Draw Media

بەپێی بریارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاوكراوەتەوە هاتووە: ( الغاء نتائج محافظات اقليم كردستان وكركوك لماتوفرت عليه من تزوير ارادة الناخبين وماشبها من خروقات كبيرة.) واتا " هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك، لەبەرئەوەی پێشێلكاریی گەوەری بەخۆیەوە بینوە و ویستی دەنگدەران ساختەكراوە"  بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك هەڵوەشێنراوەتەوە، بەوتەی ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجامی راگەیەنراوی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێم و كەركوك هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەوەش بە مانای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن نیە بەڵكو بە واتای هەڵوەشانەوەی ئەو ئەنجامەدێت كەلەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنراوە، واتا دەبێت جارێكی دیكە دەنگەكان ئەژمار بكرێنەوە. 


(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەبەڵگەیەكی لەسەر راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بڵاوكردەوە، راكان جبوریش وەڵامی كۆمسیۆنی دایەوە. سەفا جەباری بەڕێوەبەری كارەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاڕاستەی كۆمسیۆنی دەكات و دەڵێت" یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە". كۆمسیۆن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانە، بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە لە كەركوك كە راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئیمزای لەسەر كردووە و دانی بەوەداناوە ئەنجامەكان هاوشێوە و راست و دروستن.  لەبەرامبەردا راكان جبوری بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە ئەو ئیمزای لەسەر كۆی گشتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كردبێت. جبوری ئاماژە بەوەدەكات، ئەوە ئیمزایەی كە كۆمسیۆن بڵاویكردوەتەوە تایبەتە بە جیاكردنەوەی و ژماردنی دەنگەكان لە وێستگەی (5)ی ناوەندی دەنگدانی خوێندنگەی حەویجەی ناوەندی بۆ دەنگدانی تایبەت، كە تێیدا پسوڵەی ئەنجامەكان (175) دەنگی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیوە، لەكاتێكدا دەنگدەران هەمویان ئەفسەرو كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی بوون و خەڵكی باشوری عێراق بوون. هەر لەبارەی ئیمزاكەوە جبوری باسلەوە دەكات، ئەوكاتە ئەو لە بەغداد بووە و لەبارەگای ناوەندی نیشتیمانی سندوقەكە كراوەتەوە و هیچ دەنگێكی یەكێتی نیشتیمانی تێدا نەبوو، پێشنیاز كراوە پشت بە سندوق و میمۆرییەكی (ئێس دی رام)ی نوێ ببەسرێت، لە میمۆرییە نوێیەكەشدا كە میمۆرییەكەی كەركوك نەبووە و تێیدا یاری بە دەنگەكانەوە نەكراوە، خوێندنەوەی ئامێرەكە بە هەمان شێوە هاوتای كارتەكان بووە و هیچ دەنگێكی یەكێتی نیشتیمانی تێدا نەبووە، ئەوكات ئەو ئیمزای كردووە. راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت ئەمڕۆ رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی كەركوكدا یاری بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە كراوەو دوای بڕیاردانیش لە پشكنینەوەی سندوقەكانی دەنگدان لە بەغداد دەریخست قسەی خۆپیشاندەرانی كەركوك راست بوو. وێنەی ئیمزاكەی راكان جبوری:


( درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا بە سەرۆكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەن و بە ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار رۆژی دووشەممە 28/5/2018 دەنگیدا لەسەر بڕیارێك دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. لە دەستپێكی دانیشتەكەدا كە سەرەتا راوێژكاربی بوو دواتر و دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی بووە دانشتنێكی نائاسایی، سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیكردەوە كە پەرلەمانی عێراق ویستی دانیشتنێكی نائاسایی بكات لە هەوڵیدا بۆ پاكڕاگرتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو هەڵە و دەستكارییكردنەوەی بەویستی دەنگدەراندا كراوە، ئاماژەی بەوەشدا كە بە بەڵگەی یەكلاكەرەوە پێشێلكارییەكانی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن سەلمێنراون، ئەوەش گومانی خستە سەر كۆی ئەنجامەكانی و بە تایبەتی ئەوەی لە بەشێك لە پرسەی دەنگدانی مەرجدار و تایبەت و دەرەوە روویدا. رونیشیكردەوە، گواستنەوەی ئەلیكترۆنیی ئەنجامەكان كە بە پێچەوانەی ویستی دەنگدەران بوو، كارێكی زۆر مەترسیدارە، لەبەرئەوەی خروقاتەكان لەبەردەم چاوی چاودێرەكاندا سەلمێنرا، ئەوەش ناوبانگی پرۆسەی سیاسی دووچاری شەرمەزارییەكی گەورەدەكات لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێویستە كارەكان بخرێنەوە شوێنی خۆیان. جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری و داوكاری گشتی و دەستەی نەزاهە كرد، پارێزگاری لە رێرەوە دیموكراتی بكەن و بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان بە تەواوەتی بگرنە ئەستۆ، وتی: بەشدارینەكردنی دەنگدران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پەیامێكی روون و ئاشكرای گەلی عێراقە بۆ چینی سیاسیی، سوپاسی پەرلەمنتارەكانیشی كرد بە تایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردندا سەركەوتوون و ئەوانەشی خۆیان كاندید نەكردووە لە نێویشیاندا ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەن. پاشان پەرلەمانتار كازم شەممەری جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە مافی پەرلەمانە هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرێتە بەر بۆ پارێزگاریكردن لە پرۆسەی سیاسیی. پەرلەمانتار حەسەن تۆران داوای لە داواكاری گشتی و فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان كرد مامەڵە بكات لەگەڵ چەند وتەیەكی مەترسیدار كە لەلایەن هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە وتراوە دەربارەی ئەوانەی لە پارێزگای كەركوك مانیان گرتووە. هەروەها پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی، گومانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە پشت بەستن بەو  كۆبوونەوەیەی كە دەزگا ئەمنییەكان و چەند دامەزراوەیەكی گرنگ لە ئەنجومەنی وەزیرانی لەخۆگرتبوو، جەختیكردەوە كە گومانكردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، حكومەتێكە ناشەرعیی لێ لەدایك دەبێت، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد پارێزگاری لە پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن بكات و تا ئەولایەنانەی كە دەیانەوێت ویستی دەنگدران بگۆڕن كۆنترۆڵی نەكەن و داواشی كرد دەنگەكانی پارێزگای بابل بە دەست ئەژماربكرێنەوە. پەرلەمنتار هۆشیاری عەبدوڵاش جەختیكردەوە كە یاری بە سندوقەكانی دەنگدان كراوە و لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی ساختەكاری كراوە، داواشی كرد كارتەكانی ناو سندوقەكانی بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێم بەراورد بكرێن. عەبدولڕەحمان لویزی پەرلەمانتاری پێشنیاری كرد سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئامادەبن بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكان. لایخۆشیەوە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رونیكردەوە كە ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا روویدا لە رێگەی پێشكەشكردنی تانەی یاساییەوە چارەسەر دەكرێت و ئاماژەی بەوەشدا كە ئەنجومەنی نوێنەران تا یەكی تەمموزی داهاتوو بەردەوام دەبێت و رونشیكردەوە ئەنجومەنی نوێنەران یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی دەركردووە و دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە لەكار لایانبدات و دەستیان پێ لەكاربكێشێتەوە، هەروەها یاسای هەڵبژاردنەكان    شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردنی دیاریكردووە، رونیشیكردەوە كە تانەكان بە گوێرەی یاسای كۆمسیۆن لە رێگەی دەستەیەكی دادوەرییەوە یەكلایی دەكرێنەوە كە پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو بەڵگەنای پێشكەش دەكرێن و لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەتوانێت پێش رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو تانە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات. لایخۆشیەوە حەسەن تۆران جەختیكردەوە كە لیژنەی یاسایی و لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە بەدواداچوونی راستییەكانی هەڵبژاردن، وایدەبینێت كە سیستمە ئەلیكترۆنییەكان، پێشێلكاری بۆ تایبەتمەندی دەنگدەر تێدایە، بەهۆی ئەوەی دەتوانێت ئاشكرایبكات دەنگدەر دەنگی بەكێ‌ داوە، ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 155 هەزار دەنگی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندوەتەوە، داواشیكرد دەنگی 10%ی وێستگەكانی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراقدا بەدەست جیابكرێنەوە لە حاڵەتی ئاشكرابوونی هەر پرۆسەیەكی ساختەكاریدا جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی بۆ دەنگی هەموو وێستگەكانی عێراق بكرێت. پاشان ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێكی پەرلەمانی خستەدەنگدانەوە كە لەلایەن لیژنەی یاسایی ئەنجومەنەوە پێشكەشكرابوو. لە بڕیارەكەدا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە هەرلایەنەوە بە گوێرەی پسپۆری خۆی هەموو رێوشوێنەكان بگرێتەبەر بۆئەوەی متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و خاوێنانە بگەڕێنرێتەوە، لەوانەش : •    هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە كە پرۆسەی ساختەكاریكردن تێیدا سەلمێنراوە، دەنگدانی مەرجدار لە هەموو پارێزگاكان جگە لە نەینەوا و ( جموجوڵی دانیشتوانی سەلاحەدین و ئەنبار) هەڵبوەشێنرێتەوە، هیچ ئەوەلیاتێك جگە لە دەنگی كەمینەكانی كە كۆتا دەیانگرێتەوە لەناونەبرێت. •    دەنگی سندوقەكانی 10%ی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن بە دەست جیابكرێتەوە و ئەژماربكرێت، ئەگەر دەركەوت كە جیاوازی بە رێژەی 25% هەیە، ئەوا دەنگی هەموو پارێزگاكان بەدەست جیابكرێتە و ئەژماربكرێت. •    دەستبەجێی كۆپی ئەلیكترۆنی و وێنەی تیشكی كارتەكانی دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە رەوانەی سێرڤەری سەرەكی كراوە لە كۆمسیۆن " تەل سەنتەر" بدرێتە  قەوارە سیاسییەكان، لەسەر ئاستی كاندیدی هەموو پارێزگایەك. •    جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی دەنگی ئەو وێستگانەی كەركوك كە ( ئێس دی رام) ەكانیان گۆڕاون و ئەو وێستگانەشی كە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەنجامەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و جەختبكرێتەوە لە پرۆسەی بەراوردكردنی داتا ئەلیكترۆنییەكان و داتای نێو سندوقەكان. •    هەر كەسێك رەوانەی بەردەم دادگا بكرێت كە سەلمێنرا، تێوەگلاوە لە تەگەرەخستنە بەردەم دادپەروەیی و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆئەوەی لێپرسینەوەی لە گەڵدا بكرێت و هەموو ئەوەلیاتەكانیش  رەوانەی داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە بكرێت. •    هەموو لایەنەكان بە گوێرەی ئەو یاسایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە كاربكەن بۆ پاراستی بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبووونی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان لە كارەكانی و پەلەكردن  لە پێشكەشكردنی ئەو ئەنجامانەی پێی گەشتووە بە ئەنجومەنی نوێنەران. •    پشتیوانی و پاڵپشتیكردنی لیژنەی باڵا كە لە ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە بۆ وردبینیكردنی بەڵگە و دۆكیۆمێنتەكانی و رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك، لەبەرئەوەی پێشێلكاریی گەوەری بەخۆیەوەب ینوە و ویستی دەنگدەران ساختەكراوە.   فەرمانگەی راگەیاندن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 28/5/2018


گفتوگۆی: درەو میدیا  “ ئێمە گەورەترین قوربانی ساختەكاری بووین، لە هەڵبژاردنەكاندا تەنانەت  لەو سندوقەی من دەنگم تێدا داوە، هیچ دەنگێكی حزبی شیوعی كوردستانی تێدا نییە، ئەمە ئەگەر گەورەترین فەزاحەت نەبێ، چییە؟" ئەمە وتەی ئەبو كاروان ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ( درەو میدیا) ئاماژەی پێكردووە. ئەبو كاروان دەشڵێت " ئێمە نەك هەر نیگەران و ناڕازین لەهەڵبژاردنی ١٢ی ئایار، بەڵكو سەرلەبەری پرۆسەكە ڕەتدەكەینەوە، درەو میدیا چەندین پرسیاری روبەرووی ئەبوكاروانكردۆتەوە بەتایبەتیش بوونی كاندیدی لەچك لەسەر لە لیستەكەیاندا ئەو دەڵێت" لەڕێڕەوی تێكۆشانی ئێمەدا لەچك شتێك نییە ببێتە لەمپەر پێش مرۆڤبوونی- مێینە، بوونی یا نەبوونی پەیوەستە بەخودی هاوڕێیانی ئافرەتمانەوە، ئێمە تەداخول لە چییەتی و چۆنێتی پۆشیندا ناكەین، ئەوە ئازادییە، ویستی تاكەكەسیەو مافی هیچ كەسێك نییە شێوازی پۆشین  بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت" سەبارەت بە هاوپەیمانی حزبی شیوعی عێراقی لەگەل موقتەدا سەدردا كەر زۆر گفتوگۆی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەبو كاروان دەڵێت" هەڵبەت شوناسی فیكری هەر هێزێكی سیاسی نابێتە رێگر لە كاری سیاسی هاوبەشدا، بەلاكەی تریا كاری هاوبەش بەمانای سازشكردن نایەت لەسەر فیكر،لەنێو بەرنامەی ئەو كارە هاوبەشەدا زۆرینەی دروشم و ئەو مەبدەئانەی حزبی شیوعی عێراق تێكۆشانی لەپێناو دەكات چەسپێنرابێ، ئەگەر سەرنجتان دابێ بەرنامەی هاوپەیمانی سائیرونی ( موقتەدا سەدر) بەدیدێكی شیوعیانە داڕێژراوە" دەقی چاوپێكەوتنەكە  درەو میدیا: با سەرەتا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە دەستپێبكەین، حزبی شیوعی لەگەڵ پێنج لایەنی تر لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار نیگەرانن، بەدیاریكراوی ئێوە لە چی نیگەرانن ؟ ئەبوكاروان: بەڵێ ئێمە نیگەرانی و ناڕازین لەبارەی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار، بەڵكو سەرلەبەری پرۆسەكە ڕەتدەكەینەوە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن یەكێك بێت لەئامرازە هەرە گرنگەكانی دیموكراسیەت و گەڕانەوە بێت بۆ دید و ئیرادەی خەڵك ئەوا ئەم هەڵبژاردنە هەموو ئەومانایەی لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵكردەوە، نێگەرانی وناڕەزایی ئێمە لەبارەی ساختەكاری و تەزویرە، ساختەكاری سیستەماتیك و هەمەلایەنە بووە، بەجۆرێك چەندین ئەندامی سەركردایەتی ئێمە لە وێستگەو سندوقێكی دەنگدان، بەخۆیان و خێزانەكانیانەوە دەنگیانداوە كەچی تاكە یەك دەنگی ئێمەی تێدا نەبووە، هەر بۆیە ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان وێڕای ڕەتكردنەوە وتوماركردنی چەندین پێشلكاری و تانە لێدان لەهەڵبژاردن و لە دادگاش داوای یاساییمان لەسەر كۆمسیۆن تۆماركردووە. ئەمە جگە لەوەی هەر بۆ هەمان مەبەست و ڕەتكردنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار لەگەڵ پێنج لایەنی تری كوردستانی هەوڵەكانمان خستە گڕ بەمەبەستی فشاری هەمەلایەن و هەژماری دەستی دەنگەكان، ئێستا ئێمە ئامادە و كراوەین بۆ هەموو كارێكی هاوبەشی بەمەبەستی ڕێزگرتن لەئیرادە و دەنگی خەڵك.     درەو میدیا: ئەوە راستە دەڵێن تەنانەت دەنگەكەی ئەبو كاروانیش دیارنییە ؟ ئەبو كاروان: بەڵێ لەو سندوقەی من دەنگم تێدا داوە، هیچ دەنگێكی حزبی شیوعی كوردستانی تێدا نییە، ئەمە ئەگەر گەورەترین فەزاحەت نەبێ، چییە؟      ئێمە نەك هەر نیگەران و ناڕازین لەهەڵبژاردنی ١٢ی ئایار، بەڵكو سەرلەبەری پرۆسەكە ڕەتدەكەینەوە درەو میدیا: ئێوە كێ بە بەرپرس دەزانن لە پرۆسەی ساختەكاری ؟ ئەبو كاروان: كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار.    درەو میدیا: جیاوازی دەنگەكانی حزبی شیوعی لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو چۆنە ؟ ئەبو كاروان: هیچ پێوەرێك نەماوە بۆ بەراورد كردن، من ئەڵێم دەنگی خۆم لەو وێستگەیەی دەنگم تێدا داوە بوونی نییە، ئیدی چۆن بەوراوری نێوان دەنگی ئێستا وداهاتوومان بكەین، هەڵسەنگاندن و بەراورد كاتێك دروستە، كەدەنگی ڕاستەقینە ی خەڵك هەژمار بكرێت، ئەمە جگە لەوەی هەڵبژاردنی ڕابردووش بێبەش نەبوو لەساختەكاری و یاریكردن بەئاكامەكانی دەنگدانەوە.   درەو میدیا: حزبی شیوعی عێراق لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتی كرد، ئێوە وەكو حزبی شیوعی كوردستان بۆچونتان لەسەر ئەو هاوپەیمانێتییە چییە، كە لەڕوی فیكرییەوە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پێكهێنەرەكانیدا ؟ ئەبو كاروان: پێكەوە دابەزینی حزبی شیوعی عێراق و ڕەوتی سەدر كارێكی ئیرتیجالی نەبوو، بەڵكو بەماوەی زور پێش هەڵبژاردنەكان هەردوولا لەگۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان لەبەغدا و باشووری عێراق كاریان پێكەوە دەكرد و فشاری گەورەیان خستە سەر حكومەت ودام ودەزگاكانی دەوڵەت دژ بەگەندەڵی و گەندەكاران و بەهەدەردانی سامانی گشتی ودابین كردنی خزمەتگوزاری و چاكسازی هەمەلایەن و تێپەڕاندنی موحاسەسەی تایفی، ئەوان نزیكەی لە سێ ساڵە پێكەوە كاریگەورەیان هەبووەو ڕۆڵی گەورەیان بووە لە هێنانە ژێرباری حكومەت بۆ چەندین چاكسازی وەكو لابردنی ژماریەك وەزیری گەندەڵ  و كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و دانانی ژماریەكی بەرچاو لە وەزیری تەكنۆكرات و لێهاتوو، لەجێگای ئەو وەزیرانەی كە بەفشاری خۆپیشاندانەكانی ئەو دوو لایەنە دەستیان لەكاردەكێشایەوە، بۆیە كاركردنی لایەنگرانی هەردوولا لە بزاوتی خۆپیشاندانەكان زەمینەی هاوپەیمانی "سائیرون"ی خۆش كرد، یانی ئەو پرۆسەیە شتێك نەبووە لە پڕدا بڕیاری لێوەبدرێت، بەڵكو پرۆسەیەك بووە زەمینەكەی لەنێو جەماوەری هەردوولا ساز بوو، نەوەك لەسەرە بۆ خوارەوە.  بەڵێ چ لەلای ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان و چ لەنێو حزبی شیوعی عێراقیدا تێبینی وتەنانەت ناڕەزایی دروست بوو لەبارەی ئەوهاوپەیمانێتیە و ئەوەش لە ژیانی سیاسی حزبێكی چەپی زیندوو و خاوەن كەلەپورێكی دێرین و گەورە لەتێكۆشان شتێكی ئاساییە. بۆ وەڵامی بەشێكی تری پرسیارەكەتان، هەڵبەت شوناسی فیكری هەر هێزێكی سیاسی نابێتە رێگر لە كاری سیاسی هاوبەشدا، بەلاكەی تریا كاری هاوبەش بەمانای سازشكردن نایەت لەسەر فیكر، ئەمە چجای ئەوەی كەلەنێو بەرنامەی ئەو كارە هاوبەشەدا زۆرینەی دروشم و ئەو مەبدەئانەی حزبی شیوعی عێراق تێكۆشانی لەپێناو دەكات چەسپێنرابێ. ئەگەر سەرنجتان دابێ بەرنامەی هاوپەیمانی "سائیرون" لەسەر پێنج تەوەور داڕێژراوە كە هەر پێنجیان حزبی شیوعی عێراق پێش دروستبوونی ئەوهاوپەیمانێتیە خەباتی لەپێناودا كردووە، یەكەمیان جەخت لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی لەسەر بنەمای دادی كۆمەڵایەتی و هاووڵاتیی بوون دەكاتەوە و دوومین جەخت لەسەر باشتركردنی گوزەرانی خەڵك وكەمكردنەوە موچەی پلەباڵاكان و كەمكردنەوەی پاسەوانەكانیان دەكا، سێیەمیان: جەخت لەسەر دژایەتیكردنی گەندەلی و دانانی چەندان ڕێوشوێن دەكات لەو پێناوەدا، چوارمیان: جەخت لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان دەكات، پێنجەمیان: جەخت لەسەر گەشەپێدان دەكات، گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابووری.  ئەم بەرنامەیە ئەگەر سەرنجی بدەیت بەدیدێكی شیوعیانە داڕێژراوە.   لەڕێڕەوی تێكۆشانی ئێمەدا لەچك شتێك نییە ببێتە لەمپەر  درەو میدیا: ئێوە لە كوردستان بۆچی هاوپەیمانێتیتان لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكرد بۆ هەڵبژاردن ؟ ئەبو كاروان: ئێمە لە ٢٨ی دیسمبەری 2017، وەكو یەكەمین هێزی سیاسی كوردستانیی دوای یەك هاوپەیمانی لایەنە كوردستانییەكانمان كرد، حیزب و لایەنە كوردستانییەكان بەیەك لیستی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق بكەن، ئەوەمان ڕاگەیاند، هەر بەڕاگەیاندن نەوەستاین، بەڵكو زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان ئەنجامدا، لەو كۆبوونەوانەدا بەڕوونی پێمانوتن: "بەڕێزان هەلومەرجی وڵاتەكەمان، مەترسیەكانی سەر میللەتەكەمان دەرهاویشتەكانی پاش ١٦ی ئوكتۆبەر وادەخوازێت ناكۆكییەكانمان بەلاوە بنێین و یەك لیستی كوردستانی پێكبهێنین كە بێگومانین بەوشێوەیە بەهێزتر دەبین، یا خود ئەوەش نا، بالە ناوچە دابڕاوەكان یەك لیستی كوردستانیمان هەبێ" بەداخەوە ئەوە بوو وەڵامێكی ئەرێنیمان وەرنەگرت. هەر بۆیە بینتان ئەو پارچە پارچە بوونە نەبووایە، ئێستا سەنگی كورد لەبەغدا چەند هێندەی ئێستا قورستر دەبوو، ئەمە جگە لەوەی هەزاران دەنگ و چەند كورسیمان لەدەست چوو. هەر بۆیە بەهاوپەیمانیمان لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی نەبەست و بەلیستێكی سەربەخۆ چووینە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە.    درەو میدیا: لە لیستی ئێوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو ژن هەبوون كە لەچك بەسەر بوون، ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر قسەوباسی لەسەر كرا، بۆچونی ئێوە لەوبارەیەوە چۆنە ؟ بۆچی هەموو كاندیدەكانتان لە پارێزگای سلێمانی ژن بوون ؟ ئەبو كاروان: لەڕێڕەوی تێكۆشانی ئێمەدا لەچك شتێك نییە ببێتە لەمپەر پێش مرۆڤبوونی- مێینە، بوونی یا نەبوونی پەیوەستە بەخودی هاوڕێیانی ئافرەتمانەوە، ئێمە تەداخول لە چییەتی و چۆنێتی پۆشیندا ناكەین، ئەوە ئازادییە، ویستی تاكەكەسیەو مافی هیچ كەسێك نییە شێوازی پۆشین بەسەر بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت، دواتر ئێمە حزبی سیاسین، ئێمە ئایین نیین، لەڕێڕەو بەرنامەی تێكۆشانماندا ڕێز لە هەموو باوەڕێك دەگرین جا موسڵمان بێت یا كریستیان، ئومێد دەكەم هیچ كەسێكیش كاتی بەنرخی خۆی بۆ ئەو شتە لاوەكیانە تەرخان نەكات. سەبارەت بەبەشی دووەمی پرسیارەكەتان، ئەم هەنگاوەی حزبمان، حزبی شیوعی كوردستان لەبازنەی سلێمانی مانۆڕێكی تەكتیكی و كاتی نەبوو، تاوەكو لەڕێگەیەوە سەرنجی دەنگدەران بەلایخۆیدا ڕابكێشت بەمەبەستی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران، نا، بەڵكو ئەوە ڕەگێكی ستراتیژی قوڵی هەیە لەدونیابینیی ئێمەدا، ڕەگێك كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەدەی بیستەم و بەدیاریكراوی ساڵانی سەرەتای دروستبوونی حزبی شیوعی عێراق. كەباسی مێژوو دەكەم مەبەستمە ئەوە ڕوونبكەمەوە حزبی شیوعی، حزبێكی نەبووە خەبات بكات بە جیاوازی ڕەگەزییەوە، بەلای ئێمەوە تەنانەت خەبات بۆ پرسی ئافرەتان و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانیان و نەهێشتنی جیاكاری ڕەگەزی و ڕووبەڕبوونەوەی توندوتیژی دژیان و نەهێشتنی دیاردە ناشیرینەكانی وەك خەتەنەكردنی مێینە و زوو بەشوودان و بەزۆر بەشوودان و ژن بەژن و بەكارهێنانی ئافرەتان لەبری خوێن لە سوڵحی عەشایەریدا و فرەژەنی و رێگەگرتن لێیان لەكاركردن و دوورخستنەوەی كچان لەخوێندن، بەتەنها بەكاری ئافرەتان نییە، بەڵكو ئەو دیارانە و خەباتی ئافرەتان بەهاوكاری و هەرەوەزی پیاوانی پێشكەتووخواز بەڕێگایەكی دروست دەزانین، كێشەی ئافرەتان بەلای ئێمەوە كێشەی مرۆڤە و هەر دەبێ مرۆڤیش بەهەردوو ڕەگەزەوە خەبات بۆ چاككردنی بكەن. بۆیە هەر لەو ڕوئیاو و دیدە ئینسانییەوە كۆمەڵێك ئافرەتی سەنگین و تێكۆشەر و لێهاتوو كاندیدمان بوون لە بازنەی سلێمانی.     بەرنامەی هاوپەیمانی سائیرون بەدیدێكی شیوعیانە داڕێژراوە درەو میدیا: چ ئامادەكارییەكتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە ؟ پێتانوایە جارێكی تر پرۆسەی ساختەكاری دووبارە ببێتەوە ؟ ئەبو كاروان: بەڵێ حزبمان خەریكی خۆسازدانە بۆ هەڵبژاردنی ئایندەو لەوبارەیەوە بیرۆكەو بووچونی جیا هەیە، بۆ شێوازیكاری داهاتوومان، چەند كۆبوونەوەیەكمان كردووە، بەردەوامیش دەبین. سەبارەت بەساختەكاری، ئێمە نامەنەوێت بڕیاری پێشوەختە بدەین، دەنگدەران سارد بكەینەوە، ویستی خەڵكی بۆ چاكسازی هەمە لایەنەوە و گۆڕانكاری لە ژیان و گوزەرانی پڕ لە میحنەتیان، بەڵام ناشیشارینەوە ترسی جدیمان هەیە بەرامبەر ساختەكاری، بەنیستەبەت حیزبەكانی دەسەڵات ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا هەمیشە ئەگەرێكی كراوەیە، لەیەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 تاكو ئەم هەڵبژاردنەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، هیچیان بەبێ ساختەكاری تێپەڕنەبوون، ئەگەر كۆمەڵێك حیزب لەم ساڵانەی دوایدا دروست بوون و بەجۆرێك لەجۆرەكان زەرەرمەندبوون لەهەڵبژاردن،ئەوا ئێمە گەورەترین قوربانی ساختەكاری بووین. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی ئێمە لەبارەی كۆمسیۆنی باڵای بەناو سەربەخۆی پێنج حیزبەكە  ئاشكرایە، ناڕەزایمان لەبارەی پێكهاتە حیزبیەكەی كۆمسیۆن بۆ رای گشتی ڕوونە. درەو میدیا: حزبی شیوعی حزبێكی دێرینە، بەڵام بەردەوام لەڕووی جەماوەرییەوە لە پاشەكشێدایە، ئێوە رەخنە لە نەیارەكانتان دەگرن، ئەی پێتانوا نییە ئەو پاشەكشێیە هەندێك لە هۆكارەكانیشی بۆ سیاسەتەكانی خۆتان دەگەڕێتەوە ؟ ئەبو كاروان: بەڕێزتان لەبەشێكی زۆری پرسیارەكانتاندا باسی ساختەكاری دەكەن، هیچ هەڵبژاردنێك تێپەڕ نەبێ بەبێ ساختەكاری و تەزویر ئیدی بەچ پێوەرێك جەماوەریبوونی حیزبەكان دەستنیشان دەكرێ، چ مەنتقێكی تێدایە كۆمسیۆنێك دروست بكەی بۆ هەڵبژاردن كە پێویستە بێلایەن بێت و ناوی بێنێیت "سەربەخۆ" كەچی دواتر پێكهاتەكەی بریتیبێت لەكادری پێنج حیزبەكە!! ئەمە واتای چ دەگەیەنێت؟ هەڵبەت ساختەكاری بەلای ئێمەوە تەنها تەزویری ڕۆژی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو هەموو ئەو هەنگاوانەی كە برتیین: لەبەكارهێنانی تواناكانی حكومەت بۆ بەرژەوەندی حیزب و تەسكیەی حزبی و چاوسوركردنەوە و فشار خستنە سەر هێزە ئەمنیەكان و پێشمەرگە و فەرمانبەران بەمەبەستی دەنگدان بەلایەنێكی تایبەت و دەنگكڕین و دامەزراندن بۆ دەنگ و زەوی دابەشكردن و گۆڕینی ئاكامەكانی دەنگدان لەپاش هەڵبژاردن، هەمووی ساختەكارین، ئایا لە ژینگەو هەلومەرجێكی لەمشێوەیەدا دەنگی ڕاستەقینە بەدەردەكەوێت؟  هەڵبەتە ئێمە ئیدیعای بێكەموكوڕێتی ناكەین، حیزبی ئێمە لەپێداچوونەوەیەكی بەردەوامی خۆیدایە، بەڵێ دەبێ بەجورئەتەوە كەلینەكانی خۆمان دەستنیشان بكەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، هەرواش دەكەین، بەڵام پێمبڵێ لەم واقیعەی ئێستای كوردستاندا حزبی شیوعی كوردستان بەرپرسیارێتی كاملەو نەهامەتیانەی بەردەكەوێ كەبەسەر گەلەكەماندا هاتووە؟ ئێمە بووین لەسەر دەسەڵات وسامان و داهاتی گومرگ شەڕی ناخۆمان كرد؟ ئێمە بووین كوردستانمان پارچە پارچەكرد؟ ئێمە دوو ئیداریمان داهێنا؟ یەك سەرۆك جاش و موستەشارمان گرتە خۆمان؟ رێگربووینە لەدادگاییكردنیان؟ بۆیەك چركەش بیستووتە حزبی شیوعی سەر بەوڵاتێكی ئیقلمی بێت و ئەجنداكانی ئەو وڵاتانە جێبەجێ بكات؟ ئێمەین دەستمان سوورە بە خوێنی پێشمەرگەو گەریلای پارچەكانی تر كوردستان؟ ئێمە بەرپرسیاری ١٦ی ئوكتۆبەرین؟ قەت بیستووتە حزبی شیوعی كۆمپانیای دەرمانی هەبووبێ؟ یاخود پشكمان هەبووە لە نەوت؟ یا شیرینی نەوت؟ یا كارگەی چیمەنتۆ و ئاسن؟ كام حزب یەكەمین حیزب بوو داوای موحارەبەكردنی گەندەڵی كرد بەیاسا ودامەزراوە؟ ئێمە بەرپرسیارین لەپاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران؟ یەك ناڕەزاییم پێبڵی لەبادینانەوە تاوەكو گەرمیان هاوڕێیانی ئێمە ڕۆڵكی كارایان تێدا نەبووبێ؟ كام حیزب یەكەمین حیزب بوو لەهەولێر خۆپیشاندانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە كرد؟ كام حیزب بوو لەپەرلەمانی كوردستان وتی: كابینەی هەشتەم كابینەی پشكپشكێنەیە، دەرئەنجامەكەی فەشەلە؟ كام حیزب بوو لە ساڵی ٢٠١٥ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد؟ پێم بڵی ئەم سیاسەتانە چ نەگیەكیان تێدایە، هەمووی هەنگاوی مێژوویی و شەرەفمەندانە نین؟    


(درەو میدیا):  دواجار پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوكر دو چەند بڕیارێكی دەركرد، دوای چەندین جار شكستهێنان لە كۆبوونەوە بەهۆی نەبونی نیسابی یاساییەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوكرد وبە ئامادەبوونی 165 پەرلەمانتار لە كۆی 328 پەرلەمانتار كە دەكاتە ( 50+1 )ی ئەندامانی كۆبوەوە و پرۆژە یاسایەكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی پەسەند كرد، گرنگترینیان :. یەكەم/ ، لە سەرتاسەری عێراق لە 10%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار بەدەست دەژمێردرێنەوە، ئەگەر دوای بەدەست ژماردنەوەی لە 10% دەنگەكان جیاوازی گەیشتە رێژەی لە 25% ئەوا سەرتاسەری عێراق بەدەست هەژماردەكرێتەوە. دووەم/ هەڵوەشاندنەوەی دەنگەكانی دەرەوەی وڵات جگە لە دەنگی مەسیحیەكان. سێیەم/ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی ئاوارەكان. چوارەم/ هەركەس و لایەنێك تێوەگلابێت بە گەندەڵی دەدرێتە دادگا . ئەمین بەكر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی ( سوپاس بۆخواسەركەوتین )  با تەزویرچیی و گەندەڵەكان باش بزانن ئەگەر ئومێد لە كونی دەرزی وە بەدی بكەین هەوڵی چونە ژوورەوە ئەدەین: لەپێناوی دەرخستنی ڕاستیەكان و ڕیسواكردنی تەزویرچی و گەندەڵكاران هەرگیز كۆڵ نادەین : دوای هەوڵ و ماندووبونێكی زۆر بۆ گرێ دانی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان ئەمڕۆ لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی و ڕێژەی پێویست لە پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكەبون. دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە هەڵسام بەكۆكردنەوەی پەنجا واژوو، داوامکرد كە كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان لە دووشەمەدا ببەسترێت وسەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیار دانیشتنەكەی داو ئەمڕۆ دوای هەوڵێكی زۆر و تاخیركردنی دانیشتنەكە لە سەعات 6:30 ئێوارە ڕێژەی پێویست ئامادەبوو و پەرلەمان دەنگی دا لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارەی لەلیژنەی یاسایی ئامادەمان كردبوو ، ئەوەی گرنگە لە بڕیارەكەدا: 1.ئەژماركردنەوەی 10% دەنگەكان. لەژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەری و نەتەوەیەكگرتوەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی. 2. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی كۆمەڵێك لە بنكەكانی دەنگدان بەتایبەت ئاوارەكان وهەندێك لەوبنكانەی دەنگدانی دەرەوە وجوڵەی دانیشتوان.


