Draw Media

راپۆرتی / محەمەد رەئوف رۆژ لەدوای رۆژ لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، بەجۆرێك  ئێستا كۆی داهاتەكانی هەرێم زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە. داهاتەكانی هەرێم خۆی لە ( داهاتی نەوت ، بەشە پارەی بەغداد، داهاتی ناوخۆ، پارەی ئەمریكا) كە كۆی گشتی ئەو داهاتانە بەشی تەواوی موچەی موچەخۆران و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەكات. یەكەم/ داهاتی نەوت هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2018 دا رۆژانە ( 399.032 ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە كە كۆی گشتی ئەو مانگە ( 12.370.000) بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری جیهانی توركیا كردووە، كە بەپێی راپۆرتی (گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان)، لە مانگی ئەیلولدا نرخی بەرمیلێك نەوت 77 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 8 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 69 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان ( 853.530,000 $) هەشت سەدو پەنجاو سێ ملیۆن و 530 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕە پارەیە ( 135 ملیۆن دۆلار) قەرز دەداتەوە بە توركیا و 25 ملیۆن دۆلار كرێی گواستنەوەو 35 دۆلاریش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانە، واتا مانگانە ( 195 ملیۆن دۆلار)ی دەڕوات كەواتا كۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی ئەیلول ( 658,503,000$) شەش سەدو پەنجاو هەشت ملیۆن و  530 هەزار دۆلار ئەمە داهاتی نەوتە بۆ یەك مانگ  دەكاتە ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو  236 ملیۆن دینار. دووەم/ داهاتی ناوخۆ  داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە پێی  وتەی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ( 120 ملیار دینار) ە كە زیاتر بۆ خەرجی وەزارەتەكانە  سێیەم/ پارەی عێراق ئەو پارەیەی كە مانگانە لە عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە ( 317 ملیار دینارە)، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە زیادبكرێت.  چوارەم/ پارەی ئەمریكا ئەو پارەیەی كە مانگانە ئەمریكا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەكات ( 25 ملیۆن دۆلار) ە واتا ( 30 ملیار دینار) . بەو پێیەش كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەكاتە : داهاتی نەوت ( 790,236,000,000 ) حەوت سەدو نەوت ملیارو  236 ملیۆن دینار +  داهاتی ناوخۆ ( 120 ملیار دینار) ە + پارەی بەغداد ( 317 ملیار دینارە) + پارەی ئەمریكا ( 30 ملیار دینار)،  كۆی گشتی دەكاتە = 1,257,236,000,000  ( یەك ترلیۆن و 257 ملیار و 236 ملیۆن دینار ) بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە ( 897 ملیار دینار) هەیە بەو پێیەش داهاتی مانگانە (1,257,236,000,000 دینار  - 897,000,000,000 دینار = 366,000,000,000 دینار لەكۆی موچە دەمێنێتەوە واتا داهاتی هەرێم بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و 366 ملیار دیناریشی زیادە كە بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت.  ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستاش  حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوامە لەسەر پاشەكەوت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.    


 ( درەو میدیا):  لەدوای دیارنەمانی ڕۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی، دیموكراتەكانی ئەمریكا فشارەكانیان لەسەر (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی وڵاتەكەیان چڕكردوەتەوەو ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران داوا لە ترەمپ دەكەن، پەیوەندییە داراییە گریمانەكراوەكانی لەگەڵ سعودیە ئاشكرابكات.  دوێنێ‌ چوارشەممە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان ڕایگەیاند، نایەوێت دەستبەرداری سعودییە، دۆستی نزیكی ئەمریكا بێت بەهۆی دیارنەمانی خاشقچی و، داوای بەدەستهێنانی تۆمارە دەنگییەكانیشی كرد، كە سەرچاوە توركییەكان كردویانە بە بەڵگەی كوشتنی ناوبراو لەلایەن سعودییەوە. ترەمپ راشیگەیاند چاوەڕوانی ڕاپۆرتێكی تێرروتەسەل دەكات لەلایەن مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەردانی سعودیە و توركیای كرد بۆ ئەو مەبەستە.  ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ) كردووە پەیوەندییە داراییە گریمانەكراوەكانی لەگەڵ سعودییەكان ئاشكرابكات، نیگەرانی خۆشیان لە ئەگەری بەریەككەوتنی بەرژوەندییەكان دەربڕیوە. ئەوە لەكاتێكدایە (11) سیناتۆری دیموكراتەكان لە نامەیەكی كراوەدا داوایان لە سەرۆك و كوڕەكانی (دۆناڵد جی ئار و ئەریك) كردووە، سەرجەم بەڵگەكانی پەیوەست بە وەبەرهێنان و وەرگرتن و حەواڵە داراییەكان لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیی، بەوانەی ئەندامانی خانەوادەی شانشین و هاوڵاتیانی سعودیەشەوە بۆ ڕێكخراوی ترەمپ لە ماوەی 10ساڵی ڕابردوودا ئاشكرابكات. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە تویتێكدا ڕایگەیاند: هیچ بەرژەوەندییەكی دارایی لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیدا نیە، تەئكیدیشی كردەوە ئەوهەواڵانەی باس لە بوونی بەرژوەندی ئەو دەكەن لەگەڵ سعودییە دورن لە ڕاستییەوە. سیناتۆرەكانی ئەمریكا داوای وەڵامی ئەو گفتوگۆ گریمانەكراوانەش دەكەن كە پەیوەستە بە وەبەرهێنان یاخود گرێبەست لەگەڵ سعودیە یان وەبەرهێنەری سعودی دەكەن، لە رۆژی 16ی حوزەیرانی ساڵی 2015، ئەوكاتەی كە ترەمپ خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ڕاگەیاندووە، سیناتۆرە ئەمریكییەكان پرسیار لە ئەگەری وەرگرتنی دیاری یان كاڵای بەنرخ دەكەن كە لەلایەن هاوڵاتیانی سعودیەوە پێشكەش بە سەرۆكی ئەمریكا كرابێت و، قسەش لەبارەی ئەگەری بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان ترەمپ و ڕێكخراوەكەی و شانشی عەرەبی سعودییە دەكەن. 


(درەو میدیا): سایتی (غەد پرێس)ی عێراقی لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ناوی كاندیدەكانی بۆ هەریەكە لە وەزارەتی (ناوخۆ- دەرەوە- بەرگری) لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بڵاكردەوە. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، دیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە ئەمانەن: •    حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو •    لەیس كوبە،  سیاسەتمەداری سەربەخۆ سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دوو كاندید هەن كە ئەمانەن: •    فالح فەیاز، سەرۆكی بزوتنەوەی عەتا •    ئەبو مەریەم ئەنساری، سەركردە لە رێكخراوی بەدر بۆ وەزارەتی بەرگریش، سەرچاوەكە باسی لەناوی چوار كاندید كردووە كە بریتین لەم كەسانە: •    ریاز جەلال،  فەرماندەی پێشووی هێزی زەمینی •    نوری غافل،  ئەفسەری پێشوو •    قاسم محەمەدی •    لیوا روكن ناسر غەننام


(درەو میدیا): لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ڕاگەیاندنی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، ناكۆكی قوڵ لەنێوان هەندێك لە هێزە سیاسییەكان دروستبووە سەبارەت بەو پێكهاتە وزارییە. چاوەڕواندەكرێت، كابینەی نوێی حكومەت لە (22 بۆ 23) وەزارەت پێكبێت، كە رێژەی 70%ی بەتەوافوقی سیاسی لەنێوان هێزو لایەنەكان یەكلاكراوەتەو رێژەی 30%یشی، بۆ سەربەخۆ تەكنۆكراتەكانە. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)ی، ڕاگەیاندووە، تائێستا عەرەبی سوننە كاندیدەكانیان بۆ پۆستە وزارییەكان پێشكەش نەكردووە، سەرەڕای كۆتایهاتنی ماوەی دیاركراو بۆیان،  كە دوێنێ‌ 17ی، مانگ  بوو. دابەشكاریی لەسەر بنەمای ئەنجومەنی حوكم  بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، كە شەرقلئەوسەت ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، ئاڕاستەیەك هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای "ئەنجومەنی حوكم"، كە پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دوای روخانی رژێمەكەی سەددام لەساڵی 2003دا پێكیهێنا، ئەگەر لەسەر ئەو بنەما حكومەت پێكبهێنرێت، ئەوا: •    ( 13) وەزارەت بەر پێكهاتەی شیعە دەكەوێت •     سوننەكان (5) وەزارەت •    كورد (3) وەزارەت •    كەمینەكان (1) وەزارەت سوننەكان پێشتر ئەمجۆرە دابەشكارییەیان ڕەتكردوەتەوەو بەنیازی وەرگرتنی (6) وەزارەتن، لە وەزارتە سیادییەكانیشدا وەزارەتی (نەوت)یان بەلاوە پەسەندترە لە وەزارەتی بەرگری.  عەبدولمەهدی ناوی 12 وەزیر پێشكەش دەكات لەلایەكی ترەوە، سەرچاوە عێراقییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە لەكۆی (22) وەزارەتی كابینەكەی ناوی (12) وەزیر پێشكەشبكات، بەهۆی ئەو ململانێ توندەی لەسەر پێنج وەزارەتە سیادییەكە (نەوت- دارایی- دەرەوە- ناوخۆ- بەرگریی) لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا سەریهەڵداوە. ئەندامێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان دەڵێت" سەركردەكانی هاوپەیمانێتیەكەیان نەگەیشتونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی سەبارەت بە كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەكەی عەبدولمەهدی"، تەئكیدیشی كردووە، ئەم ناكۆكییەكانیان ڕەنگە بێتەهۆی دواخستنی ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتانەی كە بۆ سوننەكان دیاریكراون، بەپێی سیستمی پشكێنە.  شیعەو سوننەو كورد داوای پشكی خۆیان دەكەن بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، تائێستا عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەنەداوە، ئەو وەزارەتانە دەداتەوە بە سوننەكان كە لە حكومەتەكانی پێشوودا پێیاندراوە، بەڵام سەركردە سونییەكان سورن لەسەر ئەوە، بەوپێیەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە، جگە لەوەی عورفێكە پرۆسەی سیاسی عێراقی لەسەر بنیاتنراوە لەدوای ساڵی 2003وە.  باسلەوەشدەكات، خواستی بەدەستهێنانی وەزارەت تەنها پەیوەست نیە بە هاوپەیمانی میحوەر، بەڵكو هاوپەیمانێتییەكانی تری وەك (فەتح)و (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا)و (نەسر)و حزبە كوردییەكان داوای پۆست دەكەن لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، باسی لە ئەگەری دابەشكردنی وەزارەتەكان كردووە لەسەر بنەمای پارێزگاكان. ئەم مشتومڕو ململانێ سیاسییە لەكاتێكدایە، دوێنێ‌ نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی ئاشكرایكرد، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەمنزیكانە كابینەی حكومەت‌و پرۆگرامی حكومی پێشكەشدەكات. ڕونیشیكردوەتەوە، عەبدولمەهدی سەرقاڵی پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەركردەی كوتلەكانی پەرلەمان، بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژێكی گونجاو كە بەمزوانە ڕادەگەیەنرێت.      


 راپـۆرتی/ ئەنوەركەریم- ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی توركیا 430 ملیار دۆلار قەرزارە لە هەمانكاتدا روبەروی قەیرانێكی دارایی گەورە بۆتەوە، حكومەتی توركیا چەندین رێگای گرتوەتەبەر،  بەڵام  نەیتوانیوە بەتەواوی بەسەریدا زاڵ ببێت، چونكە بەشێكی پەیوەستە بە كودەتا شكستخواردووەكەی 2016 و ئەو رێوشوێنانەی گیرانەبەر كە بەتەواوی روبەری ئازادیەكانی بەرتەسككردەوە ئەوەش  بووە هۆی ئەوەی سەرمایەیەكی زۆر لەناو توركیادا بڕواتە دەرەوە و چینی ناوەراستی توركیا بڕۆن ووڵات بەجێبهێڵن و سەرمایەكانیان لەگەڵ خۆیان بەرن،.  توركیا ئێستا 430 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەم قەرزە دەكاتە نزیكەی 40%ی تێكڕای گەشەی ناوخۆ. بانكەكانی توركیا تا مانگی 6 ساڵی 2018 ئەو بڕە پارەیەی كە قەرزارن 186 ملیار دۆلاره كە ئەمە دەكاتە 75% پارەی ناو هەموو سندوقەكانی توركیا.  هەرچەندە هەواڵی دابەزینی لیرەی توركی كاڵ بۆتەوە لە هەواڵە سەرەكیەكاندا بەڵام حكومەتی توركیا چەند پێوەرێكی گرتۆتەبەر بۆ وەستان و چاككردنی ئەو قەیرانە، بەڵام  كێشەی گەورەی توركیا كاتێك دەستیپێكرد كە لەدوای كودەتا سەربازیە شكستخواردووەكەی 15ی تەموزی ساڵێ 2016 روویدا، لە توركیادا یاسای باری نائاسایی جیبەجێكرا بۆ ماوەی نزیكەی ٢ ساڵ، بەهۆی ئەم یاسایەوە حكومەتەكەی ئەردۆغان توانی سەدان هەزار كەس سەر بە بزوتنەوەی گولەن دەستگیربكات و بیانخاتە بەندیخانەوە" واتە ئازادیەكان زۆر بەر تەسك بوونەوە لەناو توركیادا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرمایەیەكی زۆر لەناو توركیادا بڕواتە دەرەوە و چینی ناوەراستی توركیا بڕۆن ووڵات بەجێبهێڵن و سەرمایەكانیان لەگەڵ خۆیان بەرن، بەرتەسك بوونەوەی ئازادییەكان وای لە ووڵاتانی ئەوروپا كرد كەچیتر كار ئاسانی نەكەن بۆ هاتنە ناوەوەی توركیا بۆ یەكیتی ئەوروپاو كەمكردنەوەی بازرگانی لەگەڵ توركیا، وەبەرهێنەرە ئەوروپیەكان ئامادە نەبوون وەبەرهێنان بكەن بەهۆی یاسای تیرۆر، ئەمانە بەشێكبوون لە هۆكارەنی قەیرانی دارایی توركیا"  ئەمەش لە كاتێكدایە كە" توركیا یەكێكە لە ووڵاتەكانی  نێو گروپی 20 (G20) ، ئەم گروپە لە 90% ئابوری جیهان پێكدەهێنن، لە ٨0% بازرگانی جیهان دروست دەكەن، هاوكات 2/3 ژمارەی دانیشتوانی   جیهان لەناو سنوری ئەم وڵاتانەشدا نیشتەجێن. لەو نێوانەدا توركیا خاوەن پێگەیەكی بەهێزی ئابورییە.   ............................................................ دەقی تەواوی راپۆرتەكە  توركیا و قەیرانی دارایی   دەستپێک سیاسەت و ئابوری دوو ڕووی دراوێکن، دەوڵەتانی بەهێزی جیهان ئەو دەوڵەتانەن کە خاوەن سیاسەت و ئیدارەیەکی سەرکەوتوو و سەرخان و ژێرخانێکی پتەوی ئابورین، بەو پێیەی لە رۆژگاری ئێستادا گۆڕانکارییە سیاسیەکان، راستەوخۆی کاریگەریان دەبێت لەسەر پێشکەوتن و گەشەپێدانی ئابوری وڵاتان، بە پێچەوانەشەوە لەئەگەری پاشەکشێی بنەماکانی دیموکراسی و سەرهەڵدانی تەنگژەو قەیرانی سیاسی، هاتنە ئارای قەیران و کێشەی ئابوری بۆ وڵاتان چاوەڕوان کراو دەبێت.  بەم پێیەش سیاسەت و ئابوری دوو گۆڕاون ئەگەر پێکەوە هەنگاو نەنێن و گەشە نەکەن، ئەستەمە وڵاتان لەیەک کاتدا رووبکەنە گەشەپێدان و پێشەکەوتنی گشتگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ...هتد .  لە ئێستادا ئەم هاوکێشەیە زۆر لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئابوری تورکیادا یەک دەگرێتەوە. بۆ نمونە لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی پارتی دادو گەشەپێدان لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ دۆخی سیاسی و ئابوری تورکیا هاوشانی یەکتر روی لە گۆڕانکاری و بوژانەوە کرد، ئەم دۆخە بەدیاریکراوی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوامی هەبوو. بەڵام لەگەڵ دروستبونی دەنگی ناڕەزای بەرامبەر فەرمانڕەوای و سیاسەتەکانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە)، لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە تا ئێستا دۆخی ئابوری تورکیا هاوشانی دۆخە سیاسی و ئەمنییەکەی رۆژ بەرۆژ روو لەداکشان دەکات. دواتر ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد لە تورکیادا بریتی بوو لە زنجیرە روداوێکی یەک لەدوای یەک کە دۆخی سیاسی و ئەمنی تورکیای ئاڵۆزترکرد، لەوانەش روداوەکانی (خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک ساڵی ٢٠١٣، دواتر راگرتنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کورد، رودانی جەنگێکی نێوخۆی لەنێوان حکومەتی تورکیاو لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان، دروستبونی داعش لە سوریاو عێراق، لەگەڵیدا دەستێوەردانی داعش و ئەنجامدانی تەقینەوەو دروستکردنی ئاڵۆزی لە تورکیادا، کە سەرئەنجام دۆخی ئاسایشی تورکیا روی لە تەنگژەو نائارامی زیاتر کردەوە، بچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ روسیا بۆماوەی ساڵ و نیوێک زیاتر، کە دۆخی ئابوری تورکیای خراپترکرد، کەمبونەوەی ژمارەی گەشتیاران بۆ تورکیا بەهۆی زۆربونی تەقینەوەو خراپی دۆخی ئەمنی تورکیاو خراپ بونی پەیوەندی تورکیاو روسیا، بەردەوامی ئەم دۆخە خراپە سەری کێشا بۆ ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی ١٥ تەموزی ٢٠١٦ ، بەم هۆیەش دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابوری تورکیا لە خراپەوە بۆ خراپتر رۆیشت، دواتر راگەیاندنی باری نائاسایی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ دریژەی کێشا، ئەمەش سەری کێشا بۆ دەستگیرکردن و سزادانی سەدان هەزار فەرمانبەر و هاوڵاتی بە تۆمەتی پشتیوانی لە کودەتاو هاوکاریکردنی تیرۆر، تا داخستنی دەیان رۆژنامەو گۆڤار و تەلەفیزیۆن و دەستگیرکردنی هەزاران ئەندام و چالاکی سیاسی و رۆژنامەنوسی کورد لەو وڵاتەدا، دواتر دەستێوەردان لە دۆخی سوریاو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی فورات و چڵەزەیتون لەباکوری سوریا، نزیکبونەوە لە روسیاو ئێران و دورکەوتنەوە لە ئەمریکاو خراپبونی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا، تا تێكچونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەمریکا داوای تورکیای ڕەتکردەوە بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن، لەبەرامبەردا تورکیا لەدوای کودەتاکە قەشە (ئەندریۆ برۆنسن)ی ئەمریکی ١٢ هاوڕێی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بزوتنەوەکەی فەتحولا گولەن لەدوای کودەتا سەربازییەکەی تورکیا دەستگیرکرد... هتد). بەردەوامی کێشەو قەیرانە سیاسی و سەربازی و ئابورییەکانی تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆی و ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هاوشانی تێکچونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا، بەتایبەتی لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا، هۆکاری سەرەکیی بون لە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و قوڵبونەوەی زیاتری کێشە ئابوری و داراییەکانی ئەو وڵاتە.  بۆ نمونە لە نیسانی ٢٠٠٨ بەهای دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بووە بە ١.٣٠  لیرەی تورکی، بەڵام دوای ١٠ ساڵ لە نیسانی ٢٠١٨ بەهای دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر بووە بە ٤.٥٠  لیرەی تورکی، واتە لەماوەی ١٠ ساڵدا لیرەی تورکی نزیکەی چوار هێندەی رابردو بەهاکەی بەرامبەر دۆلای ئەمریکی دابەزیوە. هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لیرەی تورکی زیاتر لە ١٠٪ بەهاکەی لەدەستداوە، بێگومان ئەمە شتێکە لە بارودۆخی ئاساییدا روونادات. هاوکات لەو ساتەوەختەی بەهای لیرە لە بازاڕەکاندا روی لە دابەزین کردووە، ئابوری تورکیاش روبەروی مەترسی گەورەی داڕمانی بوەتەوە. لە ئێستاشدا پێشبینی دەکرێت تورکیا توشی هەڵاوسانی گەورەی ئابوری ببێتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ڕێژەی ٥% ەوە بۆ نزیکەی ٢٠% زیادیکرد. لەبەرامبەردا نرخی کاڵاو شمەک و خواردەمەنی لە ناوخۆی تورکیا بەڕێژەی ٢٠% بەرزبوەتەوە. لە ئێستاشدا دیارترین هۆکاری دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە، پەیوەندیدارە بە ململانێکردنی تورکیایە لەگەڵ ئەمەریکا، لەکاتێکدا ئەمەریکا خاوەن گەورەترین ئابوری جیهانەو دژایەتی بەردەوامی ئەمریکا بۆ تورکیا لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە. هاوکات لەناوخۆی تورکیاش پاشەکشەی تورکیا لە بنەماکانی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە، کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەردەوامی دابەزینی نرخی لیرە و دروستبوونی قەیرانی دارایی. دواجار هەموو ئەو روداوانە لەماوەی پێنج ساڵدا کاریگەری نەرێنیان بەسەر ئابوری تورکیاوە بەجێهێشتوە. بەجۆرێک رێژەی بێکاری زۆر زیادی کردوە، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا بیانی و وەبەرهێن و سەرمایەدار تورکیایان جێهێشتوە، بڕی وەبەرهێنان لە تورکیا زۆر کەمیکردوە، ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەداران مایەپوچ بون، هەموو ئەمانە بونە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی چاوەروان نەکراو لە دابەزین بەردەوام بێت.  ئەم بارودۆخەی شڵەژاوەی ئابوری تورکیا زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی نیگەران کرد. ئابوری ناسانیش پێشبینی دەکەن کە بەهای لیرە زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە دابەزێت، بەم جۆرەش کێشەی ئابوری و رێژەی بێکاری و قەبارەی هەڵاوسان بەرزتر دەێتەوە، لەبەرامبەردا تا ئێستا سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا بەرامبەر ئەم کێشانە دەستەوەستانەو بەردەوامبونی ئەم کێشانە بوەتە ئەگەرێکی کراوەو پێشبینی کراو ئاسۆی چارەسەریش دیار نییە.  پشت بەست بەوەی باسکرا، لەمیانەی ئەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین بەوردی تیشک بخەینە سەر قەیرانی دارایی و ئابوری تورکیا و پرسی دابەزینی بەهای لیرە و هۆکارەکانی پشت دابەزینی بەهای لیرە و دۆخی ئێستای ئابوری تورکیاو ئایندەی کێشە و قەیرانە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە... هتد، ئەمانەو چەند پرسێکی دیکە لەم راپۆرتە شیکارییەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەین. گەیلان عەباس ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی   تورکیا و قەیرانی دارایی تورکیا یەکێکە لە ووڵاتەکانی  نێو گروپی 20 (G20) ، ئەم گروپە لە 90% ئابوری جیهان پێکدەهێنن، لە ٨0% بازرگانی جیهان دروست دەکەن، هاوکات 2/3 ژمارەی دانیشتوانی   جیهان لەناو سنوری ئەم وڵاتانەشدا نیشتەجێن. لەو نێوانەدا تورکیا خاوەن پێگەیەکی بەهێزی ئابورییە، ئابوری تورکیا دوای هاتنە سەر حوکمی پارتی (دادو گەشەپێدان) لەساڵی ٢٠٠٢ گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەوکاتەوە تا ئێستا کە نزیکەی ١٥ ساڵ دەبێت ئابوری تورکیا بەردەوامە لە گەشەکردن و پێشکەوتن. توركیا دوای ئه‌وه‌ی توانی قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2000-2001 تێپه‌ڕێنێت، لە نێوان ساڵانی 2002-2006 ئابورییه‌كه‌ی بەڕێژەیەکی بەرچاو گەشەی دەکرد. گەشەکردنەکەش ساڵانە نزیک دەبوویەوە لە 7.5%. ئەوەی لێرەدا گرنگە لە 25%ی تێکرایی گەشەی ناوخۆ، ئەنجامی ئەو وەبەر‌هێنانە بوە کە لە کەرتی ئابوری تورکیادا ئەنجامدراوە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی کەرتی تایبەت زۆر چالاک بوون و خۆیان دەگونجان لەگەڵ بەرەوپێشچوونە نوێیەکانی جیهان لەم بوارەدا. بەتەواوی هەڵئاوسانی ئابوری لەتورکیادا کۆنترۆڵکرابوو، به‌شێكی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بانکی ناوەندی تورکیا سەربەخۆیی تەواوی هەبوو لە بڕیارداندا. بانکی ناوبراو ڕێگەی نەدەدا چۆنێك سیاسییەکان بیانەوێت پارەی ووڵات بۆ مەرامە سیسایەکانی خۆیان خەرج بکەن واتە دەسەڵاتداران  نەتوانن  بەئارەزووی خۆیان پارە  خەرج بکەن ببنە هۆی کورتهینانی گەورە  لەبودجەی ووڵاتدا،  یاخود چۆن بیانەوێ  دەستبخەنە کارەکانی بانکی ناوەەندیەوە  بۆ بەرزکردنەوەو نزمکردنەوەی  ڕێژەی سووی بانکی ،وەک ئەوەی ئەردۆغان لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی کردوە. واتە لەو کاتدا دەسەڵاتە ڕەهاکانی بانکی ناوەندی کە پەیوەندی بەکاری بانکەوە هەیە واتە سیاسەتی نەختی (Monitory Policy) و ئەو دەسەڵاتانەی پەیوەندیان بە كاری بازرگانییه‌وه‌ هەیە نەدرابوونە دەست دەسەڵاتی سیاسی. ئەوسه‌رچاوانه‌ی کە دا‌هاتی هەبوو بۆ حکومەت لەڕێگای ئەو ڕێوشوێن و چاکسازییانه‌ی گیرابوویه‌به‌ر به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر ڕێگا گیرا بوو لە گەندەڵی و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی وڵات. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ وایكردبوو بودجه‌ی وڵاته‌كه تووشی کورتهێنان نەبێت. ئەمەش یارمەتی ئەوەیدا کەپارەی ووڵات تەنها بۆ خەرجی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وەک خزمەتگوزاریە سەرەتایی و پێویستییە گشتییه‌کان بەكاربهێننرێت. چەقی چالاکییە ئابوریەکان تەنها ئەستەنبوڵی نەگرتبویەوە، بەڵكو کۆمپانیا بچوک و تازە پێگەیشتوەکان توانیان تەنانەت بەربەرەکانی بکەن لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی کەچەندین ساڵە ئابوری تورکیایان کۆنترۆڵ کردوە. (پارتی دادو گه‌شه‌پێدان: ئەکەپە) ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له‌م باره‌یه‌وه‌و ئه‌و پارته‌ لەناو كه‌م ده‌رامه‌ت و خەڵکە هەژارەکەی تورکیاو چینە محافیزکارەکانی تورکیا پاڵپشتی گه‌وره‌ی بۆ دروستبوو. لاوازبوونی ڕژێمی سەربازی لەتورکیا کە چەندین ساڵ بوو تورکیای کۆنترۆڵ کردبوو، هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕێگه‌ خۆشكه‌ربوون بۆ گەشەکردن و به‌ره‌وپێشچوونێكی زۆر و تاڕادەیەک بەردەوام لە تورکیادا.  ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ش له‌پاڵ بارودۆخێكی سیاسی تایبه‌ت بوو له‌و قۆناغه‌دا، كه‌ وەرچەرخان بوو بەرەو دیموکراسی، ئەمەش هەمیشە دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەی ئابوری ڕوو بدات. ئەم جووڵە گەورەیەی کە تورکیای له‌ڕووی گەشەی ئابوری و کرانەوە بەرەو دیموکراسیەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاکێجە ڕیفۆڕمەی کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەرەتای ساڵی 2000 دا ئامادەی کرد بۆ تورکیا. قەیرانە داراییە گەورەکەی ئەمریکاو ئەوروپا لەساڵی 2008 دا بوە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی سوودی بانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا نزیک بێتەوە لە سفر، بۆیە پارەکانی ئەمریکاو ئەوروپا برانە دەرەوە بۆ ووڵاتە تازە دەرکەوتوەکان Emerging Market لەرووی ئابوریەوەو تورکیا یەکێک بوو لەو ووڵاتانەی وە بەرهینانێکی زۆری تێداکراو بانكە تورکیەکان پارەیان لە بانقەکانی ئەمریکاو ئەوروپا و بەڕێژەی سوودێکی زۆر کەم قەرز دەکردو بەلیرەو بە بەڕێژەی سوودی زۆر تر دەدرا بەقەرز لەناو تورکیادا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پارەیەکی زۆر لەلایەن بانکە تورکیەکانەوە بەقەرز بدرێت بە هاوڵاتیان، ئەم هه‌نگاوانه‌ش پاڵنه‌ربوون بۆ گەشانەوەی زیاتری ئابوری تورکیا. هه‌موو ئه‌و هۆکارە سەرەکیانەی چاکسازی ئابوری و بەرەو دیموکراسی چونی تورکیا و پارەی ئەمریکا و ئەوروپا، یارمەتی گەشەی ئابوری تورکیایدا بۆ گەشەسەندن و گۆڕانی ژیان گوزه‌رانی ژیانی خەڵكی تورکیا بەرەو قۆناغێکی گەورەی گەشەی تەندروستی و پەروەردەو گەشت وگوزارو کشتوکاڵی لەو قۆناغه‌دا.   تورکیا له‌ قەیرانی دارایی‌ یان قەیرانی ئابوریدایه؟  قەیرانی دارایی و ئابوری دوو کێشەی بەیەکەوە بەستراون هەردووکیان تەواوکەری یەکترین. بەگشتی قەیرانی دارایی پۆڵێن کراوە بۆ دوو جۆری سەرەکی: 1.    کێشەی دراو و وەستانی لەناکاو 2.    قەرزو کێشەی بانکی  بەڵام ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆکاری هێنانە ئارای قەیران، لە ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا بەم جۆرە ئاماژەی پێکراوە: یەکەم: قەیرانی دراو مەبەست لە بەهای دراوە  واتە دابەزینی لە ناکاو یان دابەزینی دراوی وڵاتەکە لەماوەیەکی کەمدا  بەرامبەر دراوە کانی تر لە بازاڕەکانی جیهاندا کە نرخەکەی دادەبەزێت، لەو کاتدا  بڕە پارەیەکی زۆرترت پێویستە بۆ هاوردەکردنی شتومەک، وەک تورکیا لە ئێستادا نەوت دەکڕێت لەبازاڕەکانی جیهاندا پێویستی بە دوو ئەوەندە پارە هەیە بۆ کڕینی نەوت و گاز. یان بۆ نمونە حکومەتی بەریتانیا دوای دەنگدان بە هاتنە دەرەوەی لەیەکێتی ئەوروپادا پاوەند بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزی. ئەمەش راستەوخۆ کاردەکاتە سەر توانای هاوردەکردنی هەر ووڵاتێک لە هاوردەکردنی شتومەکدا. دوەم: وەستانی لەناکاو و داڕووخانی جوڵەی سەرمایە لە بەگەڕخستنی پڕۆژەی نوێ، کە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی بەرهەمهینان و بەکاربردنیش. ئەم جۆرە ڕووداوانە سزای دەرەکی دروستی دەکات، وەک ئەوەی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا هێناوە، دوای ئەوەی ئەمریکا لەڕێکەوتنامە ئەتۆمیەكە هاتە دەرەوە و بەهۆی ئەوەوە هەرچی وەبەر‌هێنەری ئەوروپی بوو ئێرانی بەجێهێشت. سێیەم: قەرزی ناوخۆو دەرەکی، ئەمەش جۆرێکی ترە لە قەیران، كه هەندێک ووڵات دەکەوێتە ژێر باری قەرزێکی زۆری دەرەکی و ناوەکیەوە کە ناتوانێت قەرزەکە بداتەوە، ووڵاتی تورکیا ئیستا قەزیکی زۆری لایەو بەهۆی دابه‌زینی نرخی لیرەو بەرزبوونەوەی سوودی قەزی بانکی زۆر زەحمەت دەبێت ئەو قەرزانە بداتەوە . چوارەم: قەیرانی بانکی، لە زۆر شوێنی دنیادا ڕوودەدات و دەکرێت کەوتنی یەک بانک ببێتە هۆی کەوتنی بانکەکانی تر، وەک ئەوەی لە ساڵێ 2008 دا لە ئەمریکا روویدا، کە بانکیSubprime ڕووخا کارەساتی قە یرانە دارایەکەی بەدوای خۆیدا هێنا. لەتورکیا بانکەکان قەرزێکی زۆریان لەسەرەو چاوەڕی دەکڕێت سزایەکی زۆر لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بەسەر هالك بانك (HALBANK)دا بدرێت. وەک کاردانەوەی دەست بەسەركردنی "قەشە ئەندرو برانسن " كه حکومەتی تورکیا بەتۆمه‌تی یارمەتی کودەتا چیەکان و یارمەتی کوردانی باکوری ده‌ستگیری كرد. بەڵام حکومەتی تورکیا داوای ئەوە لە ئەمریکا دەکات کە ئەو سزایە نەدات بەسەر (HALBANK)دا. بەڵام ئەمریکا ئەو داوایەی رەتکردۆتەوە چونکە ئەو بانکە تورکیە لەڕێگای بازرگانێکی ئێرانی تورکیەوە بەیارمەتی جێگری بەڕێوبەری ئەو بانکەوە توانیویانە ئاڵتون بکڕن بۆ ئێران و پارەیان بۆ سپی بکەنەوە، بڕیارەکانی سزا ئابوریەکانی سەر ئێرانی شكاندبوو کە لە لایەن ئەمریکاوە سە پێنرابوو بەسەریدا پێش ڕێکەوتنامەکەی ئەمریکا و ئێران و چاوەڕواندەکریت ئەو سزایە چەند ملیار دۆلارێك بێت، بۆیە قەیرانی بانکی لەتورکیادا زۆر گەورەیە و گەورەتر دەبێت. هەرلەبەر ئەوەبوو کە دامه‌زراوه‌ی (MOODY) کەڕێکخراوێکی سەربەخۆییە، کاری ئەم ڕێکخراوە کۆکردنەوەی زانیارییە لە وڵاتاندا،  لە بارەی سیستەمی داراییەوە،  دوای لەسەر بنەمای زانیارییەکان پلە بەندی زانیارییەکان دەکات، لەروی متمانەی داراییەوە بۆ وەبەرهێنەران، کە ئایا کام وڵات لە ئێستادا شیاوە بۆ وەبەر‌هێنان. بۆ نمونە لەتورکیادا دامەزراوەی مودی پلە بەندی 20 بانکی تورکی دابەزاند، لەڕیزیبەندییەکەدا پلە بەندی ئەو بانکانەی دیاریکرد کە کێشەیان هەیە لە رووی سەرمایەوە، واتە سەرمایەی  پێویستیان تیا نیە ، هاوکات دەزگا پلەبەندیەکانی تری وەک (S&P) رێزبەندی بۆندی تورکیای خستە ڕیزی (JUNK) وە واتە تورکیا بە کەڵكی وەبەرهێنان نایەت.  هۆکارەکانی قەیرانی دارایی بەگشتی قەیرانی دارایی تورکیا رووداوێك نییه‌ ته‌نها ئه‌و وڵاته‌ی گرتبێته‌وه‌، بەڵکو لەئێستادا قەیرانی دارایی چەند ووڵاتیکی تریشی گرتۆتەوە. بە نمونە (ئەرجەنتین، باشوری ئەفریقا، ئەندۆنیسیاو میسر ...)، هەرچەندە میسرو ئەرجەنتین پەنایان بۆ سندوقی دراوی نیودەوڵەتی برد.  یەکێك لە هۆکارەکانی ئەم قەیرانە داراییە، بەرزبونەوەی بڕی ڕێژەی بانکی یه‌ده‌گی فیدراڵی بوو لە ئەمریکاو کەمکردنەوەی باج بوو لە سەردەمی سەرۆک ترامپ و کەمکردنەوەی بیروکراسی لە بەڕێوەبردنی بازرگانیدا بەمەش یارمەتی گواستنەوەی سەرمایەی دا لەووڵاتە تازە دەرکەوتوەکاندا بۆ ئەمریکا بوە هۆی دروستبونی قەیران. یەکێك لە هۆکارە گشتیەکان ئەوەیە کە بەهای شتومەک، هەڵئاوسانی زۆربەخۆیەوە دەبینێت، وەک ئەوەی کە لە تورکیادا دەبینرێت، ئیستا ڕیژەی هەڵئاوسان گەیشتۆتە 24.95% کە ئەم ژمارەیە زۆر زۆرە. لە ئەمریکادا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی خانووبەرە لەساڵی 2008 بووە هۆی داڕووخانی نرخی خانووبەرە دوای ئه‌وه‌ش کاریگەری لەسەر هەموو شوێنێکی جیهان دانا.  کێشەی سیاسیش کە دەبێتە هۆی ئە وەی قەیرانی دارایی دروست بێت وەک سزای ئابوری و سیاسی، کە دەدرێت بەسەر ووڵاتێکدا. ئەمەش چۆن نەتەوە یەکگرتوەکان یان ئەمریکا سزای سیاسی و ئابوری بەسەر ووڵاتێکدا دەسەپێینن.   هۆکارێکی تری قەیرانی دارایی ئەوەیە کە چەند ساڵێک بودجە لەسەر یەک کورت دە‌هێنێت، ئەمەش دەبێته هۆی دروستکردنی قەیرانی دارایی، چونکە کورتهێنانی بودجە دەبێت لە کۆتایدا پڕبکڕێتەوە.  قەیرانی ئابوری: چۆن دروست دەبێت و لە چ کاتێکدا؟ 1.    کاتێك دروست دەبێت کە کۆی قەبارەی هەناردەی وڵاتێک ڕوو لە کەمبونەوە بکات، وەک چۆن دوای ڕێفۆراندۆمەکەی کوردستان هەناردەی نەوتی هەرێمـی کوردستان کەمی کرد، بە لەدەستدانی کەرکوک ناوچەدابڕاوەکان. 2.    کاتێک کۆی گشتی گەشەی ناوخۆ ڕوو لە کەم بوون دەکات بە بەراورد بەساڵانی پێشوو. ئەوە دەبێتە هۆی قەیرانی ئابوری کە چەند ساڵێک بەردەوام ڕوو لەکەم بوونەوە بکات.  3.    خاو گەشەکردنی گەشەی بەرهەمی ناوخۆی ووڵاتێک، هۆکاریکی تری قەیرانی ئابورییە، چونکە بەردەوام ژمارەی دانیشتوانی ووڵات بەرەو زیادکردن دەڕوات، هەربۆیە لەگەڵ گەشەی دانیشتواندا پێویستە کۆی قەبارەی ئابوری یاخود گەشه‌ی ناوخۆ زیاد بکات. بەشێوەیەکی زۆر سادە کاتێك ووڵات تووشی قەیران دەبێت هەردوو جۆرەکە (دارایی و ئابوری) پەیوەندیان هەیە بەیەکەوە قەیرانی دارایی دەبێتە هۆی دروستبونی قەیرانی ئابوری، چونکە قەیرانی دارایی ڕاستەوخۆ کارێگەری هەیە لە سەر نرخی شتومەک و بانکەکان، ئەمەش کاردەکاتە سەر جووڵەی بازاڕو بازرگانی، کە سەر ئەنجام دەبێتە هۆی قەیرانی ئابوری. ئەگەر بەردەوام بێت سەرئه‌نجام ووڵاتەکە تووشی داڕوخانی ئابوری دەبێت و کاریگەری لە سەر ڕووخانی دراوی ووڵاتەکەو بازاڕ دەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە تورکیا قەیرانی دارایی هەیە، بە هۆی دابەزینی بەهای دراو و قەرزێكی زۆری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و بانکەکان. لە کۆتایشدا تێكڕای گەشەی ناوخۆی ووڵات کەم دەکات تووشی پوکانەوەی گەشەی دەکات و ئەمەش کاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ دەکات و تووشی قەیرانی ئابوری دەکات. هۆکارەکانی قەیرانی دارایی تورکیاو کێشەکانی  هەرچەندە هەواڵی دابەزینی لیرەی تورکی کاڵ بۆتەوە لە هەواڵە سەرەکیەکاندا بەڵام حكومەتی تورکیا چەند پێوەرێکی گرتۆتەبەر بۆ وەستان و چاکكردنی ئەو قەیرانە. حکومەتی تورکیا ئەوەی ئابوری ناسان پێیدەڵێن Orthodox view  واتە لاساییکردنەوەی ئەو دیدەی لەکاتی قەیراندا هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە دەبێت ڕێژەی سوودی بانکی بەرز بکرێتەوە، ئەردوغان زۆر بە توندی دژی وەستاوەتەوە. بەڵام هەردەبێت بەوە ڕازیبێت کە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.  كێشەی گەورەی تورکیا کاتێک دەستیپێکرد کە لەدوای کودەتا سەربازیە شكستخواردووه‌كه‌ی 15ی تەموزی ساڵێ 2016 روویدا، لە تورکیادا یاسای باری نائاسایی جیبەجێکرا بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ، بەهۆی ئەم یاسایەوە حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان توانی سەدان هەزار کەس سەر بە بزوتنەوەی گولەن ده‌ستگیربكات و بیانخاته‌ به‌ندیخانه‌وه‌" واتە ئازادیەکان زۆر بەر تەسک بوونەوە لەناو تورکیادا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرمایەیەکی زۆر لەناو تورکیادا بڕواتە دەرەوە و چینی ناوەراستی تورکیا بڕۆن ووڵات بەجێبهێڵن و سەرمایەکانیان لەگەڵ خۆیان بەرن، بەرتەسک بوونەوەی ئازادییه‌كان وای لە ووڵاتانی ئەوروپا کرد کەچیتر کار ئاسانی نەکەن بۆ هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ یەکیتی ئەوروپاو کەمکردنەوەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا، وەبەرهێنەرە ئەوروپیەکان ئامادە نەبوون وەبەرهێنان بکەن بەهۆی یاسای تیرۆر، ئەمانە به‌شێكبوون لە هۆکاره‌نی قەیرانی دارایی تورکیا.  یەکێک لە هۆکارەکانی تر گومرک خستنە سەر کاڵای تورکی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئەلەمنیۆم کە 20% و بۆ پۆڵا لە 50% تورکیا ساڵانە به‌ به‌های 11.5 ملیار دۆلار بازرگانی ئەلەمنێۆم و پۆڵا دەکات لەگەڵ ئەمریکادا، لە ئێستادا کۆمپانیا تورکییەکان دەبێت بەدوای بازاڕی تردا بگەڕێن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان. لەرۆژی خستنەسەر ئەم سزایانە لەلایەن ئەمریکاوە بەهای تورکی بەڕێژەیەکی زۆر دابەزی. ئەوەی زۆر گرنگە لە ساڵی 2008 کە قەیرانە داراییەکەی ئەمریکاو ئەوروپا دەستیپێکرد لە بەرئەوەی ڕێژەی سوود زۆر دابەزی بۆ نزیکی سفر بانکە تورکیەکان پارەیان لە ئەمریکاو ئەوروپا قەرز دەکرد، لە تورکیا بە ڕێژەی سوودی زیاتر دەیان دا بە خەڵك، چونکە ڕێژەی سوود بەرزتر بوو لە تورکیا. تورکیا هەروەک ووڵاتێکی دەرکەوتوو کە پێییان دەڵێن Emerging Market لە ئێستادا هەموو ئەم ووڵاتانە وەک ئەرجەنتین و باشووری ئەفریقاو ئەندنوسیا هەموویان هەمان کێشەیان هەیە هەر بەبەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکی ئەمریکا پارەی ئەو ووڵاتانە هەموویان دابەزینیان بەخۆیەوە بینیوە، هەر لەوکاتە رێژەی سوو بە ڕێژەی 0.25% لە ئەمریکا بەرزبوەوە، لیرەی تورکی دەستیکرد بە دابەزین لە ئێستادا، (J. Powel) بەڕێوبەری بانکی فیدڕاڵی ئیحتیاتی ئەمریکا ڕێژەی سووی بانکی گەیاندۆتە 2.25%. چاوەڕوان دەکرێت لەم3مانگەی داهاتوی ساڵی 2018یەک جاریتر رێژەی سوو بەرزبێتەوە، ئەمەش باری قەرزەکانی تورکیا زۆر گرانتر دەبێت، لەم کاتەدا کە نرخی لیرەی تورکی زۆر دابەزیوەو ئەگەر ئەو بەرزبوونەوەیە ڕوو بدات سەرمایە لە بانکەکانی تورکیا نامێنێت. یەکێک لە هۆکارەکانی تر بەرهەمهێنانی کەمتر لە کەرتی تایبەتدا و گەشەنەکردن و متمانە نەکردن بەدەزگا دارایەکان، وەک ئەوەی کە (HALBANK) لەساڵی 2013 دا تووشی قەیرانێكی قوڵ و گەندەڵی گەورە بوو کە چەند کەسێکی نزیک لە سەرۆکی تورکیاوەو داخستنی کۆمەڵی دەزگای دارایی و بانک کە سەر بە باڵی گولەنیاکان بوون، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشە لە دەزگا دارایەکانی تورکیا و کەرتی تایبەت زیاتر لە پێویست گەورە بوو بەتایبەتی لە بواری خانووبەرەدا، ئەمانە وایان کرد قەیرانی دارایی دروست ببێت. قەرزەکانی تورکیا تورکیا لە ئێستادا 430 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەم قەرزە دەکاتە نزیکەی 40%ی تێکڕای گەشەی ناوخۆ. بانکەکانی تورکیا تا مانگی 6 ساڵی 2018 ئەو بڕە پارەیەی کە قەرزارن 186 ملیار دۆلاره کە ئەمە دەکاتە 75% پارەی ناو هەموو سندوقەکانی تورکیا. لە ئێستادا هەندێ بانکی تورکی دەبێت 77 ملیار دۆلار بۆندوSyndicate loan  واتە قەرزی گەورە کە چەند بانكێک بەشداری دەکەن لە دانی ئەو قەرزە جارێكی تر نوێبکەنەوەrefinance- - ئەمەش کێشەی گەورە دروست دەکات، بەهۆی دابەزینی نرخی لیرەوە.  بانکە تورکییەکان لەساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی 1% رێژەی سوودی زیاتریاندا بۆ قەرز وەرگرتن لە بانکەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئیتر لە دوای کودەتا سەربازییە سەرنەکەوتوەکەی ساڵی ٢٠١٦،  تورکەکان راهاتوون بەو گێژاوە سیاسییانەی کە لەووڵاتەکەیاندا زوو زوو ڕودەدات. تورکیا دوو جۆر بۆند دەردەکات هەروەک زۆربەی ووڵاتانی جیهان بۆندێک بۆ ناوخۆی ووڵات کە وەبەرهێنەرەکانی ناوخۆ دەیکڕن، واتە ئەم بۆندە بە پارەی ناوخۆ و لیرەی تورکی دەردەچێت. بۆندێکی تر پێی دەوترێت  Sovereign Bond واتە بۆندی سیادی، ئەم بۆندە بە پارەی بیانی دەردەچێت ئیدی بە دۆلار یان بە دراوی یۆرۆیە، لە ئێستادا ئەم بۆندە دەفرۆشرێت بە وەبەر‌هێنەری بیانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەرامبەر بەوە وەبەرهێنەرەکە سوو وەردەگرێت، لەئێساتدا سووی ئەم بۆندانە گەیشتووەتە بەرزترین پۆینت و 20% و حسابی کورتەی بودجەکەی گەیشتۆتە 6% تێكڕای گەشەی ناوخۆ واتە GDP ئەم ژمارەیەش زۆرە بۆ کورتهینانی بودجەی ناوخۆ.  لیرەی تورکی هەر بەرزنابێتەوە دوای ئەوەی کە بانکی ناوەندی 625 بەیسیک پۆینیتی بەرزکردەوە واتە بەڕیژەی 6.25% لە بەرئەوەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کورتهێنانیان بەبڕی 216 ملیار دۆلار هەیە، واتە ئەم قەرزی کۆمپانیایانە بڕی لە 60% قەرزاری تێكڕای گەشەی ناوخۆن. دابەزینی لیرەی تورکی وایکرد کۆی نرخی بۆرسەی ئیستەنبوڵ کەمتر بێت لە کۆی نرخی تەنها کۆمپانیایNetflix   ئەمریکی، بۆیە کاتێک کە لیرە بەهێزدەبێت کۆمپانیاکانی ناوخۆ دەست دەکەن بە کڕینی دۆلاری ئەمریکی، بەمەش جارێكی تر خواست لەسەر دۆلار زیاد دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی دۆلار و شکاندنی لیرە یەکێک لە هۆکانی دیکەی دابەزینی بەهای لیرە نەمانی متمانەیە بە لیرەی تورکی لەناوخۆدا. هەر چەندە دابەزینی پارەی ناوخۆی ووڵات دەبێتە هۆی زیادکردنی هەناردەی ووڵات و هەندێ سێکتەری تایبەت بەتایبەتی سێکتەری گەشتوگوزار، بۆ نمونە ئێستا ژمارەی گەشتیارانی تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردوە بەتایبەتی کە ووڵاتێک توانای بەڕێوەبردنی خۆی هەبێت، وەک ئێران و تورکیا بە مەرجێک سزای ئابوری لەسەر نەبێت لەلایەن کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیەوە، دەتوانێت هەناردە زیاد بکات. دوای ماوەیەک سوڕەکانی ئابوری خولەکانی تەواو دەکات جارێکی تر ووڵات بەرەو گەشە دەڕوات. چارەسەری قەیرانی دارایی تورکیا 1.    پێویستە تورکیا بەزووترین کات ڕێژەی سوودی بانکی بەرز بکاتەوە بەنزیکەی 600 Basic point  واتە 6% ئەمەش یارمەتی بەرزبوونەوەی لیرەی تورکی دەدات و هەڵئاوسان کەمدەکاتەوە، کە لە مانگی ئابدا گەیشتۆتە 17.9% ئەمەش بەپێی پلانی بانکی ناوەندی تورکی دەبێت ڕێژەی هەڵئاوسان 5% واتە سێ هێندە زیاترە، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە 15 ساڵی ڕابردودا، ئەمە کێشەی گەورەی ئابوریناسان و وەبەر‌هێنەرانە، هەرچەندە رێژەی سوود زۆر بەرزە کە لە 17.75% بەڵام دەبێت زیاتر بەرزی بکاتەوە، چونکە وەبەر‌‌‌‌‌هێنەرەکان داوای دەکەن و کەسیش ناتوانیت کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکات، ئەگەر ئەردۆغان پێیوابێت ئەوە بەهەڵەدا چووە.  هەرچەندە بانکی ناوەندی بڕیاری دەرکرد کە ڕێژەی سووی بانکی بەرزکردەوە بۆ 24.5% ئەمە هەنگاویکی باش بوو، هەر دوای ئەوە بڕیاریدا کارکردن لە هەموو پڕۆژە تازەکاندا بوەستێنیت، بۆ ئەوەی هەڵئاوسان دابەزێت، ئەمەش کاریکی باش دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی لیرەی تورکی هەرچەندە بۆ ماوەیەک بازاڕ تووشی پوکانەوە دەکات و دەبێتە هۆی مایەپوچبونی کۆمپانیاکانی بیناسازی و بازرگانی بچوک و کۆمپانیا تازە دروستبووەکان. هەرچەندە تورکیا کۆمەڵی هەنگاوی ناوە کە قەرزکردن بۆ یەک شەو ڕێژەی سوو گەیشتۆتە 19.95%  واتە Over Night Borrowing Rate ئەمەش رێگەی گرت لەوەی کەلیرەی تورکی SHORT بکرێت، واتە بفرۆشرێت، بۆیە لیرەی تورکی زیاتر دانەبەزی. ئەگەر بتەوێت قەرز بکەیت بەلیرە، دایبەزاند بۆ 25% بەئەمەش ناتوانیت زۆر پارە قەرز بکەیت و دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت قەرزی زۆر بکەیت بۆ ئەوەی لیرە بفرۆشێت، چونکە فرۆشتنی لیرەی زیاتر دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری لیرە. یەکێكی تر لە بڕیارەکانی تورکیا کە ئەردوغان دەریکردو بڕیاریدا زۆربەی مامەڵەکان و گرێبەستەکان بە لیرەی تورکی بکرێت نەک بە یۆرۆ و دۆلارێك ماوەی 30 ڕۆژی داناوە بۆ جێبەجیکردنی بڕیارەکە ئەمەش وادەکات ڕێگربێت لەزیاتر دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و یارمەتی ئەوە دەدات خواست لەسەر پارەی ناوخۆی ووڵات بەرزتربێتەوە. بانکەکانی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە دەستیان کردەوە بە کڕێنی ئاڵتون بۆ ئەوەی سەرمایەی بانکیەکەیان بەلیرە نەبێت تازیاتر دابەزێت و زیانی گەورە بکەن، ئەوەی سەیرە لەتورکیادا  وەک هەموو بانکێک دەبێت لە 10% سەرمایەکەی سپاردە  Deposit بکات لەبانکی ناوەندیی  تورکی دا ئەمە وەک یاسایەک وایە کە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، بەڵام لەتورکیادا بانکی ناوەندی لە جیاتی لە 10% سپاردە دەتوانیت ئاڵتون وەربگرێت. یەكێک لە رێگاکانی تر کە تورکیا گرتویەتیه بەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە ئەوەیە کەباج خستنە سەر بە ڕێژەی 10%  ئەگەر دۆلار پاشەکەوت بکەیت لە بانکدا بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەڵام ئەگەر لیرەی تورکی پاشەکەوت بکەیت ئەوە بڕی باجی 10% ناخرێتە سەر لیرەی تورکی ئەمەش خواست لەسەر لیرەی تورکی زیاد دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پارەی ناوخۆ. تورکیا لە ئێستادا چەند بڕیاڕێکی داوەو چەند ڕێوشوێنێکی گرتوەتەبەر بۆ ئەو بانکانەی قەرزێکی زۆریان هەیە کە ئەو قەرزانە وەرگرتنەوەیان کارێکی ئاسان نیە پێیان دەوترێت Bad Loan واتە قەرزی خراپ بەهۆی داشکانی بەهای لیرەی تورکی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سووی بانکی لە .24.5 % لەم کاتەدا ئەگەر حکومەتی تورکیا یارمەتی بانکەکانی تورکیا نەدات رۆژ بەڕۆژ "ماکرۆ ئیکۆنۆمی" تورکی بەرەو دواوە دێت، ئەمەش گرنگە بۆ وەبەر‌هێنەر، چونکە ئەگەر ئەو قەرزانە چارەسەر نەکرێت گەشە لەووڵاتدا ڕوونادات.  2.    تورکیا دەتوانێت Capital Control بکات واتە دەستگرتن بەسەر هەموو سەرمایەی تورکیا بەومەرجەی دەستبەرداری قەرزە بیانیەکان بێت، ئەمە بە بۆچونی زانای ئابوریناسی براوەی خەڵاتی نۆبڵ PUAL KRUGMAN لەوانەیە ئەردۆغان وا بکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری هەرچی قەرزی بیانی سەر ووڵاتەکەیەتی و دەبێت بە چارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکەی. 3.    تورکیا دەبێت داوای یارمەرتی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی International Monetary Fund بکات بۆ ئەوەی قەرزو بەرنامەیەکی چاکسازی باشی بۆ دابنێت. بەڵام هێنانی سندو‌قی دراوی نێودەوڵەتی و ڕاوێژکارەکانی دەبێتە دیفاکۆتەیەک کە کۆتای بە سیاسەتی ناوخۆی ئابوری بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕێنی رێسا کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەردۆغان. دەبێت ڕێساکانی سندوقەکە جێیبگرێتەوە کە پابەندە بە چەندین ملیار دۆلار قەرزەوە. هەر چەندە حکومەتی قەتەر بە بڕی 15 ملیار دۆلاری وەبەرهینانی کرد بە کڕینی لیرەی تورکی و بۆندی تورکی بەس ئەوبڕە پارەیە زۆر کەمە بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی دارایی تورکیای پێبکرێت و لیرەی تورکی پێبەرزبێتەوە. 4.    وەزیری دارایی و خەزێنەی حكومەت دەبێت پشتیوانی بانکەکانی بکات و پلانێک دابنێت بۆ چاودێریکردنی بانکەکان تا چ ڕادەیەک تەندروستن، مەبەست بوونی سەرمایەی پێویست لە ناو بانکەکان بۆ قەرزدان بە بە بازرگانەکان و دەبێت دڵنیایی بدرێت بە بانکەکان لە بارەی قەرزە خراپەکانەوە، ئەو ‌قەرزانەی کە هیچ چارەسەرێکی نیە دەبێت تەحویل بکرێت بۆ حکومەت، هەرچەندە وەزیری دارایی پلانێکی داناوە بۆ ساڵی 2019-2021 و وەبەرهێنەرەکان ڕەخنەی توندیان لە پلانەکە گرت، کە نەباسی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی کردووەو نە قەرزە خراپەکان بێ پلانی بۆ کەرتی دراوە بیانیەکان بۆ لیرەی تورکی Foreign Exchange چونکە لیرەی تورکی خراپترین دراوە دوای پێزۆی ئەرجەنتینی کە زۆرترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. بێ پلانی پاکردنەوەی بالانسێکی پاکی بانکەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرەکان دڵنیا بن لە سێکتەری بانکی تورکیا.    زیانەکانی تورکیا چی دەبێت ئەگەر تورکیا  گوێ بە ئامۆژگاری ئابوریناسان نەدات ئەوا کۆمەڵێ کێشەی بۆ دروست دەبێت، چونکە کێشەی قەرز دەبێتە هۆی کەمبونەوەی سەرمایەی دەرەکی و کەوتنی بەهای لیرەی تورکی و تەقینەوەی هەڵئاوسان بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەبێتە هەرەشەی گەورە لەسەر بانکە گەورەکان و مایەپوچبونی کۆمپانیا گرنگەکان. لەو کاتەشدا کێشەی وەک ئەمانەی خوارەوە چاوەروان دەکرێت؛ 1.    کۆمەڵێ کۆمپانیای زۆر مایە پوچ دەبن و دەبنە هۆی لەدەستدانی کاری زۆر. 2.    بانکەکان دەکەونە ژێر فشارێکی زۆری دۆلارەوە، چونکە قەرزکانیان بە دۆلار وەرگرتوە و بەبەرزبونەوەی هەر ڕێژەیەکی سوو کە بانکی یەدەگی ئەمەریکی بەرزی دەکاتەوە.  3.    ڕودانی هەڵئاوسانێکی زۆر، بەمەش بارگرانیەکی زۆر دروست دەکات بەتایبەتی کە تورکیا نەوت و گاز لەدەرەوەی ووڵات هاوردە دەکات، بۆ نمونە کۆمپانیای دەوڵەتی تورکیا کە خاوەنی بۆری گازە بۆ ناو ووڵاتەکە، لە مانگی ئابدا بەرێژەی 14% نرخی گازی بەرز کردۆتەوە، سەرباری ئەو بەرزبونەوەی کە لە مانگی پێشوودا کردویەتی، ئەم هەڵئاوسانەش دەبێتە هۆی ئەوەی کورتهێنانی بودجە زۆر گەورە بکات، واتە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئابوری تورکیا بەرەو پوکانەوەی زیاتر دەڕوات. 4.    لەدەستدانی هەلی کاری زۆر لە تورکیا، بەمەش ڕێژەی بێکاری زیاتر دەبێت هەرچەندە ژمارەی دانیشتوانی تورکیا لە 2018دا 81.916.871  ملیۆن کەسەوە ڕێژەی لە دایک بوون 2.1%  بۆیە ئەگەر بەپێی یاسای کار هەلی کار دەبێت تورکیا 1.722.000 ملیۆن هەلی کار دروست بکات. 5.    کێشەی قەرز لەوەدایە ئایا قەرزی ووڵات بەپارەی بیانیە یان پارەی ناوخۆیە. ئەگەر قەرزەکە بەپارەی بیانی بوو وەک تورکیا کە بەدۆلاری ئەمریکیە، کێشەکە ئەوەیە کە دۆلار بەرز دەبێتەوە بەراورد بە پارەی ناوخۆ ناتوانیت ئەو پارەیە بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی قەرزەکە بدەیتەوە، لە بەرئەوە ناچاری ئەوە دەبیت پارەی تازە چاپ بکەیت، بەمەش پارەی ووڵاتەکەت لەبەهاکەی کەم دەبێتەوە. چونکە زۆر ووڵات پارەی یەدەگی نیە. 6.    چاوەرێدەکرێت پوکانەوەی زۆر ڕووبدات،  هەرچەندە لە ئێستادا گەشەی ئابوری تورکیا خاو بۆتەوە بۆ 5.2% ئەمەش گەشەیەکی خراپ نیە، ئاماژەکان وادەردەکەون کە خاو بوونەوەکە کۆتایی دێت لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی 2019 دا، ووڵات بەرەو پوکانەوەی ئابوری دەچێت و ئەمەش واتە داخستنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، زۆر بوونی بێکاری زیاتر و دروست بوونی کێشەی زیاتر بۆ بانکەکانی تورکیاو بێکاری زیاتر لە ناو تورکیا دەبێتە هۆی زیادبوونی تاوان و زیادبوونی هەڵوەشانی خێزان و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاو بارودۆخی خەڵكی تورکیا، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوخراپی دەروات، واتە هەڵكشانی تێچوی ژیانی ڕۆژانەیان. لە کۆتایدا ئەگەر حکومەت داوای یارمەتی لە سندوقکە بکات، یان نەیکات لەهەردوو حاڵەتدا دەبێت بەشێویەکی تەواو هەرچی پاڵپشتی داراییە بیوەستێنێت و باجەکان بەرز بکاتەوەو سیاسەتی سك هەڵگوشێن پیادە باکات و بڕێكی زۆری ‌قازانجی بانکاکان بپارێزیت بۆ ئەوەی بانکەکان بتوانن قەرزە دەرەکیەکانیان بدەنەوە.    دەرئەنجام    بەهۆی شەڕی بازرگانی نێوان دوو گەورە زلهێزەکەی جیهان (ئەمریکا و چین) لەلایەک، بەردەوامبونی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و فەنزوێلا لەلایەکی دیکە، هۆکار دەبن بۆ زیاتر دابەزین و کەمبونەوەی بەرهەمی نەوت و زیاتر بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا. بەم شێوەیەش گەشەی ئابوری جیهان بەگشتی ئابوریی وڵاتانی تازە پێگەیشتوەی جیهان بەتایبەتی زیانی گەورەی بەردەکەوێت.  لەو نێوانەشدا تورکیا کە بەهای دراوەکەی زۆر دابەزیوە. هاوکات تورکیا وڵاتێکی هاوردەکەری نەوتە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت زیان بەگەشەی ئابوری ئەو وڵاتە دەگەیەنێت، قەبارەی هەڵئاوسان لەناوخۆی وڵاتدا زیاتر دەبێت، بەمەش بانکی ناوەندی تورکی دەبێت ڕێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمی قازانجی کۆمپانیا تورکییەکان و لەدەستدانی  کارو  دروستبوونی بێکاری زیاتر.  هەرچەندە تورکیا  قەشە (ئەندرۆ برانسن)ی ئازادکرد،  بەبێ ئەوەی  ئەمریکا هیچ رێکەوتنێکی لەگەڵدا کردبێت، ئەمەش  کارێکی باشە  چونکە بەرەنگاربوونەوەی تورکیاو ململانێ لەگەڵ ئەمریکا گەورەترین هەڵەی تورکیا بوو لەماوەی رابردودا، ئەمریکا هێزەکەی لە سوپاکەیدا نیە، بەڵکو هێزەکەی لە بەهای دراوەکەیدایە، بۆیە کاتێک دەبێت بە شەڕی ئابوری  ئەستەمە وڵاتان بتوانن بەرنگاری ئابوری ئەمریکا ببنەوە، لەکاتی ئێستادا پێویستە هەنگاوی دوەمی تورکیا لەم بارەوە خۆی ببینێتەوە لە ئازادکردنی ئەو  زانایەی ناساو  ئەو فەرمانبەرە تورکیانەی کە  لە سەفارەتی ئەمریکا کاریان دەکرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ خواستی ئاسایکردنەوەی بۆ پەیوەندیەکانی نێوانیان، تا وەک رابردو تورکیا بتوانێت سوود لە ئابورییە بەهێزەکەی ئەمریکا وەربگرێتەوە، بە پێچەوانەشەوە تورکیا زیانی ئابوری زیاتری بەردەکەوێت.   لەلایەکی دیکەوە پێویستە تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆ کار بکات بۆ باشکردنی رەوشی  مافی مرۆڤ و  ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی سیاسی و ئازادکردنی چالاکان و سزادراوانی سیاسی وگەراندنەوەی فەرمانبەرانی سزادراو بۆ سەر کارەکانیان، لەگەڵ نزیک نەبونەوەی زیاتری لە ڕووسیا، هەموو ئەمانەش بەمەبەستی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، چونکە بەشێکی  گرنگی  قەرزی  بانکاکانی تورکیا سەرچاوەکەی یەکێتی ئەوروپایە، لەئەنجامی هەنگاو نەنان بەم ئاراستانە، تورکیا زیاتر لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاو وڵاتانی نێو هاوپەیمانیەتی (ناتۆ) دوردەکەوێتەوە، سەرئەنجام خراپ بونی ئەم پەیوەندیانە بە زیان بۆ ئابوری تورکیا دەشکێتەوە.  کەواتە لە ئەگەری بەردەوامبونی سیاسەتی  ئێستای  تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و پەیوەندییە دەرەکیەکانی،  هۆکار دەبن بۆ نەبونی ئاسۆیەکی ڕون بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و کێشە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە لەکاتی ئێستادا.    سەرچاوە 1.    Marcus Ashworth, The Turkish Lira Faces an Unwelcome Reminder, at the said; https://www.bloomberg.com/view/articles/2018-09-02/the-turkish-lira-faces-an-unwelcome-reminder?srnd=premium-middle-east 2.    Onur Ant, Turkey Central Bank Raises Benchmark Rate to 24%; Lira Rallies Turkey Central Bank Raises Benchmark Rate to 24%; Lira Rallies, at the said; https://economictimes.indiatimes.com/markets/stocks/news/turkey-central-bank-raises-benchmark-rate-to-24-lira-rallies/articleshow/65803194.cms 3.    Onur Ant, Turkey's Fast-Paced GDP Growth Shows Signs of Slowdown Ahead, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-09-10/turkey-gdp-grows-5-2-percent-in-second-quarter-meeting-estimate 4.    Jacqueline Poh, Turkish Banks Need $6 Billion Refinancing Amid Economic Crisis, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-09-04/turkish-banks-need-6-billion-refinancing-amid-economic-crisis  5.    Onur Ant and Selcan Hacaoglu, Turkish Central Bank Pledges Policy Action to Stem Inflation, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-09-03/turkish-inflation-accelerates-more-than-expected-on-weak-lira  6.    Cagan Koc, Lira Gets a Helping Hand as Turkey Raises Tax on Dollar Deposits, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-08-31/lira-gets-a-helping-hand-as-turkey-raises-tax-on-dollar-deposits  7.    Constantine Courcoulas, Onur Ant, and Tugce Ozsoy, Why Can't Turkey Stop Its Economic Nose-Dive?, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-08-08/why-can-t-turkey-stop-its-economic-nose-dive-quicktake  8.    Ben Bartenstein, Turkey Cut Deeper Into Junk by Fitch as Erdogan Tightens Grip, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-07-13/turkey-cut-deeper-into-junk-by-fitch-as-erdogan-tightens-grip  9.    Daron Acemoglu, To Go Forward, Turkey Must Look Back: Ankara, struggling with an economy gone wrong, can learn from the things it once did right, at the said; https://www.bloomberg.com/view/articles/2018-08-30/to-go-forward-turkey-must-look-back  10.    Ben Bartenstein and Constantine Courcoulas, El-Erian, BlackRock Flag Turkey Risk as U.S. Eyes Sanctions, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-08-16/el-erian-blackrock-say-turkey-investor-call-gave-band-aid-fixes  11.    Constantine Courcoulas, Benjamin Harvey, Onur Ant, and Inci Ozbek, Erdogan Defiant While Turkey Slips Toward Financial Crisis, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-08-11/with-turkey-crisis-erupting-bankers-gather-for-emergency-talks  12.    Kerim Karakaya, Ercan Ersoy, Taylan Bilgic, and Asli Kandemir, Turkey Planning Help for Banks on Anticipation of Bad Loans, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-09-17/turkey-said-to-plan-help-for-banks-on-anticipation-of-bad-loans  13.    Constantine Courcoulas, Turkish Lira Cedes Gains From Rate Euphoria Amid Dollar Binge, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-09-18/turkish-lira-slides-for-third-day-as-rate-hike-euphoria-fades 14.    Onur Ant, Turkish Inflation Near Record High in Erdogan Era on Lira, at the said; https://www.bloomberg.com/news/articles/2018-10-03/turkish-inflation-climbs-to-24-5-percent-as-lira-takes-its-toll  15.    دوای دابەزینی بەهای لیرە، ئابوری تورکیا چی بەسەردێت؟ ماڵپەری خەندان: http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=59219&babet=4&relat=1024  


راپۆرتی: درەو میدیا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوەكانی چڕكردوەتەوە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكاندیدا، بەتایبەتیش دوای كەمبونەوەی دەنگ و كورسییەكانی لە هەردوو هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك هەڵبژاردن و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان بە تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی گۆڕان و دەربازبونی لە قەیرانە ناوخۆییەكانی لێكدەدەنەوە كە خوێنی نوێ و دەم و چاوێ نوێ دێنە پێشەوەو تاكە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانێتی، لەبەرامبەردا  هەندێك پێیان وایە كە گۆڕانكاریە ناوخۆییەكانی گۆڕان لە جەوهەردا بۆ تەسفیەكردن و دەرپەڕاندنی بەشێك لە دەنگە ناڕازیەكانە. هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان دەبوو 12/12/2016 هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامبدرایە، پێش ئەو وادەیە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە كە ئەوكات بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە لە بەریتانیا بوو، نامەیەكی بۆ بەرپرسانی بزوتنەوەكە نارد و لە یەكێك لە خاڵانەكانی داوای كردبوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان بۆ ماوەیەك دوابخرێت، بەهۆی نەگونجاوی بارودۆخەكەوە. هەندێك خوێندنەوەی ئەوە بۆ ئەو داوایەی نەوشیروان مستەفا دەكەن "لەو كاتەدا خۆی لە هاوكێشەی بڕیاردان دووربووە و ترسی هەبووە لە دەستوەردان و قوڵكردنەوەی ململانێیە ناوخۆییەكان، وێڕایی نالەباری دۆخی سیاسی و ئابوری و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی كوردستان".  ئەوە لە كاتێكدایە، لە پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕاندا هیچ بڕگەیەك ئاماژەی بەدواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی نەكردووە، هەروەك ئەوەشی تیادا نەنوسراوە "كێ‌" یان كام "ئۆرگانە"ی، گۆڕان مافی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە. ڕەنگە تاكە بڕگەیەك كە جۆرێك لە شەرعەیەتی دابێت بەدواخستنی (كۆنفرانسی نیشتمانی) بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبێت، كە چوار ساڵێك جارێك و پێش هەڵبژاردنی گشتی(پەرلەمان) لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، بەوەش بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دواخراوە، بەڵام دیسان ئەمە ناكاتە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، كە بەهەڵبژاردنی دەستەی بازنە و ڕایەڵەكان دەستپێدەكات و دواتر ئەوانیش لەسەر ئاستی قەزاكان دەستەی قەزاكان هەڵدەبژێرن، ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكەدا بۆ باژێڕوانی قەزاكان سەردەكەون ئۆتۆماتیكی دەبنە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و نوێنەرایەتی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لەو دامەزراوەیە، كە بەدامەزراوەی سەركردایەتیكردنی گۆڕان و ناوەندی بڕیاری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە دادەنرێت، ڕێكخەری ژوورەكانیش كە ژمارەیان(12)یە، لەڕێی ڕێكخەری گشتییەوە دیاریدەكرێن  و ناوەكانیان  ڕادەستی جڤاتی نیشتمانی دەكات بۆ پەسەندكردن. بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەر دوو ساڵ جارێك ئەنجام دەدەرێت، بە وپێیەش ئەم جڤاتەی ئێستا كە لە 12/12/2014 هەڵبژێردراوە دەبوو لە 12/12/2016 خولەكەی تەواوبكات و سەرلەنوێ‌ هەڵبژاردنی بۆ بكرێتەوە،  بەڵام ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی بۆ نەكراوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە بێت دوو ساڵە شەرعیەتی ڕێكخراوەیی بەسەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 25/7/2017 ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندنی هەڵبژاردووە،  كە ماوەی تەمەنی ئەوانیش(2)ساڵە. خاڵێكی تر كە جێگەی باسە لەم ڕاپۆرتەی "درەومیدیا" دا، لە هەندێك شار و ناوچەی وەك (كەركوك و بادینان و كەلار) لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تائێستا هەڵبژاردنی ناوخۆیی  تیادا بەڕێوەنەچووە.  لەگەڵ  ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانیش (كۆنگرە) پاساویشی هەبووبێت بۆ داخستن، هۆكارێك بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان نەخراوەتەڕوو، چونكە كاری سەرەكی كۆنفرانسی نیشتمانی دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چوارساڵی داهاتوو, هەڵسەنگاندنی كاری ڕێكخراوەییە لە چوارساڵی ڕابردوودا، هاوكات توانای ئەوەشی هەیە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆیی بزوتنەوەكە بكات، واتە بەپێچەوانەی حزبەكانی تر، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنفرانسی (نیشتمان)یدا، هیچ جۆرە هەڵبژاردنێك ئەنجامنادات. خواستی گۆڕانكاریی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دابەزینی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نیوە، داواكاری گۆڕانكاری و تازەبوونەوە بووە داواكارییەكی پێویست و لەوچوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی ئەوحزبە فشارەكانیان بەو ئاڕاستەدا چڕكردەو ەو داوای پێداچونەوەی گشتگیریان كرد لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش جارێكی تر ئەم دوایە بەچڕی سەرهەڵدایەوە و بەچەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردن كە ڕۆژی 30 ئەیلولی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدەدەن و گۆڕانكاری لە تەواوی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەدا دەكەن. تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی هیچ ڕاگەیەندراو، یاخود نوسراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە، كەناڵی ( KNN) كە زمانحاڵی ڕەسمی ئەو حزبەیە، بەبێ‌ ناوهێنانی هیچ سەرچاوەیەكی ڕەسمی، شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكدا كە لە شێوەیەی زانیاری بەدەستهاتوو بڵاویكردەوە، ڕایگەیاند" لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، هەر لەو ماوەیەدا هەنگاوە كردارییەكان بۆ خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێدەكات كە بریتین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و بەستنی كۆنفرانس و كۆنگرە".  ڕاشیگەیاندوو"بەشێكی دیكەی هەنگاوە كردارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستەوخۆ لەدوای بەستنی كۆنگرە، بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە، كە هەر لە ڕێكخەری گشتیەوە تاكو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و ئەندامانی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و بەرپرسی ژوورەكان و باژێڕوانەكان دەگرێتەوە.  لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی "KNN"دا، هاتووە، ئامانجی ئەو گۆڕانكارییانە" چونەوە سەر شاڕێی ئامانجە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە".  هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بزوتنەوەی گۆڕان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، (كۆنفرانسی نیشتمانی) ڕێكدەخات و بۆ بەداواچونی ئەو پرسە، پرسیاری لەزیاد لە سەرچاوەیەكی ئاگادار كرد كە ئاخۆ گۆڕان دەتوانێت پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی نیشتمانی بكات؟ لە وەڵامدا سەرچاوەكانی "درەو میدیا" ئاماژە بەوەشكرد كە هیچ بڕگەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ نیە ڕێگری لەو كارەبكات. ڕەنگە ئامانجی پێشخستنی "كۆنفرانسی نیشتمانی" پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ دەستكاریكردنی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە و گۆڕینی هەندێك لە بڕگە و مادانە بێت كە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە تازەیەی هاتوەتە پێشەوە ناگونجێ، یان لە رابردوودا بەربەست و ڕێگری بۆ هەندێك لەو هەنگاوانە داناوە كە بەرپرسانی بزوتنەوەكە ویستویانە بینێن و دەستورەكە ڕێگر بووە، كۆنفرانسی نیشتمانی ئەو دەرفەتەیان دەداتێ‌ دەستكاری بكەن و هەمواری بكەنەوە.  هاوكات لە چەند رۆژی رابردوودا عەلی حەمە ساڵح, هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا كە لاپەڕەی تایبەت خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت"بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری گۆڕانكاری داوە لە سەرجەم ئۆرگانەكان،  لە ماوەی  دوو مانگی ئایندەدا كۆنفرانسی ناوخۆیی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین، لە خوارەوە بۆ سەرەوە گۆڕانكاری دەكرێت، بە هەڵبژاردنی جڤاتێكی نوێ‌ و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی".       خاڵێكی تر كە مایەی ڕاوەستانە، چی  لە ڕاپۆرتەكەی كەناڵی (KNN) هەم لە نوسینەكەی (عەلی حەمە ساڵح)دا، ئاماژە بە گۆڕینی ڕێكخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن كراوە، لە كاتێكدا بە پێچەوانەی جڤاتەكان كە دووساڵە ماوەكەیان تەواوبووە، ڕێكخەر و خانەی ڕاپەڕاندنیش  هێشتا نزیكەی 10 مانگیان ماوە بۆ تەواوكردنی دوو ساڵەكەیان و دوای كۆنفرانسی نیشتمانی و تەواوبونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیش، نزیكەی 7 مانگ ماوەیان دەمێنێت. رێكخەری گشتی و ئەركەكانی  بەگوێرەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كە لە یەكەمین كۆنگرەی نیشتمانی ئەو حزبەدا پەسەندكراوە رێكخەری گشتی ئەم ئەركانەی هەیە: -    سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی دەكات. -    لەبەردەم جڤاتی نیشتمانیدا بەرپرسیارە. -    لەكاتی ئامادەنەبوونیدا، یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی. هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی بە گوێرەی مادەی یانزەیەمی دەستوری گۆڕان، لە كاتی چۆڵبوونی جێگەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لە سۆنكەی وازهێنانی یان هەر هۆیەكی ترەوە بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژاردن دەكرێت و ئەمانە بۆیان هەیە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن. -    ئەندامانی جڤاتی  نیشتمانی -    ئەندامانی جڤاتی گشتی -    كەسایەتی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردوو جڤات هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانیدا دەكرێت و  بە دەنگدانەی نهێنی و راستەوخۆ بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرێت، ئەگەر لە جاری یەكەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنا، بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن بۆ یەكەمین و دووەمین كەس دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان هێناوە و ئەوسا زۆرینەی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی.


