لەمەرگی ماسیيەكانیشدا گومان لەدەستی نادیار ئامادەیە
2018-11-03 16:43:41
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
لەدوو ڕۆژی ڕابردودا و لەپێشهاتێكی تەمومژاوی و بێوێنەدا، هەزاران تۆن سامانی ماسی لەپارێزگای (بابل) كەدەكەوێتە ناوەڕاستی عێراق و خواروی بەغدادی پایتەخت، دووچاری لە"ناوچونی بەكۆمەڵ بوون" دیمەنەكانی ئەو ڕوداوە ڕوبەڕێكی فراوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیە عێراقییەكانی داپۆشیوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە میدیا عێراقییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، سەدان هەزار ماسی بەكۆمەڵ لە ناوچون و لەكەناراوەكان سەر ئاو كەوتوون، وێڕای ئەوەی بڕێكی زۆریش كراون بەژێر گڵەوە.
لە فوراتەوە پەڕیوەتەوە بۆ دیجلە
لەكاتێكدا ئەو پێشهاتە، لەحاڵەتێكی تایبەت بەناوچەیەكەیەوە بەرەو بەدیاردە بوون دەچێت و بۆ پارێزگاكانی باشور دەكشێت، هەندێك سەرچاوە باس لەبوونی "دەستی نادیار" دەكەن، لە لەناوچونی ئەو سامانە نیشتمانیە گرنگە.
لە"ناوچونی بەكۆمەڵ"ی سامانی ماسی، سەرەتا لەقەزای (موسەیەب)ی سەربە پارێزگای (دیالە) سەریهەڵداوە و، خاوەنی حەوزەكانی ماسی سەریان سوڕماوە لە لەناوچونی ماسییەكانیان بەشێوەیەكی كتوپڕ، وەك میدیا عێراقییەكان دەڵێن.
لەكۆتایی هەفتەی ڕابردودا، پۆلیسی (بابل) هاوردەكردنی ماسی زیند و بەستوی بۆ پارێزگاكە قەدەغەكرد، ئەوەش دوای لەناوچونی ماسیەكی زۆر لەقەزای (موسەیەب)، هاوكات پارێزگاری (موسەننا)ش، تاكاتێكی نادیار هاوردەكردنی ماسی بەستوی بۆ پارێزگاكە ڕاگرت.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو "نەخۆشیە نادیارە" كە لەڕوباری (فورات) لەپارێزگای (بابل) بڵاوبۆتەوە، گوازراوەتەوە بۆ ڕوباری دیجلە و گەیشتۆتە پارێزگای (واست) و هەمان دیمەن دووبارە بۆتەوە.
كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان لێدوانی دژ بەیەك دەدەن
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا ڕەتیكردۆتەوە"دابەزینی ئاستی ئاو هۆكاری لەناوچەنی بەكۆمەڵی ماسییەكان بێت" ڕاشیگەیاندووە" ئاستی ئاو لەو ناوچانەی نەخۆشییەكەی تیادا بڵاوبۆتەوە لەساڵانی ڕابردوو بەرزترە و بەكوالێیتەكی باشتریش بەهۆی بارینی باران و بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لەكاتی گونجاوی خۆیدا".
ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، بریكاری هونەری وەزارەتی كشتوكاڵ، هۆكاری لەناوچونی ماسی لەڕوباری فورات لەقەزای (موسەیەب) لەباكوری پارێزگای (بابل) بۆ نزمبونەوەی ئاستی ئاو گەڕاندەوە، ڕاشیگەیاند: وێڕایی كێشەی شوێنەكانی بەخێوكردنی ماسی، پاشەڕۆ و خۆراكەكانیشیان لەناو ڕوبارەكە شیبۆتەوەو تێكچووەو ماسییەكانی ژەهراویكردووە.
بەوتەی بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ"دیاردەی لەناوچونی ماسی بەو بڕە زۆرە دووەم جارە ڕودەدات، ئەوەش دوای ئەوەی جاری یەكەم لەناوچەی (جەدید ئەلشەت) لەپارێزگای (دیالە) و لەناوچەی (تارمیە) لەباكوری بەغداد.
هاوكات بەرپرسێكی تر لەوەزارەتی كشتوكاڵ بۆ میدیا عێراقییەكانی ئاشكراكردووە" لێكۆڵینەوە زانستیەكانیان دەریدەخات، ماسییەكان بەكۆمەڵ و لەیەك كاتدا دووچاری نەخۆشیەكی گوازراوە بوون، كە بەدەگمەن ماسی لەعێراق توشی ئەو نەخۆشییە دەبێت بەتایبەت لەم وەرزەدا.
پۆلیس و سیاسیەكان گومانیان هەیە
پۆلیسی عێراق گومانی هەیە ئەو ڕوداوە تاوانكاری بێت، هەندێك لەبەخێوكەرانی ماسی لەلێكۆڵینەوەكاندا باسیان لەوە كردووە كە ڕوبەڕوی "ئیبتیزار" بونەتەوە لەپێناوی پێدانی "سەرانە" و دوای ئەوەی زۆرێكیان ڕەتیانكردۆتەوە دووچاری ئەو "كارەسات"ە، بوون.
بەشێك لەخاوەنی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی ئاماژە بە لەناوچونی سەدان تۆن لەماسیەكانیان دەكەن بەهۆكارێك كەتائێستا نازانن چییە، هەندێكیان ماسییە لەناوچوەكانیان كردووە بەژێر گڵەوە تا نەخۆشیەكە بڵاونەبێتەوە، هەندێكی تریشیان لەئاوەكان بەجێیانهێشتون، بەوتەی هەندێك سەرچاوەش" هەندێكی تر لەخاوەن حەوزەكان هەوڵیانداوە، دوای كۆكردنەوەیان لەئامێری ساردكەرەوەی تایبەت، لەبازاڕەكان بیانفرۆشن".
(خەڵەف عەبدولسەمەد)سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانیكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت" مەترسی هەبونی دەستی نادیار هەیە كە ئابوری عێراقی كردۆتە ئامانج و خۆی لە سامانی ماسیدا دەبینێتەوە، كە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لەڕووی پڕكردنی بازاڕی ناوخۆیی بەماسی".
مەترسی ئەوەشی نەشاردۆتەوە كاریگەری خراپ لەسەر تەندروسی هاوڵاتیان دانێت لەڕێی خواردنی ئەو ماسییانە و داواشی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە پشكنینی پێویست ئەنجامبدەن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرابكەن.