(درەو میدیا): مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند بە گوێرەی نەخشەرێگاكەی كە ئەنكەرە و واشنتۆن رێككەوتنیان لەسەركردووە چەكدارەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە كاتی بەجێهێشتنی مەنبەجدا ئەمریکا چەكەکانیان لێ وەردەگرێتەوە. چاوش ئۆغڵۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە شاری ئەنتالیای باشووری توركیا وتی:" جێبەجێكردنی ئەو نەخشەرێگایەی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتۆن پەسەندمانكرد، لە ماوەی 10 رۆژدا دەستپێدەكات و لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ دەكرێت و پێویستیشە ئەو نمونەیە لە داهاتوودا لە رەققە و كۆبانێ و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەپەگە جێبەجێ بكرێت." وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاند ئەمریكا بەڵێنی نەداوە یەكینەكانی پاراستی گەل وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت و ئاشكراشیكرد، هاوكاری و هەماهەنگی توركیا و ئەمریكا لە مەنبەج جێگەی كاری هاوبەشی توركیا و روسیا لە سوریا ناگرێتەوە.
(درەو میدیا): دادگای فیدراڵی عێراق هۆكاری پەسەندنەكردنی ناوی كاندیدە دەرچووەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت تائێستا ناوی كاندیدەكانی بەدەست نەگەیشتووە. ئیساس ساموك وتەبێژی دادگای فیدراڵی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" وتی :" ناوی براوەكانی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران هەتا ئێستا نەگەیشتوەتە دادگای فیدراڵی." ساموك وتیشی:" هەر كاتێك لیستی ناوەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە گەیشتە دادگای فیدراڵی دوای یەكلایكردنەوەی تانە و سكاڵاكان لە دەستەی دادوەری دادگای تەمیزی فیدراڵی، ئەو كاتە دوای وردبینكردنی دادگای فیدراڵی پەسەندی دەكات."
ماوەیەكە رۆژنامەی ئاوێنە بە قۆناغێكی سەختی داراییدا تێپەردەبێت و چیتر رۆژنامەكە ناتوانێت درێژەی بە كاكردن بدات و بە شێوەیەكی كاتی رادەگیرێت. رۆژنامەی ئاوێنە پاش 12 ساڵ بەردەوام بون و بڵاوكردنەوەی 927 ژمارەی 20 لاپەڕەیی، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت بەردەوام بێتو بەشێوەیەكی كاتی رادەگیرێت. رۆژنامەكە بڵاویكردوەتەوە، لەماوەی چوار ساڵی رابردودا كە ئاوێنە بەقەیرانێكی سەختی داراییدا تێپەڕیوە، چەندان پێشنیاری هاوكاری كردنو پێدانی پارەی زۆری بەشێوەی ژێر بەژێرو شاراوە رەتكردوەتەوەو راگرتنی رۆژنامەكەی لەتەسلیم كردنی بەلایەنو بەرپرسانی سیاسی پێباشتر بوە. ئاوێنە وەك میدیایەكی تەواو سەربەخۆ نەیویستوە زمانحاڵی هیچ دەسەڵاتێكی سیاسی و هیچ دەسەڵاتێكی سەرمایە و بازرگانی بێت و لە چاویلكەی بەرژەوەندی ئەوانەوە لە روداوەكان بڕوانێ و بەپێی خواستی ئەوان روماڵیان بكات. لە ئەمڕۆشەوە ئاوێنە بەپێی گرێبەستێك كە لەگەڵ كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر ئەنجامیداوە، 8 ژمارەی 8 لاپەڕەیی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان بڵاودەكاتەوە. لە كاتێكیشدا كە رۆژنامەی ئاوێنە رادەگیرێت، ماڵپەڕی ئاوێنە بەردەوام دەبێ و هەوڵدەدات لە ئایندەیەكی نزیكدا بە دیزاینێكی نوێ و بەشێوازی كاركردنێكی نوێوە، بەرهەمەكانی پێشكەش بكات.
(درەو میدیا): " ئەوانەی دوێنێ دژی سەدام حوسێن شەڕیان دەكرد بۆ ئازادیی كوردان، ئەمڕۆ خۆیان كوردان دەچەوسێننەوە. كوردانی ئازادیخواز دەكوژن. رۆژنامەنوسان دەكوژن. شەڕی ناوخۆیان كردوە و كەس سزانەدرا، كورد لێیان خۆش بو بەو مەرجەی دەست بۆ خوێنی كورد نەبەنەوە، بەڵام دەیان خۆپیشاندەریان كردە قوربانیی و چوار رۆژنامەنوسیان كوشتن. لە ریفراندۆمدا ئەوەی رەخنەی گرت بە خائینیان دانا" ئەمە بەشێك بوو لە وتاری رۆژنامەنووس كەمال چۆمانی كە لەپەرلەمانی ئەوروپا و لە كۆنفرانسی سییەمین ساڵەی خەڵاتی ساخارۆف پێشكەشی كرد. كەمال چۆمانی لە پەیجی تایبەتی خۆی سەبارەت بە وتارەكەی لە پەرلەمانی ئەوروپا نوسیویەتی" رۆژی ٤ و ٥ی حوزەیران لە كۆنفڕەنسی سییەمین ساڵەی خەڵاتی ساخرۆف بەشدار بوم كە تێیدا لەبارەی رەوشی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسیی و بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان قسەمكرد، لە كۆنفڕەنسێكی وادا، دەرفەتی ئەوەم پێدرا نەك هەر دۆخی دژواری ئازادیی قسەكردن و ئازادیی سیاسیی لە هەرێمدا باسبكەم، بەڵكو باسی ئەو هەڕەشە و فشارانەشم كرد كە لەسەر خۆشم بونە. چۆمانی ئاماژە بەوەش دەكات" ئەمەم كردە دەستپێكی باسكردنی ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و ئازادیی سیاسیی دەكرێت، تا دەگاتە تەزویری ئینتیخابات و كۆنترۆڵكردنی نەوت و تەقەكردن لە بارەگای حیزبی ئۆپۆزسیۆن. باسم لە میلیشیا و ئاسایشی حیزبی كرد. بە نمونە باسم لەوە كرد چۆن رۆژنامەنوسێك لەسەر تەنزێكی سیاسیی تیرۆركرا. چۆن دوای دوای لە خۆپیشاندان داواكانی گەل نەبیستران و رۆژنامەنوسان لێیان درا و خۆپیشاندەران كوژران و بریندار كران. بێگومان باسی داخستنی پارلەمان و خۆسەپاندن و ویستی تاكڕەوییانەم كرد: دەقی نوسینەكەی كەمال چۆمانی لە پارلەمانی ئەوڕوپا باسی چیم كرد؟ رۆژی ٤ و ٥ی حوزەیران لە كۆنفڕەنسی سییەمین ساڵەی خەڵاتی ساخرۆف بەشدار بوم كە تێیدا لەبارەی رەوشی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسیی و بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان قسەمكرد. لە كۆنفڕەنسێكی وا دا، دەرفەتی ئەوەم پێدرا نەك هەر دۆخی دژواری ئازادیی قسەكردن و ئازادیی سیاسیی لە هەرێمدا باسبكەم، بەڵكو باسی ئەو هەڕەشە و فشارانەشم كرد كە لەسەر خۆشم بونە. لە ماوەی ١٠-١٥ دەقیقەدا، دەبێت زۆر كورت قسەبكەیت. بۆ منیش كورت قسەكردن زەحمەتە بەتایبەت كاتێك بە زمانی داییك قسەناكەیت و یەك دونیا شتیشت لە هەگبە دایە دەتەوێت بەو ئامادەبوانەی بگەیەنی كە زۆربەیان ئەندام پارلەمانی ئەوڕوپا، چالاكانی داكۆكیكردن لە ئازادیی و دیموكراسیی و مافی مرۆڤ، وەرگرانی خەڵاتی ساخرۆفن لە ٣٠ ساڵی رابردودا. بە كورتی گوتم لە مێژودا، كورد خەباتێكی دورودرێژی بۆ ئازادیی كردوە. لە پێناو ئەو خەباتە بۆ ئازادیی و دیموكراسییدا، روبەڕوی جێنۆساید و قەتڵوعام بۆتەوە. ئەو خەباتە ئێستاش بەردەوامە؛ لە ئێران كوردان مافیان نییە و رامین پەناهی چاوەڕیی مەرگ دەكات. لە توركیا بەربژێری سەرۆكایەتیی هەدەپە لە زیندانە. لە سوریا بەشار ئەسەد بەر لە هەر نەتەوەیەك قەتڵوعامی كوردی كرد. بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، لە ١٩٩١ دۆخەكە گۆڕاوە. لە ٢٠٠٣ەوە بەڕەسمیی لەلایەن عێڕاق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دان بە فیدراڵیی هەرێمی كوردستان نراوە. بەڵام تراژیدیاكە ئەوەیە، ئەوانەی دوێنێ دژی سەدام حوسێن شەڕیان دەكرد بۆ ئازادیی كوردان، ئەمڕۆ خۆیان كوردان دەچەوسێننەوە. كوردانی ئازادیخواز دەكوژن. رۆژنامەنوسان دەكوژن. شەڕی ناوخۆیان كردوە و كەس سزانەدرا، كورد لێیان خۆش بو بەو مەرجەی دەست بۆ خوێنی كورد نەبەنەوە، بەڵام دەیان خۆپیشاندەریان كردە قوربانیی و چوار رۆژنامەنوسیان كوشتن. لە ریفراندۆمدا ئەوەی رەخنەی گرت بە خائینیان دانا. ئەمەم كردە دەستپێكی باسكردنی ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و ئازادیی سیاسیی دەكرێت، تا دەگاتە تەزویری ئینتیخابات و كۆنترۆڵكردنی نەوت و تەقەكردن لە بارەگای حیزبی ئۆپۆزسیۆن. باسم لە میلیشیا و ئاسایشی حیزبی كرد. بە نمونە باسم لەوە كرد چۆن رۆژنامەنوسێك لەسەر تەنزێكی سیاسیی تیرۆركرا. چۆن دوای دوای لە خۆپیشاندان داواكانی گەل نەبیستران و رۆژنامەنوسان لێیان درا و خۆپیشاندەران كوژران و بریندار كران. بێگومان باسی داخستنی پارلەمان و خۆسەپاندن و ویستی تاكڕەوییانەم كرد. ئەركی ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازانە لە هەركوێیەك بن، روی راستەقینەی ئەوانە نیشانبدرێت كە مافەكانی ئینسان پێشێلدەكەن و ئازادییەكان بەرتەسكدەكەنەوە و روبەڕوی ئازادیی سیاسیی دەبنەوە و ریفۆرم ئەنجامنادەن. من لە دامەزراوەی هامبۆڕگ بۆ داكۆكیكردن لە ئازادیی سیاسیی بۆ ماوەیەك دەمێنمەوە، ئەوە بە ئەركی خۆم دەزانم تا پێم دەكرێت دەنگی كپكراوی ناوخۆ بە دونیا بگەیەنم. باسم لەو ئالنگارییانە كرد كە لەپێش هەرێمی كوردستانن تا هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی كوردستان كە ئەگەر هێزە میلیشیاكانی حیزب بەنیشتیمانیی و بەدامەزراوەیی نەكرێن، مەترسیی لەسەر هەرێمی كوردستان زیاتر دەبن. داواشم كرد یەكێتیی ئەوڕوپا فشارەكانی بۆ ئەو مەبەستە زیاتر بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوشدا هەوڵبدات هەڵبژاردن پاك و ئازاد بێت تا خەونی دیموكراسیی چیتر نەدزرێت.
" خهڵكی شەنگال و ئێزیدییهكان زۆر خۆشحاڵن كه ئهمریكییهكان هاتوونهته شنگال و لهوێ جێگیربن" ئەمە وتەی جهمیل خدر عهبدال بهرپرسی مهڵبهندی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له شەنگالە. رۆژی 1ی حوزهیران یهكهیهكی سهربازی سوپای ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا به یاوهری سوپای عێراق له لوتكهی چل مێرای چیای شەنگال جێگیربوو، هاتنی هێزه ئهمریكییهكه به دوای خۆیدا لێكدانهوهی سیاسی و سهربازی جیاوازی بۆ كرا. جهمیل خدر عهبداڵ بهرپرسی مهڵبهندی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان له شنگال دەڵێت هێزێكی ئهمریكی له ستراتیژیییترین شوێنی ناوچهی شەنگال جێگیربوون، تائێستا دڵنیانین له مانهوهی درێژخایهنی هێزهكه. بهڵام داعش له ناوچهكه ماوه به تایبهت له بهعاج و جزیره، زانیارییهكانیش ئهوهن كه ههڵمهت دهست پێكراوه، بۆ ئهو مهبهسته فڕۆكه بۆردوومانی پاشماوهكانی دهكات له رۆژئاوای كوردستان و له دیوی عێراق. ههماههنگیش له نێوان سوپای سوریای دیموكرات-ههدهسه و سوپای عێراق به هاوكاری ئهمریكییهكانه و تا ئوم زێدان ناوچهی بهعاج له سنوری نێوان رۆژئاوا و عێراق بچنه خوارهوه و ههموو ناوچهكه پاكدهكهنهوه. پلانهكه وایه دواتر سوپای عێراق تۆكمه بكهن و جێگیری بكهن و رێگا به تیرۆریستهكان نهدهن له نێوان ههردوو سنوور هاتوچۆ بكهن و دۆخی ئهمنی بشێوێنن. لەبارەی ئەوەی بوونی ئهمریكا چ پهیامێكی سیاسی و سهربازییه هەیە، جهمیل خدر عهبدال پێی وایە چۆن له مهنبهج بوونی ئهمریكی و فهرهنسییهكان وهڵامێكه بۆ هێرشهكانی توركیا و مهترسییهكان لهسهر رۆژئاوای كوردستان، لێرهش بوونی ئهمریكییهكان و سوپای عێراق ههمان پهیامه. دەشڵێت: ههرچهنده ئهوهش نازانین ئهو جێگیربوونهی ئهمریكییهكان كاتییه یان درێژخایهن، بهڵام خهڵكی شنگال و ئێزدییهكان زۆر خۆشحاڵن كه ئهمریكییهكان هاتوونهته شەنگال و لهوێ جێگیربن.
