هەسەدە پرۆسە سەربازییەكانی دژ بە "داعش" ڕاگرت
2018-11-01 14:04:40
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
خۆرهەڵاتی فورات جارێكی تر بووەوە باسی گەرمی دۆسیەی سوریا، دوای ئەوەی سوپای توركیا چەند ناوچەیەكی سەربە هێزە كوردییەكانی كردە ئامانج كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی لەو ناوچەیە تادێت توندتر دەبێت، چونكە مەترسی ئەنكەرە لە دروستبوونی هەرێمێكی كوردی لەناوچەی باكوری سوریا، وەك جۆرێك لە نەخۆشی درێژخایەنو فۆبیای لیهاتوو.
هەسەدە هەڕەشە دەكات
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، فشارەكانی بۆسەر واشنتۆن چڕكردوەتەوە تا دەستوردان بكات بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، (هەسەدە) لەڕێی ڕاگرتنی پرۆسە سەربازییەكانی دژ بە ڕێكخراوی "داعش" لە ناوچەی (ریفی دێرزوری خۆرهەڵات)، دەیەوێت ئەمریكییەكان ناچاربكات فشار بكەن بۆ راگرتنی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبەیاننامەیەكدا كە دوێنێ چوارشەمە بڵاویكردەوە دەڵێت" توركیا هەڕەشەو هێرشەكانی لەسنوری باكوری سوریا توندكردوەتەوە، ئەمەش دوای لێدوانەكانی ڕەجەب تەیب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای كۆتایهاتنی كۆبونەوەی چوارقۆڵی (ئەستەنبوڵ) ڕایگەیاند.
ئەو هێرشەی كە توركیا ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بۆ سەر باكوری سوریا ئەنجامیدا، ڕێڕەوی سنوری شاری (گرێ سپی) كردە ئامانج، بەوهۆیەوە پاسەوانێكی ڕێڕەوەكە كوژراوەو یەكێكی تر برینداربوو.
(هەسەدە) لەبەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە" هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا بوەتە هۆی ڕاگرتنی شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر بەشێوەیەكی كاتی كە هێزەكانمان لەدواین پێگەی ڕێكخراوی (داعش) ئەنجامیدەدەن"، هۆشداریشداوە لەوەی بەردەوامبونی ئەو هێرشانە"دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هەڵمەتی سەربازی دژی داعش بۆ مایەكی درێژ".
واشنتۆن نیگەرانە
ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا "نیگەرانی قوڵی" لەهێرشە سەربازییەكەی توركیا دەربڕیوە، (ڕۆبێرت بالادینۆ) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" وەشاندنی گورزی سەربازی لەباكوری سوریا لەهەر لایەكەوە بێت، بەتایبەت كە ئەندامانی سوپای ئەمریكا ڕەنگە لەو ناچەیەدا بن یان لەنزیكی ئەو شوێنە بن، بوەتە سەرچاوەی دروستبوونی نیگەرانییەكی قوڵ بۆیان".
ئەوەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی توركیا دەڵێن، نیازی دەستوەردانی سەربازییان هەیە لەخۆرهەڵاتی فورات بۆ دورخستنەوەی هەر هەڕەشەیەك كە لە ئایندەدا لەسەر وڵاتەكەیان دروستببێت لەئاكامی بوونی هێزە كوردییەكان كە "تۆمەتبارییان" دەكەن بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی هەرێمێكی كوردی لەباكورو باكوری خۆرهەڵاتی سوریا.
هەژمونی هەسەدە لەخۆرهەڵاتی فورات
هێزە كوردییەكان زۆرینەی ناوچە (خۆرهەڵاتی فورات)یان لەژێر دەستدایە كە خۆی لەم ناوچانەدا دەبینێتەوە:
• بەشێكی زۆری پارێزگای (ڕقە)
• بەشێكی گەورە لە ناوچەی (ڕیفی دێرزور)
• باكوری دەریاچە فورات
• لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنی زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای (حەسەكە)، كە بەدەوڵەمەندترین ناوچەكانی سوریا ئەژماردەكرێن، لەڕووی سامانی ئاو و كشتوكاڵو نەوتەوە
وێڕایی دوو چوارگۆشەی ئەمنیی كە بەدەست رژێمی سوریاوەیە لەهەردوو شاری (قامیشلیو حەسەكە)و چەند بەشێك لە (ڕیفی حەسەكە)، هێزە كوردییەكان ناوچەیەكی فراوانی (ڕیفی باكوری خۆرهەڵاتی حەلب) لە خۆرهەڵاتی دەریاچەی فوراتو زنجیرەیەك گوندی باشوری دەریاچەی فوراتیان لەدەستدایە كە لە خۆرئاوای شاری (تەبقە)ەوە درێژدەبێتەوە تا خۆرهەڵاتی شاری (ڕەقە) بەدرێژایی (60) كیلۆمەتر.