( درەو میدیا): زیاتر لە پێنج هەزار دەنگدەری شیعە لە پارێزگای كوتی باشووری بەغداد لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا دەنگیان بە كاندیدێكی مەسیحیی دا، بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان. عەمار فەرەنسیس پوترس ( 41 ) ساڵ لە شاری كوت لە دایبكووە و ئەو شارە تەنها سێ‌ خێزانی مەسیحیی تێیدا نیشتەجێن. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا عەمار فەرەنسیس كاندیدی هاوپەیمانی " سائرون " بوو كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات و توانی 5348 دەنگی خەڵكی شارەكە بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو ژمارەیە بەس نەبوو بۆئەوەی بگاتە پەرلەمان. عەمار لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " نیقاش" دەڵێت:" بەیانی هەڵبژاردن چوومە شەقامەكانی كوت، هەستم بە خۆشییەكی زۆر كرد، كاتێك هاوڵاتیانی موسوڵمانی شارەكەم دەبینی پەلەیان دەكرد بۆئەوەی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگم پێ بدەن." عەمار كە 10 ساڵ لە مەوبەر لەو شارە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوكردووە، رایدەگەیەنێت كە سەرەڕای دەرنەچوونی بۆ پەرلەمان، بەڵام ناترسێت لەوەی ئاستی جەماوەریی لەناو هاوڵاتیانی كوتدا داببەزێت، هەرئەوەش بووە وایكردووە كە لە هیچ باردۆخێكدا ئەو شارە بەجێنەهێڵێت و لێی بمێنێتەوە.


(درەو میدیا): جەلال مەحمودزادە نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران ئاشكرایكرد، 14 پەرلەمانتار كە زۆرینەیان كوردن نوسراوێكیان ئاڕاستەی وەزیری وەرزشی ئێران كردووە و تێیدا داوادەكەن رونكردنەوە بدات سەبارەت بە دوورخستنەوەی هەردوو یاریزان (وریا غەفوری) و (سەید جەلال حوسەینی) لە ریزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (خبرگزاری دانشجویان ایران) كە بە "ئیسنا" ناسراوە، نوێنەری شاری مهاباد وتی: " ئێمە لە نوسراوەكەماندا هەرگیز پرسی گۆڕانكاری لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتمان باسنەكردووە، تەنیا داوامانكردووە وەزیری وەرزش رونكردنەوە بدات كە بۆچی ئەو دوو یاریزانە تا دواین ساتەكان بەشێك بوون لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی نیشتیمانی، دواتر دوورخراونەتەوە." ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەی پێكهاتەی هەڵبژاردەی نیشتمانی گۆڕدراوە یاخود نا، قسەی ئەوان ئەوەیە وەزیری وەرزش وەڵامبداتەوە بۆچی ئەو دوو یاریزانە دیارە لابراون، ئایا هۆكارەكەی هونەری بووە یاخود هۆكاری تری لە پشتە. بەپێی قسەی نوێنەری شاری مهاباد تائێستا وەزیری وەرزشی ئێران وەڵامی نوسراوەكەی ئەو پەرلەمانتارانەی نەداوەتەوە. (وریا غەفوری) یەكێكە لە یاریزانە كوردەكانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، باوكی خەڵكی سنە و دایكی خەڵكی ئیلامە. هەڵبژاردەی تۆپی ئێران لە مۆندیالی 2018ی روسیاكە بڕیارە 14ی مانگی داهاتوو دەستپێدەكات لە گروپی " بی" دایەو لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا رووبەڕووی هەڵبژاردنەكانی پرتوگال، ئیسپانیا و مەغریب دەبێتەوە. چەند وێنەیەكی وریا غەفوری:


(درەو میدیا):  موچەی پەرلەمانتارو وەزیر و راوێژكارو پلە تایبەتەكان زیادكراو رێژەی پاشكەوتەكەیان لە (75%)ەوە كەمكرایەوە بۆ (40%)، بەوەش موچەی وەزیر و پەرلەمانتارێك لە (2 ملیۆن دینار)ەوە بۆ نزیكەی (5 ملیۆن) دینار زیادكرا.  بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچە، كە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی گرتەوە جگە لە (وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتەكان)، ناڕەزایی لەناو پەرلەمانتاران و راوێژكاران و پلە تایبەتیەكان دروستكرد، بۆیە حكومەتی هەرێم بە رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان و دور لە چاوی راگەیاندنەكان بڕیاریدا دەستكاری پاشەكەوتی موچەكانیان بكرێت، بەشێوەیەك رێژەی پاشەكەوتی موچەكانیان لە (75%)ەوە بۆ (40%) كەمكراوەتەوە. وەزیرو پەرلەمانتار كە كۆی موچەیان نزیكەی (8 ملیۆن و 300 هەزار دینار)ە، لەدوای پاشەكەوتی موچەوە رێژەی (75%)ی موچەكانیان لێبڕدرا و كۆی گشتی موچەكانیان بوو بە (2 ملیۆن و 75 هەزار دینار)، بەڵام ئێستا كە رێژەی پاشەكەوتیان بۆ (40%) كەمكراوەتەوە، كۆی موچەكەیان دەبێتە (4 ملیۆنو 980 هەزار دینار)، ئەم زیادكردنە (وەزیر و پەرلەمانتار و راوێژكار و دادوەرەكان و پلە تایبەتییەكان) دەگرێتەوە.  بڕیارە ئەم مانگە وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتەكان بەم سیستمە نوێیە موچەمانیان وەرگرن. (درەو میدیا) پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكەوە كرد لەسەر ئەو پرسە، هەموویان راستی زانیارییەكانیان پشتڕاستكردەوە، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی هاوڕێ پەرلەمانتارەكانیان نیگەران دەبن، ئامادە نەبوون بەناوی خۆیانەوە هیچ لێدوانێك بدەن.


درەو میدیا:  كارمەند و رۆژنامەنووسانی كەناڵی ئێن ئاڕتی عەرەبیە كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ خاوەندارێتی دەكات لەسەر داخستنی كەناڵەكە بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەیان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە. لەو بەیاننامەیەدا كە عومەر عەنبەكی سەرنوسەری هەواڵی كەناڵەكە بڵاویكردوەتەوە  هاتووە:" ئەمڕۆ NRT عەرەیبە و ژمارەیەكتی تر لە پرۆژەكانی راگەیاندن بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت دادەخرێن و كارمەندەكانی بە شێوازێكی ناشایستە دووردەخرێنەوە، ئەمەش دیمەنێكی نوێ نییە لە كەناڵ و دەزگا میدیا عێراقییەكاندا، ئەوەش بەشێوەیەكی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی هیچ بەربەرستێكی یاسایی و ئەخلاقی نییە كە " وەبەرهێنەری سیاسیی" لە كەرتی راگەیاندندا ناچاربكات رێز لە فەرمانبەرەكانی بگرێت و " كۆتاییەكی بەڕێز" یان بۆ فەراهام بكات لەكاتی داخستنی پرۆژە میدیاییەكەیدا. دادەردەكەوێت كە خاوەنی كەناڵەكە و خاوەنی ئەو پرۆژە سیاسییەی كە بانگەشە دەكات بۆ گۆڕینی دەموچاوە كۆنەكان بە دەموچاوی نوێ‌، نایەوێت كارمەندەكانی تووشی شۆكی داخستنی سەرچاوەی بژێوی خۆیان و خێزانیان بن، و تیۆرییەكی نوێ‌ دەخاتە گۆڕەپانی راگەیاندنەوەی لە عێراقدا، كە ئەویش تیۆری " چاكسازیكردن و راهێنانەوەیە" بە ئامانجی پەردەپۆشكردنی پرۆسەی دوورخستنەوەی كارمەندەكانی، و بەڵێنی ئەوەشی داوە كە لەماوەی دوو مانگدا كەناڵی NRT عەرەبیە بكرێتەوە، لێرەوە و لە جیاتی هەموو هاوڕێ كارمەندەكانم لە كەناڵەكە ئەم داواكارییانەمان هەیە: 1- ئەگەر بە فیعلی پرۆسەی چاكسازی و راهێنانەوەی كەناڵەكە هەیە بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەوا داوادەكەین هەموو موچەكانمان لەو ماوەیەدا پێ بدرێت و وەك ئەوەی بە شێوەیەكی سروشتی كاربكەین. 2-  لە حاڵەتێكدا ئەگەر خاوەندارێتی كەناڵەكە بگۆڕدرێت بۆ لایەنێكی ترن ئەوا خاوەنی پێشوو، دەبێت پابەندبێت بە خەرجكردنی مووچەی كارمەندەكان هەتا ئیمزاكردنی گواستنەوەی خاوەندارێتی كەناڵەكە بۆ لایەنی دووەم. 3- ئەگەر تیۆری " چاكسازی و راهێنانەوە" بوونی نەبوو، ئەوا خاوەنی كەناڵەكە دەبێت پابەند بێت بە پێدانی " پاداشتی كۆتایی خزمەت" بۆ هەموو كارمەنددەكانی كەناڵەكە و دەبێت بڕێكی باش بێت و كەمتر نەبێت لە مووچەی دوو مانگ بۆ هەموو ساڵێكی كاركردن. داوایەكی راستگۆیانە بۆ هەموو هاوپیشەكانمان كە پاڵپشتی كارمەندانی NRT بكەن، بۆئەوەی هەمان نەهامەتی لە لایەنێكی تر دووبارە نەبێتەوە.  


كۆچبەرێكی نایاسایی خەڵكی مالی لە فەرەنسا رۆژی شەممە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا منداڵێكی لە كەوتنەخوارەوە لە نهۆمی چوارەكی باڵاخانەیەك رزگاكرد و بەوەش بووە پاڵەوانێكی میللی لە فەرەنسا و لایەن ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە رەگەزنامەی فەرەنسی پێبەخشرا. مامادۆ گاساما، گەنجێكی تەمەن ( 22 ساڵ)ی خەڵكی وڵاتی مالییە لە كیشوەری ئەفریقا و بە نایاسایی كۆچی كردوووە بۆ فەرەنسا، رۆژی شەممە لە باڵاخانەیەكی بازنەی 18ی پاریسی پایتەختی فەرەنسا منداڵێكی لە كەوتنەخوارەوە رزگاركرد.. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئیلیزێ‌ پێشوازی لە مامادۆ كرد و  بڕیاریدا دۆسیەكەی چارەسەربكات و بەڵێنیشی پێدا رەگەزنامەی فەرەنسی پێببەخشێت. سەرۆكی فەرەنسا بە مامادۆی وت:" هەموو مامەڵە و بەڵگەنامەكانت دەبن بە یاسایی، لەبەرئەوەی ئەو هەڵوێستەت، هەڵوێستێكی ناوازەیە، دەستدەكەین بە رێوشوێنی چاككردنی مامەڵەكەت ئەگەر بتەوێت، و دەستدەكەین بە رێوشوێنەكانی بەخشینی رەگەزنامەی فەرەنسی پێت، بۆئەوەی بتوانیت ببیت بە هاوڵاتییەكی فەرەنسا، ئەگەر هەوڵ بۆ ئەوە دەدەیت." بڕیاریشە مامادۆ دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی فەرەنسی پەیوەندی بكات بە تیمە فریاگوزارییەكانی فەرەنساوە. سەرۆكی فەرەنسا لە دیدارەكەیدا لە گەڵ مامادۆی كۆچبەری نایاسایی وتیشی:" ئێستا بوویتە نمونە بۆ چەندین ملیۆن كەس كە بینویانی، بەوەش ئاساییە كە نیشتمان بەوەفا بێت بەرامبەرت. رزگاركردنی ئەو منداڵە لەلایەن مامادۆوە دەنگدانەیەوەكی گەورەی لە ناوخۆی فەرەنسا لێكەوتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەو هەڵوێستەی بەرزنرخێنرا لەلایەن هاوڵاتیانی فەرەنسا و بەرپرسانەوە. وتەبێژی كۆماری فەرەنسا بنجامین گریفر لە تویتێكیددا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی :" مامادۆ گاساما بە شێوازێكی پاڵەوانانە رەفتاری كرد بۆ رزگاركردنی منداڵێك لە پاریس بەبێ‌ ئەوەی بیر لە ژیانی خۆی بكاتەوە، ئەمە ئازایەتییەكی گەوەرە و وەفایەكە بۆ بەهای پاڵپشتی لە كۆمارەكەماندا و پێویستە هەموو دەرگایەكی كۆمەڵگەكەمان بە روویدا بكرێتەوە." یەك ملیۆن كەس بینەری ڤیدیۆكە بوون ڤیدیۆی رزگاركردنی منداڵەكەی پاریس لەلایەن مامادۆوە بە زوویی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە و بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵەكانی فەرەنسا تا ئێوارەی شەممە زیاتر لە چوار ملیۆن كەس ڤیدیۆكەیان بینیوە. لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كە مامادۆ لە ماوەی تەنها 30 چركەدا هەڵدەگەڕێت بە باڵاخانەكەدا بۆ رزگاركردنی ئەو منداڵەی كە خەریكە لە نهۆمی چوارەمەوە بكەوێتەوە خوارەوەو مامادۆ رزگاریدەكات. لە گێڕانەوەی روودوەکەدا مامادۆ وتی:" ژمارەیەك لە خەڵكم بینی هاواریان دەكرد و ئۆتۆمبیلەكانیش هۆڕنیان لێدەدا، كاتێك سەیرم كرد یەكسەر بە باڵاخانەكەدا هەڵگەڕام و سوپاس بۆ خودا توانیم رزگاری بكەم، هەستم بە ترسێكی زۆر كرد و منداڵەكەم گواستنەوە بۆ ژوورەوە و هەموو گیانم دەلەرزی، نەمدەتوانی لەسەر قاچەكانم بوەستم، و ناچار دانیشتم." بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، باوك و دایكی منداڵەكە لە ماڵەوە نەبوون و باوكی منداڵەكە ( 37 ساڵ)  كە هیچ پێشینییەكی تاوانكاری نییە، ئێستا بۆ لێكۆڵینەوە دەستگیركراوە كە چۆن منداڵێك بێ‌ چاودێری بەجێدەهێڵێت. دوای رووداوەكە منداڵەكە بۆ نەخۆشخانەی " رۆبەرت دۆبریە" گواسترایەوە و دواتر برایە ناوەندی چاودێری " ئیلیناور رۆزڤێڵت" بۆ چاودێری منداڵان لە پاریس، ئەمەش بەوتەی كەناڵی " بی ئێم ئێم"ی فەرەنسی. سەرچاوە: فرانس 24


(درەو میدیا): لە كۆی (329) كورسی لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (232) كورسییان ئەو پەرلەمانتارانە لەسەریان دادەنیشن كە روخساری نوێن و پێشتر ئەندامی پەرلەمان نەبوون. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، ئەو كاندیدانەی كە دەرچوون بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران و یەكەمجاریانە دەچنە ناو پەرلەمانەوە رێژەی زیاتر لە (70.5%)ی كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمان پێكدەهێنێت. پێكهاتەی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان روخساری كۆن و نوێدا بەمشێوەیە دابەشبووە: •    70.5% پەرلەمانتارانی خولی نوێ یەكەمجاریانە دەچنە ناو پەرلەمانەوە. •    29.5%ی پەرلەمانتارانی نوێ پارێزگارییان لە كورسییەكانیان لەناو پەرلەمان كردووە. ئەم لایەنانە بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەتەواوەتی روخساری نوێیان رەوانەی پەرلەمان كردووە: •    سائرون •    پارتی دیموكراتی كوردستان •    هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی •    كورسی كەمینەكان بە تەنیا لە بەغدادی پایتەخت (44) كاندید دەرچوون كە روخساری نوێن و یەكەمجاریانە دەچنە ناو پەرلەمانەوە.   