(درەو میدیا): مەلود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە واشنتۆن لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی مایك پۆمپیۆ كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند لەسەر نەخشەرێگایەك بۆ بەڕێوەبردنی شاری مەنبەج لە رۆژئاوای كوردستان رێككەوتون. بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە چاوەش ئۆغڵۆ و پۆمیۆ باسیان لە هاوكاری هەردوو وڵات كردووە لە سوریا و هەنگاوەكانی كە پێویستە هەردوولا بیگرنەبەر بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە مەنبەج. ئاشكراشیكردووە كە هەردوو وەزیری رێككەوتن لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی زیاتر بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان. لەماوەی رابردوودا ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا قۆناغەكانی ئەو نەخشە رێگایەی تایبەت بە مەنبەجی بڵاوكردەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئەمریكا رێككەوتنیان لەسەر كردووە و قۆناغی یەكەمی نەخشتەرێگاكە خۆی لە دوورخستنەوەی هێزەكانی سوپای دیموكرات و پەیەگە و پەژەدا دەبینێتەوە لە خۆرئاوای فورات لە ماوەی یەك مانگدا. لە قۆناغی دووەمدا سوپای توركیا و هەواڵگری توركیا و ئەمریكا دوای 45 رۆژ لە كۆبوونەوەی 4ی حوەزیران ئەركی چاودێریكردنی مەنبەج دەگرنە ئەستۆ. لە قۆناغی سێیەمیشدا لە ماوەی 60 رۆژ دوای 4ی حوەزیران ئیدارەیەكی خۆجێی بۆ بەڕێوەبردنی شاركە پێدەهێنرێت و هەردوو ئەنجومەن خۆجێی و سەربازی شارەكە بەڕێوەبردنی شارەكە و ئاسایشی بەڕێوەدەبەن.
(درەو میدیا): "هێزەكانمان پێشڕەوی گەورەیان كردووە لەناوچەی خواكورك" ئەمە قسەی سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیایە. لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسانی ئاژانسی ئەنادۆڵی وڵاتەكەی، سلێمان سۆیلۆ وتی: چیای قەندیل بوەتە پەناگەی پەكەكە. وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند" قەندیل ئامانجێكی دورمەودا نییە بەلای ئەوانەوە، هێزەكانی توركیا لە ناوچەی خواكورك پێشڕەوی گەورەیان كردووە و قەندیل دەكەن بە ناوچەیەكی ئارام بۆ ئاسایشی توركیا". قسەكانی وەزیری ناوخۆی توركیا هاوكاتە لەگەڵ جموجوڵە ئاشكراكانی سوپای توركیا لە ناوچەی سیدەكانی سەربە پارێزگای هەولێر، كە لە هەرێمی كوردستان شەپۆلێك ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
(درەو میدیا): چەند رۆژێكە كەمبونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە خەڵكی عێراق نیگەران كردووە، سەرچاوەی كەمبونەوەی ئاوی روبارەكە دەگەڕێتەوە بۆ بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان. دەسەڵاتدارانی عێراق دڵنیاییان بە خەڵكدا بۆ ئەمساڵ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پارێزراوە و هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان ئاماژەی بەوەكرد زیانەكانی بەكاركەوتنی بەنداوی ئەلیسۆ لە وەرزی داهاتوودا قورستر دەبێت. بەنداوی ئەلیسۆ ساڵی 2006 لەلایەن حكومەتی توركیاوە لە باكوری كوردستان لەسەر روباری دیجلە دروستكرا، بەنداوەكە بەرزییەكەی (135) مەترەو پانییەكەی (1.820) مەترە، خەرجی دروستكردنی ئەم بەنداوە لەسەر حكومەتی توركیا (ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار كەوتووە. هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ، ئێرانیش لایخۆیەوە ئاوی زێی بچوكی گرتەوە كە دەڕژێتە هەرێمی كوردستانەوە. بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لەكاتێكدایە یەك لەسەر دووی ئاوی روباری دیجلە پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە لە خاكی باكوری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت. بەگوێرەی زانیارییەكان تەنیا لەماوەی ساڵی رابردودا پشكی ئاوی عێراق لە روبارەكانی دیجلە و فورات بە رێژەی 50% كەمیكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوشەوە پشكی ئاوی عێراق بەرێژەی 80% كەمیكردووە. عێراق زیاتر لە (3 ملیار) مەتر سێجا روبەری هەیە بۆ ئەمباركردنی ئاو، بەشێوەیەكی گشتیش رێژەی 50%ی ئاو لە عێراق لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان تەرخانكراوە و بەو بڕەش لە ئاو دەتوانرێت (600 هەزار) دۆنم بەروبومی كشتوكاڵی و زیاتر لە (ملیۆنێك) دۆنم زەوی بێستان ئاودێری بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ئێستا (یەك ملیۆن) دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەوتوەتە دەرەوەی پلانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە. بە شێوەیەكی گشتی ئاو لە عێراق بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كەرتەكاندا: • كشتوكاڵ: 75% • كاروباری ماڵەوە: 8% • پیشەسازی: 2.5% • هۆڕ و زۆنگاوەکان: 12% • حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی: 2.5% حكومەتی عێراق بەم چوار رێگایە دەیەوێ روبەڕوی وشكەساڵی ببێتەوە: • رێنماییكردن لەبارەی بەكارهێنانی ئاوەوە • داخستنی ژمارەیەك لە وێستگەكانی شتنی ئۆتۆمبیل • داخستنی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی • كۆتاییهێنانی بە زیادەڕۆیی پارێزگان لە پشكی ئاودا سەرچاوەی زانیارییەكان: سۆمەریەنیوز
(درەو میدیا): چەند رۆژێكە كەمبونەوەی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە خەڵكی عێراق نیگەران كردووە، سەرچاوەی كەمبونەوەی ئاوی روبارەكە دەگەڕێتەوە بۆ بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان. دەسەڵاتدارانی عێراق دڵنیاییان بە خەڵكدا بۆ ئەمساڵ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پارێزراوە و هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان ئاماژەی بەوەكرد زیانەكانی بەكاركەوتنی بەنداوی ئەلیسۆ لە وەرزی داهاتوودا قورستر دەبێت. بەنداوی ئەلیسۆ ساڵی 2006 لەلایەن حكومەتی توركیاوە لە باكوری كوردستان لەسەر روباری دیجلە دروستكرا، بەنداوەكە بەرزییەكەی (135) مەترە و پانییەكەی (1.820) مەترە، خەرجی بونیادنانی ئەم بەنداوە لەسەر حكومەتی توركیا (ملیارێك و 700 ملیۆن) دۆلار كەوتووە. هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ، ئێرانیش لایخۆیەوە ئاوی زێی بچوكی گرتەوە كە دەڕژێتە هەرێمی كوردستانەوە. بەگەڕخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە كاتێكدایە یەك لەسەر دووی ئاوی روباری دیجلە پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە لە خاكی باكوری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت. بە گوێرەی زانیارییەكان تەنیا لەماوەی ساڵی رابردودا پشكی ئاوی عێراق لە روبارەكانی دیجلە و فورات بە رێژەی 50% كەمیكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردووشەوە پشكی ئاوی عێراق بەرێژەی 80% كەمیكردووە. عێراق زیاتر لە (3 ملیار) مەتر سێجا روبەری هەیە بۆ گلدانەوەی ئاو، بەشێوەیەكی گشتیش رێژەی 50%ی ئاو لە عێراق لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان تەرخانكراوە و بەو بڕەش لە ئاو دەتوانرێت (600 هەزار) دۆنم بەروبومی كشتوكاڵی و زیاتر لە (ملیۆنێك) دۆنم زەوی بێستان ئاودێری بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ئێستا (یەك ملیۆن) دۆنم زەوی كشتوكاڵی كەوتوەتە دەرەوەی پلانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانەوە. بەشێوەیەكی گشتی ئاو لە عێراق بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كەرتەكاندا: • كشتوكاڵ: 75% • كاروباری ماڵەوە: 8% • پیشەسازی: 2.5% • هۆڕەكان: 12% • حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی: 2.5% حكومەتی عێراق بەم چوار رێگایە دەیەوێ روبەڕوی وشكەساڵی ببێتەوە: • رێنمایكردن لەبارەی بەكارهێنانی ئاوەوە • داخستنی ژمارەیەك لە وێستگەكانی شتنی ئۆتۆمبیل • داخستنی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی • كۆتایهێنانی بە زیادەڕۆیی پارێزگان لە پشكی ئاودا سەرچاوەی زانیارییەكان: سۆمەریەنیوز
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی " النصر" بژاردەكانی بۆ مانەوە لە حزبی دەعوەی ئیسلامیی یان كشانەوە لێی یەكلابكاتەوە، كە بژاردەی دووەمیان مەرجی چەند قەوارەیەكی ترە بۆ پشتگیریكردنی لە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، یەكێك لەو قەوارانەش " سائرون" ە بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە باوەڕی وایە پۆستی سەرۆك وەزیران ماوەی 12 ساڵە لە لایەن حزبی دەعوەوە قۆرغكراوە و پێویستە بدرێتە قەوارەیەكی تری شیعە. تا ئێوارەی شەممە سەركردەكانی حزبی دەعوە سێ كۆبوونەوەی چڕیان كردووە بۆ تاوتوێكردنی رزگاركردنی حزبەكە لە لێكترازان و جیابوونەوەیەكی تر، كە لەوانەیە ئەگەر رووبدات فراوانتر بێت لەوەی ساڵی 2006 كاتێك بەهۆی ناكۆكیی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران باڵێك لەلایەن ئیبراهیم جەعفەری وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق لە دایكبووە، و باڵێكی تریش بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، و ئێستاش چوونە دەرەوەی حەیدەر عەبادی و دەستلەكاركێشانەوەی لە حزبی دەعوە چەندین كەسی تری ناو حزبەكە لەگەڵ خۆیدا دەبات كە ژمارەیان كەم نیە. سەركردەكانی حزبی دەعوە بیرۆكەیەكیان خستوەتەڕوو، كە یەكێك لە ئەندامە دیارەكانی بە چارەسەرێكی مامناوەندی دادەنێت بۆ ئەوەی حزب لە پارچە پارچە بوون بپارێزرێت، بیرۆكەكەش ئەوەیە كە مەكتەبی سیاسی حزبی دەعوە لێكترازانی هەر ئەندامێكی رابگەیەنێت كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، ئەم بیرۆكەیە سەرەڕای گفتوگۆكردن لەسەری بەڵام مایەی رەزامەندی سەركردەكانی دەعوە نەبووە، و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی دەعوە بە بیرۆكەیەكی سادە و ساكار وەسفیكرد، هەندێك ئەندامی تریش داوایانكردووە گفتوگۆی بەشداری حزب لە حكومەت هەڵبپەسێردرێت بۆ پاراستنی یەكگرتوویی حزب، ئەوەش بە لای چەند ئەندامێكی ترەوە بەڵگەیە لەسەر هەڵپە بۆ پۆستەكان بكەن و دەستبەرداری بیروباوەڕەكانی حزب بن. لەلایەكی ترەوە كەسانی نزیك لە حەیدەر عەبادی جەختدەكەنەوە كە عەبادی بەنیاز نیە لە حزبی دەعوە جیاببێتەوە و بە ئاشكراش ئەوەی راگەیاندووە، بەڵام لە پشتی پەردەوە هیوخوازە لەو سەركردانەی دووربكەوێتەوە كە دەزانێت پرۆسەكەی سیاسییان لە عێراقدا تێكداوە و قەبارەی گەندەڵی داراییان بە باشی دەزانێت كە بووەتە هۆی تێكدانی سیستمی ئابووری وڵات. كەسێكی نزیكی عەبادی كە قسەی بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" ی قەتەری كردووە دەڵێت:" ئەگەر عەبادی لە حزبی دەعوە بكشێتەوە ئەوا بە واتای ئەوە دێت كە چەترێك نابێت بیپارێزێت." ئاماژەیبەوەشدا كە " ئیبراهیم جەعفەری وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق كە لە حزبی دەعوە چووە دەرەوە هەموو پشتیوانی و پارێزگارییەكی لەدەستدا كە پێشتر خۆی پێ پتەودەكرد و ئێستا ئەو بە شێوەیەكی نیمچە تەواوەتی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییە و عەبادیش ئەمە باش دەزانێت." لایخۆشیەوە سەعد مەتڵەبی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكرد لەگەڵ حزبەكانی هاوپەیمانیدا گەیشتونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە. مەتڵەبی روونیشیكردەوە كە " هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات هەتائێستا لە سائرونەوە نزیكە." بە رای مەتڵەبی دواكەوتنی راگەیاندنی هاوپەیمانێتی حزبەكان بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا چاوەڕوانی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەن لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، " دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان هاوپەیمانێتی كردن دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و ئێمەش رۆڵێكی بەرچاومان تێیدا دەبێت." سەعد مەتڵەبی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" ئاشكراشیكرد " هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هاوپەیمانی نێی دۆزیوەتەوە كە لە كوتلە جیاوازەكانی كورد و سوننە و شیعەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، چونكە ئەو زۆرینەیەی هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین بەبێ بووندی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەدی نایات" زیاتر وتیشی:" هاوپەیمانی نەسر و عەبادی زیاتر مەیلیان بەلای سائروندایە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، بەڵام سائرون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات مەرجی بۆ پشتیوانیكردن لە عەبادی ئەوەیە كە لە حزبی دەعوە بێتە دەرەوە و بە فەرمی دەستلەكاربكێشێتەوە لەو حزبە، بەو هەنگاوەش عەبادی خولی دووەكی سەرۆكایەتی بەدەستدەهێنێت كە هەوڵی بۆ دەدات، بەڵام ئەگەر عەبادی لە حزبی دەعوە بچێتە دەرەوە، كێ لە كێشە سیاسییەكان دەیپارێزێت؟ بە دەرچوونی پارێزگاریكردن لێی بەدەستدەدات." راشیگەیاند :"عەبادی لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە وەك بانگخوازێك لە حزبی دەعوە دانراوە و هەتا ئێستا نازانین هەڵوێستی لەسەر بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە لە حزبی دەعوە چییە، من بە دووری دەزانم لە دەعوە بچێتە دەرەوە، بەڵام رەنگە موفاجەئە رووبدات، لەوانەیە رەونەقی دەسەڵات پاڵ بە عەبادییەوە بنێت بڕیاری دەستلەركێشانەوە بدات". موحسن كینانی ئەندامی هاوپەیمانی سائرونیش دەڵێت:" مانەوەی عەبادی لە چوارچێوەی حزبی دەعوەدا بەواتای ئەوە دێت كە كاریگەری حزبی لەسەر دەمێنێتەوە، بەوەش هیچ شتێكمان بۆ هاوڵاتیان نەكرد، ئەو حزبەی لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا عێراقی بەرەو شكست برد، لە ساڵانی داهاتووشدا خێر و چاكەی بۆ ناهێنێت". جەختیشیكردەوە كە :" دەرچوونی عەبادی لە حزب خێری بۆ خۆی و بۆ عێراقییەكان دەبێت و یارمەتیدەری دەبێت بۆئەوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەدەستبهێنێت".
