Draw Media

ئەمریكییەكان چارەنوسی ترەمپ دیاریدەكەن

ئەمریكییەكان چارەنوسی ترەمپ دیاریدەكەن

2018-11-04 17:41:30


ڕاپۆت: ئارام مەحمود
لەگەڵ ئەوەی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشدار نیە لە"هەڵبژاردنی نیوەیی" وڵاتەكەی وەك بەربژێرێك، كەبڕیارە ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت،  بەڵام بەشێكی بەرچاو لەئەمریكییەكان پێیانوایە هەڵبژاردنی ڕۆژی (6)ی ئەم مانگە وەك ڕاپرسی وایە لەسەر شەخسی سەرۆك (ترەمپ).

ناوهێنانی ترەمپ دوو سەرەیە

لەویلایەتە موحافزكارەكانی وەك (كەنساس و كارولاینای باشور) هیچ شتێك نیە وا لەكاندیدە كۆمارییەكان بكات خۆیان لە (ترەمپ) بەدوور بگرن، بەڵكودەتوانن پشتی پێببەستن و بەكاریبهێنن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەهۆی ئەو پشتیوانیە جەماوەرییە بەرفراوانەی هەیەتی لەو ناوچانە.  
لەكاتێكدا توندبونەوەی كێبڕكێ لەنێوان ڕكابەرە كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لەژمارەیەك بازنە، وای لەكۆمارییەكان كردووە لەهەڵمەتەكەیاندا تەركیزیان لەسەر ئابورییەكی بەهێزبێت و خۆیان لە (ترەمپ) بەدوور بگرن، لەبەرامبەردا كۆمارییەكانیش سیاستە جێ مشتومڕەكانی (ترەمپ) بیر دەنگدەران دەخەنەوە بەتایبەت لەپرسەكانی (كۆچ و تەندروستی و بازرگانی).
(ترەمپ) لەماوەی دوو ساڵی سەرۆكایەتیكردنیدا لەهەردوو دۆسیەی ڕەخساندنی هەلی كار و كەمكردنەوەی هەڵئاوسان پێشكەوتنی  بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمە چەكی دەربازبون ناداتە دەستی بۆ رزگاربون لەمەترسیەكان، یەكێك لەو گرەوانەی لەسەر سەركەوتنی كۆمارییەكان دەكرێت ئەوەیە، بەدرێژایی زیاتر لە 150ساڵی ڕابردوو بەدەگمەن ئەو حزبەی لەدەستدا بووە لە سزای دەنگدان ڕزگاری بووە، ئەوەش وای لەكۆمارییەكان كردووە ترسی جدیان هەبێت لەدۆڕاندن و لەدەستدانی زۆرینە لەكۆنگرێس، چونكە گەر دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، ئەگەری میكانیزمەكانی لەكارخستنی (ترەمپ) زیاتر دەبێت.
هاوكات لێكۆڵینەوەكانیش فراوانتر دەبن لەكۆنگرێس دژ بە ئیدارەی (ترەمپ) بەتایبەت لەبارەی ئەو گومانانەی كە لەسەر تێوەگلانی تیمی هەڵمەتی (ترەمپ) هەیە لەگەڵ (ڕوسیا) لە هەڵبژاردنەكانی 2016دا. 
ئەگەر دیموكراتەكان توانیان زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانیش بەدەستبهێنن، ڕەنگە كاربكەن بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم  هەموو دامەزراندنەكانی  (ترەمپ) لەدادگای باڵا و سیستمی دادگای فیدڕاڵی و پۆستە جێبەجێكارییەكان لەئیدارەكەی، چونكە ئەنجومەنی پیران قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە لەو بژاردانەی سەرۆكایەتیدا. 

كێبڕێكە توندە و ئەگەری بەشداری فراوان هەیە

لەگەڵ ئەوەی هەندێك لەڕاپرسییەكان ئاماژە بەوەدەكەن "هەڵبژاردنی نیوەیی" دەنگدەران بەلای خۆیدا ڕاناكێشێت، بەڵام چاوەڕواندەكرێت ئاستی بەشداری ژمارەی پێوانەی تۆمار بكات بەهۆی ئەو بانگەشە فراوانەی ڕكابەرەكانی (ترەمپ) دەیكەن، بەتایبەت گەنجان.

هەڵبژاردن بۆ تەواوی كورسیەكانی پەرلەمان دەكرێت 
لە"هەڵبژاردنی نیوەیی"دا، هەڵبژاردن بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت كەژمارەیان (435) پەرلەمانتارە، لەئێستا كۆمارییەكان خاوەنی (236) كورسی بەرامبەر(193) كورسی دیموكراتەكان و (6)كورسی بەتاڵ، زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لەدەستدایە، بۆ ئەوەی دیموكراتەكان ئەو زۆرینەیەیان لەدەست دەربهێنن پێویستیان بە بە دەستهێنانی(23) زیاترە لەئێستا. 

سێ‌ یەكی كورسیەكانی ئەنجومەنی پیران تازە دەكرێنەوە
 
ئەنجومەنی پیران كە لە(100) كورسی پێكدێت، هەر دوو ساڵ جارێك سێ‌ لەسەریەكی كورسییەكانی تازە دەكرێنەوە، كە ژمارەیان (35) كورسییە.
كۆمارییەكان لەئێستادا خاوەنی زۆرینیەكی لاوازن كە (51) كورسییە، بەرامبەر (49) كورسی دیموكراتەكان، بەڵام وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، هاوكێشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پیران لە بەرژوەندی دیموكراتەكان نیە،  چونكە پێویستە لەسەریان بەرگری لە (26) كورسی خۆیان بكەن كە (6)یان هەڕەشەی لەدەستدانیان لەسەرە،  لەبەرامبەردا (9) كورسی كۆمارییەكانیش هەڕەشەیان لەسەرە.
ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بۆ ماوەی (6) ساڵ هەڵدەبژێرێن و ویلایەتەكەیان لەسەرەتای مانگی كانونی دووەمەوە دەستپێدەكات.
لەڕووی كردارییەوە، سەرجەم ئەنجومەنە ناوخۆییەكان (ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتەكان) تازەدەكرێنەوە، لەگەڵ دیاریكردنی (36) حاكمی نوێ‌ لە كۆی (50) ویلایەت و تازەكردنەوەی چەندین پۆستی تر ( سەرۆكی شارەوانیەكان و ناوچەكان و دادوەرە ناوخۆییەكان....هتد).

سەرچاوە: ئاژانسەكان


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand