زەمەنی فیفتی بەفیفتی و حكومەتی بنكە فراوان كۆتاییهات
2018-11-02 08:31:25
راپۆرتی: ئارام مەحمود – محەمەد رەئوف
دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن (ئەنجومەنی دادوەری)، پارتی دیموكراتی كوردستان پێش ڕاسپاردنی كاندیدەكەی لەلایەن سەرۆكی نوێی پەرلەمان كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان، هەنگاوەكانی بۆ لەتكردنی كێكی حكومەت دەستپێدەكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وێستگەی یەكەمی گفتوگۆكانیەتی، بەڵام پێناچێت بەهەمان شێوەی كابینەكانی ڕابردو "نازی هەڵبگرێ و پۆستی بۆ هەڵڕێژێت"، ڕەنگە ئەمەش تەنها پەیوەست نەبێت بەو جیاوازییە گەورەیەی لەكورسیەكانیاندا هەیە (45 بە 21)، بەڵكو یەكێتی بۆ پارتی، ڕەنگە وەك "هاوڕێیەكی ناچاری لێهاتبێت".
عارف تەیفور سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت"وەك پارتی كێشەمان نابێت لەتەواوكردنی نیساب، بەڵام پێویستمان بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، بەبێ یەكێتی ناتوانین حكومەت ئیدارە بدەین".
پارتی بەشدار ی دەوێت نەك شەریك
وێڕایی زەروریەتی ئامادەبونی یەكێتی لەحكومەتی داهاتودا، وەك ئەوەی ئەو بەرپرسەی پارتی تەئكیدی لێدەكات، بەڵام قسەكانی دواتری كە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ (قادر حەمەجان)ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردنی، پێداگریكردنە لەسەر تێپەڕاندنی بنەمای پەنجا بەپەنجا و سازان و تەوافوقاتی سیاسی جاران، عارف تەیفور لەوبارەیەوە دەڵێت "تائێستا ڕامانوایە لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژاردن حكومەتی ئایندە پێكبهێنین، وەكو پەرلەمانی عێراق خاڵ دابنێین و لەسەر بنەمای ئەو خاڵەپۆستەكان دابەشبكرێت".
لەدوای ئەو ململانێ توندەی لەسەر پۆستەكانی بەغداد (سەرۆك كۆمار و وەزیرەكان) لەنێوانیاندا سەریهەڵداو پۆستی سەرۆك كۆمار بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق لەبەرژوەندی یەكێتی یەكلاكرایەوە، پارتی، یەكێتی بەتێكدانی تەوافوق تۆمەتباركرد، لەوكاتەوە زۆرێك لەبەرپرسانی پارتی باس لەكۆتایهاتنی زەمەنی پەنجا بەپەنجا و تەواقوقاتی سیاسی دەكەن و دەڵێن لەسەربنەمای ئەوكورسیانەی یەكێتی بەدەستهێناوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، وەك هەندێكیش دەڵێن، بۆ پارتی "ڕۆژی هەق و حسابە" و " پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەرفەتێكی گرنگە تا تۆڵەی بەغداد لەهەولێر لەیەكێتی بكاتەوە".
یەكێتی شەراكەتی ڕاستەقینەی دەوێت
هەڵوێستی ڕەسمی یەكێتی بەئاڕاستەی هێوركردنەوەی پارتی و تەئكیدكردنە لە زەرورەتی پێكەوەبونیان وەك دوو هێزی سەرەكی لەقۆناغی ئایندەدا، یەكێتی بەنیازی "شەراكەتێكی ڕاستەقینەیە"، شەراكەتێك كە لەڕابردودا وەك زۆرێك لەبەرپرسانی یەكێتی خۆیان بە"لاسەنگ" وەسفیان كردووە، لەكاتێكدا لەپێگەیەكی بەهێزتریشدابون لەئێستا و پارتیش هەمیشە خۆی بە مەغدور پیشانداوە، پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ بەشداری یەكێتی لەحكومەتی ئایندە چۆن بێت؟ ئەگەر پارتی خۆی بۆ تۆڵكردنەوە ئامادەكربێت و یەكێتیش بەپێگەیەكی لاوازتر لەجاران بچێتەوە بۆ هەولێر، لایەنی كەم بەپێی جیاوازی كورسیەكان كە دوو هێندە زیاترەو پارتی دەیكاتە بنەمای پێكهێنانی حكومەت.
