( درەو میدیا) وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستاند رایدەگەیەنێت بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا ئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك هەڵدەوەشێنێتەوە رەتدەكەنەوە و بە بڕیارێكی سیاسی دەزانن. لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپییەكی بەدەست " درەو میدیا" گەیشتووە، مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت:" دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو ئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسییماندا رامانگەیاند كە لە ئەنجامەكان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات." هەروەها دەشڵێت:" ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەكی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەكان، هەر بڕیارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێڕانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین." لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا مەحمود محەمەد دەڵێت:" بڕیاری ئەنوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەتدەكەینەوە و بە بڕیارێكی سیاسی دەزانین."
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ فرێدی بلوم جوتیارێكی ئەفریقای باشوورە و هەموو تەمەنی لەسەردەمی رژێمی پاكتاوی رەگەزیدا لە كێڵگە و وەرشەیەكدا بەسەربردووە و بەمزوانە ناوی بەوەك بەتەمەنترین پیاو لە جیهاندا تۆماردەكرێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە دەستبەرداری خواردنەوەی مەی و خواردنەوە كحولییەكان بووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە جگەرەكێشان. فرێدی دەڵێت:" هەموو رۆژێك دوو یان سێ جگەرە دەكێشم، بەدەستی خۆم جگەرەكان دەپێچمەوە، ئارەزووم بۆ جگەرەكێشان بەهێزە، هەندێكجار دەڵێم وازی لێدەهێنم، بەڵام دواتر بۆم دەردەكەوێت كە درۆ لەگەڵ خۆمدا دەكەم، شتێك لە دڵمایە پاڵمپێوەدەنێت كە جگەرەبكێشم، جگەرەیەك دەپێچمەوە، لۆمەی شەیتان دەكەم، ئەو زۆر بەهێزە". ناوبانگ و سەردانی وەزیرەكان یەكەم شت كە سەرنجت ڕادەكێشێت كاتێك ئەم پیاوە دەبینیت كە تەمەنی 100 ساڵی تێپەڕاندووە، باشی باری تەندروستی جەستەیەتی، ئەو باڵایەكی بەرز و جەستەیەكی پتەوی هەیە و بەبێ گۆچان دەڕوات، هەرچەندە هێواشە لە رۆیشتندا، بەڵام هیچ كەموڕییەكی جەستەیی نییە جگە لەوەی تۆزێك گوێی گرانە. فرێدی هەشتی ئایاری رابردوو تەمەنی بوو 114 ساڵ و بە بەتەمەنترین مرۆڤی جیهان دادەنرێت، هەرچەندە بە رەسمی ئەوە لە كتێبیی گینس بۆ ژمارە پێوانییەكان تۆمارنەكراوە و پێشتر بە تەمەنترین كەس نازناوی ژنێك بوو بەناوی ڤیۆلیت مۆ براون، بەڵام 15ی ئەیلولی 2017 لە تەمەنی 117 ساڵیدا كۆچی دواییكرد و ئێستا دامەزراوەی گینیس رێوشوێنی دەستپێكردووە بۆ دیاریكردنی بەتەمەترین كەس لە جیهاندا. فرێدی نهێنی درێژیی تەمەنی ناشرێتەوە و دەڵێت :" هیچ نهێنییەك نییە، تەنها خوای گەورە نەبێت، هەموو هێزێك لە دەستی ئەودایەن من هیچ شتێكم نییە، دەكرێت لەهەر ساتێكدا بكەم و هەڵنەستمەوە، بەڵام ئەو پشتیوانمە." فرێدی بەدەنگێكە بەرز و بە زمانی ئەفریكانز دەڵێت:" هەست بە تەندروستییەكی باش دەكەم، دڵم بەهێزە، تەنها لاقەكانم بێهێزبوون، ئێستا وەك رابردوو ناتوانم بڕۆم." ئێستا فرێدی بووە بە یەكێك لە پیاوە بەناوبانگەكان، خەڵێكی زۆر سەردانی ماڵە سادەكەی دەكەن لە شاری كیپ تاون، لەنێوشیاندا وەزیرەكانی حكومەت، ئەو زۆر بەم بایەخپێدانە دڵخۆشە و لە ساڵیادی لە دایكبوونیدا كۆمپانیایەكی بازرگانی كێكی لەدایبكوونی پێشكەشكردووە. كاركردن تا 80 ساڵی جانیتای هاوسەری كە 29 ساڵ لە فرێدی تەمەنی كەمترە، و ماوەی 48 ساڵە لەگەڵیدا دەژی دەڵێت :" فرێدی تەندروستییەكی زۆر باشی هەیە و چەندین ساڵە تەنها یەكجار چووەتە نەخۆشخانە ئەویش بۆ چارەسەری كێشەیەك لە ئەژنۆكانیدا ". جانیتا دەشڵێت چەندین كەس گومانیان بە تەمەنی فرێدی هاوسەری بردووە، كاتێك داوای ناسنامەیان لێكردووە، بەڵام برازایەكی چووە خۆرهەڵاتی لەندەن و بڕوانامەی لەدایكبوونی بۆ دەرهێنا و پێشكەشی فەرمانگەكانی كرد." وتەبێژی دامەزراوەی كاروباری كۆمەڵایەتی كیپ تاون سیهلی گۆبیز دەڵێت:" حكومەت ناسنامەی بۆ فرێدی دەركرد كە رۆژی هەشتی ئایاری ساڵی 1904 لەدایكبووە." بەبێ گۆچان دەڕوات فرێدی لە تەمەنێكی زوودا گوندەكەی ئەدیلاییدی بەجێهێشتووە و چووە بۆ شاری كیپ تاون، خوێندنەوەی نوسینی نەزانیوە، چونكە لە هەموو تەمەنیدا نەچووەتە قوتابخانە، بەڵام كاتێك بیری منداڵی دەكاتەوە دەڵێت:" حەزم دەكرد زوو لەماڵ بچەمە دەرەوە بۆئەوەی چۆلەكە راوبكەم، هەستم بە شانازی دەكرد، كاتێك لە راو دەگەڕامەوە وچەندین نێچیرم بە پشتوێنەكەمەوە هەڵدەواسی." فرێدی سەرەتا یەكەمین كاری لە كێڵگەیەكدا دەستدەكەوێت و پاشان دەچێتە كۆمپانیایەكی ناوخۆی بۆ بواری بیناسازی بەناوی " فیبراكیت" بۆ دروستكردنی دیوار" لە هەموو شاردا دیوارمان دروستدەكرد، ماوەیەكی زۆر لەو كۆمپانیایە كارم كرد هەتا لە تەمەنی 80 ساڵێدا خانەنیشین بووم." فرێدی لە كیپ تاون لە ناوچەی دیلفت دەژی كە تاوان و گروپی مافیا زۆر تێیدا بڵاوە، بە بڕوای ئەو ژیان لەو چەندین ساڵەی ئەو تێیدا ژیاوە زۆر گۆڕاوە :" ژیان زۆر ئارامتر بوو لە رابردوودا، كاتێكی جوان بوو، تاوانی دزی و كوشتن نەبوو، هیچ كەسێك رووبەڕووی ئازاردان نەدەبوەوە، ئەو شتانەی هەرگیز نەبوون، دەتنوانی بە درێژایی رۆژ لەسەر جێگەكەت بخەویت و كاتێكیش بە ئاگادەهاتیتەوە كەلوپەلەكانت وەك خۆیان بوون و كەس لێیان نزیك نەدەبوەوە." فرێدی هیچ شتێك دەربارەی گۆڕانكاری سیاسی كە لە ئەفریقای باشوور روویدا و رژێمی هەڵاواردنی رەگەزی لە یاد نییە و دەڵێت:" من لە كێڵگەدا كارمدەكرد، كاتم نەبوو بۆئەوەی بایەخ بە شتێكی تر بدەم، شتێكی كەممان لە بارەی سیاسەتەوە دەبیست." ئەمە وەك حاڵەتێكی نامۆ دەردەمەوێت، بەڵام ئەم حدۆخی هەموو ئەو كەسانەبووە كە وەك فرێدی كاریان كردووە، ئەوان زۆربەیان نەخوێندەوار بوون، ژیانیان هەر بریتی بووە لە كاركردن و لە جیهانی دەرەوە دابڕاون، و كرێكارە رەشپێستەكان لە دۆخێكی زۆر قورسدا لە كێڵگەی سپی پێستەكان كاریان دەكرد، و رێگەیان نەدەدرا سەرقاڵ بن بە سیاسەتەوە و بچنە نێو سەندیكاكانەوە. " تەلەفزیۆنی بێ كەڵك" هاوسەرەكەی فرێدی دەڵێت، خواردنێكی دیاریكراو ناخوات، هەموو ژەمێك حەزی لە گۆشتە، بەڵام رێژیەكی زۆر سەوزەش دەخوات. بەوتەی هاوسەرەكەی هێشتا فرێدی دەتوانێت خۆی پۆشاكەكان بگۆڕێت، بەڵام لەپێكی پێڵاو كەمێك زەحمەتە بۆی و هەندێكجاریش لە ریش تاشیندا پێویستی بەهاوكاری نەوەكەی هەیە. فرێدی لەماوەی كاركردنیدا كاتژمێر چوار و نیوی بەیانی لە خەو هەڵساوە، بەڵام ئێستا درەنگ هەڵدەستێت و كارێكی ئەوتۆ ناكات لە ماڵەوە و دەڵێت:" ناتوانم هیچ شتێك بكەم، ناتوانم بەسەر پەیژە و قادرمەدا سەربكەوم، بۆخۆم دادەنیشم، و هیچ كاتم بۆ تەلەفزۆنی بێ كەڵك نییە." فرێدی لەجیاتی سەیركردنی تەلەفزیۆن، لەدەرەوەی ماڵەكەی دادەنیشێت و جگەرەیەكی تر دەپێچێتەوە و جارێكی تر شەیتان فریوی دەداتەوە. سەرچاوە: بی بی سی
(درەو میدیا): رۆژی دوو شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر بڕیارێك كە دەڵێ" دەبێت لانی كەم رێژەی 10%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر ئەژماربكرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵاتیش هەڵوەشێندرێتەوە. ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی دروستكرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە ئاستی گونجاوی ئەو بڕیارە لەگەڵ دەستوردا هەروەها پرسیار دەكرێت لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پەرلەمان مافی هەیە بڕیارێكی چارەنوسسسازی لەوشێوەیە دەربكات لەكاتێكدا ویلایەتەكەی لە تەواوبوندایە. شارەزایان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەم بابەتە: بوشرا عوبێدی كە پسپۆڕێكی یاساییە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (الحرە) دەڵێ" دەستوری عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بە پەرلەمان نەداوە.. یاسای عێراقی میكانیزمی رونی داناوە بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان، كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كۆمەڵێك دادوەر لە ناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەڵدەستن بە تەماشاكردنی تانەكان، ئەگەر هاتوو گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بەردەوام بوو پەنا بۆ دادگای باڵا فیدراڵی دەبرێت". بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە، رێژەی 70%ی پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمان كە خۆیان كاندیدكردوەتەوە، دەرنەچوون بۆ ویلایەتی دووەم. لەوبارەیەوە بوشرا عوبێدی ئاماژە بەوەدەكات"زۆرینەی هەرەزۆری ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئامادەی دانیشتنەكەی رۆژی دوو شەممە بوون پەرلەمانتارە دۆڕاوەكان بوون، ئەمەش ئەو بڕیارە جێناكۆكە دەردەخات كە داویانە". رۆژی پێنج شەممەی رابردوو حكومەتی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای راگەیاند بۆ لێكۆڵینەوە لە دەنگۆكانی رودانی ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردندا. رۆژی دوو شەممە لیژنەكە بەشێوەیەكی كردەیی دەستی بەكاركرد و لێپرسراوانی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بانگهێشتكرد و داوای لێكردن زانیاری بدەن لەبارەی دەنگدەران لە دەرەوەی وڵات و تایبەتمەندی هونەری ئەو ئامێرانەی كە لە پرۆسەی دەنگداندا كۆمسیۆن پشتی پێبەستوون. تاریق حەرب كە پسپۆڕێكی ناسراوی عێراقییە دەڵێ" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لای من هەن لیژنەی لێكۆڵینەوە لەماوەی لانی كەم چوار رۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی رادەگەیەنێت بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی ئەو مشتومڕەی لەبارەی دەنگۆی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن دروستبووە". تاریق حەرب وتی: بڕیاری پەرلەمان بۆ دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی رێژەی 10%ی دەنگەكان، شتێكە دەكرێت روبدات، چونكە وەكو وردبینیكردن و پشكنین و دڵنیابوونە لە دروستی ئەنجامەكان و پێچەوانەی یاسا نییە. بەڵام تاریق حەرب لەڕووی دەستورییەوە هاوڕایە لەگەڵ بوشرا عوبێدی سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەڵێ" دەستور دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی بە پەرلەمان نەداوە". رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان لە پرۆسەكەدا كراوە، بەتایبەتی لە شارەكانی سلێمانی و كەركوك و بابل و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەكان.
( درەو میدیا): ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە نائاساییەكەی دەستپێكردەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كرد. بە گوێرەی بەیاننامەیەك كە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردوەتەوە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردوەتەوە كە پەرلەمانی مافی خۆیەتی دانیشتنی نائاسایی بكات بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەخشراون، ئاماژەیبەوەشدا كە دانیشتنە نائاساییە بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵەكانییەتی. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یاسا بۆ پرۆژە یاسای هەمواری سێییەكی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە 45ی ساڵی 2013 كرا كە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشكەكراوە بە رەچاوكردنی ئەو پێشێلكارییە یاسایی و تەكنیكییانەی لە پرۆژەی هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری 2018 رویانداوە و بۆ پارێزگاریكردنیش لە پرۆسەی دیموكراتی كە گەرەنتی متمانەبوون بە خاوێنی هەڵبژاردنەكان و دادپەروەریی بكات و بۆئەوەی كۆمسیۆن بتوانێت دەنگەكان بەدەستی جیابكاتەەوە ئەژماریان بكات. دواتر بڕیاردرا دانیشتنەكە بەكرایەوەیی بهێڵدرێتەوە و رۆژی شەممەی داهاتوو 2ی حوەزیران دەستپێبكاتەوە.
(درەو میدیا): بەپێی دوو بەڵگەنامە كە دەست " درەو میدیا" كەوتووە و کە لە دوو کاتی جیادا ئاراستەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەراندن و سكرتێری كاروباری باژێرەكان، داوایکردووە بەهۆی ئەوەی كە مەسعود حەیدەر پابەندی بنەماكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بۆیە پێویستە لە ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەربكرێت. لە بەڵگەنامەی یەكەمدا كە لە رۆژی 3/7/2018 ئاراستەی رێكخەری گشتی و خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە عوسمانی حاجی مەحمود رایگەیاندووە" بەهۆی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و كوردستان ، پێشنیاز بۆ بەرێزتان دەكەم، توندترین سزای پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر بدرێت كە بریتیە لە دەركردنی لە ئەندامی فراكسیۆن و ئەندامی بزووتنەوەكە، بەشدارو پشتیوانی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەبم" دواتر و لە بەڵگەنامەی دووەمدا كە لە رۆژی 28/5/2018 ئاراستەی رێكخەری گشتی وخانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە عوسمانی حاجی مەحمود نوسیویەتی" دوای ئەوەی پەرلەمانتار ( مەسعود حەیدەر رۆستەم) لە هەردوو كۆبوونەوەی 24-26/5/2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری نەكردووە، ئەمەش پێچەوانەی بریارو هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەیەتی لە پەرلەمانی عێراق بۆیە پێشنیاز دەكەم سزا بدرێت بە دەركردن لە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان" بەپێی ئەو دوو بەڵگەنامەیە بێت، دەركردنی پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر لە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر داوای عوسمانی حاجی مەحمود بووە، بۆیە لە شەوی 28/5/2018 لە رونكردنەویەكدا خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە كۆی دەنگ پەرلەمانتار مەسعود حەیدەری لە ریزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەركرد، لەبەرامبەر دەركردنیدا، لە رونكردەوەیەكیدا مەسعود حەیدەر رایگەیاندووە، كە ئەو "پێش ٤٠ ڕۆژ لەو بڕیارە دەستی لەكاركێشاوەتەوە بەڵام لەلایەن بزوتنەوەكەوە پەسەند نەكراوە".
(درەو میدیا): بەپێی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە بۆ لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ناردووە، لە 10 پارێزگای عێراق 954 وێستگەی دەنگدانی هەڵوەشاندەوە لەگەڵ 67 وێستگەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات كە كۆی گشتی دەكاتە 1021 وێستگە. لەو ژمارەیە ( 80 وێستگەی لە پارێزگای هەولێر و 96 بنكە لە پارێزگای سلێمانی و 224 بنكەی پارێزگای دهۆكی ) تێدایە كە دەكاتە ( 400 وێستگە) هاوكات پارێزگای كەركوك 186 وێستگەو نەینەوا 195 وێستگەو سەڵاحەدین 47 وێستگەو دیالە 2 وێستگە ئەنبار 101 وێستگەی هەڵوەشاوەتەوە. هاوكات 67 وێستگەی دەنگدانی دەرەوە كە ( 10 وێستگەی ئەڵمانیا و 22 وێستگەی ئەردەن و 31 وێستگەی ئەمریكاو 2 وێستگەی سوید و 1 وێستگەی بەریتانیا و 1 وێستگەی توركیا)ی هەڵوەشاندەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت هێشتا قەیرانی ئەنجامی هەڵبژاردن و گومانەكانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن تەواو نەبووە، قەیرانێكی نوێ بەرۆكی عێراقی گرت. لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە دۆخی كارەبای نیشتیمانی لە شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق زۆر خراپ بووە، بەجۆرێك رۆژانە (15) كاتژمێر كارەبا نادرێت بە هاوڵاتیان، ئەمە نیگەرانییەكی مەترسیداری لە شەقامی عێراقیدا دروستكردووە. هەندێك دەڵێن كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا سزای دەسەڵاتدارانە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی كە لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین ئاستی بەشداریكردنیان هەبوو لە پرۆسەكەدا. ئەوەی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە ئەوەیە وەزارەتی كارەبا لە هەموو وەزارەتەكانی تر زیاتر بودجەی بۆ دابینكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای 2003 وە نەیتوانیوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكات. پچڕانی تەزوی كارەبا لە شارەكانی بەغدادی پایتەخت و دیالە و نەجەف و بابل و بەسرەو كەربەلا لەكاتێكدایە شەپۆلێكی گەرما ناوچەكەی گرتوەتەوە و هاوكات مانگی رەمەزانە و خەڵك بەرۆژوو دەبن. بەغدادی پایتەخت كە ئێستا بێ كارەبایە، بەر لە 100 ساڵ لەمەوپێش و بەدیاریكراوی لە ساڵی 1917دا لەلایەن ئەندازیارێكی ئینگلیزەوە روناككراوەتەوە و بۆیەكەمجار بە وزەی كارەبا ئاشنا بووە. قەیرانی كارەبا لە عێراقی دوای سەدامدا بووتە قەیرانێكی هەمیشەیی، داڕمانی ئەم كەرتە لە جەنگی ساڵی 2013دا زیانێكی زۆری بە ژێرخانی كارەبا گەیاند. دەسەڵاتی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق هەوڵی زۆریدا كەرتی كارەبا هەڵسێنێتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێئەنجام بوون. بەپێی راپۆرتە فەرمییەكان لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە لە 14 ساڵی رابردودا نزیكەی (41 ملیار) دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام هێشتا خەڵك بێ كارەبان. كەرتی كارەبا لە عێراق كە وەزارەتی كارەبا بەڕێوەی دەبات یەكێك لەو كەرتانەی كە زۆرترین قسەوباسی گەندەڵی لەسەرە. بەرپرسانی وەزارەتی كارەبای عێراق هۆكاری سەرهەڵدانەوەی قەیرانی كارەبا بۆ بوونی كێشەیەك لەو هێڵەدا دەگێڕنەوە كە كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە، ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەڵام هێشتا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان وەكو پێشتری لێنەهاتوەتەوە. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، بەهۆی قەرزەوە ئێران هەناردەی كارەبای بۆ عێراق راگرتووە. بەپێی قسەی ماجدە تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" كۆی گشتی ئاستی وەبەرهێنانی كارەبا لە عێراق دەگاتە 10 هەزار و 900 میگاوات، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق دەبێت 10 هەزار میگاواتی تر بەرهەم بهێنێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی كارەبا". كێشەی سەرەكی كەرتی كارەبا لە عێراق خۆی دەبینێتەوە لە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی لە گرێبەستەكان و بەهەدەردانی وزە و نەبوونی هەماهەنگی تەواو لەنێوان هەردوو وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی نەوتدا. نیگەرانییەكان لە خراپی دۆخی كارەبا لە چەند رۆژی رابردودا سەریانكێشا بۆ خۆپیشاندانی شەوانە لە چەند شارێكی عێراق. لەدواین كاردانەوەكانی خراپی دۆخی كارەبادا، عەلی داینی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هۆشداریدا لە "تەقینەوەیەكی جەماوەری گەورە" لە پارێزگاكەیان بەهۆی خراپتربوونی دۆخی كارەبا لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا. لەنوێترین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەونە كارو دۆخی كارەبا باشتر دەبێت.
(درەو میدیا) وەكو یەكەمین میدیای عێراقی دەقی بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی بڵاودەكاتەوە: دەقی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنەوە: ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی نائاسایی خۆی لە وەرزی دووەمی یاسادانان/ ساڵی چوارەم/ خولی سێیەم كە 28ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، بەپشتبەستن بە ماددەی (59/دووەم)ی دەستور، دەقی ئەم بڕیارەی دەركرد. (بەپشتبەستن بە مادەكانی (25) و (102) و (38)ی یەكەمی دەستور، هەروەها مادەی (2) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (11)ی هەمواركراوی ساڵی 2017و پشتبەستن بەوەی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی رۆشتووە، بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەوپێیەی لە مافە دەستورییەكانی تاكی عێراقییە، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو دیكۆمێنت و بەڵگانەی كە لەلایەن قەوارە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە خراوەنەتەڕوو، هەروەها ئەوەی لە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە و ئەو راپۆرتە هونەرییانەی دراون بە دەزگا تایبەتمەندەكانی وەكو دەزگای چاودێری دارایی و دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، پێویست دەكات رێوشوێنی نوێ بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق، بۆ ئەوەی متمانە بە خاوێنی و دادپەروەی پرۆسەی هەڵبژاردن بپارێزرێت، بڕیاریدا لایەنە پەیوەندیدارەكان هەریەكەیان بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی، ئەو ئامرازانە بگرێتەبەر كە گەرەنتی گێڕانەوەی متمانە دەكەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوازێكی دادپەروەرانە و خاوێن، لەناویاندا: یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار لە كەمپی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە، بەڵگەیان لەسەر هەیە كە ئیرادەی دەنگدەران ساختەكراوە و پێشێلكاری گەورە رویداوە لە رەوتی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی 2018، جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە. دووەم: جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بۆ لانی كەمی (10%)ی سندوقەكانی دەنگدان لە بنكەكانی دەنگدان، ئەگەر سەلمێندرا رێژەی (25%)ی ئەو دەنگانەی ئەژماردەكرێنەوە بەشێوەی دەستی ناكۆكن لەگەڵ ئەنجامی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان، ئەو ئەنجامانە هەڵدەوەشێندرێنەوە كە لەسەر بنەمای ئامێرەكە دانراون و بۆ هەموو سندوقەكانی دەنگدان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێت. سێیەم: وێنەی ئەلیكترۆنی و وێنەی رووناكی كارتەكانی دەنگدان و ئەنجامە نێردراوەكان لەرێگەی مانگی دەستكردەوە بۆ سێرڤەری سەرۆكی كۆمسیۆن و ئەو ئەنجامانەی كە لە تالی سەنتەر هەن بۆ ئاستی كاندید لە هەر وێستگەیەك، بەشێوەیەكی خێرا دەدرێن بە قەوارە سیاسییەكان. چوارەم: دووبارەكردنەوەی ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی لەو وێستگانەی پارێزگای كەركوك كە تێیاندا (ئێس دی ڕام) گۆڕدراوە هەروەها لەو وێستگانەی كە ئەنجامەكان تێیاندا هەڵوەشێندراوەتەوە. پێنجەم: دڵنیابوونەوەی لە پرۆسەی هاوتابوونی ئەو تۆمارانەی كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی نێردراون، ئەوەش لەڕێگەی ئەژماركردنەوەی چەند سندوقێكەوە (فلاش) و (ئێس دی كارد) لەبەردەم بریكاری قەوارە سیاسییەكان بەشێوەیەكی شەفاف. شەشەم: ئەوەی لەسەری سەلمێندرا تێوەگلاوە لە زیانگەیاندن بە دادپەروەری و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت لەنێویاندا دادگا، بەمەبەستی لێپرسینەوە و سزادانیان. حەوتەم: هەموو ئەو بەراییانەی كە لەبەردەستدان رەوانەی داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە بكرێن، پێویستە لەسەر ئەو لایەنانە بەو ئەركانە هەستن كە یاسا بەركارەكان پێویستیان كردووە لەسەریان، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی. هەشتەم: لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكانی و پەلەدەكات لە پێشكەشكردنی ئەو ئەنجام و پێشنیازانە بە ئەنجومەنی نوێنەران، كە پێیدەگات. نۆیەم: پاڵپشتیكردنی كارەكانی لیژنەی باڵای پێكهێنراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە وردبینیكردن لە بەڵگە و دیكۆمێنتەكان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمدواییەوە. دەیەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان لە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێم كە بەڵگەی ساختەكردنی ئیرادەی دەنگدەران و رودانی پێشێلكاری گەورەیان لەسەرە لە رەوتی رێوشوێنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن. یانزەهەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە كە پرۆسەی ساختەكارییان تێدا سەلمێندراوە هەروەها دەنگدانی مەرجداری لە هەموو پارێزگاكان جگە لە نەینەوا و جوڵانی دانیشتوان لە سەلاحەدین و ئەنبار و لەناونەبردنی هەر بەراییەك كە پەیوەندیدار بێت بە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆ و دەرەوە. دكتۆر سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رەجەب/1439 كۆچی ئایاری/ 2018ی زاینی
راپۆرتی: نیاز عهبدوڵڵا كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمی كوردستان بۆ ئاسانكاری تۆماری قهواره سیاسییهكان و وهرگرتنی بارمتهی دارایی دهسهڵات به ئۆفیسی پارێزگاكان دهبهخشێت و، بهڕێوبهری گشتی راگهیاندن و پهیوهندییهكان له كۆمسیۆنی ههڵبژاردنی ههرێمیش وتی تائیستا "هیچ قهوارهیهكی سیاسی بۆ ههڵبژاردنی 30ی ئهیلول تۆمار نهكراوه". بڕیاره 30ی ئهیلولی ئهم ساڵ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوه بچێت، بۆئهم مهبهستهش له 27ی ئایار تا 7ی حوزهیران بۆ تۆماركردنی لیست و قهواره سیاسییهكان دیاریكراوه. بهڵام بهپێی زانیارییهكانی شۆرش حهسهن بهڕێوبهری گشتی راگهیاندن و پهیوهندییهكان له كۆمسیۆنی ههڵبژاردن و راپرسی ههرێم بۆ (درهو میدیا) تائیستا "هیچ قهوارهیهكی سیاسی بۆ ههڵبژاردنی 30ی ئهیلول تۆمار نهكراوه و، تهنیا بۆ پرسیار و راوێژكردن و چۆنییهتی تۆماركردن و وهرگرتنی ئهو فۆڕمانهی كه پێویسته سهردانی كۆمسیۆن كراوه". سهبارهت به هۆكاری تۆمارنهكردنی قهواره سیاسییهكانیش وتی "وهكو جۆرێك له نهریتی لێهاتووه زۆر جار قهواره سیاسییهكان له رۆژانی كۆتایی دهكهونه ئهوهی كه مامهڵهكانیان بهێنن بۆ خۆتۆماركردن". كۆمسیۆنی ههڵبژاردن له رێگای ماڵپهڕی فهرمی خۆیهوه ئهو پێنج فۆڕمهی بڵاوكردۆتهوه كه دهبێت قهواره سیاسییهكان بۆ خۆ تۆماركردن زانیارییهكانی پڕ بكهنهوه. شۆڕش حهسهن باسی لهو ئاسانكاریانه كرد كه كۆمسیۆن خستوویهتییه خزمهت قهواره سیاسییهكان و وتی "بۆ جیبهجێ كردنی رێكاره یاساییهكان ئاسانكاری تهواومان كردووه، جاری پێشوو بۆ پرۆسهی ریفراندۆم تهنیا پشت به ئۆفیسی نیشتیمانی دهبهسترا بۆ خۆ تۆماركردن بهڵام ئێستا قهوارهكان دهتوانن له ئۆفیسی پارێزگاكان له سلێمانی و دهۆك و ههڵهبجه خۆیان تۆمار بكهن". بهپێی پهیڕهوی ئهنجوومهنی كۆمسیاران دهبێت ههر قهوارهیهكی سیاسی بڕێك بارمتهی دارایی بداته كۆمسیۆن تا له كاتی ئهگهری سهرپێچیكردن و دهرچوونێك له رێنماییهكانی بانگهشهی ههڵبژاردن، كۆمسیۆن بتوانێت وهك پێبژاردنی سزای دارایی لهو بڕه پارهیه وهربگرێت. له بارهی دیاریكردنی بڕی بارمتهی دارایی دیاریكراو له ههڵبژاردنی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوبهری گشتی راگهیاندن و پهیوهندییهكانی كۆمسیۆن وتی "بڕهكه له 10 دهست پێدهكات، بۆ قهوارهی كهمینهكانی وهك توركمان و كلد و ئاشوور 25 ملیۆن دیناره بهڵام بۆ قهواره سیاسییهكانی تر 50 ملیۆن دیناره، ئهو بارمتهیهش وهكو ئهمانهتێكه لهلای كۆمسیۆن دهمێنێتهوه تا دوای پرۆسهی ههڵبژاردن، ئهگهر ئهو حیزبه سیاسیانه له بانگهشهی ههڵبژاردن هیچ سهرپێچییهكیان نهكردبوو و پێبژاردنێكیان نهبوو پارهكهیان بۆ دهگهڕێنینهوه" بۆ پێدانی بارمتهكهش به كۆمسیۆن قهواره سیاسییهكان جگه له ئۆفیسی نیشتیمانی دهتوانن له رێگای ئۆفیسی پارێزگاكانهوه بڕی بارمتهكه بگهیهنن. كۆمسیۆنی ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمی كوردستان له دوای قۆناغی یهكهمی تۆماری قهواره سیاسییهكان، ماوهی سێ رۆژی له 18 بۆ 20ی حوزهیران دیاریكردووه بۆ تۆماری هاوپهیمانییه سیاسیهكان. ماوهی 23 رۆژی تهرخانكردووه له 3 تا 25 تهمموز بۆ تۆماركردنی ناوی پاڵێوراوان رێكاره یاسیاییهكانیان. بهڵام بۆ نوێكردنهوهی تۆماری دهنگدهران 1تا 30 تهمموزی دیاریكردووه، ئهو بهڕێوبهره گشتییهی كۆمسیۆن وتی "لهو ماوهیهدا هاووڵاتییان دهتوانن سهردانی بنكه لاوهكییهكان بكهن بۆ گواستنهی ناوهكانیان و خۆ تۆماركردن و، ماوهی شهش مانگه كار بۆ تۆمارێكی تایبهت به كۆمسیۆنی ههرێم دهكهین، تهنیا ماوهتهوه ئهنجوومهنی كۆمسیاران پهسندی بكهن كه پشتبهستووه به پسولهی خۆراك و داتاكانی وهزارهتی بازرگانی چونكه بهپێی یاسا دهبێ ئهو تۆماره پشتبهستووبێت به پسولهی خۆراك، بهڵام وردبینی تیادادهكرێت و تهواو جیاوازه له تۆماری دهنگدهرانی عێراق". بۆ جێبهجێكردنی ئهنجامدانی قۆناغهكانی پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و پێداویستییه ماددییهكان، ئهو بهرپرسهی كۆمسیۆن به (درهو میدیا)ی وت "تائیستا 10 ملیار دینارمان له حكومهت وهرگرتووه و خراوهته سهر حیسابی كۆمسیۆن، چاوهڕوانی ئهوه دهكهین بڕهكانی تریشمان له ماوهكانی داهاتوو بۆ بخرێته سهر حیسابی كۆمسیۆن، ئێمه دامهزراندنی فهرمانبهری سهر سندووق و فهرمانگه لاوهكییكانیشمان ههیه، كۆمهڵێك رێكار و قۆناغی تر ماون پێویسته جێبهجێی بكهین".
(درەو میدیا): موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" سەردانی كوەیت دەكات. نوسینگەی تایبەتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە موقتەدا سەدر بە سەردانێك نەجەفی بەرەو كوەیت بەجێهێشتووە. راشیگەیاند سەدر بە فەرمی بانگهێشت كراوە بۆئەوەی سەردانی كوەیت بكات و سەردانەكە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە.
لە بەیاننامەیەكدا رێبوار تەها سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داویەتی بڕیاری زۆر مەترسیدارن، بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەكانی دەخاتە ئەستۆی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. رێبوار تەها داواش لەد. فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق كردوە وەك پارێزەری دەستور دەستوەردان لەو بابەتەدا بكات كە ئەو زۆر بە مەترسیدار وەسفی كردووە و پێشی وایە زۆر مەترسیدارترە لە لەدەستدانی چەند كورسیەك لە لایەن لیستە زیانلێكەوتووەكانەوە. بە وتەی رێبوار تەها هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نیە چونكە بەپێی ماددەی ٦١ی دەستور ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی نییەو بڕیارەكانیشی پوچەڵ و نادەستورین و تێپەڕاندنی دەسەڵاتی دادوەرییەو لە دادگای فیدراڵیش تانە لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەن. داواشی كردووە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن لەكەركوك بكرێت، بەو پێیەی تا ئێستاش ژمارەیەك لە سندوقەكانی دەنگدان لەلایەن حزبەكانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە . عاجل (بيان هام)... البرلمان ينهي دورته التشريعية باخطر انتهاك للدستور عقد مجلس النواب في جلسته يوم امس المصادف ٢٨/٥/٢٠١٨ والتي اصدر فيها قرارا يقضي بالغاء نتائج الانتخابات في الخارج والتصويت المشروط في مخيمات النازحين بنسبة ١٠% وامكانية اعادة العد والفرز اليدوي للنتائج في جميع المحافظات في حالة وجود نسبة ٢٥% من المخالفات في النتائج الملغاة اعلاه وعليه فأننا نحمل رئاسة البرلمان الخطأ الكبير الذي قد ينجم عنه ما لايحمد عقباه ويلحق الضرر بالعملية السياسية في البلد والا كيف تفسرون عقد جلسة مشكوك واصدار قرار يقضي بالغاء نتائج الانتخابات علما انها ليست صلاحية برلمانية بل قضائية بحتة حيث تنص المادة واحد وستون من الدستور على ان للبرلمان تسعة اختصاصات ليس فيها فقرة تنص على صلاحية البرلمان بالغاء نتائج الانتخابات وهنا نود ان نشير ان قرار البرلمان باطل وغير دستوري وتجاوز على السلطة القضائية المخولة في البت بهكذا قرارات ونضيف انه حسب الدستور والنظام الداخلي في البرلمان لايمكن الغاء قانون مشرع ومصادق عليه بقرار وهذا مخالف لاحكام الدستور حيث ان البرلمان اصدر قرارا بالغاء النتائج التي اجريت استنادا الى قانون نافذ فهل يعقل ان يكون البرلمان هو الخصم والحكم في هذه القضية،كما وان المستغرب هو تدخل البرلمان في عمل المفوضية والتي بالاساس هو من اختار وصوت على اعضاءها وشرع قانونها واننا اذا نحذر من خطورة هذا القرار غير المسؤول والمخالف للدستور والعقل والمنطق ننوه الى اننا سنقوم بالطعن في جلسة وقرار البرلمان لدى المحكمة الاتحادية وندعو فخامة رئيس الجمهورية الدكتور فؤاد معصوم بصفته حامي الدستور الى التدخل في هذا الموضوع الخطير والذي هو اكثر خطورة من فقدان بضعة مقاعد لخاسرين لم يجربهم الشعب مرة اخرى بل كان الاجدر بالبرلمان ان يهتم بأمور الشعب ويعالج مشكلة الكهرباء التي يعاني منها المواطنين وهم في شهر رمضان المبارك ويناقش توفير الخدمات وعلى البعض ان يهتم للمواطن وليس للمنصب او المقعد في البرلمان واننا اذ نحترم ونلتزم باجراءات مفوضية الانتخابات ندعوها الى الالتفات لما حصل في كركوك اثناء عملية سير الانتخابات تمثلت باحتجاز بعض صناديق الاقتراع والموظفين واحدات تزوير تلاعب كبير في النتائج ونؤكد انه الى الان لاتزال تلك الصناديق والرامات الخاصة باجهزة الاقتراع بحوزة بعض الاحزاب والموظفين التابعين لتلك الاحزاب ونقول لهم بأننا لن تنازل ابدا عن اصوات مواطنينا وناخبينا. ريبوار طه مصطفى رئيس قائمة الاتحاد الوطني الكوردستاني في كركوك
( درەو میدیا): ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆدەبێتەوە و وەڵامی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە كە لە دانیشتنە نائاساییەكەی رۆژی دووشەممەدا دران. حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" ئەمڕۆ كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە بۆئەوەی بڕیاربدات لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی پەرلەمان لە دانیشتنە نائاساییەكەیدا دەریكردوون." ردێنی وتیشی:" دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پێویستە دادگا چاو بە تانەكاندا بخشێنێتەوە كە لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە پێشكەشكراون، هەر ئەویش خاوەنی بڕیارە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان." ردێنی راشیگەیاند چەند رێگەیەكی یاسایی هەیە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. دەربارەی بڕیارەكەی پەرلەمانیش بۆ ژماردنی دەستی دەنگی 10% وێستگەكانی دەنگدان ردێنی وتی:" كۆمسیۆن وێنەی كارتی دەنگدانی داوەتە هەموو حزبەكان و خۆیان دەتوانن پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەو كارتانەبكەن كە كۆمسیۆن لە هەموو عێراقدا رادەستی كردوون."
راپۆرتی: نیاز عهبدوڵڵا رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان رەخنەی لە ئاشكرانەكردنی ژمارە و تۆماری دەنگدەران لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم گرت و وتی "هەوڵی ساختەكاری هەیە بەڵام دەبێت پێش بەو ساختەكارییە بگیرێت و، هێزە ئەمنییەكان تائیستا داتا و ژمارەی پێویستیان نەداوەتە كۆمسیۆن". هۆگر چەتۆ رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێكیدا سەبارەت بە خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردوو و ساختە بە (درەو میدیا)ی وت "تۆماری دەنگدەران لە هەرێم و عێراق لەسەر بناغەی پسولەی خۆراك تۆماركراوە و كێشەی زۆری تێدایه، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش لە ئێستادا دەڵێن كۆمەڵێك هەوڵیانداوە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەڵام كۆمسیۆنی هەرێم نه هەنگاو و نەژمارەی دیارە و نەتۆماری دەنگدەران". هۆگر چەتۆ دەستخۆشی لە هەوڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كرد بۆ خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڵام بە پێویستی زانی شەفافییەت و روونكردنەوەی زیاتر هەبێت بۆ رای گشتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و وتی "پێویستە پێمان بڵێن چەند ناو پاككراوەتەوه و لەو ناوانە چەندی دووبارە و چەندی ناوی مردوو بوون، چەند لەوانە ناوی خەڵكی دەرەوەی عێراق بوون وەك پەنابەرانی ئێرانی و توركی و سووری، چەند لەوانە ناوی ئەوانەن كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە". لەبارەی پێشكەشكردنی ئاماری دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رێكخەری تۆڕی شەمس وتی "ئەوەی من زانیاریم هەبێت یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە تائیستا لایەنی پەیوەندیدار لە هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش تائیستا هیچ داتا و ژمارەیەكی پێویستیان نەداوەتە كۆمسیۆن، ئەمەش كێشەی دەنگدانی تایبەت درێژە پێدەدات كە ناوی دووبارەی زۆری تێدایە". ئەو رێكخەرە پێشنیاری بۆ بوونی تۆمارێكی دەنگدەرانی خاوێن كرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا، كە تیایدا بەبێ پشتبەستن بە تۆماری دەنگدەرانی رابردوو ماوەیەك دیاریبكرێت بۆ سەرلەنوێ تۆماركردنەوەی ناوەكان و وتی "پابەندبوون بە چوارچێوەیەكی یاسایی و ئەوەی هەموو هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەنگدەرە بە مەرجێك لە ماوەی هەمواری تۆماری دەنگدەرانی تازە لە كوردستان ناوی تۆماركرابێت، هەر كەسێك ناوی لەو تۆمارە نەبێت ناتوانێت بەشداری بكات لە هەڵبژاردن، بەمەش تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەردمان دەبێت وه لەسەر ئەو بنەمایە دێین داتاكان وەردەگرین، بەڵام مەرجە ئەو تۆماركردنە پشتبەستوو بێت بە بەڵگەنامەی عێراقی". لە كاردانەوەی ناڕەزایی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری عێراق و تۆمەتەكانی ساختەكاری، بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان رۆژی 24ی ئایار كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا سیستەمی ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەم ساڵ پەیڕەو نەكرێت. بەڵام رای رێكخەری تۆڕی شەمس وابوو كە "گرفتەكە لە سیستەمی ئەلیكترۆنی یان پێشوو نییە، بەڵكو لەوەدایە كە كۆمسیۆن چەندە سەربەخۆیه و ئیرادەی هەیە و دەتوانێت رووبەڕووی هەر هەوڵێكی ساختەكاری ببێتەوه، لەم پرۆسەیەدا كۆمسیۆن چەندە بێ لایەنن و بە یەك چاو سەیری هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەن و رێگری لە هەوڵەكانی ساختەكاری دەكەن". بۆیە ئەو پیێ وابوو "هەوڵی ساختەكاری هەیە بەڵام دەبێت پێش بەو ساختەكارییە بگیرێت، پێویستە بیر لە رێگریكردن لەو ساختەكاریانە بكرێتەوه، لەبەرئەوە گرنگە كەسە پیشەییەكان بۆ پێشگرتن لە ساختەكاری ئەو هەوڵەبدەن، چونكە كەسە حیزبییەكان ئەوەندەی دڵسۆزییان بۆ حیزبەكەیان هەیە بۆ دەوڵەت و یاسا نییە".
(درەو میدیا): لەوەڵامی رونكردنەوەكەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دەركردنی، مەسعود حەیدەر رایدەگەیەنێت" كە زیاتر لە چل رۆژە دەستم لە كاركێشاوەتەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی" دەقی روونكردنەوەیەك لە مسعود حیدر، ئەندام پەرلەمانی كورد لە عێراق لە راگەیاندنەكانەوە شتێك بەناوی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆران بلاوكراوەتەوە لەسەر بەندە. من زیاتر لە چل رۆژە دەستم كێشاوەتەوە لە بزوتنەوەكەو لە فراكسیۆنی گۆران. لە چەند رۆژی رابردووش بە روونی لە بەرنامەیەكی كەنالێكی عێراقی ئەمەم باسكرد. ئەو بایاننامەی خانەی راپەراندن ئەھمیەتی نییە، چونكە بەندە دەمێكە دەستم لەكاركێشاوەتەوە. سەربەرزیشم بە نوێنەرایەتیكردنی كورد و بەرگریكردن لە خاك و خەلكی ھەرێمی كوردستان دوور لە ململانێ ی حزبی و بێ سازشكردن لەسەر قوتی مووچەخۆران و پێگەی دەستوری و یاسایی ھەرێم وماف و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە. ئەگەر پێویست بكات ھۆكاری دەستلەكاركێشانەوەم بە وردی رووندەكەمەوە. مسعود حیدر ئەندام پەرلەمانی عێراق ٢٠١٨/٥/٢٩
(درەو میدیا): لە رونكردنەوەیەكدا خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە: بەهۆی پابەندنەبوونی مەسعود حەیدەر بە بەرنامە و كارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەكۆی دەنگی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بڕیاردرا ناوبراو لەڕیزەكانی بزوتنەوەكە و فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد دەربكات. " درەو میدیا" پەیوەندی كرد بە پەرلەمانتار مەسعود حەیدەرەوە، ناوبراو رایگەیاند، ماوەیەكە تێبینی زۆری لەسەر كاری بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لە بەغداد، بۆیە دەستی لەكار كێشاوەتەوە. پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر وتیشی:" تا ئێستا روونكردنەوەكەی خانەی راپەراندنم بەدەست نەگەیشتووە، هەرکات بەدەستم گەیشت قسەی خۆمم دەبێت و وەڵامی خۆمم دەبێت".