(درەو میدیا): ئێران و ئەمریكا پێكهێنانی حكومەت بۆ مەرجەعییەتی نەجەف جێدەهێڵن، سیستانیش پشتیوانی هیچ كاندیدێك ناكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوبێت. "درەو میدیا" لە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە زانیویەتی، ئێران و ئەمریكا بڕیاریانداوە، دەستوەردانەكانیان لەپرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بكشێننەوە و دەرفەت بدەن مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە عێراق ئەو كارە یەكلابكاتەوە. بە وتەی سەرچاوەكە، دوای ئەوەی بەهۆی دەستوەردانەكانی ئێران و ئەمریكا كێشەكانی عێراق گەیشتونەتە لێواری تەقینەوە و هیچ كام لەلایەنە ڕكابەرەكان ئامادەنەبوون سازش بۆ ئەوی تر بكەن و دوای بێهیوابونیان و بۆ ڕێگریكردن لە قوڵبونەوەی زیاتری كێشەكان و پەلكێشانی ململانێكان بۆ توندوتیژی، هەردوو وڵات بڕیاریانداوە ئەو پرسە بە مەرجەعیەت بسپێرن. ئەوەش لە كاتێكدایە، دوێنێ نوسینگەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پشتیگری هیچ كەسێك ناكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوبێت و، زۆرینەی خەڵكی عێراقیش ئومێدیان بەو كەسانە نەماوە پێشتر لەدەسەڵاتدابون بارودۆخەكە چاكبكەن و گەندەڵی بنبڕبكەن. نوسینگەی سیستانی، ڕاشیگەیاندووە، مەرجەعیەت هیچ كەسێكی ڕەتنەكردوەتەوە، هیچ كەسێكیشی بۆ ئەو پۆستە دیارینەكردوە و هەڵبژاردنی دەموچاوێكی نوێ كە بە شارەزایی و بوێری ناسراوبێت، دەكرێت مەرجەعیەت پەیوەندی لەگەڵ دروستبكات و لە خزمەتی بەرژوەندییەكانی وڵاتدا ئامۆژگاری بكات.
راپۆرت: ئارام مەحمود لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەیرانی سیاسی لە عێراق بەرەو خاوبونەوە و چارەسەر دەچێت، پرۆژەی زۆرینەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، جارێكی تر شكستیهێنا و هێزە گەورەكان هیچیان ئامادەنەبوون بچنە دەرەوەی یارییەكە و لە شیرینی حكومەت حكومەت بێبەشبكرێن. بە بڕوای زۆرێك لە چاودێران، دابەشبوونی كۆمەڵێك هێزی كاریگەر بەتایبەتی (سائیرون و فەتح) بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا ئایندەی عێراقی بەرەونادیار بردووە، بەوپێیەی سائیرون (سەدرییەكان) هەژمونێكی گەورەیان لە شەقام و فەتحیش (حەشدی شەعبی) چەكی هەیە، هەر حكومەتێكیش لەسەر بنەمای كردنەدەرەوەی یەكێك لەم دوو هێزە پێكبێت تەمەنی درێژنابێت، هەردوولاش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەشێوازی جیا تەئكیدیان لەسەر ئەم بۆچونە كردووە و هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە. زۆرینەی سیاسی مالیكی خست دروشمی زۆرینەی سیاسی كە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ئەمساڵدا بەرزیكردەوە و بەسەختی بەرگری لێدەكرد و، ئۆباڵی هەموو كێشەكانی عێراقیشی ئەخستە ئەستۆی تەوافوق و پشكێنەی تائیفی، لەم قۆناغەدا جارێكی تر ڕەوانەی ئەرشیفی سیاسی عێراق دەكرێت، وەك سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، دوای نزیكبونەوەی موقتەدا سەدر و هادی عامری لەیەكتر، دوورنیە مالیكی خۆشی لەگەڵ پرۆژەكەی (زۆینەی سیاسی) لە دیمەنی سیاسی عێراق دوورنەخرێتەوە و ببێتە قوربانیی ئەو داوا گەورەیەی لە كاتێكی هەڵەدا بانگەشەی بەدیهێنانی دەكرد. وەك زۆرێك لە ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق و تەنانەت هەندێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراقیش تەئكیدی لێدەكەنەوە، حوكمی زۆرینە بەكەڵكی دۆخی ئێستا نایەت و عێراق بەرگەی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە ناگرێت، هەندێكی دیكەش دەڵێن، ئەم بۆچونە ئەگەر لەبارێكدا ڕاستی ئەوەی تێدابێت كە عێراق وڵاتێكی فرە پێكهاتە و مەزەهەب و ئاین و نەتەوەی جیاوازە و خستنەدەرەوەی هەر كامێك لەمانە بەمانای پەراوێزخستنی كەمینە و تۆخكردنەوەی بنەمای دیكتاتۆریەتی زۆرینەیە و تەنها لەڕێی تەوافوقی سیاسییەوە دەكرێت بەشداری هەموان لەبڕیاری سیاسیادا زامن بكرێت، ئەوا لەبارەكەیدا تردا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، كە هێزە سیاسییەكانی عێراق، ئەوەندەی هەڵپە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازی سیاسی دەكەن، هێندە خەمیان لای ڕێككردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی و ئاوڕدانەوە لە كێشەكانی ژیانی خەڵك نیە، كە وەك دەوترێت، مەرج نیە بەئامادەبونیان لە حكومەتدا بەدیبهێنن، بەڵكو دەكرێت لەڕێی پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و چاودێریكردنی كاركان حكومەتەوە، هەم دەستكەوتی زیاتر بۆ خەڵك بەدەستبهێنن و بنەماكانی دیموكراسیش بچەسپێنن، زیاتر لەوەش ، خۆپەرستی و ناهۆشیاری سیاسی ئەم هێزانە دەردەخات كە تائێستا نەگەیشتونەتە ئاستی یەكتر قبوڵكردن و پێدانی دەرفەت بەیەكتر تا بەرنامە و لێهاتووی خۆیان تاقیبكەنەوە، بەڵكو ئەگەر بۆیان بلوێت پشتی یەكتری دەدەن بەزەویدا، تائاستی دروستكردنی مەترسی جدی لەسەر ژیانی خەڵك و پەنابردن بۆ توندوتیژی و هەڕەشەكردن بە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری گشتی، ئەگەر نەشتوانن ئەوا بەشەریكی كێكی دەسەڵات لەت دەكەن، كە ئەزمونی چەندساڵی ڕابردوو سەلماندویەتی غەیری گۆڕینی ژیانی كۆمەڵێك خەڵكی دیاریكراو، شتێكی ئەوتۆ لەژیانی خەڵك ناگۆڕێت، ئەمە ڕای زۆرێكە لە خەڵكی عێراقیشە. گەورەكان حكومەت پێكدێنن سەبارەت بەدواین زانیارییەكان، ڕەزاق حەیدەری ئەندامی كوتلەی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە، گفتوگۆی جدی هەیە لەنێوان هاوپەیمانی فەتح (عامری) و هاوپەیمانی سائیرون (سەدر) كە ڕەنگە بەمزوانە كۆتایی بەقەیرانی سیاسی عێراق بهێنێت، ئاماژەی بەوەشداوە، نزیكبونەوەیەكی بەرچاو لەئارادایە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی زۆرینەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە شەقامی عێراقی. وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، قسەی ئەم بەرپرسەی نزیك لە عامری، ئەوە دەگەیەنێت كە ناوبراو مالیكی بەتەنیا جێهێشتووە، بەڵام پێناچێت ئێرانییەكانیشی بەجێهێشتبێت، شرۆڤەی نزیك ئەوەیە، ڕەنگە ئەمریكا و ئێران گەیشتبنە ئەو بڕوایەی تێكچونی دۆخی ئەمنیی و سیاسی عێراق خزمەت بە بەرژوەندی هیچیان ناكات و لەدواین ساتەكاندا واشنتۆن گلۆپی سەوزی بۆ بەرەكەی سەدر و عەبادی هەڵكردبێت كە حەشدی شەعبی بكەنە بەشدار لەناوەندی بڕیاری سیاسی عێراق و لەبەرامبەریشدا ئێرانییەكان نوری مالیكیان كردبێت بە قوربانیی ئەم پێشهاتە تازەیە. دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان سوپرایز دەبێت حەمید معەلە، سەركردە لە ڕەوتەكەی عەممار حەكیم دەڵێت، هاوكێشە سیاسییە بەهێزەكە ئەوەیە، (فەتح و سائیرون و نەسر و حیكمە) پێكەوە دەبن، ئەوەش پشتیوانی ئەو بۆچونەی سەرەوە دەكات كە مالیكی لە هاوكێشەكە كراوەتە دەرەوە. بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 15 ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق جارێكی تر كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەردوو كۆبونەوەی ڕۆژی 3 و 4ی ئەیلول شكستهێنا لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكە)، مەعەلە، دەڵێت، ڕۆژی شەممەی داهاتوو پێشهاتی تازە ڕوودەدات كە گەلی عێراق دڵخۆش دەكات، پێدەچێت مەبەستی گەیشتنبێت بەڕێككەوتن لەسەر دابەشكاری پۆستەكان و بەدیاریكراویش سێ سەرۆكایەتییەكە و ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق وەك هەنگاوی یەكەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت. ئەو بەرپرسەی ڕەوتی حیكمە كە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەم قسانەی كردووە، لەگەڵ ئەوەی تەئكید لەوەدەكات، ناكامڵی دیموكراسی لە عێراق ڕێگە بەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە نادات، هاوكات شتێكی نوێ ئاشكرا دەكات و دەڵێت، تائێستا سەرجەم هێزە سیاسییەكان وازیان لە پرۆژەی (زۆرینەی نیشتمانی) نەهێناوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هێزە گەورەكانی (شیعەو كورد و سوننە) حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنن و دەوڵەتی یاسا و هێزە بچوكەكانیش لە هەرسێ پێكهاتەكە لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكومەت دەكەنە دەرەوە.
(درەو میدیا): بەپێی بەدواداچونێكی جەبار ئەمین پەرلەمانتاری سوید، پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید لە هەڵبژاردنی دوێنێدا، ژمارەی كورسیيەكانی لە (113) كورسیيەوە بۆ (101) كورسی و 12 کورسی كەمیكردووە ، پارتی ژینگەش لە (25) كورسيیەوە بۆ (15) كورسی كەميكردووە، واتا (10) كورسی، هەرچی پارتی ڕەگەزپەرستەكانە لە (٤٢) كورسییەوە بۆ (٦٢) كورسی زیادیکردووە، واتا (20) كورسی. كاتژمێر ٨ی ئێوارەی دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاكان و شارەوانییەكانی سوید كۆتایی پێهات: * (7 ملیۆن و 500 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو * ڕێژەی دەنگدان گەیشتە (84%) * ژمارەی بنكەكانی دەنگدان: (6 هەزار) بنكە * ژمارەی كورسیيەكانی پەرلەمانی سوید: (349) كورسییە تەنها (5) كاتژمێر دوای بەڕیوەچوونی پرۆسەكە، واتە كاتژمێر (1)ی شەو، ئەنجامە بەراییەكان (كە نزیكەی 98%ی دەنگەكانە) بڵاوكرایەوە، و ئەنجامەكان بەم شێوەیەن: 1- پارتی دیموكراتەكانی سوید (واتە رەگەزپەرستەكان) و پارتی مەسیحی و پارتی چەپ و پارتی سەنتەر سەركەوتنێكی دیاریان بەدەستهێنا: * ژمارەی كورسی پارتی ڕەگەزپەرستەكان لە (42) كورسییەوە دەبێت بە (٦٢) كورسی، واتا (20) كورسی زیاد دەكات. * ژمارەی كورسییەكانی پارتی مەسیحییەكان لە (16) كورسییەوە دەبێت بە (23) كورسی، واتا (7) كورسی زیاد دەكات. * ژمارەی كورسییەكانی پارتی سەنتەر لە (22) كورسییەوە دەبێت بە (31) كورسی، واتا (9) كورسی زیاد دەكات. * ژمارەی كورسییەكانی پارتی چەپ لە (21) كورسییەوە دەبێت بە (28) كورسی، واتا (7) كورسی زیاد دەكات. 2- هەردوو پارتی حوكمڕان، واتە پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی ژینگە، دابەزینیان بە خۆیانەوە دی: 1- پارتی سۆسیال دیموكرات لە (113) كورسییەوە كەم دەكات بۆ (101) كورسی، واتا (12) كورسی كەم دەكات. 2- پارتی ژینگە لە (25) كورسییەوە بۆ (15) كورسی كەم دەكات، واتا (10) كورسی كەم دەكات. 3- پارتی پارێزەران كەم دەكات و ژمارەی كورسییەكانی لە (83) كورسییەوە دەبێت بە (70) كورسی، واتا (13) كورسی كەم دەكات. 4- پارتی لیبرال (19) كورسییەكەی خۆی دێنێتەوە، واتە نە زیاد دەكات و نەكەم. 5- كوتلەی چەپ/ سەوز (كە لە پارتی سۆسیال دیموكرات و پارتی ژینگە و پارتی چەپ پێكدێت)، (144) كورسی بەدەستهێناوە. 6- كوتلەی ڕاستڕەو (كە لە پارتی پارێزەران و پارتی لیبرال و پارتی سەنتەر و پارتی مەسیحی پێكدێت)، (143) كورسی بەدەستهێناوە. لەبەرئەوەی پارتی ڕەگەزپەرستەكان، كە ئێستا (62) كورسیی بەدەستهیناوە، ئەگەرێكی بەهێز هەیە كوتلەی ڕاستڕەوەكان چەند هەفتەیەكی تر و لە ڕێگای هاوكاری ڕەگەزپەرستەكانەوە، دەسەڵات بگرێتە دەست.
(درەو میدیا): هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە هاوپەیمانێتی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە" كشایەوە كە بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلە لەگەڵ هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی و رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و چەند كوتلەیەكی تر پێكیانهێناوە و بەوەش مانگی هەنگوینی نێوان سەدر و عەبادی كۆتاییهات و چانسی عەبادی بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ چوار ساڵی تر كەمبوەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " غەدپرێس" قەحتان جبوری وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكدا وتویەتی:" هیچ هاوپەیمانێتییەكی نوێمان نەكردووە، و ئێستا ئێمە لە دەرەوەی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەین و ئەمەش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەختیی لێكرایەوە". جبوری وتوشیەتی:" هەر لێدوانێك كە لایەن وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی سائیرونەوە نەدراوبێت، بۆچوونی رەسمی نییە و تەنها بۆچون و رای شەخسییە و ئەو هەواڵانەش ناڕاستن كە باس لەوەدەكەن سائیرون هاوپەیمانێتی نوێی پێكهێناوە". سیستانی كارتی مالیكی و عەبادی و عامری سوتاند هاوكات سەباح ساعدی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكان بە ئاگاداركردنەوەیەك كە ئەو بە رەسمی وەسفیكرد رەتیكردووەتەوە پێنج كەس پۆستی سەرۆك وەزیرانی كابینەی نوێی حكومەت وەربگرن و یەكێكیان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستایە. ساعدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" سیستانی لە كۆبوونەوەیەكدا لە نەجەف بە دانوستانكاری ئێرانی راگەیاندووە كە هەریەك لە حەیدەر عەبادی، نوری مالیكی، هادی عامری، فالح فەیاز و تارق نەجم چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان نییە". بەوتەی ساعدی ئەوان وەك هاوپەیمانێتی سائیرون كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە و عەبادی نییە و سائیرون پشتگیری لە عەبادی ناكات كە خولێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە. " دەبێت عەبادی داوای لێبوردن بكات" هاوكات فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی كە دوو كورسی لە پەرلەماندا هەیە و لە هاوپەیمانێتیی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەدا" بەشدارە رایگەیاند حەیدەر عەبادی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو راناسپێدرێت ئەگەر جنۆكە و مرۆڤەكانیش پشتیوانی بن. فایەق شێخ عەلی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" ئەم قسەیەم هەڵبگرن، حەیدەر عەبادی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو راناسپێردرێت، هەتا ئەگەر جنۆكە و مرۆڤەكان پشتیوانی بن". شێخ عەلی لە بەشێكی تری تویتەكەیدا دەڵێت:" تەنها یەك حاڵەت هەیە بۆئەوەی عەبادی رابسپێردێت, كە مایەی سازشكردن نییە، ئەوەش ئەوەیە داوای لێبوردن لە ئەنجومەنی نوێنەران بكات, بۆ هەموو بێڕێزییەكانی, كە دواهەمینیان داگیركردنی بوو بە پاسەوانەكانی و شكاندنی دەرگا و ئامێرەكانی". حەیدەر عەبادی رۆژی شەممە لەسەر بانگەوازێكی موقتەدا سەدر ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بوو بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی بەسرە و لە كۆبوونەوەكەدا شەڕە قسە لە نێوان حەیدەر عەبادی و پارێزگاری بەسرەدا كە سەربە رەوتی سەدرە روویدا و هاوكات شەڕەقسە لە نێوان عەبادی و وەزیرەكانی حكومەت و پەرلەمانتاراندا روویدا". دوای كۆبوونەوەكەش هاوپەیمانی فەتحی هادی عامریی و سائیرونی موقتەدا سەدر داوایان لە حەیدەر عەبادی و وەزیرەكانی حكومەت كرد دەستلەكاربكێشنەوە و عەبادیش لە كاردانەوەی ئەوەدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا پەرلەمانی بەوە تۆمەتباركرد كە كۆبوونەوەكەیان بەلارێدا بردووە و بۆ مەبەستی شكاندن و روخاندن بەكاریانهێناوە.
(درەو میدیا): ستیف بانون، گەورە راوێژكاری پێشووی كۆشكی سپی بۆ كاروباری ستراتیژی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی " كودەتایەك" دەبێتەوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو وتارەكەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە بەبێ ناوهێنانی نوسەرەكەی و تێیدا وردەكاریی بوونی ئۆپۆزسیۆنی لەناو ئیدارەكەی ترەمپدا ئاشكراكردبوو. بڵاوكردنەوەی وتارێكی ئیمزانەكراو بەناوی یەكێك لە گەورە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەو گریمانەیەی ترەمپی پشتڕاستكردەوە كە بەرگری لێدەكات و باوەڕی وایە ژمارەیەك لە كارمەندە باڵاكانی ئیدارەكەی وەك " دەوڵەتێكی سێبەر" بە نهێنی كاردەكەن بۆ شكستپێهێنانی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی. ستیف بانون لە سەردانێكی خێرادا بۆ ئیتالیا وتی:" ئەوەی ئەو رۆژە بینیتان زۆر مەترسیداربوو، ئەوە هێرشێكی راستەوخۆیە بۆسەر دامەزراوەكان و ئەوە كودەتایە". رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت ئەو وتارەی رۆژی چوارشەمممە بڵاوكرایەوە بەرپرسێكی دیاری ئیدارەكەی ترەمپ نوسیوێتی بەبێ ئەوە ناوەكەی ئاشكرابكات. نوسەری وتارەكە رەخنەی لە " نەبوونی رەهەندی ئەخلاقی" لەلایی ترەمپ گرتووە و دەڵێت:" ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ئیدارەكەی بە بەردەوامی لەناوەوە كاردەكەن بۆ شكستپێهێنانی بەرنامە و ئارەزووە خراپەكانی". قەیرانێكی سیاسی راستەقینە بانون راشیگەیاند لەماوەی رابردوودا كە سەرۆكێكی ئەمریكا رووبەڕووی هەمان ئاڵنگاری بوبێتەوە، ئەوە بوو لە میانی شەڕی ناوخۆی ئەمریكادا روویدا كاتێك ژەنەراڵ جۆرج بی. مەكلیلان لەگەڵ سەرۆك ئەبراهام لینكۆڵندا ناكۆك بوو. بانون وتی:" وڵات لە هاوینی 1862وە قەیرانێكی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، كاتێك ژەنەراڵ مەكلیلان و ئەفسەرە باڵاكان لە سوپای فیدراڵی كە هەموویان سەر بە دیموكراتەكان بوون، رایانگەیاند كە ئەبراهام لینكۆڵن شیاوی ئەوە نییە فەرماندەی گشتی بێت". ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند پێویستە وەزارەتی دادی ئەمریكا ناسنامەی نوسەری ئەو وتارە ئاشكرابكات و وتی ئەوە پرسی ئاسایشی نیشتمانییە. مانگی ئابی 2017 ترەمپ بانونی لە پۆستەكەی دوورخستەوە دوای ناكۆكی لەگەڵ راوێژكارەكانی سەرۆك دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی پارتی كۆماری خشتەی كارە ئابورییە نەتەوەییەكانی پەسەندبكات، بەڵام بانون لەو كاتەدا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی " سی بی ئێس" رایگەیاند خۆی دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەیتەوە و وتیشی:" دامەزراوەی كۆماریی چاوی لە پوچەڵكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی 2016 و دوورخستنەوەی ترەمپە". هەروەها بانون لە رۆما رایگەیاند:" گروپێك لە كەسایەتییەكان لە دامەزراوەی كۆمارییەكاندا باوەڕیان وایە كە ترەمپ شیاوی ئەوە نییە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان بێت، ئەوەش قەیرانە". وتیشی:" پیاوی پیلانگێڕییەكان نیم... وتم دەوڵەتێكی قوڵ نییە بەڵكو دەوڵەتێكی دیار و ئاشكرایە" هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو وردەكارییانەی ناو كۆشكی سپی لیبراڵە پێشكەوتنخوازەكانی ناو پارتی دیموكرات، وەك بێرنی ساندەرز هۆشداریدا لەوەی كە دڵخۆش نەبن بەوەی لە كۆشكی سپیدا روودەدات و وتی:" وانەزانن ئەگەر دەسەڵاتان گرتەدەست كارەكە جیاوازدەبێت، چونكە ئەوە سیستمەی ئێستایەكە دەڵێت كە ئەو زۆر لەگەل بەئاگاترە". سەرچاوە: " DW"
سوپای پاسداران یەكلای كردەوە كە ئەو موشەكانەی ئاراستەی بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی كردبوو موشەكی ( فاتح 110 ) لێرەوە (درەو میدیا) زانیاری وورد لەسەر موشەكی (فاتح 110 ) بزانە: • موشەكێكی زەمین بە زەمینە • ساڵی 2002 بۆ جاری یەكەم ئەم موشەكە تاقیكراوەتەوە • ساڵی 2003 بۆ جاری یەكەم لە نمایشێكی سەربازیدا لە تاران نیشان دراوە • كێشی موشەكی فاتح 110 سێ تەنەو كڵاوەیەكی پڕ تەقەمەنیش هەڵدەگرێت كە كێشەكەی نیو تەن (500 كیلۆگرام)ە. • مەودای موشەكەكە (295 كیلۆمەتر)ە • موشەكەكە بە وزەی پتەو كاردەكات كە ئەمە وایلێدەكات بە خێراییەكی زۆر و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بتەقێندرێت و بەوردی ئامانجەكەی بپێكێت • مانگی ئابی 2012 ئێران رایگەیاند، نەوەی چوارەمی موشەكی فاتح 110ی تاقیكردوەتەوە كە مەوداكەی لە (300 كیلۆمەتر) زیاترە و لە توانایدایە ئامانجەكانی لە وشكانی و دەریادا بە وردی بپێكێت
( درەو میدیا): محەمەد زەینی سەرۆكی كاتی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ یەكشەممە لەلایەن چەند گومانلێكراوەكەوە لە بەغدا هەوڵدراوە دەستدرێژی بكرێتە سەری و هێزێکی ئەمنی بە هانایاوەچوون و ئێستا لە هۆتێل رەشید گیری خواردووە. زەینی بەهۆی ئەوەی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی نوێی عێراقە بە گوێرەی دەستور ئەركی سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێسپێردراوە، تا ئەو كاتەی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت. زەینی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت:" هەندێك باس لە موچەی خەیاڵی دەكەن كە پەرلەمانتاری عێراق وەریدەگرێت، و من یەكێكم لەوانە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ دینارێكم لە هیچ لایەنێكەوە وەرنەگرتووە و هەموو خەرجییەك لە پارەی تایبەتی خۆم دەكەن". دەشڵێت:" ئێستا لە هۆتێل رەشید لەگەڵ پاسەوانەكانمدا گەمارۆدراوم دوای ئەوەی هەوڵدرا لەلایەن چەند گومانلێكراوێكەوە هێرش بكرێتە سەرم و پۆلیسی فریاكەوتنی بەغدا گەڕاندمیانەوە بۆ ئەم هۆتیلە و ئێستا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونم و ئەم شوێنەش زۆر گرانە و سروشتی من نیە لە هۆتێلێكی وا گرانبەهادا دابنیشم و دەمەوێت بچمە شوێنێك لەگەڵ دۆخی دارایمدا بگونجێت". زەینی ساڵی 1939 لە دایكبووە و لە هەڵبژاردنی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقدا توانی بەبێ بڵاوكردنەوەی هیچ ریكلامێك لە شەقامەكان و كەناڵەكاندا حەوت هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و كورسییەكی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بكات.
( درەو میدیا): سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەكدا وردەكاریی هێرشەكەی سەر كۆیەی راگەیاند و ئاشكرایكرد "حەوت" موشەكی زەمین بە زمینی جۆری " فاتح 110" یان ئاراستەی بارەگای حزبی دیموكرات كردووە لە كۆیە. موشەكی " فاتح110" كێشى کڵاوەکەی 500 كیلۆگرامە و مەوداكەی 300 كیلۆمەترە و ساڵی رابردووش سوپای پاسداران لە دێرزوری سوریا موشەكی " قیام و زولفیقار"ی بەكارهێناوە كە جۆرێكن لە موشەكی فاتح. هاوكات سوپای پاسداران لەو هێرشەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشی بەكارهێناوە و ڤیدیۆی ساتی تەقاندن و كەوتنەوەی موشەكەكانی لەناو بارەگاكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە تۆماركردووە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە. بە گوێرەی سەرچاوەكان لەو هێرشەی كۆیەدا 14 كەس شەهیدبوون و 46 كەسی تریش برینداربوون كە ژمارەیەكیان سەركردەی حزبی دیموكراتی ئێران " حدك" بوون. موشەكی فاتح 110: • موشەكێكی زەمین بە زەمینە. • ساڵی 2002 بۆ جاری یەكەم ئەم موشەكە تاقیكراوەتەوە. • ساڵی 2003 بۆ جاری یەكەم لە نمایشێكی سەربازیدا لە تاران نیشان دراوە. • كێشی موشەكی فاتح 110 سێ تەنەو كڵاوەیەكی پڕ تەقەمەنیش هەڵدەگرێت كە كێشەكەی نیو تەن (500 كیلۆگرام)ە. • مەودای موشەكەكە (295 كیلۆمەتر)ە. • موشەكەكە بە وزەی پتەو كاردەكات كە ئەمە وایلێدەكات بە خێراییەكی زۆر و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بتەقێندرێت و بەوردی ئامانجەكەی بپێكێت. • مانگی ئابی 2012 ئێران رایگەیاند، نەوەی چوارەمی موشەكی فاتح 110ی تاقیكردوەتەوە كە مەوداكەی لە (300 كیلۆمەتر) زیاترە و لە توانایدایە ئامانجەكانی لە وشكانی و دەریادا بە وردی بپێكێت.
(درەو میدیا): چەند كاتژمێرێك دوای هێرشە موشەكییەكانی ئێران بۆسەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە، كەناڵی (روسیا تودەی) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ راوێژكارێكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی بڵاوكردەوە. لە چاوپێكەوتنەكەدا عەمید حسێن دهقان راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری پیشەسازی سەربازی دەڵێ" دانوستان لەسەر توانا موشەكییەكانمان ناكەین، چونكە ئەوە پرسی بوون و نەبوونە، ئەوە پرسی شكۆ و شەرەف و سەربەخۆیی و متمانەی نشتیمانییە، ناكرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەگەر ئەمریكییەكان وابزانن دەكرێت لەبارەی توانا موشەكییەكانەوە دانوستانمان لەگەڵ بكەن، ئەوە زۆر گەشبینن و حساباتیان هەڵەیە، بۆیە ئێمە لەبارەی سیستمی موشەكییەوە لە هیچ بارودۆخێكدا دانوستان ناكەین". راوێژكارەكەی خامنەیی ئاماژەی بەوەدەكات" ئەوان لە توانایاندایە لەماوەیەكی كەمدا گەشە بەو موشەكانە بدەن كە ئێستا هەیانە، ئەوەش بەپێی ئاستی هەڕەشەكانی ئێستا، توانا موشەكییەكانیان لە ئاستی پێویستدایە بۆ روبەڕبوونەوە، بەڵام ئەگەر هەڕەشەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات و پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەبوو، هیچ بەربەستێك نییە بۆ ئەوەی مەودای موشەكان زیادبكەن". قسەكانی حسێن دهقان نیشانی دەدات دیوێكی ئەو هێرشە موشەكییەی كە سوپای پاسداران كردیەسەر بارەگای حزبی دیموكرات لە كۆیە، بۆ نیشاندانی توانای موشەكی ئێران بووە بە وڵاتانی ناوچەكە و ئەمریكا و ئیسرائیل، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە موشەكەكان لە مەودایەكی دورەوە ئاڕاستە كران. حسێن دهقان لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێ" لەو بڕوایەدا نین ئەمریكا و ئیسرائیل بڕیاریان دابێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچنە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دەكرێت لەژێر ناوی تردا لە سوریا و عێراق پرۆسەی سەربازی لەدژی هاوپەیمانەكانمان ئەنجام بدەن، ئەوەش لێكەوتی خۆی دەبێت و هەموو بڕیارێك باجی خۆی دەبێت، هەرچی سعودیەیە، دەوڵەتێكی ناسەربەخۆیە، ناتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەكە بە ئاڕەزووی خۆی بڕیاربدات و توانایەكی گەورەی سیاسی و ئابوری و جوگرافی وەهای نییە كە بتوانێت هێرش بكاتەسەر ئێران.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ شەممە لە قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان شەڕ لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاواو هێزەكانی حكومەتی سوریا روویدا و بەهۆیەوە 18 كەس كوژران. فەرماندەیی ئاسایشی قامیشلۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كاروانێكی هێزەكانی رژێمی سوریا كە لە سێ ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون بەیانی ئەمڕۆ هاتونەتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئاسایش و لەكاتی تێپەڕینیاندا بە خاڵێكی پشكنیندا بە چەكی سوك و مامناوەند تەقەیان كردووە و ئەوانیش بەرپەرچیانداونەتەوە و لە ئاكامدا 11 ئەندامی هێزەكانی حكومەتی سوریا كوژراون و دووانیش برینداربوون و حەوت كارمەندی ئاسایشیش گیانیان لەدەستداوە و یەكێتی تر برینداربووە. بەشی هەرە زۆری شاری قامیشلۆ لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەلدایە جگە لە فڕۆكەخانە و چوارگۆشەی ئەمنی ناوەڕاستی شارەكە كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حكومەتی سوریادایە.
(درەو میدیا) سایتی (تابناك)ی نزیك لە موحسینی رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرایكرد، سوپای پاسداران لە بنكەیەكی نزیك شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە موشەكی ئاڕاستەی بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستان كردووە لە شاری كۆیە. بەپێی زانیاریی ئەو سایتە، لەو بنكەیەوە (6) موشەكی زەمین بە زەمین ئاڕاستەی بارەگای حزبی دیموكرات كراوە. لەم لینكەوە بەڤیدیۆ هێرشە موشەكییەكە ببینە: https://www.facebook.com/drawmedia/videos/309853496262195/ پەیامنێری سایتی (بی بی سی فارسی) بەریتانی رایگەیاند، لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا، ئەمە گەورەترین هێرشی سوپای پاسداران بووە بۆسەر حزبی دیموكراتی كوردستان، كە هەندێك وەك وەڵامێك بۆ ئەمریكا ئەژماری دەكەن، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە حزبەكانی رۆژهەڵات لەلایەن ئەمریكاوە هاوكاری و پشتیوانی دەكرێن. كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ بارەگای هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە روبەڕوی هێرشی موشەكی بونەوە. ئاسۆ حەسەن زادە یاریدەدەری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سویدەوە بە تەلەفزیۆنی (بی بی سی فارسی) رایگەیاند، سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر هەڕەشەیان كرد كە بارەگاكانی حزبی دیموكرات لەناو قوڵایی خاكی كوردستانی عێراق بەتایبەتی لە كۆیە دەكەنە ئامانج، بەیانی ئەمڕۆ چەند خولەكێك دوای ئەوەی هەڕەشەكە خرایە بواری جێبەجێكردن، چەند سایتێكی سەربە كۆماری ئیسلامی لە نمونەی سایتی (میهر) و سایتی (سوپای پاسداران) هەواڵی هێرشەكەی ئێرانیان پشتڕاستكردەوە. بەپێی قسەی هەندێك سەرچاوەی نزیك لە حزبی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی هێرشەكەوە لانی كەم (14) كەس شەهیدبوون، كە شەش كەسیان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بوون بەناوەكانی (رەحمان پیرۆتی، نەسرین حەداد، سۆهەیلا قادری، ئیبراهیم زێوەیی، هاشم عەزیزی، لوقمان قیراوی). هەواڵی هێرشەكەی كۆماری ئیسلامی بۆسەر حزبی دیموكراتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان روپەڕی هەموو میدیاكانی جیهانی داگیركرد، هێرشەكە هاوكات بوو لەگەڵ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ چالاكوانی سیاسی كورد لە ئێران، هەروەها هاوكاتیش بوو لەگەڵ سوتاندنی كونسوڵگەری ئێران لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە. هێرشە سەربازییەكانی ئێران لەدەرەوەی سنوری ئەو وڵاتە چەند رۆژێكە زیادیان كردووە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ توندبونەوەی كاریگەری سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و داڕمانی تەواوەتی بەهای تمەنی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاردا.
راپۆرتی: درەو میدیا لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان لەبەسرە پێشهاتێكی تازەنیە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، چونكە وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، ئەو قەناعەتەیان بەتەواوی لا چەسپیوە كە حكومەتی ناوەندیی ستەمییان لێدەكات و بەخێر وبێر و داهاتی شارەكەی ئەوان، خەڵكی عێراق بەخێودەكات و ئەوانیشی فەرامۆشكردووە، بەڵام وەك زۆریك لەچاودێران دەڵێن، توندبوونەوەی ململانێی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و ئەجێندا دەرەكییەكان، ڕۆڵی دیاریان گێڕاوە لە سەرلەنوێ وروژاندنەوەی خۆپیشاندانەكان لەو پارێزگایە، تائاستی بەریەككەوتنی توند و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان لەسەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی. بەسرە كێشەی خزمەتگوزرایی هەیە نەك سیاسی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا وتی، "داواكاری خەڵكی بەسرە دابینكردنی خزمەتگوزراییە، پێویستە لایەنی خزمەتگوزاری لە لایەنی سیاسی جیابكرێتەوە، خۆپیشاندەران خۆشیان سوتاندن و كاری تێكدەرانە ڕەتدەكەنەوە". عەبادی پێشوتریش لەبارەی ڕووداوەكانی بەسرەوە ڕایگەیاندبوو" پرۆژەیەك هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئاشوب و بەیەكدادانی سوپا و خەڵكی بەسرە" بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لانێك بهێنێت، هاوكات ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی بڕیاری عێراقیش لەهەمان دانیشتدا ئاماژەی بەوەدا " ململانێی ناوخۆیی و ئەجێنداتی دەرەكی لەسەر خاكی بەسرە جێبەجێدەكرێت". توندوتیژی و بەلاڕێدابردن بۆ شەرعیەتدانە بەسەركوتكردن ڕووداوەكانی دوێنێی شاری بەسرە، جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو و خۆپیشاندانەكانی ڕابردووش، سیمایەكی (تێكدەرانە بەسەریدا زاڵبوو)، كە وەك سەرچاوە میدیاییەكانی عێراق ئاماژەی بۆ دەكەن، چەندین دامەزراوەی كەرتی گشتی و تایبەت و ئۆتۆمبیلی مەدەنی و حكومی سوتێندران، وێڕایی كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتی و برینداربوونی دەیانی تر، توندوتیژییەكی لەڕادەبەدەر ترسناك لەو شارە سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی پێشوتریش بارەگای كۆمەڵێك حزب و گروپی دیاریكراو سوتێران كە لە یەكێك لەبەرە ململانێكەرەكانی ناو پرۆسەی سیاسییەوە نزیكن. ئاسایش و سەقامگیری بوەتە ئەولەویەت بەوتەی ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەم پێشهاتە تازانە چاوەكانی لەسەر داواكارییە ڕەواكانی خەڵك لابرد و كردنیە مەسەلەیەكی لاوەكی، ئێستا هەموان خەمیان دەستبەركردنی سەقامیگری و گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ پارێزگای بەسرە، ڕەشید فلەیح فەرماندەیی نوێی پرۆسە سەربازییەكانی بەسرە دوای دەستبەكاربوونی لەپۆستە تازەكەی لە یەكەم لێدوانیدا، بەڵێنی سەقامگیركردنی دۆخی ئاسایشی شاری بەسرەیدا، لە كاتێكدا وەك هەندێك دەڵێن،خەڵكی بەسرە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆپیشاندانی كردووە نەك بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایشی شارەكەی لەدەستبدات. وەك هەندێك دەڵێن، ڕەنگە ئێستا بەسرە بەپیترین خاك بێت بۆ بەریەككەوتنی ئەجێندا جیاوازەكان كە هەندێكیان بەرژەوەندی لە سەقامگیریدایە و هەندێكی تریشیان قازانجیان لە دروستكردنی پشێوی و ناشرینكردنی خۆپیشاندان و گۆڕینیدایە لە میكانیزمێكی مەدەنیانەی داواكردنی مافی خەڵكەوە بۆ كەرەستەی ترساندن و تێكدانی ئاسایشی گشتی و لەو ڕێگەیەشەوە جارێك شەرعیەت بدەن بەسەركوتكردنی و جارێكی تریش، قەزییە سەرەكییەكە لەبیری خەڵكی بەرنەوە و سەرقاڵی كۆمەڵێك شتی تری لاوەكییان بكەن.
(درەو میدیا): بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فارس نیوز"ی ئێرانی، زانیار و لوقمان مورادی كە نزیكەی 10 ساڵە بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی پێشنوێژی جومعەی مەریوان لە زینداندا بوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزاكەیان جێبەجێكرا و لەسێدارەدران. ئاژانسەكە راشیگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی جێبەجێكراوە و هەرسێكیان لەسێدارەدراون. رۆژی 17ی تەمموزی رابردوووش ئیقباڵ مورادی چالاكی سیاسی و ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی و باوكی زانیار مورادی و مامی لوقمان مورادی لەسەر رووباری پێنجوێن تیرۆركرا. .
(درەو میدیا): هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن شكستیهێنا و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا كە بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت كە رۆژی 30ی ئەیلولە. رێكخەری گشتی بەكاندیدەكانیشی وتووە كە بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەڵبژاردنەكە ناكات و بەشداری تێدا دەكات. ئەم قسانەی رێكخەری گشتی دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بزوتنەوەی گۆڕان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵێكی بەرفراوانی دەستپێكرد بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كۆبووەوە و بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بۆ دواخستی هەڵبژاردن بە وەفدەكەی پارتی راگەیاند. بەهانەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواخستی هەڵبژاردن خۆی لە دوو خااڵدا دەبینییەوە، یەكەم: خراپی تۆماری دەنگدەران، دووەم: بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن دەنگدەران و كەمی ئاستی بەشداری خەڵك لە پرۆسەكە. رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، دوو حزب كە بریتین لە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) بایكۆتی پرۆسەكەیان كردووە و بەشداری تێدا ناكەن.