حكومەتی داهاتووی هەرێم چۆن دەبێت
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پارتی حكومەتی داهاتووی هەرێم هاوشێوەی رابردوو نابێت
پارتی دەڵێت حكومەتی داهاتوو :.
- بنكە فراوان نابێت
- حكومەتی پەنجا بە پەنجاش نابێت
- بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەبێت
- بەبێ یەكێتیش پێكی ناهێنین
هاوڕێی نیوە ڕێگامان ناوێت
پەیامەكەی پارتی كە لەڕێی (عارف تەیفور)ەوە گەیاندویەتی "بێمەنیەتیەكی" گەورەی پێوەدیارە، كاتێك دەڵێت"كێشەمان نابێت لەتەواوكردنی نیساب" بەدیاریكراوی لەگەڵ یەكێتی نیە، بەڵكو بۆ تەواوی هێزەكانی تریشە، هەر ئەوەش نیە بەڵكو بەڕاشكاوی پێیاندەڵێت"لەحكومەتی بنكەفراوان زەرەرمان كرد و بوە هۆی ئەوەی ئێمە و یەكێتی بەتەنیا بمێنینەوە"، ئەو بەرپرسەی پارتی لەگەڵ ئەوەی هێزەكانی تر (بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی) بەهاوڕێی نیوەڕێگا و بەرگەنەگرتنی بەرپرسیارێتی وەسفدەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگایان لەسەر داناخات و دەڵێت" هەرلایەنێك بەشداربێت لەگەڵمان، دەبێت پەیمانبدات و نەفەسی درێژبێت لەگەڵمان و لەنیوەی ڕێگا بەجێمان نەهێڵێت".
پێشتریش ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی رایگەیاندبوو" ئەو لایەنانەی كە دەچنە ناو حكومەت نابێت لە ناڵیش بدەن و لە بزماریش, بەرۆژ لە حكومەتدا بن و بەشەویش ئۆپۆزسیۆن"
بزوتنەوەی گۆڕان مەیلی حكومەتی هەیە
بزوتنەوەی گۆڕان كە سێیەم هێزی هەرێمی كوردستانە، وادەردەكەوێت مەیلی بەشداری حكومەتی هەبێت، هەرچەندە بەشێوەیەكی ڕەسمی ئەوخواستەی یەكلانەكردۆتەوەو لەهەمان كاتیشدا شەقامی گۆڕان دژی چونە حكومەتە.
(جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بۆ شارپرێس رایگەیاندوە" تائێستا ئەو پرسە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بەكراوەیی ماوەتەوەو هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدراوە و لەچەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجامدەدرێتو لەو كۆبوونەوەیەش بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدرێت".
ئەوە لەكاتێكدایە (نزار مەحمود) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڕۆژنامەی ئاژانسی وتووە" جڤاتی نیشیتمانی دەسەڵاتی داوە بەخانەی ڕاپەڕاندن لەسەر چۆنیەتی بەشداریكردن لەحكومەتی هەرێم و عێراق، ئەگەر پرۆژە چاكسازییەكەی ئێمە كاری پێبكرێت حەزدەكەین لەناو حكومەتدابین وپێویستمان بەگەرەنتیە".
پێشتریش (دانا عەبدولكەریم) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕوداوی ڕاگەیاندبوو، "بۆ بەشداریكردنیان لەحكومەت پێویستە گەرەنتی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیان پێبدرێت".
كۆمەڵی ئیسلامی حەزی لێیەتی
كۆمەڵی ئیسلامی لە ڕۆژی 23 مانگی ڕابردودا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەو حزبە لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند"سەبارەت بە بەشداریی كردن یان نەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەكاتی خۆیدا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنێت".
بەپێی لێدوانی هەندێك لەبەرپرسەكانیشی بێت، پێدەچێت كۆمەڵ خواستی هەبێت بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێ و ڕەنگە چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بكات. هەرچەندە دەوترێت كۆمەڵی ئیسلامی پێش پرۆژەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 پەیوەندیەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاساییكردۆتەوە.
نەوەی نوێ و یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنن
نەوەی نوێ كە پێنجەم هێزە لەسەر ئاستی كوردستان، چاوەڕواندەكرا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكات وەك پێشتر خۆیان ئاماژەیان پێكرد، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بڕیاریدا"وەك ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت".
یەكگرتوی ئیسلامیش كە لەڕیزیەندی شەشەمدایە، وەك یەكەم هێزی كوردستان، دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، حزبەكە بریاری دا" وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی".