لە 16ی ئۆكتۆبەردا پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت
2018-10-14 12:36:18
راپۆرتی: درەو میدیا
بڕیارە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو ڕێكەوتی 16 ئۆكتۆبەر، كە ساڵیادی دەستبەسەراگرتنەوەی شاری كەركوكە لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارێزگارێكی نوێ بۆ هەڵببژێرێت و بەپێی زانیارییەكانی "درەومیدیا" خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
پارتی ئاستەنگ دروست دەكات
پارتی دیموكراتی كوردستانیش ڕێكخستن و لایەنگر و ڕێكخراوەكانی سەربە حزبەكەی ئاگاداركردوەتەوە خۆیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایی ئامادەبكەن، لەژێر ناوی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و هەڵگرتنی ئەو خاڵە گومرکییانەی كە بەم دواییانە حكومەتی عێراق لەنێوان كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستان دایناون.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەدوای 16 ئۆكتۆبەرەوە تائەم ساتەش لە زاری بەشێك لە بەرپرسانییەوە كەركوك بە شارێكی داگیركراو ناودەبات و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا هیچ كاندیدێكی ڕەسمی نەبوو لەو پارێزگایە، لەماوەی ڕابردوودا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆئەوەی پارێزگاری ئەو پارێزگایە وەربگرێت، دەنگۆی ئەوەش بە بەهێزی لەئارادابووە كە ململانێكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار زیاتر بۆ فشاركردن بووە لە یەكێتی تا دەستبەرداری پۆستی پارێزگار بێت، ئەوە لە كاتێكدایە پارتی بەردەوام ئەو زانیارییانەی ڕەتكردوەتەوە، بەڵام بەیەكلابونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرەژوەندی یەكێتی، پارتی تەواو بێهیوابوو لە پۆستی پارێزگاری كەركوك.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت، كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەیە تیایدا، كورسییەكانی بەمشێوەیە دابەشبووە، لیستی برایەتی كورد 26 ئەندامە كە (12 پارتی، 6 یەكێتی، 3 یەكگرتوو، شیوعی، 2 عەرەب ، 1 مەسیحی، 1 توركمان)، (عەرەب 6 ئەندام ، توركمان 9 ئەندام)، پارتی بەدرێژایی ساڵی ڕابردودا ئامادەنەبووە ئەندامەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەپاساوی ئەوەی كەركوك داگیركراوە و تا حەشدی شەعبی نەكشێتەوە و دۆخی شارەكە ئاسایی نەكرێتەوە ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا.
یەكێتی و عەرەب و توركمان پۆستەكانیان بەشكردووە
لەدوای دەستبەراگرتنەوەی شاری كەركوك لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، حكومەتی عێراق پارێزگارێكی عەرەبی بەوەكالەتی بۆ دانا ئەوەش لە كاتێكدایە كە كورد زۆرینەی پارێزگاکە پێكدێنێت و بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەكۆی 12 كورسی پارێزگاكە 6 كورسی بەدەستهێناوە و لە خولی پێشوتریشدا لە 12 كورسییەكە 8 كورسی پەرلەمانی عێراقی هەبووە.
بەپێی زانیارییەكانی " درەومیدیا" ، یەكێتی تائێستا توانیویەتی دوو ئەندامی یەكگرتوو لەگەڵ دوو ئەندامی حزبی شیوعی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕازی بكات و عەرەب و توركمانەكانیشی ڕازیكردووە بۆئەوەی نیسابی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تەواوبكەن و بەوەش پێویستی بەئامادەبونی ئەندامەكانی پارتی نابێت، ئەوە لە كاتێكدایە توركمانەكان داوای سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگاری کەرکوک دەكەن، لە هەمان كاتدا داوادەكەن پارێزگار بەشێوەیەكی دەوری بێت واتە هەر چوارساڵ جارەو بۆ یەكێك لە پێكهاتەكانی كەركوك بێت، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە پۆستەكانی كەركوك بەمشێوەیە ڕێكەوتنی لەسەر كراوە، پارێزگار بۆ كورد(یەكێتی) و جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بۆ پێكهاتەی توركمان.