" داهاتی ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دینارە‌و  داهاتی نەوت مانگانه گۆرانكاری بەسەردا دێت وهەرێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردە دەكات ومانگانه 378 ملیار دینار دێتە وەزارتی داراییەوە، لە سەدا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایە و لە سەدا 65 بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەكرێت، لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای دەرچوونی خەرجییەكان ولەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە حكومەتی فیدرالی بۆ هەرێم‌ دێت، نزیكەی لە سەدا 83 بۆ پێدانی مووچە تەرخان دەكرێت، لە سەدا پێنج بۆ خەرجی پێشینەكانی دامودەزگاكان ولە سەدا هەشت بۆ خەرجی كەلوپەلی خزمەتگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و لە سەدا چواریش بۆ بواری وەبەرهێنان تەرخان دەكرێت" ئەم زانیاریانە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان خستویەتی روو لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان . دەقی چاوپێكەوتنەكەی وەزیری دارایی و ئابوری رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی وئابووری له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاساى چاكسازى، كه ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆرى به‌فیرۆچوو وده‌ستكاریكردن له‌ سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه‌ كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندى مووچه‌خۆران ده‌بێت. له‌به‌ر مادده‌ى سێیه‌م كه ‌تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ وخانه‌نیشنى پله‌ باڵاكان پرۆژه‌ یاساكه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان. وه‌زیری دارایی وئابووری گوتی، "ئێمه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان‌ به‌ پێى یاساى  ژماره‌ 9 ساڵى 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له‌ پانزه‌ ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له‌ په‌نجا ساڵ كه‌متر بێت خانه‌نیشن نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدابوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سند و كارى پێ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له‌ مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێێ یاسا رێك نه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت." هه‌روه‌ها گوتی، "له‌ ناو پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى باس له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین  وئمتیازاته‌كانى دیكه‌ كراوه‌. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و ئیلتزاماته‌ ماددیه‌ى هه‌یه‌ بۆى ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌ژماره‌ بانكییه‌كه‌ كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌ كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌ت و مووچه‌خۆران." له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران وچۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه‌ كه‌وتوون، رێباز حه‌ملان گوتی "پاڵپشت به‌ بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران ژماره‌ 56 له‌ 21/12/2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه‌ (1/أ) له‌ مادده‌ى (19) له‌ یاسایى راژه‌ى شارستانى ژماره‌ (24) ساڵى 1960 هه‌مواركراو بڕیار دراوه‌ كه‌ هیچ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌رێم تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. له‌ هه‌ر كاتێك كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌ وله‌باره‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه‌شی‌ ئه‌وكات له‌ چوارچێوه‌ى یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیارى له‌سه‌رده‌درێت." رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی دەربارەی رێكه‌وتنی ئێستای حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ناردنی مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ هه‌رێم بۆ مووچه‌خۆران، وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی، "ئەم رێکەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌ورى گرنگى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم وسه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو وله‌ به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دایه‌." وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری مووچه‌ بۆ كه‌رتی ئه‌منی وسه‌ربازی ده‌چێت گوتی له سه‌دا 70ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبرینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له‌ هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن. وه‌زیری دارایی وئابووری گوتی، پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان وزیندانیانى سیاسى ده‌خرێته‌ سه‌ر بودجه‌ى سیادى عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌رێته‌وه. داهاتی ناوخۆ و نه‌وت و دابەشکردنی له باره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان گوتی داهاتى ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره‌‌، كه‌ كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم  وده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی داخراو كاریگه‌رى زۆرى له‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه‌. وتیشی داهاتی نه‌وت مانگانه گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت وهه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات ومانگانه 378 ملیار دینار دێته‌ وه‌زارتی داراییه‌وه‌. هەروەها ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، وه‌زیری دارایی گوتی کە له ‌په‌رله‌مانی كوردستان یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رچووه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم په‌یڕه‌وێكى بۆ دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چۆته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. وه‌زیری دارایی سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره‌ جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجى  داموده‌زگاكانى حكومه‌ت  وقه‌رزه‌كانی، گوتی له‌ سه‌دا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه‌ و له‌ سه‌دا 65 بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت. لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان وله‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پارەیه‌ی مانگانە له‌ حكومەتی فیدرالی بۆ هه‌رێم‌ دێت، نزیكەی له‌ سه‌دا 83 بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت. له‌ سه‌دا پێنج بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان وله‌ سه‌دا هه‌شت بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له‌ سه‌دا چواریش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت. شه‌فافییه‌ت له‌ داهات وه‌زیری دارایی وئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ داهاتی حكومه‌ت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌‌ وردبینی بۆ ده‌كرێت، "یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه‌و ورودبینى به‌ سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له‌ هێنانه‌وه‌ وسه‌رفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات وخه‌رجییه‌كانی ساڵى 2017 زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و وردبینى له‌ داهات  و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2018 وساڵانى رابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له‌ وه‌زاره‌تى دارایى وئابوورییه.‌ كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه‌ به‌ خه‌رجى وداهاته نانه‌وتییه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات‌. وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به‌ مه‌رجێك كه‌ كاریگه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار وچینى خواره‌وه نه‌بێت‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه‌ سیسته‌مێكى داتا به‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات وخه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه‌." گوتیشی، گومرگه‌كان "به‌ ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا  كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین  وهه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره‌ فیرودانێك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ودیوانى چاودێرى دارایى له‌گه‌ڵمانن وتا ئێستا به‌ پشتیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه." باج له‌ باره‌ی سه‌پاندنى باج به‌ ‌سه‌ر داهاتى تاكه‌ كه‌س وكۆمپانیاكان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا کە له‌ هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س وكۆمپانیاكان به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه‌، به‌ جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له‌ كه‌رتی حكومی یان تایبه‌ت كاربكات ومووچه‌كه‌ی له‌ ملیۆنێك دینار زیاتر بێت پێویسته‌ به‌ رێژه‌ی له سه‌دا پێنج‌ باج بدات، به‌ڵام تا  ئێستا كارى پێنه‌كراوه‌ و رێژه‌كه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به‌ جۆرێك له‌ حكومه‌تى فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ى له‌ 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه‌ بێت، ئه‌وا له‌ سه‌دا پێنج باج ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ باجی كۆمپانیاكانیش، گوتی له‌ سه‌دا 15 قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه به پێی یاسای ١١٣ ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. بانك سه‌بارت به چاکسازی دارایی وبانكی وئاسته‌نگ وده‌ستكه‌وته‌كانی گوتی، 88 بانكی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی وده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتووین. وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی لاوازی سیسته‌می بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان وهه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی له‌ مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان ونه‌هێشتنى پاره‌ى كاش له‌ بازاڕ وگه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌ بۆ بانك  ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌ وڵاتانی پێشکەوتوودا له‌ سه‌دا 80  مامه‌ڵه‌ به‌ سیسته‌مى بانكییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق وهه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌دا 100 به‌ پاره‌ى كاش مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت وبه‌ هۆیه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه وخۆ دزینه‌وه‌ له‌ باج دروست ده‌بێت. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ كارت بێت ئه‌وا حكومه‌ت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده‌ و ده‌توانێت سیستمى باج رێك بخات وكۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه‌‌ له‌ رێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه‌ بێت. بایۆمه‌تری رێباز حه‌ملان رۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانى مووچه‌ به‌ كارتى ئه‌لكترۆنى وبه‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى دارایى وبانكى گرنگ ده‌نرخێنێت كه به‌ هۆیه‌وه‌ "به‌شێكى زۆری له‌و كه‌موكوڕییه‌ شاراوانه‌ى هه‌بوون‌ ئاشكرا كراون. بۆنمونه‌ دوو مووچه‌یى ویا ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه‌، حكومه‌تى هه‌رێم به ‌بوونی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه‌، زانیارى ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر وخانه‌نشینان هه‌یه‌، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتوه‌ وكارى پێده‌كرێت." پێشینه‌ له‌ باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌ بۆ كارى به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیرى وخانوبه‌ره‌، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ ساڵانى رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم هاتووه‌. كاتێك بودجه‌ زۆر بووه‌ وبه‌شى مووچه‌ وخه‌رجى  وپڕۆژه‌كان‌ كردووه‌ ودراوه‌ به‌و پێشینانه‌ش.‌ هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ك خۆى لێهاته‌وه‌، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه‌. سندووقی خانه‌نشینی هەروەها گوتی، "سندوقى خانه‌نیشنى له‌ پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى به‌ وردى باسكراوه‌ وپێویسته له‌ سه‌دا 100 جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازى ئێمه‌ وبه‌غدا له‌ نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه‌، له‌  به‌غدا هه‌یه‌ وله‌ هه‌رێم نییه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم زیاتره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سندوقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه‌ بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له‌ پاره‌ى سندوقه‌كه‌ ده‌درێت." ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، وەزیری دارایی وئابووری گوتی، "رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ میلاكات ‌سه‌ر به‌ به‌غدا بن به‌ هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه‌. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فروكه‌خانه‌كان، پێناسه‌ و رێنمایی گومرگی، لابردنی خاله‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كردنی یه‌كتر رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردن."   


( درەو میدیا): ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن پێكیهێناوە ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر نۆی بەیانی لێكۆڵینەوە دەكات لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆن و لێپرسراوی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی عێراق و بەرپرسی تەكنۆلۆژیای زانیاری كە سەرپەرشتی كاری ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدانی كردووە. لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران كە  د. سەلاح نوری خەڵەف سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەرۆكایەتی دەكات دوێنێ‌ 27ی ئایار نوسراوێكی ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان , تێیدا شەش داواكاری لە كۆمسیۆن كردووە كە ئەمانەن: 1- لە ماوەی 24 كاتژمێردا دوای وەرگرتنی ئەم نوسراوە،  ناوی دەنگدەران ( ساڵی لە دایكبون، ناوی دایك، ژمارەی پاسپۆرت،  هەر ناسنامەیەكی تر) لە هەڵبژاردنی دەرەوە و مەرجدار و ئاوارەكان لەسەر سیدییەك دەدەنە لیژنەكە. 2- ئەم بەڕێزانەی لە خوارەوە ناونیشانی وەزیفییان هاتووە لە كاتژمێری نۆی بەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتنی 28/5/2018 لە بارەگای دەستەی نەزاهە لە هۆڵی خولد ئامادەدەبن. أ- سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران ب- سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن ج – لێپرسراوی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە د- لێپرسراوی تەكنۆلۆژیای زانیاری، سەرپەرشتیاری كاری ئامێرەكانی دەنگدان. 3- راپۆرتێكی تەكنیكیمان بدەنێ‌ كە ئەم تایبەتمەندییە تەكنیكیانەی ئامێرەكان لەخۆبگرێت( سندوق، ئامێری گواستنەوە،  پرۆگرام و سێرەڤەر، ئەرشیڤ و شیكاریی ). 4- رێساكانی چۆنێتی  بەكارهێنانی ئامێرەكان و ناوی ئەو كەسانەشی ئاگادار و سەرپەرشتیار سیستمەكە بوون. 5- نمونەكانی  SDRAM ی تایبەت بە ( داقوق، ناوەندی كەركوك، واستی ناوەندی فەجر، تسعین قوتابخانەی هدایەت) ، سەلاحەدین( سامەڕا دەوروبەر 4 ، ئامادەیی بازرگانی ، ناوەندی بێجی 3 ، خوێندنگەی تەقوا) 6- راپۆرتی ئاماری دەنگدەران( دەنگدانی گشتی پارێزگای سەلاحەدین)    


 (درەو میدیا): یەكێتی بە ئەنجامێكی چاوەڕوان نەكراوەوە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەرچوو, چاوەڕوان نەكراو بۆ شەقامی یەكێتی و بۆ لایەنەكانی بەرامبەریش، بەلای چاودێرانیشەوە، ئەم ئەنجامە وەك شمشێرێكی دووسەرەیە بۆ بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی ، رەنگە هۆكار بێت بۆ یەكخستنی زیاتری ناوخۆی یەكێتی، رەنگیشە هۆكارێك بێت بۆ پەرتبوونی زیاتر، ئەمە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راوەستاوە. هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر دۆخی ناوخۆی یەكێتی وەك ئاوێنەیەك نیشانی رای گشتی و سەركردەكانی یەكێتیش دایەوە، كۆسرەت رەسوڵ كە تا پێش هەڵبژاردن وەك جەمسەرێكی بەهێزی ناو یەكێتی تەماشا دەكرا، لەم هەڵبژاردنەدا تەنها یەك كاندیدی دڵخوازی دەرچوو  كە ئەویش ژنێك بوو لە هەولێر و بەكۆتا دەرچوو. لەبەرامبەردا ماڵباتی تاڵەبانی زۆرینەی هەرە زۆری كاندیدەكانیان دەرچواند، بەم ئەنجامە جارێكی تر ماڵباتی تاڵەبانی باڵا دەستی خۆیان بەسەر یەكێتیدا بە دۆست و نەیارەكانیشیان نیشاندایەوە، بەڵام بە كێشەش نەبوو بۆ ناو خۆی یەكێتی، چونكە هەندێك لە كاندیدە سەرنەكەوتووەكان بەشێوەی فەرمی نوسراویان ئاراستەی حزبەكەیان كرد و سەركردەكانیان تۆمەتباركرد بەوەی كە دەستكاری دەنگی كاندیدەكانیان كردووە ئەوانەیان دەرچواندووە كە نزیكن لە خۆیانەوە. ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ یەكێتی دوو سەرەیە: یەكەم/ ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی یەكگرتوو مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكاندا بكەن و هەردوو جەمسەرەكی ناو یەكێتی سەركەوتن و شكست بەسەر یەكدیدا دابەش نەكەن، ئەوا رەنگە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا دەستكەوتی زیاتر بچننەوە و لە ناوخۆی یەكێتیشیدا جۆرێك لە سەقامگیری رێژەیی بەدیبهێنن.  دووەم/ ئەگەر هەردوو جەمسەرەكەی ناو یەكێتی وەكو سەركەوتن بۆ لایەك و  شكست بۆ لاكەی تر مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان بكەن، ئەوا دوور نیە دۆخی یەكێتی لە دۆخی پێش هەڵبژاردن ئاڵۆزتر بێت تارادەی جیابوونەوەش سەربكێشێت. تا پێش هەڵبژاردن خاڵی یەكلاكەرەوەی نێوان جەمسەرەكانی یەكێتی گرەوكردن بووە لەسەر ئەنجامی دەنگەكانی بەرهەم ساڵح و لیستەكەی، بەڵام لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكان و چیتر بەرهەم ساڵح ئەو كارەكتەرە بەهێزە نەما لەلای ئەوان كە گرەوی لەسەر بكەن، بەتایبەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆخی یەكێتیەوە بە ئەنجامی دەنگەكانی بەرهەم ساڵحەوە بەستبووەوە، بەڵام ئەنجامەكان رای كۆسرەت رەسوڵ بەرەو مانەوە لەناوخۆی یەكێتی كێش دەكات. هێشتا بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرە نەدراوە، كە وەك تاكە رێگا چارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تەماشا دەكرێت، دۆخی ئێستا یەكێتی وا دەبینرێت كە جەمسەری ماڵباتی تاڵەبانی كۆنترۆڵی بارودۆخی یەكێتیان كردووە، جەمسەری كۆسرەت رەسوڵیش لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.  بەلام مەرج نیە ئەم دۆخەی ناوخۆی یەكێتی تا سەر بەردەوام بێت بەم فۆرمەی ئێستاوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی یەكێتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیارە بڕیاری كۆتایی خۆی رابگەیەنرێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق و چۆنیەتی دابەشكردنی پشك و پۆستەكان. تاقیكردنەوەیەكی تر لەبەردەم دۆخی ناسەقامگیری ناوخۆی یەكێتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كە بڕیارە 30ی ئەیلول، چونكە وەك دەوترێت پارتی نایەوێت بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەخت بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتیدا بەتایبەت لە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق.  لەناو یەكێتی تێڕوانینێك هەیە كە هەوڵ ئەدا جارێكی تر یەكێتی بە ئاراستەی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بەرێت و بە فۆرمێكی نوێوە، لەبەرامبەردا تێڕوانینێكی تر هەیە خوازیاری ئەوەیە كە یەكێتی بە ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان و جێگیركردنی سەقامگیری لە سلێمانی.   


(درەو میدیا): سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری رژێمی پێشووی عێراق لە بارودۆخێكی ناڕووندا لە زیندانی ناسریەوە لە پارێزگای زیقار گواسترایەوە بۆ بەغداد. بەپێی هەواڵێك كە سایتی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە ئاشكرایكردووە" سوڵتان هاشم لە بارودۆخێكی ناڕووندا گواستراوەتەوە بۆ بەغداد". سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم بەهۆی تەمەنییەوە بەتەواوەتی تێكچووە و تائێستا هۆكاری گواستنەوەی بۆ بەغداد روون نییە و نازانرێت بەهۆی تێكچوونی تەندروستییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەغداد یاخود بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە. سەرەتای ئەم مانگە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان قسە بكات بەمەبەستی دەركردنی لێَبوردنێكی گشتتی بۆ سوڵتان هاشم.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand