لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا چی رویدا؟
2018-11-01 17:54:39
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت
(درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری وردو نوێ لەبارەی ئەو شەوە دەستكەوتووە كە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تێدا راگەیەندرا، لەم راپۆرتەدا بەبێ ناوهێنانو ئاشكراكردنی سەرچاوەكان، وردەكاری ئەو زانیارییانە بۆ خوێنەران بڵاودەكاتەوە.
سەرەتای گومانەكە
كاتژمێر (5:00)ی ئێوارە رۆژی 21ی ئۆكتۆبەر، كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی كۆبونەوەیەك بوون بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر سكاڵاو ئەو سندوقانەی دەنگدان بدەن كە قردێلەی سوریان لێدرا بوو، واتە گومانی ساختەكاری گەورەیان لەسەر بوو.
كۆبونەوەكە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا نەكرا، بەفەرمانی سەرۆكی كۆمسیۆن (هەندرێن محەمەد) كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، كۆبونەوەكە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر دواخرا، ئەمە گومانی لای هەندێك لە ئەندامانی كۆمسیۆن دروستكرد، لەو كاتانەدا بە ئاشكرا هەست بەوەدەكرا لە دەرەوە فشارەكان لەسەر كۆمسیۆن زیاتر دەبن، بەڵام هەرگیز بیر لەوە نەدەكرایەوە پارتیو یەكێتی لە ژێر پەردەوە سەرقاڵی رێككەوتن بن لەبارەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن.
پارتی یارییەكەی بردەوە
لە كۆی (9) كەس لە ئەندامانی كۆمسیۆن، (4) كەسیان كە كۆمسیاری سەربە (بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی) بوون، داوایان دەكرد سكاڵاكان سندوقە سورەكان بەجۆرێك یەكلابكرێنەوە كە تێیدا (تەنها دەنگی ئەو لایەنانە بسوتێنرێن كە تۆمەتبارن بە ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن).
فشاری كۆمسیارەكانی (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو) كاریگەری بەهێزی دروستكرد، كۆمسیارانی پارتی رازی بوون بە داوای كۆمسیارانی ئەو سێ لایەنە بۆ سوتاندنی دەنگی ئەو سندوقانەی كە قردێلەی سوریان لێدرابوو، بەتایبەتیش سوتاندنی دەنگەكانی پارتیو یەكێتی لەو سندوقانەدا كە گومانی ساختەكارییان لەسەر بوو.
بەڵام كۆمسیارانی یەكێتی بەتەواوەتی ئەو داواكارییەیان رەتدەكردەوە، چونكە ئەگەر بەوشێوەیە سندوقە سورەكان یەكلابكرایەتەوە، كورسییەكی پارتی دەچوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕانو كورسییەكی یەكێتیش كەمدەبووەوە دەچوو بۆ نەوەی نوێ.
یەكێتی زۆر توند بوو لەسەر رەتكردنەوەی ئەو میكانیزمەو كەمكردنەوەی كورسییەكانی، كاتێك كۆمسیارانی یەكێتی زانیان كۆمسیارانی پارتی رازین بەوشێوەیە سندوقەكان یەكلابكرێنەوە، پەیوەندیان بە سەركردایەتی خۆیانەوە كردو كەوتنە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی (رەنگە پشتیوانییەكەی پارتی بۆ داوای كۆمسیارانی سێ لایەنەكە تەنیا بۆ ئەوە بوبێت یەكێتی ناچار بە گفتوگۆ بكات).
پارتیو یەكێتی لەسەر چی رێككەوتن؟
لەسەر داوای یەكێتی، كۆبونەوە لە پشتی پەردەوە لەنێوان پارتیو یەكێتی لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد، هەر ئەمەش هۆكارەكە بوو لەسەر داوای سەرۆكی كۆمسیۆن كۆبونەوەكە بۆ ماوەی نیوكاتیژمێر دواخرا.
پارتیو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی بەشێك لەو سندوقانەی كە قردێلەی سوریان لێدرابوو لەگەڵ ئەو سندوقانەی كە سكاڵایان لەسەر بوو، دەنگەكانی ناویان بسوتێنرێت، واتە تەواوی دەنگی هەموو لایەنەكان لەو سندوقانەدا، بەجۆرێك هیچ كاریگەرییەك لەسەر ئەنجامی كورسیەكانی هەردوولا دروستنەكات، پارتیو یەكێتی دوای ریككەوتن كۆمسیارانی خۆیان لە كۆمسیۆن ئاگاداردەكەنەوە لە رێككەوتنەكە، لەو كاتەدا كۆمسیارانی گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو دەچنە لای سەرۆكی كۆمسیۆنو پێی رادەیەگەیەنن" كاتی كۆبونەوەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو سندوقانە" كە ئەنجامی رێژەی 15%ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام سەرۆكی كۆمسیۆن پێیان دەڵێ" كۆبونەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە ناكەنو پرسی ئەو سندوقانەیان یەكلاكردوەتەوەو هەمووی دەسوتێنن".
دوای قسەكەی سەرۆكی كۆمسیۆن، كۆمسیارانی (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو) بە توڕەییەوە دێنە درەوەو ئەوكاتە دەزانن كە یەكێتیو پارتی رێكەوتوون، بۆیە بەیاننامەیەكی ناڕەزایی دەنوسنو لە دێڕیكیدا ئاماژە بەوە دەكەن "كاتژمێر 11 شەو بە پەلەو بەبێ هیچ گفتوگۆیەك لەسەری، خشتەیەكی ئامادەكراوی پێشوەختە خرایە دەنگدانو بەزۆرینە تێپەڕێنرا".
چوار كۆمسیار كە دوانیان سەربە گۆڕانو یەكێكیان سەربە كۆمەڵو ئەوی تر سەربە یەكگرتوو بوو، ئەنجامەكەیان رەتكردەوەو بارەگای كۆمسیۆنیان لە شاری هەولێر جێهێشت.
كۆمسیارەكانی ئەو سێ لایەنە ئەوەی لەسەریان بوو لە كاركردنو هەڵوێستوەرگرتن كردیان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنج بوو حزبەكانیان بەوشێوەیە پشتیوانیان لێنەكردنو بەدواداچوونیان نەكردو جدی نەبوون لەوەی بەدوای هەڵوێستە جدیەكانی كۆمسیارەكانیاندا بچن.
زێرەڤانی لەبەردەم كۆمسیۆندا!
لەگەڵ نزیكبوونەوە ساتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، هێزێكی زۆری زێرەڤانی لە دەوروبەرو ناو بینای كۆمسیۆن بڵاوبونەوەو باری نائاسایی ئەمنی لە كۆمسیۆن گیرایەبەر، هۆكاری هاتنی ئەم هێزە ترس بوو لەوەی چوار كۆمسیارە ناڕازییەكە كۆنگرەی رۆژنامەوانی تایبەت بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن تێكبدەن.
هەندێك لە كاندیدەكان قوربانییاندا!
لەو ماوە كورتەی كە رێككەوتن كراو بڕیار لەسەر سوتانی دەنگی سندوقە سورەكان درا كە (119 هەزارو 617) دەنگ بوو، دەنگی زۆربەی كاندیدەكانیش لەگەڵ دەنگی لیستەكانیاندا سوتێنرا، بەڵام ئەمە هیچ گۆڕانكارییەكی لە دەنگی كاندیدەكان دروستنەكرد، چونكە بەو ماوە كەمە فریای پێداچونەوەی ناوی هەموو كاندیدەكان نەكەوتن، ناوی كاندیدەكان هەر لە ئەنجامی 85%ی ئەنجامەكان دەرهێنرا كە پێشتر جیاكرابوەوە، لەكۆتایدا سوتاندنی ئەو (119 هەزارو 617) دەنگە كە دەبوو گۆڕانكاری لە ناوی كاندیدە سەركەوتووەكاندا بكات، گۆڕانكاری دروستنەكردو ژمارەیەك كاندید لە هەموو لایەنەكان بوونە قوربانی ئەم مامەڵەیەی پارتیو یەكێتیو سەرنەكەوتن بۆ پەرلەمان.