كێ بەرپرسە لە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران؟
2018-11-03 18:31:29
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف
ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دژ بە یاسای چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران، بەو ناڕەزایەتییە لەبری ئەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كەمبكەنەوە، بەپێچەوانەوە خانەنشینییەكەیان بۆ زیادیكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
رۆژی 30/12/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسایەكی بەناوی "چاكسازی لە خانەنشینیو مووچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازانەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكردو رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد.
ئەم یاسایە بۆ رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان بوو، كە چەند ساڵێك بوو لە شەقام ناڕەزایەتی دروستكردبوو، ناردنی ئەو پرۆژەیاسایە وەكو هەڵدانی "تۆپێكی ئاگرین" بوو لەلایەن حكومەتەوە بۆ ناو پەرلەمان.
دوو مەرج
ئەو پرۆژەیاسایەی كە حكومەت ناردی بۆ پەرلەمان لەسەر بنەمای یاسای خانەنشینی پلە باڵاكانی عێراق داڕێژرابوو، كە تێیدا دوو مەرجی بنەڕەتی دانرابوو بۆ خانەنشینبوون، كە ئەمانەن:
مەرجی یەكەم: تەمەن
بەپێی ئەم بنەمایە پلە تایبەتەكان لەناویاندا پەرلەمانتار دەبێت تەمەنی لە (50) ساڵ كەمتر نەبێت، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە.
مەرجی دووەم: خزمەت
بەپێی بنەمایەكی تری ئەو پرۆژەیەی كە حكومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو، لەپاڵ ئەوەی دەبوو پەرلەمانتار تەمەنی (50) ساڵ بێت، هاوكات دەبوو ماوەی (15) ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت، ئەگەر نا موچەی خانەنشینی نایدەگرتەوە.
پرۆژەیاساكە بەوشێوەیە گەیشتە پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنەكان راوبۆچونی جیاوازیان هەبوو، جیاوازییەكان لەسەر سێ ماددە بوون لەناو پرۆژەیاساكەدا، بەڵام چەقی ناكۆكییەكە لە ماددەی (3)دا كۆبوەوە.
ماددەی (3) چی دەڵێ؟
ئەم ماددەیە داوای دەكرد یاسای خانەنشینی عێراق بكرێتە بنەما بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەكان لە هەرێم، واتە هەر پەرلەمانتار یان پلە باڵایەك كە تەمەنی لە (50) ساڵ كەمتر بێتو ماوەی (15) ساڵ خزمەتی نەبێت، خانەنشین نەكرێت، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ ئەم بنەمایەدا نەبوونو داوایانكرد مەرجی تەمەن بۆ خوار (50) ساڵ كەمبكرێتەوە.
پەرلەمان یاساكەی پەسەندكرد
رۆژی 28/2ی ئەمساڵ دواجار پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو مووچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازانەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان".
كۆبونەوەكە داخراو بوو، واتە بەشێوەی راستەوخۆ لە میدیاكانەوە پەخشنەكرا، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوریو كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆو وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەتو سەرۆكی دەستەی دەسپاكیو سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بەشدارییان لە كۆبونەوەكەدا كرد.
دوای گفتوگۆیەكی زۆر، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاساكەی پەسەندكرد.
ڤیدیۆكە بڵاوكرایەوە!
چەند رۆژێك دوای پەسەندكردنی یاساكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشی توند بۆ سەر پەرلەمانو پەرلەمانتاران دەستیپێكرد، خاڵی سەرەكی هێرشو رەخنەكانیش كورت كرایەوە لەو موچەیەی كە پەرلەمانتار بەپێی یاساكە وەكو خانەنشینی پێی دەدرێت.
فشاری زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارو فراكسیۆنەكانی ناچاركرد، رونكردنەوە لەبارەی یاسا پەسەندكراوەكە بڵاوبكەنەوە، هەندێك لە فراكسیۆنەكان بێبەری خۆیان لەو ماددەیە راگەیاند كە مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی بەو كەسانە دەدات كە تەمەنیان لە خواروو (50) ساڵییەوەیە، لەبەرامبەر ئەم قسانەدا، جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان ڤیدیۆی دانیشتنەكەو دانگدانی پەرلەمانتارانیان بڵاوكردەوە.
بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆەكەش جارێكی تر كێشەی دروستكردەوە، هەندێك لە فراكسیۆنەكان وتیان ئەوەی بڵاوكراوەتەوە ڤیدیۆی دەنگدانی كۆتاییە لەسەر یاساكە، بەڵام ئەوان لەو بڕگەیەدا كە تایبەت بووە لە موچەی پەرلەمانتاران دەنگیان نەداوە.
مەرجی تەمەن چۆن هەموار كرا؟
دوای مشتومڕێكی زۆر لەناو فراكسیۆنەكان، دواجار بەزۆرینەی دەنگ ئەو بڕگەیەی كە تایبەت بوو بە تەمەن لە پرۆژە یاساكە لابراو بەپێی ئەو گۆڕانكارییەی كە كرا، رێگەدرا هەموو پلە باڵایەك لەناویاندا پەرلەمانتاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن موچەی خانەنشینی وەربگرن، بەڵام وەرگرتنە موچەكە بەشێوەی هەڕەمەكی نەبوو، بەڵكو بەشێوەیەك دانرا هەر پەرلەمانتارێك بەمجۆرە خانەنشین بكرێت:
• رێژەی 25%ی كۆی موچەكەی
• رێژەی 2.5%ی كۆی گشتی موچەكەی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت
• بۆ بڕوانامەكان بەمشێوەیە موچەی خانەنشینی دانرا: رێژەی (1%) كۆی موچەو دەرماڵە بۆ بڕوانامەی ناوەندی، رێژەی (2%) بۆ بڕوانامەی ئامادەیی، رێژەی (4%) بۆ بڕوانامەی دیبلۆم، رێژەی (6%) بۆ بڕوانامەی بەكالۆریۆس، (8%) بۆ بڕوانامەی دیبلۆمی باڵاو ماستەر، (10%) بۆ بڕوانامەی دكتۆرا
یاساكە راگیرا
كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 4/3/2018 سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەژێر فشاری شەقام كارپێكردنی یاساكەی راگرتو جارێكی تر گەڕاندیەوە بۆ ناو پەرلەمان.
جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گەڕاندنەوەی یاساكەیان بۆ ناو پەرلەمان راگەیاند، ئەمەش پشتئەستور بەو دەسەڵاتانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەپێی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم دران بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، واتە مافی پەسەندكردنی یاساكان دوای دەرچونیان.
بەمشێوەیە ئەو یاسایە دوای تێپەڕاندنی قۆناغەكانی جارێكی تر بووەوە بە پرۆژەیاسا لە خولی چوارەمەوە رادەستی خولی پێنجەمی پەرلەمان كرا كە بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو دەستبەكارببێت، دیار نییە لە خولی نوێدا فراكسیۆنەكان چۆن كێشەكانی ناو ئەو یاسایە چارەسەر دەكەن.
كێ بەرپرسە؟
بەپێی ئەو یاسایەی كە پەرلەمان پەسەندیكرد، پەرلەمانتارێكی گەنج كە تەمەنی (30) ساڵ بێتو تەنیا خزمەتی چوار ساڵی پەرلەمانی هەبێتو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، موچەی خانەنشینییەكەی دەبوو بە نزیكەی (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینار.
بەڵام دوای راگرتنی كاركردن بەو یاسایە، پەرلەمان گەڕایەوە بۆ یاسای هەمواركراوی (خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان) كە بەپێی ئەو یاسایە هەر پەرلەمانتارێك دوای خانەنشینبوون بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی تەمەنو خزمەت رێژەی (80%)ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی پێدەدرێت، واتە هەمان ئەو پەرلەمانتارە گەنجەی كە بەپێی یاساكەی پێشتر موچەی خانەنشینی مانگانەی نزیكەی (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بوو، بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە دروستبوو، لەبری ئەوەی موچەكەی كەمببێتەوە، موچەكەی بۆ دوو هێندە زیادی كرد و بووە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار.
رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی لەكاتی پەسەندكردنی یاساكەدا لە شەقامو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستبوو، نەبوونی رێبەرانی ڕا (القادە الرای) ی گونجاو و میدیای بێلایەن بێت كە نەتوانرا وەكو پێویست لێكەوتەكانی راگرتنی كاركردن بەو یاسایەو سودو زیانەكانی بۆ خەڵك روون بكرێتەوە.
خەرجی پەرلەمانتاران لە بودجەی گشتی!
ئێستاو دوای راگرتنی یاساكەی پپَشتر، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو خولەكەی تەواو دەبێت، مانگانە بەبڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەبێتو شەش موچەی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت.
بەپێی یاسای خانەنشینی، هەر پەرلەمانتارێك كە خولەكەی تەواو دەبێت، خانەنشین دەكرێتو دوای خانەنشینبوون، موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، ئەمە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی ئاسایی دەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە.
موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار، بە زمانی بازاڕی دراو لە كوردستان واتە (68 گەڵا).
دوای تەواوبوونی خولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی موچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار بۆ هەریەكەیان.
(13) پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لایەنە سیاسییەكان جارێكی تر هەڵبژێردراونەتەوە بۆ خولی پێنجەم، بەوپێیەش لە خولی چوارەمدا تەنیا (98) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی وەردەگرن.
كۆی گشتی موچەی مانگانەی ئەو (98) پەرلەمانتارەی كە خانەنشین دەبن (637 ملیۆن) دینارە.
كۆی گشتی موچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە (98) پەرلەمانتاری خولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4 ملیارو 821 ملیۆنو 600 هەزار) دینار.