راپۆرتی: درەو میدیا بە تۆمەتی (بەقاچاغبردنی نەوت و سپی كردنەوەی پارە) ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنیی هەولێر دەستبەسەركراون و هەندێكیشیان هەڵاتوون، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بە دیاریكراویش لە 6 و 7 ی ئەم مانگەوە دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوت و بە قاچاغبردنی و سپیكردنەوەی پارەی ئەو نەوتە بەقاچاغبراوە. سەرەداوی روداوەكە دوای ئەوەی ئاسایشی هەولێر دەستدەگرێت بەسەر زیاتر لە ( یەك ملیۆن و 380 هەزار) دۆلار واتا ( 138 دەفتەر دۆلار) كە لە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا بووەو هێنراوە بۆ بازاڕەكانی هەرێم و ساغكراوەتەوە، لە رێگەی مەخمور هەولێر دەستگیردەكرێت، كە پارەكە لە گەیارە و شەرگاتەوە هاتووە،، گومانەكە زیاتر دەبێت كاتێك دەردەكەوێت شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە پاسەوانی یەكێك لەو ئەفسەرانەیە كە ئێستا دەستبەسەركراوە، كاتێك دەردەكەوێت هێنانی پارەكە بۆ سپیكردنەوەیەو بەهۆی بەقاچاغبردنی نەوتەوە دەستكەوتووە، لەوێوە دەزگا ئەمنییەكان دەستدەكەن بە لێكۆڵینەوە. تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژە بەوە دەكەن كە  ئێستا نزیكەی ( 28 ) كەس دەستگیركراون، بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و بەقاچاغبردنی نەوت لە نێو ئەو كەسانەدا بەپێی زانیارییەكان هەریەك لە جێگری بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی جموجوڵی ئاساییشی هەولێر، بەرپرسی دژە تیرۆر لە ئاساییشی هەولێر،  بەڕبوەبەری ئاساییشی ( بنەسڵاوە ، بەحرەكە، گوێر) و بەرپرسی ژمارەیەك بازگە و ژمارەیەك بەرپرسی پێشمەرگە و پۆلیسیش تێوەگلاون، بەشێكیان دەستگیركراون و بەشێكیشیان دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. قاچاغچی نەوت  دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە بە تۆمەتی كونكردنی بۆری نەوتە، كە ماوەیەكی زۆرە نەوتی لێوە بە قاچاغ دەبەن و لە بازاڕی رەشی هەرێمدا ساغی دەكەنەوە و تۆڕێك لە بەرپرسانی ئەمنی تێوەگلاون و بازرگانیان بە نەوتەوە كردووە وپارەیان سپیكردوەتەوە، ئەو بۆریە نەوتەی كە نەوتی لێوە بە قاچاغبراوە، بۆری بیرە نەوتییەكانی چەڵتوك لە مەخمور و چل هەوێزە و كێڵگە نەوتییەكانی گوێرن كە بە بۆری دەچنە پاڵێوگەی كار ، ئەو بۆریە نەوتە كونكراوەو رۆژانە نزیكەی 30 تەنكەر نەوتیان لێوە بردووەو بە قاچاغ لە بازاڕەكانی هەرێم ساغیانكردوەتەوە، پارەی ئەو نەوتەشیان لە بازارەكانی هەرێمدا سپیكردوەتەوە. هەڵوێستی بەرپرسانی حكومەت لەگەڵ ئەوەی برپرسانی حكومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێن كە روداوەكە راستە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام  بەشێك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە رەتدەكەنەوە كە ئەو تۆڕەی دەستگیركراوە بەرپرسی ئەمنییان تێدا بێت، هەروەك بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەگەرچی دانی بەوەدا نا کە ئەفسەرێكیان بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەكردووە، بەڵام دەنگۆی تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمنی رەتكردوەتەوە<  سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای هەندێك راپۆرت بووە و ئێستاش لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت. بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی رابردوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەیسانە، چاوەڕەوان دەكرێت ئەو كەیسەش وەك دەیان كەیسی تری هاوشێوە " دیزە بەدەرخۆنە بكرێت"، بەو پێیەی ئەو كەیسە بەرپرسی ئەمنی لە پشتەوەیە و رەنگە بەشێك لەو بەرپرسانە لە هەرەمی دەسەڵاتدابن و بەتایبەتیش لە حزبی باڵادەست بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت لێپرسینەوەی جدی بكرێت و ئەو كەیسە بكاتە ئامانج.        


(درەو میدیا): بە فەرمانی ئۆفێسی دەستەی نەزاهە، هەموو فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی كەركوك- سلێمانی‌و بەڕێوەبەری ئۆفێسی كەركوكی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران دەستگیركران. ئۆفێسی كەركوكی دەستەی نەزاهە سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو گومرکەی دەستگیركرد كە بەمدواییە لەسەر رێگەی سلێمانی دانرا. بەپێی هەواڵێك كە سایتی (سۆمەریەنیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، هێزێكی دەستەی نەزاهە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كەركوك، ئەمڕۆ سەرجەم فەرمانبەرانی گومرکی بازگەی سلێمانیان دەستگیركردووە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دەستگیركردنی فەرمانبەرانی گومرك لەسەر بنەمای سكاڵای چەند لایەنێك بووە لە وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی لەو بازگەیەدا. فەرمانبەرەكان ئێستا دەستبەسەرن‌و بڕیارە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ هەموویاندا بكرێت. بەمدواییە ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی كەركوك بانگەوازێكیان ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد سەبارەت بە بوونی سەرپێچی لە خاڵە گومرگییەكانی نێوان كەركوك‌و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە بەفەرمانی حكومەتی عێراق دانران و سەدان كەس لە هاوڵاتیانی هەرێم لەو گومرگانە دوچاری كێشە بوون‌و دەست بەسەر ئۆتۆمبیلی ژمارەیەكی زۆر خەڵكدا گیراوە. لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی هەواڵێك كە سایتی (كەركوك ناو) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، دوێنێ لەسەر بڕیاری ئۆفیسی دەستەی نەزاهە لە كەركوك عەممار سەباح بەڕێوەبەری ئۆفێسی كەركوكی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی لە شارەكە دەستگیركراوە. بەڕێوەبەری ئۆفێسی وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران بەتۆمەتی" زیانگەیاندن بە سامانی گشتی" دەستگیركراوە. 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، گەڕێكی نوێی ململانێی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێدەكات، ململانێی ئەمجارە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكە. گەڕی نوێی ئەم شەڕە سیاسییە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێك بەسەر رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)دا، كە پارتی‌و یەكێتی لەو روداوانەدا یەكتری بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار دەكەن. یەكێتی كە تاوەكو پێش رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر) دەسەڵاتداری كەركوك بوو، لەدوای ئەو رووداوانە دەسەڵاتی لەدەستدا‌و پارێزگارەكەی لە كەركوك (نەجمەدین كەریم) كەركوكی جێهێشت‌و لەوكاتەوە لە هەولێر دادەنیشێت. لەدوای رۆیشتنی نەجمەدین كەریمەوە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، راكان سەعید كە لە پێكهاتەی عەرەبە، بەشێوەی وەكالەت پۆستی پارێزگاری كەركوك بەڕێوەدەبات‌و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار راكان سەعید وەكو ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام تائێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە‌و لەپۆستەكەیدا لە كەركوك ماوەتەوە. یەكێتی دەستی لە كەركوك بەرنەداوە‌و دەیەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە یادی یەكساڵەی رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)دا پۆستی پارێزگار وەرگرێتەوە. یەكێتی چۆن پارێزگار وەردەگرێتەوە؟ بەپێی ئەوەی ئامادەكاری بۆ كردووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت نیسابی یاسایی تەواو بكات بەمەبەستی سازدانی دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و لەو دانیشتنەدا پارێزگارێكی نوێ كە سەربە یەكێتییە بۆ كەركوك هەڵبژێرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت نیسابی پێویست بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبكاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی قایلكردنی نوێنەرانی هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان لەگەڵ رازیكردنی (2) ئەندامی یەكگرتووی ئیسلامی‌و (2) ئەندامی حزبی شیوعی. بەپێی بڕیاری ژمارەی (71)ی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق كە تائێستا لە پارێزگای كەركوك كار بەو بڕیارە دەكرێت، نیسابی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە زۆرینەی رەها واتە (50+1) پێكدێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام بە بەئامادەبوونی (21) ئەندام نیسابی یاسایی تەواو دەبێت. قایلكردنی عەرەب‌و توركمانەكان بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەلایەن یەكێتییەوە، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدایە، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە بڕیارە پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبكرێت: •    پارێزگار: بۆ پێكهاتەی كورد (یەكێتی) •    جێگری پارێزگار: بۆ پێكهاتەی عەرەب •    سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا: بۆ پێكهاتەی توركمان یەكێتی كێ دەكات بە پارێزگار؟ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، یەكێتی ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەسەر دانانی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك. (درەو میدیا) زانیویەتی، پێشتر یەكێتی (خالید شوانی) دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر بڕیاردراوە خالید شوانی لە بەغداد پۆستی وزاری پێبدرێت، چونكە بوونی ئەو لە بەغداد بۆ یەكێتی گرنگترە. ئێستا قسەوباس لەسەر دوو كەس هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەو دوو كەسەش بریتین لە هەریەكە لە: •    ئاسۆ ئەڵمانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی •    رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی ئەنجومەنی پارێزگا چۆن دابەشبووە؟ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە (41) ئەندام پێكدێت، كورسییەكانی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دابەشبوون: •    لیستی برایەتی كورد: (26) ئەندامی هەیە، لەم ژمارەیە پارتی (12) ئەندامی هەیە، یەكێتی (6) ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامی (3) ئەندام، حزبی شیوعی (2) ئەندام، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و ئەندامێكی مەسیحی و ئەندامێكی توركمان. •    پێكهاتەی عەرەب: (6) ئەندامی هەیە •    پێكهاتەی توركمان: (9) ئەندامی هەیە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا یاساییە؟ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە دەیەوێت پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، خۆی كێشەی هەیە‌و ماوەی ساڵێكە بێ سەرۆكە. پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەپێش رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە یەكێكە لە پۆستە كێشەلەسەرەكان، بەپێی ئەو دابەشكارییەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە كەركوك كاری پێكراوە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا پشكی پێكهاتەی توركمان بووە. تاوەكو ساڵی 2014، حەسەن تۆران لە پێكهاتەی توركمان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دەكرد، لەو ساڵەدا تۆران خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندیدكرد‌و لە هەڵبژاردن سەركەوت، دوای رۆشتنی حەسەن تۆران، بەشێوەی وەكالەت‌و بە كاتی رێبوار تاڵەبانی لە لیستی برایەتی كەركوك كە سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە كرا بە سەرۆكی ئەنجومەن، لەوكاتەوە بەردەوام توركمانەكان داوا دەكەن كەسێك لەوان بكرێتە سەرۆكی ئەنجومەن، بەڵام كورد رێگەی نەدا جارێكی تر ئەو پۆستە بدرێتەوە بە توركمان، بەبەهانەی ئەوەی توركمان رێژەیان لەوە كەمترە لە پارێزگاكەدا كە ئەو پۆستەیان پێبدرێت. رێبوار تاڵەبانی كە بەوەكالەت لە شوێنی حەسەن تۆران سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دەكرد، هاوشێوەی نەجمەدین كەریم لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی جێهێشتووە‌و لە هەولێر نیشتەجێیە. لەدوای رۆشتنی رێبوار تاڵەبانییەوە بۆ هەولێر، ماوەی ساڵێكە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیكەوتووە، رێبوار تاڵەبانی رۆژی (4)ی ئەم مانگە بە نوسراوێك (عیرفان كەركوكلی) راسپارد لە شوێنی ئەو بە وەكالەت كاروباری ئەنجومەن بەڕێوەببات، ئەمە لەكاتێكدایە رێبوار تاڵەبانیش خۆی بە وەكالەت ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە. نوسراوەكەی رێبوار تاڵەبانی لەلایەن پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان‌و نوێنەرەكانی یەكێتییەوە لە ئەنجومەنی پارێزگا رەتكرایەوە، بەوپێیەی رێبوار تاڵەبانی ماوەی ساڵێكە لە دەوامكردن دابڕاوە‌و دابڕانەكەشی پەیوەندی بە گەشتكردن یاخود نەخۆشییەوە نییە، بۆیە مافی ئەوەی نییە لە شوێنی خۆی كەسێكی تر دابنێت. ئێستا كە یەكێتی دەیەوێت پارێزگار‌و سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێرێت، رەنگە دوچاری هەندێك ئاستەنگ ببێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە باس لەوە دەكرێت تەنیا سەرۆكی ئەنجومەنی دەسەڵاتی دیاریكردنی كات ‌و ئەجێندانی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەیە، ئەگەر بەشێوەی كرداریش دوچاری كێشە نەبێ، ئەوا ركابەرەكەی كە پارتییە وەكو خاڵێك لەسەری تۆماردەكات‌و رەنگە لە دادگاش لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای لەسەر تۆماربكات‌و هەڵبژاردنی پارێزگار وەكو پرۆسەیەكی نایاسایی لەقەڵەمبدات. پارتی چی دەكات؟ پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی بەجێهێشتووە‌و دەڵێ" كەركوك داگیركراوە‌و تا داگیركاری كۆتایی نەیەت ناگەرێتەوە بۆ ئەو شارە"، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدات جارێكی تر لەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگارەوە بگەڕێتەوە. پارتی كە گەورەترین حزبە لەڕووی ژمارەی كورسییەوە لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، دەیەوێت هاوشێوەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بەجیا لە یەكێتی نیشتمانی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەبێت، بەڵام تائێستا دیار نییە پارتی كێ بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات، ئەگەر دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح)، پارتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیشدا لەسەر دەستی یەكێتی دوچاری شكستێكی سیاسی تر ببێتەوەو دواجار ئەم رووداوەش كاریگەری زیاتر لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو حزب لە هەرێمی كوردستان دروستبكات، بەتایبەتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا. ئەوەی تائێستا دیارە، ئەوەیە پارتی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، داوا دەكات كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك كە بەر كورد دەكەوێت، لەناو لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا یەكلابكرێتەوە، نەوەك لەناو ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر لەناو لایەنە كوردییەكانیشدا یەكلابكرێتەوە، ئەوكاتە پارتی ڤیتۆی هەیە‌و داوا دەكات هیچ كەسێك لەوانە كاندید نەكرێت بۆ پۆستی پارێزگار كە بەوتەی ئەوان بەشداربووە لە"خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر". یەكەم بەرپرسی پارتی گەڕایەوە بۆ كەركوك پارتی كە هێشتا كەركوك بە شارێكی داگیركراو دەزانێت، هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، یەكەم بەرپرسی خۆی لە ئیدارەی كەركوك گەڕاندەوە بۆ شارەكە. شێرزاد رەشید كاكە بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك كە سەربە پارتییە گەڕایەوە بۆ كەركوك‌و لە پۆستەكەیدا دەستی بەكاركردەوە. وەكو خۆی دەڵێت، شێرزاد كاكە لەسەر فەرمانی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ كەركوك‌و كاروباری خۆی لەژێر رێنمایی وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، چونكە خوێندنی كوردی لە كەركوك سەربە هەرێمی كوردستانە. تەڵە بۆ یەكێتی دانراوە! یەكێتی رۆژی 9/8ی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە هەوڵیدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا سازبدات‌و پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، بەڵام نەیتوانی نیسابی یاسایی بۆ سازدانی دانیشتنەكە كۆبكاتەوە. بەرپرسانی پارتی گومانیان هەیە لەوەی ئەمجارەش یەكێتی بتوانێت نیساب تەواو بكات، لە حاڵێكیشدا ئەگەر بتوانێت نوێنەرەكانی عەرەب‌و توركمان‌و (2) ئەندامی یەكگرتوو و (2) ئەندامی حزبی شیوعیش قایل بكات بە بەشداریكردن لە كۆبونەوەكە، رەنگە لەو مامەڵەیەدا دوچاری تەڵەیەكی سیاسی ببێتەوە‌و پۆستی پارێزگار لەدەستبدات، چونكە بەبۆچونی بەرپرسانی پارتی ئەگەر بەوشێوەیەی ئێستا نیسابی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا تەواو بكرێت، توركمان‌و عەرەب زۆرینە دەبن لەناو ئەنجومەندا‌و دورنییە لەحاڵی تەواوبونی نیسابدا پشت لە یەكێتی بكەن‌و لەژورەوە كەسێك لە خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژێرن.  


(درەو میدیا): ڕۆژنامە عەرەبییەكان باس لە ئەگەری گەیشتن بەڕێككەوتنێكی سێقۆڵی دەكەن لەنێوان (ئەمریكا و توركیا و سعودیە) بۆ داخستنی دۆسیەی دیارنەمانی ڕۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی.  ئەو دەستەواژەیەی سەرۆكی ئەمریكا " بكوژانی لەكۆنترۆڵ دەرچوو" چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەكارهێنا و وتی : "ڕەنگە ئەوانە لەپشتی ونكردنی خاشقچییەوەبن"، پێدەچێت ببێتە ناونیشانی داخستنی دۆسیەكە و دوورخستنەوەی تۆمەت لە خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودیە بەتایبەتیش محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە. گەڕان بەدوای قوربانییدا  نوسەر "عەبدولباری عەتوان" لە ڕۆژنامەی "ڕای ئەمڕۆ"ی، لەندەنیدا نوسیویەتی" كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەڵێت" بكوژانی كۆنترۆڵ نەكراو" ڕەنگە لە پشت كوشتنی خاشقچییەوە بن لە كونسوڵگەریی سعودیە لە ئیستانبوڵ و، پادشای سعودییەش بەو پەڕی متمانەوە پێی ڕادەگەیەنێت كە ئاگای لە هیچ شتێك نیە، ئەوە مانای وایە بەدوای قوربانییەكدا دەگەڕێن بۆئەوەی تۆمەتەكەی پیادا هەڵواسن و پێدەچێت گرێبەستێكی سێقۆڵی ئەمریكی، سعودی ، توركی) ئەنجامدرابێت بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە، ڕەنگە بۆ هەتاهەتایە.  ئەو نوسەرە دەشڵێت" گرێبەستەكان لە پێش بنەماكانی مافی مرۆڤەوەن، بەتایبەت لەلای سەرۆكێكی وەك ترەمپ كە بڕوای بە هیچ نیە جگە لە "عمولە" وەرگرتن، هیچ نازانێت جگە لە سەرانەسەندن لە سعودیە و وڵاتانی كەنداو و بردنی زۆرترین ملیارەكانیان، كە لە مێژووی ئەمریكادا هیچ سەرۆكی ئەمریكی وەرگرتنی سەرانە و "ئیبتزازی" بەو شێوە ناشیرینە ئەنجامنەداوە". داڤۆسی بیابان لە ژیانی خاشقچی بەهادارترە ڕۆژنامەی "قودسی عەرەبی" لە سەروتاریدا دەڵێت" سەر لێشواوی لێدوانەكانی سعودییە بەگرتنبەری ڕێوشوێن دژبە هەر سزایەك بەسەریدا بەسەپێنرێت، دواتر نەرمكردنەوەی لێدوانەكان بۆ ئاستێك كە باسی ئەو پرسەی كشاندەوە، كە وەك هۆكاری فشاری زیاتر و بەدوای یەكدا بوو لەسەر (ڕیاز)، مانای ئەوەنیە دەسەڵاتدارانی سعودیە بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرن و شازادەی جێنشینیش بەشێوەیەكی شەخسی بەرپرسیارێتی كوشتنی خاشقچی دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها ناكاتە ئەگەری دروستنەكردنی قوربانییەكیش كە ئۆباڵی تاوان لە كۆڵ تاوانبارە ڕاستەقینەكە بكاتەوە، ڕێگری لەئ ەگەری دیزە بەدەرخۆنەكردنی كۆی دۆسیەكەش ناكات، بەجۆرێك كە ملیارەكانی بیابانی داڤۆس سەركەوتوودەبێت لە سڕینەوەی تاوانی كۆنسوڵگەرییەكە". نوسەر (حازم عەیاد)  لە پێگەی "ئەلسەبیل"ی، ئوردونی دەڵێت" ڕاگەیاندنی ئەو سەردانە كتوپڕەی پۆمپیۆ ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی قەیرانی دیارنەمانی خاشقچی پێیناوەتە قۆناغێكی هەستیار و نوێوە، سیناریۆی دۆزینەوەی دەرچەیەك ئاراستەیەكی جدیتری وەرگرتوە، بەتایبەت دوای تویتەكەی ترەمپ كە تیادا ڕایگەیاند پەیوەندی كردووە بە شا (سەلمان) و ئەویش ڕەتیكردوەتەوە هیچ زانیارییەكی لەسەر چارەنوسی خاشقچی هەبێت، پێش ئەو تویتەش شاسەلمان بڕیاریدا بەكردنەوەی لێكۆڵینەوەیەكی ناوخۆیی كە داواكاری گشتی سعویە سەرپەرشتی بكات، لێكۆڵینەوەكان سەرجەم ئەوانە دەگرێتەوە كە ناویان هاتووە لە لێكۆڵینەوەكانی توركیادا، كە ڕەنگە بێتە مایەی شەپۆلێكی گەورەی گۆڕانكاری لە ناوخۆی سعودییە".  هەڵمەتێكی تاودراو ڕۆژنامە سعودییەكان بەردەوامن لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ڕیاز دەكرێت بە ونكردنی خاشقچی. " ئەحمەد عەوەز" لە ڕۆژنامەی "عوكاز"ی، سعودی دەڵێت" ئەم هەڵمەتە تاودراوە لەسەر سعودیە و هەوڵی بەشەیتانكردنی وڵاتی مسوڵمانان شكستدەهێنێت و لەهەناوی خۆشیدا ئاماژەكانی شكستی هەڵگرتوە، هەڵمەتێكی تاودراوە درۆ و كینە و شێتی سەركردایەتی دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی گەلێكی سعودی هۆشیار بوەتەوە بە قەبارەی ئەو پیلانگێڕییە، كە نیشتمانی كردوەتە ئامانج، ڕووبەڕووی سەركردایەتیەكی دانا بوەتەوە كە مامەڵەی لەگەڵ مەترسی ئاڵۆزتر كردووە لەوەی ڕودەدات، سعودییەكان هاوشانی یەك وەستاون بۆ بەگری كردن لە وڵاتەكەیان و سەركردایەتیەكان هێڵی سورە و بواری موناقەشەكردنی تیادانیە، پەیمانی لایەنداری و متمانەیان بۆ سەركردایەتیەكەیان تازەكردوەتەوە".  (یوسف ئەلدەینی) لەڕۆژنامەی :شەرقلئەوسەت"ی چاپی لەندەن نوسیویەتی" دۆسیەی ونبونی خاشقچی لەر ِەهەندە تاوانكاری و ئەمنییەكەی و ئەوەی پەیوەستە بەسروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و ونبون و دیارنەمان لەسەر زەوی وڵاتێكی ترەوە گۆڕاوە بۆ دۆسیەی بە ئامانجگرتنی سعودییە، ئەو وڵاتەی زۆرترین كاریگەری هەیە، نەك هەر لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بەڵكو بەهۆی بونی بەناونیشانێكی تایبەتمەند و جیاكەرەوە بۆ دوژمن و نەیارانی سیاسەتەكانی و ئامادەیی بەهێزی لەسەر زیاد لە ئاستێك، كە ئەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو تێبینی دەكەین لەبەداواداچونەكانمان بۆ هەر بابەتێك كە تایبەتبێت بە سعودییە لەڕووی كۆمەڵایەتی یاخود پەیوەست بێت بەڕوداوی ڕۆژانە، چی جای پرسێك بەقەبارەی ونبونی كەسایەتیەكی گشتی دیاری وەك خاشقچی لە دۆخێكی تەمومژاوی و نامۆدا".    سەرچاوە (درەومیدیا+ بی بی سی عەرەبی)  


 ( درەو میدیا): لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقیيەكان پێكهێنا، زیاد لەجارێكیش داوایان لەهێز و لایەنە كوردستانیيەكان كرد لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی كوردو یەكدەنگەنیيان وەك میكانیزمێكی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان، پێكەوە بچنە بەغداد، بەڵام ئەمە نەهاتەدی، ڕەنگە دیارترین هۆكار نیگەرانی هێزە "ناڕازییەكان" بوبێت لەو ساختەكارییانەی ئەو دوو هێزە لێيانكردن لەهەڵبژاردنەكان، وەك خۆیان لەزیاد لەبۆنەیەكدا ئاماژەیان پێكردووە . لەیەكڕیزییەوە بۆ ئۆخەی ئۆخەی!   بەر لەدابەشكردنی پۆستەكان پارتی و یەكێتی زیاد لەجارێك و پێكەوە و بەوەفدی هاوبەش چونە بەغدادو لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیيەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كەوتنە گفتوگۆ، بەڵام مانگی هەنگوینی پارتی و یەكێتی، كە خۆیان ناویاننابوو یەكڕیزی و پێكەوەبوون زۆری نەخایاند، هەر كەهاتە سەر دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، كوردو تەنی، نەك هەر كەوتنە "ئۆخەی ئۆخەی هەركەس بۆخۆی"، بەڵكو ململانێیەكی توندیشیان دەستپێكرد لەسەر ئەو پۆستە، لەهاوبەشیيەوە بەرەو ناوبژیوانیكردن ڕۆیشتن، هەر لایەو وەفدێكی تایبەتی نارد بۆ بەغدادو بەجیا لەگەڵ لایەنەكان كەوتە گفتوگۆ و ڕیكلامكردن بۆ دەرچواندنی كاندیدەكەی خۆی. تا دواساتەكانیش هیچیان ئامادەبون سازش بۆ ئەوەی تریان بكەن، تا سەرەنجام بە دووكاندیدی جیا چونە ناو كێبڕكێوەو بەدەنگی زۆرینەی  شیعەو سوننە لەناو پەرلەمانی عێراق  ململانێكەیان یەكلاكرایەوەو ئاوكرا بەئاگرەكەدا، یەكڕیزی و پێكەوەبونیش وەك ناوێكی بێناوەرۆك چوارچێوەی دروشمی تێنپەڕاند. داواكارییە نەتەوەییەكانی كورد سۆراخیان نەما بەشێك لەئاگایانی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان دەڵێن، ئەگەر ململانێكردنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پرسێكی سروشتی بوبێت بەوپێیەی هەریەك لەم دوو هێزە ئەو پۆستەیان بەماف و ئیستحقاقی خۆیان زانیوەو ململانێیان لەسەركردوە، كە وەك دەوترێت سروشتیش نیە، چونكە ئەو پۆستە لەچوارچێوەی ئیستحقاقی نەتەوەیدا بەر كورد كەتووە لە عێراق، نەك وەك موڵكی تایبەتی حزب مامەڵەی پێوەبكرێت و جگە لە حزبیش سودێكی ئەوتۆی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت، ئەوەی جێگای مەترسیيە نەمانی سۆراخی پرس و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تایبەت بە خەڵكی كوردستان و ئیستحقاقەكانێتی، چی سەبارەت بەمەسەلەی پشكی لە بودجەی فیدڕاڵی و هەم لەو مەسەلانەشی پەیوەستن بەخاك و بەشداری فیعلی كورد لەناوەندی بڕیاڕی سیاسی عێراق، كە هەردوو پرسەكە بەهۆی ململانێی بەرپرسانی هەرێم و بەغداد بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو كاریگەری نەرێنیان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەناوچە دابڕاوەكان و ناوخۆی هەرێمیش دروستكردووە. لەسەروبەندی دانوستەكاندا، پارتی و یەكێتی زۆر بەگەرمی باسیان لە كۆمەڵێك پێشمەرج دەكرد بۆ بەشدارییان لە حكومەتی داهاتوو، لەسەروهەموشیانەوە (مادەی 140 و دۆخی ناوچەی دابڕاوەكان و ئیستحقاقی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە لەبودجەی ئیتحادی و..... چەندین داواكاری تر). بەڵام لەئێستادا ئەم داواكارییانە تەنانەت لە ڕاگەیاندنەكانیشدا ناوی نەماوە، نەك ئەوەی بەشێك بێت لەدانوستەكانی نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان لەگەڵ بەغداد وەك كارنامەی ئەم هێزانە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو، ئەوەی بەڕوونی باسدەكرێت پشكی هەریەك لەم هێزانە لەكابینەی داهاتوو، كام وەزارەتەیان بەردەكەوێت، كە بەڕای زۆرێك كورد لەڕابردودا پۆستی زۆرو گرنگی وەرگرتووە لە عێراق، بەڵام ئەزمونی چەندساڵی ڕابردوو سەلماندویەتی جگە لە حزب و لەناوحزبیشدا بۆ شەخس و گروپ نەبێت بۆ خەڵكی كوردستان خێری نەداوەتەوە، بگرە باجی نەهامەتی و ناكۆكییەكانیشی داوە لەكاتی توندبونەوەی ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداد. 


راپۆرتی: درەو میدیا  لەهەر ئان‌و ساتێكدا ناكۆكی هێزو لایەنە كوردییەكان بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان توندبوبێتەوە، مەترسی دوو ئیدارەیی یەكێك بووە لەو دێوەزمانەی هەڕەشەی لە قەوارەى دانپێدانراوی سیاسی‌و ئیداری هەرێمی كوردستان كردووە. هۆكاری سەرەكییە ئەم مەترسییە بەردەوامە ئەوەیە، هەرێمی كوردستان وەكو ئەوەی لە دەرەوە دەردەكەوێت، لەناوخۆدا یەك پارچەی یەكگرتوو نییە‌و رووبەرو داهات‌و سەرباز لەنێوان دوو حزبی سەرەكیدا دابەشبووە، بۆیە هەركاتێك ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو هێزە رویدابێت، یەكسەر وێنە گەورەكە بەدیكراوە، كە وێنەی دابەشبوونی هەرێمی كوردستانە. بەمدواییە كە یەكێتی‌و پارتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر قسەیان كردو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناكۆكییەكانیان گەیشتە لوتكە، لەچەندین لاوە قسەوباس لەبارەی دروستبونەوەی دوو ئیدارەیی هاتە ئاراوە، هەندێك كەسیش باس لە دروستكردنی دوو هەرێمیی دەكەن. (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بەوردی باسی چۆنیەتی دابەشبوونی خەڵك‌و خاك‌و داهات‌و چەكدار دەكات لەحاڵی دروستبونی هەرێمێكی نوێ لە سنوری سلێمانی‌و كەركوك‌و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و بەراوردی دەكات بە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی. دێگەڵە.. سنوری دوو هەرێم  لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوەو لەگەڵ توندبونەوەی ململانێكاندا، بەتایبەت پارتی ئەم سنورە بیری خەڵك‌و هێزە سیاسییەكانی تر دەهێنێتەوە، چی بەڕێگەگرتن بێت یان سنوردارشكردنی ئەو كەسانەی كە پارتی لەسنوری نفوزیدا خۆیدا حەز بەچارەیان ناكات. لەدوای گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدادو پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەدوایدا گۆڕینی تەرازوی هێز لە هەرێمی كوردستان‌و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، ئەم پرسە بەجۆرێكی تر هاتەوە پێشەوە، دەستەواژە كۆنەكە "دوو ئیدارەیی" كە زیاتر وەك دەرەنجامی ململانێی چەكداری خۆی بەرجەستەكردبوو، گۆڕا بۆ دەستەواژەیەكی یاسایی بەناوی "دوو هەرێمیی"، كە لێكەوتی ململانێی سیاسی‌و هەستركردنە بەجۆرێك لەستەم‌و پەراوێزخستن‌و دابەشنەكردنی سامانی گشتی بەشێوەیەكی یەكسان‌و جیاوازیكردن لەنێوان شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەڕووی خزمەت‌و ئاوەدانی‌و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری‌و كۆی بوارە ژیاری‌و ئیداری‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكانیش.  نەوشیروان مستەفا‌و پرسی دوو هەرێمیی  نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەتنێكی تەلەفیزیۆنیدا كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2011، دەڵێت:" لە دەستوری عێراقدا ماددەیەك هەیە كە هەموو پارێزگایەك بەتەنیا یان لەگەڵ چەند پارێزگایەكی تردا دەتوانێت هەرێمێكی سەربەخۆ دروستبكات.. وەكو مەبدئی من لەگەڵ ئەوەم‌و پێشموایە ئەمە مافێكی ڕەوای یان حەقێكی مەشروعی هەموو پارێزگایەكە، هەر وەكو چۆن ئێمە باوەڕمان وایە هەموو میللەتێك لەدونیادا ئەبێت مافی چارنوسی هەبێت، من بڕوام وایە كە هەموو پارێزگایەكیش دەبێت مافی چارەنوسی خۆی هەبێت". ئەو ساتەی نەوشیروان مستەفا ئەو قسانەی تێدا كرد، پارتی‌و یەكێتی هەموو تەركیزیان لەسەر بەگژاچونەوەی ئۆپۆزسیۆن‌و هێشتنەوەی پێگەو نفوزی خۆیان بوو لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان، كە هەم بەرژەوەندی هاوبەش‌و هەم مانەوە ناچاری كردبوون باوەش بكەن بەیەكتریدا، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی تەرویجێكی زۆر بۆ ئەو پرسە بكات، بەڵام لەم قۆناغەدا كە ململانێی ئەو دوو حزبە جارێكی تر لەسەر پۆست‌و پێگەیان لە بەغدادو هەولێرو كەركوك توندبوەتەوە، جارێكی تر ئەم پرسە سەریهەڵداتەوەو وەك گریمانەو ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو قسەی لەبارەوە دەكرێت. هەرێمی نوێ چۆن دروستدەكرێت؟ بەگوێرەی ماددەی (119)ی دەستوری عێراق، پارێزگایەك یان زیاتر مافی پێكهێنانی هەرێمیكیان هەیە بە پشتبەستن بە داواكارییەك بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەری‌و داواكارییەكە بەیەكێك لەم دوو رێگەیەوە پێشكەش دەكرێت: یەكەم: داواكاری سێیەكی (1/3)ی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن. دووەم: لەسەر داواكاری دەیەكی (1/10)ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی كە داوای پێكهێنانی هەرێمەكە دەكەن. بە گوێرەی ماددەی (120)ی دەستور، هەرێمەكە دەستورێك بۆخۆی دادەڕێژێت‌و هەرەمی دەسەڵاتدارێتیی هەرێمەكەو دەسەڵاتەكانی دیاردەكات لەگەڵ میكانیزمی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.  ئەو هەرێمەی كە پێكدەهێنرێت بەگوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی (121)ی دەستور، دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و جێبەجێكردن‌و دادوەرییان هەیە، جگە لەو دەسەڵاتانەی كە تایبەتن بە حكومەتی فیدراڵەوە. بڕگەی دووەمی ئەم مادەیە باس لەوەدەكات، دەسەڵاتی هەرێمەكان مافی هەمواری جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵییان لە هەرێمەكەدا هەیە، ئەگەر ناكۆكی یان دژیەكی لەنێوان یاسای فیدراڵی‌و یاسای هەرێمدا هەبوو لەسەر بابەتێك، كە لە سنوری ئەو دەسەڵاتانەدا نەبێت كە تایبەن بە حكومەتی فیدراڵی. بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی (121)ی دەستور، دەبێت لەو داهاتانەی لە حكومەتی فیدراڵیدا بەدەستدەهێنرێت، پشكێكی گونجاو بۆ هەرێمەكان تەرخانبكرێت، كە بەشی جێبەجێكردنی ئەركەكانی بكات، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستییەكان‌و رێژەی دانیشتوانی. بڕگەی پێنجەمیش باسلەوەدەكات، هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، بەتایبەتی پێكهێنان‌و رێكخستنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەك پۆلیس‌و ئاسایش‌و پاسەوانی هەرێم. بارزانی: با دوو ئیدارەیی دروستبێتەوە ڕێبوار كەریم وەلی كە نوسەرێكی نزیكە لە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لەگەڵ عارف قوربانی، پەیامی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییان گەیاندوەتە لای مەسعود بارزانی‌و پێیان وتووە:" كاك مەسعود ئەم لێكترازانەی پارتی‌و یەكێتی دوو ئیدارەیی لێدەكەوێتەوە" لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی وتویەتی:" باببێت". ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ" یەكێتی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەرلەمان ڕازییەو یاری دیپلۆماسی دەكات، كە دەڵێ جارێ‌ هەڵوێستی خۆی ڕاناگەیەنێ‌". ئاری هەرسین ئاماژە بەوەدەكات" دوو ئیدارەیی ڕوبداتەوە، پارتی زەرەر ناكات، بەڵكو یەكێتی بە شەش مانگ لەودیو دێگەڵەوە ئێسك‌و پروسكیشی نامێنێت".  لەدوای ڕیفراندۆم‌و ڕوداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، دەنگۆیەكی بەهێز هەبوو هێزە شیعییەكان هانی هێزە باڵادەستەكانی سنوری پارێزگایی سلێمانیانداوە كە سلێمانی‌و هەڵەبجەو كەركوك بكەن بە هەرێمێكی سەربەخۆو لەزۆنی زەردی جیابكەنەوەو ئامادەیشیان دەبڕیبوو مووچەی فەرمانبەرانی سنورەكە ڕەوانە بكەن. دەوترا ئێرانییەكانیش پشتیوانی ئەو تەرحەیان كردووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە نەكەوتە سەرپێ، بەوتەی هەندێك سەرچاوە، ئەمریكاو هەندێك لە وڵاتانی خۆرئاوا لەوكاتەدا دژی دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بوون بۆ دوو هەرێمی سەربەخۆو پشتیوانی بەهێزكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە. بەڵام ڕوون نییە ئەگەر لەئێستادا گریمانەیەكی لەوشێوەیە بێتە ئاراوە، ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا جارێكی تر ڤیتۆیان دەبێت لەسەری یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟ ئەگەر دوو هەرێمی دروست ببێت، بارودۆخی خاك‌و خەڵك‌و ئابوری سەربازی قەڵەمڕەویی پارتی‌و یەكێتی چی بەسەردێت؟ رووبەر‌و سنور بەپێی ماددەی (53)ی دەستوری كاتیی عێراق، سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو سنورەیە كە لە (19/3/2003) هەبووە، واتە سنوری پێش روخانی رژێمەكەی سەددام حسێن. بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، رووبەری هەرێمی كوردستان (41 هەزارو 939) كیلۆمەتر دوجایەو بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: •     سنوری سلێمانی لە ناو رووبەری گشتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (20 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە. •     ئەگەر یەكێتی نیشتمانی هەرێمێكی نوێ لە سنوری كەركوك و سلێمانی دروستبكات، رووبەری هەرێمە نوێیەكە دەبێت بە نزیكەی (27 هەزار) كیلۆمەتر دوجا. •    لەبەرامبەردا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەولێرو دهۆكە، رووبەرەكەی دەبێت بە نزیكەی (22 هەزار) كیلۆمەتر دوجا. ژمارەی دانیشتوان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بەمشێوەیەیە: •    پارێزگای هەولێر: (ملیۆنێك و 986 هەزارو 113) كەس. •    پارێزگای دهۆك: (ملیۆنێك و 397 هەزارو 515) كەس. بەپێی ئەم ئامارانە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەگشتی دەبێت بە (3 ملیۆن‌و 383 هەزارو 628) كەس. ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەمشێوەیەیە: •    پارێزگای سلێمانی: (2 ملیۆن‌و 82 هەزارو 832) كەس. •    پارێزگای هەڵەبجە: (111 هەزارو 355) كەس. بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی دانیشتوان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتتی بەگشتی دەبێت بە (2 ملیۆن‌و 194 هەزارو 187) كەس، بەڵام ئەگەر هەرێمێكی نوێ دروستبكرێت و كەركوكیشی بخرێتەسەر، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمە نوێیەكە دەبێت بە زیاتر لە (3 ملیۆن) كەس. نەوت و سەرچاوەی داهات نەوت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێمی كوردستان، لەنێوان سنوری قەڵەمڕەوی پارتی و یەكێتیدا دابەشبووە، بەمشێوەیە: •    لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كە هەولێرو دهۆكە، رۆژانە نزیكەی (300 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت. •    لەسنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا كە سلێمانییە، رۆژانە نزیكەی (150 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، ئەگەر هەرێمی سەربەخۆ لەنێوان كەركوك‌و سلێمانیدا دروستبكرێت، بەرهەمی نەوت لە هەرێمە نوێیەكەدا رۆژانە دەگاتە زیاتر لە (500 هەزار) بەرمیل.  یەدەگی نەوت یەدەگی نەوت بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی پارتیدا: •    یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە. •    یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (300 ملیار) پێ سێجا. سامانی سروشتی لە قەڵەمڕەوی یەكێتیدا: •    یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە. •    یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (17 ملیار) پێ سێجا. داهاتەكانی تر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی داهاتی نەوت لەنێوان قەڵەمڕەویی پارتی و یەكێتی دابەشبووە، بەمشێوەیە: •     داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی پارتی زیاتر لە (500 ملیار) دینارە لە ساڵێكدا. •    داهاتی ناوخۆ لە ناوچەكانی سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتی نزیكەی (450 ملیار) دینارە لە ساڵێكدا. هێزی سەربازی چۆن دابەشبووە ؟ هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبووە: هێزی سەربازی پارتی •    پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (70 هەزار) كەسە. •    پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە ( 44 هەزار) كەسە. •    ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە زیاتر لە (130 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت. هێزی سەربازی یەكێتی •    یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت. •    هێزی بەرگری‌و فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە. •    ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.


(درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی بۆ دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستەكانی هەڵدەوەشێنێتەوەو سەرجەم بەرپرسیارێتییەكانی بۆ دەگەڕێنێتەوە. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی فالح فەیاز ، سەرۆكی لە كارخراوی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی تایبەت بە دوورخستنەوەی فەیاز لە پۆستەكانی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەزگای ئاسایی نیشتمانی  ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە سەرجەم پۆستەكانی بۆ بگەڕێنێتەوە. نوسینگەكەی فەیاز ڕاشیگەیاندووە، سەرچاوەیەك لە دادگاكە پێی ڕاگەیاندون، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی عەبادی لەسەر ئەو بنەمایە بووە، كە لەكارخستنی فەیاز بڕواپێكەر و یاسایی نەبووەو پاڵشپت بە هیچ بڕگەیەكی دەستوریش نەبووە.  مانگی ئابی ڕابردوو، دوای توندبونەوەی ململانێی هێز و لایەنە شیعەكان لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، حەیدەر عەبادی بەفەرمانێك فالح فەیازی لە پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە و خۆی چووە شوێنەكەی، چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر هەردوو پۆستی  ئیدارەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ڕاوێژكاری ئەو دەزگایەی بە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی سپارد.    


 (درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەردەوامە لە جموجۆڵەكانی بۆ پێكهانی تیمە وزارییەكەی، لە سایەی فشار و خواستی ئاشكرای  هەندێك لە هێزەكان بۆ وەرگرتنی وەزارەت، كە بوەتە ئاستەنگێكی جدی بۆ پرۆژەی خۆكاندیدكردنی ئەلیكترۆنی كە عەبدولمەهدی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایدەكات، فشارەكان لەسەر عەبدولمەهدی لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ڕاگەیاندنی پێكهێنانی حكومەت توندتر بوەتەوە، كە دەستور مانگێكی بۆ دیاریكردوەو، بەوپێیەش وادەی ڕاگەیاندنی حكومەتی ئایندە نابێت لە 2 ی مانگی داهاتوو تێپەڕبكات كە 17 ڕۆژی ماوە.  بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، ئەو فشارانە بژاردەكانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرتەسكردوەتەوە، ڕاشیگەیاندووە، عەبدولمەهدی بەدەست ئەو فشارانەوە دەناڵێت كە هەندێك لە هێزە شیعەكان لەسەریان چڕكردوەتەوە، لە كاتێكدا بانگەشەی پشتیوانیكردنی بێلایەنەكان دەكەن،  بەڵام فشاردەكەن بە ئاراستەی قبوڵكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان، جەختیشیكردوەتەوە كە ئەو كارە كاتی زۆری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بردووە.    هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە, نوێنەری پێكهاتەو كەمینەكان داوای وەزارەتیان كردووە بۆ كۆتایهێنانی بەو پەراوێزخستنەی كە ڕووبەڕووی بونەتەوە لە حكومەتەكانی پێشوودا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویش بەڵێنی داوە دیراسەی داواكارییەكان بكات بەو مەرجەی دژبە كاری حكومەتی داهاتوو نەبێت.   ئەوەش لەكاتێكدایە، سەركردەی هێزە سوننیەكان پێداگری دەكەن لە وەرگرتنی پشكی خۆیان لە حكومەتی داهاتوو، هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننەش ئەو پەیامەیان بە عەبدولمەهدی گەیاندووە كە متمانە بەهیچ حكومەتێك ناكەن ئەگەر نوێنەرایەتیان نەبێت تیایدا، لەترسی پەراوێزخستینان لە دەسەڵات. (ناجح میزان) سیاسی عێراقی، ئەم داواكارییەی سوننەكان بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی داهاتوو بە كارێكی لۆژیكی ناودەبات، بەپێی بنەمای پشكێنە كە لە ساڵی 2003وە لەعێراق پیادەدەكرێت، دەشڵێت، سوننەكان داوای پشكی خۆیان دەكەن، هەروەك ئەوەی پێكهاتەكانی تر داوای دەكەن.      ئەو سیاسییە عێراقییە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا پرسیاری ئەوەش دەكات، ئەگەر پێویست بكات سوننەكان دەستبەرداری پۆستەكانیان بن، ئەی بۆچی شیعەكان دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران نابن و نایدەن بە پێكهاتەیەكی تر؟ بەگرنگیشی زانیوە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو فرەرەنگی گەلی عێراق لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا بەهەند وەربگرێت. پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكان ئاماژەیان بەوەدا، سەركردەكانی سوننە داوایان لە عەبدولمەهدی كردووە هەندێك جیاكارییان بۆ بكات و، ڕازیبێت بەوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشو، لە حكومەتی ئایندەدا پۆست وەربگرنەوە.    


 (درەو میدیا): دەزگای خزمەتگوزرای نهێنی ئەمریكی، كە پاراستن و پاسەوانیكردنی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای پێ سپێردراوە، وردەكاری هەوڵێكی تیرۆركردنی ترەمپ لەسەر دەستی گروپێكی سەر بەڕێكخراوی داعش ئاشكرادەكات، لە سەردانەكەی ساڵی ڕابردووی بۆ فلیپین و بەشداریكردن لە كۆبونەوەی لوتكەی وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا كە (ئاسیان) ناسراوە.  بەپێی ڕاپۆرتێك كە كەناڵی (ناشناڵ جیۆگرافی) ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە" دەزگای خزمەتگوزراییە نهێنیەكان جەختی لە پوچەڵكردنەوەی هەوڵێكی تیرۆركردنی ترەمپ كردوەتەوە كە بڕیاربووە پێش گەیشتنی بۆ (مانێلا)ی، پایتەختی ئەو وڵاتە ئەنجامبدرێت، ڕونیشكردوەتەوە  " زنجیرەیەك تویتیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكراكردوە كە ئاماژەیان بەتیرۆركردنی سەرۆك كردووە". یەكێك لە تویتەكان وێنەی (هارڤی لی  ئوزولد)ی، تیادا بووە، بكوژی جۆن كنێدی سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا، هاوكات دەزگاكە بەداواداچونی بۆ ئەژماری یەكێك لە گومانلێكراوەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام كردووە و بۆی دەركەوتووە وێنەی پەڕەی بەرگی كتێبێك بوو بەناونیشانی (چۆن دەكوژیت..مێژووی غافڵ كوژی) و دەستبەجێ‌ بۆیان ڕونبوەتەوە كە ئەو ئەژمارە هی هاوڵاتییەكە لە مانێلای پایتەخی فلیپین دەژی.   (چاد ڕاجان) یەكێك لە ئەندامانی دەزگا ئەمریكییەكە، بە ڕۆژنامەی (دەیلی بێست) ڕاگەیاندووە، ئەو كەسە لە ماڵێكدا دەژیا كە چەند مەترێك لەو هۆتێلەوە دوور بوو كە سەرۆكی ئەمریكا تیادا دەمایەوە ، لە ماوەی دەستپێكردنی چالاكییەكانی لوتكەی ئاسیان. دوای گەیشتنی فڕۆكەی سەرۆكایەتی بە چەند خولەكێك، تیمێك لە دەزگای خزمەتگوزرای نهێنی بە هاوكاری پۆلیسی مانێلا بەداواداچونی بۆ گومانلێكراوەكە كردووە و، لە باخێكی گشتی نزیك ئەو هۆتێلەی ترەمپی لێدادەبەزێت دۆزیویانەتەوە و دەستگیریانكردووە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand