ئێران هەڕەشە لەوڵاتانی ناوچەكە دەكات
2018-11-04 12:01:44
راپۆرتی: ئارام مەحمود
سبەی دووشەممە، وادەی جێبەجێكردنی سزا نوێیەكانی ئەمریكایە بەسەر (ئێران)دا، كە سێكتەرە هەستیارەكانی ئابوری ئەو وڵاتەی كردۆتە ئامانج و ئەمریكییەكان بەتوندترین سزا وەسفیدەكەن كەتائێستا بەسەر حكومەتی (تاران)دا سەپاندبێتیان.
(عەلی لاریجانی) سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پێش چوونە بواری جێبەجێكردنی سزاكان، كە بە چەردەی دووەمی سزاكان دادەنرێت لەدوای كشانەوەی تاكلایەنەی واشنتۆن لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، ڕایگەیاند" ئێران هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە لە یادناكات كە پشتیوانی ڕەفتارەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل یان كردووە".
(لاریجانی) لەو لێدوانەیدا كە لەبارەگای پەرلەمانی ئێران پێشكەشیكرد، تەئكیدكردووە" ئێرانیەكان بۆ (دوناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای دەسەلمێنن كە ملكەچ ناكرێن".
"لەكۆتایدا سەردەكەوین"
دوێنێش، (عەلی خامنەیی) ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ خوێندكاران بەبۆنەی چونە ناوەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕێكیخستبوو، كە ئەمڕۆ یەك شەممە ساڵیادیەتی، ڕایگەیاند" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی (40) شەڕێكی سەربازی و ئابوری و میدیایی دژ بەئێران دەگێڕێت، ئەنجامەكەشی لەبەرژوەندی تاران بووە لەكۆتایدا" .
(خامەنەیی) ئاماژەی بەوەداوە" ئامانج لەسزا ئابورییەكانی ئەمریكا كە بەسەر ئێراندا دەیسەپێنێت، وێرانكردنی ئابوری و پاشەكشێ پێكردنی وڵاتە، لەكاتێكدا ئەوەی لەڕاستیدا ڕوویدا، جوڵەكردنە بەشێوەیەكی خێراتر لەلایەن تارانەوە بەرەو "تێراخۆ" و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی.
تاران چاوی لەبەڵێنەكانی خۆرئاوایە
دوای پەیوەندییەكانی (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران بە بەرپرسانی ئەوروپا بۆ تاتوێكردنی پرسی پێویستی پاراستنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە و ئەو گەرەنتیانەی پێویستە لەسەر وڵاتانی خۆرئاوا بیدەن بە بۆ پابەندبونی (تاران) بە بەڵێنە ئەتۆمییەكانی، ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەیاننامەیەكی درێژی بڵاوكردەوەو تیایدا چەردەی دووەمی سزاكانی ئەمریكای ئیدانە كرد.
لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتبو" سەپاندنی جارێكی تری سزاكان شكستێكی ئەخلاقی و سیاسی گەورەی ئیدارەی دەسەڵاتداری ئەمریكا دەگەیەنێت و دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەنادەن ترەمپ و ئیدارەكەی ئامانجە ناشەمروعەكانیان بەدیبهێنن".
دوای شەش مانگ لەكشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ (ئێران) و گێڕانەوە چەردەی یەكەمی سزاكان بۆ سەر (تاران) لەمانگی ئابی ڕابردودا، بڕیارە سبەی(5)تشرینی دووەم چەردەی دووەمی سزاكان بچێتە بواری جێبەجیكردنەوە، كە كەرتی و وزە و دارایی كردۆتە ئامانج.
بەپێی سزاكان ڕێگە بەهیچ دەوڵەت و قەوارەو كۆمپانیایەكی بیانی نادرێت بچێتە بازاڕەكانی ئەمریكا، ئەگەر بەردەوامبێت لەكڕینی نەوتی (ئێران) یاخود مامەڵە لەگەڵ بانكەكانی ئەووڵاتەدا بكات، جگە لەو 8 وڵاتەی كە ئەمریكا لێخۆشبونی مەرجداری بۆ كردون بەشێوەیەكی كاتی.
ڕوسیا بەردەوامدەبێت لەهاوكاریكردنی ئێران
(ئەلكسەندەر نوڤاك) وەزیری وزەی ڕوسیا بەڕۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمز)ی وتووە" مۆسكۆ چاوی لەپێشخستنی بازرگاكانیەكانێتی بەنەوتی ئێران كە بە وڵاتانی تری دەفرۆشێت بەپێی ڕێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە شتومەك لەگەڵ تاران".
وەزیری وزەی ڕوسیا تەئكیدی كردووە" ئەو بازرگانیە هەفتەی داهاتوش بەردەوامبێت" وەك تەحەدایەك بۆ سزاكانی (واشنتۆن) و پابەندنەبونی (مۆسكۆ) پێوەی.
ئەوە لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی (ئەمریكا)، (ڕوسیا)یان، لە ئەگەری هاوكاریكردنی (ئێران) لەفرۆشتنی نەوتەكەی ئاگاداركردەوە.