ئەو وەزیرانەی پەیوەندییان لەگەڵ بەعس هەبووە دوردەخرێنەوە
2018-11-03 14:51:00
(درەو میدیا):
فارس بەكوع وتەبێژی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، سبەینێ ناوی ئەو وەزیرانە ئاشكرا دەكرێت كە رێشوێنەكانی تایبەت بە ریشەكێشی بەعس دەیانگرێتەوە.
بەكوع وتی: هەفتەی رابردوو نوسراوێكمان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەدەستگەیشتووە كە لیستی ناوی 22 وەزیرە بەمەبەستی وردبینیكردن لە دۆسیەكانیاندا.
دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری دەستەیەكی سەربەخۆیەو كاری ئەم دەستەیە ریشەكێشكردنی حزبی بەعسی لەناوچووی عێراقە لە دەزگاكانی دەوڵەتی نوێی عێراقدا، واتە ئەگەر هەریەكێك لە وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكومەت كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات، تۆمەتبار بكرێن بە بەعسیبوون، لە كابینەكە دوردەخرێنەوە.
بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری كۆدەبێتەوەو بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكومەتەوە بدات.
ئەنجومەنی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری لە (6) كەس پێكدێت، بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەی وەزیرەكان دەبێت نیسابی یاسایی ئەنجومەنەكە تەواو ببێت.