كورد بە قەبارەی رابردوو بەشداری حكومەتی عێراقی پێناكرێت
2018-10-14 09:24:33
( درەو میدیا):
عەممار حەكیم لەهەوڵی ڕازیكردنی لایەنە كوردییەكاندایە بەو پشكەی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەحكومەتی داهاتوو بۆیان دیاریدەكات، نەك ئەوەی خۆیان داوای دەكەن.
كەمێك لەمەوبەر وەفدێكی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم گەیشتە شاری هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكرانی كوردستان پرسی بەشداری كورد لەحكومەتی داهاتووی عێراق تاتوێبكەن.
هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا، بڕیارە سبەینێ حەكیم بگاتە سلێمانی و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ هەمان مەبەست كۆببێتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە(درەومیدیا)ی، ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئەو پەیامە بەلایەنە عێراقییەكان بگەیەنێت كە تائێستا خۆی یەكلاینەكردۆتەوە بەشداری لەحكومەتی ئایندە دەكات یان نا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش خۆی یەكلایكردۆتەوەو بەشداریدەكات، بەڵام هاتنی وەفدەكەی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بۆ دانوستان نیە لەگەڵ لایەنە كوردییەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان هاوشێوەی كابینەكانی ڕابردوو، بەڵكو بۆ رازیكردنیانە بە بەشداریكردن لەحكومەتی داهاتو و بەوپشكەی كە عادل عەبدولمەهدی بۆیان دیاریدەكات.
كورد لەكابینەكانی ڕابردودا، جگە لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزارەتێكی سیادی كە (دەرەوە یان دارایی) و چەند وەزارەتێكی تریشی وەرگرتوە، بەڵام پێناچێت لەحكومەتی ئایندە بەهەمان پێگەو قەبارە پۆست وەربگرێتەوە، بەوپێیەی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەزاران كەس لەسەرانسەری عێراق لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردووە بۆ وەرگرتنی وەزارەت.