١٥٧٦٣ خوێندكاری دیكە لە زانكۆكان وەرگیران
2018-11-03 14:01:00
( درەو میدیا):
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگرتنی (١٥٧٦٣) خوێندكاری تر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەنجامی سكاڵاكانیان رادەگەیەنێت، هەروەها (٤٠٩١) خوێدكاری دیكەش كە داوای شوێن گۆڕینیان كردبوو بەپێی داواكارییەكانیان شوێنەكانیان بۆ گۆڕاوە.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند دوای ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و، ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی، پلانی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیاد كراو دەرگای پێشكەشكردنی سكاڵا بۆ دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی كرایەوە، لە ئێستادا وەزارەتەكەمان ئەنجامی سكاڵاكان رادەگەیەنێت كە بەم شێوەیەی خورارەوەیە:
لەئەنجامی پێشكەشكردنی سكاڵادا (١٩٨٥٤) دەرچووی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بەهەردوو خول سكاڵایان تۆماركردووە. لەو ژمارەیەدا (١٥٧٦٣) خوێندكار ئەوانەن كەناویان لەهیچ شوێنێك نەهاتبۆوە، (٤٠٩١) خوێندكاری دیكەش كە داوای گۆڕینی شوێنیان كردبوو شوێنەكانیان بۆ گۆڕدراوە.
وەرگرتنی (١٥٧٦٣) خوێندكاری تر لە زانكۆ و پەیمانگەكان، كە پێشتر ناویان لە هیچ شوێن دەرنەچووبوو بەپێی ئەنجامی سكاڵاكان ناویان لەم شوێنانە گەڕاوەتەوە كە خۆیان داواكارییان بۆی پێشكەش كردبوو. لەم ژمارەیەدا (٦٧٤) خوێندكار لە دەرچووانی خولی یەكەمن.
ئەنجامدانی شوێن گۆڕین بۆ (٤٠٩١) خوێندكار كە داوی شوێن گۆڕینیان كردبوو، بۆیە بەپێی داواكارییەكانیان شوێن گۆڕینیان بۆ كراوە.
لە ئێستادا كۆی گشتی وەرگیراوان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) بریتییە لە (٤٣٤٢٦) چل و سێ هەزار و چوار سەدو بیست و شەش وەرگیراوی خولی یەكەم و دووەمی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی.
لە وەرگرتنی (١٥٧٦٣) خوێندكار بڕیاری وەزارەت بۆ جیاوازی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن لەنێوان خولی یەكەم و خولی دووەم كە لە (٣) نمرە تێپەڕی نەبێت رەچاوكراوە.
دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی دەرچووانی خولی یەكەم و خولی دووەم ئەوانەی سكاڵایان تۆماركردووە دەتوانن سەعات 9ی سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممەوە ڕێكەوتی (4/11/2018) بەهەمان وشەی تێپەڕ و وشەی نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم) ئەنجامی وەرگرتیان لە زانكۆو پەیمانگەكان لە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەشێوەی ئۆنلاین وەربگرنەوە.
وەرگیراوان لەزانكۆ و پەیمانگەكان پێویستە دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامەكان پەیوەندی بە بەش و كۆلێژەكان بكەن بۆ خۆتۆماركردن و مامەڵەكانیان بۆ دەستكردن بە پرۆسەی خوێندن.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوە كردووە وەك چۆن لەماوەی رابردوو دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیمان دڵنیاكردەوە، كە ستافی وەزارەت لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ فەراهەمكردنی دەرفەتی خوێندن و چارەسەركردنی هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندارن بە وەرگرتنی قوتابیان و خوێندكاران لە زانكۆكان، لە ئێستاشدا خەمخۆری و پەرۆشیی وەزارەت وەك لایەنی سەرەكی ئەم پرۆسەیە بۆ دەرچووان بە تەواوی روونبۆتەوە