(درەو میدیا): هانی مولقی سەرۆك وەزیرانی ئوردن دواجار لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكاندا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، پادشای ئوردن عومەر رەزاز وەزیری پەروەردە و فێركردنی راسپاردووە بە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت. چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئوردن دەستیپێكردووە دژ بەو رێوشوێنانەی كە حكومەت گرتیەبەر بۆ زیادكردنی باج لەسەر كاڵا و هەڵگرتنی پشتیوانی دارایی لەسەر نان كە یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی خۆراكی هەژاران لەو وڵاتە. لەگەڵ فراوانبونی بازنەی خۆپیشاندانەكاندا شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن سەرۆك وەزیرانی بانگهێشت كرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخەكە. هانی مولقی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی ئوردن لە مانگی ئایاری 2016 دەستبەكاربوو، یەكێكە لەو سیاسەتمەدارانەی ئوردن كە لایەنگری لە پیاوانی خاوەن كار دەكرد، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا وەكو سەرۆك وەزیران دوو ئەركی گەورە كەوتنە سەرشانی، یەكەم بوژاندنەوەی ئابوری خراپی ئوردن و ئەو سەرمایەگوزارییانەی كە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوچەكەوە گورزی گەورەیان بەركەوت. رێوشوێنەكانی حكومەتی ئوردن بۆ زیادكردنی باجەكان كە ناڕەزایەتی فراوانی لێكەوتەوە لەسەر پێشنیازی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خرانە بواری جێبەجێكردنەوە.
راپۆرتی/ محەمەد رەئوف " عێراق توشی كێشەیەكی زۆر گەورەی ئاو دەبێت لە داهاتوودا، لەو لاوە توركیا پرۆژەی گاپی هێناوەتە پێشەوە كە 22 بەنداو لەسەر ئاوی دیجلەو فورات درووست دەكات كە لە داهاتوودا كۆنترۆڵی ئاوی فورات دەكات و ئەو ئاوەی كە دێتە عێراقەوە زۆرزۆر كەم ئەبێتەوە، تەنها توركیا نیە لە هەوڵی ئەوەدایە كۆنترۆڵی ئاوەكان بكات بە گوێرەی ئەو زانیاریەكان، ئیران حیسابی ئەوەی كردووە 21 روباری گەورەو بچوك دەڕژێتە ناو خاكی عێراقەوە، پلانی بۆ هەموویان داناوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵیان بكات نزیكترین نمونەیان ئەو ئاوەی كە لەسەردەشتەوە دێت بۆ دوكان، شارەزایانی ناردووە كە چۆن بەنداوی لەسەر درووست بكەن بۆ ئەوەی ئاو نەیەت بۆ دیوی ئێمە" ئەمە وتەی نەوشیروان مستەفایە كە لەبەردەن ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی پارێزگای سلێمانی دوای هەڵبژاردنیان لە ساڵی 2000 كردونی، نەوشیروان مستەفا ئەو كات دركی بە مەترسیەكانی كێشەی ئاوكردووەو بەتایبەتیش پلانەكانی ئێران و توركیا بۆ گرتنەوەی ئاوی عێراق و هەرێم و بەكارهێنانی كارتی ئاو وەك كارتێكی بەهێز دژ بە هەرێم و عێراق. لەبەرامبەر پرۆژەو پلانەكانی ئێران و توركیا نە عێراق پلانی ووردی بەرامبەری دانا نە هەرێمی كوردستانیش بیری لە پرۆژەی بەدیل كردەوە، كە بە ئاسانی دەیتوانی لەبەرامبەر ئەو پرۆژانەدا چەندین پرۆژەی درووستكردنی بەنداوی گەورەو بچوك جێبەجێ بكات بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان بە هۆی سروشتی ناوچەكەیەوە كە لەبارە بۆ درووستكردنی بەنداو، بەڵام هەنگاوی بەو ئاراستەیە نەنا، لە كاتێكدا لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە وەزارەتی ئاوو سامانە سروشتیەكانی عێراق لای كورد بووە. لەهەمووی گرنگتر تەواوكردنی پرۆژەی بەنداوی بێخمە بووە، كە بە گاپی كوردستان و عێراق دادەنرا، تەواونەكردنی بەنداوی بێخمە و رێگریكردن لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە یەكێك بوو هەڵە ستراتیژیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەدوای راپەرین و دواتریش لەدوای روخانی بەعس لە 2003 كە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە هەوڵدراوە كە ئەو پرۆژەیە تەواو بكرێت بەڵام رێگری لێكراوە. یەكەم/ بەنداوی بێخمە بەنداوی بێخمە كە بەیەكێك لە پرۆژە هەرە مەزنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرا، هەندێكیش بە گاپی عێراق ناوی دەبەن، لەبەر ئەوەی هەمان ئەو گرنگیەی گاپی توركیای هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەم پرۆژەیە ئەگەرچی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دەستكرا بە درووستكردنی بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتی كوردی تاڵانكراو لەسەردەمی حكومەتەكانی عێراقیشدا پشتگوێخرا. مێژوو بیرۆكەی درووستكردنی بەنداوی بێخەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە كۆنەكان و هەندێكیش بۆ پێش زایینی دەگەڕێننەوە، بەڵام دەوترێت لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە ڕووپێوی بۆ دروستكردنی بەنداوی بێخمە كراوە، بەو پێیەی یەكەم لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە بنیاتنانی بناغەی ئەم بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، ئەویش بە پێكھێنانی لیژنەیەك لە شارەزا وپسپۆری بەڕیتانی وعیڕاقی لە بواری دروستكردنی بەنداو ودیاریكردنی شوێن وئاست وقەبارەی گلدانەوەی ئاو جۆری بەردوخاك وسیفاتە جیۆلۆجیەكانی، ئەم لێكۆڵینەوانە بەردەوام بوون تا لە ساڵی ١٩٧٩ و دوا ڕاپۆڕت لەبارەی ھەڵسەنگاندنی و دیاریكردنی لایەنی شیاوی شوێنی جوگرافی وجیۆلۆجیەكەی، ئامادەكرا و بڕیاری دانانی بناغەی بەنداوەكە درا. بەنداوی بێخمە سەربە ناحیەی خەلیفانی پارێزگای هەولێرە، لە دووریی 60 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، روبەری گشتی پرۆژەكە ( 92000 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تێكڕای بەرزیەكەی ( 7000 – 10000 ) پێیە ( 230 مەتر و ) پانیەكەی ( 600 ) مەترە لەسەر ئاستی رووی دەریاوە، كە لەسەر روباری زاب درووستكراوەو درێژیەكەی ( 230 ) كم و ساڵانە توانای گلدانەوەی ( 13.3 ملیار مەتر چوارگۆشە) ئاوی هەیە، رۆژانە توانای گلدانەوەی ( 39.29 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ) كە بەهۆیەوە ۱ ملیۆن دۆنم زەوی بەراو دەكات و بۆ ڕێخستن و ڕێگری لە دروستبوونی لافاو جگە لەوەی ناوچەكەی دەكردە شوێنێكی گەشتیاری دڵگیر لە هەمانكاتدا توانای بەرهەم هێنانی( ۲۵۰۰ )مێگاوات كارەبای هەبوو، لە ١٩٧٩ و سەرەتای ١٩٨٠كان دروستكردنی پڕۆژەكە واژۆكرا لەلایەن دوو كۆمپانیای توركی و یووگۆسلاڤیایی (ئینكا و ئینێرجۆپڕۆجێكت). بنیاتنان لە پڕۆژەكە لە ١٩٨٧ دەستی پێ كرد بە دروستكردنی ڕێگا بۆ پڕۆژەكە، و كەمپی نیشتەجێبوون، و ھەڵكەندنی زەوی و شاخی شوێنەكە. لە 1988 دووبارە دەستكرا بە دروستكرنی لە حوزەیرانی ١٩٩٠ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە تەواوبوو. وا بڕیاربوو پڕۆژەكە لە ١٩٩٢ تەواوبكرێت. تا لە 1991 جارێكی تر وەستا بەهۆی شەڕی كەنداو، كە تا ئەوكات 35٪ كارەكانی تەواوبووبوون. هەر هەمان ساڵ بەهۆی راپەرینەوە پرۆژەكە وەستاو هەموو ئوتومۆبیل و كەلوپەل و ئامێرو ژێرخانێكی پرۆژەكە ئاودیوی ئێران كران كە بایی 175 ملیۆن دۆلار بوو. لە دوای دروستبوونەوەی حكوومەتی عێراق لە ٢٠٠٣ تا 2007 حكوومەتی عێراق چەند جارێك شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پڕۆژەكە و دەستپێكردنەوەی بەڵام حكوومەتی ھەرێم لەسەر دەستپێكردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە 2007 حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە نیازی تەواوكردنی بەنداوی بێخمەیان هەیە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەڵام چەندین بیانوو هەبوو بۆ رێگری لە دروستكردنی بەنداوەكە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیكەی( 20٫000 )لە گوندنیشینەكانی دەوروبەری پرۆژەكە و ئەگەری نزیكبوونەوەی ئاو لە ئەشكەوتی شانەدەر. لە 2008 بڕی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی خەرجكرا لە ئامادەكاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەكە. بڕی خەرجیی كۆتاییی پێشبینیكراوی بەنداوەكەش ( 2.6 )ملیار دۆلاری ئەمریكییە. بەڵام زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی رازی نەبوون بە دەستكردن بە بونیادنانەوەی پرۆژەكە ئەویش بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری گوندەكانی ناوچەی بارزان دادەپۆشێت و زیان بەگوندەكانی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت، كە هەندێك ئەمە بەهۆكاری سەرەكی دادەنێن بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژە ستراتیژیە گەورەیە كە ئەتوانرا لەلایەك ئاودێری و گەشتیاری و رێژەیەكی زۆری كوردستانی پێبكرێت و لەهەمانكاتدا دەتتوانرا وەك چۆن ئێستا توركیاو ئێران كارتی ئاو بەرامبەر بە بەغداد بەكار دەهێنن، هەرێمی كوردستانیش بەردەوام كارتی ئاوی بەرامبەر بە بەغداد بەكار بهێنایە، بە تەواوی كردنی پرۆژەی بەنداوی بێخمە ستراتیژیترین پرۆژە لە هەرێمی كوردستان بونیاد دەنرا كە زۆر لە نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەهاكەی زیاتر دەبوو. دووەم/ پرۆژەی گاپ پرۆژەی گاپ(GAP )ی توركیا ( پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ GüneydoğuAnadoluProjesi) یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكانی گەشەپێدانی باشوری ئەنادۆڵ، ڕووپێوی هەرێمی گاپ ( 75358) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە نزیكەی لە10% ڕووبەری خاكی توركیا دادەپۆشێت.، سەرەتاكانی پرۆژەی گاپ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1936 كاتێك دەزگای ( EWSA) ) بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەرچاوە ئاوییەكان، دەستی بە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری كرد، لەكاتێكدا لەو دەمەدا ئەم جۆرە پرۆژانە لەتوركیا ئەنجام نەدرابوون، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان تایبەت بە باری جیۆلۆجی و تۆپۆگراپی حەوزی دیجلەو فورات لە ناوچەی "گاپ" لە ساڵی 1938وە دەستی پێكرد بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ گەشەكردنی پرۆژەیەكی ئابوری مەزن لەناوچەكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا كە دەكاتە باكوری كوردستان، ئامانجەكەشی ئەوكات ساڵی (1930) خۆی لە: خستنەگەڕی وێستگەكانی وەبەرهێنانی ووزەی كارەباو، هەڵبەستنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووباری فورات ئەبینیەوە، بەڵام لەهەفتاكانی سەدەی ڕابردوەوە ئەم پرۆژەیە بۆتە پرۆژەیەكی گەورەی ئیقلیمی ئابوریی فرە ڕەهەند،وەكو: كەرتی ئاودێریی و وەبەرهێنانی كارەبا،كشتوكاڵ و پرۆژەی هایدرۆكارەبایی و ژێرخانی ئابوریی پەروەردەیی و تەندروستی و گەشتوگوزاریی، ئێستاش دانانی (22) بەنداوی گەورە لەچوارچێوەی وەبەرهێنانی سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ (19) ناوەندی هایدرۆكارەبایی هەیە. پرۆژەی گاپ دەكەوێتە كوردستانی توركیا ئەو ناوچانەی ئەم پرۆژەیە دەیانگرێتەوە ئەمڕۆ بەهەرێمی گاپ ناسراون، ئەم هەرێمە لەباشورەوە سنوری لەگەڵ سوریادا هەیە و لەباشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ عێراقدا، ڕووپێوی هەرێمی گاپ ( 75358) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە كە لە 9.5%ی سەرجەم ڕووبەری توركیا پێكدێنێت ، هەروەها 20%ی كۆی ئەو زەویانەی كە لە توركیادا بۆ ئاودێری دەست دەدەن و كۆی ڕووپێوەكان دەگاتە هەشت ملیۆن و نیو هێكتار زەوی و دەكەوێتە سنوری هەرێمی گاپ كە بریتیە لە دەشتە پان و بەرینەكانی حەوزی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات،هەرێمی گاپ یەكە كارگێڕیەكانی (باتمان، دیاربەكر، غازی ئەنتەب، سیرت، شانلی ئورفە، شیرناخ، كلیسن ئادیەمان و ماردین) دەگرێتەوە. پرۆژەكە تائێستا بڕی (32) ملیار دۆلاری تێچووە،هێزی گشتی لەوەبەرهێنانی ووزە لەم پرۆژەیەدا (7476) مێگاواتە،ئەمەش یانی بەرهەمی ساڵانەی ووزەی تیا ئەگاتە (27) ملیار مێگاوات لە كاتژمێرێكدا.لەهەناوی خۆیدا ئەم پرۆژەیە دابەشكراوە بۆ (13) پرۆژەی سەرەكی،كە (7) یان لەسەر ڕووباری فوراتە،(6) یان لەسەر دیجلەیە،ڕووبەرەكەیان بەگشتی (6,76) ملیۆن دۆنم زەوییە . ئامانجەكانی پرۆژەكە: 1.زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی توركیا بەبڕی دوو هێندە لەڕێی زیادكردنی توانای ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزە. 2.زیادكردنی تێكڕای بەرهەمی نەتەوەیی بەڕێژەی 7%. 3.كەمكردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان بۆ 14%. 4.كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری بۆ پێوەرەكانی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەكردن بۆ سنوری لەسەدا هەشت و لەدەدا حەوت. 5. زیادكردنی بەرهەمە پیشەسازییەكان بەڕێژەی 93% و بەشداری بكەن لەكۆی نرخی هەناردەكان. 6.هەرێمی گاپ كە نزیكەی لەسەدا دەی ڕووپێوی توركیا پێكدێنێت بكرێتە كۆگای گەنمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 7.كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان هەرێمی گاپ و هەرێمەكانی دیكەی توركیا لەڕێی زیادكردنی بەرهەم هێنان لە هەرێمەكەدا و گەشەكردنی ئاستی هەرێمەكە. 8.كۆنتڕۆڵكردنی گەشەكردنی شار بەپێی ئەو ئاڕاستانەی كە دەست نیشان كراوە. 9.ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەی زیادبوونی پێداویستیەكانی هەرێم كە لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بەگشتی و دانیشتوانی شار بەتایبەت. 10.ڕێكخستنی بنەما سروشتی و ئابوریەكانی ناچە گوندییەكان لەڕێگەی سوود وەرگرتن لەسامانەكانی ئەم ناوچانە بەباشتریت شێوە. كاریگەرییە ئابورییەكانی گاپ لەسەر هەرێمی كوردستان: 1.كەمكردنەوەی بڕی ئەو ئاوەی كە دێتە كوردستانی عێراقەوە،بەپێی داتاكان لەئەنجامی پرۆژەكانی توركیا لەسەر ڕووباری دیجلە ئاوی ڕووبارەكە بەنزیكەی 3,5ملیار م3 لەساڵێكدا كەمیكردووە، ئەو پرۆژانەی كە توركیا لەسەر ڕووباری زێی گەورە ئەنجامی داون دەبنە هۆی كەم بوونەوەی ئاوی ڕووبارەكە بەنزیكەی نیو ملیار م3 بەساڵێكدا ئەمەش لە ساڵە وشكەكاندا كاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێت. بەم شێوەیە دەبینین لەئەنجامی گاپ دا ئاوی هەرێمی كوردستان بەبڕی 4ملیار م3 كەم دەكات كە بەشی هەرە زۆری لەئەنجامی كەم بوونەوەی ئاوی ڕووبارەی دیجلەوەیە. 2.ڕاستەوخۆ هەرێمی كوردستانی عێراق ناتوانێت سوودێكی ئەوتۆ لەڕووباری دیجلە وەربگرێت لەبەرئەوەی بۆ ماوەیەكی كورت، نزیكەی سەدو هەشتا كیلۆمەتر، بەناو هەرێمدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئاشكرایە كەمبوونەوەی بڕی ئەو ئاوەی كە دەگاتە كوردستان بۆ دابینكردنی پێداویستیەكان دەبێتە هۆكارێك كە عێراق زیاتر پشت بەئاوی ڕێژگەكانی ڕووباری دیجلە ببەستێت كە بەناو هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت. 3.بەكارهێنانی ئاوی دیجلەو ڕێژگەكانی لەكوردستانی باكوردا بۆ پرۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی لەئەنجامی دروستكردنی گاپ كار دەكاتە سەر جۆری ئەو ئاوەی كە دەگاتە كوردستانی عێراق و دەبێتە مایەی ئەوەی كە ڕووباری دیجلەو ڕێژگەكانی توانای خۆخاوێن كردنەوەیان نەمێنێت. بەرهەمی پرۆژەكە: 1.ئاوەدانكردنەوەی 1,7 ملیۆن هێكتار زەوی. 2.بەرهەم هێنانی 27 ملیار/ كیلۆوات/ سەعات كارەبا ساڵانە. 3.دابینكردنی هەلی كار بۆ 3,8 ملیۆن كەس. 4.زیادكردنی داهاتی هەریەك بە دانیشتوانی هەرێمەكە بەڕێژەی 106% 5.داهاتی هەرێمی گاپ لە ئەنجامی گەشەكردنی ئەو توانا كشتوكاڵی و پیشەسازییە كە بەهۆی پرۆژەكەوە دێتە كایەوە لەئەنجامی باڵادەستی توركیا بەسەر پتر لە پەنجا ملیار م3 ئاوی دیجلەو فوراتدا پێنج هێندە زیاد دەبێت. 6.نزیكەی 3,5 ملیۆن كەس لە دانیشتوانی هەرێمەكە، كە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیان لە 9 ملیۆن كەس زیاتربكات هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت. سەرچاوەكان/ - پرۆژەی گاپ و مەترسیەكانی لەسەر ئایندەی عیراق و كوردستان، سامان قوبادی / http://andazyar.blogspot.com/2015/12/blog-post_62.html - بەنداوی بێخمە/ د. مەدیحە سۆفی / http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1057 - قەیرانی ئاو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهرۆز جەعفەر/ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=47873 - مشروع سد بخمە ینشگ الحیاە فی كردستان والعراق/ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?a=6372&l=14 - المگالبە بإكمال سد بخمە/ http://www.ehamalat.com/Ar/sign_petitions.aspx?pid=552 - أستراتیجیە المیاه التركیه/ حیدر شامان الصافی/ http://www.alnoor.se/article.asp?id=58834 - مشروع جنوب شرق اڵاناچول/ https://www.marefa.org/%D9%85%D8%B4%D8%B1%D9%88%D8%B9_%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%A8_%D8%B4%D8%B1%D9%82_%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D9%88%D9%84
(درەو میدیا): لە نوسراوێكدا كە ئەمرۆ 3/6/2018 ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە كە رێز لە تەواوی بڕیار و یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت. بەڵام راٍٍٍشیگەیاندووە سەبارەت بەو بڕیارانە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دانیشتەی پەرلەمانی عێراق لەبەرئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە تانەی لێدراوە و چاوەروانی بڕیاری دادگای فیدراڵین. ئۆباڵەكەشی خستوەتە ئەستۆی تانەی سەرۆك كۆماری عێراق د. فوئاد مەعسوم.
راپۆرتی : ئارام مەحمود شارەزایانی بواری هەڵبژاردن دوو بنەمای سەرەكیان بۆ هەڵسەگاندنی پرۆسەكە دەستنیشانكردوە، یەكەمیان ئازادی دەنگدان و دووەمیشیان پاك و بێگەردی(نەزاهە)، ئەگەر بەپێی ئەم دوو بنەمایە بێت، ئەوەی لە ساڵی 1992وە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردن نەبووە بەمانا دیموكراسییەكەی كە دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لێبكەوێتەوە، بەڵكو شەرعیەتدان بووە بە مانەوەی چەند گروپێكی سیاسی. قسەكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ باسكردنی ساختەكاری، وەك ئەوە وایە پرۆسەیەكی شاراوە لەناو پرۆسەی هەڵبژاردندا لەیادبكەیت، بەگەڕانەوە بۆ كۆی ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 1992وە تا دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەركەوێت كە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ساختەكاریی گەورە و بەلێشاو كراوە، بەڵام ڕەنگە هیچ هەڵبژاردنێك وەك ئەوەی ئەم دواییە قەبارەی ساختەكارییەكانی ئاشكرانەبووبێت، بەوپێیەی پرۆسەكە بە ئەلیكترۆنی بەڕێوەچوو و بەداتا و ئامار بڕی ساختەكارییەكان كەوتنە بەردەست. "ڕێژەی بەشداری و یاركردن بەئەنجامەكان" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سەرچاوە دیپلۆماسی و هەواڵگرییە جیهانی و ناوچەییەكان بە نهێنی ئاماژەیان پێكردوە، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر لەوە كەمتر بووە كە ڕاگەیەندراوە، بۆ ڕزگاركردنی پرۆسەی سیاسی پەنا بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەشداری براوە، بەو مانایەی ئەوەی باسدەكرێت لەبارەی ئەنجامدانی ساختەكاری زیاد لە ڕوویەكی لەخۆ گرتوە، جارێك ڕێژەی بەشداری زیادكراوە و لەو ڕێژەیەش كۆمەڵێك هێز و لایەنە لێی سودمەندبون، جارێكی تریش هەندێك هێز ڕاستەوخۆ دەستكاری ئەنجامەكانی خۆیان كردوە، وێڕایی چەندین جۆری ساختەكاری تر هەر لە كڕینی سندوقەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات، تا دەگاتە گۆڕینی دەنگدانەكانی هەندێك كاندید و گواستنەوەی بۆ چەند كاندیدی تر، كە هەموو ئەمانە هەم بەشداریكردوە لە زیادكردنی رێژەی بەشداری و هەم یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە شێوەكی نائاسایی، ئەو بەڵگانەشی لەم ڕوەوە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كراوە، هیچ دەرفەتێكی بۆ ڕەتكردنەوەی نەهێشتوەتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ كۆمسیۆن دەچێتە ژێر بارێكی ئاوا؟. "كۆمیسیۆن بۆ دەنگەكان بەدەست ناژمێرێت" كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دۆخێكدایە كەس ئیرەیی پێنابات، بەڵام بەردەوام وا خۆی پیشاندەدات كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردوە ، ئەوەی بانگەشەی ئەنجامدانی ساختەكاری دەكات كۆمەڵێك هێزی "دۆڕاون" یان زەرەرمەندبون لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام لەڕاستیدا كۆمسیۆن هیچ ڕێگایەكی تری لەبەردەمدایە جگە لە سوربون و پێداگری لەسەر ڕاست و دروستی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندون و ڕەتكردنەوەی هەمو ئەو داوایانەی كە باس لە بژاردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەدەست، چونكە ڕوونە ئەنجامەكانی ئەلیكترۆنییەكان و دەنگی ناو سندوقەكان جیاوازییەكی گەورەی تیادایە و گەر لایەنی سێیەم چەند سندوقێك بكاتەوە بەتایبەتی لە شارەكانی (ئەنبار و دیالە و موسڵ و هەولێر و سلێمانی و دهۆك) لەگەڵ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی سندوقەكانی دەرەوەی وڵات و بنكەی دەنگدانی ئاوارەكان ئەوا وەك دەوترێت قیامەت هەڵدەسێت و بۆ هەموو دونیا ئاشكرادەبێت كە چی ساختەكارییەك لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، بۆیە تائەم ساتەش بەتوندی دژی كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و بژاردنەوەی دەنگەكەكانە بەدەست. چاودێرانی دۆخی عێراق هەڵوێست و وەستانەوەی كۆمسیۆن بەڕووی پەرلەمانی عێراق و حسابنەكردن بۆ بڕیارەكانی بۆ دوو هۆكار دەگێڕنەوە، یەكەمیان ئەوەیە، كۆمەڵێك هێزی بەنهێنی پشتی دەگرن و دڵنیایی ئەوەیان داوەتی كە لەهەر لێپرسینەوەیەك دەپانپارێزن، دووەمیشیان، كۆمسیۆن لەد ۆخێكدایە كە پێشی ئاوە و پشتی ئاگرە و دەبێت تا دواهەناسە شەڕ و پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی بكات، چونكە هەر پاشگەزبونەوەیەك لەهەڵوێستیدا مانای دوورخستنەوە و ڕەوانەكردنیان بۆ دادگا. "نیساب تەواوبێت كۆمسیۆن كۆتاییهاتوە" كۆمسیۆنی هەڵبژادنەكان بە پاساوی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست نەكراوە، داواكاری ئەو هێزانەی ڕەتكردەوە كە داوایانلێكرد ڕێژەی لەسەدا پێنچی دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكاتەوە، بۆ كۆتاییهێنان بەم پاساوە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێكی دەركرد و تیایادا بە نوسراوی ڕەسمی داوای لە كۆمسیۆن كرد ئەو ڕێژەیەیە لە دەنگەكان ئەژماربكاتەوە بۆ دڵنیابون لە پاك و بێگەردی پرۆسەكە، بەڵام جارێكی تر كۆمسیۆن ئەو بڕیارەی پەرلەمانیشی ڕەتكردەوە بەبیانوی ئەوە بڕیار شوێنی یاسا ناگرێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە لە مادەی 138ی دەستوری عێراق، بڕگەی 5 (ئەلف)دا، هاتوە، پەرلەمان دەسەڵاتی تەشریعی یاساكان و بڕیارەكانی هەیە، واتە بڕیارەكانیشی هەمان هێزی یاساییان هەیە. بۆ بڕینی بیانوەكانی كۆمسیۆن، پەرلەمانی عێراق لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ژمارە 45 ساڵی 2013 ئامادەكردوە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردووە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو بیخاتە دەنگدانەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بە نهێنی بڕگەیەكی تر بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە زیادكراوە كە داوای لەكارخستنی كۆمسیۆن دەكات، ئێستا گرەوەكە لەسەر ئەوەیە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوبێت ئەوا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەكاردەخرێت، بەڵام بەستنی ئەم دانیشتنە هەروا ئاسان نابێت، جگە لەوەی چەندین هێز لەژێرەوە هەوڵی شكستپێهێنانی دەدەن، سەرۆك كۆماری عێراق بەجیا و فراكسیۆنی یەكێتیش بەجیا هەوڵە یاساییەكانیان خستوەتەگەڕ بۆ شكستپێهێنانی دانیشتنەكەی پەرلەمان و، ئەگەر پێش ئەو دانیشتنە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە نایاسایی بون ئەو دانیشتنەی پێشوی پەرلەمان بدات كە نیسابی یاسایی تیایدا تەواوكرا، ئەوا هەوڵەكانی پەرلەمان شكستدێنن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەوشێوەیە دەڕوات كە كۆمسیۆن ڕایگەیاندوە، ئەگەر دادگاش لەقازانجی ئەو لایەنانە بڕیاریدا كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و توانیان جارێكی تر نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو كۆبكەنەوە، ئەوا كەشوهەواكە بەوشێوەیە نامێنێت كە هێزە براوەكانی حەزیان لێیەتی و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەنجامەكان دەدەن بەم شێوەیەی ئێستا.
درەو میدیا بەپێی راگەیەنراوێكی گۆشەی ئابوری و ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، "داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2018 حەوت سەدو نۆ ملیۆن و سەد هەزار دۆلار"ە، لە راگەیەنراوەكە زیادبوونی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی " بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادكردنی بەرهەمی نەوتی كوردستان لە كێڵگەكانی گەرمیان و فیشخاپور" ەوە بووە. رۆژانە هەرێمی كوردستان ( 326774 ) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووەو كۆی مانگەكە دەكاتە (10.130.000) بەرمیل، تێكڕایی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا كە بۆ مانگی ئایار (٧٨) دۆلاری ئەمریكی بوە، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (٨) دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برینت دەفرۆشێت. كەواتە نەوتی هەرێمی كوردستان بە (٧٠) دۆلاری ئەمریكی فرۆشراوە. كۆی داهاتی نەوتی هەرێم كە تەنها لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردە كراوە بۆ مانگی ئایار = 10.130.000 بەرمیل ×٧٠ دۆلار =709.100.000 حەوت سەدو نۆ ملیۆن و سەد هەزار دۆلار. دەقی راگەیەنراوەكە.