وەزیرەكانیش 49 ملیۆن دینارەكە وەردەگرن
2018-11-04 11:00:19
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
وەزیرەكانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەمان پلەو موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران خانەنشین دەبنو ئەوانیش شەش موچە پێكەوە وەردەگرن لەگەڵ دوو پاسەوان و ئۆتۆمبیلێك.
33 وەزیر
كۆی وەزیرەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆك وەزیرانیشەوە بەپێی سایتی فەرمی حكومەت (23) كەسن، لەگەڵ سەرۆكی (10) دەستەو فەرمانگەی سەربە حكومەت كە پلەی وەزیریان هەیە، واتە بەكۆی گشتی (33) كەس لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بە پلەی وزیر خانەنشین دەبن.
موچەی وەزیر چەندە؟
كۆی موچەو دەرماڵەی هەر وەزیرێك پێش خانەنشینبوون (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، ئەمە جگە لەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە.
خانەنشینی وەزیرەكان
هەر وەزیرێك بە بڕی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، كۆی گشتی پارەی خانەنشینی یەك مانگی وەزیرەكان (214 ملیۆنو 500 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات.
وەزیرەكانیش هاوشێوەی پەرلەمانتارو فەرمانبەرانی ئاسایی بەپێی یاسا دوای خانەنشینبوون موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرن، موچەی شەش مانگی خانەنشینی هەر وەزیرێك (49 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، كۆی ئەو شەش موچەیەی كە وەزیرەكان دوای خانەنشینبوون وەریدەگرن (ملیارێكو 623 ملیۆنو 600 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات.
ئەگەرچی چاوەڕەوان دەكرێت بەشیك لە وەزیرەكانی كابینەی هەشت جارێكی تر لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نۆدا بمێننەوە، بەڵام (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بە گریمانە هەموویان ئەژمار كردووە.
پشكی حزبەكان لە كابینەی هەشتەمدا
• پارتی دیموكراتی كوردستان- 13 وەزیرو پلەی وەزیرو سەرۆك وەزیران
• یەكێتی نیشتمانی كوردستان- 7 وەزیرو پلەی وەزیر
• بزوتنەوەی گۆڕان- 5 وەزیر و پلەی وەزیر
• یەكگرتووی ئیسلامی- 4 وەزیرو پلەی وەزیر
• كۆمەڵی ئیسلامی- 3 وەزیرو پلەی وەزیر
• شیوعی- 1 بە پلەی وەزیر
پێكهاتەی كابینەی هەشتەم
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 18/6/2014 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێدرا، كابینەكە لەم كەسانە پێكهاتووە.
• سەرۆك وەزیران- نێچیرڤان ئیدریس بارزانی
• جێگری سەرۆك وەزیران- قوباد تاڵەبانی
• وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو- عەبدولسەتار مەجید
• وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان- خالید عەبدولڕەحمان ئەحمەد
• وەزارەتی پەروەردە- پشتیوان سادق عەبدوڵا
• وەزارەتی كارەبا- سەڵاحەددین بابەكر محەمەد
• وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئایینی- كەمال موسلیم سەعید
• وەزارەتی داراییو ئابووری- رێباز محەمەد عبدالله محەمەد
• وەزارەتی تەندروستی- رێكەوت حەمە ڕەشید كەریم محەمەد
• وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی- یوسف سەمەد لوتفوللا (یوسف گۆران)
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن- دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
• وەزارەتی داد- سینان عەبدولخالق ئەحمەد چەلەبی
• وەزارەتی ناوخۆ- عبدالكریم سوڵتان عەبدوڵا (كەریم سنجاری)
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی- محەممەد قادر هاودیانی
• وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان- مەحمود ساڵح حەمە كەریم
• وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار- نەورۆز مەولوود محەمەد
• وەزارەتی سامانە سروشتییەكان - عەبدوڵا عەبدولڕەحمان (ئاشتی هەورامی)
• وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە- مستەفا قادر (مستەفای سەید قادر)
• وەزارەتی پلاندانان- عەلی عوسمان حاجی بەدری سندی
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی- ساماڵ سەردار مەحمود
• وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن- جونسون سیاوش ئەیۆ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان- مەولود موراد محیەدین (مەولود باوە موراد)
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە- عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم
• سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم- فواد حوسین
• فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- فەلاح مستەفا
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت- سەفین دزەیی
• سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- نێچیرڤان ئەحمەد
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران- ئامانج رەحیم
• دەستەی وەبەرهێنان- رێبوار خەلیل
• فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون- نوری عوسمان
• دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم- نەسرەددین سەعید سندی
• ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان- پەخشان زەنگەنە
• دەزگای گشتی كاروباری مین- سیراج جیهاد
كورتەیەكی مێژوویی
لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو كابینەی هەشتەم كە چەند رۆژی داهاتوو وادەكەی تەواو دەبێت بەپێی زانیاریەكان:
• 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون
• هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە
• كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە
• 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر
• 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون
• 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیرو 260 بەرێوەبەری گشتیو 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراونو لەو پلەش نەبوون