یەكڕیزی دروشم دەرچوو داواكارییەكانیش ونبوون
2018-10-16 09:28:18
( درەو میدیا):
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقیيەكان پێكهێنا، زیاد لەجارێكیش داوایان لەهێز و لایەنە كوردستانیيەكان كرد لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی كوردو یەكدەنگەنیيان وەك میكانیزمێكی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان، پێكەوە بچنە بەغداد، بەڵام ئەمە نەهاتەدی، ڕەنگە دیارترین هۆكار نیگەرانی هێزە "ناڕازییەكان" بوبێت لەو ساختەكارییانەی ئەو دوو هێزە لێيانكردن لەهەڵبژاردنەكان، وەك خۆیان لەزیاد لەبۆنەیەكدا ئاماژەیان پێكردووە .
لەیەكڕیزییەوە بۆ ئۆخەی ئۆخەی!
بەر لەدابەشكردنی پۆستەكان پارتی و یەكێتی زیاد لەجارێك و پێكەوە و بەوەفدی هاوبەش چونە بەغدادو لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیيەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كەوتنە گفتوگۆ، بەڵام مانگی هەنگوینی پارتی و یەكێتی، كە خۆیان ناویاننابوو یەكڕیزی و پێكەوەبوون زۆری نەخایاند، هەر كەهاتە سەر دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، كوردو تەنی، نەك هەر كەوتنە "ئۆخەی ئۆخەی هەركەس بۆخۆی"، بەڵكو ململانێیەكی توندیشیان دەستپێكرد لەسەر ئەو پۆستە، لەهاوبەشیيەوە بەرەو ناوبژیوانیكردن ڕۆیشتن، هەر لایەو وەفدێكی تایبەتی نارد بۆ بەغدادو بەجیا لەگەڵ لایەنەكان كەوتە گفتوگۆ و ڕیكلامكردن بۆ دەرچواندنی كاندیدەكەی خۆی.
تا دواساتەكانیش هیچیان ئامادەبون سازش بۆ ئەوەی تریان بكەن، تا سەرەنجام بە دووكاندیدی جیا چونە ناو كێبڕكێوەو بەدەنگی زۆرینەی شیعەو سوننە لەناو پەرلەمانی عێراق ململانێكەیان یەكلاكرایەوەو ئاوكرا بەئاگرەكەدا، یەكڕیزی و پێكەوەبونیش وەك ناوێكی بێناوەرۆك چوارچێوەی دروشمی تێنپەڕاند.
داواكارییە نەتەوەییەكانی كورد سۆراخیان نەما
بەشێك لەئاگایانی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان دەڵێن، ئەگەر ململانێكردنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پرسێكی سروشتی بوبێت بەوپێیەی هەریەك لەم دوو هێزە ئەو پۆستەیان بەماف و ئیستحقاقی خۆیان زانیوەو ململانێیان لەسەركردوە، كە وەك دەوترێت سروشتیش نیە، چونكە ئەو پۆستە لەچوارچێوەی ئیستحقاقی نەتەوەیدا بەر كورد كەتووە لە عێراق، نەك وەك موڵكی تایبەتی حزب مامەڵەی پێوەبكرێت و جگە لە حزبیش سودێكی ئەوتۆی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت، ئەوەی جێگای مەترسیيە نەمانی سۆراخی پرس و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تایبەت بە خەڵكی كوردستان و ئیستحقاقەكانێتی، چی سەبارەت بەمەسەلەی پشكی لە بودجەی فیدڕاڵی و هەم لەو مەسەلانەشی پەیوەستن بەخاك و بەشداری فیعلی كورد لەناوەندی بڕیاڕی سیاسی عێراق، كە هەردوو پرسەكە بەهۆی ململانێی بەرپرسانی هەرێم و بەغداد بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو كاریگەری نەرێنیان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەناوچە دابڕاوەكان و ناوخۆی هەرێمیش دروستكردووە.
لەسەروبەندی دانوستەكاندا، پارتی و یەكێتی زۆر بەگەرمی باسیان لە كۆمەڵێك پێشمەرج دەكرد بۆ بەشدارییان لە حكومەتی داهاتوو، لەسەروهەموشیانەوە (مادەی 140 و دۆخی ناوچەی دابڕاوەكان و ئیستحقاقی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە لەبودجەی ئیتحادی و..... چەندین داواكاری تر).
بەڵام لەئێستادا ئەم داواكارییانە تەنانەت لە ڕاگەیاندنەكانیشدا ناوی نەماوە، نەك ئەوەی بەشێك بێت لەدانوستەكانی نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان لەگەڵ بەغداد وەك كارنامەی ئەم هێزانە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو، ئەوەی بەڕوونی باسدەكرێت پشكی هەریەك لەم هێزانە لەكابینەی داهاتوو، كام وەزارەتەیان بەردەكەوێت، كە بەڕای زۆرێك كورد لەڕابردودا پۆستی زۆرو گرنگی وەرگرتووە لە عێراق، بەڵام ئەزمونی چەندساڵی ڕابردوو سەلماندویەتی جگە لە حزب و لەناوحزبیشدا بۆ شەخس و گروپ نەبێت بۆ خەڵكی كوردستان خێری نەداوەتەوە، بگرە باجی نەهامەتی و ناكۆكییەكانیشی داوە لەكاتی توندبونەوەی ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداد.