سزاكان چینو چەند بوار دەگرنەوەو مەرجەكانی هەڵگرتنی چین؟
2018-11-03 11:58:10
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
(دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ گێڕانەوەی سەرجەم سزا ئەمریكییەكان بەسەر (تاران)دا، كە پێشتر بەپێی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەساڵی 2015دا لەسەری هەڵگرتبوو.
كۆشكی سپی دەڵێت" قورسترین سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت، كە كەرتەكانی وزەو گواستنەوەو بانكەكانی ئێرانی كردوەتە ئامانج"، بەڵام ویلایەتە یەكگرتوەكانی ڕێگەیداوە بە (8) دەوڵەت نەوتی ئێران هاوردە بكەن.
لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا (دۆناڵد ترەمپ) ڕێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێرانو وڵاتانی (5+1) بە "شەرمەزاریی لەجەوهەركەیدا" وەسفكرد.
ترەمپ دوێنێ هەینی لەتویتێكدا ڕایگەیاند" سزاكان بەڕێوەن" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو سزایانەی بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەسەر (ئێران)دا بیسەپێنێت.
ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەدوای كشانەوەی تاكلایەنە لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە قۆناغ بەقۆناغ دەستیكرد بەگێڕانەوەی سزاكانی سەر ئێران، كە بەڕای شرۆڤەكاران ئەم هەنگاوە گەورەترینە، چونكە سێكتەرە سەرەكییەكانی ئابوری ئێران دەكاتە ئامانج.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت" ئێران هەست بەنیگەرانی ناكات لەبەرامبەر گێڕانەوەی سزاكان".
ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانو هێزە نێودەوڵەتییەكانی لەساڵی 2015، تایبەت بوو بە كەمكردنەوەی سزاكان لەسەر (ئێران) لەبەرامبەر سنورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی تاران.
لەكاتی خۆیدا (باراك ئۆباما) سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەرگری لەڕێككەوتنەكە كردو ڕایگەیاند"ڕێگە لە ئێران دەگرێت چەكە ئەتۆمییەكانی پێشبخات".
ئەو وڵاتانەی لێبوردنی مەرجداریان بۆ كراوە
(بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ڕوسیاو چین) كە لایەنی بەشدارن لە ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015، دوای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمریكا، پاپەندبونی خۆیان بەڕێككەوتنەكە دووپاتكردەوە.
ترەمپ پێیوایە، مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە قبوڵكراونینو ڕێگە لە ئێران ناگرن پرۆگرامی موشەكە بالستییەكانی پێشنەخاتو دەستوەردان نەكات لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە.
ئەو ڕێوشوێنانە چین دەگیرێنەبەر؟
ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (5)تشرینی دووەم، سزاكانی ئەمریكا دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بریتین ئەم بوارانە دەگرێتەوە:
• پرۆسەی گواستنەوەو دروستكردنی كەشتی
• دارایی
• وزە
ناوی زیاتر (700) كەسو قەوارەو كەشتیو فڕۆكە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان لەناویاندا:
• بانكە گەورەكان
• هەناردەكارانی نەوت
• كۆمپانیاكانی گواستنەوە
ئەمە دووەم گەڕی سزاكانە كە (ترەمپ) لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە دەیسەپێنێت بەسەر(تاران)دا.
(مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند" سزاكان ئامانجی گۆڕینی بنەڕەتی ڕەفتاری ئێرانە".
(12) داواشی دەستنیشانكردووە كە پێویستە ئێران وەڵامیان بداتەوەبۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەری، كە دیارترینیان بریتین لە:
* وازهێنان لە پشتیوانی تیرۆر
* وازهێنان لە دەستوەردانی سەربازی لە سوریا
* راگرتنی پرۆگرامی پێشخستنی موشەكە ئەتۆمیو بالستییەكان بەشێوەیەكی تەواوەتی
ئەو جیاكارییانە چین لە سزاكاندا كراون؟
سزاكان ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە كە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن، بەڵام وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت" ئەو وڵاتانەی ناتوانن دەستبەجێ هاوردەكردنی نەوتی ئێران ڕابگرن، لێخۆشبوونی مەرجداریان بۆ كراوە كە سەرەتا بڕی هاوردەكرن كەمبكەنەوەو دواتر بەشێوەیەكی تەواوەتی ڕابگرن".
هاوپەیمانەكانی ئەمریكا (ئیتاڵیاو هیندو ژاپۆنو كۆریای باشور) لەنێو ئەو وڵاتانەدان كە نەوتی ئێران هاوردە دەكەنو لێخۆشبوونی مەرجداریان بۆ كراوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی (ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس)، (توركیا) یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كە ئەمریكا ئاسانكاری بۆ كردووە.
ئێران چۆن وەڵامی دایەوە؟
(بەهرام قاسمی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەكەی ڕاگەیاند" ئێران تواناو شارەزایی ئیدارەدانی كاروباری ئابوری وڵاتی هەیە".
ئاماژەی بەوەشكردووە" ئەمریكا ناتوانێت ئامانجە ئابورییەكانی لەڕێی ئەم سزایانەوە بەدیبهێنێتو بەدڵنیایی هیچ ئەگەرێكی بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسیش لەڕێی ئەم سزایانەوە بەدیناهێنێت".
سەرچاوەی زانیارییەكان: بی بی سی