد، هێزەكانی هاوپەیمانان بە چەك روبەڕوی خۆپیشاندانەكان بوونەوە. سوپای (مەهدی) كە موقتەدا سەرۆكایەتی دەكرد لە شارەكانی نەجەف و كوت و چەندین ناوچەی تری عێراق چووە شەڕەوە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا، سوپای مەهدی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی سەرپەرشتی پرۆسەی رفاندن و ئەشكەنجەدان و  كوشتنی سەدان كەسی كردووە لە ماوەی ساڵانی 2006-2007 كە شەڕی تائیفی لە عێراق گەیشتە لوتكە. هەر لەو ساڵانەدا بوو ئەمریكییەكان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ موقتەدا سەدر دەركرد، بەوهۆیەوە موقتەدا رووی لە ئێران كرد و ماوەیەك لەبەرچاو وون بوو. سەدر جارێكی تر گەڕایەوە بۆ عێراق و لە ئابی 2008 دا فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی، ئەمەش دوای هەڵمەتێكی سەربازی هات كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لەدژی سوپای مەهدی دەستیپێكرد و هەڵمەتەكە لە مانگی ئازاری 2008دا لە بەسرە كۆتایی هات. موقتەدا سوپای مەهدی هەڵوەشاندەوە، بەڵام لەجێگای ئەو هێزێكی بەناوی (لیوای یوم الموعود) بۆ شەڕكردن لەدژی ئەمریكییەكان پێكهێنا، ئەو هێزە لەماوەی ساڵانی 2009-2010-2011 هەندێك شەڕی چەكداری لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كرد. سەرباری ئەو شەڕانەی كە مالیكی لەدژی سوپای مەهدی كردی، بەڵام دواتر موقتەدا ئاشتیی لەگەڵ مالیكی كرد و هۆكاریش بوو بۆ ئەوەی ساڵی 2010 جارێكی تر مالیكی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیرانی عێراق دابنیشێتەوە. سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی مالیكی و سەدر تێكچوو، ئەوەش كاتێك ساڵی 2013 موقتەدا فەرمانی بەلایەنگرانیدا پشتیوانی لە خۆپیشاندانی سوننەكانی پارێزگای ئەنبار بكەن لەدژی حكومەتی مالیكی بەوپێیەی خۆپیشاندانەكان ئاشتیانەن. كوژرانی خوئی موقتەدا تۆمەتباردەكرێت بە تێوەگلان لە تیرۆركردنی (عەبدولمەجید خوئی) یەكێك لە زانایانی ئاینی شیعە و سەرۆكی دامەزراوەی خێرخوازی (خوئی) لە لەندەن، كە لە رۆژی 10ی نیسانی 2003 لەناو مەزارگەی ئیمام عەلی لە شاری نەجەف كوژرا. ئەوكات یەكێك لە دادوەرەكانی عێراق لەسەر كوشتنی خوئی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ موقتەدا دەركرد، بەڵام خێزانی زانا تیرۆركراوەكە فەرمانەكەیان رەتكردەوە و لەوكاتەوە بێدەنگییان لە دۆسیەكە كردووە، كەسە نزیكەكانی موقتەدا دەڵێن ئەوەی رویداوە تەنیا تەڵەیەك بووە بۆ راوكردنی سەدر. سەدر و ئەمریكا و ئێران و سعودیە موقتەدا تەنیا لە ناوخۆی عێراق نەبوو بە ژمارەیەكی قورس، ئەو لەسەر ئاستی دەرەوەش جموجوڵە سیاسییەكانی چڕكردەوە، ئەمدواییانە هەوڵیدا بە یەك دووری لەنێوان ئێران و ئەمریكا راوەستێت وەكو دوو جەمسەری دژ بەیەك لە ناوچەكەدا. سەدر ساڵی رابردوو داوای لە حكومەتی عێراق كرد هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە كە دەوترێت هێزێكە لەلایەن ئێرانییەكانەوە پشتیوانی دەكرێت. سەدر لەبارەی قەیرانی سوریاشەوە قسەی خۆی كرد، ئەو داوای لە بەشار ئەسەد كرد " بڕیارێكی مێژویی پاڵەوانانە" بدات بۆ دەستهەڵگرتن لە دەسەڵات و پاراستنی وڵاتەكەی لە خوێنڕشتنی زیاتر. سەدر بەپێچەوانەی رێبەرانی تری شیعە لە عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دژایەتی خۆی بۆ دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق راگەیاند و هاوكات سەردانی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی كرد وەكو دوو نەیاری سەرسەختی ئێران لە ناوچەكە. موقتەدا و شەڕی گەندەڵی بەمدواییەش سەدر بەتەواوەتی بوو بە سەركردەیەكی جەماوەری لە عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنگرەكانی رژاندە سەر شەقامەكانی بەغدادی پایتەخت و شارەكانی تری عێراق لەدژی گەندەڵی. سەدر لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا بەروبومی هەوڵەكانی بۆ دژایەتی گەندەڵی و چاكسازیكردن چنییەوە و بوو بە ژمارەی (یەك) لەڕوی ئەو دەنگانەی كە لە هەڵبژاردنەكەدا بەدەستیهێنا. ئێستا ماڵی سەدر بووە بە سەرەڕیگای ئەو كاروانە سیاسییانەی كە دەیانەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا رۆڵ و پشكیان هەبێت. سەدر و كورد سەدر خۆی لە شەڕی مافەكانی كورد پاراستووە، بەڵام لەكاتی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی هەرێمی كوردستاندا  رایگەیاند پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ناكات و كورد هاوبەشە لە عێراقدا و داواشی لە حكومەتی عێراق كرد فڕۆكەخانەكان و دەرواز سنورییەكان كۆنترۆڵ بكات. لە نوێترین هەڵوێستیشیدا دەربارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا سەدر لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەفدی پارتی رایگەیاندووە حكومەتی نوێی عێراق بەو ئاراستەیە كاردەكات كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربكات.


(درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق پرسی پابەندكردنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تاتوێ دەكات. ئەسكەندەر وتوت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوە" ئەگەر لە كۆبونەوەی سبەینێدا پەرلەماندا نیسابی یاسایی تەواوبكات، پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تاتوێ دەكەن". ئەسكەندەر وتوت رایگەیاند، پەرلەمان مافی یاسایی و دەستوری هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی دیموكراتی و ڕێگریكردن لە ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێكی تر لە بژاردەكان تێپەڕاندنی بڕیارێكە كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناچار دەكات بە جیاكردنەوەو ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بەمەبەستی وردبینیكردن لە ڕاست و دروستی ئەنجامەكان. باسلەوەشدەكات" ناكرێت حزبێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا 7 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت بەبێ‌ ئەنجامدانی ساختەكاری و فشار دروستكردن لەسەر ئاوارەكانی نیشتەجێی ئەو ناوچانانە".  


( درەو میدیا) : ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندی بە موقتەدا سەدرەوە دەكات كە هاوپەیمانێتییەكەی " سائرون" پلەی یەكەمی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێناوە. زیا ئەسەدی یاریدەدەری موقتەدا سەدر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز " رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رێگەی چەند نێوەندگیرێكەوە پەیوەندی كردووە بە ئەندامانی هاوپەیمانی سائرون  كە سەدر پشتیوانی لێدەكات. ئەسەدی وتیشی گتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریكییەكان نییە، بەڵام لە رێگەی چەند نێوەندگیرێكەوە ئەمریكییەكانی كەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی" سائرون" كردووەتەوە. بەوتەی ئەو یاریدەدەرەی موقتەدا سەدر ئەمریكییەكان پرسیاریان كردووە دەربارەی هەڵوێستی رەوتی سەدر كاتێك دەسەڵات دەگرێتەدەست و ئایا باڵە سەربازییەكەی " سوپای مەهدی" دادەمەزرێنێتەوە؟. موقتەدا سەدر خۆی سەرۆكایەی هیچ پۆستێكی حكومیی ناكات، بەڵام رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا.  


( دره‌و میدیا): ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌ندامانی ئاگاداركرده‌وه‌ سبه‌ی پێنج شه‌ممه‌ به‌شداری دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بن تایبه‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان. ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا دووه‌م بانگهێشتنی ئاماده‌بوونی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتاران كرد و داواكراوه‌ سبه‌ی 24ی ئایار كاتژمێر 4ی ئێواره‌ په‌رله‌مانتاران له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئاماده‌ بن بۆ تاوتوێكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار.  ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك پارتی تائێستا بڕیاریان له‌باره‌ی به‌شداریكردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌داوه‌.   پێشتر ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌باره‌ی دوایین هه‌وڵی هێزه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كانی عێراق له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "كات كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو جۆره‌ دانیشتنێك، 20ی ئایار پرۆژه‌ یاسایه‌ك له‌ لیژنه‌ی یاسایی گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌ پرۆژه‌یه‌كه‌ بۆ قبوڵ نه‌كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، پرۆژه‌كه‌ش نێردراوه‌ بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن". به‌پێی خولی گرێدراوی چوار ساڵه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ، له‌ خولی سێیه‌مدا تا 1ی ته‌ممووزی 2018 په‌رله‌مان‌ مافی یاسایی گرێدانی دانیشتنه‌ یاساییه‌كانی خۆی هه‌یه‌.  رۆژی 19ی ئایار بڕیاربوو دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامنه‌درا و دانیشتنه‌كه‌ گۆڕا بۆ گفتوگۆی نێوان په‌رله‌مانتاران و شه‌ش خاڵ ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كرا.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ " شنەبای بەسرە" ئەو یەختە گرانبەهایەیە  كە سەددام حسێن ساڵی 1981 دروستیكرد و هەرگیز  گەشتی پێنەكرد، ئێستا كراوەتە هۆتێلێك بۆ ئەو كەسانەی لە دەریادا رێنمایی كەشتییەكان دەكان بۆ هاتن و چوون لە بەندەری بەسرە. یەختەكەی سەددام درێژییەكەی 82 مەترە و  جێگەیەكی نوستنی شاهانە و پەردەی حەریر تایبەت بە سەدامی تێدایە لەگەڵ گەرماوێكی ئاڵتونیی و كورسییەكی تایبەت بە سەر چاككردن. ئەم یەختە تایبەتەی سەددام حسێن ماوەی 30 ساڵ بووە لە دەرەوەی عێراق بوو، تا دواتر حكومەتی عێراق لە شەڕێكی دادوەرییدا و 2010 بەدەستیهێناوە. بەشێكی یەختەكە تایبەتە بە سەددام حسێنە كە پێكهاتووە لە ژووری نانخواردن و نوستن، هەروەها 17 ژووری میوان و 18 شوێنی مانەوەی تیمەی یەختەكە و كلینیكی تێدایە. بەوتەی لێپرسراوانی عێراق یەختی " شنەبای بەسرە" لە كاتی شەڕی عێراق – ئێراندا لە دانیمارك دروستكراوە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ سعودیە بۆئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەو كاتە بۆسەر بەسرە پارێزراو بێت. دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ، سعودیە یەختەكەی رادەستی ئوردن كرد، حكومەتی عێراقی دوای 2003 بەدواداچوونی كرد بۆ هێناوەوەی و یەختەكەی لە سەیرانگای نیس لە فەرەنسا دۆزییەوە و بە بڕیارێكی دادگا گەڕاندییەوە بۆ بەسرە. حكومەتی عێراق هەوڵیدا ئەم یەختە بفرۆشێت و 30 ملیۆن دۆلاری لەسەر داناوە، بەڵام نەیتوانی كڕیارێكی بۆ بدۆزێتەوە و لە دوو ساڵی داهاتوودا لەلایەن زانكۆی بەسرەوە بۆ گەشتكردنی توێژەران بۆ توێژینەی ژیانی نێو دەریا بەكاردەهێنرا. عەبدولزەهرە عەبدولمەهدی ساڵح كاپتنی یەختەكە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز وتی:" لە رووی تەكنیكییەوە بزوێنەرەكانی یەختی شنەبای بەسرە زۆر باشە، دوانیان كاردەكەن، هەروەها موەلیدەكانیشی كاردەكەن و تەنها پێویستی بەوە هەیە بەشێوەیەكی وەرزی چاكسازی تێدا بكرێت." ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاریانداوە یەختی" شنەبای بەسرە" بە شێوەیەكی هەمیشەیی لەنزیك بەسرە لەنگەر بگرێت و وەك هۆتێلێك بەكاربهێنرێت بۆ شوێنی مانەوەی ئەو كەسانەی لە بەندەری بەسرە رۆڵیان رێنماییدانە بە كەشتییەكان كە ژمارەیەكی زۆریان دوور لە ناوچەكە دەژین." ئەنمار سافی وتەبێژی رەسمی دەستەی بەندەرەكانی عێراقیش لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئێستا بەندەرەكان پێویستیان بەوەیە كە یەختەكە ببێتە وێستگەی پشوودانی رێنماییكەرە دەریاییەكان  لە دەریادا."


( درەو میدیا): سەردانی وەفدی پارتی  دیموكراتی كوردستان و  و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نەوی نوێ بۆ بەغداد و بەریز وەستانیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر و سەركردەكانی دیكە، كاردانەوەی لە شەقامی كوردیدا لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتیش وێنەی شان ماچكردن و نوشتانەوە بۆ موقتەدا سەدر لەلایەن ( خەسرەو گۆران ) سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەندێك بە كڕوزانەوەی سیاسی و هەندێك دەڵێن خۆ نەچەمێنن، ناوی دەنێن. رێبوار سیوەیلی نوسەر و روناكبیر لە نوسینێكدا بەناوی ( دەك داڕزێی بۆخۆت و چەمانەوەت!) بە چەند خاڵێك وێنای خۆی بۆ ئەو وێنەیە دەكات و دەنوسێت:.  1. شەرمەزارییش بۆ ئەوەی پاساوت بۆ دەهێنێتەوە و ئەوەش كە پشتگیریت دەكات و ئەوەش كە لێت خۆش دەبێت.. 2. هیچ شتێك هێندەی ئەم دیمەنە دزێوانەی كورد ئەو زوڵمە بەدەروونیبووەم بیر ناخاتەوە كە كەسایەتیی كوردی كردوەتە زەلیلی جەللادەكانی, كە ئەوەش لە ناهشیاریی و نەبوونی یادوەرییەوە هاتووە. 3. سیاسیی ئێمە تا ئێستا ماچی جەژنە پیرۆزە و تەوقەی دیپلۆماسی لێكجیاناكاتەوە. تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی ئێمە لە بەرامبەر عەبادی دانانیشێت و لە تەنیشتییەوە هەردوو قاچی جووت دەكات و وەك قوتابی عاقڵ دادەنیشێت. 4. خاوەن بیردۆزەكەی پارتییش : (مەنتیقی هێز و هێزی مەنتیق) هەر وایكرد و گوت؛ یا نەجمەتولحەدەس! ئەعتەز و بیعێراقییەتی! 5. ئەم وێنەیە و ئەو گوتەیەی (میرانی)، هەمان هەستی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە: ئێمە لە ئاستی فەخامەتی ئێوەدا خۆمان بە نیوە مرۆڤ و نیوە پیاو و خەسیو دەزانین. 6. گەلۆ، پیاوی خەسیو وڵاتی پێ بەڕێوەناچێت و ناشبێتە نوێنەری كێشە نەتەوایەتییەكانت. د. كەمال سەید قادریش لە نوسینێكی تەنز ئامێزدا دەنوسێت: دەخیلتم سەماحەتی سەدر بیكە خاتری جەدت، دەخیلەك ئێمە كردمان تۆ نەیكەی لە ژێر عەباكەت قەبوڵمانكەوە .... خوارد ڕیفراندۆم كابوس بو دوژمنانی ئیسلام و عێراق پێ یان كردین، كە گەڕامەوەش دەكەومە گیانی ئەم كوردانەی دژ بە عێراقی یەكگرتون ... خاتر اللە یا سید انی كردی لایعرف. هونەرمەند خالید رەشید لە نوسینێكی كورتدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی نبەناوی ( ماف نادرێت بەلكو دەسەندرێت) نوسیویەتی ( گەر بۆ سەركردەیەكی كورد یا باوك و دایكی شەهیدیك یا هەر تاكیكی دلسۆزی كورد وا بكەن كەس هەققی نیە رەخنە بگریت . كورد گەر بە كۆیلە نەكرابێت گەر دەستكاری مێشكی نەكرابیت گەرسەروەری و غروری كوردبوون و مرۆڤ بونی لی نەسەندرابیت چۆن دەتوانیت بەم جۆرە بۆ بێگانەیەك ئاوا خۆی و دەنگدەرانی بسوتینیت ،ئاخر سبەی چۆن دەتوانیت سەر بەرزكەیتەوە؟ گەر ئەمیش ستەمی لی كردیت بەرامبەری رابوەستیت ؟ بۆ تەشكیلكردنی حكومەت چون یا بۆ زیارەتی خدری زیندە؟ برام ئەویش وەكوو ئیوە خەریكی سیاسەتە و سەرۆكی لیستێكە و خۆی هەلبژاردووە ). دەوترێت كورد بەوە ناسراوە هەمیشە لە ئاستی بێگانەدا خۆی دەچەمێنێتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا لوتبەرز، ئێستا ناو ماڵێكی كورد لەو پەڕی لێكترازاوی و پەرش و بڵاویدایە، لایەنەكان ئامادەنین ناو ماڵی خۆیان رێكبخەنەوە و سەردانی بارەگاكانی یەكدی بكەن،  بەڵام ئامادەن 400 كم ببڕن و بچنە بەغداد بۆ ئەوەی سەردانی ماڵی سەدر و حەكیم و عەلاوی و مالكی و عەبادی و عامری بكەن. 


درەو میدیا:  لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ( پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی  7.94% زیادی كردووە ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 5.93% كەمیكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان 52.63% كەمیكردووە، یەكگرتووی ئیسلامی 54.12% كەمیكردووە، كۆمەڵی ئیسلامی 36.38% كەمیكردووە)  ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، لە نوسینێكدا بەناوی (بۆچی هەڵبژاردنی 2018 جیاواز بوو؟)  ئاماژە بەوە دەكات، لەساڵی 1992 تا 2014 لەكوردستان 10 هەڵبژاردن كراوە، دەنگی سەرجەم پارتەكان گۆڕانكاریەكی زۆر كەمی بەخۆوە بینیوە، كە كەم و زیادی كردنی دەنگەكان لەنێوان (1% تا 12%) بووە. جگە لە دەنگی یەكێتی نیشتمانی كە بەهۆی جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە زۆر كەمیكرد. بەڵام كۆی دەنگی گۆڕان و یەكێتی پێكەوە هەر نزیك بووە لەو ڕێژەیە. واتە لە خراپترین حاڵەتدا حیزبەكان 12% دەنگیان لە دەستداوە كە ئەم حاڵەتەش دەگمەنە.  بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 هەندێ حیزب زیاتر لە 50% دەنگەكانیان لەدەستداوە. لەكاتێكدا هەندێ حیزب دەنگی زیادی كردووە، هەندێكیش بەڕێژەیەكی كەم دابەزیوە...  


درەو میدیا:   هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغداد، شاسوار عەبدولواحید بە هاورێیەتی سروە عەبدولواحید لە شاری بەغدا لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبووەوە و ڕایگەیاند، موقتەدا سەدر پێشوازی لە بەشداریی جوڵانەوەی نەوەی نوی كردووە لە حكومەتدا. شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە كەناڵی ئێن ئاڕتی راگەیاندووە ئەوەی بەلایانەوە گرنگە ئەوەیە ئەو پێوەرە باوانە بشكێت كە تەنیا چەند حزبێك بەناوی هەموو كورد یان سوننە سان شیعەوە قسە بكەن. وتیشی، لەگەڵ موقتەدا سەدر باسیان لەوە كردووە كە پێویستە حكومەتی داهاتوو بۆ خزمەتكردنی سەرجەم گەلی عێراق بێت بەسەرجەم پێكهاتەكانەوە نەك چەند حزبێكی سیاسیی.  


(درەو میدیا): لە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژن و مێردێك لە تەنیشت یەكترییەوە دادەنیشن. یەكێك لە دیاردە ناباوەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، دەرچونی ژن و مێردێكە كە هەردووكیان لەسەر یەك لیست و لە دوو پارێزگای جیاواز خۆیان كاندیدكردبوو. پیاوەكە ناوی (حسێن زوهیری)یە كاندیدی ژمارە یەكە لەسەر لیستی فەتحی هادی عامری كە لە پارێزگای دیالە خۆی كاندیدكرد و سەركەوت بۆ پەرلەمان، هاوسەرەكەشی ناوی (ئیمان رەشید عوبێدی)یە كاندیدی ژمارە 20 لەسەر هەمان لیست لە پارێزگای بەغداد سەركەوت بۆ پەرلەمان. هەواڵی سەركەوتنی ئەو دوو هاوسەرە بۆ پەرلەمان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق چەندین كۆمێنتی گاڵتەئامێزی لەسەر نوسراوە، بەتایبەتی لەبارەی پەیوەندی خێزانی ئەو ژن و پیاوە و كاریگەریی لەسەر كارەكانیان لە پەرلەمان. كەسێك لەسەر وێنەی ئەو ژن و پیاوە نوسیویەتی" ئەگەر پیاوەكە لە ماڵەوە هاوسەرەكەی بێزار بكات، هاوسەرەكەی لە پەرلەمان لێپرسینەوەی لێدەكات". ساڵی 2011 حاڵەتێكی لەمشێوەیە لە میسر تۆماركراو بۆیەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ژن و پیاوێك پێكەوە گەیشتنە پەرلەمان.  


( درەو میدیا): وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گفتوكۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەچێتە بەغداد. فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس " وتی:" وەفدەكە پێكدێت لە شەش كەسن سیانیان كە بریتین لە فوئاد مەعسوم ، سەرۆك كۆمار و سەعدون فەیلی راوێژكاری سەرۆك كۆمار و فریاد رەواندوزی وەزیری رۆشنبیری لە بەغدان و لە سلێمانیشەوە هەریەك لە سەعدی پیرە و رزگار عەلی و خالید شوانی ئەندامی وەفدەكەن". ئەسەسەرد وتیشی یەكێتی هێڵی سوری نییە و بەڕووی هەموو لایەنەكاندا كراوەیە. ئەمڕۆش وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازیل میرانی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ موقتەدا سەدر و نوری مالیكی كۆبوەوە و بە گوێرەی زانیارییەكان دوای كۆبوونەوەكانی بەغدا، وەفدەكە سەردانی شاری نەجەفیش دەكات.


(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێ" هەڵبژاردن دووبارە ناكرێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەكان پابەند بن بە وادەی دەستوری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت". حەیدەر عەبادی كە هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر)ە، رایگەیاند، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بە دوور دەزانن، بۆیە داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەن بەشێوەیەكی شەفافانە كاربكات و هەموو زانیارییەكان لەبارەی وێستگەكانی هەڵبژاردنەوە بە هەموو كوتلە سیاسییەكان بدات. لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا، عەبادی وتی: داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكەم پابەند بن بە خشتەی وادەی دەستوری پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. عەبادی ئاماژەی بەوەكرد، نیمچە لێكچونێك هەیە لەنێوان بۆچونی لیستەكەی و لیستی سائرونی موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكراتی بەهێز.  


( درەو میدیا): لە گردی زەرگەتە برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا، لەگەڵ سەركردەكانی (گۆڕان، یەكگرتوو، هاوپەیمانی، كۆمەڵ ) كۆبوەوە. عومەر محەمەد  بەرپرسی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لە سلێمانی بە " درەو میدیا" ی راگەیاند:" كۆبونەوەمان لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا گرنگ بووە خۆی لە خۆیدا هەم بەسەركردنەوە و هەم حیسابكردنە بۆ پێگەو قورساییمان، ئێمە نیگەرانیەكانمان پێ راگەیاند و  بە بەڵگەوە ساختەكارییەكانمان خستە بەردەستی، پێشمان راگەیاند: بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە لەبەرامبەر بێدەنگبونتان لە ساختەكاریدا، چونكە خەڵكی نائومێدبوونە و لە ئەنجامی نائومێدبوونیش لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردندا رەنگە خەڵكی پەنا بۆ رێگەی تر بەرێت". سەبارەت بە تێروانینی نوێنەری ئەمریكاش عومەر محەمەد رایگەیاند: كە مەكگۆرک رایگەیاندووە، پێمان باش نیە بایكۆتی بەغداد بكەن و تێگەیشتنمان هەیە بۆ نیگەرانیەكانتان و لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكانتان دەكەین، ئەوەشی وتووە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا یان كۆبیج نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی لایەنەكان دەكات، سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووش بەتایبەت هەڵبژاردنی 30ی ئەیلۆلی داهاتوو، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە كە كاردەكەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتوو بە پاكی و بێگەردیەوە بەرێوەبچێت.


( درەو میدیا): كۆبوونەوەی برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریی , عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە گردی زەرگەتەی سلێمانی كۆتایی هات. بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" سەركردەی هەر چوار لایەنەكە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە مەكگۆرك گەیاندووە. لایخۆشیەوە مەكگۆرك هانی هەر چوار لایەنەكەی داوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بەغدا نەكەن و چەند پێشنیارێكی دەربارەی چوون بۆ بەغدا و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی تر خستوەتەڕوو بۆئەوەی كورسییەك یان دوو كورسی لە پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراقدا بەدەستبهێنن. سەركردەی چوار لایەنەكە پێشنیازەكانی مەكگۆرکیان وەرگرتووە و بەڵێنیانداوە لەناو سەرکردایەتی حزبەكانیان گفتوگۆی لەسەر بكەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامێكی هاوبەش بدەنەوە. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئایار برێت مەكگۆرك كە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق چڕكردوەتەوە بە سەردانێك گەیشتە سلێمانی و لە دەستپێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیدا كۆبووە و دواتر سەردانی بەرهەم ساڵحی كرد و پاشان لەگەڵ سەركردەی چوار لایەنە ناڕەزاییەكە لە كۆبووەوە.    


( درەو میدیا) : پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای ی توركیا " ئاكەپە" كاندیدكردنی ئیبراهیم تاتڵیساسی گۆرانیبێژی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە شاری ئیزمیر رەتكردەوە. ئاكەپە ئێوارەی دووشەممە لیستی ناوی سەرجەم كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی 24ی حوەزیرانی داهاتوو بڵاوكردەوە، بەڵام ناوی تاتڵیساسی تێدا نەبوو. تاتڵیساسی بە رەگەز كورد پێشووتر سێجار لە شاری ئورفای باكوری كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كاندیدكردوە و ئەمجارەش داواكاری پێشكەشی ئاكەپە كرد بۆئەوەی لە شاری ئیزمیر خۆی كاندید بكات، بەڵام داواكارییەكەی پەسەندنەكرا. رەتكردنەوەی كاندیدكردنی تاتڵیساس لەكاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا گۆرانییەكی لەسەر ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ  داگیركردنی كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان پێشكەشی رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد و راشیگەیاند ئامادەیە بە گیانی خۆی قوربانی بدات لە پێناوی ئەردۆغاندا.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand